وەرگێرانی موحمەد وەسمان
بەشی سێیەم
د. تەھا باقر
٣- فرەخوداوەندیی لە ئایینی بابلیدا
-ئایینی سۆمەری و بابل و ئەکەدی و ئاشووری ، ئایینی فرەخواوەندین( Polytheism )) (تعدد الالھة ) خواوەندانی بابل بە ھەزارانن ، فەرھەنگێکی (قاموس) گەورەیان لێ پێکدێت. لیستیان بە ناوی خواوەندانیان نووسیوە . کاھینەکانیان کۆڕی خواوەندانیان ڕێکخستوە و پەیوەندیان بەیەکەوە دیاری کراوە و ئەرک و دەستەڵاتی ھەر یەکەیان دیارکراوە ، ھەروەھا ئاسمانیان دابەش چەندان ناوچە و کەلو – برج کردووە و لە ھەر یەکەیان خواوەندێکیان داناوە .
ھەر دیاردەیێکی گرنگی گەردوون و ھەر کار و بارێکی ژیان خواوەندێکی تایبەتی ھەیە ، پەندزانی و زانیاری خواوەندێکی ھەیە ، خۆر خواوەندێکی ھەیە ، مانگ – ھەیڤ خواوەندێکی ھەیە ، جەنگ خواوەندێکی ھەیە ، تاعون و نەخۆشیەکان خواوەندیان ھەیە ، بروسک و گرمەی ھەور خواوەندێکی ھەیە .. ھتد .
بابلییەکان بەدرێژایی مێژوویان ،گەشتنە ئەو ئاستەی
– بە مەزن دانانی خواوەندێک لەنێو ئەنجومەنی خواوەندان و پایەی بەرز پێبەخشین ، وەک بۆ مەردۆخ کرا لە سەردەمی حەمورابی ، ئەم دیاردەیە پێی دەوترێت بە تاکە مەزن دانان (التفرید) ( Henotheism) واتە لەنێو خواوەندان یەکێک دەکرێتە مەزنی ھەمووان .
٤- زیندەگەری(الحیویة ) ( Animism) و مرۆیاندن (کەساندن)(لەیەک چواندن) –و (التشبیە– التأنس)
Anthropomorphism
یەکێک لە تایبەتیەکانی ئایینی بابلی و پێش ئەویش سۆمەری بنەمای زیندەگەری یە: واتە باوەڕ بوون بە ھەبوونی ھێزێک یا گیانێک لە ھەموو دیاردە سروشتییەکاندا . تەنیا بابلییەکان ئەم بیر و بۆچوونەیان نەبوو ، بەڵکو زۆر لە نەتەوەکان شارستانیەکەیان بەم قۆناخەدا ڕەتبوو بوون ، ھەشیانە ھێشتا لەم قۆناخەدا دەژین . . خواوەندانی بابل لە بنجدا بەرجەستەکردن ، تەنپێبەخشین ، یا نواندنی دیاردە سروشتییە جیاجیاکانن . ژیان خۆی ھێزە ،بە پێچەوانەش، ژیان لە ھەموو چەشنە ھێزێک و وزەیێکدایە ، لە مانگ و خۆر و باران .. ھتد، گیان ھەیە . خواوەندانی مرۆ دەیانپەرستن ، لەم چاخەی شارستانیدا ، تەنیا ، چەندان شێوەی ھێز ، یا نوێنەری دیاردە سروشتییە جیاجیاکانن .
خواوەندی بابل (ئینلیل) خواوەندی ھەوا و کەشە ، شمش(شمس) خۆرە ، دەشێ بڵێین : خواوەندانی بابلی ، کەوا دیاردە سروشتییەکان دەنوێنن ئەوەندەی ئەم دیاردانە زۆر بوون . ئاینی بابلی گەیشتە قۆناخێک ، ھێزە سروشتییەکانی گلدایەوە و ھەرە کاریگەرەکانی لە ژیانی خەڵک ھەڵبژارد ، وەک : خۆر ، مانگ ، کەش و ھەوا .. ھتد .
