Popular Posts

ئایا لە ڕاپۆرتی کۆمەڵەی گەلان موسڵ بەشێك بووە لە عێڕاق

ئایا لە ڕاپۆرتی کۆمەڵەی گەلان موسڵ بەشێك بووە لە عێڕاق

xalele-esmael

د. خەلیل ئیسماعیل مامۆستا لە زانکۆی سەڵاحەدین، شارەزا لە کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ‏ھەرێم بەڕوونی باس لە راپۆرتی کۆمەڵەی وڵاتان دەکات کە باسی ھەرێمی کوردستان‌و پەیوەندی بە عێراقەوە ‏دەکات، باس لەگرنگی مانەوەی پێشمەرگە دەکات لە ناوچەکانی سنووری کوردستان لەگەڵ عێراق‌و ‏سەپاندنی ئەمری واقیع بۆ گیڕانەوەی ئەم ناوچانە.‏

دیداری: سەرتیپ جەوھەر
‏- دوای کۆتاییھاتنی شەڕی جیھانیی یەکەم، راپۆرتێکی گرنگ لەبارەی سنووری کوردستان لە عێراق ‏ئامادەکرا، ئەم راپۆرتەو گرنگی لەچی دابوو؟
‏* لە ساڵی ١٩٢٤ کۆمەڵەی گەلان (عصبة الامم) وەفدێکی بۆ ویلایەتی موسڵ رەوانەکرد، ناردنی ئەم وەفدە ‏بەھۆی سەرھەڵدانی کێشەبوو لەنێوان تورکیا (کە جێگرەوەی دەوڵەتی عوسمانیی بوو) لەگەڵ ‏بریتانییەکان، بریتانییەکان دەیانویست ویلایەتی موسڵ ببێتە بەشێک لە دەوڵەتی عێراق‌و تورکیاش ‏دەیویست ببێتە بەشێک لە تورکیا. ‏
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پێشتر، لە رێککەوتنامەی سایکس بیکۆ ساڵی ١٩١٦ کە شەڕی جیھانی ھێشتا کۆتایی ‏نەھاتبوو، ئەم ناوچە بەجۆرێک دابەشکرابوو کە ویلایەتەکانی بەغداو بەسرە بەر بریتانیەکان دەکەوت، ‏ویلایەتی موسڵ یش کە ئێمە مەبەستمانە قسەی لێبکەین لەگەڵ سوریاو لوبنان لەژێر چاودێری‌و ریعایەتی ‏فەرەنسا دەمانەوە، ویلایەتی موسڵ ھیچ پەیوەندی بە عێراقەوە نەبوو، بەبەڵگەی ئەوەی لەم رێککەوتنامەیە ‏کە ناوچەکە دابەشکرا ویلایەتی موسڵ لەگەڵ عێراق دانەنرابوو، بەڵکو عێراق بریتیبوو لە ھەردوو ویلایەتی ‏بەغداو بەسرە.‏
دوای تەواوبوونی شەڕی جیھانی یەکەم، بریتانییەکان لەبەر بەرژەوەندی خۆیان بەباشیانزانی ویلایەتی ‏موسڵ ببێتە بەشێک لە عێراق، ھەوڵی رازیکردنی فەرەنسایداو بۆ ئەم مەبەستە لەبەرامبەردا بەشێک لە نەوتی ‏کەرکوکی دایە فەرەنسا، لەگەڵ چەند ناوچەیەکی دیکە لەوانە کوردستانی رۆژئاوا کە دەکاتە کوردستانی ‏سوریا.‏
ئامانجی بریتانییەکان لەم پلانە ئەوەبوو، یەکەم رێژەی سوننەکان لەناو دەوڵەتی عێراق نزیک بکەنەوە ‏لە شیعە، واتە ھاوسەنگی دروستبکەن لەگەڵ شیعە بەوپێیەی کوردیش سوننەن، چونکە لە ویلایەتەکانی ‏بەغداو بەسرە بەتەنیا رێژەی شیعە زیاتربوو لە ‌٨٠%، بەڵام کە ویلایەتی موسڵ ھاتە سەر دەوڵەتی عێراق ‏جۆرێک لە ھاوسەنگی لەنێوان نەتەوەو مەزھەب دروستبوو، مەبەستی دووەمیشیان مەسەلەی نەوت بوو، ‏ئەوکاتە نەوت ھەر مەسەلەیەکی ستراتیژی بوو، بەڵکو گرنگی لە ئێستا زیاتر بوو.‏
لەم نێوانەدا کورد ھیچ پەیوەندییەکی بەدەوڵەتی عێراقەوە نەبوو، بە بەڵگەی ئەوەی کاتێک کۆمەڵەی وڵاتان ‏وەفدێکی نارد بۆ باسکردنی ئەم کێشەیە لەگەڵ گروپە جیاوازەکان لە ناوچەکە، ئەوکاتە پێیاندەوت ناوچە ‏جێناکۆکەکان (الاراضی المتنازع علیها) لە دەقی بڕیاری کۆمەڵەی وڵاتان بەناوی ناوچە جێناکۆکەکان ‏ھاتووە، ئیدی وەفدەکە ھاتە ویلایەتی موسڵ لەگەڵ نەتەوەو گروپە جیاوازەکان کۆبۆوەو دواتریش ‏راپۆرتێکیان نووسی‌و پێشکەشی کۆمەڵەی گەلانیان کرد، ئەم راپۆرتە بەھەرسێ زمانی عەرەبی‌و تورکی‌و ‏ئینگلیزیی ھەیە. ‏
لەم راپۆرتەدا، یەکەم، بەڕوونی دیارە ویلایەتی موسڵ قەت بەشێک نەبووە لە عێراق، دووەم سنووری عێراق ‏لەم راپۆرتە دا ھاتوو تەنھا دەگاتە تکریت لەسەر ئاوی دیجلە و دەگاتە ناوچەی ھیت لەسەر ئاوی فورات.‏ واتە عێراق بریتییە لە ناوچەکانی ناوەڕاست‌و خوارووی عێراق. خاڵی سێیەم لەم راپۆرتە کە لەھەمووی ‏گرنگترە دەڵێت دەتوانین عێراق بکەین بەسێ بەشی جیاوازەوە، یەکەم ھەرێمی عێراق، دووەم ھەرێمی ‏جەزیرە، سێیەم ھەرێمی کوردستان.‏
بەڵام بریتانییەکانی ئەو سەردەمە بەھێزبوون وەک ئێستای ئەمریکا بەھێزبوون، کاتێک راپۆرتەکە ‏گەیشتوەتە کۆمەڵەی وڵاتان لەژێر گوشاری بریتانیا بڕیاردراوە ویلایەتی موسڵ ببێتە سنووری عێراق ‏لە ساڵی ١٩٢٥ بەبڕیارێک ویلایەتی موسڵ ھاتە سەر عێراق.‏

‏- لەم راپۆرتەدا سنووری ھەرێمی کوردستان چۆن دیاریکراوە؟
‏* بێگومان وردەکاری زۆر لەم راپۆرتە باسکراوە، بۆ نموونە تەئکید دەکاتەوە کە شاخەکانی حەمرین واتە ‏سەروو شاخەکانی حەمرین جیاوازە لە ناوچەکانی دیکە، لەوێدا بەدیاریکراوی نەیوتووە سنووری ھەرێمی ‏کوردستان بەڵام لە راپۆرتەکە دا عێراق دەکاتە سێ بەش، یەکەم دەڵێت سنووری عێراق لەسەر رووباری ‏دیجلە لە تکریت کۆتاییدێت، واتە تکریت و سەرووتر عێراق نییە، دووەم ھەرێمی جزیرەیەو سنووری ئەو ‏ھەرێمە دەگاتە ھیت لەسەر رووباری فورات، سێیەم ھەر لەوێدا بەروونی دەڵێت ھەرێمی کوردستان ‏ناوچەکانی سەروو شاخی حەمرین، دەڵێت خەڵکی سەروو شاخەکانی حەمرین جیاوازن‌و دابونەریت و ‏سیمایان جیاوازە، ھەر لەوێدا باسی شەبەک و ئێزیدیش دەکات.‏

