Home / بەشی مێژووی كورد / هەموو شتێك بزانە دەربارەی ڕاپەرینی بەهاری 1991

هەموو شتێك بزانە دەربارەی ڕاپەرینی بەهاری 1991

هەموو شتێك بزانە دەربارەی ڕاپەرینی بەهاری 1991

FB_IMG_1488710892028

ڕاپەڕینی١٩٩١، یان ڕاپەڕینە مەزنەکە ناسراو بە (ڕاپەڕین) بریتی بوو لە ڕاپەڕینێکی جەماوەریی خەڵکی کوردستانی باشوور لەدژی ڕژێمی بەعس بە پاڵپشتیی ھێزە چەکدارەکانی بەرەی کوردستانی کە ئەوکات لەدژی حکوومەتی بەعس خەباتیان دەکرد و لە چیاکانی کوردستان دژ بە ڕژێم ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنجام دەدا.

لەبەرئەوەی ڕاپەڕینی ئازاری١٩٩١ ی گەلی کوردستان، رووداێکی گەورە و گرنگ و ناوازەی مێژوویی بوو، دەسکەوت، گۆڕانکاری و وەچەرخانێکی گەورەی ھێنایە ئاراوە، بە کورتی لێرە دا باسی چەند لایەنێکی ڕاپەرین ئەکەین.

پێناسەی ڕاپەڕین: ڕاپەڕین شێواز و دەسکەوت و قۆناغێکی خەبات و شۆرشی ھەر گەل و نەتەوەیەکە بۆ بەدیهێنان و جێگیرکردنی ئامانجەکان و بەدەستھێنانی دەستکەوتەکان و ڕزگارکردنی گەل و وڵا، بە چەندین شێوە و ھۆکار ئەنجام دەدرێت.

ھەڵومەرجی ڕاپەرین: لە ڕاستیدا ماوەیەک بەرلە ڕاپەرین، بارودۆخی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ھەلومەرجی سیاسی لەناو هێزە سیاسییەکانی کوردستانی باشوور زۆر نالەبار و تەنگەتاو بوو، لەبەر ئەوەی کاتێک کە ٨/٨/١٩٨٨ شەڕی خوێناوی نێوان عێڕاق – ئێران وەستا، رژێمی بەعسی بەغدا دەست بەتاڵ بوو، بە ھەموو ھێز و شێوازێک کەوتە دژایەتیکردنی کورد، کوردی ئەنفال و کیمیاباران و ئاوارە و سەرگەردان کرد، شۆڕشی کوردی پووکاندەوە و، لایەنە چەکدارەکان چوونە سەر سنوورەکان، لەوێ مۆلگەیان کرد، لە ھەموو ڕوویەکەوە ژیانێکی زۆر سەخت و دژوار و کوڵەمەرگیان بەسەر دەبرد، کورد بێ پشت و پەنا بوو، پیلانی زیاتری لەسەر بوو، وەلێ کەلە ٢/٨/١٩٩٠عێڕاق ھێرشی کردە سەر کوێت و داگیری کرد، ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان لە عێڕاقیان دا، دەرگای گۆرانکاری و راپەڕین کرایەوە، سوپای رژێم تووشی تێشکان بوو، پێگەی نێودەوڵەتیی عێڕاق لاواز بوو، باری ئابووری و دەروونی و لۆجستی خراپ و لاواز بوو، لایەنە چەکدارەکانی عێڕاق ھەستا نەوە و ڕاپەڕینیان بەرپا کرد.

ئامادەباشی بۆ ڕاپەرین: بەپێی ھێز و توانای ئەوسای لایەنە چەکدارەکانی کوردستان و عێڕاق، لە ھەموو ڕوویەکەوە کەوتنە ئامادەباشی بۆ ئەنجامدانی ڕاپەرین، سەرەتا لایەنە عەرەبەکان لە خوار و دەستیان بە ڕاپەرین کرد، ڕژێم لێیان کەوتە خۆ تا ڕادەیەک ڕاپەڕینەکەی سەرکوت کرد، دواتر لە جەماوەری کوردستان و لایەنەکان کەوتنە خۆ بۆ ئەنجامدانی ڕاپەڕین.

