Home / مێژووی ئیسلام / ئەنەسی كوڕی مالیك(خەزمەتكاری پێغەمبەر)

ئەنەسی كوڕی مالیك(خەزمەتكاری پێغەمبەر)

untitled-1%d9%84-copy

نيهاد جلال حبيب الله

ئەنەسی كوڕی مالیك(خەزمەتكاری پێغەمبەر)

ئەنەسی كوڕی مالیك ئەو هاوەڵە خۆشەویستەی پێغەمبەری خوا (صلى الله علیه وسلم) بوو كە ماوەیەكی زۆر خزمەتی پێغەمبەری خوای دەكرد، پێغەمبەریش (صلى الله علیه وسلم) نزای بۆ كرد خوایە سامان و منداڵی زیاد بكەو بەرەكەتی تێبخە بۆی، ئیتر یەكپارچە شارەزای چركە ساتەكانی ژیانی بوو و بە تاسەوە سوننەتەكانی وەردەگرت.
ئەنەس منداڵێكی بچووك بوو، باوكی ناوی مالیك بوو، مالیك كەسێكی بێباوەڕو خوانەناس بوو، زۆر ڕەق و توند بوو و لەگەڵ ئیسلامدا نەدەگونجا.
دایكی ئەنەسیش ناوی ئوم سولەیم بوو، ئەم ئافرەتە موسڵمان بوو بوو، بەڵام مالیكی مێردی زۆری لێدەكرد تا واز بهێنێ‌ لە ئیسلام، بەڵام ئەو ئافرەتە لەسەر ئایینی ئیسلام بەردەوام بوو و ئامادە نەبوو وازبهێنێ‌.
ڕۆژێكیان مالیك تووڕە بوو بوو و لەخۆیەوە بە ژن و منداڵدا هەڵدەشاخا، بەو تووڕەییەوە چوویە دەرەوە، لە ڕێگەیدا تووشی بوو بە تووشی یەكێ‌ لە دوژمنەكانیەوە‌و لەگەڵیدا بووی بە شەڕو ئەو دوژمنەش مالیكی كوشت، بەوەش ئەنەس هەتیو كەوت.
بەڵام دایكی لەبەرئەوەی ژیر و باوەڕدار و خواناس بوو هێندە ئاگای لە ئەنەس بوو نەیدەهێشت بۆ ساتێكیش ئەنەس هەست بە بێباوكی بكات، بەڵكو بەردەوام فێری ئیسلامی دەكرد و خۆشەویستی خوا و پێغەمبەری خوای لە دڵیدا دەچاند.
ئیتر ئەنەس تەواو تامەزۆری دیداری پێغەمبەری خوا بوو، بەڵكو خوازیار بوو كەمێك گەورە بێت و بچێت بۆ لای پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) و بەردەوام لە خزمەتیدا بێت.
هێندەی نەبرد هەواڵ گەیشتە مەدینە كە پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) فەرمانی داوە بە هاوەڵان كۆچ بكەن بۆ مەدینە، ئیتر ئەنەس لە خۆشیدا نەیدەزانی چی بكات، چونكە دەیزانی ئیتر پێغەمبەریش (صلى الله علیه وسلم) دێت بۆ مەدینە.
ڕۆژانە ئەنەس لەگەڵا خەڵكەكەدا دەچوویە دەرەوەی مەدینە و چاوەڕێی هاتنی پێغەمبەری خوای دەكرد، تا ئەوەی ڕۆژی هاتنی پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) هات، ئیتر هەموان بە تاسەوە چاویان لەڕێ‌ بوو، ئەوە بوو پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) هات و خەڵكی بە جوانی پێشوازییان لێكرد.
دوای ئەوەی پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) لە مەدینە نیشتەجێ‌ بوو ئوم سولەیم دەستی ئەنەسی گرت و هات بۆ لای پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) و سەلامی كرد و وتی ئەی پێغەمبەری خوا ئەم كوڕەمم هێناوە تا خزمەتت بكات دەی نزای خێریشی بۆ بكە، پێغەمبەریش(صلى الله علیه وسلم) نزای بۆ كرد و فەرمووی (خوایە سامان و منداڵی زیاد بكە) ئەوكات ئەنەس تەمەنی بیست ساڵا بوو.
ئیتر بەردەوام ئەنەس لە خزمەتی پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم)دا بوو و هەر ئەرك و كارێكی پێغەمبەری خوا هەبوایە ئەو ڕایدەپەڕاند.
ئەنەس زۆر سەرسامی بۆن و ڕەنگ و كردار و گوفتاری پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) بوو، جار هەبوو پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) لەگەڵا ئەنەس دەچوو بۆ ماڵی دایكی ئەنەس و سەردانیان دەكرد.
ڕۆژێكیان پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) ئەنەسی نارد بۆ ئیشێك، ئەنەس چوو و ئیشەكەی كرد، دواتر چوویەوە بۆ لای دایكی، دایكی پرسیاری لێكرد بۆچی دواكەوتی؟ وتی پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) ئیشی پێم هەبوو، وتی ئیشەكەی چی بوو؟ وتی ئەوە نهێنی پێغەمبەری خوایەو باسی ناكەم، دایكی وتی ئافەرین كوڕم هەرگیز نهێنی
پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) باس نەكەیت.
ئەنەس باسی ژیانی خۆی لەگەڵا پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) دەكرد و دەیوت دە ساڵا لە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم)دا ژیام تەنها یەك جاریش لێم تووڕە نەبوو، بەڵكو هەمیشە پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) بە ڕووی خۆش و بە نەرم و نیانی قسەی لەگەڵا ئەنەس كردووە، ئەگەریش ئەنەس هەڵەیەكی هەبوایە پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) تەریقی نەدەكردەوە بەڵكو بە نەرمونیانی تێیدەگەیاند.
بەوجۆرە ئەنەس بەردەوام لە ماڵا و لە دەرەوەو لە سەردان و شوێناندا لەگەڵا پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم)دا بوو تا ئەو كاتەی پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) كۆچی دوایی كرد، ئیتر ئەو ڕۆژە سەختتریین ڕۆژی ژیانی ئەنەس بوو.
دوای وەفاتی پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) ئەنەسی كوڕی مالیك هەشتاو ئەوەندە ساڵ ژیا، چونكە پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) نزای تەمەن درێژی بۆ كردبوو، ئەمەش بۆ موسڵمانان سوودی زۆر بوو، چونكە هەركات موسڵمانان كێشەیەكیان هەبوایە یان پرسیارێكیان بهاتایەتە ڕێ‌ خێرا دەچوون و پرسیاریان دەكرد لە ئەنەس.
لەو ماوەی ژیانیدا هەركات باسی هاتنی پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) بۆ مەدینە بكرایە ئەنەس دڵخۆش دەبوو، بەڵام كاتێ‌ باسی كۆچی دوایی پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) دەكرا دەستی دەكرد بە گریان و تەواو دڵگران دەبوو.
زۆربەی كات و ژیانی ئەنەس بریتی بوو لە پەرستش و یادی خوا، زۆرجار هێندە نوێژی دەكرد تا قاچەكانی دەئاوسان، بەردەوام خەتمی قورئانی دەكردو ژن و مناڵەكەی خۆی كۆدەكردنەوەو نزای بۆ دەكردن.
ئەنەس هێندەی تامەزرۆی ئەوە بوو جارێكی تر پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) ببینێتەوە و لەگەڵیدا بژیت هەموو شەوێك خەوی پێوە دەبینی، ئەنەس خۆی دەڵێت هەموو شەوێ‌ لە خەومدا پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) دەبینم، دوای ئەم قسەش دەستی كرد بە گریان لەبەر دووری لە دیداری پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم).
ئەنەس لە سەردەمی خەلیفەكانی ڕاشدیندا ڕێزێكی زۆری لێدەگیرا، بەردەوام خەڵكی سەردانیان دەكرد و پرسیاریان لێدەكرد، ئەویش بەسەرهاتی خۆی لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم)دا بۆ دەگێڕانەوە، چونكە لەناو هاوەڵاندا ئەنەس لە هەموان زیاتر شارەزای هەڵسوكەوتی پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) بوو.
ئەو باسی ئەوەی دەكرد لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم)دا بە شەقامەكانی مەدینەدا گەڕاون و پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم)كە داویەتی بە لای منداڵاندا سەلامی لێكردون و هەواڵی پرسیون، قسەی خۆشی بۆ كردون و ناڕەحەتی لەسەرشان لابردون.
دوای تەمەنێكی پڕ لە زانست و ئەزموون و پەرستش‌و خواناسی ئەنەسی كوڕی مالیكیش كاتی ئەوەی هات ژیانی دنیا بەجێبهێڵێ‌ و ڕووەو لای پەروەردگاری بگەڕێتەوەو جارێكی تر بچێتەوە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) و هاوەڵانی كۆچ كردوو، ئەوە بوو دوای تەمەنێكی زۆر و بوونی نەوەیەكی زۆر دواجار كۆچی دوایی كرد.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …