پێنج شه‌ممه‌ , تشرینی یه‌كه‌م 10 2024
Home / بەشی مێژووی كورد / شاری مەهاباد لە نێوان دوو بەرداش دا١٩٢١/١٠/٧

شاری مەهاباد لە نێوان دوو بەرداش دا١٩٢١/١٠/٧


‏ عبدالقادر شکاک
مەهاباد ئەو شارەی کە بە چەقی کێشەو ململانێکانی هزرو بیری ڕۆشنبیری و سەر هەڵدانی بیری و کوردایەتی دێتە ئەژمار کردن و یەکێکە لە گرنگترین شارەکانی ڕۆژهەڵات و لای خەڵکی کوردستان گرنگی تایبەتی خۆی هەیە ، هەڵکەوتەی ئەم شارە لە باکورەوە شاری ورمێ و لە ڕۆژهەڵاتەوە تەبرێز و لە باشورەوە شاری سنە و لەڕۆژئاواوە پیرانشار و ١١٩ کیلۆ مەتر لە شاری ورمێ وە دوورە ، لە مێژووی خۆیدا ئەم شارە سێ جار ئازادکراوە لە ساڵی ١٩٢١ دا لە لایەن هێزەکانی سمکۆی شکاک و لە ساڵی ١٩٤٦ دا وەک پایتەختی کۆماری کوردستان ناسێنراوە و ساڵی ١٩٧٩ دوای لە گۆڕنانی ڕژێمی شاهەنشاهی ئازاد و سەرفراز بووە پێش دەسپێکردنی جەنگی یەکەمی جیهانی و بە پێی ڕێکەوتنامەی ساڵی ١٩٠٧ لە نێوان ڕوسیا و بەریتانیا بە جۆرێک ڕێکەوتبوون کە باکوری ئێران تا سنوری دەوڵەتی عوسمانی لە ژێر نفوسی ڕوسەکاندا بوو ، باشووری ئەو وڵاتەش لە ژێر نفوسی ئینگلیزەکاندا بوو ، ناوچە کورد نشینەکانیش وەک ناوچەیەکی نێو کۆیی نێوان ئینگلیز و ڕوسەکاندا مابۆوە و حکومەتێکی لاوازی ئێرانیش لەو ناوچەیەدا بوونی هەبوو ، سمکۆ لە ململانێ یەکی قورسی ئێرانیەکاندا بوو شاری مەهابادیش گرنگیەکی تایبەتی هەبوو بەلای بزوتنەوەکەی سمکۆوە کە ڕۆژ دوای ڕۆژ هێز و ناوبانگی سمکۆ لە گەشە سەندندا بوو ئەمە جگە لەو هەموو نامانەی کە لە کەسانی دڵسۆز و نیشتیمانپەروەرانەوە ڕۆژانە بەدەستی دەگەیشت دژ بە ملهوڕیەکانی هێزی دەوڵەتی و سەرهەنگ حەسەنی مەلیکزادە کە دەسەڵاتی سەربازی بەسەر مەهاباد و دەوروبەریدا سەپاند بوو ، خەڵکی شار بێزار بوون ئەمەش هاندەرێکی باش بوو کە سمکۆ بیر لە ڕزگارکردنی ئەو شارە بکاتەوە ، لەشکرکێشی سمکۆ بۆ مەهاباد کارێکی ئاسان نەبوو بەڵکو سەرکێشییەکی گەورەو مەحاڵ بوو بۆ هێزێکی شەش هەزار سوارە و ڕێگایەکی دوور و چەندین زاڵگە و سەربازگەی دەوڵەتی لەسەر ڕێگاکە بوونی هەبووە ، ئەو هێزە زیاتر لە (چارێ ) ی مەڵبەند و زێدی سمکۆ وە ئامادە کرابوو دووری چارێ بۆ مەهاباد ١٦٠ کیلۆ مەترە ، جوڵاندنی هێزێکی وا کارێکی ئاسان نەبووە ، کاتێک هێزەکە دێتە ناو