گەرمیان حەسەن
هێزە شۆڕشگێڕەکانی عەباسی لە ساڵی ١٣٢ک/٧٤٩ ز چوونە ناو کوفە و ئەبو سەلەمەی خەلال وەک وەزیری بنەماڵەی محەمەد دەستنیشان کرا، بەڵام ئەبو سەلەمە بەدوای گواستنەوەی خەلافەتدا بوو بۆ عەلەوییەکان، بەم هۆیەشەوە ئەبولعەباس سەفاحی خەلیفە لەناویبرد. خالید کوڕی بەرمەک لەو دەمانەدا لە کوفە بەشداری بەیعەتی ئەبو عەباسی کرد و چاوی بە خەلیفە کەوت، خەلیفە سەرسام بوو بەو غەنیمەتانەی بۆی هێنا بوو، بۆیە دیوانی باج و دیوانی سەربازەکانی پێسپارد1. ئەزموونی خالید کوڕی بەرمەک لە کاروبارەکاندا بەدیارکەوت. بەتایبەتی دوای ئەوەی دەفتەری سەربازەکانی خۆراسانی جیا کردەوە لەناو سوپاکەی ئەبوموسلیمی خۆراسانی بۆ ئەوەی تێکەڵ نەکرێن ئەمەش متمانەی زیاتری خەلیفەی بەدەستهێنا. بەڵام خەلیفە بە تەواوی پشتی بە خالید نەبەست وەکو ڕاوێژکاری یەکەم، هەروەها ڕۆڵی لە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی خەلیفە تێنەپەڕیبوو2.
پەیوەندی خێزانی لە نێوان خەلیفە و خالید هەبووە تا ئەوەی خێزانی خالید شیری داوە بە کچەکەی خەلیفە بەناوی(ريطة). باس لەوەکراوە خالید ڕەزامەندی زۆر کەسی بەدەستهێنابێت، بەو پێیەی بەخشندە بووە.ڕەنگە کارەکانی خالید لە بواری باجدا لایەنگری زیاد کردبێت و تەنانەت کاریگەرییەکانیشی باشتر کردبێت لای خەلیفە و ڕۆڵیشیان دوایی مردنی خەلیفە ئەبوعەباس لە ساڵی ١٣٦ک/٧٥٣ز درێژەی دەبێت3.
ئەبو جەعفەری مەنسوور لەسەرەتاکانی دەسەڵاتیدا زۆر ماندوو بوو بۆ چەسپاندنی بناغەکانی حوکمڕانی. بۆیە لەشکرێکی بەهێزی دروستکرد کە توانای سەقامگیرکردن و پاراستنی بناغەکانی ڕژێمی عەباسی هەبێ. لەناو وەزیرەکانی مەنسوور لەنێویاندا باسی خالید کوڕی بەرمەک ناکات. مەنسوور ئەرکی لە دەرەوەی بەغدا بۆ خالد ڕاسپارد. لەگەڵ کوڕەکەی مەهدی بۆ ماوەی ساڵێک ڕەوانەی ناوچەی تەبرستان و ڕەی کرد لە ١٤١ک/٧٥٨ز بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوەی ئەلئەزدی، لە دوای سەرکەوتنیان و دەسکەوتێکی زۆریان بۆ خەلیفە لە بەغداد ناردوەتەوە4.
