كۆڵۆمبس رقی لە تامەكەی بووە
مێژووی چۆكلێت بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟
مرۆڤ ساڵانە نزیكەی 3 ملیۆن تۆن چۆكلێت بەكاردێنێت و ئەوروپییەكانیش وەكو دیارترین بەكارهێنەری ئەم مادەیەی لە كاكاوەوە بەرهەمدێت دادەنرێن.
ئامادەكردنی: دڵان سامان
لەجیاتی پارە بەكارهاتووە
مێژووی چۆكلێت یاخود بڵێین كاكاو دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی 4 هەزار ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵی (600) ی زاینی بۆ یەكمجار دەركەوت، كاتێك هندییەكانی مایا ماڵەكانیان گواستەوە لە گواتیمالاوە بۆ نیمچە دورگەی یۆكاتان لە مەكسیك، كاكاویان لە دارستانە باراناوییەكانی ناوچەكەیانەوە لەگەڵ خۆیان برد، جگە لەوەی بە پێی گریمانە نوێیەكان بێت لە بنەچەدا درەختی كاكاو دەگەڕێتەوە بۆ دارستانەكانی ئەمازۆن و باڵندەی تووتیش رۆڵێكی گەورەی هەبووە لە گواستنەوەی تۆوی كاكاو بۆ ئەمریكای ناوەڕاست، هەربۆیە لە سەرەتای ساڵی (1000) ی زاینی خەڵكی لە ئەمریكای ناوەڕاست لەجیاتی پارە دەنكی كاكاویان بەكاردەهێنا، بە چەند دەنكە كاكاوێك ئاژەڵ یان كەلوپەلیان دەكڕی یان بۆ نموونە بە (10) دەنك كاكاو كەروێشكێكیان دەكڕی، بە (100) دەنك كۆیلەیەكیان دەكڕی، ئەمە جگە لەوەی كاكاویان بەكاردەهێنا بۆ دروستكرنی گیراوەیەكی تاڵ بۆ چارەسەركردنی تاو كۆكە، چونكە سەرەتا كاكاو وەكو خواردنەوەیەكی رۆحی تاڵ بەكاردەهێنرا بەپێچەوانەی ئەو تامە خۆش و شیرینەی ئێستا هەیە، وەكو زانراویشە لەكۆندا لە ئەمریكای ناوەڕاست بە درەختی كاكاو وتراوە «داری خودا».
باجی كاكاو هەبووە
لە لای گەلی ئۆڵمك و ئەزتیك بۆ دوو هۆكار كاكاو بەكاردەهات یەكێكیان ئەوە بووە دەنكی كاكاوی هاڕدراو لەگەڵ ئاو و بیبەری توون و هەندێك بەهاراتی تردا تێكەڵ دەكراو خواردنەوەیەكی تاڵ و ناخۆشیان لێ دروستدەكرد و خەڵكەكە دەیانخواردەوە بۆ نزیكبوونەوە لە خواوەندەكەیان، هەروەها لە بوارێكی تردا بەكاردەهات ئەویش وەكو پارە بەكاریاندەهێنا بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پێدانی باج، هەربۆیە دوای زیادبوونی دەسەڵاتیان بەسەر ئەمریكای ناوەڕاستدا لەماوەی سەدەی چواردەیەم ئەزتیك زیاتر پشتیان بە كاكاو بەست و وەكو پاداشت بۆ سەربازو پاڵەوانەكانیان بەكاردەهێنا، جگەلەوەی بە سیمبولێكی پیرۆز لە مەراسیمە ئاینییەكاندا دادەنرا، هەروەها باج و دەرامەت خرایە سەر گەلی مەكسیك دوای فەرمانڕەواییكردنیان لەلایەن ئیمبراتۆری ئەزتیك-ەوە ساڵی (1200) زاینی بەوەی دەنكی كاكاو باجێكی فەرمی بوو لە وڵاتەكەیان، هەروەها وەكو لەمێژوودا دەگێڕنەوە ئیمبراتۆری ئەزتیك (مۆنتیزۆمای دووەم) رۆژی سێ گاڵۆن خواردنەوەیەكی دروستكراو لە كاكاوی خواردۆتەوە.
چۆكلێت چۆن پەرەیسەند؟
چەمكی كاكاو چۆن پەرەیسەند لەماوەی سەدەی (1500) زاینی؟ كریستۆڤەر كۆڵۆمبس بۆ یەكەمجار لە كاتی گەشتكردنی بۆ ئەمریكا بۆ جاری چوارەم لەسەر كەشتییەكەی خواردنەوەی كاكاوی درایە، هەرچەندە رقی لە تامەكەی بوو، بەڵام رێژەیەكی زۆری لەگەڵ خۆی بردەوە بۆ نیشتیمان، تاوەكو گەلەكەی بە كاكاو بناسێنێت، كە لەو كاتەدا وەكو كەرەستەیەكی بەنرخ و نائاسایی تەماشا دەكرا.
