حه‌مه جه‌زا
له‌ساڵیادی كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ندو پێشمه‌رگه “حه‌مه جه‌زا” دا
* “حه‌مه جه‌زا عه‌لی” له‌ساڵی 1949 له‌شاری سلێمانی له‌دایكبووه، هه‌ر له‌منداڵییه‌وه ئاره‌زووی هونه‌رو سترانی كردووه.* زۆرینه‌ی بنه‌مه‌ڵه‌كه‌یان به‌كه‌سانی ده‌نگخۆش ده‌ناسرێن و ژماره‌یه‌كی زۆریان ناوبانگێكیان له‌ناو هونه‌ری كوردیدا په‌یدا كردووه.
* له‌ته‌مه‌نی 19 ساڵیدا ژیانی هاوسه‌ری پێكهێناوه‌و خاوه‌نی 6 منداڵه (2 كوڕ‌و 4 كچ).* له‌ساڵی 1969 دا ده‌بێته ئه‌ندامی “تیپی هونه‌رو وێژه‌ی كوردی” و له‌گه‌ڵ هاوته‌مه‌نه‌كانی خۆیدا وه‌ك “عوسمان عه‌لی” و “سه‌لاح مه‌جید” و “حه‌مه‌ی نێرگز” و هتد.. به‌شداری چه‌ندین ئاهه‌نگی موزیكی ده‌كات.
* بۆ یه‌كه‌مجار له‌ساڵی 1970 به‌ره‌و شاری هه‌ولێر ده‌ڕوات و له‌ئاهه‌نگی 16ی ئابدا به‌شداری ده‌كات، هه‌روه‌ك خۆی له‌یادگارییه‌كانیدا ده‌گێڕێته‌وه دواتر به‌ته‌واوه‌تی له‌هه‌ولێر نیشته‌جێ ده‌بێت و به‌هۆی خۆشی ده‌نگییه‌وه ژماره‌یه‌كی زۆر له‌دۆست و هاوه‌ڵانی بۆ په‌یدا ده‌بێت و به‌ته‌واوه‌تی له‌نێو هونه‌رمه‌ندان و ڕۆشنبیراندا ده‌ناسرێت.
* یه‌كه‌مین به‌رهه‌می تۆماركراوی له‌ساڵی 1971 به‌ناوی “بیبی خانم” بڵاوده‌كاته‌وه، كه له‌سلێمانی له‌گه‌ڵ چه‌ند ئه‌ندامێكی “تیپی موزیكی باواجی كۆیه” تۆماری ده‌كات.
* ساڵی 1977 به‌رهه‌مێكی تری به‌ناوی “ئیشق و ئازادی” هۆنراوه‌ی “هێمن موكریانی” و به‌ژه‌نینی ئامێری عود له‌لایه‌ن “رزگار خۆشناو” بڵاوده‌كاته‌وه. ئه‌م به‌رهه‌مه نوێیه‌ش ناوبانگێكی باش به “حه‌مه جه‌زا” دروستده‌كات و له‌ماوه‌ی ته‌نها دوو ڕۆژدا له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستاندا بڵاوده‌بێته‌وه.
* له‌ساڵی 1977 دا دوو ستران له‌گه‌ڵ “تیپی موزیكی هه‌ولێر” تۆمارده‌كات و له‌ساڵی 1978 دا “حه‌مه جه‌زا” چوار سترانی تری له‌گه‌ڵ هه‌مان تیپدا بڵاوده‌كاته‌وه. له‌ساڵی 1980 دا دوو سترانی تر له‌گه‌ڵ “تیپی موزیكی هه‌ولێر” به‌ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نێت.
* “حه‌مه جه‌زا” زۆربه‌ی به‌رهه‌مه به‌پێزه‌كان له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی عودژه‌ن “رزگار خۆشناو” به‌ئه‌نجام گه‌یاندووه.
* دوای به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی به‌رهه‌می “ئیشق و ئازادی” هونه‌رمه‌ند “حه‌مه جه‌زا” له‌ساڵی 1977 دا “شه‌نگه‌بێری” تۆمارده‌كات و له‌ساڵی 1978یشدا “بوكی ئازادی و جوانی ناو چیا” به‌ئه‌نجام ده‌گه‌ێنێت. هه‌ر هه‌مان ساڵ “ناڵه‌ی جودایی” مامۆستای هێمن “گله‌یی له‌كه‌س ناكه‌م” ئاوێته‌ی هونه‌ری كوردی ده‌كات.
* سه‌رجه‌م سترانه تۆماركراوه‌كانی “حه‌مه جه‌زا” 212 ن، ئه‌مه جگه له‌به‌شداربوون له‌سه‌دان ئاهه‌نگ و میهره‌جان و ئاهه‌نگی تایبه‌ت.
* پاش بێزارییه‌كی زۆر‌و هه‌راسانكردن و راوه‌دوونان له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه له 23-5-1981 شاری هه‌ولێر به‌جێده‌هێڵێت و به‌ره‌و شاخ ده‌ڕوات. سه‌ره‌ڕای سه‌ختی ژیانی شاخ و پێشمه‌رگایه‌تی هونه‌رمه‌ندی ناوبراو له‌هونه‌ر دوورنه‌كه‌وته‌وه‌و چالاكی خۆی له‌گه‌ڵ “تیپی موزیكی شه‌هید كارزان” درێژه پێداو كۆمه‌ڵێك له‌سروودی نیشتمانی بۆ پێشمه‌رگه‌و خه‌باتی رزگاریخوازی كوردستان تۆماركرد.
* پاش راپه‌ڕینی به‌هاری 1991 “حه‌مه جه‌زا” ئاهه‌نگی “یانه‌ی مامۆستایان”ی له‌گه‌ڵ “تیپی هونه‌ری هه‌ولێر” له‌شاری هه‌ولێر سازكرد.
* “حه‌مه جه‌زا” ساڵی 1990 له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی به‌ره‌و وڵاتی دانیمارك رۆیشتن و زۆرجار سه‌ردانی كوردستانی ده‌كرده‌وه‌و به‌شداری چالاكی هونه‌ری ده‌كرد. له‌دوای 2000ـه‌وه چه‌ندین ئاهه‌نگی له‌هه‌ولێر، سلێمانی، كه‌ركوك، رۆژهه‌ڵاتی كوردستان سازداوه‌و به‌شداری ده‌یان به‌رنامه‌ی رادیۆیی و ته‌له‌فزیۆنی كردووه.
* ساڵ 2007 “حه‌مه جه‌زا” دووچاری شێرپه‌نجه‌ی په‌نكریاس بوو و به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری پزیشكی سه‌ردانی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاو زۆر شوێنی تری كرد.
* “حه‌مه جه‌زا” له‌پاڵ ده‌نگه سازگارییه‌كه‌ی، خه‌ریكی نووسینی هۆنراوه‌ش بوو و دیوانێكی گه‌وره‌ی به‌چاپ گه‌یاندووه‌و له‌لاپه‌ڕه‌ی 239 دا كه له‌شاری “هێرلیو له‌دانیمارك له 10-11-2008 له‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌كه‌ی ده‌ینووسێت: “بۆكرۆزی دێ له سینه‌م، قرچه‌ی سوتانی جگه‌رمه ئه‌تاسێنی هه‌ناسه‌و دڵ، زۆر له‌سه‌رخۆ نه‌رمه نه‌رمه هێدی هێدی گڕ ئه‌سێنێ، ئازار وا گه‌یشته جه‌سته‌م، ده‌زانم ده‌ردم گران، من ده‌رده‌داری شێرپه‌نجه، مه‌رگم نزیكه‌و لێم حاڵی، ده‌وایه‌ك بۆ سه‌ره‌تانم، تا ئه‌وكاته‌ی چاولێك ئه‌نێم، به‌هێوای خۆشی ژیانم”.
* له‌ساڵی 2009 “وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان” له‌شاره دێرینه‌كه‌ی كوردان، شاره خۆشه‌ویسته‌كه‌ی “حه‌مه‌جه‌زا”ی هونه‌رمه‌ند كه ته‌مه‌نێكی زۆری له‌وێ به‌سه‌ربردبوو، له “هۆڵی پێشه‌وا”ی هه‌ولێر خه‌ڵاتی رێزلێنانی به‌خشییه هونه‌رمه‌ندو پێشمه‌رگه “حه‌مه‌جه‌زا”.
* ئێواره‌ی 1-10-2010 دڵه گه‌وره‌كه‌ی له‌لێدان كه‌وت و به‌یه‌كجاری ماڵئاوایی له‌ژیان كرد. هه‌ر هه‌مان رۆژ له‌كه‌ژاوه‌یه‌كی پڕشكۆی شایسته‌داو به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری بنه‌ماڵه‌و كه‌سوكارو دۆستان و هاوڕێیانی هونه‌رمه‌ند، له‌گردی سه‌یوان له‌سلێمانی به‌خاكسپێردرا.