شاری ورمێ خەڵکی شار زۆر ترساون و بۆتە جێگای پرسیار و چاوەڕوانی کارەساتێکیان کردووە ، بەڵام لایەنگرانی سمکۆ وا بڵاویان کردۆتەوە ، کە ئاسوریەکانی هەڵهاتوی بندەستی تورکیا کە لە کۆمەڵکوژیەکەی دەوڵەتی عوسمانی ڕزگاریان بوو بوو هاتونەتە ناوچەی هەکاری و بە نیازن هێرش بکەنە سەر شاری ورمێ ، بۆیە سمکۆش بەرگری دەکات و ناهێڵێ شار بکەوێتە بن دەستی ئەوان ، ئەم دەنگو باسە تا نیوەڕۆ هەبووە
، پاشان کۆمەڵێک بە دەهۆڵ و زوڕناوە دێنە ناوشار خەڵکی دەپرسن ئەمە چیە ؟ دەڵێن سمکۆ زەماوەند دەکات و ژنی تازە دەهێنێ ،سمکۆ لەوکاتانەدا خۆی پیشانی خەڵکی ورمێ دەدات و ئیتر هێدی هێدی هێزەکەی سمکۆ لە شار لەبەر چاوان ون دەبن و نابینرێن . ڕۆژی ١٩٢١/١٠/٦ لە دوای نیوەڕۆ وە ئەو هێزە ڕێیان کردووە بەرەو مەهاباد وەک وتمان شەش هەزار سوارە و هەندێک لە شکاکەکان جگە لە ئەسپەکانی خۆیان ئەسپی تریشیان بردووە تا لە ڕێگا ، ئەگەر ئەسپێک ماندوو بوو ئەوی تر بەکار بهێنن ئەمە جگە لەوەی سمکۆ هەموو ئامادەکاریەکی ڕێگای کردووە و کەسانی خۆی پێشتر ناردووە قۆناغ بە قۆناغ خواردن و ئاڵف بۆ ئەسپەکان ئامادە بکەن تا دەگەنە مەهاباد . ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە ئەو هەموو سەربازگەیەی سەڕ ڕێگا ئەو هێزە زۆرەیان نەدیووە تا ڕێگریان لێ بکەن !؟ یان هەواڵ بدەن بە هێزەکانی تری دەوڵەت یاخود دەبێت زانیاریان هەبووبێت بەڵام خۆیان لەو شەڕە قورسە لاداوە ئەمەش زرنگی سەرکردایەتی سمکۆ دەردەخات ڕۆژی ١٩٢٢/١٠/٧ لە دوای نیوەشەوەوە هێزەکەی سمکۆ هێرش دەسپێدەکەن بۆ سەنگەرەکانی دەوری شاری مەهاباد و یەک یەک مۆڵگە و پێگەکانیان دەگرن وتێکیان دەشکێنن بەرە بەیان هێرش دەکەن بۆ ناو شار پێش نیوەڕۆ دەچنە ناوشار هێزەکانی دەوڵەت بەپێی گێڕانەوەی ئەفسەرە دیلەکان و ئەو ئەفسەرانەی ڕزگاریان بووە و هەڵهاتوون پاشان لە یاداشتەکانیاندا نوسیویانەتەوە کە ژمارەی هێزەکانیان لە مەهاباد ١٣٩٠ سەرباز بووە ، شەڕ لە نێو شاردا دوو ڕۆژی خایاندووە وەک لە چاوپێکەوتنەکەی سمکۆ و مستەفا پاشا یاموڵکی دا باسیکردووە هێندە شەڕەکە سەخت بووە تەنانەت تۆپی تێدا بەکارهێنراوە هێزەکانی دەوڵەتی تێکشکاون و هەندێک لە ماڵەکان داڵدەیان داون و پاراستویانن هەندێکیشیان لە ماڵەکانەوە سەنگەریان لە هێزەکانی