وێستگه نیوز ـ رزگار شێخ قادر
مێژوو نووسی دیاری كورد كهمال مهزههر، باس له دیدارێكی مێژووی نووسهكان و سهدام حسێن، سهرۆك كۆماری پێشووی له سێداره دراوی عیراق دهكات و دهڵێت: “سهدام به چهند قسهیهكم سهرسام بووهو پێی وتووم ئهمانه تازهن كهله تۆیان دهبیستم”.
کەمال مەزهەر، دەڵێت: “جارێکیان سەرجەم پسپۆڕانی بواری مێژووییان کۆکردەوەو بردینیان بۆ لای سەدام حسێن و پێیان وتین سەرۆک دەیەوێت لە گەڵتانا هەندێک بیروڕا بگۆڕێتەوە”.
کهمال مەزهەر دەڵێت: “کۆمەڵێکی زۆربووین و گەیشتینە ژوورەکەی سەدام حسێن، ناوبراو پێشوازیەکی گەرمی لێکردین و وتی دەمێکە دەمەوێت دیدارتان لەگەڵ ئەنجام بدەم”.
مهزههر ئهوهشی وتووه: “سەدام حسێن پرسیارێکی ئاڕاستەی هەموومان کردو وتی، بۆچی هەرچی سەرۆک هەیە لەم ناوچەیەدا، لە کۆتاییدا بەبێ بەرگری دەڕووخێت؟ دەمەوێت رای ئێوە لەم بارەیەوە بزانم”.
کهمال مەزهەر دهشگێڕێتهوه: “هەریەکەو بەشێوەیەک وهڵامی بۆ ئەم پرسیارە هەبوو، یهكێ دەیوت خیانەتی ناوخۆییە، یەکێ تر دەیوت پلانگێڕی وڵاتانی دراوسێکانە، یەکێكی تر دەیوت ژمارەو ئازایەتی سەربازەکان دەور دەبینێت”.
کهمال مەزهەر دەڵێت: “نۆرەی قسە گەیشتە سهر من، منیش وتم جهنابی سەرۆک من دەمەوێت باسی رووداوێکی مێژوویی بکەم وتم، کاتی خۆی مەغۆلەکان کە هاتن بۆ داگیرکردنی عیراق، زۆربەئاسانی تا بەغدا رۆیشتن و ئەوەیان کرد کە مێژوو بۆمانی دەگێڕێتەوە، بەڵام مەبەستی من لابردن و رووخانی دەسەڵاتی عەباسیەکان نیە، بەڵکو هۆکاری ئەو رووخانە باس دەکەم”.
دهشڵێت: “وتم، دەزانی ئەو کاتەی مەغۆلەکان هاتنە بەغداو چوونە ناو قەسرو ماڵی دەسەڵاتدارانەوە، بەکیلۆ زێڕو زیوو ئاڵتوونیان بارکرد ئەمە جگە لە پارەیەکی زۆر.
کهمال مهزهەر دەشڵێت: “سەدام زۆربەجوانی گوێی بۆ گرتبووم و سەرسام بوونی پێوە دیاربوو، بۆیه وتم ئەو کاتەی فەرماندەی هێزەکەی مەغۆل کە چووە بەغداو ئەو هەموو خشڵ و ئاڵتوون و پارەیەی لە حەشارگەو کۆگای بەرپرس و دەسەڵاتدارە پایە بەرزەکانی ئەوێدا بینی، لەوێدا قسەیەکی مێژوویی کردو وتی، ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە ئەم سەروەت و سامانانەی کە کۆیان کردوهتەوە بۆ خەڵکەکەی خۆیان سەرف بکردایە زۆر ئەستەم بوو ئەم وڵاتەمان بۆ داگیر بکرایە”.
کهمال مەزهەر دهڵێت: “به سهدام حسێن-م وت، مەبەستی من لەم بەسەرهاتە مێژووییە ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمە هەر خەریکی کۆکردنەوەی سەروەت و سامان بوون و میللەتەکەی خۆیان لەبیرکردبوو، خەڵکیش کە برسی بوو بیری لای بەرگریکردن نیەو تەنانەت ناتوانێت بەرگریش بکات، بۆیە ئیتر داگیرکەر بە ئارەزووی خۆی چی بوێت دەتوانێت بیکات”.
لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: “سەدام حسێن وتی، تا ئێستا شتی وەهام نەبیستووەو ئەمە زانیاریەکی تازەو باشبوو”.
هــ. ر