Home / مێژووى جیهان / مێژووى گشتى / هۆکاری بەشداری بەشداریکردنی ئەمریکا لە جەنگی یەکەمی جیهانی

هۆکاری بەشداری بەشداریکردنی ئەمریکا لە جەنگی یەکەمی جیهانی

گەرمیان حەسەن

شکاندنی سیاسەتی گۆشەگیری
ئەمریکا سیاسەتی گۆشەگیری پەیڕەو دەکرد، دەستێوەردانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکای نەدەکرد و وڵاتە ئەوروپیەکانیش بۆیان نەبوو دەستێوەردان لە کاروباری کیشوەرەکە بکەن،ئەمەش دەگەڕایەوە بە سەرۆک “جەیمس مۆنرۆ” کە لە نامەیەکدا کە لە 2ی کانوونی دووەمی 1823پێشکەشی کۆنگرێسی ئەمریکای کردووە داوای گەرەنتیکردنی سەربەخۆیی هەموو وڵاتانی کیشوەری ئەمریکای کردە بەرانبەر دەستێوەردانەکانی ئەوروپا. لە هەمان کاتدا شکاندنی گۆشەگیری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لایەن سەرۆک “وودرۆ ویلسۆن” کە بە کەسێکی و عەقڵانی و مامۆستای زانکۆ و شارەزایی سیاسی دەناسرێتەوە لە کاتێکدا پابەند بوو بە بنەماکانی سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆ.
دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵوێستی بێلایەنی لە شەڕەکەدا هەبوو، ئەمەش مامەڵەی ئابووری لەگەڵ هەموو لایەنە شەڕکەرەکاندا مسۆگەر کرد و زۆرترین قازانجی دەکرد، دوای سەرهەڵدانی شەڕەکە بوو بە گەورەترین وڵاتی هەناردەکاری بۆ ئەو وڵاتە شەڕکەرانە، کەرەستەی خاو و کاڵای خۆراکی و کەرەستەی سەربازی بۆیان هەناردە دەکرد، بەڵام بازرگانی ئەمریکا لەگەڵ ئەوروپا لە ئەنجامی ئەو گەمارۆ دەریاییەی فەرەنسا و بەریتانیا بەسەر ئەڵمانیادا سەپاند، ئەمەش شەڕی ژێردەریاییەکانی ئەڵمانیا بۆ شکاندنی ئەم گەمارۆیە دەستیکرد بە ڕووبەڕووبوونەوە و پەلاماری سەخت بۆ نەیارەکانی، ژێردەریاییەکانی ئەڵمانیا دەستیان کرد بە نوقمکردنی کەشتییە سەربازی و بازرگانی و مەدەنییەکان، لەنێویاندا کەشتیی نەفەرهەڵگری لویستینا کە سەر بە کۆمپانیای کەشتیوانی کۆنارد بوو لە ساڵی 1915.
لەو سەرنشینانەی گیانیان لەدەستدا 128 کەسیان ئەمریکی بوون، بەڵام ئەوەی ئەمریکای ڕاکێشایە ناو جەنگ جەنگی بێسنووری ژێردەریایی ئەڵمانیابوو، کاتێ تەلەگرافی “زیمرمان”ی ئەڵمانی پلانی ئەڵمانییەکانی بۆ یارمەتیدانی مەکسیک بۆ هێرش کردنە سەر ئەمریکا بۆ گرتنەوەی تەکساس و نیو مەکسیکۆ و ئەریزۆنا ئاشکرا کرد ئەگەر هێرش بکاتە سەر ئەمریکا. ئەم پەیامە نیهێنییەی ئەڵمانیا بۆ مەکسیک، هەواڵگری بەریتانیا پەیامەکەی گرت و کۆدەکانی پەیامەکەی شیکردەوە، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ شەڕی ئەمریکا دژی ئەڵمانیا لە ساڵی1917.
