خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی خانەقای سەیدئەحمەد لە ئامێزی مێژوودا
موعته‌سه‌م ساڵه‌یی
كتێبی (خانه‌قای سه‌ید ئه‌حمه‌د له‌ئامێزی مێژوودا) له‌نووسین و ئاماده‌كردنی نووسه‌ری لاو (سیروان سه‌رگه‌ڵویی)ه. له‌دووتوێی (400) لاپه‌ڕه‌دایه‌و له‌بڵاوكردنه‌وه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی روناكبیری و كۆمه‌ڵایه‌تیی شاری كه‌ركوكه. ئه‌م به‌رهه‌مه كۆمه‌ڵێك زانیاری گرنگ له‌باره‌ی كه‌سایه‌تیی سه‌ید ئه‌حمه‌دی خانه‌قا و بنه‌ماڵه‌كه‌ی لەخۆ ده‌گرێت. هه‌روه‌ها چه‌ندین وێنه‌ی كۆن و نوێی تێدا ده‌كه‌وێنه پێش چاو. سه‌رجه‌م كتێبه‌كه به‌زمانێكی كوردیی ره‌وان نووسراوه و خوێنه‌ر له‌خوێندنه‌وه‌ی بێزار نابێت. به‌پێویستم زانی به‌پێی توانا به‌سه‌ریدا بچم و چه‌ند به‌شێكی لێ هه‌ڵبژێرم و به‌كورتی وه‌كو خۆی بیخه‌مه به‌ردیده‌ی خوێنه‌ری كورد. چڕ‌و پڕیی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی هه‌ڵده‌گرێ زۆری له‌باره‌وه بنووسرێت، به‌ڵام به‌پێی بواری قه‌واره‌ی رۆژنامه‌گه‌ری هه‌رئه‌وه‌نده‌م بۆده‌كرێ به‌ته‌نیا چه‌ند بڕگه‌و چه‌ند لایه‌نێكی ناوه‌ڕۆكه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی هه‌ڵبژێرم و بۆ خوێنه‌رانی به‌ڕێزی بگوازمه‌وه. گه‌شتێكم بهلاپهڕهكانیدا كرد‌و وه‌كو مه‌ڵۆی خه‌رمان لێره‌و لهوێكۆمهڵه زانیاریه‌كی به‌نرخم كۆكرده‌وه به‌و هیوایه‌ی وه‌كو خۆیان بیخه‌مه به‌ردیده‌ی خوێنه‌ران.
سه‌ید ئه‌حمه‌دی خانه‌قا له‌ساڵی (1868 )دا له‌شاری كه‌ركوك چاوی بۆ ژیان هه‌ڵهێناوه. كوڕی شێخ حوسێنی كوڕی شێخ قادر سووری كوڕی شێخ ئه‌حمه‌دی سه‌رداره. له‌نه‌وه‌ی شێخه‌كانی گوندی سهرگهڵون و سه‌ر به‌ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندین. دایكیشی ناوی توحله خانه. هه‌ر به‌منداڵی له‌ژێر ده‌ستی چه‌ند زانایه‌كی ئاینی ده‌خوێنێت كه‌یه‌كێك له‌وانه مه‌لا عه‌لی حیكمه‌ت سیامه‌نسوری بوو. له‌ته‌مه‌نی (21) ساڵیدا باوكی كۆچی دووایی ده‌كات و ده‌بێت به‌جێنشینی. سه‌ید ئه‌حمه‌د كابرایه‌كی باڵا به‌رزو سوور‌و سپی و چاوشین بوو. كه‌واو سه‌ڵته‌و یاخود كه‌واو چاكه‌تی له‌به‌رده‌كرد و عه‌بای ده‌دا به‌شانیدا. كه‌سێكی هێمن و له‌سه‌رخۆو بێ فیزو زمان شیرین و چاوتێرو سایهچهور بوو.
