گوندی قاڕنێ گوندێکی کوردنشینەو سەر بە شاری نەغەدەیە لەپارێزگەی ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لەسەروبەندی شەڕی سێ مانگەی نێوان هێزی پێشمەرگەو کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی (١٩٧٩)دا، لە ڕۆژی (٢/٩/١٩٧٩) هێزێکی سەر بە ڕژێمی ئێران گەمارۆی گوندەکە دەدەن و دواتر هێرش دەکەنە سەر گوندو (٦٨) شەست و هەشت کەس لە خەڵکی مەدەنیی گوند دەکوژن کە بەشێکیان سەردەبڕدرێن، لەوانە مەلای مزگەوتی گوند (مەلا مەحموود مەستورزادە) کە بە قورئانەوە بەرەو پیری سەربازەکان دەچێ و داوایان لێدەکات دەست لەخەڵکی گوند بپارێزن و دڵنیایان دەکاتەوە کە گوندەکەیان خاڵییە لە پێشمەرگە، بەڵام سەربازەکان هەر لەوێدا مەلا مەحموود دەکوژن و سەری دەبڕن و کاسەی سەری لەگەڵ خۆیان دەبەن.
هاوشانی سەربازانی فەرمی ئێران، بەشێکی هێزەکە میلیشیا و چەک بەدەستی نافەرمی بوون و سەر بە تورکە شێعەکانی ورمێ بوون. هاوشان و هاوکاری سوپای پاسداران بوون بۆ شەڕ لەدژی کورد و هێزی پێشمەرگە.
(عومەر کەریمی) کە شایەتحاڵێکی ئەو کۆمەڵکوژیەیە، دەڵێت: لەو دەمەدا هێزی پێشمەرگە زەبرێکی بەهێز لە یەکێک لە سەربازگەکانی ئێران دەوەشێنن و نزیک بە (١٨) هەژدە چەکداری ڕژێم دەکوژن. پیاوانی ڕژێمیش وەک تۆڵەیەک هێرش دەکەنە سەر خەڵکی بێ چەکی قاڕنێ. کەریمی دەڵێت: یەکەم کەسێک کە لەلایەن ئەو هێزەوە شەهیدکرا جوتیارێکی گوندبوو بە ناوی مام ڕەحمان کە هەر لەشوێنی کارەکەی بە سەختی برینداری دەکەن و جێی دەهێڵن و لەوێدا گیان دەسپێرێت. پاشان دەگەن بە دوو شوان و هەر لەوێدا ئەوانیش گولەباران دەکەن و دواتر ماڵات و ئاژەڵەکانیشیان دەکوژن. هێزەکە تا دەگەنە ناو گوند زۆربەی ئەو کەسانەی دێنە سەر ڕێیان دەیانکوژن بەتایبەت پیاوەکان. لەوانە سێ کەس بە ناوەکانی (ڕەحمانی سولەیمانی، کەریمی سولەیمانی، ڕەسوڵی مام حوسێن) کە لەگەڵ خێزانەکانیان لە دەسکەنەی نۆک دەبن و دەکەونە دەست هێزەکە، هەرسێکیان لە ژنەکان جیادەکرێنەوەو ڕاستەوخۆ گولەباران دەکرێن.
کۆمەڵکوژی گوندی قاڕنێ لەکاتی خۆیدا دەنگدانەوەیەکی زۆری لە کوردستان و ئێران و دەرەوەی ئێرانیشدا لێکەوتەوە. تەنانەت خودی ئایەتوڵڵا خومەینی بەڵێنی بەسزاگەیاندنی تاوانبارانی بە بنەماڵەی قوربانیانی قاڕنێ دا، بەڵام چونکە کوشتارو کۆمەڵکوژییەکە بەشێکبوو لە سیاسەت و فتوای جیهادیی خودی خومەینی، هیچ دەرئەنجامێکی ئەوتۆ لەو بەڵێن و گفتانە بەدینەکراو کەس لەسەری سزا نەدرا. بەڵکوو کۆمەڵکوژی و تاوانی زیاتریشی لە گوندەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات، بەدواداهات.
ئاریان ئومێد
سەرچاوەکان:
١- حامید گەوهەری: ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دە ساڵدا (١٩٧٨ – ١٩٨٨)، چاپی دووەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، (هەولێر، ٢٠٢١).
٢- چاوپێکەوتنی تۆمارکراو لەگەڵ (عومەر کەریمی): شایەتحاڵی کارەساتی گوندی قاڕنێ، (دەنگی ئەمریکا – VOA Kurdish)، (٨/٥/٢٠٢١).
Check Also
کۆماری کوردستان لە مهاباد چۆن دامەزرا و بۆچی ڕووخا؟
یادەوەریی ٢ی ڕێبەندان و خیانەتی سۆڤییەت لە گەلی کورد لە کاتێکدایە، کە ئەمڕۆ لە ساڵیادی …