مەولانا خالید وەک پێشەنگێکی زمانەوانیی کوردی ١
بەشی دووەم و کۆتایی
لێکۆڵینەوەی: پرۆفیسۆر میشێڵ لیزنبێرگ – زانکۆی ئەمستردام – هۆڵاند
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
سادەیی شێوازی شێخ خالید ئاماژەیە بەوەی کەوا ئەم کارە بەنیازی ئاڕاستەکردنی خەڵکێکی ئاسایی و لەوانەیە نەخوێندەوار کرابێت و پێدەچێت پێچەوانە بێت لەگەڵ ڕاسپاردە و ڕێنماییەکانی تردا بۆ جۆشدان و لە پلەی یەکەمدا لە نێوان چینە خوێندەوارەکاندا، بۆ نموونە، شێخ نامە بۆ مورید یان خەلیفەیەکی دەنووسێت و تیایدا دەڵێت: “بێجگە لە عولەمای تایبەتمەند و جیاکار تەمەسوک بە تەریقەتەوە ناکرێت”٢٣. لە واقیعدا وێنەی نەریتیی ئەوەیە کەوا لە بەغدا و دیمەشق مەولانا بە پلەی یەکەم کەوتووەتە مژدەدان و جووڵاندن لە ناو دەستەبژێرە شارستانییەکاندا و پێدەچێت گرنگیدان بە ڕەشەخەڵکەکە (عامة الناس) کە عەقیدەنامەکە لەباەیانەوە دەدوێت لەگەڵ ئەمەدا یەکنەگرێتەوە. دژوارییەکە زۆر لە ڕاستییەکە ڕوونترە و لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان دەستەبەرکردنی شوێنکەوتووان و دانانی خەلیفەکاندا، چونکە لە سلێمانیدا ژمارەی ئەو “عولەما جیاکار و تایبەتمەندانەی”دەیانخواست پابەند ببن یان تەمەسوک بکەن بە بێگومان زۆر کەمتر بوون لەوانەی کە لە بەغدا بوون.
ڕەنگە وا لێکبدرێتەوە کە بەکارهێنانی شێخ خالید بۆ زمانی کوردی وەک بەشێک بووبێت لە هەوڵی بەدەستهێنانی شوێنکەوتووی زیاتر لە سلێمانی و ناوچە کوردی زمانەکانی تر و لەوانەیە بەشێکیش بووبێت لە ململانێ بەردەوامەکەی لەگەڵ شێخ مەعرووفدا، بەڵام لە ڕاستیدا، ئەوە بەشێک پێکدێنێت لە شیوازێکی بەربڵاوتری گۆڕانکاریی زمانەوانیدا. بەراورد بە دەقە زەبەلاح و پەرەسەندووەکانی ئەدەبی تەفسیر، ئەوە سادەکاریی زۆری هەردوک زمان و ناوەرۆکی ئاینیی (تیۆلۆجیی) ئاسانکراو (یان بەپێی ڕەخنەگران و هەژاران) بۆ ئەم باوەڕە مەزهەبییە زۆر جیاوازانەی وەک “کتاب التوحید”ی موحەممەد بن عەبدولوەهاب و عەقیدەنامەی مەولانا خالید لە خۆیدا گرنگە. ئەمە بەهێزەوە ئەوە دەگەیەنێت کەوا ئەم کارانە بە سادەیی ئاڕاستەی چینی خوێندەوار و عولەما نەکراوە، بەڵکوو بۆ ئەوە بووە کە خەڵکە ئاساییەکە یان جەماوەر فێری کاروباری ئاینی بکرێت و قەناعەتیان پێبهێنرێت.