بەم هۆیە ڕای گشتی لەسەر بیرۆکەی بەشداریکردن لە جەنگ دابەش بوو بەتایبەتی کە نزیکەی چوار ملیۆن ئەڵمانی بە ڕەچەڵەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەژین و هاوسۆز بوون لەگەڵ ئەڵمانیا. بەرەکەیتر پابەند بەو جەنگە سەرکەوتووەی دژی ئیسپانیا لە ساڵی 1898 کە وای کرد سەرپەرشتی خۆی بەسەر کوبا و فلیپیندا بسەپێنێت و بازنەی بەرژەوەندییەکانی فراوانتر بکات بەریتانیا دەستێوەردانی نەکرد لە کاتی گرتنی ئەو ناوچانەدا. وردە وردە دەستی کرد بە لایەنگری سیاسەتی بەریتانیا بەرانبەر بە ئەڵمانیا، وەک ئەوەی لە کۆنفرانسی دوورگەی سەوزدا سەبارەت بە مەغریب ڕوویدا، بەهۆی پشتیوانی بەریتانیا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە شەڕی لەگەڵ ئیسپانیا و لە کێشەی سنووری لەگەڵ کەنەدا لە کاتی جەنگی یەکەمی جیهانییدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆی دەرکەوت بەرژەوەندی ئابوورییەکەی لە هاوکاریکردندایە لەگەڵ بەریتانیا بەهۆی هەوڵەکانی ئەڵمانیا بۆ دامەزراندنی بنکەی سەربازی لە ئەمریکای لاتین و زیادکردنی کۆڵۆنیالیزمەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی دوور و ئۆقیانوسەکان ئەمەش مەترسی لەسەر داهاتووی ئەمریکا هەبوو ئەگەر بێتو لەم جەنگە هاوپەیمانان ببەێنێ.
ودرۆ وێڵسن پێی وابوو ئەو بێلایەنی نەرێنی واتە “گۆشەگیری” لە کاتێکدا جەنگی یەکەمی جیهانی هەڵگیرسابوو، لە ڕووی ئابووری و ستراتیژییەوە زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەگەیەنێت. پێشی وابوو بێلایەنی ئەرێنی ئەو ڕێگایەیە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەدی دەهێنێت و ئەم ڕوانگەیە بریتییە لە ❞وەستاندنی شەڕ لە لایەن ئەمریکا بەبێ هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ لایەنێک بەسەر لایەنێکی تردا بە سەرکەوتنی تەواو، چونکە سەرکەوتنی لایەنێک بەسەر لایەنێکی تردا دەبێتە هۆی زاڵبوونی هەژموونی ڕووسیای قەیسەری یان ئەڵمانیا، بەم شێوەیە لایەنێک زاڵ دەبێت بەسەر جیهانداو دەبێتە دەمسپی وڵاتانی جیهان❝.
شتێکی سروشتی بوو لەم دۆخە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وا هەنگاوی هاویشت بۆ بەشداریکردن لە جەنگی یەکەمی جیهانی لە تەنیشت وڵاتانی هاوپەیمان لە دژی وڵاتانی ناوەند، سەرۆک ودرۆ ویلسۆن بڕیاری شەڕی لە دژی ئەڵمانیا ڕابگەیاند کە دەستدرێژی دەکاتە سەر بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکا و بەم شێوەیە سیاسەتی گۆشەگیری مۆنرۆ شکێنرا.

هۆکارەکانی چوونە ناو جەنگی یەکەمی جیهانی ئەمریکا:
بانکە ئەمریکییەکان: بڕە پارەیەکی زۆریان بە قەرزدا بە وڵاتانی بەریتانیا و فەرەنسا بۆ دابینکردنی خەرجی دارایی هێرش و لەشکرکێشییە جەنگییەکانیان، ئەمەش وایکرد ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شانبەشانی ئەم دوو وڵاتە بچێتە ناو شەڕەکەوە بۆ ئەوەی گەرەنتی قەرزە داراییەکانی بکات و بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت، ئەم بارودۆخە بووە هۆی گۆڕانکاری لە سیاسەتی ودرۆ وێڵسن. مەیلی ئەمەریکا بۆ ئینگلتەرا و هاوپەیمانەکانی بوو، هەروەها ترسی ئەمریکا لە سەرکەوتنی وڵاتانی ناوەند و بەزاندنی وڵاتانی هاوپەیمان بەوجۆرەی سەروەری ئەڵمانییەکان کە بڕوایان بە بنەمای ڕەگەزی باڵا و تیۆری حوکمڕانی ڕەها هەیە، لە دوای ئەوروپا ئامانجی دواتری کیشوەری ئەمریکا دەبێ و هەرکاتێک بێ دوور نییە لە دەستی ئەڵمانییەکانی پێ بگات.
