بۆ یەکەم جار گەرماوەکان وەکو جۆرێکی جیاوازی گەرماو دەرکەوتن و دواتر وەکو داب و نەریتێکی لێهات. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کەلتوورە لە سەردەمی عوسمانییەکان-دا لە جیهان و بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوبووەتەوە. وادیارە هۆکاری بەناوبانگبوونی گەرماوی تورکی لەسەر ئاستی جیهان بۆ ئەو هۆکارە دەگەڕێتەوە.
لە شاری هەولێر(ئەربیل)دا نەریتی گەرماو شتێکی باوە و بووەتە میراتێکی کەلتووری شارەکە.
لە سەردەمانێکدا کچەکان کاتێک بە تەمەنی شووکردن دەگەیشتن، هەر لە گەرماوەکاندا بۆ جاری یەکەم خەسووەکانیان دەناسی.
لەبەرامبەر ئەوەشدا زاواکان بەر لە هاوسەرگیری و مەراسیمی گواستنەوە، بۆ گەرماوەکان دەبردران و لەسەر تاشەبەردی زاوا سەریان دەشوورا.
لەئێستادا زۆربەی ئەو نەریتانە رووبەڕووی لەناوچوون دەچێت، بۆیەوە وەکو هەفتەنامەی تەبا هەستاین بە ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ جەلیل خەلیل سلێمان کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە گەرماوەکان کاری کردووە.
جەلیل خەلیل سلێمان ساڵانێکی زۆر لە گەرماوەکاندا کاری کردووە و چەندین بابەتمانی بۆ باس کرد لەسەر گەرماو و کەلتووری گەرماو.
ناوبراو لە دایکبووی ساڵی ١٩٥٥ی گەڕەکی عەرەبان-ی شاری هەولێر(ئەربیل)ە. جەلیل خەلیل ئاماژەی بەوە کرد کە هەر لە تەمەنی منداڵییەوە لەگەڵ باوکی لە گەرماوی حاجی عەبدولقادر کاری کردووە.
هاوکات جەلیل خەلیل حەمامچی ئاماژەی بەوە کرد کە دواتر لە گەرماوی قەڵا کاری کردووە و وتیشی، “لە گەرماوی قەڵا بۆ ماوەی ٤-٥ مانگ لەلای ئەحمەد ئاغا کارم کرد. ئەو فێری کاری کولخانی دەکردم”.
کولخان بریتییە لەو سیستەمە داخراوەی کە لەسەر شێوەی مەنجەڵێکی فراوانە و لە ژێر گەرماوەکان دادەندرێت، مەبەست لە دانانی کولخان بۆ گەرمکردنەوەی ئاو و ناوەوەی گەرماوەکە دەگەڕێتەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا جەلیل خەلیل سلێمان ئاماژەی بەوە كرد كه سەردەمانێک خۆی لە گەرماوی قەڵا کاری کردووە، بەڵام لە ئێستادا ئەو گەرماوە بۆتە شوێنێکی مێژوویی.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، کە پێشتر لە شاری هەولێر(ئەربیل)دا دوو گەرماو هەبووە، جەلیل خەلیل وتیشی، “لە نزیک مزگەوتی خانەقای شاری هەولێر دوو گەرماو هەبووە، یەکێکیان تایبەت بووە بە پیاوان و ئەویتر تایبەت بوو بە خانمان. هەروەها گەرماوی پیاوان گەورەتر بوو. حاجی عەبدوڵڵا خاوەنی هەردوو گەرماوەکان بوو”.
لەبارەی حاجی عەبدوڵڵا، جەلیل خەلیل ئاماژەی بەوەکرد کە ناوبراو کەسێکی سەرمایەدار بووە و وتیشی، “گەرماوەکانی زۆر خۆش دەویست. ئەو زۆربەی گەرماوەکانی شاری هەولێری دروستکرد. باوکیشم نزیکەی ٤٠ ساڵ لەلای ئەو پیاوە کاری کردووە”.
جەلیل حەمامچی باسی لەوە کرد كە حاجی عەبدوڵڵا دوای ئەو دوو گەرماوە، گەرماوی ئەتلەسی لە گەڕەکی تەیراوە کردەوە. بەڵام ئەو گەرماوەش ئێستا لەو شوێنە نەماوە.
جەلیل خەلیل سلێمان ئەوەشی خستەڕوو کە لەدوای چەند ساڵێک حاجی عەبدوڵڵا دوو گەرماوی بەناوی حاجی عەبدولقادر و گەرماوی مۆدە دروست کرد و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانی دا:
“لە گەرماوە کۆنەکان تەنها گەرماوی شیفا ماوە کە دەکەوێتە نزیک سینەمای سیروان، ئەویش ئێستا داخراوە و تەنها باڵەخانەکەی ماوە. بەم دواییانە چەند گەرماوێک دروستکران کە بریتیبوون لە گەرماوی سەڵاحەددین، گەرماوی سەعدون، گەرماوی موختار، گەرماوی بێخاڵ، گەرماوی چنار، گەرماوی سیروان. دەمەوێ ئاماژە بەوەش بدەم کە گەرماوی سیروانیش هەر لەلایەن حاجی عەبدوڵڵاوە دروست کراوە”.