لەم گۆڕانکاری یان وەرچەرخانی سەرنجەدا بەرەو خەلکانی نەخوێندەوار – کە لە حاڵەتی مەولانا خالیددا بۆ ئەو جەماوەرەی کە عەرەبی زمان نین – و نەک لە مەزهەبەکان یان درککردنی هۆشیارانەی مۆدێرنیتی یان ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی ئەوروپای ڕۆژاوادا و بەوەی ئێمە پێویستە گرنگترین داهێنانی هەردوو نووسەر و دانەر هەندێک لە هاوچەرخەکانیان دیاری بکەین. ئیددیعای ئەوە دەکرێت کەوا نووسەرانی وەک موحەممەد ئیبن عەبدولوەهاب و شاه وەلییوڵڵا و ئەوانیتر و لەوەش گرنگتر مژدەدەرە شیعەکانی سەرەتای سەدەی نۆزدە، هێجگار زۆر جۆراوجۆرن لە باوەڕەکانیاندا بە جۆرێک کەوا هیچ شێوازێکی یەکگرتووی سەرەتاکانی چەرخی نوێی “ڕیفۆرمی ئیسلامی” یان “نوێکردنەوە” دیاری ناکەن٢٤. بەهەرحاڵ، پێدەچێت ئەوەی کە هەموو ئەو نووسەر و چالاکوانانە هاوبەشن تێیدا، بایەخدانی زیاترە بە خوێندن و فێربوون، ئەگەر جۆش نەدرێن ئەوە “عاممەی” خەڵکەکە بە نەخوێندەواری دەمێننەوە. هەرچەندە دەبێ مرۆڤ بەئاگابێت لە گشتاندنی پێشوەخت، بەڵام ئەم بەرفراوانبوونە لە جەماوەری خوێندن و فێربوونی ئاینیدا (هاوزەمان لەگەڵ شێوە نوێیەکانی بەکارهێنانی گشتیی زمانی کوردیی (نافەرمی یان زمانی ناوخۆیی) پێدەچێت چاوەڕوانی ئەوە بکرێت یان بە واقیع ڕێگە خۆش بکات بۆ هەندێ ڕووداوی کۆمەڵایەتیی دواتر و ئاڕاستەی سیاسی بەرەو بەرفراوانبوونی خوێندەواری و بەرەو جۆشدانی سیاسیی جەماوەر کە بەعادەت گرێدراوە بە دامەزراندنی دەزگا و دامەزراوەی خوێندنی نوێی پشتبەستوو بە دەوڵەت و بێگومان بەو مۆدێرنیزەکردنەی کەوا ئیلهامبەخشیی لە ڕۆژئاواوە سەرچاوە دەگرێت.
وا دیارە نوێکردنەوەی ئاینیی گەورە لێرەدا هێنانە ناوەوەی پێڕۆ و ڕاهێنانی وتارادانی نوێیە کە خەڵکی دنیایی کراوەتە ئامانج و هاوشان بە قەناعەتێکی ڕوونەوە کەوا نەک هەر دەستەبژێری خوێندەواری تایبەت (خاصة) بەڵکوو جەماوەرە نەخوێندەوارەکەش (عامة) پێویستە زانیاریی ئاینیی بەدەستبێنن. لەم دۆخ و سیاقەدا، سەرنج و تێبینیی شێخ خالید سەبارەت بەوەی کەوا خەڵکە ئاساییەکەی کە لە ئیسلام نازانن تاوانبار ناکرێن بە بێباوەڕی (کوفر) بەڵکوو ئەوە گوناهە (فیسق)٢٥ کە بایەخ پەیدا دەکات و ئەمە وا دەگەیەنێت کەوا ئەندامانی جەماوەری نەخوێندەواریش پێویستە ڕێژەیەک لە خوێندن و فێربوونی ئاینی بەدەستبێنن. بە هەمان شێوەش ئیبن سولەیمانی موریدی شێخ خالید بەرمەبنای دەسەڵاتی ڕابەرەکەی دەنووسێت، کە ئەوە ئەرک و پابەندبوونی تاکە (فرض العین) لەسەر هەموو موسڵمانێک کەوا ئاشنای زانستی زاهیریی شەریعەت و ڕێنمایی سۆفیگەریی شێخەکان ببێت٢٦.
هەڵبەت قەناعەت هێنان بەوەی کەوا خوێندن و فێربوونی ئاینی پابەندییەکی تاکە بۆ هەموو باوەڕدارێک، یان بە لای کەمەوە پێویستە زیاتر تەشەنە بکات و پێگەیشتنی ئاسانتر بێت لە لایەن جەماوەری نەخوێندەوار و / یان ئەوانەی عەرەبی زمان نین و پێدەچێت بوارێکی هاوبەش بووبێت بۆ هەموو ڕیفۆرمخوازانی سەدەکانی ١٨ و ١٩ کە لەسەرەوە باسکراون. بەڵام ڕەنگە پێویست نەبێت بۆ مرۆڤ زۆر بەدوای دەستەواژەی ڕوون و ئاشکرادا بگەڕێت لەبارەی خوێندن و فێربوونی ئاینییەوە وەک “فرض العین” یان لەبارەی “عاممە” و “خاسسەوە”، بەڵکوو تیشک بخاتە سەر ڕاهێنانی وتاردانی ئەو بانگەشەکارانەی کە هەوڵی نووسین و قسەکردن دەدەن و ئەمەش زمانێکە کەوا جەماوەری نەخوێندەوار دەتوانێ لە ڕووی تیۆلۆجییەوە تێیبگات ئەگەر لەڕووی زمانەوانیشەوە نەبێت.
