پ.د.زاهیر لەتیف كەریم
ئایدیۆڵۆژیا بەلای پسپۆڕانەوە ڕژێمێكی فیكرییە كەهۆكار دەبێت بۆ بونیادنانی پڕۆسە وپرۆژەیەكی سیاسی وئابووری وسۆسیۆڵۆژی وكلتوری وباوەڕییەكان. بنەما تیۆرییەكانیش لەنێو دەقێكی ئەدەبیدا زیاتر خۆیان لەم هاوكێشەیەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:
تێبینیكردن -خەیاڵە گریمانییەكان -ئەزموونە گریمانییەكان -دەرئەنجام -گەشتاندنی گریمانەكان بەمەبەستی جێگیركردن.
پێشەنگە سایكۆڵۆژیاكانی چەرخی بیستەم ،بەنموونەی فرۆید وكارل گۆستاف ویۆنگ وكلاین وكارڵ ئەبراهام ووینیكۆت، تێۆەرەكانی خۆیان لەسەر خەیاڵا وگرێمانە وئەزموونەكان بونیادناوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەپێویستە ئاڕاستەی خوێنەر لەخوێندنەوەیەكی سیاقی بێ بەڵگەوە بگۆڕێت بۆ خوێندنەوەیەكی بەڵگەیی وڕۆشنبیری ونۆرم وپێوەرە عەقلی ومەعریفی وهزری وئایدیا شاراوەكان.ئەمەش مەبەستی سەرەكی ئەم لێكۆڵینەوەیەمانە.
لەسەرەتای چەرخی بیستەمەوە،بەتایبەتی هەر لەچارەیەكی یەكەمی ئەم چەرخە،هەست بەبەرپرسیارێتی تاك وكۆمەڵگاكەمان، لەزۆر ڕووەوە، دەكرێت كەئەمەش خاڵێكی وەرچەرخانە لەمێژووی نەتەوایەتی میللەتەكەمان و بۆ یەكەم جار توانرا پردێك دروست بكرێت لەنێوان ڕەوشتی تاك وڕژێمێكی سیاسی وئەدەبی. شەپۆلێك لەڕۆژنامە وگۆڤار ووتاری ڕەخنەیی وبۆچوون سەریان هەڵدا كە لەوەوپێش بەم شێوە دینامیكییە بەدی نەدەكرا.دەرگاكان لەبەردەم كۆمەڵگا تاڕادەیەكی گونجاو كرایەوە وبەشێك لەڕۆشنبیران وخوێندەواران ئاشنایەتیان لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا خوڵقاند.لەڕێگەی ڕۆژنامە دەرەكی وناوەكییەكان هەواڵە ئەدەبی وفیكری وسیاسییەكان بەدەركەوتن.لێرەدا نامانەوێت بەدرێژی باس لەهەل ومەرجی ڕۆشنبیری وفیكری وئەدەبی ئەو سەردەمە وڕۆڵی پێشەنگەكان بكەین بەنموونەی ئەمین زەكی بەگ وتۆفیق وەهبی بەگ وموستەفا پاشای یاموڵكی ورەفیق حیلمی بەگ وشاعیران سەردەم.بەڵكو ئەوەی مەبەستمانە جەختكردنە لەدروستكردنی هەنگاوی یەكەمی كوردایەتی ودروستبوونی قەوارەیەكی نەتەوایەتی سەربەخۆ ودووركەوتنەوە لەسستمی خێڵایەتی ودامەزراندنی مەملەكەتێكی كوردی لەسەر دەستی مەلیك مەحمود كەپێشەنگی بەردی بناغەی ئەم مەملەكەتەیە بەهەموو پێكهاتە فیكری وڕۆشنبیری وئەدەبی وفەرهەنگییەكانەوە.
بنەمای ئەم بناغەیە بەشێوازێكی نەتەوایەتی دەستی پێكرد كەتوانرا لەماوەیەكی كورتی مەملەكەتەكەدا پارێزگاری لەكەسێتی كورد وشوناس وپێناسەی مێژوو وژیانی سۆسیۆڵۆژیا وفیكر وسیاسەت وئەدەب بكرێت.مەلیك مەحمود لەئاست ئەم هەڵوێستە بناغەییەدا ئەزموونێكی باشی بەدەستهێنا بۆ یەكخستنی جەماوەر وباوەڕهێنانیان بەمەسەلە هەستیار وگرنگەكان كەزیاتر خۆی لەدامەزراندنی قەوارەیەكی جوگرافی وسیاسی سەربەخۆدا دەبینییەوە.جەماوەریش، بەهەست بێت یان بەهەڵچوون، توانییان بەشداری لەم پرۆژە پیرۆزەی مەلیكدا بكەن وەك ئەوەی مەلیك بیەوێت بەشێكی گرنگی بەرپرسیاریەتییەكە بخاتە ئەستۆی جەماوەرەوە. بەمانایەكی تر، مەلیك ئەو هەستەی لادروست ببوو كە جەماوەر ئامادەباشییەكی تێدایە بۆ بەشداریكردن لەپرۆسەكەی. ئەم پرۆسەیە، لە ئەنجامدا، بووە ڕاستییەكی حاشا هەڵنەگری مەملەكەتەكە جگە لەكەسانێك كەشێوازی دەستەڵات وڕژێمەكەیان بەدڵا نەبوو.لەهەموو حاڵەتەكانیشدا، هەردوو جەمسەر،دەسەڵاتی مەملەكەت وئۆپۆسوزیون لەبەردەم یەك پڕۆژەدا خۆیان دەبینیەوە ئەویش بانگەوازكردن بوو بۆ دروستبوونی قەوارەیەكی نەتەوایەتی وڕۆشنبیری وگۆرانكارییە بابەتی ولۆژیكییەكان.