– مرۆیاندن (کەساندن)(لەیەک چواندن) –و (التشبیە– التأنس) (Anthropomorphism)
تایبەتمەندیێکی دیکەی دینی بابلی ، بوونی دیاردەی مرۆیاندن (کەساندن) ی دیاردە سروشتییەکانە (Anthropomorphism) (مذھب المشبھە) (مبدأ التأنس) ، مەبەست ئەو بیر و بۆچوونەیە ، سیفەتەکانی مرۆ (گیانی و مادی) وەک وێنە و ئەندام و بیروڕا دەداتە خواوەندەکان (دیاردە سروشتییەکان) وەک مرۆیان دەبینێت . سۆمەری و بابلی سیفەتە مرۆییەکانیان – ھەموو سیفەتەکان – دەدایە خواوەندەکانیان ، خواوەندەکان (دیاردە سروشتیەکان) ھەست و سۆز و خواستیان ھەیە وەک مرۆ ، دەژین و دەخۆن و دەخۆنەوە و ھاوژین – ھاوسەریان دەبێت و زاوزێ دەکەن و منداڵیان دەبێت و لە خانوودا دەژین ، پەرسگەکانی بۆ ئەوان دروست کراون ، خزمەتکار و چێشتلێنەر و پێشگۆکار (کاھن) یان تیایە ، ھەر خواوەندێک ھاوژین یا چەندان ھاوژین و دۆست و دڵخوازیان ھەیە و کچ و کوڕیان ھەیە .. ھتد . لە دیاردەکانی سیفەتی لەیێکچواندنیش ، بە خواوەند دانانی پادشا مەزنەکانیانە ، کە لە ژیاندان و دوای مردنیان ، ((نرام – سین)) پادشای بنەماڵەی ئەکەدی بەناوبانگ ،کرایە خواوەند ، ھەروەھا زۆر لە پادشایانی بنەماڵەی ئوری سێیەم ، بۆ ئەم پادشایانە پەرسگە لە تەنیشت گۆڕەکانیان دروستدەکرا بۆ پەرستنیان .
کەواتە گەر خواوەندان ، سیفەتەکانی مرۆیان ھەبێت ، جیاوازیان چیە لەگەڵ مرۆ ؟ وەڵام ئەوەیە خواوەندان چەندان سیفەتیان جیایە لە مرۆڤ ، وەک نەمری ، خواوەندان ، نامرن ، ھەتا ئەگەر کاتیش بمرێ ، وەک (دوموزی) خواوەندی بەھار ، ئەوەندە نابات زیندوو دەبێتەوە ، زیندوو بوونەوەی خواوەندی مردوو ئاساییە ، بە پێچەوانەی مرۆ .
شوێنی خواوەندان لە ئاسماندان ، گەر بیانەوێت دێنە خوارەوە و لەو پەرسگە گەورانەدا دەژین کە بۆیان دروست کراوە ، لە باشترین شوێنی شار و گەرەترین کۆشک ، سەرباری ئەوەش خواوەندان چارەنووسی مرۆیان لە دەستدایە و کاروباری جیھان بەڕێوە دەبەن و بڕ و بەشی شتان و کەسان دیار دەکەن ، بە گشتی چاکە خوازن ، ھەتا گەر خراپەش بکەن بۆ سزادانی مرۆ خراپەکان دەیکەن . خراپەی پوخت ، ئەوا گیانە خراپەکان و دێو و درنجەکان دەیکەن ، لە مرۆ بەھێزترن و لە خواوەندان بێ ھێزترن ، خەڵک نایان پەرستن ، بەڵام بەم جادووە ی لەھێزی خواوەندان و وەرگیراوە لە گەڵیان دەجەنگن .
د.طە باقر ، دیانة البابلیین و الاشوریین – سومر – كانون الثاني ١٩٤٦– ج ١ – مجلد 2 . ل ١ – ١٩ .