دەکرێ لەم زمانە تێبگەین کە لە ڕووی مەجازییەوە “زمانی تێگەیشتنی جەماوەرە”، وەک لە حاڵەتی موحەممەد عەبدولوەهابدا، یان ڕێکوڕەوان لە حاڵەتی مەولانا خالیددا، کە ئەمیان بەتەنها هەوڵی ئەوەی نەدا کە خوێندن و فێربوونی ئاینی ئیسلام مایەی تێگەیشتنی جەماوەری ئاسایی بێت – بەڵکوو ڕەخساندیشی بۆ جەماوەرێک کەوا کەمێک زانیاریی زمانی عەرەبیی هەبێت یان هەر بەڕەهایی نەیزانێت.
ئێستا دوا گریمانەم ئەوەیە کە بەکارهێنانی گشتیی زمانی کوردیی نووسراو لە کاروباری ئاینییدا لایەنیکی یەکلاکەرەوە بوو لەم هەوڵەدا بۆ خوێندەوار کردنی خەڵکە دنیاییەکە و زیادکردنی جەماوەر بۆ فێربوونی ئاینی. بە واتایەکی تر، لە حاڵەتی مەولانا خالیددا، نوێکردنەوەی ئاینی و جەختکردنەوە یان داهێنان لەگەڵ گۆڕانکاریی زماندا یەکدەگرنەوە و بە شێوەیەکی وردتر لەگەڵ ئەوەی کە شێڵدۆن پۆڵۆک (٢٠٠٠) ناوی ناوە “زمانی خەڵکی ئاسایی vernacularization”. لە بەکارهێنانی کوردیی سۆرانیی نووسراودا بۆ پەیوەستبوون بە خوێندنی ئاینییەوە زانایانی وەک شێخ خالید و شێخ مەعرووف پەنایان بردووەتە بەر زمانی خەڵکی ئاسایی ئەم چەشنە کوردییە (وەک باسمانکرد) کەوا زمانی کوردیی باکوور یان کرمانجی پێشیکەوتبوو و تەنانەی بە گۆرانی یان هەورامی ئاخاوتن و نووسینیش پێش ئەم کەوتبوو. پێموایە مەسەلەیەکی گرنگە کەوا پەرەسەندنی هاوشێوە ڕەنگە لە شوێنانی تری ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و گشت جیهانی ئیسلامیدا ببینرێت٢٧. بەم پێیە و لە ناو میللەتی ئوسووڵیدا (ئۆرسۆدۆکس)، نوێکردنەوەی پێداگرتن لەسەر بەکارهێنانی زمانی گریکی (یۆنانی) لە سەدەی هەژدەدا بوو بە هۆی کاردانەوەیەکی گشتی لە ناو کریستیانە ئۆرسۆدۆکسەکانداکە ئاخاوتنیان بە زمانە سڵاڤی و ڕۆمانییەکان بوو. هەروەها لە هەمان ماوەدا هندستانی مەغۆلی وەرچەرخانێکی گەورەی بەخۆوە بینی لە زمانەکانی فارسی و عەرەبی و سانسکریتییەوە وەک زمانی فێربوون بەرەو ئوردوو وەک زمانێکی هاوبەش بۆ دەربڕینی شیعر و زانست لەلای هەردوک هندۆس و موسڵمانەکان٢٨. بە هەمان شێوە، دەگوترێت کەوا شاه وەلییوڵڵا قورئانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی و دواتر کوڕەکەی کردوویەتی بە ئوردوو. ئەم هەوڵانە بۆ بەکارهێنانی ئەو زمانانەی بە شێوەیەکی لۆکاڵی قسەیان پێکراوە بۆ پەیوەندی کردن و خوێندن دەکەونە خانەی ئەوەی کە پۆڵۆک ناوی لێناون “زمانی گشتی – اللغة العامیة”، بەڵام زیاتر بۆ خوێندن و فێربوونی ئاینی بەکارهاتوون لەبری ئەدەب (بەگوێرەی نموونەکانی پۆڵۆک بەزۆری).
