مێژووی سەرۆك کۆمارەکانی ئێران
مێژووی ئەو وڵاتەی کە نیزیک بە سەد ساڵە ناوی ئێرانی بەسەر دا بڕاوە، چ پێش سەد ساڵ و چ تا سەرکەوتنی راپەرینی گەلانی ئێران و بە تاڵانی بردنی ئەو ڕاپەرینە لە لایەن ئاخوندەکانەوە(٢٢ ی ڕیبەندانی ساڵی ١٣٥٧) لە لایەن پادشا و بنەمالەکانەوە بەڕێوە برابوو.
دوای دەست بە سەر داگرتنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین ، خومەینی و حکوومەتی کاتیی مهندس بازرگان ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٨ ، واتە کەمتر لە دوو مناگ دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕین هاتن لە فێڵێک دا ڕێفۆراندۆمی نەوعی نیزامی نوێی ئێرانیان خستە بەردەم خەڵک و تەنیا ٢ بژاردەیان دیاری کردبوو کە: ڕێژیمی سەڵتەنتیت دەوێ یان کۆماری ئیسلامی؟ سروشتی بوو کە خەڵک سەڵتەنی نەدەویست و بە دوای نیزامێکی نوێ دا دەگەران وتەنانەت ئامانجی ڕاپەرینی گەلانی ئێرانیش هەر هێنانە سەرکاری ڕێژیمێکی دێمۆکراتیک بوو. بەڵام ئەوەی کە لە مێژوو دا بۆ بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد و بەتایبەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە خاڵی پڕشنگدار تۆمار کراوە ئەوەیە کە ، حیزب داوای لە خەڵک کرد کە بایکۆتی ئەو ڕیفراندۆمە بکەن، چوونکی ئەوە نیزامێکی تاقی نەکراوی مەترسیدارە و لە وەها نیزامێک دا ئامانجەکانی راپەرین بەڵاڕی دا دەبردێن. هەرچەند ئەوکاتی هوروژمی چەپ و ڕاستی ئێرانی بۆ سەر حیزب و بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد و لە سەرووی هەمووانەوە ڕێبەری ناوداری کورد دوکتۆر قاسملوو لە چەشنی خۆیدا شوێنیستی و دوژمنکارانە بوو، بەڵام دواتر ئەو هەلوێستەی کورد سەلماندی کە هەڵوێستێکی مێژوویی و زانستیانە بووە.
یەکەم سەرۆک کۆمار
بەنی سەدر
یەکەم هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ئێران دا لە ١٦ ی ڕێبەندانی ١٣٥٨ دا بەڕێوە چوو و دوکتۆر عبدالحسن بنی صدر(لەدایک بووی ٢ ی خاکەلێوەی ١٣١٢ هەمەدان) وەک یەکەمین سەرۆک کۆمار لە مێژووی ئێران دا هەڵبژێرا و دوای دەست بەکار بوونی و ماچ کردنی دەستی خومەینی، بە سیفەتی سەرۆک کۆمار و “فرماندە کل قوا” دەست بە کار بوو. هیندەی پێ نەچوو خومەینی پەشیمان کرایەوە و پۆستی دووهەمی(فرماندەهی کل قوا)ی لێ ئەستاندەوە و کردی بە سەرۆک کۆمارێکی ڕووتی بێ دەسەڵات تا سەرەنجام لە ٣١ ی جۆزەردانی ١٣٦٠ لە ژێر فیشاری ڕەفسەنجانی و خامنەی و ….. سەرۆکایەتیی بەندی سەدر بە دەنگی مەجلیس کۆتایی پێ هێنرا و ئەویش هەڵاتە پاریس کە تا ئێستاش هەر لەوێ یە. سەرۆک وەزیرانی سەردەمی بەنی سەدر ڕەجایی بوو.
دووهەم سەرۆک کۆمار
ڕەجایی
دوای بێ کیفایەت زانینی بەنی سەدر و کۆتایی هێنان بە سەرۆکایەتیی ئەو، هەڵبژاردن کرا بۆ سەرۆک کۆمار و لەو هەڵبژاردنە دا کۆنە گورووهبانێکی هیزی هەوایی بوو بە سەرۆک کۆمار کە تەمەنی سەرۆکایەتیی ئەو کەمتر لە مانگێک بوو.
محمد علی رجایی (لەدایک بووی ٢٥ ی جۆزەردانی ١٣١٢ ی قەزوین) وەک دووهەمین سەرۆک کۆماری ئێران لە هەڵبژاردنی ١١ی گەلاوێژی ١٣٦٠ دا بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێرایەوە و دوای کەمتر لە مانگێک و لە ٨ ی خەرمانانی هەمان ساڵ دا بە هۆی تەقاندنەوەی دەفتەری سەرۆ کۆماری و ئەنجومەنی وەزیران رەجائی و سەرۆک وەزیرانی ئەوکات جواد باهنر کوژران. کە جگە لە رەجایی باقی سەرۆک کۆمارەکانی ئێران لە ژیان دا ماون .
ئەوەش بڵێێن کە دوای بەنی سەدر و هەتا ئێستاش نە خومەینی ونە خامنەیی “فرماندەهی کل قوا” یان نەداوە بە هیچ یەک لە سەرۆک کۆمارەکان.
سێهەم سەرۆک کۆمار
خامنەیی
لە کاتێک دا خامنەیی بە هۆی دانانی بۆمب لە دەزگایەکی زەبت لە مینبەری پێش نوێژی مزگەوت لە جومعەیەکی تاران بە توندی بریندار ببوو ، هەڵبکاردن بۆ سێهەمین سەرۆک کۆمار کرا.
سەید عەلی خامنەیی (لەدایک بووی ٢٤ ی پووشپەڕی ١٣١٨ مشهد) کە ئەوکات عەبای موبارەکی آیە…. پێ نەبرابووە و “حجت الاسلام ” بوو ،لە هەڵبژاردنی١٠ ی ڕەزبەری ١٣٦٠ دەنگی هێنا و بوو بە سەرۆک کۆمار وبۆ ماوەی ٨ ساڵ و تا مردنی خومەینی وەک سەرۆک کۆمار مایەوە.
لە دوای مردنی خومەینی تا ئێستا ئەرکی جورم و جینایەتەکانی ئەو ئاخوندەی وە ئەستۆ گرتووە و بە ئەمانەتەوە درێژە دەدات. خامنەیی هەم دەرچووی حەوزەی عیلمیەیە و هەم لە زانکۆی پاتریس لۆمۆنبای رووسیە خوێندنی تەواو کردووە .
سەرۆک وەزیرانی دەورانی خامنەیی میر حسین موسوی بوو کە ئیدی دوای ئەو سیستەمی سەرۆک وەزیران لە نیزامی ئاخوندی دا نەمایەوە.
چوارەم سەرۆک کۆمار
ڕەفسەنجانی
لە سەردەمی مردنی خومەینی و دیاری کردنی خامنەیی وەک ڕێبەر، پۆستی سەرۆک کۆماری هەر بە خامنەیی بوو، کە لە ٦ ی گەلاوێژی ١٣٦٨ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری کرا و لەوێ دا علی اکبر هاشمی رفسنجانی(لە دایک بووی ٣٠ خەرمانانی ١٣١٣ ی رفسنجان کرمان) بە زۆرینەی دەنگ بوو بە سەرۆک کۆمار بۆ دوو دەوری ٤ سالە واتە هەشت ساڵ.
ڕەفسەنجانی دەرچووی حەوزەی عیلمیەیە و لە نیزیکانی خومەینی و خامنەیی .
پێنجەم سەرۆک کۆمار
خاتەمی
لە ٢ ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٧٦ دا هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری کرا و سەرۆک کۆمارێکی ڕیاکاری فێڵباز هەڵبژێرایەوە بە ناوی سید محمد خاتمی(لەدایک بووی ٢١ ی ڕەزبەری ١٣٢٢ اراک) و بۆ ماوەی ٨ ساڵ سەرۆک کۆمار بوو.
خاتەمی ماستەری لە ئاڵمان وەرگرتووە.