پاش ئەوەی سوپای ئەڵمانیا خاکی بەلجیکایان بەزاند هەرچەندە بێلایەن بوو. ئەمەریکیەکان بەتەواوی ڕقیان لەم کارە ئەڵمانەکان بووەوە، چونکە بە بۆچوونی ئەوان ئەمە نوێنەرایەتی شێوازی بەکارهێنانی هێز دەکات لەلایەن وڵاتانی بەهێزترەوە دژی گەلانی لاواز و ئەمەش مانای بەکارهێنانی لۆژیکی هێزە لە جێبەجێکردنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی زلهێزەکاندا.
هۆکاری ئایدیۆلۆژیی: لە ئەمریکا بانگەوازی توند هەبوو بۆ چوونە ناو شەڕ لەلایەن دیموکراسخوازەکانەوە، پشتیوانی فەرەنسا و بەریتانیا بوون بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەڵمانیا و نەمسا وڵاتی پاشایەتی دیکتاتۆر و خۆسەپێن بوون چیتر سیستەمەکەیان لەگەڵ سەردەمی مۆدێرن ناگونجێت و ئەرکی گەلی ئەمریکایە گەلانی ئەڵمانیا و نەمسا لە دیکتاتۆرییەتی فەرمانڕەواکانیان ڕزگاریان بکەن و دەرفەتی ئەوەیان پێ بدەن خۆیان بە شێوەیەکی دیموکراسی بەڕێوەببەن، بەڵام ڕەخنەی توند هەبوو ئاراستەی ئەم بۆچوونە کرا، لەسەر ئەوە بوو کە چوونە ناو شەڕەکە لە لایەنی ئینگلتەرا و فەرەنسا بە واتای چوونە ناوەوە بۆ بەرەی ڕووسیای قەیسەری بوو، ئەمیش دیکتاتۆر و خۆسەپێن و کۆنەپەرستە، جێی شانازی و ڕێز نابێت بۆ ئەمریکا بەرگری لەم جۆرە قەیسەرە دیکاتۆرە بکات، بەڵام لەو دەمەدا شتێک ڕوویدا دۆخەکەی گۆڕی ئەویش شۆڕش بوو، لە مانگی ئازاری 1917 لە ڕووسیا هەڵگیرسا و ئیتر شتێ نەبوو ڕێگری بێ لە چوونە ناوەوەی ئەمریکا لە بەرەی هاوپەیمانانەوە، حکومەتی کاتی ڕووسیا بەیاننامەیەکی ڕاگەیاند کە بەرەو دیموکراسییەکی ئەوروپی دەڕوات بەم شێوەیە شەڕەکە بوو بە شەڕی نێوان دیموکراسی و خۆسەپێنەکان(ئۆتۆکراسی) ئەوەش بەس بوو ڕێگە خۆش بکات بۆ ئەوەی ئەمریکا بچێتە ناو شەڕی دژ بە وڵاتە دیکتاتۆرانە
هۆکاری ئابووری: لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی ئەوروپاوە، سیاسەتی ودرۆ وێڵسن جەختی لەسەر هاندانی دامەزراوە ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە سیاسەتی بێلایەنی ڕاستەقینە کردەوە، بەهۆی سروشتی ئابووری ئازادی ئەمریکا، دامەزراوە ئابوورییەکان توانای نزیکەی ڕەهایان هەبوو لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمانە یان ئەو وڵاتانەی لەسەر بنەمای قازانجی ماددی و بەرژەوەندی بێ، بۆیە هەموو وڵاتە گەورەکانی شەڕکەر پێویستیان بە قەرزی گەورە هەبوو و ئەم وڵاتانە ئامادەبوون ئۆڤەری سەرنجڕاکێش پێشکەش بە بانکەکانی ئەمریکا بکەن، بۆیە سەرکەوتنیان لە بەرژەوەندی ئەو دامەزراوە ئابووریانە دەبوو یان شکستیش بە مانای لەدەستدانی قەرز و سوودیان دەگەیەنێت. بۆیە وڵاتانی هاوپەیمان قەرزی گەورە و زۆریان لە بانکەکانی ئەمریکا وەرگرت بۆ دابینکردنی خەرجی دارایی کەرەستە سەربازییەکانی، بۆیە ئەمریکا بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن بۆ وڵاتانی هاوپەیمانان هاتە ناو شەڕەکەوە بۆ ئەوەی قەرزی بانکەکانی بەفیڕۆ نەچێت، هۆکارێکی دیکەی ئابووری ئەوەیە، ئەمریکا لە دوای سەرهەڵدانی شەڕەکە تووشی قەیرانێکی ئابووری بوو بەهۆی وەستانی بەشێکی زۆری هەناردەکردنی بۆ ئەوروپا و بازنەی سیاسی و ئابوورییەکانی ئەمریکا پێیانوابوو شەڕەکە زۆر ناخایەنێ، کاتێ بەردەوامی هەبوو، دامەزراوە ئابوورییەکان دەبوو ناوچەی چالاکیی ئابووری بۆ خۆیان بدۆزنەوە و بەو پێیەی بەلەمەکانی بەریتانیا و فەرەنسا خەریکی سەپاندنی گەمارۆی توند بوون بەسەر کەناراوەکانی ئەڵمانیا، فرۆشتن و بازاڕی ئەمریکا لە بەریتانیا و فەرەنسا چڕ بووەوە و ئەمەش وردە وردە وایکرد ئەمریکا شەڕ لە دژی وڵاتانی ناوەند ڕابگەیەنی.
هەندێ بۆچوون باس لە فشاری جولەکەکان دەکات، ڕۆڵێکی گەورەی لەسەر حکومەتی ئەمریکا و لەسەر کۆنگرێس هەبووە، ئەمەش پاڵ بە ئەمریکاوە ناوە بۆ ئەوەی شانبەشانی ئینگلیزەکان بچێتە ناو شەڕەکەوە. بەهۆی ماندووبوونی زۆریان بۆ ڕاگەیاندنی جاڕنامەی “بلفۆر” بۆچوونی ئەمریکا لەو کاتەدا زۆر لە ژێر کاریگەری و پشتیوانی جولەکەکان لەسەر کۆمەڵگای ئەمریکا بووە. ئەمەش هاوسۆزییەکی زۆری لە بیروڕای ئەمریکیەکان ئەوروپا بەدەست هێنا
هۆکاری سەربازی: شەڕی ژێردەریایی گەورەترین هۆکاری سەربازی بوو پاڵی بەئەمریکاوە نا بۆ ئەوەی لەبەرەی هاوپەیمانانەوە بچێتە ناو شەڕەوە دژی وڵاتانی زلهێزی ناوەند، بەڵام شەڕی ژێردەریاییەکان ئاستەنگی گەورە دروستکردبوو دژی کەشتیگەلی هاوپەیمانان و بازرگانی ئەمریکا و بەریتانیا بوو.