ئەنجام
ئەو ڕەچاوکردنانەی لەسەرەوە باسکران بواری پێشکەش کردنی کەمێک گریمانەی ئەنجامگیریمان دەدات. یەکەم، مەولانا خالید کەمێک لە خاسییەتە ئایدیاڵەکانی نیۆ – سۆفیزم دەنوێنێت، ئەگەر هەبێت، ئەمەش ڕاستییەکە کەوا گومانی زۆری لێئاڵاوە باوەڕ بەوە بهێنرێت کە شتێکی ڕوون و جیاکار هەبێت چەشنی نیۆ – سۆفی، یان خود هۆشیارییەکی نوێ و نوێگەری کردنی سۆفیگەریی سەدەی هەژدە و نۆزدە لە پلەی یەکەمدا. دەکرێ ئەمە ڕاست بێت یان نەبێت کەوا ئەو بەشێکی پێکهێنابێت یان سەر بەو تۆڕی زانایانی فەرموودە (حەدیس) بووبێت کە زانایانی وەک موحەممەد بن عەبدولوەهاب و شاه وەلییوڵڵاشی لەخۆگرتبێت، بەڵام بە ئەندازەی ئەوەی بتوانرێت بوونی تۆڕێکی لەم چەشنە بسەلمێنرێت، ئەوە ئاماژەی بوونیشی ڕوون نییە. هەڵبەت بەدیاریکراوی، ناکرێ مرۆڤ بە دوای نزیکبوونەوەی بیرمەندانی ڕیفۆرمخواز یان ئاڵاهەڵگرانی ڕابووندا بگەڕێت لەسەر ئاستی باوەڕ و مەزهەبەکان، بەڵکوو ئەوە لەسەر ئاستی پێڕۆ و پراکتیزەی (لۆجیکییان) دەبێت، چەشنی نووسین و فێرکردنی دەقە ئاینییە سادەکانی خوێندن، کە بە زمانێک نووسرابێتن تێگەیشتنیان ئاسان بێت و هەروەها لە لایەن خەڵکێکی ناڕۆشنبیر و نەخوێندەواریشەوە.
دووەم، پێدەچێت هەندێ لە خاسییەتە تایبەتمەند و جیاکەرەوەکانی سۆفیگەریی مەولانا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بیر و ئایدییانەوە پەرەیسەندبێت کە مۆرک و ئیلهامبەخشیی وەهابییان لەخۆگرتووە و ئەگەر هەیە لەو ماوە کورتەی مانەوەیدا بووبێت لە مەککە لە ساڵی ١٨٠٦دا و زیاتر گەڵاڵە و توندتر بووبێت لە ماوەی مانەوەیدا لە بەغدا لە ساڵی ١٨٢٠ بەملاوە. بەڵگەیەکیش نییە بۆ هیچ نیگەرانییەک لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ هێزە ڕۆژاواییەکاندا و لە ڕاستیشدا زاراوەگەلی وەک “کۆڵۆنیالیزم” و “ئیمپریالیزم” و شتی لەو چەشنە لە گوتاری کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەو سەردەمەدا هێشتا هەر لەئارادا نەبوون. ئەو تێگەیشتن و وێناکردنەی گوایە حوکمی ئەوروپی شتێکی جۆریی نوێ بووە و گوایە چەرخ و سەردەمێکی “نوێ” هاتووەتە کایەوە و دابڕانێکی لەگەڵ ڕابردوودا دروستکردووە، تا دوای ماوەیەکی دوور و درێژ زەمینەیەکی بەدەست نەهێنابوو و نابێت بێ بیرکردنەوە بگەڕێنرێتە دواوە بۆ کات و سەردەمێکی نەگونجاو. لەبری ئەوە، خوێندنەوەیەکی ورد بۆ دەقەکانی مەولانا خالید ئیشارەتی تێدایە بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ڕیفۆرمخوازە سەلەفییە هاوچەرخەکاندا و لەوانەیە لەگەڵ بانگەشەکارە شیعەکانیشدا بووبێت زیاتر لەوەی لەگەڵ داگیرکەرە ئەوروپییە ڕۆژئاواییەکاندا ڕوویدابێت.