سمکۆ گرتووە و زۆر بنەماڵەش سەر بەدەوڵەت بوون بەرگری یان کردووە ، دوای ئەوەی شار پاک دەکەنەوە لە پاشماوەی هێزەکانی ئێرانی ، بە شکستی ئەوان کۆتایی هات و ئەو ماڵانەی شەڕیان کردووە دژی سمکۆ ئەوا کەوتونەتە بەر شاڵاوی کوشتن و تاڵانی ، سروشتی هێزی سەرکەوتوو وا بووە لە مێژووی دوور و نزیکدا کە ئەو جۆرە دەستدرێژی و تاڵانی و کوشتنیشی تێدەکەوێت ٭ سمکۆ زۆر لەهەوڵی گرتن یاخود کوشتنی قازی عەلی بوو ، کە ئەوکاتە قازی عەلی هەفتانە وتاری ئاینی لە مزگەوتی مەهاباد دا دەدا و دژی سمکۆ و بزووتنەوەکەی دەوەستایەوە و بە تاڵانچی و پیاو کوژ ناوی دەهێنان ، بۆیە ناردی بە زیندووی یاخود بە مردوویی قازی عەلی بۆ بهێنن ‏کاتێک چوونە نێو ماڵەکەی و قازی عەلی یان دەسگیر کرد و بەسەر شکاوی و تەنانەت جل و بەرگیشیان لەبەردا نەهێڵا و ،هێنایان بۆ بەردەمی سمکۆ ، سمکۆ ڕووی تێکرد و وتی تۆ لە هەموو وتارێکی ڕۆژانی هەینی دا ئێمە بە بکوژ وچەتە و ڕێگر باس دەکەیت ، ئێمە چ خراپەیەکمان بۆتان بووە بۆ بە ڕێنمای دەوڵەت ناومان دەزڕێنی ، لەو کاتەدا کۆمەڵێک چەکداری تر کە چووبون بە شوێن قازی عەلی دا هاتنەوە و وتیان قوربان قازی عەلی مان کوشت ، سمکۆش سەری سوڕما وتی ئەوە قازی عەلی یە و گیراوە لای من ! ئێوە چ بێچارەیەکتان کوشتووە ؟ لەوەڵامدا وتیان قازیەکمان کوشتووە ئینجا سمکۆ زانی کە قازی لەتیف برای قازی عەلی یان بە هەڵە کوشتووە لەگەڵ ئەوەشدا سمکۆ زۆر دڵتەنگ بوو ، هێندەیان زانی عومەرخانی شکاک ٭ سەرهەنگ حەسەن مەلیکزادەی بە دیلی هێنایە بەردەمی سمکۆ و لەو کاتەدا عومەرخان دەمانچەکەی دەخاتە سەر سەری مەلیکزادە و دەیەوێت بیکوژێت بەڵام سمکۆ ڕازی نابێت و عومەرخان دوور دەخاتەوە پاشان سمکۆ ڕوو دەکاتە مەلیکزادە و دەڵێ ملهوڕی خۆت و هێزەکانت وایلێکردم بێم و مەهاباد لەدەست ئێوە ڕزگار بکەم ، مەلیکزادە کە ئەو هەموو سەربازە کوژراوەی خۆی بینیبوو ڕوو لە سمکۆ دەکات و دەڵێت: ( ئەو هەموو بێچارەیەت بۆ کوشتووە ؟ دیل چۆن دەکوژرێ ؟ ) سمکۆ لە وەڵامدا دەڵێت : ( ئەمانە خەڵکی بوناب و مەڵکەندی ومیاندواو بوون هەر یەکێک لەمانە هەتا ئێستا یەک دوو جار لای ئێمە بەدیل گیراون و قسەم بۆ کردوون و ئامۆژگاریم کردوون کە خەریکی وەرزێری و کشتوکاڵی خۆیان بن و پێموتن چیتان داوە لە شەڕ و گێرە و کێشە . بەڵام بە قسەیان نەکردم پاش ئەوەی خەرجی سەفەر و جل و بەرگم پێدان دیسانەوە جارێکی تر هاتونەتەوە بۆ شەڕ کردن لەگەڵماندا ، ئەوە بوو منیش فەرمانی کوشتنی ئەوانەم دەرکرد ، چونکە بە قسەیان نەکردبووم . خۆ منیش دەوڵەت نیم هەتا لە ئۆردوگا و زینداندا ڕایانگرم دیارە چارەی ئەوانە هەر کوشتنە ، بەڵام من دەپرسم کە تۆ نوێنەری دەوڵەتی ئێرانی پرسیارت لێ دەکەم ئەی ژەندمەکانی تۆ بۆچی لە کاتی ئاسایدا دەچنە بەردەرکی حەمامی ژنان و سەرپۆش و چادریان لە سەر ناموسی خەڵک لاداوە و بە ژن و منداڵی کوردان بێحورمەتیان کردووە ؟ تەنانەت چەند کەسێکی ڕیش سپی و پیاو ماقوڵ هاتوون و تکایان لێکردوون ، کە ئێوە مەئموری دەوڵەتن دەبێت پارێزگاری لە ناموسی خەڵک بکەن و نابێ بێحورمەتی بکەن بە ژن و کچی خەڵکی و حیجابیان لەسەر لابدەن لە وەڵامدا بێحورمەتیان بەرامبەر ئەوانیش کربوو . ئەی نازانی نەژادی کورد بێناموسی قەبوڵ ناکا ؟ مەلیکزادە بە بیستنی ئەم قسانە سەری داخست . جارێکی تر سمکۆ ڕووی کردەوە مەلیک زادە و وتی [ ئەوەی من کردوومە لەم شەڕەدا تەنانەت نادرەکەی ئێوە لە مێژوودا نەیتوانیوە بیکات . مەبەستی نادر شای ئەفشار (١٦٩٨ – ١٧٤٧) کە لە کاروباری سەربازی دا زۆر بە توانا بووە] . لەو کاتەدا سمکۆ بانگی سەید تەهای کرد و داوای لێکرد لەگەڵ مەلیکزادە و ئەفسەرەکان بێت تاکو خۆی بچێت بۆ سەر کەشی ئۆردوو )٭ سمکۆ پێش ئەوەی لەگەڵ ئۆردووەکەی بگەڕێتەوە بۆ ورمێ بەڕێوەبردنی شاری ڕادەستی مەحموود ئاغای هەمزە ئاغای برای قەرەنی ئاغای مامش کرد و کەریم ئاغای برای کرد بە موفەتیشی ناوچەی حەمەجان و ناوچەی بانەلێس
‏سمکۆ و لەشکرەکەی پێش ئەوەی بگەڕێنەوە لە هەوڵی گرتن و کوشتنی میرزا حەسەنی قازی دا بوو کە شاعیربوو ناسراو بوو بە ( سەیف القضات ١٨٧٦ – ١٩٤٥ )برای قازی عەلی بوو ، لە دوایدا بە درێژی باسی سەیف القضات و چوونی بۆ لای سمکۆ دەکەم
هەرچەندە لەم هاتنەی سمکۆ لە مێژوودا لایەنی ئەرێنی زۆری تیا بووە لە هەمان کاتیشدا گلەی و گازندەی بەشێک لە کوردی مەهابادی لێکەوتۆتەوە ، ئەمە جگە لەو هەڵمەتەی کە ناحەزانی سمکۆ و بزوتنەوەکەی بەرپایان کرد بوو دژ بە شۆڕشەکەی سمکۆ ئەو پڕوپاگەندانەش زیاتر لە تاڵانی هەندێک لە ماڵە ناسراوەکانی مەهاباد دا ڕەنگی داوەتەوە ، مەلا مارفی شاعیر دەڵێ :