تەنیا بۆ دەوڵەمەندەكان بوو
لە ساڵی (1519) ی زاینیش دەگێڕنەوە گەنجێكی ئیسپانی بە ناوی (هێرنان كۆرتێز) دەچێت بۆ كوبا تاوەكو خەونی دەوڵەمەندبوون و كۆكردنەوەی زێڕ بەدیبێنێت، بەڵام چیرۆك و ئەفسانەی سەیرو سەمەرە دەبیستێت لەبارەی بوونی زێڕەوە لە مەكسیك و ئەمریكای ناوەڕاست، بۆیە هەمان ساڵ كوبا جێدێڵێت و روودەكاتە مەكسیك كە ئەو كاتە لە ژێر حوكمی ئەزتیكدایە و لەكاتی بوونی لەوێ جەنگ لە نێوان هۆزی ئەزتیك و هندییە سوورەكان بەرپا دەبێت، ئەویش بەشداری ئەو جەنگە دەكات و جەنگەكە بە سەركەوتن بەسەر هندییەكاندا كۆتایی دێت، لە هەشتی نۆڤەمبەری هەمان ساڵ كۆرتێز دەچێت بۆ شاری مەكسیك، هەرچەندە ئیمبراتۆری ئەزتیك پێشوازی و بەخێرهاتنی لێدەكات، بەڵام ئەو گەنجە دەستگیری دەكات و حوكمی ئیمبراتۆرییەتەكەی دەگرێتە دەست و دەستدەگرێت بەسەر كانە زێڕو زیوەكانیدا و رەوانەی دەكات بۆ ئیسپانیا، ئاماژەی ئەوەش دەكات لەلای گەلی ئەزتیك دەنكی كاكاو چەند بە نرخە، بۆیە كێڵگەیەكی كاكاوی تایبەت بەخۆی دروستدەكات بە ناوی ئیسپانیاوەو دەڵێن ئەوەندەی خواردنەوەی كاكاو خواردۆتەوە تا ئالوودەی بووە، بۆیە دواجار ساڵی (1528) بە سەركەوتوویی دەگەڕێتەوە بۆ ئیسپانیا و رێژەیەكی زۆر لە دەنكی كاكاو لەگەڵ خۆیدا دەباتەوە، لەشوێنێكیشدا هەڵیدەگرێت كەس نەزانێ لە كوێیەو پارێزگاریش لە نهێنی شێوەی ئامادەكردنی خواردنەوەی چۆكلێت (كاكاو) دەكات بە جۆرێك تەنیا دەوڵەمەندەكان بیخۆنەوە، هەرچەندە لە ئیسپانیا زۆر لە پادشاو شازادەكان حەزیان لەو تامە تاڵەی نەبووە، تاوەكو ساڵی (1585) یەكەمین باری كاكاوی چێنراو بە مەبەستی بازرگانی لە ئەمریكای باشور و ناوەڕاستەوە دەگوێزرێتەوە بۆ ئیسپانیا.
شیرو شەكر
هەر بۆ گۆڕینی ئەو تامە تاڵەی كاكاو بەشێك لە قەشەكانی ئیسپانیا هەندێك گۆڕانكارییان لە پێكهاتەی خواردنەوەی كاكاوەكەدا كردو لەجیاتی ئاو شیریان تێدەكرد و لەجیاتی بیبەرو بەهارات ڤانێلا و هەنگوین یان شەكریان تێدەكرد، دوای ئەو گۆڕانكارییانەش قەشەكان ئەو گیراوەیەیان گەرم دەكرد تا دواجار شێوەیەكی نوێیان دەستكەوت بە تامێكی خۆشەوە و بەخێرایی بە ئیسپانیادا بڵاوبۆوە و ئیسپانیا نزیكەی سەدەیەك پارێزگاری لە نهێنی چۆنیەتی ئامادەكردنی ئەو گیراوەیە كرد تا نزیكەی ساڵی (1615) زاینی كاتێك شازادە ئان كچی پادشای ئیسپانیا فلیپی سێیەم شووی بە پادشای فەرەنسا لویسی سیانزەیەم كرد ئیتر بەو شێوەیە گوازرایەوە بۆ فەرەنسا و بەشەكانی تری ئەوروپا، بەریتانیاش زوو بە زوو درەختی كاكاوی لە كۆڵۆنیاڵەكانی خۆی لە كیشوەری ئەفریقیادا چاند.
شۆڕشی یەكەم پارچە چۆكلێت
لە ساڵی (1828) دا زانایەكی كیمیای هۆڵەندی بە ناوی (كۆنراد یۆهانیس ڤان هوتن) شۆڕشێكی دیاری لە بواری دروستكردنی چۆكلێتدا بەرپاكرد ئەوەش دوای ئەوەی سەركەوتوو بوو لە دروستكردنی ئامێرێكی فشار بۆ كاكاو تاوەكو كەرەی كاكاو لە دەنكی برژاوی كاكاو دروستبكەن، بە شێوەیەك تۆزێكی نەرمی لێ دەمایەوەو هەندێك پێكهاتەی تری تێدەكرا و بەو شێوەیە دەكرا بە پارچە چۆكلێت، هەربۆیە بە هۆی ئەم داهێنانەوە رێژەی چۆكلێت زیادیكرد و نرخی هەرزان بوو بەوەی زۆربەی خەڵك بتوانن دەستیانبكەوێت و بیخۆن، بۆ ساڵی (1847) – یش كۆمپانیای(J.S Fry & Sons) بەریتانی توانیان یەكەم پارچە چۆكلێتی دروستكراو لە كەرەو تۆزی كاكاو و شەكر دروستبكەن.
سەرچاوە: سایتی السطور و العربیە