ئایا ئەمەریکا گڵۆپی سەوزی بۆ سەددام هەڵکرتبوو تا پەلاماری ئێران بدات
نووسینی: هاڵ بڕاندز
وه‌رگێڕانی: د. صابر حسن رسول
كۆلێژی سانفۆرد بۆ سیاسه‌تی گشتی، زانكۆی دیوك، وویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا
به‌شی یه‌كه‌م
پێشه‌كی:
له‌و كاته‌وه‌ی عێڕاق له ساڵی ١٩٨٠ په‌لاماری ئێرانی دا، ژماره‌یه‌كی زۆر له چاودێران و توێژه‌ران ئه‌مریكایان تۆمه‌تباركردووه به‌وه‌ی گڵۆپی سه‌وزی بۆ عێراق هه‌ڵكردووه بۆ به‌رپاكردنی ئه‌و جه‌نگه. له‌ڕێگه‌ی لێكۆڵینه‌وه له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی كه تازه كه‌وتوونه‌ته ده‌ست توێژه‌ران، به‌دواداچوون ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و تێزی گڵۆپی سه‌وزه. به‌گوێره‌ی ئه‌و تۆمارانه، تێزی گڵۆپی سه‌وز زیاتر له خه‌یاڵ ده‌چێت تا حه‌قیقه‌ت. به‌رپرسانی ئیداره‌ی جیمی كارته‌ری سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی ئه‌مریكا سه‌رقاڵ بوون به پرسی قه‌یرانی بارمته ئه‌مریكیه‌كان له ئێران و داگیركردنی ئه‌فغانستان له‌لایه‌ن یه‌كێتی سۆڤیه‌ته‌وه، بۆیه نه پێشبینی په‌لاماری سه‌ددامیان كردبوو بۆسه‌ر ئێران، نه پێشوازیان له‌و په‌لاماره كرد. هه‌رچی دیكتاتۆری عێراقه له‌لای خۆیه‌وه پێیوابووه واشنتۆن پشتگیری له‌و جه‌نگه ناكات، به‌ڵكو دژی ده‌وه‌ستێته‌وه.
جه‌نگی عێراق-ئێران
ڕۆژی ٢٢ی سێپته‌مبه‌ری ١٩٨٠، هێزه‌كانی عێراق په‌لاماری ئێرانیان دا، به‌مه‌ش جه‌نگێكی به‌رپاكرد كه كاریگه‌ری زاڵی هه‌بوو به‌سه‌ر سیاسه‌تی ناوچه‌ی كه‌نداو بۆ ده‌یه‌یه‌ك. دوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له په‌لاماره‌كه، سه‌ددام حوسێن هیوا بڕاو بوو له‌وه‌ی بتوانێ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئێران‌دا به‌ده‌ست بێنێت، هه‌رچه‌نده به هۆی شڵه‌ژانی دوای شۆڕشه‌وه ئێران لاواز ببوو. ململانێی نێوان عێراق و ئێران زوو گۆڕا بۆ جه‌نگێكی درێژخایه‌ن و خوێناوی كه سه‌دان هه‌زار كه تیایدا بوونه قوربانی و وێرانكاریه‌كی گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا له هه‌ریه‌ك له‌و دوو ووڵاته.
ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی به‌ره‌وپێشچوونی هێزه‌كانی عێڕاق بوه‌ستێنرێت له كۆتایی ساڵی ١٩٨٠، چه‌ندین چاو‌دێر ئه‌مریكایان تۆمه‌تبار كردبوو به‌وه‌ی هانی عێراقی داوه په‌لاماری ئێران بدات، یان به‌لای كه‌مه‌وه چاوپۆشی له‌و په‌لاماره كردووه. به‌مه‌به‌ستی له‌كه‌داركردنی ئه‌مریكا و كاریگه‌ری خستنه سه‌ر ئێران، شرۆڤه‌كارانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ ئه‌مریكا ڕاده‌كێشن به‌وه‌ی ده‌ستی هه‌یه له ئاڕاسته‌كردنی ململانێكاندا. به‌هۆی ململانێ نێوان ئێران و ئه‌مریكا، سه‌ركرده ئێرانیه‌كانیش هه‌مان بۆچوونیان ده‌رده‌بڕی. ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی ده‌یووت ”ئه‌وه ده‌ستی ئه‌مریكایه له قۆڵی سه‌ددام هاتووه‌ته ده‌ر“ . دوای زیاد له سێ ده‌یه له هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی عێراق و ئێران، هێشتا ئه‌م بۆچوونه له ئێران ڕه‌واجی هه‌یه. وه‌ك جۆن تێرمان ده‌ڵێ، ئه‌و بۆچوونه‌ی كه پێیووایه سه‌رۆك كارته‌ر ڕازی بووه یان هانده‌ر بووه بۆ هێرشی سه‌ددام بۆسه‌ر ئێران، بۆچوونێكی باوه له گوتاری گشتی ئێرانی‌دا.
