چۆمان تەقیەدین
جه‌لیلییه‌کانی موسڵ بنه‌ماڵەیەکی به ناوبانگی سیاسی و دەوڵەمەندو به ده‌سه‌ڵاتی شاری موسڵ و ئیالەتی موسڵ و دواتر ویلایەتی مووسڵ بوون لە عێراق و باشووری کوردستان تا ساڵی (1958ز).
ڕه‌چه‌ڵه‌کی ئەو بنەماڵەیە ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کەسایەتییەکی کوردی بەناوی ئیسماعیل نال خزوەی دیاربەکری که خه‌ڵکی شاری ئامه‌د (دیاربه‌کر)ی باکووری کوردستان بووه، به‌ڵام هه‌ندێ سه‌رچاوه ده‌ڵێن بنه‌ماڵه‌ی جه‌لیلییه‌کان خانه‌وادەیەکی کلدۆئاشووری بوون و دواتر بوون به موسڵمان و له شاری ئامه‌د (دیاربه‌کر)ی باکووری کوردستانه‌وه کۆچییان بۆ شاری موسڵ لە هەرێمی باشووری کوردستان کردوەو نیشتەجێی ئەوە شارە بوون.
له ڕاستیدا جه‌لیلییه‌کان خانهوادەێکی بە بنچینە کوردن، کە له شاری ئامه‌د (دیاربه‌کر)ی باکووری کوردستانه‌وه بۆ مووسڵ لە هەرێمی باشووری کوردستان هاتوون، بوونەتە دەسەڵاتداری شاری موسڵ و ئیالەتی موسڵ لە هەرێمی باشووری کوردستان، ئەوەیش لە نێوان ساڵانی (1840_1726ز)دا بووە.
له دوای ساڵی (1726ز)ه‌وه خانه‌وادەی جه‌لیلییه‌کان له‌سه‌ر شانۆی سیاسی شاری موسڵ و ئیالەتی موسڵ ده‌رکه‌وتن، هەروەها پاش ئه‌وه‌ی که نادر شای ئه‌فشار (1736_1746ز) یەکەم شای دەوڵەتی ئەفشارییەکانی ئێران له ساڵی (1743ز) گه‌مارۆی شاری موسڵی پایتەختی ئیالەتی موسڵی دا حاج حوسێن پاشای جه‌لیلی (1743_1758ز) له ساڵی (1743ز) وه‌کو دووەمین که‌سی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه بووه، والی ئیالەتی موسڵی سەر بە باشووری کوردستان بەڕەنگاری هەڵمەتەکەی نادر شای ئه‌فشار (1736_1746ز) شای دەوڵەتی ئەفشارییەکانی ئێران بووەو توانی شکست بە گەمارۆدانەکە بهێنێت.
لە پاش حاج حوسێن پاشای جه‌لیلی (1743_1758ز) ئیتر نزیکەی شانزدە کەسی یه‌ک له دوای یه‌ک ئه‌ندامانی ئه‌و بنه‌ماڵه کوردییە بوونه والی ئیالەتی موسڵ تا ساڵی (1840ز). هەروەها چەند والێکی ئەو خانەوادەیە چەندان هەڵمەتیان کردۆتە سەر ئێزیدییە کوردەکانی شەنگال و شێخان بە هاندانی دەسەڵاتدارانی ئیالەتی بەغداد و سوڵتانەکانی دەوڵەتی عوسمانییەکان و هەروەها چەندان جار لە دژی میرەکانی وەکو میرنشینی بابان و سۆران و بادینان کە سێ میرنشینی کوردی بوون لە سنووری ئیالەتی شارەزووری باشووری کوردستان و والییەکانی ئیالەتی شارەزوور ئەنجام داوەو هەروەها چەندان والی سەربە خانەوادەی جەلیلییەکان لە ئیالەتەکانی بەغداد و بەسڕا لە ناوەڕاست و باشووری عێراق و ئیالەتی ڕەققە یان ئورفای باکوور و خۆرئاوای کوردستان و وڵاتی سوریای ئێستا بوونەتە دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوایان کردووە لە چەندین قۆناغی جیا جیادا.