بەمەبەستی ڕاستكردنەوەی زانیاری دامەزراندن وداڕمانی مەملەكەت پێویستمان بەبۆچوونە بونیادگەرییەكان دەبێت چونكە ئەم دوو جەمسەری دامەزراندن وداڕمانە لەڕێگەی بۆچوونە عەفەویی وهەڕەمەكییەكانەوە بەئەنجام ناگەیەنرێت بەوپێیەی مەسەلەی دامەزراندن وداڕمانی مەملەكەت خۆی لەچەندێتی بۆچووندا دەبینێتەوە ئەوا بۆچوونە ساكارەكان زیانبەخش دەردەچن وهیچ سوودێكی ڕێبازی لەخۆ ناگرێت.بۆیە، یەكێك لە بانگەوازەكانی بونیادگەری ودوای بونیادگەریش بریتیە لەگەڕان بەدوای مانا شاراوە ونەبینراوەكان وكردنەوەی كۆد وهێماكان بەنموونەی گەڕان بەنێو هۆكارەكانی پەیوەندێتی ودابڕان،یان دامەزراندن وداڕمان، وەك ئەوەی ئایا زەمەنی دامەزراندنی مەملەكەتەكەی مەلیك مەحمود لەڕووی سۆسیۆڵۆژیا وفیكر وئابووری وسایكۆڵۆژییەوە لەجێگەی خۆی بووە یان بەهۆی كارێكی عەفەوییەتەوە پەلەكراوە لەدامەزراندن.یان لەڕووی بنەما مەعریفییەكانەوە كورد لەزەمەنی دامەزراندندا ئامادەباشی تێدا بوو یان كارەكە زیاتر كارێكی گوشاری وزۆرەملێیی بوو.یان دواتر بۆچی ماوەی زەمەنی دامەزراندن كورتی هێنا ولەئەنجامدا دامەزراندنەكە پێی نایە قۆناعی داڕمانەوە؟ئەوانە كێ بوون كەدەستیان هەبووە لەداڕمان؟وە ئایا داڕمان چەند خزمەتی بەڕووخێنەران كردووە؟ئەمانەو چەندین پرسیاری تریش.ئەم دەقەی خوارەوەی مەلیك مەحمود دەشێت خاڵ وكلیلێكی كاریگەر بێت بۆ ڕاستییەكانی زەمەنی دەق. مەلیك دەفەرموێت:
نامەوێ ژینی ئەسارەت بەسمە عومری گومرەهی
نایكەمە سەرخۆم بەدەستی موددەعی تاجی شەهی
قەت بە ئەمری دوشمنانم نامەوێ فەرمان ڕەهی
گەرچی ڕووبەری ئەم دەقە زۆر كورتە وزیاتر وەك پۆستەرە شیعرێك بەدەر دەكەوێت بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بزوێنەرێكی كاریگەریشە بۆ دۆزینەوەی ماناكان.گوتارە گشتییەكەی ئەم دەقە خۆی لەدواڵیزمە وململانێكاندا دەبینێتەوە لەنێوان خودی بكەری شاعیر وئەوانی داگیركەری بەرامبەر.لەهەمان كاتیشدا پڕە لەجووڵەی فیكر وئایدیا وپەیوەستێتی وڕەتكردنەوە وملكەچنەكردنی خودی بكەر بۆ ئەوی بەرامبەر.یان پڕە لەهەستێكی ڕاستەقینەی مەلیكێك كەجۆرەكەی لەجۆری خاكی وسادەیە ووەك شۆڕشگێر وپێشمەرگەیەك دەردەكەوێت وبۆمان دەدوێت.بەهۆی كاریگەرییە ناسروشتی ونائەخلاقییەكانی داگیركەری بەرامبەرەوە تەواو موود ومیزاجی بیركردنەوە وهەستی تێكچووە وناجێگیر وتووڕەیە لەجۆری مامەڵەی ئەم بەرامبەرە.بەئاڕاستەیەكی تریش بەهۆی بێبەشبوونی لەپڕۆسەی ژیان ڕەخنەی توندی بوێرانە لەهەموو دەسەڵاتێكی داگیركەر دەگرێت وخۆشی وەك قەوارەیەكی ووزەبەخش سەیردەكات.ئەم گوتارە گەڕانەوەیەكە بۆ مێژوویی سیاسی كورد لەزەمەنی دەقدا.