‏- لە گفتوگۆی ساڵی ١٩٧٠ پشت بەو راپۆرتەی کۆمەڵەی وڵاتان بەسترا وەک سەرچاوە بۆ دیاریکردنی ‏سنووری ھەرێم یان گفتوگۆ لەسەر بنەمای ئەمری واقیع بوو؟
‏* بەیاننامەی ١٩٧٠ گرنگ بوو بۆ کورد، قۆناغێکی گرنگ بوو، زۆرجار دەڵێم ئەوەی لە بەیانەکە دا ھاتووە ‏بە بەراورد لەگەڵ ماددەی ١٤٠، وای دەبینم ئەوەی ئەوکات گرنگترە، چونکە لە مەسەلەی ناوچەکانی ‏دەرەوەی ھەرێم دەڵێت ناوچەکانی جێناکۆک واتە ئەوەی ئێستا پێی دەوترێت ناوچە جێناکۆکەکان، ‏لە ھەمان ساڵ واتە ١٩٧٠ سەرژمێری بکرێت‌و لەو سەرژمێریە ھەر شوێنێک رێژەی کورد زۆرتربووو ئەوا ئەم ‏ناوچەیە دەبێتە بەشێک لە کوردستان بێ ریفراندۆم، بەڵام مادەی ٥٨ یان ١٤٠ی دەستور دەڵێن دوای ‏سەرژمێری (ریفراندۆم) راپرسی دەکرێت دواتر دەنگدان دەکرێت لەسەر ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ھەرێم یا نا.‏
لەوێدا میزاج دەور دەبینێت، رەنگە ھاووڵاتییەکی کورد بڵێت ئەمە لەبەرژەوەندی ئێمە نییەو دەنگ ‏بەھاتنەوە بۆسەر کوردستان نەدات، بۆیە دەکەوێتە بەر ئەگەر.‏

‏- من پرسیارەکەم ئەوەبوو کە راپۆرتەکەی کۆمەڵەی وڵاتان پشتی پێبەسترا لەگفتوگۆ وەک سەرچاوە یان ‏ئەمری واقیع؟
‏* نەخێر لەسەر بنەمای ئەمری واقع گفتوگۆ کرا، لەوێدا دان بەوەدانرا سێ پارێزگای (ھەولێرو سلێمانی‌و ‏دھۆک) ناوچەی خودموختارین، ناوچەکانی دیکە سەرژمێری دەکرێت‌و سەرژمێری یەکلایی دەکاتەوە لەسەر ‏بنەمای زۆرینەو کەمینە.‏

‏- لەدوای ٢٠٠٣ لەگەڵ پێکھێنانی ئەنجومەنی حوکم، مام جەلال ھەمان ئەو بەڵگەو نەخشانەی خستە سەر ‏مێزی دانیشتەکان ئەمانە ھەموو وەک بەڵگە جارێکی دیکە بەکارھێنران بۆ چەسپاندنی سنووری ھەرێمی ‏کوردستان؟
‏* بێگومان لەو گفتوگۆیانەی دوای ٢٠٠٣ بۆ دووبارە رێکخستنەوەی دەوڵەتی عێراق بەڵگەکان خرانەروو، ‏لە ‌٢٠٠٤ کە یاسای ئیدارەی کاتی عێراق دەرچوو لەلایەن ئەنجومەنی نیشتیمانیی عێراق، کورد رۆڵێکی ‏گەورەی ھەبوو، چونکە کورد ئەزموونی ئیدارەدانی ناوچەکانی خۆی و ھاوکات یەک دەنگبوو ئەوەبوو ئەو ‏خواستانەی ھەیبوو لە دەستوری ھەمیشەیی چەسپێنرا کە لە ٢٠٠٥ مام جەلال لەدانیشتەکان دا رۆڵی ‏گەورەو گرنگی گێڕا سەبارەت بەناوچەکانی دەرەوەی ھەرێم.‏
مام جەلال زیاتر لەنەخشەیەکی ھێنابوو کاریگەری زۆری ھەبوو لەسەر دەرکردنی ماددەی ٥٨، ئەم ماددەیە ‏گرنگیی زۆری ھەبوو، ئێستا پێیدەوترێت (١٤٠) بەندێکی سەرەکی لە ماددەکە دا بریتییە لە ئاساییکردنەوەی ‏ناوچەکان، واتە گێڕانەوەی عەرەبە ھاوردەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان‌و ھاتنەوەی ئاوارەکانی لەسەردەمی ‏بەعس کە پێشتر لەسەر زێدی باووباپیرانیان دەرکرابوون. ‏
بەندێکی دیکەی ئەوەبوو، سەرژمێری بکرێت. ئەمەش گرنگە چونکە لە سەردەمی دەوڵەتی عێراق تا ئێستا ‏سەرژمێرییەک نەکراوە کە جێی متمانە بێت، تەنھا لە ‌١٩٥٧ سەرژمێرییەک کرا کەمێک لەوانیدی باشتربوو، ‏بەڵام ئەوکاتە ھۆشیاری نەتەوەیی بەمشێوەیەی ئێستا نەبوو، تا ئێستا سەرژمێریەک نەکراوە جێی دڵخۆشی ‏بێت بۆ کورد، ئەمەش خەتای کورد نییە، چونکە لایەنەکانی عێراق پابەندنەبوون بەجێبەجێکردنی ماددەی ‏‏١٤٠ یان ٥٨، ئێمە زۆر زوڵم نەکەین لە سەرکردایەتی کورد.‏

‏- لەگفتوگۆی ٢٠٠٣ بەڵگەنامەکانی سەردەمی عوسمانی‌و پێشتر پشتی پێبەسترا؟ ئەو بەڵگانە چی بوون؟
‏* بێگومان بەڵگەی زۆر ھەبوون و خرانەروو، لەبەڵگەنامەکانی عوسمانی بەھەمانشێوە بەڕوونی دیارە، ‏لە قاموسی ئیعلامی تورکی، لە ساڵی ١٨٩٨ بەئاشکرا باسی ھەموو ناوچەو شارەکان دەکات، لەبارەی ‏کەرکوک دەڵێت سێ لە چواری میللەتی کەرکوک، کوردن. ئەو بەشەکەی دیکە عەرەب‌و تورکمان‌و کلدان‌و ‏جولەکەن.‏

‏- لەو بەڵگەنامانەی ھەن دەڵێن موسڵ یش عەرەب زۆرینە نەبوون بەڵکو کوردو نەتەوەی دیکە لەوێ ‏ھەبوون؟
‏* با نەگەڕێینەوە سەردەمی فەتحی ئیسلامی، ئەوکاتە عەرەب بەشاڵاو ھاتنە عێراق‌و گەیشتنە ‏کوردستان یش کە ئەوکاتە نەعەرەب لەم ناوچانە ھەبوون‌و نەغەیری کوردیش ھەبوو.‏
بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە سەر مێژووی نوێ لە سەردەمی مدحەت پاشای عوسمانی (١٨٦٩-١٨٧٢) حوکمی ‏عێراقی کرد وەکو والی، ئەو یەکێک بوو لەوانەی دەستیکرد بەھێنانی عەرەب بۆ کوردستان، بەڵام ئەمەی ‏کرد بەمەبەستی بیری نەتەوەیی نەبوو بەڵکو لەو سەردەمە بزووتنەوەی ناڕەزایی ھەبوو، ئەو ویستی ئەم ‏ناڕەزاییە کەمبکاتەوە بۆ ئەم مەبەستە دەستیکرد بە جێنیشینکردنی رەوەندەکانی عەرەب، ھۆزە ‏رەوەندەکانی عەرەب لە ناوچە جیاجیاکان زەوی بەسەریاندا دابەشکردو خزمەتگوزاری بۆ دابینکردن، لەوانە ‏عەشیرەتی شەممەر، عوبێد، تەیی و چەند عەشیرەتێکی دیکەشی نیشتەجێکرد، ئیدی ئەوە لەم زەمانەوە ‏دەستیپێکرد بەڵام بەئامانجی ئابووریی و سیاسی بوو نەک ئامانجی دیکە.‏
لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق ئەم ھۆزانە بوون بە پردێکی سەرەکی بۆ پەڕینەوەی عەرەب بۆ ‏سنوورەکانی کوردستان.‏

‏-لەم قۆناغەدا چی بکەین بۆ گێڕانەوەی ناوچەکانی بەم حاڵەی ئێستا؟
‏* سەرەتا دەبێت سوود لە ئەزموونی چەند ساڵی رابردوو بەتایبەت لە ‌٢٠٠٣ تائێستا وەربگرین، لەم ماوەیە ‏بۆمان دەرکەوت لە عێراق چ سوننە چ شیعە لە ھەڵوێستیان دا بەرامبەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ‏ھەرێم جیاوازییان نییە، نە شیعە حەماسیان ھەیە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، نەسوننەکان یش ‏قەناعەتیان بەگێڕانەوەی ئەو ناوچانەی کوردستان ھەیە بۆ ھەرێم، بۆیە دەبێت پێداگری تەواوبکەین لەسەر ‏ئەو ماف‌و دەستکەوتانەی لە دەستوری ٢٠٠٥ دا ھاتووە، لەگەڵ ئەوەش دا دەبێت سیاسەتی ئەمری واقع ‏جێبەجێبکەین لە گێڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان.‏