  ئاواڵ کراسی کیژ و ژنی خانمی وەتەن
 دایان ڕنین ئەوانی سەبابانی قون تڕۆڵ
 قازی و مەلا و تاجر و ئەسنافی خەڵکی شار
 گیران بە سوغرە کەوتنە ژێر باری دار و کۆڵ
 ‏

بەپێی گێڕانەوەی خەڵکانێک تاڵانی شکاکەکان بۆتە چیرۆکێکی سەیر لە ناو خەڵکی سابڵاخ دا گوایە ژنیان ڕووتکردۆتەوە بۆ جلەکانی و ڕوویان وەرگێڕاوە و وتوویانە دەرپێکەت داکەنە وسەیر ناکەین چونکە خودا قەبوڵ ناکا ( خۆشکا من دەرپێ خۆ بدە من ئەز ل نانهێڕم خودێ قەبوڵ ناکە ) یاخود دەڵێن شکاک کوردی سابڵاخیان هەر ڕووتکردۆتەوە ، بەڵام هەر تورک زمانێکیان وەچنگ کەوتووە کوشتویانە ، بەڵام کاتێک مستەفا پاشا لە چاوپێکەوتنە بە ناوبانگەکەیدا لە سمکۆ دەپرسێ :

ئێوە بە تەواوی دەڵێن بۆ نیشتیمان هەوڵدەدەین بەڵام ئەی بۆچی کە سابڵاخ تان گرت دوکانەکانیان تاڵان کران و هەندێکیشیان کوژران لەناو ئەوانەدا قازی لەتیف کە پیاوێکی ڕێز لێگیراو بوو ‌‌؟ ئایە ئەو جۆرە ڕووداوانە ئێرانیەکان دڵخۆش ناکاو بۆ سودی ئەوان نیە؟ وەکو بیستم ماڵی حاجی ئێڵخانی سەرۆکی ناسراوی دیبوکری تاڵان کراوە لەبەر ئەوە هیچ دوور نیە کە بەشێک لە مەنگوڕو و بەگزادەی گەورک و ناوچەی سەقز دژی تۆ یەک بگرن؟ سمکۆ لە وەڵامدا دەڵێ (وەختێک ڕومانکردە سابڵاخ ناردمان بەشوێن هەموو سەرکردەکاندا بەڵام نەهاتن هیچ نوێنەرێکی سەقز یا نێردراوێکیان نەهات ئێرانیەکانیش لە ناوشاردا شەڕیان دەکرد شەڕەکە دوو ڕۆژ درێژەی کێشا ئەوە بوو لە ئەنجامدا ناوشار گیرا و هەندێک کەس کوژران لەناو کوژراوەکانیشدا شکاکیشیان تێدا بوو. لەو شەڕەدا دانیشتوانی شار و عەشایەر تێکەڵ بوون و تێکڕژان بوو ڕەشاش و تۆپیشی تێدا بەکارهێنرا لە حاڵەتێکی وادا ناتوانرێت ڕێگا لەتاڵان بڕۆ بگیرێت ئەگەر چی من بۆ خۆم دژی ئەوە بووم. ئێمە گومانمان لە عەشیرەتی مەنگوڕوو دیبوکری هەبوو بەڵام گوێشمان نەدایە حاجی ئێڵخانی بەوەشەوە نەوەستا کە هەرببێتە لایەنگری ئێرانیەکان بەڵکو بەناوی کوردەوە داوای لە خەڵکی دەکرد کە بچنە پاڵی و شەڕمان لەگەڵدا بکەن )
دوای ئەوەی سمکۆ و هێزەکەی بەڕێوەبردنی شاریان ڕادەستی سەید تەها و مەحموود ئاغا کرد، مەلیکزادەیان بە دیلی لەگەڵ خۆیان بردوو گەڕانەوە بۆ ورمێ ، پاش چەند ڕۆژێک مانەوە و سەردانی کردن ودڵدانەوەی ئەو ماڵانەی کە کوڕەکانیان چەکداری سمکۆ بوون و لە مەهاباد کوژرابوون ، یاخود بریندار بوون ، دوای کۆتایی هاتنی ئەو کارانە سمکۆ گەڕایەوە بۆ چارێ ، سەیف القضات کە برای قازی عەلی و قازی لەتیف بوو لە هەمانکاتیشدا لەلایەن سمکۆوە بڕیاری کوشتنی درابوو بەڵام خۆی حەشار دابوو لەو کاتەدا دەچێت بۆ چارێ و لەوێ لێی دەپرسن تۆ کێی ؟ دەڵێت من میرزا حەسەنم ناسراوم بە سەیف القضات و برای قازی عەلیم و هاتووم خان ببینم مەبەستی سمکۆ بووە ، پاسەوانەکان دەیبەنە لای سمکۆ ، دوای بە خێرهاتن و پرسیاری هۆی هاتنەکەی لێ دەکات ، ئەویش دەڵێت جەنابی خان هاتووم بمکوژیت تۆ بڕیاری کوشتنی منت داوە ئەوا بە پێی خۆم هاتووم ، سمکۆش دەبینێت کەسێکی خوێندەوارە دەڵێ تۆ لای من بمێنەرەوە و من و تۆ کاری پێکەوەیی دەکەین ، ئەویش دەڵێت کاری چۆن ؟ دەڵێ تۆ کە چوویتەوە بۆ موکریان نوێنەری منیت قسەی تۆ قسەی منە داوای لێبوردنەکەم لەوەی ڕوویداوە هەرکەس و بنەماڵەیەکیش بە بۆنەی ئێمەوە زیانی بەرکەوتووە تۆ سەردانیان بکەو بەناوی منەوە داوای لێبوردنیان لێ بکە ، سەیف القضات بە پێشنیارەکان ڕازی دەبێت و دەگەڕێتەوە بۆ مەهاباد پاشان ئەو هۆنراوەیە بۆ سمکۆ دەنوسێ کاک کەریمی حیسامی بڵاوی کردۆتەوە کە دەڵێ :

