د. فەوزی ڕەشید محەمەد بەرزنجی(١٩٣١-٢٠١١)
وهرگێرانی موحمهد وهسمان
بەشی سێيەم
شتێکی تر کە پشتگیری لە گریمانەکەمان دەکات ئەوەیە، کە ئێمە لە شوێنەواری تەل سەوان ، بە ناوی بووکەڵەی بەردینمان دەستکەوتووە کە کەروێشکیان وێنا کردووە. مەبەست لەم بووکەڵانە، ئێمە پێمان وایە، جەختکردنەوە لەسەر بیرۆکەی پیتوفەڕونانەوەی ژیان و زۆری لە بەرھەمھێناندایە، چونکە کەروێشک وەک ئاماژەمان پێدا، یەکێکە لەو ئاژەڵانەی کە بە ژمارەیێکی زۆرەوە لەدایک دەبێت و ھێمای پیتوفەڕونانەوەی ژیانە تەنانەت لە سەردەمی ئێستاشماندا.
ئەمە لایەنێکە و لایەنەکەی تریش، پشتگیری لەو ڕاستییە دەکات دانیشتوانی شارستانیەتی سامەرا لە ڕاستیدا ھەوڵی چاکسازیی بەرفراوانیان دا بۆ دوورخستنەوەی مرۆڤەکان لە بیرۆکە نوێیەکان و ھونەرەکانیان بەکارھێنا بۆ دامەزراندنی بیرۆکەی پەرستنی پیتوفەڕونانەوەی ژیان ، چونکە ئێمە ئەوەمان دۆزیوەتەوە کە گڵێنەسازیی شارستانیەتی سامەرا بە تەنیا توخمەکانی ھونەری ڕووەکی و ئاژەڵییەکانی بە دابەشکردنێکی تایبەت لەناو یەک پارچەی ھونەریدا کێشراون، ئەو دابەشکردنە.ئەڵقەیی وبازنەیی تێکبەستراوە، کە پێمان وایە پەیامێک دەردەبڕێت و پشتڕاستی دەکاتەوە کەوا بەردەوامی ژیان تەنھا لە ڕێگەی پیتوفەڕونانەوەی ژیان و زاوزێیەوە بەدەست دێت، ئەوەيش جەوھەری پەرستنی ئەم قۆناغەن. سەیری وێنەی ژمارە (٨) بکە.
بۆیە من پێم وایە ئەم ھەوڵە چاکسازییە لەگەڵ ئامرازە دڵکێشییەئامێزەکانى ديكەوە، بە دڵنیاییەوە پاڵنەری پیاوانی بەرەو بیرۆکەی نوێ کەمکردۆتەوە، ھەر بۆیەش لە ناوچەکانی کاریگەری شارستانیەتی سامەرادا سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکو لە بەشی باشووری عێراق گەشەی سەند و بڵاوبوویەوە، کە ئەوشوێنە بووە پەرسگای تێدا بۆ یەکەمجار لە مێژووی میزۆپۆتامیادا دەرکەوتووە، ھەر ئێستاش ئەو شوێنەیە کە ڕێوڕەسمی پەرستنی خوداوەندەکانی تێیدا بەڕێوەدەچێت کە ھێزە سروشتییەکان دەنوێنن.
دەرکەوتنی پەرسگا بۆ یەکەمجار لە بەشی باشووری عێراق خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەکی ڕوونە کە باشووری عێراق بیرۆکەی ئایینی جیاوازى پەسندكردووە، کە جیاوازە لە بیرۆکەکانی باکورەکەی، بەجۆرێک کە پێویستی بە سەرھەڵدان و دروست کردنی ئەم بینا ئایینییە بووە.
سەبارەت بە لایەنگرانی ئایینی نوێ، کە گوتمان دەبێ ڕووبەڕووی گۆشەگیری و ئاوارەبوون بوونەتەوە، ڕاستییەکە ئەوەیە کە گریمانەکردنی شتێکی وا مومکینە، بەڵام سەلماندنی بە شێوەیەکی ماددی و ڕوونی بێ گومان بابەتێکە تا ڕادەیەک سەختیی تێدایە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێک نموونەی ماددی ھەن کە ڕەنگە بتوانێت وێنەیەکمان پێ ببەخشێت، تەنانەت ئەگەر بە تەواوی ڕوونیش نەبێت، لە نێو ئەم نموونە فیزیکیانەدا ئەوەیە کە کۆنترین پارچە داتاشراوە -پەیکەرەبەرجەستەکان کە لە بەشی باشووری عێراقدا دۆزراونەتەوە، پیاوانێک دەنوێنن کە تێیدا کەوتوونەتەسەرچۆک وزنجیردار، بە کۆت و بەند و لە دۆخێکدا کە بە ھیچ شێوەیەک جیاواز نییە لەو دۆخەی کە دیلەکانی جەنگ تێیدا کۆت و بەند دەکران. لە داتاشراوەکانی سەردەمە مێژووییەکاندا.