 بارەگایان لەسەر سنوورەکان زیاد کرد، بە ڕاگەیاندن خەڵکیان وشیار کردەوە، کۆبوونەوەیان لەسەر ئاستی سەرکردایەتی پێکهێنا، ڕێکخستنەکانی خۆ و جەماوەرییان ئاڕاستە کرد.

ھەر لایەنەنێک و لە سنوورەکانی خۆی، ھەندێکیان پێکەوە دابەزینە ناو شار و شارۆچکەکان، لەلایەکی ترەوە جەماوەر و ڕێکخستنەکان ڕۆڵی گرنگیان لە پێشوازیکردنی پێشمەرگە و ئەنجامدانی ڕاپەرین و گرتنی بارەگا و دامودەزگاکانی حکوومەتدا ھەبوو. ھەر لایەنێکی سیاسی لە شارەکان تا ڕادەیەک کاری خۆی کردبوو، خەڵکی ئاگادار کردبووەەو ەو لیژنەی پێکھێنابوو.

ڕاپەڕین لە ٥ی ئازاری ١٩٩١ لە شاری ڕانیەوە دەستی پێ کرد و تا ٢١ی ئازاری ١٩٩١ لە پاش ئازادکردنی کەرکووک کۆتایی پێ ھات و بەم شێوەیە دامودەزگاکانی ڕژێمی بەعس لە کوردستانی باشوور کرانە دەرەوە و سەرجەم ھێز و سەربازەکانیان کوژران و ڕاو نران. چەند ڕۆژێک پاش ڕاپەڕین، وەک وەڵامێک حکوومەتی بەعسی عێراق بە سوپایەکی بێشوومارەوە ھێرشی کردەوە سەر کوردستان و کۆڕەوی خەڵکی کوردستان دەستی پێ کرد، کە تێیدا خەڵکی کوردستان  ئاوارە بوون بەرەو سنووری وڵاتە ھاوسێکانی عێراق.

 

دەستپێکی ڕاپەڕین

ئەگەرچی ڕاپەڕین لە ٥ی ئازاری ١٩٩١ لە ڕانیەوە، کە ناسراوە بە (دەروازەی ڕاپەڕین) دەستی پێ کرد، بەڵام لە ٣ی ئازاری ١٩٩١دا بۆ یەکەمجار وەکو دەستپێکی راپەڕین لە ئۆردووگای خەبات و کەڵکی ھەولێر شەڕێک لە نێوان پشدەرییەکان و بنکەی پۆلیس ڕووی دا، دەرەنجام ھەڵیان کوتایە سەر پۆلیس و دەستیان بەسەردا گرت. رژێم ھێرشی کردنە سەر و سەرکووی کردن و محەمەد فارۆق و بەخیاری لێ کوشتن و دوو کەسیشی لێ زامدار کردن.

پاشان رێکەوتن لە نێوان رژێم و جەماوەردا کرا و دامودەزگاکانی گەڕانەوە ئەوێ تا ڕاپەڕین لەوێش بەرپا بوو، ھاوکات ھەمان ڕۆژ ڕاپەرین لە بەسرەش سەری ھەڵدا.

 ٥ی ئازاری ١٩٩١دا ڕاپەرینی گەلی کورد لە شاری ڕانیە لە کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانی بە فەرمی دەستی پێ کرد، لە ھەموولاوە جەماوەر داڕژانە سەر کووچە و کۆلان و شەقامەکان، لە ڕادیۆکان و بڵندگۆی مزگەوتەکان خەڵکیان ھان دا بۆ ڕاپەڕین.

 پاشان جەماوەر ھەڵیان کوتایە سەر دامودەزگاکانی حکوومەت، بۆ سەعات ٣ی سەر لە ئێوارە سەرجەم ڕانیە لە ڕژێم پاک کرایەوە، ھەمان ڕۆژ (چوار قوڕنە و حاجیاوا و دەشتی بتوێن) و سەربازگەی (سەرکەپکان) ئازاد کران، جگە لە تیپی ٤٤ی چواڕ قوڕنە ٥٠ کەس لە رژێم و ١٠٠ کەسیش لە ھاوولاتیان کوژران، ژمارەیەکی زۆر لە ڕژێم گیران، بۆیە ئەمڕۆژە لە مێژووی کورددا بە رۆژی ڕاپەرین و ڕانیەش بە دەروازەی ڕاپەڕین دادەنرێت، ئەگەرچی لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیار بوو ٧ی ئازار دەست بە ڕاپەرین بکرێت، بەڵام جەماوەر زوو گڕی گرت و ڕاپەرینیان بەرپا کرد