سمکۆیە خودا کەداویە بەمە ساحێب و ڕەئیس
شوکری بکەین بەزارو زوبان وددان و لێو
مەقسودی وی ئەمە کە هەقی مە بداتەمە
تەکلیفی مەش وەهایە فیدای بین بە نێر و مێ

  یاخود لەسەر زاری خەڵکی موکریانەوە کۆمەڵێک   هۆنراوە  بۆ ستایشی سمکۆ و شۆڕشەکەی وتراوە و دەماو دەم دەیڵێنەوە ئەمەش نمونەیەک لەو هۆنراوانە کە لە گۆڤاری بانگی کوردستاندا ساڵی ١٩٢٢ بڵاوکراوەتەوە :

صە با هەستە دەخیلت بم بڕۆ بۆ چارێ ٭ لای سمکۆ
بڵێ تاوی بدا ئەسپی هەتا تەبرێز و قافڵانکۆ ٭
هەموو کرمانجی کرمانشا بە ئاواتن بە جان و دڵ
سنە حاضر هەموو دەڵێن دەبا بێ لەشکری سمکۆ

شۆڕشی سمکۆ هێندە جێگای ئومێدی خەڵکی تینوی ئازادی بووە لە کوردستان زۆر لە ڕۆشنبیران و شاعیران و
نیشتیمانپەروەران هانی خەڵکیان دەدا بۆ پشگیری کردنی
شۆڕشەکە و خوازیاری ئەوە بوون پرشنگی خۆری ئازادی هەموو کوردستان بگرێتەوە لە هۆنراوەیەکدا خۆشەویستی خۆیان بەم شێوەیە دەربڕیووە کە دەڵێ:

بەشارەت بێ دەڵێن سمکۆ هجومی کردە سەر ئێران
بڵاوەی کرد عەجەم تێک چوون وەکو ڕێوی لەبەر شێران
شەبەیخونێکی مەردانە شکاک و هەرکیان کردی
بڵندی کرد بە حمدللە کڵاو و تەپلەی کوردان
دەسا کوردان بە فیداتان هەموو هەستن بە یەک جارا
نەتیجەی ئەم شەڕە خێرە کە ئیستقلالە بۆ کوردان

بەلای سوپای ئێرانەوە گرتنی شاری مەهاباد کارێکی هێندە ئاسان نەبووە و سەرکردە سەربازیەکانی ئێران زۆر لێکۆڵینەوەیان لەو لەشکر کێشیە کردووە چۆنیەتی هاتن و گەیشتنی بەو شارە لەو ڕێگا دوورەوە جێگای سەرسوڕمان وهەڵوێستە کردن بووە بۆیە تا ئێستاس ئەو لەشکر کێشیە سەرکەوتووە لە ئەکادیمیای سەربازی سوپای ئێراندا لە خولی سەربازیدا وەک وانە دەخوێندرێ بۆ بەشداربووانی خولەکە ، کە هەمویان ئەفسەری پلە دارن ، ئەوەی لێرەدا مەبەستم بوو تەنها ئەو زانیاریانەیە کە هەندێکیان کەمتر بیستراون و ڕەنگە زۆریش لێی بێ ئاگا بین یان ئەو هەڵایەی کە هەندێک سەرچاوەی نادروست و بە مەبەست بۆ لێدانی بزووتنەوەی کوردایەتی کاری لەسەرکراوە ، یان لە زمانی کەسانی ترەوە دەیگێڕنەوە ئەو گێڕانەوەیەش دەماو دەم دەڕوا و مەبەست و ناوەرۆکەکەی دەشێوێنرێ وەک موجتەبای برزویی کە لە کتێبەکەیدا بەناونیشانی ( سمایل خانی سمکۆی شکاک سەرکردەی بزوتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ) لە وەڕگێڕانی مامۆستا کەمال نووری مەعروف لە بەشێکی کتێبەکەیدا کە دێتە سەر هەوڵی سمکۆی شکاک بۆ بەدەستخستنی کیانێکی سەربەخۆ بۆ گەلەکەی لە زمانی حەسەن ئەرفەع( ١٨٩٥ -١٩٨٣ ) فەرماندەی سوپای ئێرانیەوە دەڵێ : ( ڕەفتاری سمکۆ ناتوانێت کارەکانی بە کاری ڕاستەقینە دابنێین کە خەڵکی کورد بە دەستی دەهێنێت بۆ سەربەخۆیی کە تێیدا تێگەیشتنی سەردەم لە ناو بارودۆخی سەردەم لەناو بارودۆخی جیهانیدا یەک بگرێتەوە بەڵام سمکۆ لە بنەڕەتدا حەزی لە چەپاوەڵ و ڕەشە کوژی خەڵک بووە ، ئەو کە نەیتوانی لەو لایەنەوە سەربەخۆیی بۆ کوردەکان بە دەستبهێنێ ، هێرشەکانی خۆی بۆ ناوچەکانی نا کوردی بردووە وەک سەڵماس و خۆی و ورمێ و هێرش و تاڵانی بۆ سەر کۆمەڵگەی ئەو ناوچانە بە شێوەیەک گشتگیر بوو ، کە ئەو خەڵکە لاوازانە هاواریان لێ بەرز بۆوە )