ئه‌وه‌یش وه‌های كردبوو كه خه‌ڵكانێكی زۆر له ئه‌دیب و شاعیر‌و سیاسهتمهدارو پیاوی ناسراوو فه‌قیرو هه‌ژار به‌بێ جیاوازی له‌ده‌وری كۆببنه‌وه. ئه‌و شاعیر‌و زانایانه‌ی كه‌ڕوویان تێده‌كرد ژماره‌یان زۆر بوو وه‌كو : شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی و شێخ نه‌جمه‌دین سابیری و عه‌بدولخالق ئه‌سیری و شێخ عه‌بدوله‌تیف بێده‌ری و شێخ تاهیر بێده‌ری (تاهیر فوئاد )و شێخ له‌تیف به‌رزنجی (لوتفی )و شێخ ته‌ها (ره‌هبه‌ر)ومینه جاف و میرزا عارف و حاجی تۆفیق (پیره‌مێرد)و عه‌بدولره‌حمان به‌گی بابان (بابه)و شێخ محه‌مه‌دی خاڵ و گۆران و بێكه‌س و بێخودو وه‌فایی و مه‌لا فه‌ندیی هه‌ولێرو مه‌لا ساڵح كۆزهپانی و مه‌لای گه‌وره‌و دڵدارو جاهیدو.. هتد. ده‌وترێت سه‌ید شیعری كۆمه‌ڵێك شاعیری ئهزبهربووه به‌تایبه‌تی شیعره‌كانی شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی كه‌زۆرجار سه‌ردانیی خانه‌قای كردووه. شاعیری ناسراو یونس ره‌ئوف (دڵدار) له‌ساڵانی (1939 ــ 1940)دا بۆخوێندن هاتۆته شاری كه‌ركوك. له‌گه‌ڵ هه‌ردوو برای شه‌هید (شێخ حوسێن به‌رزنجی)و (شێخ مارف به‌رزنجی) و خوالێخۆشبووان شێخ برایمی قادر كه‌ره‌م و كاكه حوسێنی كوڕی سه‌ید ئهحمهدو شێخ فازل تاڵه‌بانی له‌ساڵی (1939)دا به‌سه‌رۆكایه‌تی مامۆستا ره‌فیق حیلمی حیزبی هیوا داده‌مزرێنن. ئه‌م حزبه‌یش تاساڵی (1945) به‌رده‌وام ده‌بێت. نووسه‌ری كتێب له‌لاپه‌ڕه (93 ــ 94)ی كتێبه‌كه‌یدا له‌باره‌ی سروودی نیشتمانی كورد (ئه‌ی ره‌قیب) ده‌ڵێ : له‌یه‌كێك له‌كۆبوونه‌وه نهێنیهكانیاندا له‌خانه‌قا دڵداری شاعیر هۆنراوه‌ی ئه‌ی ره‌قیب بۆ هه‌ڤاڵانی ده‌خوێنێته‌وه و ئاهێك هه‌ڵده‌كێشێت و ده‌ڵێ خۆزگه ئه‌م شیعره‌م ئاوازێكی بۆ داده‌نرا. پاش ئه‌وه‌ی له‌كۆبونه‌وه‌كه ده‌بنه‌وه شێخ حوسێن هۆنراوه‌كه‌ی لێوه‌رده‌گرێت.
به‌نێو خڕی خاسه‌دا به‌ره‌و ته‌كیه‌ی به‌رزنجی ده‌په‌ڕنه‌وه. له‌گه‌ڵ رایتمی رۆیشتنیاندا به‌نێو زیخ و چه‌وی خاسه‌دا شێخ حوسێن به‌رزنجی سه‌ره‌تایه‌كی له‌لادا گه‌ڵاڵه ده‌بێت.