بۆچوونی گڵۆپی سه‌وز تاڕادده‌یه‌كی زۆر بووه له به‌شێك له‌و نوسینانه‌ی له‌سه‌ر جه‌نگی عێراق-ئێران نووسراون. زۆرێك له چاودێران ئه‌مریكا تۆمه‌تبارده‌كه‌ن به‌وه‌ی هانی عێراقی داوه هێرش بكاته سه‌ر ئێران وه‌ك جۆرێك له سزادانی ئێران به هۆی به بارمته‌گرتنی دبلۆماته ئه‌مریكیه‌كان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه، یان وه‌ك جۆرێك له هه‌وڵدان بۆ ئازادكردنی بارمته‌كان، یان تێكه‌ڵه‌یه‌ك له‌م ئامانجانه. به‌گوێره‌ی دیلیپ هیرۆ، ئیداره‌ی كارته‌ر به زیاده‌ڕه‌ویه‌وه باسیان له لاوازی سه‌ربازی ئێران كردووه به‌مه‌به‌ستی هاندانی سه‌ددام بۆ هێرشكردنه سه‌ر ئێران، ئه‌مه‌ش وه‌ك ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ قه‌یرانی بارمته‌كان له ڕۆژی پێش هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا. هه‌واڵگری ئه‌مریكا پێشبینی كردبوو كه ئێران له ماوه‌ی سێ هه‌فته‌دا پارچه‌ی یه‌ده‌گی چه‌كی لێ ده‌بڕێت له‌كاتێكدا زۆربه‌ی چه‌كه‌كانی ئه‌مریكین. له‌وباره‌یه‌وه دیلیپ هیرۆ ده‌نووسێ، ”ڕاوێژكارانی سه‌رۆكایه‌تی وا وێنایان كردبوو كه تاران به ناچاری داوا له پنتاگۆن ده‌كات بۆ پارچه‌ی یه‌ده‌گی چه‌ك، ئه‌مه‌ش دۆخێكی له‌بار ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ ئاڵوگۆڕی پارچه‌ی یه‌ده‌گی چه‌ك له‌به‌رامبه‌ر بارمته ئه‌مریكیه‌كاندا“. سه‌عید ئه‌بو ڕیش، نوسه‌ری كتێبی ژیاننامه‌ی سه‌ددام، تۆمه‌تی هاوشێوه ئاڕاسته‌ی ئه‌مریكا ده‌كات. ساسان فهیازمانیش له كتێبێكیدا له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و ئێران، ده‌ڵێ: ”له‌وانه‌یه واشنتۆن گڵۆپی سه‌وزی بۆ سه‌ددام حوسێن هه‌ڵكردبێ بۆ هێرشكردنه سه‌ر ئێران وه‌ك هه‌وڵێك بۆ لاوازكردنی ئێران و ئازادكردنی بارمته‌كانی“. ژماره‌یه‌كی زۆر له توێژه‌ران باوه‌ڕیان به‌م تێزه‌یه، له‌كاتێكدا توێژهرانێكی وه‌ك لۆرنس فریدمان و كێنێپ پۆڵاك پێچه‌وانه‌ی ئه‌م تێزه بیرده‌كه‌نه‌وه، كۆمه‌ڵێك نووسه‌ری زۆر هاوشێوه‌ی دیلیپ هیرۆ و ئه‌بو ڕیش و فهیازمانیش بیرده‌كه‌نه‌وه‌و ئه‌مریكا به تێوه‌گلان تۆمه‌تبارده‌كه‌ن.