بنه‌ماڵه‌ی جه‌لیلییه‌کانی موسڵ لە ساڵی (4018ز)ەوە پۆستی والیەتی ئیالەتی موسڵ نەمان، بەڵام وه‌کو بنه‌ماڵەیەکی به ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌مه‌ند و بازرگانی شاری موسڵ مانه‌وه‌و پاش داگیرکردنی ویلایه‌تی موسڵ له‌لایه‌ن هێزه‌کانی سوپای به‌ریتانیاوه لە دوای ئەوەی جەنگی جیهانی یەکەم کۆتایی هات کە لە ساڵی (1918ز)دا بووەو لکاندنی ویلایه‌ته‌که به عێراقی عه‌ره‌بییه‌وه واتا هەردوو ویلایەتی (بەغداد، بەسڕا)و په‌یره‌وکردنی سیاسه‌تی ته‌عریب کردن له سنووری هەرێمی باشووری کوردستان و پارێزگه‌که به گشتی و شاری موسڵ به تایبه‌تی، ئه‌وه بوو ئه‌م خانه‌دانه بووه لە ماڵباتێکی کوردییەوە بووە به ماڵباتێکی عه‌ره‌ب و هه‌روه‌ها شاره‌که له زۆرینه‌یه‌کی کوردییه‌وه بووه زۆرینه‌ی عه‌ره‌ب و هەروەها له ساڵی (1958ز)ه‌وه خانه‌وادەی جه‌لیلییه‌کان بوونه خانهوادەێکی ئاسایی شاره‌که و له سه‌ر شانۆی سیاسی شاره‌که و عێراق نه‌مان، ئەوەش لە پاش ئەوە هات کە شۆڕش یان کودەتای (14) ی تەمموز کە لە ڕێکەوتی (1958_7_14) ئەنجامدرا لە دژی ڕژێمی پادشایەتی لە عێراق بە سەرۆکایەتی عەقید عەبدولکەریم و کە سیستەمی سیاسی لە عێراق لە پادشایەتییەوە بۆ سیستەمی کۆماری گۆڕا.
ناوی والی و که‌سایه‌تییه‌کانی خانه‌وادەی جه‌لیلی:
یه‌که‌م/ ئیسماعیل پاشای جه‌لیلی (1743_1726) 17ساڵ.
دووه‌م/ حاج حوسێن پاشا کوڕی ئیسماعیل پاشای جه‌لیلی (1743_1758ز) 15 ساڵ.
سێیه‌م/ غازی مه‌حمه‌د ئه‌مین کوڕی حاج حوسێن پاشای جه‌لیلی (1758_1774ز) 16ساڵ.
چواره‌م/ فتاح پاشا کوڕی ئیسماعیل پاشای جه‌لیلی (1774_1776ز) 2 ساڵ.
پێنجه‌م/سلێمان پاشا کوڕی مه‌حمه‌د ئه‌مین پاشای جه‌لیلی (1776_1777ز) 1 ساڵ، دواتر بوو بە والی ئیالەتی بەسڕا لە باشووری عێراقی ئێستا.
شه‌شه‌م/ ئه‌مین پاشا کوڕی مه‌حمه‌د ئه‌مین پاشای جه‌لیلی (1777_1790ز) 13 ساڵ، دواتر کرایە والی ئیالەتی شارەزوور لە باشووری کوردستان و فەرمانی بۆ دەرچوو لەلایەن بابعالی کۆشکی سوڵتانی دەوڵەتی عوسمانییەکان ببێت بە پارێزگاری شاری بەغدادی پایتەختی ئەو کاتەی ئیالەتی بەغداد لە ناوەڕاستی عێراقی ئێستا‌و دواتر کرایە والی ئیالەتی ڕەققە یان ئیالەیەتی ئورفای باکوور‌و خۆرئاوای کوردستان و وڵاتی سوریای ئێستا.
حه‌وته‌م/ مه‌حمه‌د پاشای جه‌لیلی (1790_1810ز) 20 ساڵ.
هه‌شته‌م/ نو‌عمان پاشا کوڕی سلێمان پاشای جه‌لیلی (1810_1812ز) 2 ساڵ.
نۆیه‌م/ ئه‌حمه‌دی یەکەم پاشا کوڕی به‌کر ئه‌فه‌ندی (1812_1813ز) 1 ساڵ.
ده‌یه‌م/ مه‌حمود پاشا کوڕی مه‌حمه‌د پاشای جه‌لیلی (1813_1814ز) 1 ساڵ.
یانزده‌م/ سه‌عد الله کوڕی حاج حوسێن پاشای جه‌لیلی (1814_1816ز) 2 ساڵ.