یەکێک لەو کێشانەی هاتە پێشەوە بۆ خەلیفە سەبارەت بە جێنشینی و دواخستنی دانانی عیسا مووسا وەک جێگری دوای خۆی لە خەلافەتدا هەرچەن بە موڵک و سامان تەنانەت هەڕەشەش وازی لە ویستی بوون بە خەلیفە نەدەهێنا، بۆیە ئاماژە بە ڕۆڵی خالید کوڕی بەرمەک دەکەن لەم کارەدا کە خالیدی ڕاسپاردو حەکیمانە قایلی کرد بە بەیعەتدان بە مەهدی کوڕی ڕۆڵی هەبووە5. مەنسوور پاش ماوەیەک کردیەتی بە والی ڕەی و تەبەریستان و دەنباوەند دیاری کردووە سەبارەت بەو ماوەیەی کە خالید لەو ناوچانەدا پۆستی هەبووە مانەوەی لەوێ پێنج تا حەوت ساڵ کراوە. هۆکاری دانانی خالید بۆ تەبەرستان بۆ سەرکوتکردنی ئەو بزووتنەوانە بوو دژ بە خەلافەت شۆڕشیان دەکرد، چونکە ناوچەیەکی قایم شاخاوی بووە بە ئەستەم دەست پێی دەگەشت. کاتێک خالد گەیشتە ناوچەکە قەڵاکانی گرت، دەست بەسەر دەستکەوتی زۆردا گرت ، بەمەش سەنگ و بەهای زیاتر دەرکەوت لە بەرچاوی خەڵکدا6.
بەگشتی خالید یەکێک بوو لە پیاوەکانی خەلیفە مەنسوور دەسەڵاتێکی فراوانی نەبوو، ئەوەشی کردوویەتی لە جێبەجێکردنی فەرمانەکان خەلیفە بووە. کە سەرپەرشتی هەموو شتێکی گەورە و بچووکی دەکرد.گرنگیدان بە بژێوی خەڵک بۆ کەمکردنەوەی هەژاری میهرەبان دەستکراوە بووە لەگەڵ خەڵک. خالید وەک والی موسڵ تا کۆچی دوایی مەنسوور لە ساڵی ١٥٨ک/٧٧٤ز دا بەردەوام بوو، پاش ئەو مەهدی دەبێتە خەلیفە7.
مەهدی لە موسڵەوە خالیدی بانگ کردەوە، لەپاش خۆی کەسێکی تری بەرمەکی لە جێگەی خۆی دانا. خالیدیش دەنێرێ بۆ وڵاتی فارس ئەو دۆخە لەوێ بەرقەراربووە باشی بکات یەکێک لە چاکسازیەکانی لە کاروباری باج و لابردنی شێوازە خراپەکانی کۆکردنەوە بوو، لەوێدا کەسێکی نزیک لە دەستوپێوەندی خەلیفە دەکوژێ لەسەرە کارەکە خراپەکانی بێ گەڕانەوە بۆ خەلیفە، بۆیە دەیخاتە بەندیخانەوە تا خەیزەران خێزانی خەلیفە داوای لێخۆشبوونی لە خەلیفە دەکات و ئازادی دەکات8.
لە ساڵی ۱٦۱ک/۷۷۷زدا یەحیا کوڕی خالید بەرمەکی بە فەرمانی مەهدی بوو بە نووسەری هارونی کوڕی خەلیفە، کەسێکی لێهاتوو و بەتوانا بوو.کاتێ هارون لەلایەن مەهدیەوە دەنێرێت بۆ جەنگی ڕومەکان کوڕانی بەرمەک هەموویان لەگەڵی دەچن و هاوکاری دەبن، هەرچەندە ئەزموونی جەنگیان نەبووە، بەڵام دەتوانن سەربکەون، بەمەش کاریگەری خۆیان لای هارون دروست دەکەن و پێگەیانی بەرزکردەوە. لە ساڵی ١٦٥ک/٧٨١ز، خالید کۆچی دوایی دەکات. هیچ کام لە کوڕەکانی نەگەیشتوونەتە ئاستی باوکیان لە ڕووی ئاستی بیروبۆچوونی و ئازایەتی و زانست9. لە ساڵی ١٦٦ک/٧٨٢ ز، مەهدی بۆ جێشینی لە دوای هادی بەیعەتی بە هارون دا. مەهدی یەکەم کەس بوو لە نێو خەلیفەکانی عەباسییەکان بەیعەت بە زیاتر لە کوڕێکی خۆیدا، وەکو باسی لێوەکراوە خەیزەران ڕۆڵی بووە لە دانانی هارون لەپاش هادی. هەواڵی مردنی مەهدی لە مەسباذان گەڕایەوە پایتەخت کاتێ لە ساڵی ١٦٩ک/٧٨٥ز لە شەڕی هەندێ یاخیبواندا لەوێدا کوژرا10.
