یەكەم هەوڵی فڕین موسڵمانێكی ئەندەلوسی بوو
جهاد خاوەری
ناوی (أبو قاسم عباس كوڕی فرناس كوڕی فرداس التكرنی القرطبی) لەسەدەی (9)ز و لە بنەماڵەیەكی ئەندەلوسی و خانەوادەیەكی بەربەری شاری قورتوبە لەدەورانی ئومەویەكاندا هاتە دونیاوە. لەساڵی (274ك/ 887ز) وەفاتی كردووە.
ئیبن فرناس شاعیر و ئەدیب و گەردونناس و ئەندازیار و بیركاریزان و فەلەكناس و كیمیازان و مۆسیقاژەن بووە، بەڵام زیاتر بە یەكەم دۆزەرەوەی بیرۆكەی فڕین دادەنرێت. سعیدی المقری لە كتێبەكەی (نفح الطبیب) دەڵێ: “ئەم زانایە هەوڵی فڕینی داو باڵی بۆ خۆی دروستكرد و پەیوەستی كرد بە ئەندامەكانی خۆیەوە، لەسەر شێوەی باڵندە بۆ ماوەیەك توانی بفڕێت”. ئیبن فرناس توانی دوو جۆری شێوەی فڕین تاقیبكاتەوە لە ماوەی ژیانیدا:
- لەسەرەتاكانی ژیانی زانستیدا و ساڵی 852ز ئەم بیرۆكەیەی تاقیكردەوە بە خۆهەڵدان لەبەرزترین شوێنی مزگەوتی قورتوبە، كەزیاتر ئەم فڕینەی لەشێوەی هەڵدانی پەرەشوتدا بوو.
- لەپاش لێكۆڵینەوەیەكی زۆر، دواجار و لە تەمەنی 70ساڵیدا ئیبن فرناس لە ناوچەی دەوروبەری قورتوبە بە ئامادەبونی ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی ئەو شارە بیرۆكەی فڕینەكەی تاقیكردەوە و تێكڕای خەڵكەكەش فڕینەكەیان بینی، ئەویش خۆهەڵدانی بوو لە شاخی “العروس” و سوڕانەوەی بۆ ماوەی 10دەقیقە، ئەویش بە سود وەرگرتن لە كەش و هەوای ناوچەكە، بەڵام دواتر بۆ نیشتنەوە لەبەر ئەوەی كلكی دانەنابوو تاوەكو بەهێواشی بنیشێتەوە و یەكسانی خۆی بپارێزێت بووە هۆی شكانی پەراسویەكی.
ئەم زانایە زمانی یۆنانی بە باشی زانیوە و كتێبی فەلسەفی و مۆسیقی پێ وەرگێڕاوە. هەروەها لە بواری مۆسیقادا توانیویەتی ئامێری (عود) بژەنێت و چەندین ئاوازی ناوازە دابنێ و لە دانیشتنەكانی (عبدالرحمن الداخل)دا تەواوی ئامادەبوان سەرسام بكات.
ئەم زانایە شارەزاییەكی بێوێنەی لە زمانی عەرەبی و زانستی (العروض)دا هەبووە، وانەی ئەم زانستەی بە مامۆستا و شاعیرەكان ئەوتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا شاعیرێكی لێهاتوو بووە، بەتایبەتی لە شیعری تەعلیمیدا زۆر بە توانابووە.
ئەم زانایە بە داهێنەری قەڵەمی مەرەكەب دائەنرێت لە ئەوروپادا و لەڕێگای ئەوەوە گواسترایەوە بۆ وڵاتانی دی ئەوروپا. جگە لەمەش شارەزاییەكی زۆر باشی لە دروستكردنی سەقفی ئاسمانیدا هەبوو بە شوشەی جۆراو جۆر كە دەیتوانی هەور و بروسكەی دەستكردی تێدا دروست بكات.
سەرچاوەكان
- د.أحمد محمد عوف: صناع الحضارە العلمیە فی الإسلام، ج1، ص117-121.
- د.سلیم الحسنی: 1001اخترع، ص31 و 309-311.
- د.محمد رضوان الدابە: عباس بن فرناس (حكیم اڵاندلس)، ص7-21.