بۆیە من پێم وایە ئەم پارچە داتاشراوانە زۆرترینیان ھیچ نین جگە لە دەربڕینی ئەو چەوساندنەوەیەی ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبتەوە کە بیرۆکەی پەرستنی ھێزە سروشتییەکانیان ھەیە لە سەردەمی خەباتیان لە دژی پەرستنی بیرۆکەی پیتوفەڕونانەوەی ژیانی نوێ،ئەو بیرۆکەیەی کە بۆ ناوچەکانی ژێر کاریگەری شارستانیەتی سامەرا، بووبووە بیرۆکەیەکی بەسەرچوو و پێداویستییەکانی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی دابین نەدەکرد.
ڕەنگە من زیادەڕەوی نەکەم ئەگەر بڵێم بەشێک لە داتاشراوەکانی سۆمەرییەکان لە ژێر کاریگەری ھەڵوێستێکی وادا بووە، ھەر بۆیە لە ئێستادا بۆمان دەردەکەوێت کە ھەموو پەیکەرەکانی سۆمەری دەستەکانیان لە دۆخێکدا وێنا کراوە کە زۆر لە حاڵەتی دەستە بەستراوەکان دەچێت، ئەوەی پشتگیری ئەم بیرۆکەیە دەکات زیاتر و زیاتر ئەوەیە کە پەیکەرە سەرەتاییەکانی سۆمەری حاڵەتی دەستەکانیان تێیدا دەبینین جیاوازی نییە، سەبارەت بە حاڵەتی دەستەکان لە یەکەم پارچە داتاشراوەکاندا کە پیاوانیان بە کۆت و بەندەوە وێنا کردووە، ئەمە لایەنێکە، لایەنەکەی تریش کە منیش وەک بەڵگەیەکی دیکە دەیبینم کە پشتگیری لە ڕەوایەتی ئەم گریمانەیە دەکات، ئەویش ئەوەیە کە ھەموو پەیکەرەکانی مرۆڤ لە سەردەمی سۆمەرییەکان بە شێوەیەکی ناڕاستەقینە نوێن دروستکراون، بە جۆرێک کە پەیکەرەکانی مرۆڤ لە حاڵەتی ڕەھا-ئەبستراکتدا نەخشێنراون کە ئەو مەینەتیەی ھەڵگرانی بیرۆکە نوێیەکان ڕووبەڕوویان بوونەتەوەدەگەیێنێت، گومانی تێدا نییە کە زۆرێک لەوانەی کە دژی بیرۆکە کۆنەکان وەستانەتەوە، لە قۆناغەکانی تێکۆشانیان ، نایابترین وێنەی قارەمانێتی و خەباتیان خستۆتەڕوو و منیش باوەڕم بەو وێنەیەی ھەیە
ژمارە (٣) لەوانەیە دەربڕینێکی تێدابێت یان لاساییکردنەوەی وێنەی ئەو قارەمانانە بێت کە خۆڕاگر بوون تا خەباتەکەیان گەیشتە سەرکەوتن.
لەم ڕووەوە، ئەوە پشتگيرى دەکات ، کە پەیکەرە مرۆییەکانی سۆمەری بەم شێوازە جیاکراونەتەوە لەبەر ئەو ھۆکارەی ئێمە ئاماژمان پێکرد، چونکە کاتێک ھونەرمەندی سۆمەری ھەر پێداویستییەک وێنا دەکات کە پەیوەندی بەو قۆناغەی خەباتەوە نییە کە ئێمە گریمانەمان کردووە، بۆمان دەردەکەوێت کە بە شێوازێکی تاڕادەیەک ڕاستەقینە -واقیعی وێنای دەکات و ھەر لەبەر ئەم ھۆکارەشە بۆمان دەردەکەوێت کە ھونەر لە سەردەمی ئەکەدیەکاندا تا ڕادەیەک لە ئەبستراکت و ڕەنگی ئازارومەینەتی ڕزگاری بووە، کە لە پەیکەرەکانی سۆمەریدا دەبینرێت، چونکە ڕابردووی ئەکەدیەکان ھیچ پەیوەندیيەکی بە ڕابردووی سۆمەرییەکانەوە نییە.
کەواتە، ڕەھاکردنی پەیکەرەکانی مرۆیی سۆمەری و جێدەستی ئازاری کە ئەو پەیکەرانە ھەڵیانگرتووە بە مەبەست بووە و ئەم شێوازە، ئێمە پێمان وایە، جۆری پەیکەرە بەراییەکانى سەپاندوویانە.