هەر لەو زەمەنەدا،زۆربەی هەرە زۆری تاكی كورد بەهۆی لاوازی ئاستی ڕۆشنبیری وفیكری ومەعریفییەوە وەك پێویست نەیاندەزانی مانای نەتەوە وئازادی وسەربەخۆیی وشۆرش وڕووبەڕوبونەوە چیە وبۆ چ مەبەستێكیش بەكار دێن.كۆمەڵگا تەواو نوقمی نەخوێندەواری بوو.خودا پەرستی وئایین ببووە چەقی بیركردنەوەكان.لەو زەمەنەدا ئەوەی لەچەقی ئەو بیركردنەوەیە لای بدایە وەك لادەرێك سەیر دەكرا.ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەتێكڕای خەڵكی لەبری دامەزراندنی نەتەوە ودەوڵەت ونیشتمان سەرقاڵی خودا پەرستی بوون ومزگەوتەكان ببووە مەڵبەندێكی هەرە پیرۆزی كۆبوونەوە وزانستە ئاینییەكان.دەسەڵاتیش لەلایەكەوە بایەخی بەكردنەوەی خانەقا ومزگەوتەكان دەدا.لەلایەكی تریشەوە بەدوای كەسە كاریگەرییەكاندا دەگەڕا تا لەنزیكەوە قایلیان بكات بەجۆری سیاسەت وحوكم.لەم هەل ومەرجە سۆسیۆڵۆژی وفیكری وپەروەردەییەدا شێخ مەحمودی حەفید بەدەركەوت كەبەهۆی باو وباپیرانییەوە خاوەن دەسەڵاتێكی كاریگەری خۆشەویست بوو.واتە لەخانەوادەیەكی نموونەیی بوو.لەهەمان كاتیشدا خۆشی وەك كەسێكی ئایینی وخوێندەوار وشاعیر وڕۆشنبیر وئازا وبوێر ژمارەیەكی هەرە دیاری شار وناوچەكە بوو.بەبەراوورد لەگەڵ تێكڕای خەڵكی ئاستی بژێویی خۆی وخانەوەدەكەی لەئاستێكی بەرزدا بوو.بەلای بەشێكی هەرە زۆری خەڵكییەوە بەدەرەبەگ وكەسێكی ئۆرۆستكراتی ناوزەند كراوبوو.لەگەڵ هەموو ئەمانەدا دەقە شیعرییە ئاماژەپێكراوەكەی سەرەوە وەڵامێكی زۆری ئەمانە وپرسیارەكانی تری سەرەوەمان دەداتەوە.بەشێوەیەكی گشتی، ستراتیژیەتی ئەم دەقە خۆی لەم تەوەرانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:
تاكی كورد،نیشتمان،مەسەلە وبابەت ،توانای فیكری وسیاسی ،دید وبۆچوون،ڕەوتی ئەدەب.
– تاكی كورد:گەرچی داواكارییەكەی مەلیك مەحمود،بەشێوە فەرمییەكەی، شێوازێگی گشتگیری لەخۆ نەگرت وبەشێك لەتاكەكان بەهۆی هەژاری ئاستی بیركردنەوەیان ڕاستەوخۆ بەشدارییان نەكرد،بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا زۆربەی هەرە زۆریان بەعەفەوییەت بێت یان پێچەوانەكەی پشتگیریی تەواویان لەداواكارییەكە كرد وبەڵكو هەندێكیان لەپێناویدا فیداكاریشان بەخشی.مەلیك مەحمود خۆشی وەك تاكێكی بزێوی چالاك وئازا وچاونەترس توانای كۆكردنەوەی بەشێكی زۆری تاكەكانی هەبوو بەوانەی دەرەوەی سنووری دەسەڵاتەكەش.گێڕانەوە مێژوویی وسیاقییەكان ئەوە دەسەلمێنن كەبەشێك لەتاكە بەهەڵوێستەكان لەدەرەوەی ناوچەی دەسەڵاتی مەلیك ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پشتگیرییان لەداواكارییەكەی مەلیك كرد.سەرجەم ئەم تاكانە،بەدەرەكی وناوەكییەوە،دڵسۆزانە كاریان لەسەر دامەزراندنەكە كرد.تەنانەت لەدوای هەرەس وداڕمان بەهەمان هەڵوێستەی زەمەنی دامەزراندنەوە دەیانڕوانییە مەلیك ومەمەلەكەتەكەی.گومانیش لەوەدا نییە كەدرێژەپێدانی تاكەكان بۆ مەمەلەكەتەكە بەدڵ وبەگیان مۆتیڤێكی هەرە بەنرخی هەڵگیرسانی شۆڕشەكانی ترە لەكوردستان بەشێوەیەكی گشتی.كەواتە ڕۆڵی تاكەكان لەبونیادی مەملەكەتەكە ودوای مەلەكەتەكەش ڕۆڵێكی نەگۆڕی شۆڕشگێڕانە بووە.بەڵگەش بۆ ئەمە هاتنەوەی تەرمی مەلیك بوو لەساڵی 1956 بۆ سلێمانی وخۆپیشاندانی جەماوەری بێ وێنە دژ بەحكومەت وداگیركەر كەشەهیدیشی لێكەوتەوە.سەرەڕای ئەمەش،هەروەك لەدەقەكەدا بەڕوونی وئاشكرا هاتووە،تاكێكی وەك مەلیك مەحمود بوێرانە هەڵوێستی خۆی ئاشكرا دەكات بەرامبەر داگیركەر ونایەوێت كۆیلەی ئەم وئەو بێت،بەڵكو قایل نابێت بەسیاسەتی ئەم داگیركەرە.دروشمی “كوردستان یان نەمان” و”كەم بژی وكەڵ بژی” جۆرە دەقئاوێزانێكی لەهەڵوێستەكەی مەلیك مەحمودی تێدایە.ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەجۆری تاك لەكۆمەڵگای كوردیدا كەمەلیك نوێنەرایەتیان دەكات لەجۆری ئایدیاڵیزمییە.