ژێردەریاییەکانی ئەڵمانیا و نەمسا دژی کاروانە هاوکاری و چەک و پشتیوانەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بوو کە بەرەو بەریتانیا و فەرەنسا و ڕووسیا دەڕۆیشتن، مەبەستیشی لەمە گەمارۆ خستنە سەر ئابووری ئینگلیز بوو، تەنها ڕێگای سەرکەوتنیش بەسەر هاوپەیماناندا ئەڵمانەکان لەجەنگی ژێردەریاییدا دەبینی. هێرشی ژێردەریایەکانی ئەڵمانیا بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی هاوپەیمانان، بەتایبەتی تێکشکاندنی کەشتی (ئاڕ ئێم ئێس لوسیتانیا) ڕای گشتی ئەمریکای جوڵاند لە دژی وڵاتانی ناوەند، چونکە لەناو کەشتییەکەدا زیاتر لە هەزار کەسی هەڵگرتبوو لەو ژمارە 128کەسیان ئەمریکی بوون. بەڵام بەردەوامی هێرشەکان ئەمریکای هاوردە شەڕەکەوە لەساڵی1917. هەر بۆیە مێژوونووسانی ئەمریکی و ئینگلیزی و فەرەنسی شەڕی ژێردەریایی ئەڵمانەکان گرنگترین و یەکەمین هۆکاربوو لە ناچارکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ چوونە ناو شەڕەکەوە
هۆکارە نێودەوڵەتییەکان: ئەو هۆکارە نێودەوڵەتیانەی کاریگەرییان لەسەر ئاراستەی ئەمریکا هەبوو بەرەو شەڕ وەکو
گرژی پەیوەندی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆماری مەکسیکی دراوسێی.
کێشەی ژاپۆن کە پەیوەندی بە هاوسەنگی نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی دووردا هەیە.
تێکچوونی هاوسەنگی نێودەوڵەتی جیهانی لەبەر ڕۆشنایی پەرەسەندنەکانی جەنگ لە دڵی کیشوەری ئەوروپا
بەریتانییەکان نووسراوێکی نیهێنیان خستە بەردەستی ئەمریکییەکان لەو نووسراوەدا نامەیەکی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کە داوای لە مەکسیک دەکرد بۆ هێرشکردنە سەر ئەمریکا دەست بەسەر ئەو خاکانەدا بگرێتۆ لە شەڕەکانی پێشوودا لەدەستیچووە بۆ ئەم کارەش ئەڵمانیا هاوکاری دەبێ و پێشنیاری ئەوە دەکات کە ڕەنگە ژاپۆن ڕازی بکرێت کە لایەنی خۆی بگۆڕێت و هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە زەریای هێمن، کۆنگرێس و خەڵک خەرۆشان و هەستیار بوون بەرامبەر بەو جۆرە نیگەرانیانە و بە وردی ئاگاداری کێشەکانی ئەم دواییە بوون کە پەیوەندییان بە مەکسیکەوە هەبوو. لەم دۆخەدا پێویستی بە هەنگاوی سەربازی هەبوو لەوێدا، لە نێوان تووڕەیی و پەرۆشیدا ئەمریکا دەستبەجێ دۆخەکە تا زیاتر خراپتر نەبێ لە 6ی نیسانی1917 شەڕی ڕاگەیاند.

دۆخی وڵاتانی هاوپەیمانان و ناوخۆی ئەمریکا پێش دەستێوەردانی ئەمریکا بۆ جەنگ:
دۆخی واتانی هاوپەیمانان لە دوای سێ ساڵ جەنگ بەرانبەر وڵاتانی ناوەند بڕستیان لێ بڕابوو. فەڕەنسا داگیرابوو، ئیتاڵیا شکستی خواردبوو هێزی نەمابوو، ڕووسیای قەیسەریش لە ڕووخاندابوو لە بەرەکان بەردەوام لە دۆخی کشانەوەدابوو لە ناوۆی وڵاتدا دۆخەکە کاتژمێری سفردابوو لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە دژ بە قەیسەر، بەریتانیاش بەشێکی گەورەی کەشتییەکانی تێکشکابوو.
لەبارەی ناوخۆی ئەمریکاوە ودرۆ وێڵسن بەهۆی ئەوەی لە بەرەی دیموکراتەکان بوو کۆمارییەکان کە ڕکابەری سەرسەختیان بوون جۆرێکی ململانێی سیاسی لەنێوانیاندا بوو، کۆنگرێس ژماریەکی زۆر لە کۆمارییەکانی ناردبوو بۆ ئەنجوومەنی سینا لەوێ دژایەتی خۆیان بۆ بەندەکانی و بڕیارەکانی سەبارەت بە جەنگی ئەوروپا دەربڕی کە ودرۆ وێڵسن دەستێوەردانی کردووە، دەبێ بێلایەنی ئەمریکا و ئازادی بازرگانیەکەی بپارێزێ و سەرنجی بخاتە سەر فراوانخوازی ئەمریکا لە ئاسیای ڕۆژهەڵات و زەریای هێمن و ئەمریکای لاتین، ئەمەی دەیکات سەرۆک پشتکردنە سیاسەتی نەریتی وڵاتە.