بۆشه‌وی داهاتوو شێخ حوسێن خه‌وی له‌چاو ده‌زڕێت و هه‌ر له‌هات و چۆدا ده‌بێت. بۆ رۆژی دووایی كه‌ده‌چن بۆ خانه‌قا شێخ حوسێن داوا له‌دڵداری شاعیر ده‌كات گوێ له ئاوازی سروودی ئه‌ی ره‌قیب بگرێت كهشهوی رابردوو داینابوو. ئه‌وسا به‌ده‌نگه پڕ خرۆشه‌كه‌ی سرووده‌كه ده‌ڵێت. دڵداریش له‌خۆشیانا پێی به‌زه‌وی ناكه‌وێت و باوه‌ش به‌شێخ حوسێنا ده‌كات. له‌پاشاندا پێی به‌زه‌ویدا ده‌دات و ده‌ڵێ ئۆخه‌ی ئاواته‌كه‌م هاته‌دی. ئیتر به‌و شێوه‌یه سروودی نه‌ته‌وایه‌تی و مارشی كورد له‌دایك ده‌بێت. له‌زۆر بۆنه‌و جه‌ژنه نهتهوهیهتیهكاندا شێخ حوسێن به‌رزنجی به‌ده‌نگه پڕ جۆشه‌كه‌ی سروودی ئه‌ی ره‌قیبی ده‌ووته‌وه.
به‌داخه‌وه له‌ساڵی (1963)دا شێخ حوسێن و شێخ مارفی برای و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك گه‌نج و لاوی كوردی تردا له‌لایه‌ن به‌عسیه‌كانه‌وه له‌شاری كه‌ركوك له‌سێداره دران. له‌ساڵی (1945)دا سروودی ئه‌ی ره‌قیب وه‌كو سروودێكی نه‌ته‌وایه‌تی بۆ كۆماری مه‌هاباد په‌سه‌ند كرا.
خانه‌قا له‌ساڵی (1778)دا له‌سه‌رده‌می محه‌مه‌د قایش پاشای موته‌سه‌ڕیفی كه‌ركوك، له‌پشتی قشڵه‌ی عه‌سكه‌ری و رۆژئاوای خڕی خاسه به‌رامبه‌ر به‌قه‌ڵا بونیاد نرا. ئه‌وسایش به‌مزگه‌وتی (سه‌را) ناونرابوو. به‌فه‌رمانی سوڵتانی عوسمانی (عهبولمهجیدی یه‌كه‌م) له‌ساڵی (1834)دا پێشكه‌ش به‌شێخ قادره سووری باپیری سه‌ید ئه‌حمه‌د ده‌كرێت، ئه‌وسا به‌بنه‌ماڵه‌ی سه‌ردار ناسرابوون و له‌پاشاندا به‌بنه‌ماڵه‌ی خانه‌قا ناوبانگیان ده‌ركرد. شێخ قادر له‌ساڵی (1860)دا و له‌ته‌مه‌نی (63) ساڵیدا گۆچی دووایی ده‌كات و له‌خانه‌قا ده‌نێژرێت.
پاش ئه‌ویش شێخ حوسێنی كوڕی ده‌بێت به‌جێگری. له‌ساڵی (1889)دا به‌په‌تای تاعون له‌ته‌مه‌نی (49) ساڵیدا كۆچی دووایی ده‌كات و له‌خانه‌قا ده‌نێژرێت. پاش ئه‌ویش سه‌ید ئه‌حمه‌د ده‌بێت به‌جێنشینی باوكی. سه‌ید ئه‌حمه‌دی خانه‌قا زۆر سه‌ركه‌وتووانه بۆ ماوه‌یه‌كی دوور‌و درێژ خانه‌قا ده‌بات به‌ڕێوه. له‌ڕێكه‌وتی (18/7/1952) دا له‌ته‌مه‌نی (84) ساڵیدا كۆچی دووایی ده‌كات و شێخ حوسێنی كوڕی ده‌بێت به‌جێنشینی. كه‌ئه‌ویش به‌ڕاستی كه‌سایه‌تیه‌كی كوردپهروهرو لێهاتوو بوو. شێخ حوسێنی خانه‌قا تووشی گه‌لێك كێشه‌و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه بوو له‌لایه‌ن به‌عسیه‌كانه‌وه. ماڵی خانه‌واده‌ی خانه‌قا رێك ده‌كه‌وێته به‌رده‌م خانهقاكهو به‌ته‌نیا جاده‌یه‌كی باریك له‌نێوانیاندایه. ماڵی خانه‌قا دوو نهۆم بوو (20) ژووری له‌خۆ ده‌گرت و چێشتخانه‌ی گه‌وره‌و فراوانی هه‌بوو. رۆژانه به‌سه‌دان كه‌س له‌میوان و هه‌ژارو كاروانچی بۆ حه‌سانه‌وه‌و نانخواردن روویان تێده‌كرد. خواردنی قاوه‌ڵتیی سه‌رله‌به‌یانیان ماست و چای بوو نیوهڕۆژهیش شله‌و برنج بوو بۆ شامی ئێوارانیش شۆربابوو. نزیكه‌ی(50)ژنی كاره‌كه‌ر له‌ماڵی خانه‌قادا ده‌ست به‌كاربوون.