هاوکات، جەلیل خەلیل سلێمان لەبارەی “کولخان” و مەبەستی بەکارهێنانی زانیاری گرنگی پێ بەخشین و ئاماژەی بەوەدا کە داینەمۆیەکی گەورە لە ژێر گەرماودا هەیە و لە لای ئەو داینەمۆیەش حەوزێکی سووتەمەنی هەیە. و وتیشی “بۆڕییەک لەناو حەوزەوە بۆ سەرەوەی داینەمۆیەکە درێژ دەکرایەوە و دڵۆپ دڵۆپ سووتەمەنی دەڕژاندە سەر داینەمۆکە. بەهێزی داینەمۆکە، ئاگرێکی بە گوڕ دەچووە ناو کولخانەکە”.
جەلیل حەمامچی تیشکی خستە سەر سیستەمی گەرمکردنی ئاو و گەرماوەکە و وتیشی، “لەناو کولخانەکە ٣ لوولەی ئاسن هەبوو و ئەو لوولانە هەموو ساڵێک دەگۆڕدران. لەو سەردەمەدا لوولەکان لەلایەن شاگردێکی عەرەب دروست دەکران کە لەلای فاروق بۆریچی کاری دەکرد. ئەو لوولانە هەموو ساڵێک دەگۆڕدران چونکە بەپێی کات کون دەبون یاخود دەڕزانەوە”.
ناوبراو بەردەوامی بە قسەکانی دا و وتیشی، “دوای چەند ساڵێک فاروق و نامیق بڕیاری گۆڕینی ئەو لوولانەیان دا و سیستەمی بۆڕیان بەکارهێنا. دواتر سیستەمی بۆڕی لە هەموو گەرماوە تازە دروستکراوەکانی ئەو کاتە کاری پێکرا”.
لەبارەی خاوێنکردنەوەی بەشی کولخانی گەرماوەکان، جەلیل خەلیل سلێمان سلێمان وتی، ” بۆ پاککردنەوەی کولخانەکان دەچووینە ناو کولخانەکە و هیسی دووکەڵمان خاوێن دەکردەوە. کاتێک کارەکەمان تەواو دەکرد، دەچووینە گەرماوێکی دیکە و لەوێ خۆمان دەشووشت. لەبەرامبەر ئەوەدا پارەمان لێ وەرنەدەگیرا، چونکە پێشان کاسبکاران یەکتریان خۆشدەویست و جیاوازیان نەدەکرد لە نێو خۆیاندا. لەهەمان کاتدا هاوکاری یەکتریان دەکرد”.
سەبارەت بە تێچووی گەرماوەکان ، جەلیل خەلیل سلێمان وتی، “نرخی چوونە گەرماو یەک درهەم بوو. بەڵام هەبوو لە گەرماو خواردنی دەخوارد. بەمجۆرە نرخەکە زیادی دەکرد و دەبوو بە ٢ درهەم. لە بەرامبەر گەرماوی حاجی عەبدولقادر دووکانی پاچە فرۆش هەبوو. هەندێک کەس دەچوونە ئەو دووکانە پاچەیان دەخوارد و دەهاتنە گەرماوەکە. هەندێکیشیان دەهاتنە گەرماو دوای خۆشۆردن داوایان لە کارمەندانی گەرماو دەکرد کە خواردنیان بۆ بێنن. منیش لە دووکانی بەرامبەر خواردنم بۆیان دەهێنا. ئەوانیش لەناو گەرماو خواردنەکەیان دەخوارد”.
جەلیل حەمامچی باسی لەو ئامادەکارییانە کرد کە بەر لە چوونە گەرماو دەکران و وتیشی، “جاران یەکێک کە دەچوو بۆ گەرماو، جانتای گەرماو لەلایەن دایکی یاخود هاوسەرەکەیەوە بۆی ئامادە دەکرا. لەناو جانتاکەش، خاولی، جلوبەرگی ژێرەوە، جلوبەرگ و سابوون و کۆمەڵێک شتی دیکەی بۆ دادەندرا. هەموو کەس بەمجۆرە جانتاکەی بۆ ئامادە دەکرا و دەهاتە گەرماو”.
لە کۆتایی قسەکانیدا جەلیل خەلیل سلێمان حەمامچی ئاماژەی بەوەکرد کە سەردەمی چوونە گەرماو لە هەولێر کۆتایی هاتووە و ئەو شتانەی باسی دەکات لە لایەن نەوەی ئێستا بە شتێکی سەیر دەیبینن.
هەواڵ: عەلی سالم
فۆتۆ: چۆبان تەیمور