: بەشداری ئەمریکا لە جەنگی جیهانی یەکەمدا
ئەمریکا لەگەڵ هاتە ناو شەڕەکەوە، دوو هەنگاوینا. یەکەم هەنگاو سەرۆک ودرۆ وێڵسن لە 3ی شوباتی 1917 دا پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئەڵمانیا ڕاگەیاند. هەنگاوی دووەم ئەمریکا لە 6ی نیسانی هەمان ساڵدا بە فەرمی شەڕی دژی ئەڵمانیا ڕاگەیاند دوای ئەوەی ژێردەریاییەکانی ئەڵمانیا کەشتییە بازرگانییەکانی ئەمریکایان بەشێوەی توڕەکردنی بە ئەنقەستی ئەو وڵاتە نوقم کرد، لە ئەنجامدا زیانی ماددی و مرۆیی زۆری لێکەوتەوە. لە کاتێکدا ئەڵمانیا بەڵێنی پێشوەخت کەشتییەکانی ئەمریکا ئاگادار دەکەینەوە، بەڵام بەڵێنەکان هەر لە چوارچێوەی قسەدا مانەوە.
ئامانجی ودرۆ وێڵسن بەشداریکردن لە شەڕەکەدا لە لایەنی هاوپەیمانانەوە لە کۆنگرێس وتارێکی دا وتی: “ئێمە لەگەڵ گەلی ئەڵمانی شەڕ ناکەین، بەڵکو ئێمە ڕووبەڕووی دیکاتتۆری سەربازی دەوڵەتی ئەڵمانی دەبینەوە، ئێمە دنیایەک دروست دەکەین دیموکراسی تیایدا بپارێزرێت.”
لە گرنگترین بەرهەمی بەشداری ئەمریکا ئەوە بوو زوو کۆتایی بەم شەڕە هێنا. دووملیۆن سەربازی ڕەوانەی ئەوروپا کرد بۆ بەرەکانی جەنگ لەگەڵیشیدا 35ملیۆن دۆلاری وەکو قەرز هاوکاری دا بە هاوپەیمانان لە پەیامەکەیدا کە لە مانگی یەکی ساڵی 1918دا ئاراستەی ئەنجومەنی پیرانی کرد چواردە بەندە بەناوبانگەکەی وەک بنەمای ئاشتییەکی دادپەروەرانەی لەخۆگرتبوو: پوچەڵکردنەوەی پەیماننامە نێودەوڵەتییە نهێنییەکان و گەرەنتیکردنی ئازادیی دەریاکان و لابردنی بەربەستە ئابوورییەکانی نێوان گەلان و کەمکردنەوەی خۆچەککردنی وڵاتان و ڕێکخستنی داواکارییەکانی کۆلۆنیالیزم بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی کۆلۆنیالیزمەکان، هەروەها بنەماکانی دیکەی دانا بۆ دووپاتکردنەوەی مافی خۆبەڕێوەبەری و گەشەی ئابووری، دابینکردنی کۆمەڵەیەکی گەلان بۆ دابینکردنی گەرەنتی هاوبەشی سەربەخۆیی سیاسی و یەکپارچەیی وڵاتان بۆ هەموو دەوڵەتەکان، گەورە و بچووک بە هەمان شێوە.
