گەرمیان حەسەن
شۆڕشی زەنج لە ناوەڕاستی سەدەی سێیەمی کۆچی و سەدەی نۆی زاینی(255-270کۆچی)دەرکەوت و هۆکارەکانی سەرهەڵدانی نزیک بوو لە ئابووری و کۆمەڵایەتی نەک سیاسی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە دژوارەی کە تێیدا دەژیان لەو سەردەمە. شۆڕش وردە وردە دەستی کرد بە بڵاوبوونەوە، تا درێژبوویەوە و فراوانبوون تا ئەو ناوچەیەی گرتەوە کە لە نێوان ئەهواز و واست و هۆرەکاندا لە بەشی باشووری عێراقی گرتەوە، پایتەختەکەیان شاری موختارە بووە. ئەم شۆڕشە توانی گروپە چەوساوە جۆراوجۆرەکان کۆبکاتەوە و دەستی کرد بە هەڕەشەکردن لە ناوەندی خەلافەتی عەباسی لە بەغداد. ئەم شۆڕشە لەلایەن عەلی کوڕی محەمەدەوە سەرکردایەتی دەکرا، کە دواتر بە “صاحب الزنج” ناسرا و دەنگۆی ئەوەی بڵاوکردەوە ڕەچەڵەکی عەلەویە، هەروەها ڕەشپێستە ئەفریقیەکان کە لە حەبەشە و سۆماڵ و زنجبارەوە(تەنزانیای ئێستا) هاتبوون لە دەوری کۆبوونەوە. بەهۆی ناڕازیبوونیان لە خراپتربوونی بارودۆخی ئابووری و ئەو مامەڵە خراپەی کە لەلایەن گەورەکانیانەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا تەنها بڕێکی کەم خۆراکیان بە مووچە وەردەگرت، کە بریتی بوو لە خورما و ئارد و جۆرێک لە خواردن بەناوی سویق، لەم شتانە زیاتریان نەبوو بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان. هەروەها ئیشکردن لە زەویە شۆرەکاتەکانی بەسڕە لەژێر تینی خۆری سوتێنەردا ژمارەیان بە هەزارها دەهاتە ئەژمار، جگە لە بەکارهێنانی زۆڵم و ستەم و دڕندەیی لە ڕادەبەدەر لە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا بووە هۆی دروستکردنی حاڵەتێکی بێزاری و هەستێکی بێ سنووری نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و نزم و سوک سەیرکردنی پێگەی کۆمەڵایەتییان. تەنانەت بیرمەندێکی وەکو (جاحز) لەبەسڕەدا بووە باسی لەوە کردووە: تێڕوانینی خەڵکی باو بۆ ڕەشپێست لەو سەردەمەدا، لە ڕوانگەی بێڕێزی و سووکایەتیکردن بووە. هەموو ئەم بابەتە و ئەو کارە نامرۆڤانە کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە بووە هۆی ڕاگەیاندنی شۆڕش لە دژی دەوڵەت و پیاوەکانی بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت لەم نادادپەروەرییەی کە بەسەریاندا هات.
هەر لە سەرەتاوە ئاماژە بەوە کراوە کە پەیوەندی کورد لەگەڵ ئەو شۆڕشەدا لە ڕێگەی یەکێک لەو کەسایەتییە کوردانەی لە دەوڵەتی سەفاریدا بەرپرسیارێتی ئەهوازی لە ئەستۆ گرتووە ئەویش محەمەد کوڕی عوبەیدوڵڵای کوڕی ئازادمەرد ئەلکوردی بووە. نامەی نووسی بۆ(صاحب الزنج) ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ چوونە پاڵی و هاوپەیمانی لەگەڵی و وازهێنان لە هاوپەیمانێتییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی سەفاری و تەنانەت لەگەڵ تەواوی خەلافەتی عەبباسی لە بەرامبەر ئەوەی ببێتە جێگری یەکێک لە فەرماندەکانی وڵاتی ئەهواز لە ساڵی (262 کۆچی). باس لەوەش کراوە (صاحب الزنج) لە سەرەتادا وەڵامی داواکارییەکەی نەداوەتەوە، بەڵکو دوای چەندین نامەنووسین یەک لە دوای یەک و نێوەندگیری جۆراوجۆر وەڵامی داوەتەوە دوای ئەوەی دۆخەکە بۆی سەقامگیربووە لەهەمان ساڵدا .