تێزی گڵۆپی سه‌وز
ئه‌م توێژینه‌وه جارێكی تر لێكۆڵینه‌وه له تێزی گڵۆپی سه‌وز ده‌كات له‌سه‌ر بنه‌مای دوو پۆل له به‌ڵگه‌نامه‌ی تازه به‌ده‌ستهاتوو. یه‌كه‌میان له تۆماره‌كانی ئه‌مریكاوه بڵاوكراونه‌وه و له كتێبخانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كارته‌ر و ئه‌رشیفی ئاسایشی نیشتیمانی ده‌ست ده‌كه‌ون. چه‌ندین نووسراو و چاوپێكه‌وتن ڕۆڵی ته‌واوكاری ده‌بین بۆ ئه‌م پۆله به‌ڵگه‌نامانه. پۆلی دووه‌م پێكهاتووه له تۆماره‌كانی ڕژێمی به‌عس كه دوای داگیركردنی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه له ٢٠٠٣ ده‌ستیان به‌سه‌رداگیراوه. له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا پشت به كۆمه‌ڵێك له‌و تۆمارانه ده‌به‌ستم، له‌ناویشیاندا ده‌ستنووسی كۆبوونه‌وه‌ی گرنگی نێوان سه‌ددام حوسێن و ڕاوێژكاره‌كانی و هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵگری عێراقی و به‌ڵگه‌نامه‌ی په‌یوه‌ندیداری تر هه‌یه.
بۆ دڵنیایی، ئه‌م به‌ڵگه‌نامانه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ته‌واوی سیاسه‌تی عێراق و بڕیاردانی سه‌رده‌می سه‌ددام نین، هه‌روه‌ها زانیاریه‌كانی كه‌متره له‌وه‌ی له به‌ڵگه‌نامه‌كانی تۆماری ئه‌رشیفی ئه‌مریكادا هاتوون له‌و ماوه‌یه‌دا. وه‌ك هه‌ر تۆمارێكی ئه‌رشیفی، به‌ڵگه‌نامه عێراقیه‌كان كه‌موكوڕیان تێدایه، بۆیه ده‌بێت به چاوی ڕه‌خنه‌ییه‌وه لێیان بڕوانین. چاوخشاندنه‌وه‌یه‌ك به‌و دوو پۆله له به‌ڵگه‌نامه ده‌ریده‌خات كه تێزی گڵۆپی سه‌وز نزیكتره له‌وه‌ی خه‌یاڵ بێت تا حه‌قیقه‌ت. ئه‌م تێزه له ڕوواڵه‌تدا ته‌بایه له‌گه‌ڵ چه‌ندین لایه‌نی سیاسه‌تی ئه‌مریكا له ساڵانی ١٩٧٩-١٩٨٠، به‌تایبه‌ت هه‌وڵه‌كانی كارته‌ر بۆ ڕاكێشانی سه‌ددام به‌لای خۆیدا و زاڵبوون به‌سه‌ر ئێران‌دا، په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌زگای هه‌واڵگری ناوه‌ندی له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تیه ئێرانیه‌كانی تاراوگه، هه‌روه‌ها خواستی ئیداره‌ی كارته‌ر بۆ پێدانی چه‌ك له‌به‌رامبه‌ر بارمته‌كاندا هه‌ر له‌سه‌ره‌تا هه‌ڵگیرسانی جه‌نگه‌كه‌وه.
كاتێك ووردتر لێكۆڵینه‌وه ده‌كه‌ین، تێزی گڵۆپی سه‌وز هه‌ره‌س دێنێت. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ندین هۆكار. هیچ نووسراوێكی به‌ڵگه‌یی له‌به‌رده‌ستدا نیه بیسه‌لمێنێت كه ئه‌مریكا و سه‌ددام هه‌مانگی یه‌كتریان كردووه له مانگه‌كانی پێش هه‌ڵگیرسانی جه‌نگه‌كه، هه‌روه‌ها زۆربه‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی پشتگیری له تێزی گڵۆپی سه‌وز ده‌كه‌ن، له ڕووی متمانه‌وه نیشانه‌ی پرسیاریان له‌سه‌ره. له‌وه‌ش گرنگتر، ئیداره‌ی كارته‌ر پێشبینی مه‌ودای فراوانی هێرشی عێراقیان بۆسه‌ر ئێران نه‌كردبوو له مانگی سێپته‌مبه‌ری ١٩٨٠، هه‌روه‌ها خوازیاری ئه‌و جه‌نگه نه‌بوون كه ڕوویدا.