شەشەم سەرۆک کۆمار
ئەحمەدی نەژاد
محمود احمدی نژاد ( لە دایک بووی ٦ی خەزەلوەری ١٣٣٥ آرادان) لە هەڵبژاردنی ٣ ی پووشپەڕی ١٣٨٣ و لە دەوری دووهەم دا وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێرا و دەورانی کۆمێدی دەستی پێکرد.
ئەحمەدی نەژاد دوو دەوری ٤ سالە واتە هەشت ساڵ سەرۆک کۆمار بوو و ئەمڕۆ کۆتایی بە سەرۆکایەتیەکەی هات. خوێندنی ئەو سەرۆک کۆمارە شیاوەی نیزامی ئیسلامی دوکتۆرایەکی تەزویرە .
هەفتەم سەرۆک کۆمار
سەرۆک کۆماری نوێ حسن فریدون(حسن روحانی) ( لە دایک بووی ٢١ی خەزەلوەری ١٣٢٧ سرخە ، سمنان) لە هەڵبژاردنی جۆزەردانی ئەمساڵ د اهەڵبژێرا و ئەمڕۆ ١٢ی گەلاوێژی ١٣٩٢ حوکمەکەی لە لایەن خامنەیی یەوە سادر کرا و دەست بەکار بوو.
رووحانی دوکتۆرایەکی گوماناوی هەیە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە دەورانی هەکام لەو سەرۆک کۆمارانە کۆمەڵێک جینایەت، تێرۆر، وێرانی و سەرکوتی لە خۆید اتۆمار کردووە.
سەرۆکایەتیی بەنی سەدر شەڕ بە دژی نەتەوەی کورد . ڕەجایی بەو تەمەنە کورتەی درێژەدەری سیاسەتەکانی بەنی سەدر بوو.
لە دەوراننی هەشت ساڵەی خامنەی دا ، قەتلوعامی چەندین ئاوایی کوردستان، ئیعدامی هەزاران کەسی ئۆپۆزیسیۆن و بەتایبەتی ساڵی ١٣٦٧ ، درێژەی شەڕی ئێران و عێراق ، تێرۆری زۆر کەس لە ناوخۆ و دەرەوە، سەرکوتی هەموو ئازادییەکان لە ئێران و………..
دەورانی ڕەفسەنجانی سەرکوت، ئیعدام و بەتایبەتی تێرۆر لە دەرەوەی ولات کە دوو ڕێبەری ناوداری کورد شەهیدان دوکتۆر قاسملوو و دوکتۆر شەڕەفکەندی و هاوڕێیانیان لە نێو ئەو تێرۆرکراوانە دابوون.
دەورانی خاتەمی زۆرترین میدیا داخران، قەتلە زنجیرەییەکان، سەرکوتی خوێندکاران لە ١٨ ی پووشپەڕ دا، تێرۆر لە دەرەوە و ناوەوە ، پەرە پیدانی کێشەی ئەتۆمی .
دەورانی ئەحمەدی نەژاد، کەلە رەقی، کۆمێدی، تێرۆری ناوخۆ، سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان، داخرانی گۆڤار و رۆژنامەی زۆر، ئیعدامی هەزاران کەس، دەرپەراندنی هەزاران مێشک لە وڵات، وەک هەموو تەمەنی کۆماری ئیسلامی درێژە دان بە دەست تێوەردانی وڵاتانی دیکە، پشتگیریی هەمە لایەنەی تێرۆریزم و بەشار ئەسەد ، کێشانی وڵات بۆ ژێر خەتی فەقر لە ئەسەر پەرەپیدان و کار بۆ بەدەست هێنانی جەکی ناوەکیی کە دونیای ڕۆژئاوا گەماۆریەکی توندی خستۆتەوە سەر ئیڕان و خەڵک هەژار بووە، گرانی وبێکاری لە ئەوپەڕی خۆیدایە، و گۆشەگیریی چەند قاتی ڕێژیم لە دونیا دا.
دەورانی ڕووحانی کە دەست پیدەکا، دەورانی سەرۆک کۆامرێکە کە تەواوی تەمەنی کۆماری ئیسلامی شاهیدی بەشداریی ئەو زاتە ناموبارەکەیە لە جینایەت و سەرکوت دا.
با چاوەڕوان بین .