كەریم شارەزا
ئافرەتی خزمەتگوزاری كوردو خەمخۆری پێشخستنی ئافرەتانی كوردستان و داواكاری دامەزراندنی كیانی سیاسی بۆ كورد، خاتوو حەپسەخانی نەقیبی ئامۆزای شێخ مەحموودی مەلیكی كوردستان هاوسەری شێخ قادری برای لە ساڵی (1891)دا لەشاری سڵێمانی لە دایكبووەو بوەتە یەكێك لە ئافرەتە ناودارەكانی كورد، چونكە ژنێكی بەخشندەی چاوتێری زمان شیرین و دەروون پاك بوو. ئافرەتان لێیەوە فێری ڕەوشتی بەرزی كۆمەڵایەتی دەبوون و لە دیوەخانەكەیدا دەرسی خەباتی كوردایەتی لەسەر دەستی فێردەبوون. ئەو ئافرەتە تێكۆشەرە بوێرە دڵسۆزەی كوردستان لە ساڵی (1930)دا لەو كاتەی كە شەڕی بەردەركی سەرای سلێمانی لە (6)ی ئەیلوولی ساڵی (1930) قەوما و دەستەیەك لە لاوانی كوردی راپەڕیو بە گوللەی سوپای حكومەتی عێراق لەسەردەمی وەزارەتەكەی نوری سەعیددا شەهید بوون، ئەو شێرەژنە نامەیەكی سیاسی بۆ ڕێكخراوی (كۆمەڵی نەتەوەكان) لە شاری (جنیف)ی ووڵاتی سویسرە نووسی و بە ڕاشكاوی داوای مافی چارەنووسی میللەتی كوردو دامەزراندنی كیانی سیاسی كوردستانی كرد. ئەو داواكارییە سیاسییەی (حەپسەخانی نەقیب)ی كورد پەروەر، دەنگێكی باشی لەناو لاوان و رووناكبیران دایەوە. بەتایبەتی لەو سەردەمە تاریكەی میللەتی كورد لە دوای كوژاندنەوەی شۆرشەكەی شێخ مەحموودی مەلیكی كوردستان و شۆڕشەكانی شێخ سەعیدی پیران و ئاگری داغ لە ساڵانی (1925) و (1930)دا لە كوردستانی باكووردا. ئەو هەڵوێست و داواكارییەی ئەو ئافرەتە مەزنەی كورد بە كارێكی لە ڕادەبەر بە نرخ دادەنرێ و كاتێكیش كە كۆماری دیموكراتیی كوردستان بە سەرۆكایەتی پێشەوا قازیی محەمەد لە (22/1/1946) لە مەهاباد دامەزرا، حەپسەخان بەهەموو توانایەكی ماددی و مەعنەوی پشتگیریی كردو بەرامبەر بەو هەڵوێستە نەتەوەییەی، پێشەوای كوردستان قازیی محەمەد سوپاسنامەیەكی گەرمی بۆ ناردو رێزێكی زۆری لەو ئافرەتە خاوەن هەڵوێستەی كورد گرتو بە ئافرەتێكی مەزنی لە قەڵەمدا.
حەپسەخان لە بواری زانست پەروەریی و بڵاوبونەوەی خوێندەواری لەناو ئافرەتاندا دەورێكی باڵای بووە، بۆیە نەك هەرمایەی شانازی پێوەكردنی ژنانی كورد بووە، بەڵكو جێگەی شانازیی سەرجەم میللەتی كورد بووە، چونكە جگە لە هەڵوێستی چاكەخوازیی كۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاری بۆ خەڵك و یارمەتی دانی هەژاران و پارێزگاریكردنی لە مافە نەتەوەییەكانی میللەتەكەی، هەڵوێستی بەرزیشی بەرامبەر ڕۆشنبیركردنی ئافرەتانی كورد و نەهێشتنی نەخوێندەواری لە نێوانیاندا هەبووە. بۆ ئەم مەبەستەش ئەو ئافرەتە مەزنە خانووێكی موڵكی تایبەتی خۆی لەقەبەڵ بەڕێوەبەرایەتی مەعاریفی ئەو سای سلێمانی كردووە تاكو بكرێت قوتابخانەی ئێواران بۆ ئافرەتانی شارەكەی و خۆیشی وەك قوتابی فێرخواز لەو قوتابخانەیەدا فێری خوێندنەوەو نووسین بوو. لە ڕاستیشدا ئەو قوتابخانەیە، بووە یەكەمین قوتابخانەی ئافرەتان لە شاری سلێمانی و لە هەموو كوردستاندا. حەپسەخان لە ژیانی هاوسەرییدا تەنیا یەك كوڕی بووەو ئەویش ناوی (شامیل) بووەو بەساوایی مردووەو خۆشی لە زووێكە تووشی گەلێك دەردو نەخۆشی بووەو گەلێك ئازاری بەدەستەوە بینوو بوون، تاكو لە ڕۆژی (12/4/1953)دا بەنەخۆشی شێرپەنجە لە تەمەنی (62) سالیدا كۆچی دوایی كردو بەڕێزێكی زۆرەوە بە خاك سپێردراو سڵاو لە گیانی.
سەرچاوە:
1- گۆڤاری ڕۆژی نوێ- ژمارە (1) ساڵی (2) مارت 1961 سلێمانی
2- شاكر فەتاح – ئافرەتی كورد – بەغدا 1958
3- جەبار محەمەد جەباری – ئافرەتە ناودارەكانی كورد – كەركوك 1969