به پێچه‌وانه‌وه، له‌كاتێكدا كه به‌رپرسه ئه‌مریكیه‌كان سه‌رقاڵ بوون به كاریگه‌ریه‌كانی داگیركردنی ئه‌فغانستان له‌لایه‌ن مۆسكۆوه و له هه‌وڵدابوون ده‌ستبگرن به ئێرانه‌وه وه‌ك به‌ربه‌ستێك له‌به‌رده‌م كشانی ده‌سه‌ڵاتی سۆڤیه‌ت به‌ره‌و ووڵاتانی كه‌نداو، هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی عێراق-ئێران كه یه‌كپارچه‌یی خاكی ئێرانی ده‌خسته مه‌ترسیه‌وه، وه‌ك هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی جه‌نگی ساردی واشنتۆن له ناوچه‌كه‌دا، ده‌بینرا.
تۆماره عێراقیه‌كان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه پێناچێ سه‌ددام پێشبینی گڵۆپی سه‌وزی ئه‌مریكای كردبێت. هه‌رچه‌نده به‌ریه‌ككه‌وتن له نێوان به‌غداو مۆسكۆدا بووه هۆی نه‌رمی نواندنێك له دیدی سه‌ددامدا به‌رامبه‌ر واشنتۆن له‌سه‌ره‌تای ١٩٨٠دا، به‌ڵام هێشتا بۆچوونی گوماناوی سه‌ددام به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا گۆڕانێكی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نه‌هاتبوو. هێشتا سه‌ددام به‌جۆرێك له ئه‌مریكای ده‌ڕوانی كه هێزێكه جێگه‌ی مه‌ترسیه نه‌ك متمانه، هه‌روه‌ها پێیوابوو ئه‌گه‌ری زیاتر هه‌یه ئیداره‌كه‌ی كهرتهر هاوكاری ئێران بكات نه‌ك عێراق. تێزی گڵۆپی سه‌وز له ڕواڵه‌تدا سه‌رنجڕاكێش ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام قه‌ناعه‌ت پێكه‌ر نیه – له ڕاستیدا هه‌ڵه‌یه‌كی ئاشكرایه.
شرۆڤه‌ی تێزی گڵۆپی سه‌وز
ناوه‌ڕۆكی تێزی گڵۆپی سه‌وز ئه‌وه‌یه كه ئه‌مریكا هانی سه‌ددامی داوه ئێران داگیر بكات به‌مه‌به‌ستی زاڵ بوونی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریكا خۆی له ڕووبوونهوهكانیدا له‌گه‌ڵ ئێران كه به‌هۆی به‌بارمته‌گرتنی دبلۆماته ئه‌مریكیه‌كان له تاران له ١٩٧٩ دروست ببوو. هه‌ندێك له‌وانه‌ی پاڵپشتی تێزی گڵۆپی سه‌وز ده‌كه‌ن ده‌ڵێن ئیداره‌كه‌ی كارته‌ر وویستوویه‌تی سزای ئێران بدات له‌به‌رامبه‌ر سهركهشیهكانیدا، به جۆرێك وێنای جه‌نگه‌كه‌یان كردووه بتوانێ ده‌سه‌ڵاتی خومه‌ینی بڕوخێنێ. هه‌ندێك له نووسه‌ران لێكدانه‌وه‌یه‌كی ئاڵۆزتر ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن كارته‌ر و ڕاوێژكاره‌كانی پێیان وابووه كه جه‌نگه‌كه فشار له‌سه‌ر ئێران دروست ده‌كات تا داوای پارچه‌ی یه‌ده‌گی چه‌ك بكات له‌كاتێكدا زۆربه‌ی چه‌كی ئێران دروستكراوی ئه‌مریكا بوو كه له سه‌رده‌می شا دا له ئه‌مریكای كڕیبوو. به‌م لۆجیكه، ئه‌مریكا ده‌توانێ جه‌نگه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌كاربێنێت به دابینكردنی پارچه‌ی یه‌ده‌گی چه‌ك و پێداویستی دیكه بۆ تاران له‌به‌رامبه‌ر ئازادكردنی بارمته‌كان.
چۆن جیمی كارته‌ر سه‌ركه‌وتوو بوو له هاندانی سه‌ددام بۆ هێرشكردنه سه‌ر ئێران؟ ژماره‌یه‌ك نووسه‌ر ئه‌مریكا تۆمه‌تبارده‌كه‌ن به‌وه‌ی یارمه‌تی سه‌ددامی داوه له ڕووی ههواڵگریهوهو پێیان ڕاگه‌یاندووه كه هێزه چه‌كداره‌كانی ئێران لاوازبوون به‌هۆی ڕاكردن و ده‌ركردنی هه‌ندێ له‌سه‌ربازه‌كان، بۆیه ناتوانن له‌به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی عێراقدا خۆیان بگرن. كه‌سانێكی تر كه داكۆكی له تێزی گڵۆپی سه‌وز ده‌كه‌ن پێیان وایه كه به‌رپرسه ئه‌مریكیه‌كان له كۆبوونه‌وه نهێنیهكانیاندا له‌گه‌ڵ سه‌ددام و عێراقیه‌كانی تردا گڵۆپی سه‌وزیان بۆ هه‌ڵكردووه. بۆ نمونه، كێنیپ تیمه‌رمان ده‌ڵێ وورده‌كاری پلانی هێرشكردنه سه‌ر ئێران له كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌ددام و زیگنیو برجینسكی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی له ته‌موزی ١٩٨٠ له عه‌ممان ڕێكخراوه.
ئه‌بو ڕیش ده‌ڵێ له‌وانه‌یه كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌م جۆره ڕووینه‌دابێت، به‌ڵام پێشیوایه ئاژانسی هه‌واڵگری ناوه‌ندی (سی ئای ئه‌ی) په‌یامی هاوشێوه‌ی له ئه‌رده‌ن و ووڵاتانی ترهوهناردووه. جگه له‌م دوو لێكدانه‌وه باوه، چه‌ندین نوسه‌ری تری وه‌ك فهیازمانش باس له لێكدانه‌وه‌ی سێیه‌م ده‌كه‌ن و ڕایده‌گه‌یه‌نن كه ووتاری گشتی ئه‌مریكا و كۆبوونه‌وه‌ی به‌رپرسانی ئه‌مریكی له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تیه ئێرانیه‌كانی تاراوگه ئاماژه‌ن بۆ خواستی ئه‌مریكا بۆ دڵنیاییدان به سه‌ددام حوسێن و یارمه‌تی دانی له هێرشكردنه سه‌ر ئێران.
به‌ڵگه‌كان له‌باره‌ی جه‌نگه‌وه
هه‌رچه‌نده به‌ڵگه‌ی مه‌لموس له‌به‌ر ده‌ستدا نیه بیسه‌لمێنێت پلانی نهێنی له‌نێوان ئه‌مریكا و سه‌ددام هه‌بووبێت (له خواره‌وه به درێژی له‌م بابه‌ته ده‌دوێین)، ئه‌وانه‌ی پشتگیری تێزی گڵۆپی سه‌وز ده‌كه‌ن ئاماژه به سێ لایه‌نی سیاسه‌تی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن وه‌ك سه‌لمێنه‌ری بۆچوونه‌كانیان. یه‌كه‌م، پێیانوایه ئیداره‌كه‌ی كارته‌ر له هه‌وڵی ئه‌وه دابووه ده‌سه‌ڵاتی زاڵ بێت به‌سه‌ر ئێران‌دا له‌كاتێكدا قه‌یرانی بارمته‌كان قوڵتر ده‌بووه‌وه. دوای به‌بارمته‌گرتنی دبلۆماته ئه‌مریكیه‌كان، ئیداره‌كه‌ی كارته‌ر ده‌ستیكرد به جێگیركردنی هێزی ئه‌مریكی له ناوچه‌كه‌دا وه‌ك ڕێگه‌یه‌ك بۆ فشار خستنه سه‌ر ڕژێمی خومه‌ینی. له یاداشتی ڕۆژی ٢١ ی دیسه‌مبه‌ری ١٩٧٩، برجینسكی باس له‌وه ده‌كات كه گروپێكی بچوك و توندوتۆڵی دروستكردووه بۆئه‌وه‌ی بتوانن هه‌ندێ هه‌نگاوی سیاسی نهێنی بنێن به ئامانجی جێگرتنه‌وه‌ی خومه‌ینی كه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌بێت زنجیره‌یه‌ك هه‌نگاوی سه‌ربازی بنرێت. وه‌ك ئه‌گه‌رێك، برجینسكی پێشنیاری كردبوو ده‌ستبگرن به‌سه‌ر دوورگه‌كانی ئێران‌دا، كارته‌ر ئه‌م بژارده‌یه‌ی ڕه‌تكرده‌وه، به‌ڵام ڕازی بوو به‌دواداچوون بۆ پێشنیاری هه‌نگاوی نهێنی سه‌ربازی بكات (له‌وانه‌ش بژارده‌ی مینڕێژكردنی كه‌ناراوه‌كانی ئێران) به‌مه‌به‌ستی فشارخستنه سه‌ر ئێران و هه‌وڵدان بۆ له‌كارلادانی خومه‌ینی.
ئه‌م بژاردانه و چه‌ندین هه‌نگاوی تری هه‌ڕه‌شه‌ئامێز دواجار ڕه‌تكرانه‌وه چونكه بژارده‌ی گونجاو نه‌بوون و پێشبینی ده‌كرا په‌رچه‌كردار به‌دوای خۆیاندا بهێنن. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، سی ئای ئه‌ی له په‌یوه‌ندی دابوو له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تیه ئێرانیه‌كانی تاراوگه پێش هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی عێراق-ئێران. شاپور به‌ختیاری دوا سه‌رۆك وه‌زیرانی سه‌رده‌می شا هه‌وڵی دا هاوكاری ئه‌مریكا و عێراق به‌ده‌ست بێنێت بۆ ئه‌نجامدانی شۆڕشی پێچه‌وانه، هه‌روه‌ك جه‌نه‌ڕاڵ غوڵام عه‌لی ئوه‌یسی هه‌مان هه‌وڵی دا. له ته‌موزی ١٩٨٠ دا، نهێنی ئه‌م په‌یوه‌ندیانه كه‌وته به‌ر دیدی جه‌ماوه‌ر، كاتێك كوده‌تایه‌كی شكستخواردوو به به‌شداری سه‌دان سه‌ربازی چالاك و خانه‌نشینی هێزی په‌ڕه‌شووت ئه‌نجامدرا، كه به پلانگێڕی نوژه ناسراوه، له ئه‌نجامیشدا عێراق و ئه‌مریكا به پلانگێڕی دژی حكومه‌تی ئێران تۆمه‌تباركران. ئه‌م تۆمه‌تانه ته‌نها به‌شێكیان ڕاست بوون، حكومه‌تی عێراق هاوكار بوو له پلانگێڕیهكهدا به‌ڵام ئیداره‌كه‌ی كارته‌ر خۆی به دوور ده‌گرت له‌م پلانگێڕیه و پلانگێڕی تری هاوشێوه چونكه پێی وابوو سه‌ركه‌وتوو نابن. به‌ڵام به‌درێژایی ساڵی ١٩٨٠، سی ئای ئه‌ی به‌رده‌وام بوو له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێرانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ووڵات به‌مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری هه‌واڵگری، فهیازمانش و نووسه‌ری دیكه‌ش ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌م په‌یوه‌ندیانه به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر پاڵپشتی ئه‌مریكا بۆ هێرشكردنه سه‌ر ئێران.
دووه‌م، ئه‌وانه‌ی پشتگیری له تێزی گڵۆپی سه‌وز ده‌كه‌ن له‌وه‌دا پێكاویانه كه ئیداره‌كه‌ی كارته‌ر له‌سه‌ره‌تای ١٩٨٠ دا هه‌وڵی نزیك بوونه‌وه‌ی دابوو له‌گه‌ڵ به‌غداد. له ڕاستیدا كارته‌ر له ساڵی ١٩٧٧ ه‌وه له‌هه‌وڵی لێك نزیكبوونه‌وه دابوو له‌گه‌ڵ عێراق، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی بێ ئاكام بوون چونكه عێراق دژی ئه‌وه بوو كه سه‌رۆك كارته‌ر به‌رده‌وام سپۆنسه‌ری پڕۆسه‌ی ئاشتی عه‌ره‌ب-ئێسرائیلی ده‌كرد، بۆیه ساڵی ١٩٨٠ ئیداره‌كه‌ی كارته‌ر هه‌وڵی تازه‌ی دا بۆ لێك نزیكبوونه‌وه له‌گه‌ڵ عێراق. ڕوخانی شا له شوباتی ١٩٧٩ له‌گه‌ڵ داگیركردنی ئه‌فغانستان له دیسه‌مبه‌ری هه‌مان ساڵ له‌لایه‌ن ڕووسیاوه هانده‌ری ئه‌م جۆره سیاسه‌ته بوون. بۆ ئه‌مریكا، ڕووخانی شا به مانای له ده‌ستچوونی هێزی به‌رگرتن له كۆنسێرڤهتیزم ده‌هات، له‌كاتێكدا واشنتۆن پشتی به‌م هێزه به‌ستبوو بۆ سه‌قامگیری له ناوچه‌ی كه‌نداو. هه‌رچی داگیركاری ئه‌فغانستان بوو به واتای فراوان بوونی هه‌ژموون و تارمایی ده‌سه‌ڵاتی سۆڤیه‌ت ده‌هات له ناوچه‌یه‌كدا كه خاوه‌ن گرنگیی جیۆپۆڵهتیكیه. له به‌رامبه‌ردا، ئیداره‌كه‌ی كارته‌ر په‌ره‌ی به چوارچێوه‌یه‌كی ستراتیژی دا بۆ ناوچه‌ی كه‌نداو كه جهختیدهكرده سه‌ر هاوكاری زیاتری سیاسی و سه‌ربازی بۆ میانهڕهوكردنی ووڵاتانی عه‌ره‌بی و بنیادنانی توانای سه‌ربازی ئه‌مریكی له ناوچه‌كه‌دا.
كارتهرو برجنسكی و سه‌دام
له‌سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٨٠، برجینسكی له نامه‌یه‌كدا بۆ كارته‌ر نووسیبووی ده‌بێت كارێك بكه‌ین دڵنیایی بده‌ین به میسر و سعودیه‌و ووڵاتانی تری نیوه دوورگه‌ی عه‌ره‌ب كه ئه‌مریكا ئاماده‌یه ده‌سه‌ڵاتی خۆی بسه‌لمێنێت، بۆیه ده‌بێت ئاماده‌گی سه‌ربازی به‌رچاومان هه‌بێت. ئیداره‌كه‌ی كارته‌ر په‌ره‌ی دا به فرۆشی چه‌ك و ڕاوێژی دبلۆماسی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له ووڵاتانی عه‌ره‌بی، هێزی ده‌ریای ئه‌مریكی له كه‌نداو و ده‌ریای هیندی زیاتر كرد، هه‌روه‌ها دانوستانی ده‌ست پێكرد به‌مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی بنكه‌ی سه‌ربازی له چه‌ندین ووڵاتی كه‌نداوی عه‌ره‌بی و نیوه دوورگه‌ی ئه‌فریقا. له كانوونی یه‌كه‌می ١٩٨٠، كارته‌ر به‌ئاشكرا پابه‌ندی ئه‌مریكای له ناوچه‌كه‌دا دووپاتكرده‌وه و ڕایگه‌یاند ئه‌گه‌ر سۆڤیه‌ت زیاتر بكشێت به‌ره‌و كه‌نداو ده‌بێه هۆی به‌رپا بوونی جه‌نگ.
هه‌رچه‌نده به‌رپرسه ئه‌مریكیه‌كان نیگه‌ران بوون له چالاكیه ناوه‌كیه‌كانی سه‌ددام و هاوكاری سه‌ددام بۆ تیرۆریزم و گوتاری توندی دژه ئیسرائیلی له‌لایه‌ن سه‌ددامه‌وه، به‌ڵام ئیداره‌كه‌ی كارته‌ر كۆده‌نگ بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ عێراق گرنگه بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌قامگیری و به‌رگرتن له كشانی زیاتری ڕووسیا بۆ ناوچه‌كه. له ناوه‌ڕاستی ساڵی ١٩٧٩، له بڵاوكراوه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ئه‌مریكادا هاتبوو: ”یه‌كێك له ئامانجه گرنگه‌كانی په‌ره‌پێدانی باڵانسی ناوچه‌كه بریتیه له دوورخستنه‌وه‌ی عێراق له پشبه‌ستن و پاڵدانی به‌لای یه‌كێتی سۆڤیه‌ته‌وه“. له سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٨٠، جارێكی تر ئیداره‌كه‌ی كارته‌ر له سه‌ددام نزیك بووه‌وه. كارته‌ر هه‌وڵیدا متمانه‌ی كۆنگرێس به‌ده‌ست بێنێت بۆ ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕین له‌سه‌ر فرۆشتنی فڕۆكه‌ی بۆین و مه‌كینه‌ی كه‌شتی جه‌نگی جۆری جێنێڕاڵ ئیلێكتریك به به‌غدا، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو.