ڕۆڵی ئەمریکا لە شەڕەکەدا ناردنی تەقەمەنی و پێداویستی و کەرەستە و خۆراک بوو بۆ وڵاتانی هاوپەیمان.ئەمریکا دەبوو زۆر شت بۆ وڵاتانی هاوپەیمان دابین بکات ئێستا هێزی سەربازی و سوپای ڕاهێنراو و چەکی باش و توانای ئابووری گەورەی هەبوو. هاتنە ناوەوەی ئەمریکا بەشداری کرد لە ڕزگارکردنی پێگەی بەریتانیا لە تەسلیمبوون دوای ئەوەی کەشتی جەنگی و سەربازێکی زۆری لەدەستدابوو. لەگەڵ هاتنی بۆ ناو جەنگ، زۆرێک لە وڵاتانی جیهان پەیوەست بوون بە شانۆی شەڕ لە دژی ئەڵمانیا، بەمەش هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی هاوپەیمانان لە دژی وڵاتانی ناوەندەکان زیاد بوو، ئەمەش شکستی ئەو وڵاتە و ڕاگەیاندنی ئاگربەستی خێراتر کرد.
لە هاوینی ساڵی 1918 کە سوپای ئەڵمانیا پاشەکشەیان کرد، حکومەتی ئەڵمانیا داوای هاوکاری لە سەرۆک ودرۆ وێڵسن کرد بۆ دانوستان لەسەر چواردە خاڵەکەی مافی گەلان دوای ئەوەی ویڵسن خۆی پشتڕاستی کردەوە کە ئەم داواکارییە لەلایەن نوێنەری خەڵکەوە دەرچووە نەک لەلایەن باندی سەربازییەوە، بابەتەکەی لەگەڵ هاوپەیمانان ئاڵوگۆڕ کرد و ئەوانیش لەسەر ئەم بنەمایە، ئاگربەستی شەڕیان ڕاگەیاند 11ی تشرینی دووەمی 1918.

ئەنجامی چوونە ناوەوەی ئەمریکا بۆ جەنگی یەکەمی جیهانی:
ئەمریکا سوودمەندێکی بێشوماربوو لە چوونە ناو جەنگ لەسەر ئەو بنەمایەی یەکەم قەرزدەری ئەوروپا بوو پێش جەنگ و لەکاتی جەنگیشدا، هەروەها ئەمریکا دوای جەنگ لە ئەنجامی دانەوەی قەرزەکانی 54٪ ی یەدەگی زێڕی جیهانی کۆکردەوە و بەم شێوەیە بوو بە یەکەم قەرزدەر لە جیهاندا و خەزێنەکەی پڕبوو.
دەستبەسەرداگرتنی موڵک و کارگەکانی ئەڵمانیا، بەتایبەتی کارگەکانی بەرهەمهێنانی ماددە کیمیاییەکان، یەکێک بوو لەو هۆکارانەی ئابووری سەربازی و مەدەنی وڵاتەکەی بوژاندەوە.
لە بواری بەرهەمهێنانی فڕۆکەدا بڕیار بوو هێزی ئاسمانی لە ساڵی 1918 لە 22 هەزار فڕۆکە پێک بهێنرێت بەپێی ئەو پلانەی بۆ ئەو مەبەستە دانرابوو و دەرکەوت ژمارەکە ئەوەندە زیادەڕەوییە کە وڵاتانی شەڕکەر خۆیان یەکێک لە 2500 فڕۆکەیان نەبوو و سروشتی بوو ژمارەی فڕۆکە ئەمریکییەکان کە بەشداریان لە جەنگدا کرد تا ئاگربەست تەنها چارەکێکی ئەو ژمارەیە بوو کە پێشتر پێشنیار کرابوو. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە زیاد لە توانای خۆی دەیتوانێ ئامادەکاربێ بۆ شەڕ.
مێژوونووسێکی فەرەنسی ئاماژەی بەو دەستکەوتانەی ئەمریکا کرد لە ڕێگەی بەشداریکردنی لە شەڕەکەدا بەدەستی هێناوە و ڕایگەیاند، دەستکەوتەکانی لە شەڕەکەدا بە سەرکەوتوو دەرکەوت و براوەی یەکەمیش بوو تیایدا، بەو پێیەی بەرهەمی خەڵوز تێیدا زیادی کرد، لەگەڵیدا بەرهەمی پۆڵا و بەرهەمی کشتوکاڵی تێدا دوو هێندە زیادی کرد، بەجۆرێک زیادەی بازرگانی بۆ ماوەی نێوان ساڵانی نێوان 1914 بۆ 1918 یەکسان بوو بە زیادە بۆ ساڵانی نێوان 1787 بۆ 1914.