– نیشمان.خاك ونیشتمان هەمیشە كەرەستەیەكی هەرە پیرۆزی ڕوناكبیران وڕۆشنبیران ونووسەران وشاعیران وخودی مەلیك بووە.بەر لەوەی مەلیك مەحمود ببێت بەمەلیكی یەكەمی كوردستان ،خوی لەخانەوادەیەكی بڵند وسەربەرزی كوردستان بوو.ئاستی بژێوییان ،وەك پێشتر ئاماژەمان پێداوە،لەئاستێكی هەرە بەرزدا بوو.پێویستی بەكۆكردنەوەی ماڵ وموڵك نەبوو.تەنانەت پێویستیشی بەپلە وپایە وكورسی نەبوو.گەر پێویستی بووایە ئەوا ژیانی كۆیلایەتی هەڵدەبژارد ولەولاشەوە قازانجێكی میتریاڵی زۆریشی دەكرد.بەڵام ئەمەی قبوڵ نەبوو،بەڵكو لەپێناو خاك ونیشتماندا زۆر ناڕەحەتی ونەهامەتی وگرتن ودوورخستنەوە ونامۆبوونێكی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە.وێنە ئەرشیفییەكانی زەمەنی دەستگیركردنی وڕەوانەكردنی بۆ مەنفا وكۆت وزنجیركردنی لەلایەن داگیركەری ئینگلیزەوە بەڵگەیەكی حاشا هەڵنەگری ئەم بۆچوونەمانە.بەمانایەكی تر،پیرۆزی خاك ونیشتمان مۆتیڤێكی هەرە گەورە وبەهێزە بۆ فیداكاری وهەڵبژاردنی ژیانێكی سەخت ونالەبار.
-مەسەلە وبابەت.لەدەقەكەدا بەئاشكرا مەسەلە وبابەتێكی هەستیاری نەتەوەیی ونیشتمانی بەدی دەكرێت.لەهەمان كاتیشدا هەڵوێستەیەكی ئایدیاڵیزمی بوونی هەیە ودەشیبات بەڕێوە.جۆری مەسلە وبابەتەكە خودی نییە.بەڵكو گوتارێكی گشتگیری لەپشتەوەیە.واتە گەلێك دوورە لەبەرژەوەندییە خودییەكان وەك ئەوەی مەلیك لەپێناو بەرژەوەندی تەسكی تایبەتی خۆیدا باوەشی بەمەسەلەی نەتەوە ونیشتمان وخاك ودامەزراندندا كردبێت كەپێچەوانەكەی ڕاستە.گەر ڕێژە وقەبارەی مەسەلەكە لەئاستێكی نزمدا بووایە ئەوا وەك پڕۆسەی كار وكاردانەوە فیداكاری وئێش وئازارەكان بەوشێوەیە نەدەبوو كەمێژووی هاوچەرخی سیاسی باسی لێوە دەكات.یان مەلیك بۆچی ژینی ئەسارەت هەڵبژێرێت وبیكات بەخۆراكی هەمیشەیی!.كەواتە پیرۆزی مەسەلەكە هاوسەنگییەكی بابەتی لەجۆری تەواوكاری دروست كردووە لەگەڵ ژینی ئەسارەتدا.
– توانای فیكری وسیاسی.گەرچی تواناكان بۆ زەمەنی دامەزراندنی مەملەكەت نموونەیی نەبوو بەهۆی هەژاری خوێندن وخوێندنەوە ونەبوونی پردێكی كاریگەری پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا،بەڵام بەو كەمەی كەلەبەر دەستدا بوو توانرا زۆر شت بكرێت لەگەڵ داگیركەرێك كەلەهەموو ڕوویەكەوە بەراوورد نەدەكرا لەگەڵ توانا فیكری وئابووری وسیاسییەكانی مەملەكەتەكە.دەقەكە ئەوەمان پێدەڵێت كەمەملەكەتێكی كویلەدار بوونی نەبێت باشترە چونكە داگیركەران هەمیشە وبەپێی خواستەكانی خۆیان مامەڵەیەكی تایبەتی ناتەندروست دەكەن كەلەزۆربەیاندا ئەنجامەكان بەلای خۆیاندا دەشكێتەوە.داگیركەریش ڕووەكانی هەر چۆن بێت بەڵام بەلای مەلیكەوە هەر دوژمنن.بەمەش پێشبینی ئەوەی دەكرد كەهیچ خۆشییەك لەدوژمن دروست نابێت.بۆیە مەلیك ئەوەی لەدەستی هاتبێت بەئەنجامی گەیاندووە بەڵام ئەوەی هاوسەنگییەكەی تێكدا قورسایی قەبارەی هێزی داگیركەر بوو كەهەتا ئەمڕۆكە ئەم قورساییە هۆكارێكە بۆ لەبارچوونی گوتاری نیشتمانی ودامەزراندن.نیفاق وناكۆكی ودووبەرەكیش،كەشاعیرانی ئەو زەمەنە بەنموونەی بێكەس كردبویان بەدروشمی سەرەكی خۆیان،هۆكارێكی تری داڕمانەكان بووە ،ئەمڕۆكەشی لەگەڵدا بێت.
-دید وبۆچوون.لەلایەكەوە داگیركەر،وەك پیشەی هەمیشەیی خۆیان،هەوڵیان داوە تاكە بزێو وچالاكەكان بەلای خۆیاندا ڕاكێشن یان نزیكیان بكەنەوە بەوپێیەیی ئەو جۆرە تاكانە، بەنموونەی مەلیك مەحمود، دەتوانن لەڕێگەی هێزی دەسەڵاتە سۆسیۆڵۆژی وئاینییەكانەوە لەبەژەوندی داگیركەر كار بكەن ولەبەرامبەردا داگیركەریش وەك بەرتیل شتێك بدات بەو تاكانە.ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەداگیركەری ئینگلیز،لەڕووی سایكۆڵۆژیا وسۆسیۆڵۆژیاوە،تەواو دیراسەی ناخی تاكی كوردیان كردبوو وتا ڕادەیەكی زۆریش لەم بوارەدا سەركەوتنیان بەدەست هێناوە.ئەمەش بەشێك بووە لەسروشتی مامەڵەی داگیركەر بەرامبەر بەداگیركراوان نەك هەر لەكوردستان بەڵكو لەسەرتاسەری ئەو جێگایانەی كەداگیركراوە لەلایەن داگیركراوەكانەوە.لەبەرامبەردا بەشێك لەو تاكانە وهەر بەنموونەكەی مەلیك مەحمود گەیشتبوونە ئەو باوەڕ ویەقینەی كەداگیركەر،چەند دەمامكەكان بپۆشن ئەوا لەژێرەوە هەر داگیركەرە.هەر لەبەر ئەمەشە مەلیك دەستپێشخەری خۆی كردوو ونایەوێت كۆپییەكی كۆیلەی داگیركەر بێت وئەو تاجی شاهنانشاییەی كەداگیركەر دەیخاتە سەری وەك بەڵاو وئاگرێك سەیری دەكات وبەفۆڕم جوانە وبەناوەڕۆك پڕە لەنەهامەتی.
-ڕەوتی ئەدەب.گەرچی زەمەنی دەقەكەی مەلیك ئاشكرا نییە،بەڵام ،لەڕێگەی شێوازی نووسین ودەربڕینەكەیەوە،ئەگەری ئەوەی لێدەكرێت كەلەزەمەنی دامەزراندنی مەملەكەتەكەیدا ووتبێتی.مەبەستیشمان لەمە ئەوەی كەئەم دەقە بناغەیەكی پتەوی هەستی نەتەوایەتی نیشتمان پەروەرییە كەپێشتر لەو جۆرە نموونە وهەڵوێستانە بەدەگمەن دەبینران یان بوونیان نەبووە.ئەمەش بەو مانایە دێت كەمەلیك وهەڵوێستە فیكری وسیاسی وشیعرییەكانی مۆتیڤێكی ووزەبەخش بووە بۆ سەرهەڵدانی ڕەهەندە نەتەوایەتییەكان كەپێشتر شاعیران زیاتر سەرقاڵی چەمكە سۆزداری وئایینیەكان بوون ئەویش لەڕێگەی بەكارهێنانە ڕەوانبێژییەكان.ڕەنگە،بەپێی گریمانەكان، ئەم هەڵوێستەیەی مەلیك بووبێت كەپاڵی نابێت بەشیخ نوری شیخ ساڵح وگۆران وڕەشید نەجیب ەوە كەواز لەعروزی عەرەبی بێن وبگەڕێنەوە بۆ كێشە خۆماڵییە نەتەوایەتییەكانی پەنجە وهیجا كەبۆ چەندین سەدە وبەهۆی كاریگەرییەكانی ئیسلام وئەدەبی عەرەبی لەكار كەوتبوو.هەر لەبەر ئەمەشە،دەقەكەی مەلیك تەنها دەربڕینێكی هەڵچوونی سیاسی نیە بەرامبەر بەداگیركەری ئینگلیز،بەڵكو لەپاڵ ئەمەشدا مانیفێستۆیەكی ڕەگەزنامەیە بۆ شوناس وهەستە نەتەوایەتییەكە.ئەم مانیفێستۆیە،لەزەمەنی دەقدا،بەرگێكی ئایدیۆڵۆژیایی لەخۆ گرت كەپێشتر لەڕووی تیۆر وپراكتیكەوە كاری لەسەر نەكرابوو.بەم پێیە دەقەكە،گەرچی دەقێكی فیكرییە،بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا كردارێكی یارمەتدەریشە بۆ تێگەیشتن ونزیكبوونەوەی تاكی كورد لەچەمكی خاك ومەسەلە ونیشتمان وسەربەخۆیی.واتە،مەلیك ئەو یەقینەی لادروست ببوو كەپشت بەستن بەخۆ كردارێكی هەرە سەركەوتوی ئازادییە.بەپێچەوانەوە تاكەكان هەمیشە بەكۆیلەیی دەمێننەوە.لەلایەكی تریشەوە مەلیك هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ مانفێستۆكەیدا دەكات ودەیەوێت،هاوشێوەی غاندی یەكەی هیند،تاجی مەلیكی خۆی لەسەری خۆی بكات نەك بێگانەیەكی داگیركەر.لێرەدا وبەهۆی ئەم مانیفێستۆیەی مەلیكەوە گریمانەیەكی تر لەدای دەبێت ئەویش ئەوەیە كەئەم مانیفێستۆیە هۆكاری سەرەكی داڕمانەكەش بێت بەوپێیەی كاردانەوەی داگیركەری ئینگلیزی بەنێگەتیڤی لێكەوتەوە.بۆیە دامەزراندنەكە لەبەرژەوەندی داگیركەر نەبوو چونكە ستراتیژییەتەكانی داگیركەر دەكەوتە ژێر مەترسییەوە وبەمەش ئایندەی ئابووری وسیاسییان لەناوچەكە لەدەست دەچوو.لەگۆشەیەكی ترەوە بەرژەوەندییە سەرمایەدارییەكانیان مایەپووچ دەردەچوو.بۆیە داگیركەری ئینگلیزی بەمەبەستی مسۆگەركردنی ئایندە بەتایبەتی لەڕووی ئابووری وسیاسییەوە دەیانویست تاجی مەلیكی خۆیان بیخەنە سەر مەلیك بۆ ئەوەی دواتر وەك كۆیلەیەك مامەڵەی لەگەڵدا بكەن. دەرئەنجام مەلیك ئەو جۆرە تاجەی ڕەتكردەوە.بەمەش،داڕمانی مەملەكەتەكە لەڕووی تیۆر وپراكتیكەوە خیانەتێكی نیشتمانی نەبوو بەڵكو واقیعێكی سیاسی وئابووری لەپشت ئەم داڕمانەوە بوو.هەر ئەمەش وایكردووە كەمەلیك لەزەمەنی دەقدا نا ئارام بێت ولەئەوپەڕی لووتكەی گرژی وهەڵچوونیدا بێت.ئەمەش جۆرێك لەپەرۆشی مەلیك بەرامبەر بەمەسەلەكەی نیشان دەدات ولەهەمان كاتیشدا ڕاستگۆیی گوتارە مانیفێستۆكەی.لەپێناو گەیشتن بەم ڕاستیانە،كارنامە شیعرییە سەرەكییەكان،كەسیمۆڵۆژیا پشتی پێ بەستووە،دەتوانێت ئەنجامێكی شیكاری وتوێكاریمان بداتێ.كارنامەكانیش بریتین لە:
1-كارنامەی هەڵچوونی: ئەم كارنامەیە پەیوەستە بەنێرەر (بەرهەمهێنەر)وشێوازی بەكارهێنانی دەربڕینەكەی كەزیاتر خۆی لەشێوازێكی ڕاستەوخۆی كاریگەردا دەبینێتەوە.ئەمەش لەلایەكەوە بەمەبەستی دەرخستنی هەڵوێستەكانە.لەلایەكی تریشەوە بەمەبەستی گواستنەوەی ئەو هەڵوێستەیەیە بۆ تێكڕای خەڵكی بەدوژمنانیشەوە.لێرەدا بەكارهێنانە دەستەواژەییە زمانی ودەربڕینی وفەرمانییەكان،یان دەستەواژە سەرسوڕهێنانەكان كەرەستەیەكی بەنرخی سەرچاوەكانە كەلەڕێگەیەوە كاری تێگەیشتن وگواستنەوەكان ئەنجام دەدرێت.مەلیكی سیاسەتمەدار وشاعیر لەدەقەكەیدا بەم شێوازە دەیەوێت نامەكەی بگەیەنێت بەوەرگر. واتە چركە ساتە هەڵچوونییەكان پێویستیان بەم جۆرە شێوازەیە.ئەم شێوازە دەبێتە كردارێكی ڕوونكردنەوەیی بۆ تێكڕای خەڵكی تا لەنزیكەوە ئاگاداری سروشتی گوتار ومانیفێستۆكەی نێنەر بن. ئەوەتا مەلیك،لەڕێگەی فەرمانێكەوە”نامەوێ”و”نایكەمە”ستراتیژییەتی خۆی وگوتار ومانفێستۆكەیمان بۆ دەردەخات.ئەم دوو كردارە فەرمانییە بەڕاشكاویی هاتۆتە دەقەكەوە چونكە مەلیك لەزەمەنە هەڵچوونیەكانیدا پێویستی بەتەكنیك وهونەری ڕەوانبێژی نیە.بۆیە،بەپێی گریمانەكان،پێشبینی ئەوەی دەكرد كەجەماوەرەكەی لەزەمەنی دەق ودوای دەقیش داوای ئەوەی لێبكەن كەمەملەكەتەكە گەر سەركەوتنی بەدەست نەهێنا ئەوا تاوانەكە بۆ كێ دەگەڕێتەوە؟داگیركەر یان خودی مەلیك؟ هەموو ئاگاداری ئەو ڕاستییەن كەداگیركەر بەزۆرەملێیی دەیویست تاجێكی دەستكردی بێ بەها بنێتە سەر مەلیك ودواتر بەو تاجە كاسپی بكات كەئەمەش لەكۆتایدا كارەساتی ئازاراویی لێدەكەوێتەوە بەوپێیەی ئینگلیز چۆنی بویستایە لەمەلیك ئەوا پێویست بوو تەواو فەرمانەكان جێبەجێ بكات.بەمەش مەلیك دەبووە ڕۆبۆتێك بەدەست داگیركەرەوە.مەلیكیش هوشیارە وهەر لەسەرەتاوە ئەو جۆرە تاجە ڕەتدەكاتەوە.لەگۆشەیەكی تریشەوە هێزی داگیركەر تووڕەیە لەمەلیك وداوای ئەوەی لێدەكات كەگوێڕایەڵی فرمانەكان بێت بێ زیاد وكەم.بەڵام، وەك ئاماژەمان پێدا، مەلیك ئەمەی پێ پەسەند نەدەكرا چونكە دەیزانی بەهەردوو جەمسەرەكە دەدۆڕێت .لەلایەكەوە دوای وەرگرتنی تاج لەلایەن ئینگلیزەوە لەئایندەیەكی نزیكدا تاجەكەی لێ دەسەنرێتەوە وهەمان تاج دەكرێتە سەر كەسانی تر بەتایبەتی ئەوانەی كەدراوسێیەتییەكیان هەیە لەگەڵ داگیركەر.واتە داگیركەر كەی بەرژەوەندی لەگەڵ تاج سەرەكاندا نەما ئەوا گۆڕینیان زۆر ئاسنە وبەڵكو ئابڕووشی دەبەن.ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەتاجەكە لەبنەڕەتدا نابێتە موڵكی مەلیك وكارەكە وەك یاری كڵاوكڵاوێنە،یان چیرۆكەكانی هەزار ویەك شەوەی لێ دێت كەكەس نەزانێت تاجەكە بەسەری كێوە دەوەستێتەوە.لەلایەكی تریشەوە تاج وەرگتنەكە دەبووە دۆڕاندنی مەلیك لەنێو خەڵكی ومێژوودا بۆ هەتاهەتایە،كەئەمەش لەبەرژەوندی مەلیك ومەلەكەتەكەی وئاینندەدا نەبوو.هەر لەبەر ئەمەش بوو مەلیك كۆت وزنجیر وزیندان ودوورخستنەوەی لاپیرۆزتر تر بوو لە تاجەكە.جگە لەمەش هیچ ئاڵتەرنەیتڤێكی تریش لەبەر دەستدا نەبوو.
2-كارنامەی ڕاڤەیی. ئەم كارنامەیە پەنا بۆ ڕاڤەكردنی دەق بۆ دەق خۆی دەبات وەك ئەوەی ووشەیەك یان فرەیزێك ودێڕێك یان بەشێك لەدەق توانای ڕاڤەكردنی مەسەلەیەكی هەستیاری هەبێت.لێرەدا دەقی یەكەم دەبێتە دەروازەیەك بۆ بابەتە سەرەكییەكە.دەقی دوهەم ودەستەواژە بەكارهاتووەكانی بەكاری ڕاڤەكردن هەڵدەستێت.گەر سەرنج بدەینە دەقەكەی مەلیك، دەبینن لە دێڕی یەكەمدا وەك دەستپێكێك ئاماژەیەكی سەرەتایی دراوە بەڕاناوی كەسی یەكەم، كەخودی بكەری شاعیرە،بەوەی نایەوێت لەنێو ژینی ئەسیریدا درێژە بەژیانی خۆی بدات.لێرەدا ئێمە نازانین ئەم خودە ئەسیری چییە وكێش ئەسیری كردووە.بەڵام لەدێڕی دووهەمدا ئەو پرسیارانە بەرەو كردنەوە دەچن.ئەسیرییەكە پەیوەستە بەهێزی داگیركەرەوە. بۆیە دەبینین ئەمجارەیان جەخت لەسەر دامەزراندنی مەملەكەتێكی كوردی دەكات بەڵام بەومەرجەی تاجی مەلیكییەكە خۆی بیكاتە سەری نەك هێزی داگیركەر.چونكە،هەروەك پێشتر ڕوونمان كردەوە، مەلیك باش دەیزانی كەتاجێك لەڕێگەی هێزی داگیركەرەوە كرایە سەر ئەوا دەرئەنجامەكان تراژیدیا دەخوڵفێنن.لەدێڕی سێهەمدا مەلیك هەوڵ دەدات پێناسەی ئینگلیزمان،وەك موددەعی، بۆ بكات كەئەمانە دوژمنی گەل ونەتەوە ونیشتمانن وبەهیچ جۆرێك پشتییان پێ نا بەسرێت،بەتایبەتی بۆ دامەزراندنی مەملەكەتەكەی بەوپێیەی هەچ مەملەكەتێك گەر بەو شێوە وشێوازە دامەزرا ئەوا ڕووخان وداڕمانشی زۆر ئاسانترە.
3-كارنامەی بەڵگەئامێزی.ئەم كارنامەیەیە لەڕێگەی نێنەر وبەهەمهێنەر ولەپێناو پارێزگاری وپاراستنی بابەتەكەی دروست دەبێت،ئەویش بەوەی نێنەر دەگڕێت بەنێو زانیارییە پێش وەختە پێویستەكانی بابەتەكەی.ئەم زانیاریانە دواتر ئەنجامێك دەخوڵقێنن.مەلیك مەحمود لەدەقەكەیدا،وەك نێنەر وبەرهەمهێنەر وبەرپرسێك، ئەو زانیارییانەمان دەداتێ كەچۆن وبەچ شێوە وشێوازێك مەملەكەتەكەی دروست بكات.لەدەقەكەدا جەخت لەسەر بوونی كەسێتی كوردی دەكرێت .بەواتایەكی تر،پشتبەستن بەهێزی ناوەوە،بەوپێیەی مەلیك خاوەن ئەزموونی گەلانی هاوشێوەی كورد بووە ولەنزیكەوە دەیزانی چۆن هێزی دەرەكی،لەزەمەنێكی نادیار وتەمومژاویدا،ئەو جۆرە گەلانەی تێكشاندووە ومەملەكەتەكانیان لەبار بردوون. بەمەش مەلیك جۆرە ترسێكی لەهێزی دەرەكی هەبووە بەوپێیەی جێگەی متمانە نەبووە بۆ گەلانی نموونەی كورد.لەم ڕوانگەیەوە، بانگەوازی خۆی ڕادەگەیەنێت وبەئاشكرا دەڵێت،ژینی ئەسارەتم ناوێت وهیچ كاتێكیش ئەسیری دەستی بێگانە نابم وبەفەرمانی ئەوانیش كار ناكەم.ئەم زانیاریانە تەنها بۆ كورد نیە،بەڵكو گەلانی هاوشێوەش سوودمەند دەبن لەم زانیاریانە بەوپێیەی مەلیك لەبنەڕەتدا كەسێكی باوەڕپێكراوە وخاوەن ئەزموونە وئەوەی كەدەیلێََت لەڕاستییەوە سەرچاوەی گرتووە.گەرچی زەمەنی دەقەكە خۆی لەڕێبازی ڕۆمانسیزمدا دەبینێتەوە بەڵام ئەم دەقە زۆر دوورە لەم ڕێبازە وزیاتر خۆی لەڕەهەندێكی ڕالیزمیدا دەبینێتەوە كەئەمە بۆ ئەو زەمەنە كارێكی ئاسایی وسروشتی نەبوو.جۆری ڕیالیزمەكەشی لەجۆری ڕەخنەگرانە وشۆڕشگێڕانەیە كەئەم دوو جۆرە وەك ئەرك وئایدیۆڵۆژیا لەدوای جەنگی جیهانی دوهەمەوە سەریان هەڵدا.
4-كارنامەی پەیوەندێتی.ئەو كارنامەیە كەژێرخانی وێنە وگوتارەكانی ناوەوەی دەق لەڕووداوو بیر وبۆچوون ڕێك دەخات ودواتر بەیەكیانەوە دەبەستێتەوە بەبێ ئەوەی نالۆژیكییەك لەنێو یەكەكانی ئەم وێنانەدا دروست بێت. مەلیك لەدەقەكەیدا توانیویەتی ڕووداوی زەمەن و مەملەكەتەكەی بەبۆچوونێكی هونەری وشیعری دەرببڕێت،بەبێ ئەوەی پەنا بۆ نیشانە وئایكۆن وهێما ودەمامك بەرێت. بەمانایەكی تر، مەلیك هوشیارە لەوەی گەر هاتوو بەفەرمانی دوژمنانی گەل تاجی مەلیكی بخاتە سەری ودواتر فەرمانیشی پێ بكرێت ئەوا بێگومان وەك كوێلەیەكی داگیركەری لێدێت.هەر لەبەر ئەمەشە ئەم جۆرە تاج ومەملەكەتە ڕەتدەكاتەوە بەوپێیەی نەبوونی گەلێك باشترە لەبوونی.
5-كارنامەی سەرنج ڕاكێشان وبانگیشەكردن.ئەو كارنامەیەیە كەگوشار دەخاتە سەر هەستی وەرگر،ئەویش بەمەبەستی ڕاكێشانی بەلای دەقدا.لەدەقەكەی مەلیكدا دوو جۆر وەرگر بەدی دەكرێن. یەكەمیان،وەرگرێكی ناوەكی كەبەهەموو شێوەیەك پشتگیری لەنامەی نێنەر دەكات كەدامەزراندنی مەملەكەتەكەیەتی.دووهەمیان،وەرگرێكی دەرەكی كەبەهەمووشێوەیەك پشتگیری لەنامەی نێنەر ناكات.مەلیك بۆئەوەی بەتیرێك دوونیشان بشكێنێت، ڕووی دەمی لەهەموو ڕاناوەكانە ولەهەمان كاتدا سەرنجی هەمووانی وەرگر بۆخۆی ودەقەكەی ڕادەكێشێت.ئەمەش بەمەبەستی جەختكردنە سەر گوتاری بابەتە وەك ئەوەی بڵێت،ئەی گەلی كورد گەر مەملەكەت بەدەستی دوژمن دابمەزرێت، ئەوا وەكو ئەوە وایە پەیژەیەك لە لم دروست بكەیت (ئەم ووتەیە وەرگیراوە لەڕۆمانێكی سەلیم بەرەكات)، یان وەك ئەوەی بڵێت،ئەی پیاوانی ئینگلیز ئێمە ئەو گەلە نین كە بەمەیل وئارەزووەكانی خۆتان هەڵمان سوڕێنن! بۆیە دەبینین لە دێڕی یەكەمدا گوتارەكە گشتییە وپەیوەندی بەهەردوو جۆری وەرگرەوە هەیە.لەدێڕی دووهەم وسێهەمدا گوتارەكە پێدەنێتە تایبەتەوە، ئەویش بەخەستكردنەوەی ژیانی ئەسیری وكۆیلەیی بەهۆی ملكەچبوون بەڕژێمێكی سیاسی دەرەكی،كەدەرئەنجامەكەی قەیرانێكی نێگەتیفی گەورەی لێدەكەوێتەوە دوور لە بەرژەوەندییەكانی ئاسایشی نەتەوەیی كورد.
6-كارنامەی ئایدیۆڵۆژیایی. ئەو كارنامەیەیە كەهەوڵی بەدەرخستنی ستراتیژیەتی دەق دەدات بەتایبەتی لەڕووی سیاسی وفیكری وسۆسیۆڵۆژیاوە.گەرچی هەندێك جار پەیوەندی دەق بەئایدیۆڵۆژیاوە، وەك تۆدۆرۆف بۆی دەچێت، پەیوەندییەكی بەزاندنە بەڵام دەق هەمیشە لەهەوڵی خۆ ڕزگاركردنی ئایدیۆڵۆژیایەكی دەرەكیدایە بۆئەوەی خۆی ببێتە ئایدیولوژیایەك.لەدەقەكەی مەلیكدا، ستراتیژیەتەكە، وەك پێشتریش ئاماژەمان پێداوە، ئاشكرایە. بەڵام ئەوەی،لێرەدا، جێگەی باسە ئەوەیە كەلەزەمەنی دامەزراندنی مەملەكەتەكەدا ڕێبازێكی فیكری دیاریكراوی سەربەخۆی فەرمی نەبوو كەخۆی بكات بەخاوەنی دروشم وپڕۆگرامەكانی مەملەكەتەكە.بەڵام دەقەكە دەتوانێت ڕۆڵی ئەم ڕێبازە ببینێت وخۆی ببێت بەئەرك وكارنامە وئایدیۆڵۆژیا.بەمەش هەست بەدابڕانێك ناكەین لەنێوان دەق وئایدیاكەیدا.لێرەشەوە دەقەكە دوور دەكەوێتەوە لەعەفەوییەت وپێدەنێتە قۆناغی ئایدیۆڵۆژیایەكی فیكری سەر بەچەمكی نەتەوە وخاك ونیشتمان.دواتریش ئەم چەمكە،بەشێوەیەكی سستماتیكی،لەجۆری فیكری، دەبێتە سروودێك بۆ سەرجەم زەمەنەكان.