‏- بۆچوونێک ھەیە کە کورد پێشمەرگە لە ناوچە دابڕاوەکان نەکێشنەوە بەمەرجی جێبەجێکردنی ماددەی ‏‏١٤٠ یانیش یەکلایەنە ئەم ناوچانە رابگەیەنێت بۆ ھەرێمی کوردستان؟
‏* ئێمە کێشەیەکمان بۆ دروستبوو لە ساڵی ٢٠٠٨ کاتێک حکومەتی عێراق ویستی سوپا بنێرێتە ‏سنوورەکانی ئێران لە ناوچەی خانەقین، بەڵام ھێزی پێشمەرگە رێگری لە ھاتنی سوپا کرد کە بەفەرمانی ‏نوری مالکی جوڵابوو.‏
کاتێکیش ئۆپەراسیۆنی دیجلە پێکھێنرا بەمدواییانە، ئەمە بۆ شێواندنی بارودۆخی کەرکوک‌و دیالە بوو، ھیچ ‏بیانوویەکی مەنتیقی نەبوو چونکە ئەم ھێزە سەربازییە پێشتر لەوێ ھەبوو تەنھا بۆ ئەوەیان بوو سوپای ‏عێراق بێتەوە بۆ کەرکوک، بەڵام ھەرێمی کوردستان ھێزی پێشمەرگەی بەرەو ئەو ناوچانە جوڵاندو ئێستاش ‏لەوێن، بەباشی دەزانم مەسەلەی مانەوەی پێشمەرگە ببێتە ئەمری واقع لەو ناوچانەو نەکشێنەوە، نابێت ‏ئێمە بەبێ سەپاندنی ئەمری واقع چاوەڕێبین شیعە یان سووننە بڕیاری جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ ‏بدەن.‏

‏-ئەی ئەگەر ھەرێم روبەڕووی کێشەی جدی بۆوە بەھۆی سەپاندنی بڕیاری نەتەوەیی یان ئەمری واقع ‏بەتایبەت لەرووی داراییەوە؟
‏* سیاسەتی ھەرێمی کوردستان زۆر بەباشی دەزانم لە بواری نەوت کە لەدوای ٢٠٠٣ دەستیپێکردووەو ‏ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیای نەوت ھاتوونەتە کوردستان، ئەمە پێشکەوتنێکی گەورە بوو بۆ کوردستان، ‏ئەگەرنا ھەرێم چاوەڕێی بەغدای کردبا ئەوە قەت ئەم پێشکەوتنەی نەدەبوو، ئەمە سەرەتایەکە بۆ ‏خۆقایمکردن و دروستکردنی ژێرخانی ئابووریی بۆ ھەرێم.‏

دۆسێی مورافەعەی کەرکوک، مورافەعەی سنووری کوردستانە
مورافەعە مێژووییەکەی سەرۆک مام جەلال بەداکۆکیکردنی راشکاوانە لەکوردستانێتی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی ‏تری دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، ھەنگاوێکی گەورەو کاریگەرە بۆ دووپاتکردنەوەی راستی‌و ھەقیقەتە مێژووییەکان و ‏سەلماندنەوەی راستی و دروستی بەڵگەنامەو واقیعی سەرزەمینیش، ھەروەک دەرفەتێکیشە بۆ قسەکردنی جددی لەسەر  ‏ناوەرۆکی مورافەعەکەی سەرۆک مام جەلال لەڕووی سیاسی و ھەروەھا یاساییەوە، چۆنێتی جیاکردنەوەی سنووری کوردستان ‏بەڕەچاوکردنی راستییە مێژووییەکان، بەڵگە یاسایی و مێژووییەکان، جوگرافیای سروشتیی ناوچەکە.‏
کوردستانی نوێ بەپێویستی زانی دۆسێیەک بۆ ئەو مەسەلەیە بکاتەوەو رای چەند کەسێکی پسپۆڕ و شارەزا لەچەند بوارێکی ‏جیاوازدا بڵاوبکاتەوە.‏


لە کوردستانی نوێ ـوە