هەروەها دەستێوەردانی ئەمریکا لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا بناغەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی گۆڕی، چونکە سەلماندی وڵاتانی ئەوروپا بێ دەستێوەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا توانای چارەسەرکردنی کێشەکانیان نییە و بووە هۆی هێنانەکایەی چەمکی نوێ کە گرنگترینیان دیپلۆماسی گشتی بوو، بەو پێیەی ویڵسن ویستی ئەم دیپلۆماسیەتییە دابمەزرێنێت و کۆتایی بە دیپلۆماسی نەریتی لە ئەوروپا بهێنێت.
ئابووری ئەمریکا لەگەڵ زیادبوونی خواستی وڵاتانی شەڕکەری ئەوروپی بۆ بەرهەمی پیشەسازی و کشتوکاڵی ئەمریکی زۆر گەشەیسەند، دوای ئەوەی وزەی مرۆیی و ئابووری خۆیان بەهۆی جەنگەوە تەواو بەفیڕۆدا.
ئەمەریکا لە شەڕدا وەک گەورەترین وڵاتی جیهان دەرچوو، چی لە ڕووی سیاسی و چی لە ڕووی ئابوورییەوە. لە ساڵی 1890 تا 1940چەندین نەتەوەی جیاواز هاتنە ناو وڵاتەکەوە و تێکەڵاوبوون و ژمارەی دانیشتوانی ئەمریکایان پێکهێنا، ژمارەی دانیشتووانی ئەمریکا زۆر زیادی کرد لەو ماوەیەدا.
دەستێوەردانی دیپلۆماسی ئەمریکا و 14خاڵەکەی ودرۆ وێڵسن بەشدارییان کرد لە ئاسانکاری دانوستانەکان. ئەم بنەمایانەی ودرۆ وێڵسن پێشنیاری ئاشتییەکی عەقڵانیان دەکرد لەسەر بنەمای مافی چارەی خۆنووسینی گەلان و دامەزراندنی کۆمەڵەی گەلان کە لە ساڵی 1919 دامەزرا، یەکەم ڕێکخراوی جیهانی بوو بەرپرسیارێتی دابینکردن و گەرەنتیکردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ئەستۆ گرت. زۆرێک لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و کەسایەتییە سیاسییەکان ئارەزووی ئەوەیان دەکرد ئەم ڕێکخراوە بێتە کاراوە، دیارترینیان ودرۆ ویڵسن سەرۆکی ئەمریکا بوو، لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی ئەو بیرۆکەیەی کە “دەبێت زلهێزەکان جیهان بەڕێوەببەن”، بانگەوازەکەی بۆ ئەو ڕێکخراوە جیهانییە دەستپێکرد، هەروەها بڕوای وابوو سیستەمی تەرازووی هێزی ئەوروپی هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕەکانە، دیارترینیان جەنگی یەکەمی جیهانیی بوو.

سەرچاوە:
فریشتە نورایی، مێژووی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەمریکا، و؛ هەورامان فەریق کەریم، چاپخانەی تاران، چاپی2، 2013.
فاطمة الحاطمي، خول الولايات المتحدة الأمريكية للحرب العالمية الأولی(۱۹۱۷م – ۱۹۱۸م)
حامد حميد كاظم،دخول الولايات المتحدة الأمريكية ‌الحرب العالمية الأولی
الولايات المتحدة تدخل الحرب
https://theworldwar.org/ar/learn/about-wwi/us-enters-war

About دیدار عثمان

Check Also

ئەو ناودارانەی کورد، کتێب و کتێبخانەکانیان سووتێنرا.

گەرمیان حەسەن چیرۆکی سووتاندنی کتێب و کتێبخانەکان دیرۆکێکی زۆر لەمێژە. مرۆڤایەتی بڵێسەی یەکەم پرۆشەی سووتانی …