كورد‌و عه‌ره‌ب و توركمان و مه‌سیحی و جوو تێكڕا روویان له‌خانه‌قا ده‌كرد. مریه‌م خانی كچی سه‌ید ئه‌حمه‌د وه‌كو شێره ژنێك پێشوازیی له‌هه‌مووان ده‌كرد. ئافره‌تێكی سوور‌و سپیی چاوشین و هه‌ڵكه‌وتوو بوو كه‌كچی گه‌وره‌ی سه‌ید ئه‌حمه‌د بوو. شووی نهكردو له‌ساڵی (1993)دا له‌ته‌مه‌نی هه‌شتاو دوو ساڵیدا كۆچی دووایی كرد.
زۆرێك له‌ژنه ناوداره‌كانی كورد سه‌ردانیی مریه‌م خانیان ده‌كرد وه‌كو : حه‌پسه خانی نه‌قیب و ناهیده‌ی شێخ سه‌لام و دره‌خشانی شێخ جه‌لالی حه‌فیدو دایكی سه‌باح خێزانی نوری سهعیدو ئاسیا خانی ژنی مامۆستا تۆفیق وه‌هبی و هه‌مینه خانی خوشكی عومه‌ر ده‌بابه‌و نه‌جیبه خانی كچی مه‌لا محه‌مه‌دی جه‌لی زاده‌و خه‌جیج خانی شێخ ئه‌حمه‌دی مهلحهو سه‌لمه خانی نه‌نكی هێرۆ خان و زه‌ینه‌ب خانی مه‌لا قادری ئیمام و كافیه خانی كچی و ئامینه خانی خێزانی سابیری و دلارام خانی خێزانی كاكه زیادی حه‌ماغای كۆیه. هه‌روه‌ها ده‌گێڕنه‌وه كه گولیزار خانی خوشكی سمایل خانی سمكۆ ده‌مانچه‌ی به‌قه‌دی خۆیه‌وه ده‌به‌ست و سه‌ردانیی ماڵی خانه‌قای ده‌كرد.
له‌شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانیدا كهگرانی بڵاوببووه‌وه په‌نجه‌ره‌یه‌ك له‌ماڵی سه‌ید ئه‌حمه‌د كرابووه‌وه و نان و خۆراك به‌سه‌ر لێقه‌وماواندا دابه‌ش ده‌كرا. له‌ساڵی (1915)دا سه‌ید ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ مه‌لیك مه‌حمودی حه‌فیدو چه‌ندین پیاوی ناسراوو هه‌زاران جه‌نگاوه‌رو سوارچاكانی كورد به‌شداری شه‌ڕی شوعه‌یبه ده‌كه‌ن. له‌و شه‌ڕه‌دا سه‌ید ئه‌حمه‌د قۆڵێكی ده‌شكێت.
له‌ساڵی (1918)دا شاری كه‌ركوك له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌كانه‌وه داگیرده‌كرێت. له‌ساڵی (1923)دا سه‌ید ئه‌حمه‌د له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌كانه‌وه بۆباشوری عیراق دوورده‌خرێته‌وه .بۆماوه‌ی ساڵ و نیوێك له‌شاری به‌سره جێگیر ده‌بێت و له‌وێشدا هه‌ر نان به‌خشه‌رو خاوه‌نی شوێن و مه‌قام ده‌بێت. بۆماوه‌ی ساڵێكیش له‌شاری به‌غدا له‌به‌ری (كه‌رخ)دا نیشته‌جێ ده‌بێت. كۆمه‌ڵێك له‌نووسه‌ران و شاعیرانی ئه‌و شاره رووی تێده‌كه‌ن كه‌یه‌كێك له‌وانه شاعیر زه‌هاوی بووه.