سەرەڕای کورتیی دەسەڵاتی هادی لە ماوەیەدا خەیزەران و یەحیا بەرمەکی کاریگەریان زۆریان هەبوو. بەتایبەت دوای ئەوەی هادی بڕیاریدا جەعفەری کوڕی بکاتە جێنشینی خۆی، هێشتا تەمەنی هەشت ساڵ نەبوو. هادی ئەیویست لەڕێگەی یەحیاوە هارون ڕازیبکات دەست لەکاربکێشێتەوە لە بەرژەوەندی جەعفەری کوڕی. بەڵام یەحیا ئاماژەی بەوەدەدا نابێ پەیمانی مەهدی بشکێنێ، ئەگەر بڕیارە کارێکی واش بکات دەبێ لە دوای هارون بێت. دارودەستەی هادی بێ ئاگا نەبوون لە تەماحی یەحیا، بۆیە دەستیان کرد بە ئاگادارکردنەوەی هادی لەم ڕاستییە، بۆیە یەحیا تووشی ئەشکەنجەو زیندان بوویەوە، بەڵام لە بارودۆخێکی تەمومژاویدا هادی مرد11. باس لەمردنەکەی بەچەندەها شێوە کراوە دەڵێن برینی گەدەی هەبووە، یان ژەهرخواردکراوە، یاخود خنکێنراوە لەلایەن خزمەتکارەکانیەوە. ئەمەش لە ساڵی ۱٦۹ک/۷۸٥ز بوو، هارون لەدوای ئەو بووە خەلیفە، لەم قۆناغەدا بەرمەکییەکان دەگەنە چڵەپۆپەی دەسەڵات هەر بۆ خۆیان دەوڵەتێک بوون لەناو کۆشکی خەلیفەدا12.
1_سعد كريم الفقي، خيانات هزت التاريخ الإسلامية،الدار العالمية للنشرو التوزيع، مصر، ط3، 2010،ص82.
2_هاني أبو الرب ، البرامكة ودورهم في الحياة العامة في الدولة العباسية قبل نكبتهم، مجلة جامعة القدس المفتوحة والدراسات، القدس، 2013، ص223.
3_محمد إلهامي، العباسيون الاقوياء، مؤسسة اقرأ للنشر والتوزيع والترجمة، قاهرة، 2013،ص 283_285
4_هاني أبو الرب، م.س، ص224.
5_يوسف محمد أيوب ،نكبة البرامكة وأثرها على احلياة السياسية،مجلة إكليل للدراسات االنسانية، العدد الثاني عشر/ كانون الاول/2022، ص332.-334.
6_عدنان عبداالله متعب عبیدات، البرامكة،الرسالة استكمالا لمتطلبات درجة الدكتوراة،الجامعة الأردنية،كانون أول 2003،ص56-58
7_محمود شاکر، محمد المهدی(158-169هـ )موسى الهادي(169 – 170هـ)، المكتب الاسلامي، دمشق، جميع الحقوق محفوظة،ط1، 2001، ص150-152.
8_عدنان عبداالله متعب عبیدات، م.س، ص59.
9_هاني أبو الرب، م.س، ص225.
10_حەسەن بارام، عێراق نیشتمانی و سەرۆکە کوژراوەکان(2340پ.ز-2003ز)، چاپخانەی ڕهەند، سلێمانی،چ1، 2016، ل57.
11_عدنان عبداالله متعب عبیدات، م.س، ص65-68.
12_امین بیطار، تاریخ العصر العباسي، الطبع والنشر محفوظة لجامعة دمشق، سوريا، الطبعة الرابعة،1997،ص99-100