چۆن موجتەبای برزویی لە گرتنی مەهاباد دا کوشتن و تاڵانی وەک دروشمی شۆڕشەکەی سمکۆی دەناساند
لێرەشدا دەڵێ ئامانجەکانی شۆڕش نادیدە دەکات ،
بەڵام گۆڤاری (شمس کردستان ) ژمارە ٥٧ دکتۆر عوسمان ئەبوبەکر نوسینێکی حەسەن ئەرفەعی لە کتێبی (الاکراد ) وەرگێڕاوە لە عەرەبییەوە کردویەتی بە کوردی
دەڵێ: سمکۆ خەریک بوو ئەو بۆشاییانە پڕبکاتەوە کە بە ڕۆشتنی ڕووسەکان و تورکەکان و ئاسوریەکان بەدی هاتبوو بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافە لەگەڵ ڕۆشتنی هەر ڕۆژێکدا سمکۆ بیری لەدروستکرنی دەوڵەتێکی کوردی دەکردەوە بەسەرۆکایەتی خۆی و تێدەکۆشا تابتوانێ دەسەڵاتی تەواوی بەسەر ناوچەکانی دراوسێدا بڵاو بکاتەوە کە ژمارەیەکی کەمیان ئازەری بوون .

گۆڤاری زاریا فستوکای ڕوسی ساڵی ١٩٢٦ لەبارەی سمکۆوە بە تایتڵێکی گەورە نوسیویەتی
( سمکۆی شکاک سیاسیەکی گەورەیە لە زەویەکی بچکۆلەدا ) .

ـــــــــــــــــــــــــــــــ

سەرچاوە
ـــــــــــــــــــــــ

٭ – بارودۆخی سیاسی کوردستان لە نێوان ساڵانی ١٩٠٥ – ١٩٣٠ ل ١٢٤

٭ – سمکۆ ( ئیسماعیل ئاغای شکاک ) و بزوتنەوەی نەتەوایەتی کورد . ل ٤٤٣ محەمەد ڕەسوڵ هاوار

٭ -عەمرخانی شکاک لە سەرهەڵدانی سمکۆوە تاکۆماری کوردستان . ل ١٢٠ ئامادەکردنی محەمەد ساڵح قادری

٭ – کوردەکان . حەسەن ئەرفەع ل . ٩١

٭ -بیرەوەریەکانی حەسەن مەلیکزادە

٭ – چارێ / ئەو گوندەی زێدی سمکۆی شکاک بووە

٭ – قافڵانکۆ / شاخێکی سنوریە لە نێوان ڕوسیا و کوردستان
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

About دیدار عثمان

Check Also

جوگرافیای مێژووی ناوچەی «جیبال» جوگرافیای کوردستان لە سەرچاوە ئیسلامیەکاندا

 د. ئیسماعیل مەحموودی  روونکردنەوەی جوگرافیای مێژوویی  کوردستان ، پێویستی بە توێژینەوە لە سەر هەندێک لەو …