سێیه‌م به‌ڵگه‌ی تۆمه‌تباركردنی ئیداره‌كه‌ی كارته‌ر به هه‌ڵگردنی گڵۆپی سه‌وز بۆ سه‌ددام بریتیه له شێوازی مامه‌ڵه‌ی ئیداره‌كه له دوای هێرشی عێراق بۆسه‌ر ئێران. وه‌ك “گره‌ی سیكی” گه‌وره هاریكاری برجینسكی باسی ده‌كات،”برجینسكی بۆچوونی خۆی نه‌یشاردۆته‌وه كه هێرشی عێراق بۆسه‌ر ئێران دواجار كاریگه‌ری ئیجابی ده‌بێت بۆ فشار خستنه سه‌ر ئێران بۆ ئازاد كردنی بارمته‌كان“. له ناوه‌ڕاستی سێپته‌مبه‌ری ١٩٨٠ دا، هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ، تیمێك له به‌رپرسانی ئه‌مریكی به سه‌رۆكایه‌تی وارن كریستۆفهری جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه ئه‌گه‌ری پێدانی پێداویستی سه‌ربازی دروستكراوی ئه‌مریكی كه له‌سه‌رده‌می شا دا كڕدرابوون به‌ڵام نه‌گه‌یشتبوون به ئێران تاووتوێكرد وه‌ك هه‌وڵێك بۆ ئازادكردنی بارمته‌كان. كاتێك ڕۆژی ٢٢ی سێپته‌مبه‌ری عێراق هێرشی كرده سه‌ر ئێران، به‌رپرسانی ئه‌مریكا، له ناویشیاندا برجینسكی، پێیان وابوو دابینكردنی پێداویستیه سه‌ربازیه‌كان هانده‌رێكی باشه بۆ ئازادكردنی بارمته‌كان. له یاداشتێكدا كه له ڕۆژی ٣ی ئۆكتۆبه‌ر نووسراوه، برجینسكی باسی له‌وه كردووه كه پێویسته په‌یوه‌ندی تازه له‌گه‌ڵ ئێران‌دا ڕێكبخرێت و ئه‌وه‌نده هاوكاری بكرێت كه بتوانێت فشار بخاته سه‌ر هێزه‌كانی عێراق بۆئه‌وه‌ی پاشه‌كشه بكه‌ن له‌و ناوچانه‌ی ئێران كه داگیریان كردوون. له‌ئه‌نجامدا به‌رپرسانی ئه‌مریكا ڕایانگه‌یاند ئه‌گه‌ر بارمته‌كان ئازاد بكرێن، له‌وانه‌یه ئه‌مریكا سه‌دان ملیۆن دۆلاری پاره‌ی پێشه‌كی پارچه‌ی یه‌ده‌گی چه‌ك بگێڕێته‌وه بۆ ئێران. هه‌روه‌ها باس له ئه‌گه‌ری ناردنی پارچه چه‌كه‌كان ده‌كرا بۆ ئه‌وروپا بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئازادكردنی بارمته‌كان ئاماده‌بن بۆ ناردن.
ئه‌وانه‌ی داكۆكی له تێزی گڵۆپی سه‌وز ده‌كه‌ن، ئه‌و سێ پرسه‌ی سه‌ره‌وه وه‌ك به‌ڵگه ده‌هێننه‌وه بۆ پلانگێڕی ئه‌مریكا له جه‌نگه‌كه‌دا، واتا هه‌وڵی ئه‌مریكا بۆ زاڵ بوونی ده‌سه‌ڵاتی بهسهرتاراندا و دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێرانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ووڵات و هه‌وڵی ئه‌مریكا بۆ به‌ده‌ست هێنانی متمانه‌ی عێراق و خواستی ئیداره‌كه‌ی كارته‌ر بۆ پێدانی چه‌ك به ئێران له‌به‌رامبه‌ر ئازادكردنی بارمته ئه‌مریكیه‌كان. به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌ی بۆ ده‌كرێت هه‌موو ئه‌م پرسانه به یه‌ك ئاقاردا ده‌ڕۆن. به‌ڵام وه‌ك له خواره‌وه تاووتوێی ده‌كه‌ین، ئه‌م ئه‌نجامگیریانه به‌رهه‌می لێكدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ن و ته‌واو دژیه‌كن له‌گه‌ڵ دیوه‌كانی تری بڕیاره سیاسه‌كانی ئه‌مریكا و عێراق.