دوانزده‌م/ ئه‌حمه‌د پاشای دووەم کوڕی سلێمان پاشای جه‌لیلی (1816_1822ز) 6 ساڵ.
سیانزده‌م/ حه‌سه‌ن پاشا کوڕی حاج حوسێن پاشای جه‌لیلی (1822ز) یه‌ک مانگ.
چوارده‌م/ ئه‌حمه‌د پاشای سێیه‌م کوڕی سلێمان پاشای جه‌لیلی (1822_1826ز) 3 ساڵ و 11 مانگ.
پانزدهم/ عه‌بدولڕه‌حمان پاشای یه‌که‌م کوڕی مه‌حمود عه‌بدوڵڵا به‌گ (1826_1827ز) 1 ساڵ.
شانزدهم/ یه‌حیا پاشا کوڕی نو‌عمان پاشای جه‌لیلی که جاری یه‌که‌م نێوان ساڵانی (1827_1831ز) بۆ ماوەی 4 ساڵ بووە ، هەروەها جاری دووه‌م له نێوان ساڵانی (1838_1840ز) دا بووە بۆ ماوەی 2 ساڵ بووە.
حه‌ڤده‌م/ عه‌بدولڕه‌حمان پاشای دووه‌م کوڕی مه‌حمود پاشای جه‌لیلی (1831_1834ز) 3 ساڵ.
ههشتدهم/ مه‌حمه‌د ئه‌مین پاشای دووەم کوڕی حاج عوسمان پاشای جه‌لیلی (1834_1838ز) 4 ساڵ.
پاشان چه‌ندین که‌سایه‌تی ئه‌دیب و نووسه‌ر و ئه‌کادیمیان تێدا هه‌ڵکه‌وتووه ، وەکو ئەم کەسایەتیانە:
نوزدهم/ عوسمان حیانی جه‌لیلی ، که لە نێوان ساڵانی (1773_1829ز) دا ژیاوه ، شاعیر بووه که خاوه‌نی چه‌ندان دیوانه شیعر بووه.
بیسته‌م/ مه‌حمه‌د سه‌عید جه‌لیلی ، که لە نێوان ساڵانی (1896_1963ز) دا ژیاوه ، شاعیر بووه که خاوه‌نی چه‌ندان دیوانه شیعربووه.
بیست و یه‌که‌م/ مه‌حمه‌د سادق جه‌لیلی ،که لە نێوان ساڵانی (1903_1980ز) دا ژیاوه ، نووسه‌ر و ڕۆژنامەنووس بووه که خاوه‌نی چه‌ندان کتێب بووه.
بیست و دوو/ د. مه‌حمه‌د ئه‌مین جه‌لیلی ، که لە نێوان ساڵانی (1921_2011ز) ژیاوه ، و له نێوان ساڵانی (1968_1967ز) یەکەم سه‌رۆکی زانکۆی موسڵ بووە لە سەردەمی چوارەم سەرۆک کۆماری عێراق عه‌بدوڵڕه‌حمان عارف (1966_1968ز) دا ، و بێجگه له‌م والی وکهسایهتییهکانهی خانه‌وادەی جه‌لیلی ناویان هاتووه ، چه‌ندان که‌سایه‌تی تری به ناوبانگیان هه‌یه تا ئێستا بەردەوامن و هەروەها چەندان کەسیان بۆ دەرەوەی عێراق کۆچییان کردووە بە تایبەت لە دوای داگیر کردنی شاری مووسڵ گروپی تیرۆریستی داعشەوە.
سه‌رچاوه:
1/ یاسین سابرساڵح: ئینسایلکۆپیدیای گشتی- سلێمانی2005ز.
2/ سه‌عید مه‌موزینی: مووسڵ وکورد له دوای ئازادی- هه‌ولێر2008ز.
3/ ڕاپۆرتی کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان: ویلایه‌تی موسڵ- وه: مه‌حمه‌د ئه‌مین حوسێن عه‌لی (مینه)-سلێمانی2012ز.
4/ علا‌ء موسی کاظم نورس: فەرمانڕەوایی مەملوکەکان لە عێراقدا- و: عوسمان عەزیز عەللاف-تاران2017ز.
5/ ستێفێن هێمسلێی لۆنگریگ: چوار سەدە لە مێژووی عێراقی نوێ- وە: رەسوڵ بەختیار-هه‌ولێر2019ز.
6/ باقر یاسین: مێژووی خوێنڕێژی لە عێراقدا- و: سەباح ئیسماعیل- تاران2019ز.