له‌ساڵی (1899)دا سه‌ید ئه‌حمه‌د سه‌فه‌ری حه‌جی كردووه و له‌و سه‌فه‌ره‌دا چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی تری له‌گه‌ڵدابووه، وه‌كو شێخ مسته‌فا عه‌بدولسه‌مه‌دی قازی و هه‌ردوو شاعیری به‌ناوبانگ پیره‌مێردو وه‌فایی. حاجی تۆفیق پیره‌مێرد ده‌ڵێ چل شه‌وو چل رۆژ رێگای شاری مه‌كه‌و شاری مه‌دینه‌مان كوتایه‌وه. ده‌گێڕێته‌وه كه‌له‌و سه‌فه‌ره‌دا شاعیر وه‌فایی له‌غه‌ریبی كۆچی دووایی ده‌كات و به‌ده‌ستی خۆیان ده‌یخه‌نه ژێر قوم و لمی حیجازه‌وه.
شێخ عه‌بدولقادر یه‌كێك بوو له‌كوڕه ناسراوه‌كانی سه‌ید ئه‌حمه‌د (1900 ــ 1934) به‌گه‌نجی كۆچی دووایی ده‌كات و دوو كوڕی له‌پاش به‌جێ ده‌مێنێت (عه‌بدولسه‌مه‌د) و (عه‌بدولعه‌زیز) كه‌هه‌ردووكیان نووسه‌رو ئه‌دیب بوون. عه‌بدولعه‌زیز خانه‌قا له‌كۆتایی ساڵانی حه‌فتاكاندا سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (رۆشنبیری نوێ) بوو له‌شاری به‌غدا. له‌گۆڤاری ئادابی به‌یروتی و هیلالی میسری به‌زمانی عه‌ره‌بی ده‌ینووسی. له‌ساڵی (1980)دا كۆچی دووایی كرد. شێخ عه‌بدولسه‌مه‌د خانه‌قایش به‌زمانی عه‌ره‌بی له‌چه‌ند گۆڤارێكی به‌یروتی ده‌ینووسی وه‌كو ئاداب و حیوار‌و مه‌واقیف و ته‌ریق. له‌ساڵی (1975)دا مۆڵه‌تی ده‌ركردنی گۆڤاری نهوشهفهقی له‌شاری كه‌ركوك وه‌رگرت. له‌ساڵی (1977)دا له‌ته‌مه‌نی (48)ساڵیدا كۆچی دووایی ده‌كات و له‌شاری سلێمانی به‌خاك ده‌سپێردرێت.
شاعیر حاجی تۆفیق پیره‌مێرد ده‌ڵێت وه‌ها راهاتبوو هه‌موو ساڵێك بۆماوه‌ی سێ رۆژ سه‌ردانی سه‌ید ئه‌حمه‌د بكات. ده‌گێڕێته‌وه شه‌وێك له‌خانه‌قا ته‌نیا خۆم و سه‌ید ئه‌حمه‌د مابوینه‌وه و له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌كه هه‌ڵنیشتبوو. به‌سۆزه‌وه به‌مه‌قامی ئای ئای زه‌نگنانه به‌ندێكی مه‌لا وه‌ڵه‌د خانی وت‌و گریاندمی. زاته‌ن خۆیشی كه‌سێكی به‌گریانه‌و منیشی گریاند كه‌قه‌ت له‌بیرم ناچێت :
هه‌ر به یادی مه‌لا وه‌ڵه‌د خان
بادی له‌یلاخان بادی له‌یلاخان
بادی عهنبهربۆی بورجی له‌یلاخان
مهشاتهی چیهره‌ی بڵند دهماخان
شازهن بهزوڵف به‌ڕه‌زای شاخان
شینیای گیسووی چنوری زاخان
مه‌رهه‌می دڵه‌ی زامداری داخان
له‌ره‌ی ریشووی خاوتارای بهیداخان