سێهەم، زمانی گشتیی خەڵکی ئاسایی (vernacularization واتە زمانی قسەکردنی خەڵک، اللغة الدارجة أو العامیة، زمانی جڵفی – وەرگێڕ) کە لە نووسینەکانی مەولانا خالیددا دەردەکەوێت و تا ڕادەیەک بە هۆی ڕکابەری و ململانێکەیەوە لەگەڵ شێخ مەعرووفی نۆدێدا لێکدەدرێتەوە، بەتایبەتی لە دوا ماوەی مانەوەیدا لە سلێمانی. ئەم بەکارهێنانی پەخشانی کوردیی سۆرانییە وەک ئامرازێکی ئەدەبی بۆ خوێندن و ڕێنمایی کردنی ئاینی، بە بۆچوونی من، قۆناخێکی زوو بەرجەستە دەکات لە بەرفراوانکردنی خەڵک یان جەماوەر بۆ خوێندن و فێرکردنی ئاینی. بەڵام ئەم تەواو ڕووکردنە جەماوەری خەڵکە نەخوێندەوارە (عاممە) لە عەقیدەنامەدا وا دیارە گرنگ و بایەخدارە لێرەدا. ڕاستییەکەی لە میانەی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستدا، مەسەلەی بەرهەڵستیی “عاممە و خاسسە” گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا هات لە ڕووی مانا و دەلالەتەوە، لە “دەستەبژێری جەماوەرەوە” بۆ “گشتی و تایبەت – عام و خاص”. ئەگەر ئەم گریمانەیە ڕاست بێت، ئەوە شێخ خالید نوێنەرایەتیی قۆناخێکی زوو یان بەرایی دەرکەوتنی سەرەتایەکی فرەزمانیی کایەی گشتیی عوسمانی دەکات، کەوا لێیەوە بوارە گشتییە نیشتمانییە جۆراوجۆرەکان دەرکەوتن لە دەیەکانی دواتردا. بەڵام پەیبردن و دۆزینەوەی وردەکاریی پەرەسەندنەکان مەسەلەیەکی تایبەتە بە بۆنەیەکی تر.
پەراوێز
١ لە بنەڕەتدا ئەم باسە لە کۆنفرانسی مەولانا خالیددا، ساڵی ٢٠٠٩ پێشکەش کراوە، لە سلێمانی، هەرێمی کوردستانی عێراق. بەڵام تا ئێستا بڵاو نەکراوەتەوە و کەمێک پێداچوونەوەی تێدا کراوە لە ساڵی ٢٠٢٢دا.
٢ شێڵدۆن پۆڵۆک، “جیهانی و گشتیی لە مێژوودا Cosmopolitan and Vernacular in History”. گۆڤاری کولتووری گشتی Public Culture، ژمارە ١٢، لاپەڕە ٥٩١ – ٦٢٥.
٣ بۆ دەقی “عەقیدەنامەکە”، پشتم بە تێکستێک بەستووە کە لەلایەن محەمەدی مەلا کەریمەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە لە ساڵی ١٩٨١دا وەک “عەقیدەی کوردیی مەلانا خالیدی نەقشبەندی” (گۆڤاری کۆڕی زانیاریی عێراق – دەستەی کورد ژ ٨، ل ١٩٩ – ٢٢٢)، سەرلەنوێ چاپکراوەتەوەلە لایەن کەمال ڕەئووف محەممەدەوە بە ناوی “عەقیدەی ئیمان – عەقیدەی کوردی” (هەولێر ٢٠٠٤)، ل ٢٦٣ – ٢٨٦؛ ئەم دەقە پشتی بە دەسنووسێکی ساڵی ١٨٧٧ بەستووە. بۆ “ئیعتیقادنامە”، من بە شێوەیەکی سەرەکی چاپێکی زمانی ئینگلیزیم بەکارهێناوە کە دەگەڕێتەوە بۆ وەرگێڕانێکی تورکیی لە دەقێکەوە بە زمانی فارسی لە ساڵی ١٨٩٦دا، وەک دەردەکەوێت لە چاپەکەی حوسێن حیلمیی ئیشکدا، “باوەڕ و ئیسلام” (ئیستانبووڵ: کتێبخانەی حەقیقەت، بێ مێژوو [١٩٦٦]). بۆ بەدبەختی، من نەمتوانی دەسنووسە بنەڕەتییەکانی ئەم دەقانە بەدەستبێنم.
٤ ئەلبێرت حۆرانی، “بیری عەرەبی لە چەرخی لیبراڵدا Arabic Thought in the Liberal Age” (چاپی دووەم، جاپی زانکۆی ئۆکسفۆرد، ١٩٨٣٠؛ شەریف ماردی، “بنەمای بیری گەنجی عوسمانی The Genesis of Young Ottoman Thought” (پرینستۆن: چاپی زانکۆی پرینستۆن، ١٩٦٢)، نیازی بەرکەس، “پەرەسەندنی سێکولاریزم لە تورکیادا”، (مۆنتریاڵ: جاپی زانکۆی مکگیڵ، ١٩٦٤). وتاری ئەم دواییەی حۆرانی لەسەر مەولانا خالید (١٩٧٣ سۆفیگەری و ئیسلامی مۆدێرن: مەولانا خالید و ڕێبازی نەقشبەندی (١٩٧٣)، لە “دەرکەوتنی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستی مۆدێرن” چاپکراوەتەوە (ئۆکسفۆرد ١٩٨١) و تا ڕادەیەک وێنەیەکی یەکلایەنە دەخاتەڕوو لە هەلومەرجی ئیسلام و مۆدێرنبووندا.