ڕۆژژمێری ڕاپەڕین

لە ٦ی ئازاری ١٩٩١ ناوچەی بازیانی یەک و دوو و ناوچەی ناو دەشتی پشدەر ئازاد کران، بە جۆریک کە لە بازیان لە کاژمێر ٤ی ئێوارە ھەڵیان کوتایە سەر دامودەزگاکانی حکوومەت و ھەر زوو سەرکوتیان کردن، لە پشدەریش سەربازگە و پادگاکانی ڕژێم لە نێوان پێشمەرگەی سەرەوە و جەماوەردا دەورە دران و ھەر زوو گیران، تەنھا فەوجی قادرئاوای پشت (سەنگەسەر) نەبێ کە شەڕی مان و نەمانیان کرد و بووە ھۆی قوربانیدانی چەندان پێشمەرگە و ھاووڵاتی و کوژرانی دەیان سەرباز و گیرانی فەوجەکە. لەلایەکی ترەوە، ھەمان ڕۆژ لە بێتوێن تیپی ٤٤ی چواڕقوڕنە لە چوارقوڕنە لە سێ لا دەورە درا و ھەر زوو کۆنتڕۆلکراو دواتر بنکەکانی سەر (کلکەی کۆڵین و حاجیلە) و بەرزایەکانی دۆڵە ڕەقە بێ شەڕ دابەزینە خوارەوە و تەسلیم بە گەل بوون، تەنھا لە تیپی چوارقوڕنە چەند شەھیدێکی خەڵک و کوژراوی ڕژێم  ھەبوون. ڕژێم لیوایەکی لە کۆیەوە ھێنایە (گردجان) بۆ پاڵپشتیی تیپی چوارقوڕنە و بە تۆپ و خومپارە کەوتە گیانی ھاووڵاتیانی ناوچەکە. ھەر ھەمان ڕۆژ ئەوێش گیرا و چەند سەرباز و ڕائیدێکی لێ کوژران.

٧ی ئازار ڕاپەڕینی سلێمانی

 دەستبەسەراگرتنی ئەمنە سوورەکەی سلێمانی لەلایەن جەماوەر و ھێزی پێشمەرگەوە و پاککردنەوەی لە پیاوانی ڕژێم و سەربازان دەستی پێ کرد.

لە ٧ی ئازاری ١٩٩١دا جەماوەری شاری سلێمانی ڕاپەڕین و ھەر زوو ھەڵیان کوتایە سەر بنکەی حامیەیی پۆلیس و بەر دەرکی سەرا و ئازادیان کرد، ھەروەھا بۆ بەیانیی ٨ی ئازار قەڵای ئەمنە سوورەکەی سلێمانی و سەر بازگەی سەلام و پادگاکانی سەر چیای ئەزمەڕیان کۆنتڕۆل کرد بە جۆرێک بە ھەزاران سەرباز خۆیان دا بەدەستەوە و دەیان پلەدار و پیاوانی ڕژێم کوژران.

٨ی ئازار لە چەمچەماڵ و ھەڵەبجە و عەربەت و زەڕایەن و سمود و نەسر و باریکە و پیرەمەگروون و ئەلڵایی

لەی ٨ی ئازاری ١٩٩١ ڕاپەڕین لە چەمچەماڵ و ھەڵەبجە و عەربەت و ئۆردووگاکانی (زەڕایەن و سمود و نەسر و باریکە و پیرەمەگروون و ئەلڵایی) دەستی پێ کرد و سەرجەم ئەو ناوچانە و ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان سلێمانی و کەرکووک و بەعقووبە بە خوێنی چەندان شەھیدی هاووڵاتی و کوژرانی چەندان کەس لە پیاوانی رژێم کۆنتڕۆل کران. ھەر ئەو ڕۆژەش سەرجەم بنکەکانی پشتاوی سەر مامەندە و قەڵادزێ دابەزینە خوارەوە و بێ کوشتار خۆیان بەدەست گەلەوە دا. لەلایەکی ترەوە قەڵای (سووسێ)ی ڕژێم گیرا و بەرەو دووکان چوون و لەلای دۆڵی خەلەکانیش پێشمەرگە و جەماوەر ھەر بەرەو بەنداوی دووکان دەھاتن، بۆیە بۆ ئێوارە ئەم  ناوچەیەش بەتەواوی کۆنتڕۆل کرا.