هەرچەندە ئەم هاوپەیمانێتییە زۆری نەخایاند و نەیتوانی بەردەوام بێت لەبەر نەبوونی دڵسۆزی هەردوولا بۆ لایەنەکەی تر، چونکە هەریەکەیان مەبەستی خۆدزینەوە و داڵدەدانی ئەوی تریان بوو بە دانانی تەڵە متمانەیان یەکتر نەبوو، تا وردە وردە پەیوەندییەکانی نێوانیان تێکچوو تا دواجار کۆتایی بەو پەیوەندییە هات، چونکە لە بەرانبەردا (صاحب الزنج) مەرجی قورسی بەسەر ئەلکوردی دا سەپاند لەوانە : بۆ ناردنی خەراج و باجی تەواوی ناوچەکە بۆی ئەمەش لە ساڵی (266کۆچی) بوو.
باسیش لەوەکراوە ئەلکوردی وەڵامی مەرجەکانی داوەتەوە بەهۆی نەتوانینی بەرگرتن لە گەشەکردنی هێزی زەنجەکان لە ناوچەکەدا ناچاربوو چاوەڕێی دەرفەتێک بکات بۆ ئەوەی بیخاتە تەڵەوە یان لەناوی ببات و گرنگی نەدەدا هاوکاری عەبباسییەکان بکات و داوای لێخۆشبوونیان لێ بکات بەهۆی ئەوەی پەیوەندی کردووە بە زنجەکانەوە لەڕێی نامەوە.
ئەلکوردی لە ڕاستیدا ئەم دەرفەتەی بۆ ڕەخسا کاتێک (ئەلموفەق) شازادەی عەباسیی و فەرماندەی سوپاکانی خەلافەت بوو نامەیەکی بۆ نارد بۆ ئەوەی لە لێخۆشبوونی ئاگاداری بکەنەوە و داوای لێکرد هاوکاری بکات لە نەهێشتنی (صاحب الزنج) لە ساڵی (267 کۆچی)دا.
بۆیە (ئەلموفەق) ڕێککەوتنێکی دوولایەنەی لەگەڵدا ئەنجامدا و لە ئەنجامی ئەم ڕێککەوتنەدا توانی دڵنیایی مسۆگەر بکات لە ڕێگەی ئەنجامدانی ئەم هاوپەیمانییە نوێیە، (ئەلموفەق) توانی سەرکەوتوو بێت لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارەکانی ئەهواز یەک لە دوای یەک، لەهەمان کاتدا بانگەوازی زەنجەکان لەو ناوچەدا ڕاماڵێ و پاکیکردنەوە.
ئەوەی شایانی باسە ئاماژەدان بەناوی محەمەد کوڕی عوبەیدوڵڵای کوڕی ئازادمەرد ئەلکوردی پەیوەست دەبێت بەکۆمەڵێک کوردەوە کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ بڵاوبوونەوەی کاریگەری فراوانی کورد لەناوچەکەدا لەنێوان کوردەکان، لەلایەکی دیکەوە جگە لەتێوەگلانی کورد وەک گروپ و خەڵکانێک کە ئیرادەی بەهێزکردنی چالاکی ئەم بزووتنەوەیەیان هەیە، لەلایەک ترەوە هێزی ئەوەشیان هەیە ببنە دیوارێکی پۆڵا و کۆتایی بەو شۆڕشە بهێنن. لەهەمان کاتیشدا ئەلکوردی سیاسەتی ڕاگرتنی دڵی یار و نەیارەکانی هەبووە وەکو سیاسیەکی کارامە و خوێندنەوە بۆ دۆخی سیاسەتی ناوچەکە لە بەرژەوندی خۆیدا.
سەرچاوە:
1_فوئاد مەجید میسری، کۆمەڵگا لەسایەی دەوڵەتی خەلافەتدا، چاپخانەی حەمدی، سلێمانی، چاپی4، 2013،ل257-270
2_خانزاد صباح محي الدين، علاقة الدولة الفاطمية بالكرد، المكتب الجامعي الحديث، 2015،ل38-40.