٥ م. لیزنبێرگ (٢٠١٦)، “شۆڕشی زمانی گشتی: گێڕانەوەی ترادیسیۆنی ڕێزمانی مۆدێرن لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا The Vernacular Revolution: Reclaiming early modern grammatical traditions in the Ottoman empire”، گۆڤاری مێژووی مرۆڤایەتی ١، ژمارە ٢ (پایزی ٢٠١٦): ل ٢٥١ – ٢٧٥.
٦ باوەڕ و ئیسلام، لە شوینە جیاوازەکان Belief & Islam, passim..
٧ بڕوانە ت. ناف و ڕ. ئۆوێن، “لێکۆڵینەوی مێژووی ئیسلامی لە سەدەی هەژدەدا” (چاپی زانکۆی باشووری ئیلینۆی، ١٩٧٧)، وەک هەوڵێکی بەرایی.
٨ حۆرانی (١٩٨١)؛ بڕوانە حامید ئاڵگەر ١٩٧٦ ” ڕێبازی نەقشبەندی: ڕووماڵێکی سەرەتایی بایەخ و مێژووی”، گۆڤاری لێکۆڵینەوە ئیسلامییەکان Studia Islamica ، ژمارە ٤٤: ل ١٢٣ – ١٥٢.
٩ جۆن ئۆ. ڤۆڵ ١٩٩٤ “ئیسلام: بەردەوامی و گۆڕان لە جیهانی مۆدێرندا”، (جاپی دووەم)، چاپی زانکۆی سیراکۆز؛ بڕوانە ئۆ. ڤۆڵ، “زاناکانی حەدیس و تەریقەتەکان: گرووپێکی عولەما لە سەدەی هەژدەی حەرەمەیندا و کاریگەرییان لەسەر جیهانیئیسلامی”، گۆڤاری لێکۆڵینەوە ئاسیایی و ئەفریقاییەکان، ١٥ (٣ – ٤)، ل ٢٦٤ – ٢٧٣. ئەحمەد دەللال ٢٠١٨ “ئیسلام بەبێ ئەوروپا: نەریتەکانی ڕیفۆرم لە بیری ئیسلامیی سەدەی هەژدەدا”، چاپڵ هیڵ: چاپی زانکۆی کارۆلاینای باکوور … ئەلڕوەیحیب ٢٠١٥ ….
١٠ بۆ پەرەسەندنەکان لە سلێمانیدا، بڕوانە هەڵکەوت حەکیم ٢٠٠٠، “ململانێی نێوان قادرییە و نەقشبەندییە لە دنیای کوردی لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا Le conflit entre la Qadiriyya et la Naqshbandiyya dans le monde kurde au début du XIXe siècle.”، گۆڤاری مێژووی سۆفیزم، ژمارە ١ – ٢: لاپەرە ١٥١ – ١٦٦. بۆ بەغدا بڕوانە بوترس ئەبو مەننە ٢٠٠٣ “سەلەفییەت و هەڵکشانی خالیدییە لە بەغدا لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا”، گۆڤاری دنیای ئیسلام، ژمارە ٤٣: ل ٣٤٩ – ٣٧٢. بۆ دیمەشق، بەتایەتی بڕوانە ئای. وایزمان، “تامی نوێگەری: سۆفیزم و سەلەفییەت و عەرەبیزم لە دیمەشقی دوادوایی عوسمانیدا”، (بریڵ ٢٠٠٣)، بەتایبەتی فەسڵی ٢. بۆ ئەستەمبووڵ، بڕوانە ئەبو مەننە ٢٠٠١: فەسڵی ٣.
١١ بۆ وردەکاریی زیاتر، بڕوانە ڕ. س. ئۆفاهەی و ب. ڕاتکە ١٩٩٣ “پێداچوونەوەیەک بە نیۆ – سۆفیزمدا”، گۆڤاری ئیسلام، ژ LXX : ل ٥٢ – ٨٧، بەتایبەتی ل ٥٧.
