(سۆمه‌ر) یه‌كه‌مین شارستانی جیهانی كۆن!
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز*
له ڕاستیدا، شارستانییه کۆنه‌کانی کۆمه‌ڵی مرۆ، له ڕووی هه‌ڵکه‌وتی جوگرافیا، مه‌ودای بڵاوبوونه‌وه، شێوه‌ی ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایی، ئاست و جۆری ژیان، چه‌شنی ئه‌و زمانانه‌ی دانیشتووانه‌که‌ی قسه‌یان پێ کردووه و ئه‌و ئایینانه‌ی باوه‌ڕیان پێی هه‌بووه، زۆر جیاوازبوون.
له‌به‌رئه‌وه ماوه‌یه‌کی دوورودرێژ، زاناکان به دوای زانیاریی و ڕاستیدا گه‌ڕاون، به‌ڵام وه‌ڵامێکی بنه‌بڕیان ده‌س نه‌که‌وتووه، تا کۆنترین شارستانیی گه‌وره‌ی مرۆ ده‌سنیشانکه‌ن.
بۆیه زۆر له مێژه، زاناکانی مێژوو، جوگرافیا، ئهرکیۆلۆجی و زمان، بیریان له شارستانییه کۆنه‌کانی سه‌رڕووی زه‌وی کردووه‌ته‌وه و خولیای ئه‌وه له که‌له‌ی داون، تا بزانن، یه‌که‌مین شارستانیی، له چ به‌شێکی ئه‌م جیهانه گه‌وره‌یه‌دا درووستبووه؟ که‌ی دامه‌زراوه و نه‌ماوه؟ دانیشتووانه‌که‌ی به چ زمانێ په‌یڤیون؟ چیان به‌سه‌رهاتووه؟! سنووری ده‌سه‌ڵات و شێوەی فه‌رمانڕه‌واییان چۆن بووه و تا کوێ بڕیکردووه؟!
ئه‌مانه و گه‌لێ پرسیاری دیکه‌ش، سه‌ریان جهنجاڵکردوون. له‌به‌رئه‌وه گه‌لێ توێژینه‌وه‌ی زانستانه‌یان کردووه، له ئه‌نجامدا سه‌ره‌داوی هێندێ زانیاریی ڕاستیان بۆ ده‌رکه‌وتووه و له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێککه‌وتوون، یه‌که‌مین شارستانیی له مێژوودا، مرۆ دایمه‌زراندبێ، شارستانیی کۆنی (سۆمه‌ر) بووه.
ئاشکرایه، سۆمه‌رییه‌کان خاوه‌نی بیر و که‌لتوورێکی تایبه‌ت بوون، هه‌ر ئه‌وانیش بوون، نووسینیان دۆزیوه‌ته‌وه و به هێڵی بزماری نووسیویانه، له‌شکریان ڕێکخستووه، چەندین شاری گه‌وره و گچکەشیان درووستکردووه. له‌به‌رئه‌وه له پێشخستنی کۆمه‌ڵی مرۆدا، ده‌سێکی باڵایان هه‌بووه.
ساڵی (1852ز)، زانای شوینه‌وارناسی ئێرله‌ندی (ئه‌دوارد هنکس)، له گرده‌کانی شارۆچکه‌ی (کۆیه)، چه‌ن ده‌سنووسێکی دۆزییه‌وه، دوای شیکردنه‌وه‌ی زمانه‌وانیی پێی وابوو، له هه‌ردوو شارستانیی (بابل) و (ئه‌که‌دی)یه‌کانه‌وه به‌جێماوه. به‌ڵام ساڵی(1867ز)، زانای شوینه‌وارناسی فڕه‌نسی (پۆڵس ئۆبرێت)، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه کردووه، ئه‌و ده‌سنووسانه بۆ سه‌رده‌می شارستانییه گه‌وره لهبیرچووهکهی (سۆمه‌ر) ده‌گه‌ڕینه‌وه و به زمانی کۆنی (سۆمه‌ر)یش نووسراون، که کۆنترین زمان بووه.
هه‌روه‌ها ساڵی (1877ز)، به سه‌رپه‌رشتی زانای فڕه‌نسی (ئێرنێست دی سیرزاک)، جارێکی دیکه گه‌ڕان و پشکنین ده‌سیپێکردووه‌ته‌وه و ماوه‌ی (20) ساڵ به‌رده‌وامبووه. له ئه‌نجامدا توانیویانه، سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره به‌ده‌سبێنن. جگه له ئه‌وه‌ی، په‌یکه‌ری به‌نێوبانگی شا (جودیا) و چه‌ندین که‌ره‌سه‌ی کۆنینیشیان دۆزیوه‌ته‌وه، که له تاشه‌به‌رد و خشتی قوڕ درووستکرابوون.
پاشان له نێوان ساڵانی (1903-1933ز.) بۆ ماوه‌ی (30) ساڵی دیکه پشکنین و گه‌ڕان، به دوای پاشماوه‌کانی شارستانیی (سۆمه‌ر)دا به‌رده‌وامبووه، تا هه‌موو ڕاستییه‌کانیان بۆ ده‌رکه‌وتووه و دڵنیابوون. *
له ئه‌نجامی ئه‌و پشکنین و توێژینهوانەشدا، خاڵێکی زۆر گرنگمان بۆ ده‌رده‌که‌وێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: بنه‌چه و ڕه‌چه‌ڵه‌کی کورد، بۆ سه‌ر سۆمه‌رییه‌کان ده‌گه‌ڕیته‌وه.
هەروەها ئەوەش سەلمێنراوە، سنوورێکی فراوانی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان، له‌نێو خاكی (کوردستان)دا بووه. جگە لە ئەوەی گه‌لێ وشه‌ی لهیهکچووش، له نێوان هه‌ردوو زمانی سۆمه‌ریی و کوردیش‌دا هه‌یه. له‌به‌رئه‌وه کورد، له نه‌وه‌ی سۆمه‌رییه‌کانه و زمانه‌که‌شمان، هه‌ر بۆ سه‌ر زمانی سۆمه‌ریی کۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه.
* محمد جوارنه، ما هی اول حظارە فی التاریخ، 2014.