٩ی ئازار کۆیە و شەقڵاوە و کفری

لە ٩ی ئازاری ١٩٩١دا جەماوەری شاری شەقڵاوە و کۆیەش ڕاپەڕین، ئەگەرچی سوپایەکی زۆر لە ھەیبەت سوڵتان ھەبوو و لە ٨ی ئازاردا چەند لیوایەکی زرێپۆشی زیادی ھێنایە ئەوێ و لە ھەواو  لە زەمین بەرگرییەکی باشییان لە خۆ کرد، بەڵام لەبەر ئەوەی ناو شاری کۆیە ئازاد کرا، دواتر لە ھەموو لا ھەیبەت سوڵتان دەورە درا و کۆنتڕۆڵ کرا و سوپاکەی گیران. وێڕای ئەوەی کە ناوچەی شەقڵاوەش ئازاد کرا، بۆ ئێوارەش کاتژمێر ٤ی سەر لە ئێوارە لە ئۆردووگای زۆرەملێی ناحیەی (باسرمە) لە ناوچەی هەریر ھەڵیان کوتایە سەر بنکەی پۆلیس و ئەوێش بۆ بەیانی پاک کرایەوە. لەلایەکی ترەوە لەلای کفری ڕاپەڕین ھەمان ڕۆژ سەریھەڵدا کە بووە ھۆی ئازادکردنی کفری و (باوەنوور) و بەرزاییەکانی.

١٠ی ئازار ناوچەکانی (مەسیف، تەقتەق، ڕەواندز، قەرەھەنجیر، ئاغجەلەر، ھەریر، باتا، خەلیفان، سپیلک، سۆران، چۆمان، حاجی ئۆمەران و مێرگەسوور) ڕاپەڕتن سەریهەڵدا.

لە ١٠ی ئازاری ١٩٩١، جەماوەری مەسیف و تەقتەق و ڕەواندوز قەرەھەنجیر و ئاغجەلەر و ھەریر و باتاس و خەلیفان و سپیلک و سۆران و چۆمان و حاجی ئۆمەران و مێرگەسوور و سەرجەم ئەو ناوچانە ڕاپەڕین و لە چەند کاتژمێرێکدا ئازادیان کردن، بە جۆرێک کاتژمێر ١ی دوای نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە سەرەتا کۆڕێ گیراو پاشان مەسیف ئازاد کرا و لە سەعات ١٢ی نیوەڕۆ ھەریر و باتاس ڕاپەڕین و سپیلک و دۆلی (بیاو و بێخمە) ئازاد کران، لە کۆیە لە ھەمان ڕۆژ جەماوەر و پێشمەرگە بەرەو تەقتەق پێشڕەوییان کرد و خەڵکی ئەوێش لەم ڕۆژەدا راپەڕین و ئازادیان کرد، ھەر ئەو رۆژەش ئۆردووگای بەستۆرەش ئازاد کرا، کە بەدەیان کەس لەو ناوچانە لە پیاوانی ڕژێم کوژران و چەندان پێشمەرگە و ھاووڵاتیانیش شەھید بوون، بۆ وێنە لە شەقڵاوە ٣٣ پێشمەرگە شەهید بوون، پاشان هەر هەمان ڕۆژ خەڵکی قەزای (دوزخورماتوو)ش لەدژی دامودەزگاکانی حکوومەتی بەعث ڕاپەڕین و سەرکەوتنیان تۆمار کرد.