١٢ ئۆ. فاهەی و ڕاتکە ١٩٩٣؛ ئەحمەد دەللال ١٩٩٣ “بنەچە و ئامانجی بیری ڕابوونی ئیسلامی، ١٧٥٠ – ١٨٥٠”، گۆڤاری کۆمەڵەی ڕۆژهەڵاتناسیی ئەمریکی، ژ ١١٣: ل ٣٤١ – ٣٥٩.
١٣ مارتن ڤان بروونەسن، “ئاغا و شێخ و دەوڵەت”، (لەندەن: زەد بووکس ١٩٩٢)، ل ٢٢٤ – ٢٣٤.
١٤ لە ئەبو مەننە وەرگیراوە (٢٠٠١: ٣٠).
١٥ حامید ئاڵگەر ١٩٩٦، “مێژوویەکی کورتی ڕێبازی نەقشبەندی”، لە کتێبەکەی مارک گابۆریۆ و ئەلێکساندەر پۆپۆڤیچ ١٩٩٠ “نەقشبەندییەکان: گەشتەکان و دۆخی ئێستای ڕێبازێکی سۆفیگەریی ئیسلامی”، ئەستەمبووڵ: چاپی ئیسیس، ١٩٩٦)، ل ٣ – ٤٤؛ دێڤید دەمریڵ ١٩٩٦، “تەشەنە کردنی بیری سیاسیی نەقشبەندی لە جیهانی ئیسلامدا”. هەمان سەرچاوە، ل ٢٦٩ – ٢٨٧.
١٦ لە ئەبو مەننە وەرگیراوە (٢٠٠٣: ٣٥٧).
١٧ بە بێمەبەست، دەللال (١٩٩٣) ئاماژە بە هەمان مەسەلە دەکات، لە ڕێگەی شیکردنەوەی بەتایبەتی کارەکانی موحەممەد بن عەبدولوەهاب و شاه وەلییوڵڵا و عوسمان دان فۆدیۆ و بەتایبەتی لەسەر ئاستی باوەڕ و مەزهەبەکان و ئەنجامگیریی ئەوەیان کردووە کە شتێکی هاوبەشی گرنگیان نییە.
١٨ بەتەواوی ڕوون نییە کەوا بە وردی کەی ئەم تێکستە لەبنەڕەتدا نووسراوە. کۆنترین دەسنووس، لە لایەن موحەممەدەوە سەرلەنوی نووسراوەتەوە (٢٠٠٤: ١٩١ – ٢٢٥) دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨١٩، ئەو ساڵەی پێش ئەوەی شێخ خالیدسلێمانی بەجێبێڵێت بۆ بەغدا، بەڵام ڕەنگە پێشتر نووسرابێت.
١٩ بڕوانە ئەمیر حەسەنپوور، “ناسیۆنالیزم و زمان لە کوردستاندا، ١٩١٨ – ١٩٨٥”، (چاپی ئێدوین مێڵن پرێس، ١٩٩٢)، بەتایبەتی ل ٧١ – ٧٢، ٩٠.
٢٠ باوەڕ و ئیسلام Belief & Islam, ل ٣٣.
٢١ باوەڕ و ئیسلام Belief & Islam, ل ٤٢.
٢٢ م. س. ڕ. ئەلبووتی، (٢٠٠٩)، “اللامذهبیة: أخطر بدعة تهدد الشریعن الإسلامیة”، (طبعة جدیدة و منقحة)، دمشق: دار الفارابی للمعارف.
٢٣ أسعد الصاحب، “بغیة الواجد”، ل ٢٣١، لە ئەبو مەننە وەرگیراوە ١٩٨٢: ٧.
٢٣ دەللال ١٩٩٣. لەبارەی بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی ئیسلامی شیعە لە عێراق لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا، بڕوانە ئیسحاق نەقاش، “شیعەی عێراق”، (جاپی زانکۆی پرینستۆن، ١٩٩٤)، بەتایبەتی فەسڵی ١.
٢٤ باوەڕ و ئیسلام Belief & Islam, ل ١٥.
٢٥ إبن سلیمان، “الحدائق الندیة”، ل ١٧ – ١٨ (لە ئەبو مەننە ٢٠٠٣: ل ٣٦٩) وەرگیراوە.
٢٦ بڕوانە لیزەنبێرگ (٢٠١٦).