سه‌ید ئه‌حمه‌د له‌ساڵی (1937)دا به‌شێك له‌خانه‌قای دابڕی و پێشكه‌ش به‌خه‌ڵكی شاری كه‌ركوكی كرد بۆئه‌وه‌ی بكرێت به‌كتێبخانه‌ی گشتی. ئێستا ئه‌و كتێبخانه گه‌وره‌یه له‌نێوه‌ڕاستی شاردایه‌و به‌هه‌زاران كتێبی عه‌ره‌بی و كوردی و زمانانی تر له‌خۆ ده‌گرێت. ئه‌وه‌بوو له‌ساڵی (1957)دا شێخ ره‌ئوف خانه‌قای خوشكه‌زای سه‌ید ئه‌حمه‌د بووبهبهڕێوهبهری كتێبخانه‌ی گشتی شاری كه‌ركوك. له‌ساڵی (1971)دا شێخ ره‌ئوفی خانه‌قا وه‌كو سه‌رۆكی یه‌كێتی نووسه‌رانی كوردی لقی كه‌ركوك هه‌ڵبژێردرا. ئه‌م زاته ده‌ستی نووسین و شیعر دانانی هه‌بوو. له‌ڕێی خه‌باتی كوردایه‌تیدا توشی گرتن و ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه بوو. له‌ڕێكه‌وتی (27/5/1973)دا له‌ته‌مه‌نی (77) ساڵیدا كۆچی دووایی كرد‌و له‌سه‌ر گردی شارۆچكه‌ی ته‌ق ته‌ق به‌خاك سپێردرا.
كه‌ناوی بنه‌ماڵه‌ی خانه‌قا دێته‌ئاراوه نابێت ناوی كاكهحهمهی كوڕی سه‌ید ئه‌حمه‌د فه‌رامۆش بكرێت. كه‌سێكی به‌شان و شه‌وكه‌ت و جوامێر‌و رۆشنبیر‌و كورد په‌روه‌ر بوو. كۆلیجی یاسای له‌شاری به‌غدا ته‌واو كردبوو سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی (داركه‌ر) بوو له‌شاری كه‌ركوك. له‌ساڵی (1939)دا په‌یوه‌ندی به‌پارتی (هیوا)وه ده‌كات. له‌ساڵی (1947)دا ده‌چێته ریزی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه.
له‌ساڵی (1958)دا هه‌ڵبژێردرا به‌نوێنه‌ری شاری كه‌ركوك له مه‌جلیسی نواب له‌شاری به‌غدا. له‌ساڵی (1963)دا له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئه‌وساوه راسپێردرا بۆ دانوستان و رێكه‌وتن له‌نێوان حكومه‌ت و سه‌ركردایه‌تی كورد. دووای شكستهێنانی رێكه‌وتنه‌كان له‌نێوان هه‌ردوولادا، له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه له‌نزیك رێدار (شوان) له‌ڕێكه‌وتی (18/7/1963)دا ده‌ووترێت به‌كاره‌ساتی فڕۆكه له‌لایه‌ن به‌عسیه‌كانه‌وه تیرۆركرا‌و له‌خانه‌قا نێژرا.
كاكه حوسێنی سه‌ید ئه‌حمه‌د كه‌سایه‌تیه‌كی هه‌ره ناسراوی بنه‌ماڵه‌ی خانه‌قابوو كهدووای باوكی به‌ڕێوه‌بردنی خانه‌قای به‌شایسته‌ییه‌وه خسته ئه‌ستۆی خۆی. له‌ساڵی (1954)دا له‌سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا هه‌ڵبژێردراو بووبهنوێنهری شاری كه‌ركوك له‌مه‌جلیسی نواب. له‌ساڵی (1957)دا بۆ جارێكی تریش بۆ هه‌مان مه‌جلیس هه‌ڵبژێردرایه‌وه. ئه‌م زاته هه‌ر سێ زمانی كوردی و عه‌ره‌بی و توركی ده‌زانی. به‌وه ناسرابوو كه‌وه‌كو باوكی به‌ده‌نگی لێقه‌وماوانه‌وه ده‌چوو بێ سڵه‌مینه‌وه كاروباری خه‌ڵكی رایی ده‌كرد. پێش سه‌رده‌می تاریكی به‌عسیه‌كان هه‌ر كه‌سێك بچوایه‌ته نێو خانه‌قاوه ئیتر كه‌س بۆی نه‌بوو ده‌ستگیری بكات. هه‌مزه عه‌بدوڵڵا له‌ساڵی (1946)دا سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تیه‌وه بۆدهرچووبوو. سه‌عید قه‌زاز كه‌وه‌زیری ناوخۆ ده‌بێت رۆژێك سه‌ردانی خانه‌قا ده‌كات.
له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌و ده‌رچوونیدا به‌زه‌رده‌خه‌نه‌وه به‌شێخ حوسێن ده‌ڵێ، هه‌واڵمان پێگه‌یشتووه كهههمزه عه‌بدوڵڵا به‌ناوی خواستراوی مه‌لا ئیبراهیم له‌لای ئێوه لهخانقا خۆی حه‌شارداوه تكایه سڵاوی منی پێبگه‌یه‌نه.. كاتێك به‌عسیه‌كان هاتنه‌سه‌ر حوكم و وه‌كو به‌شێك له‌په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی ته‌عریب ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر خانه‌قادا. ناوهكهیشیان گۆڕی و كردیان به‌مزگه‌وتی (قادسیه). شێخ حوسێن ناچاربوو بۆماوه‌ی پێنج ساڵ رووبكاته وڵاتی ئێران و له‌شاری (كه‌ره‌ج )جێگیربێت .
رۆژێك سه‌فیری ئوردن ده‌بێت به‌میوانی و پێی ده‌ڵێ كه جه‌لاله‌تی مه‌لیك حوسێن سڵاو‌و رێزی بۆجه‌نابت هه‌یه‌و داوا ده‌كات خۆت و ماڵ و مناڵت بێن بۆ وڵاتی ئوردن و له‌وێ جێگیربن. شێخ حوسێن له‌وه‌ڵامدا بهسهفیر ده‌ڵێ سوپاسی جه‌لاله‌تی مه‌لیك حوسێن ده‌كه‌م سه‌باره‌ت به‌م هه‌ڵوێسته‌ی، به‌ڵام یه‌ك داواكاریم لهڕێزداریان هه‌یه كه به‌سه‌ركرده‌كانی عه‌ره‌ب بڵێت باواز له‌میلله‌تی كورد بهێنن. !خۆشبه‌ختانه له‌پاش ساڵی (2003) به‌دوواوه به‌بڕیاری به‌ڕێز مام جه‌لال خانه‌قاكه به‌رگێكی نوێی پۆشی و نۆژه‌نكرایه‌وه.
وه‌ها چاكه ده‌ستخۆشی له‌نووسه‌ر بكه‌ین سه‌باره‌ت به‌م كتێبه به‌نرخه‌ی، كهزانیاریهكی زۆرلهخۆدهگرێت و شایانی خوێندنه‌وه‌یه. نووسه‌ر گه‌لێك بابه‌تی وروژاندووه كه‌ئێمه نه‌مانتووانی به‌دوورو درێژی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر هه‌موویان بكه‌ین. ده‌مه‌وێت بهخوێنهرانی به‌ڕێز رابگه‌یه‌نم كه‌ئه‌م نووسینه‌م پێداچوونه‌وه‌یه و ته‌نیا پشتم به‌كتێبی (خانه‌قای سه‌ید ئه‌حمه‌د له‌ئامێزی مێژوودا) به‌ستووه و سه‌رجه‌م ئه‌م نووسینه‌م له‌و كتێبه‌وه هه‌ڵهێنجاوه. خاڵه گرنگهكانم ده‌ستنیشان كردووه‌و هه‌وڵمداوه زۆر به‌كورتی زانیاریه‌كانی نێو كتێبی ناوبراو وه‌كو خۆیان بخه‌مه‌ڕوو.