١١ی ئازار هەولێر

لە١١ی ئازاری ١٩٩١دا، جەماوەری شاری ھەولێر ھەر لە سپێدەی بەیانییەوە لە گەڕەکەکانی “شۆڕش” و “مەلایان” و “برایەتیی سەرەوە” ڕژانە سەر شەقامەکان و بارەگاکانی ڕژێم و لە کاتژمێر ٩ی بەیانی سەرجەم جەماوەر و گەڕەکەکان ڕژانە سەر شەقام و کووچە و کۆڵانەکان و بەیەک دەست دا ڕژانە سەر سەرجەم بارەگا و دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێم، بەتایبەت دائیرەی ئەمن و جەیشی شەعبی و ئەمنی تەواری و مەنزوومەی شیمالی و بنکەکانی پۆلیس و ھتد. کە تا ئێوارە سەرجەم ئەو بارەگایانە کۆنتڕۆل کران، تەنھا لە دایەرەی ئەمن و مەنزومەی شیمالی بەرگرییەکی سەختیان کرد، بۆیە کوژراوێکی زۆریان لێ کەوتەوە و ھەندێک لەوانەی لەوێ گیران، لەلایەن تووڕەیی جەماوەرەوە گوللەباران کران. ھاوکات لە ھەمان ڕۆژ راپەڕین لەسەرجەم ئۆردوگاو ناوچەکانی دەوربەری ھەولێریش دەستیان پێ کرد، بۆ وێنە لەلای سەرەوە ھێزی پێشمەرگە و جەماوەر پێ بە پێ لە دێگەڵەەوە پێداھات کە ھەموو بان و بەزراییەکانی سوپا و پادگاکانی رژێمی پاک کردەوە تا دەگاتە کەسنەزان، بۆیە کەسنەزان و بنەسڵاوە بەبێ شەڕ تەسلیم بوون و لە دارەتووش بە نیو کاتژێر ناوەندی پۆلیس گیرا. لەوێ شەھید درا و ڕژێمیش کوژراوی ھەبوو، ئۆردوگاکانی قوشتەپە و شاوێس و پیرزین و مەلا ئۆمەریش ھەر زوو ئازاد کران، پاشان ھاوکات ئۆردووگاکانی جدیدە و تۆبزاواش ڕاپەڕین و دوای چەند کاتژمێرێک شەڕ ئازاد کران و بە خوێنی چەند ھاووڵاتییەک و کوژرانی زۆرێک لە پیاوانی ڕژێم و لە ھەمانکاتدا لە ئۆردووگای خەبات ھەڵیان کوتایە سەر بازگەی ئاسکی کەڵەک و ھەر زوو کۆنتڕۆلیان کرد و دواتر ئۆردووگاکانی کەورگۆسک و بەحرکە و بەرحوشتر ڕزگار کران.

لەلایەکی ترەوە بۆ ئێوارەی ھەمان ڕۆژ فەیلەقی ٥ی سەربازگەی ھەولێر کۆنتڕۆل کرا. بۆ بەیانیی ١٢ی ئازار پادگاکانی سەر بەرزاییەکانی ڕەشکین و کانی قڕژالە و ڕێی گوێر و مەخموور گیران و خۆیان تەسلیمی خەڵک کرد و بەدەیان ھەزار سەربازیش لەوانەی پارێزگاری ھەولێر و سەربازگەکانی سەر و کە شۆڕ دەبونەوە و بەرەو مووسڵ و کەرکوک دەچوون بێ ئەوەی لەلایەن خەڵک و پێشمەرگە بگیرێن و بکوژرێن، بەلکو نان و ئاویشیان پێ دەدرا.

١٢ی ئازار جەلەولا و مەخموور و ئاکرێ و خانەقین و شێخان

لە ١٢ی ئازاری ١٩٩١دا، جەماوەری جەلەولا ڕاپەرین و تا ئێوارە ناو شاری جەلەولا و دەوروبەریان ئازاد کرد، بەڵام دواتر ڕژێم لە ھەوا و لە زەمینەوە بەچەکی قورس تۆپبارانی کردن، بۆیە چەندان ھاووڵاتی لەوێ شەھید بوون و ڕژێمیش زیانێکی زۆری مادی و مەعنەویی پێ کەوت.