٢٧ بڕوانە ک. کارپات ١٩٨٢ “میللەتان و نەتەوە: ڕەگ و ڕیشەی دژواریی نەتەوە و دەوڵەت لە چەرخی دوای عوسمانیدا”، لە کتێبی بنیامین برۆد و بێرنارد لویس، “کریستیان و جووەکان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا” (هۆڵمز & مایەر، ١٩٨٢٠)؛ س. پۆڵاک ٢٠٠١، “مردنی سانسکریتی”، گۆڤاری لێکۆڵینەوە بەراوردکارییەکانی مێژوو و کۆمەڵگە، ژ ٤٣: ل ٣٩٢ – ٤٢٦.
________________________
کورتەیەکی ژیاننامە و بەرهەمی میشێڵ لیزنبێرگ Michiel Leezenberg
میشێل لیزنبێرگ، لەدایکبووی ١٩٦٤، فەیلەسوفێکی ھۆڵەندییە. ساڵی ١٩٨٨ لە بەشی زمانە کلاسیکییەکان و لە ساڵی ١٩٨٩ لە بەشی فەلسەفە و زمانەوانی دەرچووە. ساڵی ١٩٨٨ بۆ یەکەمجار چووەتە کوردستان و دەستی بە فێربوونی زمانی کوردی کرد. ساڵی ١٩٩٢ بووەتە چاودێری ھەڵبژاردنی ١٩ی ئایاری باشووری کوردستان و دواتر وەک مامۆستا لە زانکۆی سەڵاحەدین لە ھەولێر کاری کردووە. لە ساڵی ١٩٩٥ لە تێزە دکتۆراکەی لە ژێر سەردێڕی کۆنتێکستەکانی مێتافۆر لە ژێر سەرپەرشتیی ڕێناتێ بارچ و مارتن ستۆخۆف بەرگری کردووە و بڕوانامەی دکتۆرای لەسەر فەلسەفەی زمان بەدەستھێناوە. لە ساڵانی ١٩٩٦-١٩٩٧ وەک مامۆستای زمان و چاندی کوردی لە بەشی زمانەکانی ڕۆژھەڵاتی نزیک لە زانکۆی ئوترێخت بووەتە مامۆستا.
لە ساڵی ٢٠٠٧ وە لیزنبێرگ بوو پرۆفیسۆرە لە بەشی فەلسەفە لە زانکۆی ئەمستردام و پسپۆڕی فەلسەفەی ئیسلامی و فەلسەفەی میشێل فوکۆیە و بە هەردوو زمانی هۆڵەندی و ئینگلیزی دەنووسێت و بە دیالێکتی کرمانجی زمانی کوردی بە ڕەوانی قسە دەکات.
کتێب و بڵاوکراوەکانی:
زەمینەکانی مێتافۆر (ئێلزەویر، ٢٠٠١)
فەلسەفەی زانست بۆ زانستە مرۆییەکان (چاپخانەی زانکۆی ئەمستردام، ٢٠٠١، لەگەڵ جیرارد دی ڤریس)؛ وەشانی ئینگلیزی: مێژوو و فەلسەفەی زانستە مرۆییەکان.
فەلسەفەی ئیسلامی: مێژوویەک (بوڵاق، ٢٠٠١؛ لە ساڵی ٢٠٠٢ یەکەم خولی خەڵاتی جامی سوکراتی پێبەخشرا).
نەفرەتی ئۆدیپۆس: زمان، دیموکراسی و توندوتیژی لە تراژیدیای یۆنانیدا (ڤان جێنێپ، ٢٠٠٦).
عەقڵ و ئایین: گەڕانێک (ڤان جێنێپ، ٢٠٠٧).
قورئان بۆ کەسانی سەرەتایی (بێرت باکەر، ٢٠١٠، لەگەڵ ڕۆبێرت وۆڵتەرینگ).
منارەی بەغدا: سێکس و سیاسەت لە ئیسلامدا (پرۆمێتیۆس، ٢٠١٧).
فووکۆ (گەردیلە سەرەتاییەکانی ئەتینیۆم، ٢٠٢١).
وەرگێڕان
ئەبوو نەسری فارابی: شاری فەزیلەتدار (بووم، ٢٠٢٢).
ناگارجوونە: ئایەتەکانی بنەڕەتیی ڕێگای ناوەڕاست (بووم، ٢٠٢٤).
ئاگاداری ڕۆحت بە: ژنە فەیلەسوفە یۆنانییەکان لە تیانۆوە تا ھایپاتیا (بووم، ٢٠٢٤)
History Of Kurdistan مالپهرێكی تایبهته به مێژووی كورد و جیهان