هۆنراوەیەکی بڵاونەکراوەی نەوشیروان مستەفا، بڵاو دەکاتەوە
سایتی (سبەی) بۆ یەکەمجار هۆنراوەیەکی بڵاونەکراوەی نەوشیروان مستەفا ئەمین بڵاودەکاتەوە کە لە (23)ی تشرینی دوەمی ساڵی (1960) نوسيویەتی.
ئەم هۆنراوەیە، بەشێکە لە کەشکۆڵێکی دەستنوسی نەوشیروان مستەفا ئەمین، کە پێشکەشی ئەحمەدی حەمکوڵ، کراوە ئەوکاتەی کاک نەوشیروان سەرنوسەری گۆڤاری “رزگاری” بوە، پێشکەشی کردوە.
کەشکۆڵەکە، دەفتەرێکی پێوانە (20.5 ×33)سانتیەمتری خەتدارە کە بەرگی مقەبا تێگیراوە. دەفتەرەکە، هێندێ پەڕەی بە تایبەت سپی و لە کۆتاییهکهیدا لێ کراوەتەوە و هێشتا (374) لاپەڕە (١٨٧ پەڕە)ی ماوە و شوێنەواری شةش پەڕەی لێ کراوەش دیارە، بۆیە دەبێ لە بنەڕەتدا (400) لاپەڕەیی بو بێت.
لەوبارەیەوە مامۆستا سدیق ساڵح، توێژەری بواری رۆژنامەوانی و دەستنوس لە بنکەی ژین، نوسیویەتی؛ هەر لاپەڕەیەکی (33) دێڕی تێدایە. لاپەڕەی یەکەم مۆرێکی کاڵی “قوتابخانەی کەشتیی نوح”ی رەحمەتی نەجمەدین مەلای پێوەیە. رەنگە هەر لەو زەمانەوە کە رهوانشاد نەوشیروان مستەفا لای ئەو زاتە خوێندویەتی، بە کاریگەريی هەوڵەکانی ئەو لە بواری نوسینەوەی کەشکۆڵ و زیندوکردنەوەی دیوانی شاعیراندا، دەستی بە نوسینەوەی ئەم کەشکۆڵە کردبێت.
لاپەڕەکانی (2-3) تەرخان کراون بۆ ناوەڕۆکی کەشکۆڵەکە، کە ژمارەی پەڕە و ناوی شاعیری لە خشتەیەکدا جێ کراوەتەوە. لاپەڕە (50) دو چوارینەی بە دەستخەتی عەلی کەمال باپیری تێدایە، کاتی خۆی لە (1925)دا بۆ خنکاندنی کوردەکانی شیمالی وتوە، رۆژی (9/9/1961) نوسیویە و ئیمزای لێداوە.
شیعرەکان، جگە لەوانەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا خۆی کە (12) پارچە و پێنج خشتهکییە لەسەر شیعرێکی ئەحمەد موختار جاف و بە زۆری ئیمزای (ن.م)ی بۆ داناون، شیعری دەیان شاعیری دیکەی کوردی تێدایە.
ئا/ جەماوەر ئەحمەد
ژینی مەردانە
حەزئەکەم لەناو زیندانی تەنگا
پەت لە گەردنما، پێم لە پێوەنگا
بەدەم ئێشەوە بتلێمەوانێ،
نەک دوژمنەکەم سووک تێم بڕوانێ
* * * * * *
حەزئەکەم لەناو گەلی هەژارا
ڕۆژ بەسەربەرم لەگەڵ ئازارا
شان و قۆڵ بکوتم، ئارەق بڕێژم
نەمامی ژینیان لەتەکا بنێژم
بەستەی ژیانم تێکەڵ بە بەستەی
ژینی ئەوان کەم، برینی جەستەی
گەلی دوچاری سزا و هەژاری
نەخۆشی دەردی درمی زۆرداری
بە هێزی بازوو و مێشکی هەموومان
بکوژین و بکەین تیمار و دەرمان
* * * * * *
حەزئەکەم زستان لەژێر کڕێوا
بە ئاوارەیی لە دەشت و کێوا
بە ڕووتو قووتی لە هەردە و دۆڵا
لە بەستەڵەک و شەختە سەهۆڵا
برسی، دوور لە یار، گیرۆدەی ئازار
ڕاکەم شاخەو شاخ، هەڵێم شارەو شار
* * * * * **
بە بەهارانیش دووربم لە شایی
بخزێمە ژوور و کونجی تەنیایی
بێبەش لە ئاهەنگ، لە بەزمی نەورۆز
نەخۆش، کەسیرە، ناڵەی جگەرسۆز
وەک گەردەلوول و وەک بومەلەرزە
قەڵای ژیانم بخاتە لەرزە
* * * * * *
بە هاوینانیش لەناو زیندانا
کات بەسەربەرم لەتەک لاوانا
خۆراکم نانی هەرزن، یا گاڵ بێ
سرکەی سیسرکیش لەبریی شمشاڵ بێ
* * * * * *
نەک لەناو کۆشکی بەرز و تەلارا
ڕۆژان بە خۆشی لەگەڵ زۆردارا
ڕاببوێرم و سوژدەی بۆ بەرم
لە حەنای گەلا نەویکەم سەرم
ن.م:
٢٣ی ١١ی ١٩٦٠