 لەلایەکی ترەوە ھەر ھەمان ڕۆژ ناحیەی مەخمووریش لە خواروی ھەولێر ئازاد کرا و لە ڕێگای مووسڵیش لافاوی جەماوەر لەزێی کەڵەک پەڕییەوە بادینان. بۆیە ھەر ئەو ڕۆژە ئاکرێ و ناحیەی (بجیل و سورچیایەتی و بەردەڕەش و دینارەتی زێبار) تا دەگاتە (شێخان) و سەرزێی خازر ئازادکران و ھەمان ڕۆژیش خانەقین ئازاد کرا.

١٣ی زاخۆ و پردێ و جەبارە و کۆڵەجۆ

لە ١٣ی ئازاری ١٩٩١دا، لەو سەری سنوورەوە جەماوەری زاخۆ و دەروبەری ڕاپەڕین. سەرەنجام ناو شاری زاخۆ و کۆمەڵگەی (ھیزاوە و دەرکار عەجەم) ئازاد کران و ڕاپەڕین گەیشتە دەشتی (سلێڤان) و چیای بێ خێر ھاتنە ئازاد کرن و پاش ماوەیەیەکی دیکە رەخێ سۆرا لە سنووری کەرکوک و شارۆچکەی پردێ ئازاد کران و لە گەرمیانیش کەلار و ناحیەی جەبارە و کوڵەجۆ ئازاد کران .

١٤ی ئازار دھۆک

لە ١٤ی ئازاری ١٩٩دا، لەگەڵ هەڵاتنی خۆی بەیانی، جەماوەری دھۆک لە گەڕەکی بەرۆشکێی لای سەرەوە سەریان ھەڵدا و بە تێکڕا دەوری دائیرەی ئەمن و ئیستخبارات و پۆلیس و ئالیات و لیواو فیرقەی حزبی بەعسیان دا و ھێرشیان کردە سەر؛ تا نیوەڕۆ ھەموویان گیران. جگە لەئەمنخانە نەبێ کە شەڕی مان و نەمانیان کرد، بۆیە زۆربەیان کوژران، دواتر لیواکەش تەسلیم بوو، بەمەش ناوچەکانی (زاوێتە و مانگێش و باگێرا و سەرسەنگ و ئەنیشک و بامەڕنێ و دێرەلوک و ئامێدی و سیریێ و شێلادزێ و باتوفە و بێ گۆڤا) و ھتد ئازاد کران. پاشان ناوچەکانی (کانی ماسی و ناوچەی بەروای بالا و ریکان) بۆیە پایەگاکانی سەر چیاکانی گاراومەتین و چیای شیرین و چیای فاتێ و چیای بارزان و چیای بامەڕنێ بۆ خۆیان تەسلیم بوون.

٢١ی ئازار، هاوکات لەگەڵ نەورۆز، شاری کەرکووک

پاش ڕزگارکردنی هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و کۆنترۆڵکردنیان لەلایەن هێزە سیاسییەکان و جەماوەری کوردستانەوە، تاقە شار کە مابووە ڕزگار بکرێت، شاری کەکووک بوو، بۆیە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێکەوە و بە هاوکاریی یەکتر و ڕێکخستنەکانی ناوشار و جەماوری کەرکووک ئامادەکارییان کرد و سەرەنجام ڕۆژی 21ی مانگ سەرجەم شاری کەرکووکیش ئازاد کرا و بە خوێنی دەیان شەهیدی پیشمەرگە و جەماوەر ئەم دەسکەوتنە نەتەوەییە تۆمار کرا.

جێگەی باسە ڕزگارکردنی شاری کەرکووک زۆری نەخایاند و پاش ماوەیەیەک حکوومەت بە چەک و چۆڵی زۆری و هێزێکی دڕندەوە و  بە یارمەتیی (موجاهدینی خەڵقی ئیران) کە ئەوکات لە بەغدا بوون، شاری کەکووک لەدەستی خەڵک دەرهێنرایەوە و خەڵک ئاوارە بوون و پاشان دیسان حکوومەت هێرشی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر شارەکانی کوردستان و بۆردومان دەست پێ کرد و لەوێوە “کۆڕەوی مێژوویی” خەڵکی باشوور و بەرەو سنوورەکانی ئێران و تورکیا ئاوارە بوون.

About زريان احمد

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …