ئه‌و ده كتێبه‌ی له دنیادا هه‌رایان ناوه‌ته‌وه
له‌وه‌ته‌ی كتێب بووه به به‌شێكی گرنگ له ژیانی مرۆڤدا، له هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا كۆمه‌ڵێ كتێب هه‌بوون به‌هۆی ناوه‌ڕۆكی نووسینه‌كانیانه‌وه سه‌باره‌ت به‌گه‌نده‌ڵی، به‌دناوكردنی مه‌زهه‌ب، زمانی ناشیرین و ناپه‌سه‌ند، توندوتیژی، ره‌گه‌زپه‌رستی، مه‌سه‌له‌ی سێكس یان سیاسه‌ته‌وه، هه‌رایه‌كی زۆریان ناوه‌ته‌وه، چونكه له‌م بوارانه‌دا چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی هه‌ستیاریان به‌شێوه‌كی ئاشكرا یان زۆر توندوتوندڕهوانه خستۆته‌ڕوو، هه‌میشه له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌یاندا شه‌پۆلێكی توندی ناڕه‌زایی كه‌وتۆته‌وه ئیتر له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگاوه بووبێ به شێوه‌یه‌كی گشتیی یان له‌لایه‌ن رێكخراوه سیاسی و مه‌زهه‌بییه‌كانه‌وه بووبێت. له‌م بابه‌ته‌دا باسی هه‌ندێ له‌و كتێبانه ده‌كه‌ین كه هه‌رایه‌كی زۆریان ناوه‌ته‌وه.
1-ههكلبری فین، مارك تواین، 1884
ئه‌م رۆمانه هه‌تا ماوه‌یه‌كی زۆر مایه‌ی مشت‌ومڕ بوو. مارك تواین له‌م رۆمانه‌دا ناكۆكی نێوان خه‌ونی بێگه‌ردو ساده‌ی سه‌رده‌می منداڵی و واقیعی دزێو و زاڵمانه ده‌خاته‌ڕوو، هه‌روه‌ها یه‌كسانیی و دادپه‌روه‌ریی و مافی مرۆڤ روونده‌كاته‌وه. له‌م رۆمانه‌دا (هه‌ك) خۆی ده‌كات به مردوو بۆ ئه‌وه‌ی رابكات بۆ رووباره‌كه. له‌وێ به كۆیله‌یه‌ك ئاشنا ده‌بێ به‌ناوی (جه‌یم) كه ئه‌ویش هه‌ڵاتووه. ئه‌م دووانه پێكه‌وه به شوێن ئازادییدا وێڵ ده‌بن له هه‌موو ساتێكی سهفهرهكهیاندا ده‌كه‌ونه ژێر تاقیكردنه‌وه‌وه. له كاتێكدا هه‌ك وێڵی گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ژیانێكی ئازاد‌و خۆشگوزه‌ران. جه‌یم به دوای ئازادیی تاكه كه‌سیدا وێڵه كه قه‌ت له‌ژیانیدا نه‌یبووه. له‌گه‌ڵ هاتنه‌ئارای (تۆم سایر)دا هه‌ك رووبه‌ڕووی كێشه‌یه‌ك ده‌بێته‌وه و ده‌كه‌وێته نێوان دووڕیانێكه‌وه كه ئایا بگه‌ڕێته‌وه بۆ ماڵه‌وه یان له پێناوی ئازادی جهیمدا ژیانی خۆی بخاته مه‌ترسییه‌وه.
ئه‌م رۆمانه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه زۆر جێگه‌ی مشت‌ومڕ بوو. له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌ندین جار وشه‌ی ره‌شپێست به شێوه‌یه‌كی ناشیرین به‌كارهێنراوه و شێوازی بازاڕیانه‌ی زمانی رۆمانه‌كه‌ش جێگای ره‌خنه بوو. ئه‌رنێست هه‌مه‌نگوای له‌باره‌ی ئه‌م رۆمانه‌وه وتویه‌تی: (ئه‌م رۆمانه باشترین رۆمانه كه تا ئێستا هه‌مانبێت).
2-دنیایه‌كی نوێی ئازا، ئهڵدوس هوكسلی، 1932
ئه‌م كتێبه به‌ناوبانگترین رۆمانی ئهڵدوس هوكسلییه، به‌ڵام گرنگترین رۆمانی نییه. چه‌ندین جار ناڕه‌زایی دژی ئه‌م رۆمانه ده‌ربڕراوه و ئێستاش هه‌ر مشتومڕی له‌سه‌ر ده‌كرێت. له‌م رۆمانه‌دا هوكسلی دیدگای خۆی بۆ خوێنه‌ر خستۆته‌ڕوو كه له سه‌ر بنه‌مایه‌كی زانستییه. رۆمانه‌كه باسی جگه‌ره‌و ماده هۆشبه‌ره‌كان و ئاره‌زووی سێكسی و خۆكوشتن ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خراپی و هیچ و پووچی كلتووری ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له روانگه‌ی نووسه‌ره‌وه نیشانده‌دات.
3- 1984، جۆرج ئۆریل، 1949
جۆرج ئۆرێل كاتێ تووشی سیل بوو، له سه‌ره‌مه‌رگدا سه‌رقاڵی نووسینی ئه‌م رۆمانه بوو. رۆمانه‌كه به روونی باس له باری ترسناكی ژیانی كۆمه‌ڵگایه‌ك ده‌كات كه تیایدا ژیانی تایبه‌تیی و حه‌قیقه‌ت و ئیراده‌ی ئازاد تاسێنراوه. جۆرج ئۆرێل شێوازه‌كانی ژیان و كرده‌وه‌ی حكومه‌ته‌كان نیشانده‌دات و له‌باره‌ی گه‌لێ بابه‌تی جیاوازه‌وه دیدگایه‌كی نوێ ده‌خاته‌ڕوو وه‌كو سیستمی دیكتاتۆریی، ئه‌شكه‌نجه، كۆنترۆڵكردنی بیركردنه‌وه، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، ژیانی تایبه‌تیی، ته‌كنه‌لۆژیا، ده‌سه‌ڵات، هه‌ستی مرۆڤ، مه‌زهه‌به رێكخراوه‌كان، سانسۆر و سێكس.
هه‌ڵبه‌ته كه‌سانێكی زۆر ئیدیعای ئه‌وه‌یان كرد رۆمانه‌كه توندڕه‌وانه‌یه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه نووسراوه كه له نه‌ستیدا گیرۆده‌ی ئاره‌زووی مه‌رگ بووه، كۆمه‌ڵێ خوێنه‌ریش له ئه‌مریكا باسی ئه‌وه‌یان كرد ئه‌م رۆمانه سۆسیال دیموكراتی ره‌تكردۆته‌وه.
4-پاسه‌وانی كێڵگه‌ی هه‌رزن، جی، دی سالینجه‌ر، 1951
ئه‌م رۆمانه هه‌ر له دوای بڵاوبوونه‌وه‌یه‌وه چه‌ندین جار واباسكراوه كه زۆرترین ژماره‌ی لێ فرۆشراوه. نووسه‌ر له‌م رۆمانه‌دا باسی سێ رۆژی ژیانی گه‌نجێكی ته‌مه‌ن شانزه ساڵ ده‌كات. ئه‌گه‌رچی رۆمانه‌كه خۆی بۆ گه‌وره نووسراوه، به‌ڵام سه‌ره‌نجام بوو به به‌شێك له مه‌نهه‌جی ئاماده‌یی و كۆلیجه‌كان. ئه‌م رۆمانه تهرجومهكراوه بۆ گه‌لێ زمان و بۆ كوردیش به‌هۆی ئه‌وه‌ی باسی په‌رێشانی و ئاره‌زووی سێكسی و توندوتیژیی و ده‌ستدرێژیی توندڕه‌وانه و له ڕاده‌به‌ده‌ر ده‌كات چه‌ندین جار بووه‌ته مایه‌ی مشت‌ومڕ. (هۆڵدن كۆڵفید)ی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه بهرهمزێكی ناڕه‌زایی و یاخیبوون له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. دواجار له ساڵی 1980دا كاتێ (مارك ده‌یڤید چاپمان) ته‌قه‌ی له (جۆن لیۆن) كرد‌و كوشتی، ئه‌م رۆمانه‌ی به هانده‌ری تاوانه‌كه‌ی له قه‌ڵه‌مدا.
5-لۆلیتا، ڤلادیمیر نابۆكۆف، 1955
كاتێ ئه‌م رۆمانه له فه‌ره‌نسا بڵاوبۆوه لافاوێكی مشتومڕو ناره‌زایی هه‌ستا كه هه‌تا ئێستاش كاریگه‌ریی ماوه. ئه‌م رۆمانه باسی كه‌سێك ده‌كات كه ئاره‌زووی سێكسی بۆ مناڵان جوڵاوه. (هۆمبهرت)ی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه ژیانی خۆی و ئاره‌زووه‌كانی بۆ كچێكی دوانزه ساڵه باس ده‌كات. چاپكردنی ئه‌م رۆمانه له فه‌ره‌نسا، به‌ریتانیا، نیوزیله‌نده، ئه‌فریقای باشوور‌و ئه‌رجه‌نتین قه‌ده‌غه‌كرا. به‌ڵام له ئه‌مریكا سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناو له‌دوای رۆمانی (له‌گه‌ڵ با دا رۆیشت) یه‌كه‌م كتێب بووه كه له ماوه‌ی سێ حه‌فته‌دا سه‌د هه‌زار دانه‌ی لێ فرۆشراوه.
6-من ده‌زانم چۆله‌كه‌كان بۆچی گۆرانی ده‌ڵێن، خاتو مایا ئه‌نجیلۆ، 1970.
ئه‌م كتێبه ژیاننامه‌ی خاتو مایا ئهنجیلۆیه كه تیایدا باسی قۆناغی هه‌رزه‌كاریی خۆی ده‌كات و پڕه له گورزی ده‌روونیی، كاره‌سات، نائومێدیی و ناڕه‌زایی. ئه‌نجیلۆ باسی ره‌گه‌زپه‌رستیی ده‌كات كه له شاره بچووكه‌كه‌یان ڕووبه‌ڕووی خۆی و نه‌نكی بۆته‌وه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نه‌نكی یه‌كێك بووه له ژنه سپی پێسته ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان. له چه‌ندین په‌ره‌گرافدا باسی ئه‌وه ده‌كات كاتێ ته‌مه‌نی هه‌شت ساڵ بووه چۆن له‌لایه‌ن دۆسته‌كه‌ی دایكییه‌وه لاقه كراوه و به زۆر سێكسی له‌گه‌ڵ كردووه. به‌ڵام كاریگه‌ریی و ده‌سه‌ڵاتی نه‌نكی له سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر كۆسپه‌كانی ژیانیدا رۆڵی گرنگیان گێڕاوه.
زۆر كه‌س دژی ئه‌وه وه‌ستانه‌وه كهبهگرافیك له‌كتێبه‌كه‌یدا ورده‌كاریی ده‌ستدرێژییه سێكسییه‌كانی نیشاندابوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م كتێبه له‌لایه‌ن خه‌ڵكێكی زۆره‌وه پێشوازیی لێكراو ته‌نانه‌ت بوو به‌مه‌نهه‌جی قوتابخانه‌ش، هه‌روه‌ها كتێبه‌كه بۆ خه‌ڵاتی كتێبیش ده‌ستنیشانكرا.
7-كتێبی چێشتلێنانی ئه‌نارشیست، ویلیا‌م پاوڵ، 1971
ئه‌م كتێبه نموونه‌ی كتێبێكی كلاسیكییه و كۆمه‌ڵێ ستراتیجی به‌سوود ده‌خاته به‌رده‌ستی ئه‌و كه‌سانه‌ی له دژی توندوتیژیی و ده‌ستدرێژیی خه‌بات ده‌كه‌ن. كتێبه‌كه له چه‌ند به‌شێك پێكهاتووه كه تیایاندا باسی خۆپێشاندان، كاولكاریی، خێل و گه‌لێ بابه‌تیتر ده‌كات وه‌كو پشتگیریكردن له‌و كه‌سانه‌ی تاوانی ناوخۆییان كردووه، هه‌روه‌ها باسی سه‌لامه‌تیی ده‌روونیی ده‌كات.
ئه‌م كتێبه رق و تووڕه‌یی فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت و گروپه ئه‌نارشیسته‌كانی ته‌قانده‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ههستیاندهكرد كتێبه‌كه بیروبۆچوونی ئه‌نارشیستی ئه‌وانی به‌خراپ لێكداوه‌ته‌وه. كه‌سانی تریش ره‌خنه‌یان له شێوازی كاركردن و پێشنیازه‌كانی كتێبه‌كه گرت و باسی ئه‌وه‌یانكرد هیچیان فڕیان به‌سه‌ر راستییه‌وه نییه. ساڵانی دوای ئه‌وه كاتێ پاوڵ چووه ته‌مه‌نه‌وه. هه‌وڵیدا كتێبه‌كه‌ی خۆی سانسۆر بكات و باسی ئه‌وه‌ی كرد كتێبه‌كه به‌رهه‌می بیروبۆچوونی هه‌ڵه‌و كه‌فوكوڵی گه‌نجی بووه وه‌كو كچێكی هه‌رزه.
8-ئایه‌ته شه‌یتانییه‌كان، سه‌لمان روشدی، 1989
ئه‌م رۆمانه‌ی سه‌لمان روشدی، نووسه‌ری به‌ریتانی به ڕه‌چه‌ڵه‌ك هیندی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بابه‌تێكی هه‌ستیاری وروژاندووه هه‌ر له‌سه‌رتاوه مشتومڕو هه‌رایه‌كی گه‌وره‌ی نایه‌وه. ناونیشانی رۆمانه‌كه واته ئایه‌ته شه‌یتانییه‌كان ئاماژه بۆ رووداوێك ده‌كات كه واقیعی بوون و خه‌یاڵیی بوونی رووداوه‌كه‌ی خستۆته ژێر پرسیاره‌وه. سه‌لمان روشدی له ده‌ربڕینه كفر ئامێزهكانیدا ناوی به‌ده‌وی شه‌یتانی خستۆته پاڵ ناوی محه‌مه‌دی په‌یامبه‌ر. پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی رۆمانه‌كه هه‌مان ساڵ له پاكستان خۆپیشاندانێكی زۆر له دژی سه‌لمان روشدی و كتێبه‌كه‌ی به‌رپابوو كه ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكی تێدا كوژراو ژماره‌یه‌كیش بریندار بوون.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌لمان روشدی داوای لێبووردنی كرد، ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی رابه‌ری ئێران سه‌لمان روشدی به تاوانبار له قه‌ڵه‌مداو فه‌توای كوشتنیدا و یه‌ك ملیۆن دۆلاری وه‌كو خه‌ڵات ده‌ستنیشانكرد بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی سه‌لمان روشدی ده‌كوژێت، ئه‌گه‌ر بكوژه‌كه‌ش ئێرانی بێت ئه‌وا خه‌ڵاته‌كه‌ی ده‌بێته سێ ملیۆن دۆلار. پۆلیسی فهنزویلاش (15)مانگ زیندانی بۆ ئه‌و كه‌سانه دیاریكرد كه رۆمانه‌كه‌یان خوێندبۆوه یان كڕیبوویان. ژاپۆنییه‌كانیش سزایان بۆ ئه‌و كه‌سانه دانابوو كه ده‌قی ئینگلیزی رۆمانه‌كه بفرۆشن و وه‌رگێڕی ژاپۆنی رۆمانه‌كه‌ش باسی ئه‌وه‌ی كردبوو كه له سه‌ر وه‌رگێڕانی ئه‌و رۆمانه رووبه‌ڕووی لێدان و جنێو و سوكایه‌تیی پێكردن بۆته‌وه. فرۆشیاره ئه‌مریكییه‌كانی رۆمانه‌كه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌یان لێكرابوو. كتێبه‌كه‌یان لهڕهفهی فرۆشتن لابردبوو. سه‌لمان روشدی نزیكه‌ی (10) ساڵ به‌ته‌نیا ژیا و خۆی شارده‌وه، ئه‌م هه‌راو مشتومڕه هه‌تا ئه‌مڕۆش درێژه‌ی هه‌یه.
9-چه‌ند به‌رگێك له‌ڕۆمانی هاری پۆته‌ر، جه‌ی، كه‌ی. رۆلینگ، 2001
دیاره رۆمانی هاری پۆته‌ر لای زۆربه‌مان ناسراوه، ده‌چێته بواری چیرۆكی مناڵانه‌وه كه پڕه له كاری سه‌رچڵانه و وه‌كو رۆمانێكی بێ‌زیان ته‌ماشای ده‌كرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا مشتومڕی زۆری لێكه‌وتۆته‌وه و هه‌رایه‌كی زۆری ناوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه بووه كه باوه‌ڕیان وایه چیرۆكی رۆمانه‌كه كه مناڵانی خستۆته به‌رده‌م جیهانی جادوگه‌رییه‌وه كاریگه‌ریی خراپ له‌سه‌ر مناڵان دروستده‌كات. حیكایه‌تی ئه‌م رۆمانه باسی ژیانی جادووگه‌رێكی گه‌نج ده‌كات كه (لۆرد ڤیلده‌ر مۆنتی)ی شه‌یتان دایك و باوكه جادووگهرهكهیان كوشتووه. ئه‌م مناڵه له یادی 11 ساڵه‌ی له دایكبوونیدا داوه‌تێكی له قوتابخانه‌ی جادووگه‌رییه‌وه پێده‌گات بۆ ئه‌وه‌ی له‌و قوتابخانه‌یه‌دا به‌شداریبكات، هه‌ر به‌رگێكی رۆمانه‌كه باسی ساڵێك له ژیانی مناڵه‌كه ده‌كات له‌ناو ئه‌و قوتابخانه‌یه‌دا. ئه‌م رۆمانه هه‌ندێ بیانووی داوه‌ته ده‌ست ئه‌وانه‌ی كه دژی وه‌ستاونه‌ته‌وه، كه رایان وایه له‌ڕاده‌به‌ده‌ر مناڵان ده‌باته ناو دنیای خه‌ون و خه‌یاڵه‌وه.
10-كۆدی داڤینشی، دان براون، 2003
ئه‌م رۆمانه‌ی دان براون هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له‌لایه‌ن نه‌یارانییه‌وه هێرشی كرایه‌سه‌ر و مشت‌ومڕ و هه‌رایه‌كی زۆری لێكهوتهوه. له‌به‌رئه‌وه‌ی دیدگایه‌كی خه‌یاڵیی به خوێنه‌ر ده‌دات و كاره‌كته‌ره‌كانی رۆمانه‌كه ده‌یانه‌وێ ئه‌و راستییانه ئاشكرا بكه‌ن كه كڵێسه‌ی كاسۆلیك چه‌ندین سه‌ده‌یه شاردوویهتییهوهو به‌ردی له‌سه‌ر داناوه. ئه‌م راستیانه‌ش بریتین له‌وه‌ی گومان له په‌یامبه‌رێتی عیسا و سهڵتێتی ده‌كه‌ن و وایده‌بینن عیسا سه‌ڵت نه‌بووه و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ژنان هه‌بووه و مناڵی خستۆته‌وه.
زۆربه‌ی ناڕه‌زاییه‌كان له دژی ئه‌م رۆمانه ئه‌وه‌بوون كه رۆمانه‌كه گومان له كڵێسای كاسۆلیكی رۆما ده‌كات و به شێوه‌یه‌كی خراپ گوزارشتی لێده‌كات و پرسیاره سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌باره‌ت به بیروبۆچوونه مه‌سیحییه‌كانه.
ئه‌م رۆمانه به‌هۆی راڤه‌كردنی شاش و شه‌ش ته‌قه‌ڵی مێژوو و جوگرافیا و بیناسازیی ئه‌وروپاشه‌وه ناڕه‌زایی لێكهوتهوه، ماوه‌ته‌وه بڵێین بێگومان ئه‌و كتێبانه‌ی له دنیادا مشتومڕیان دروستكردووه و هه‌رایان ناوه‌ته‌وه زۆر له‌م ژماره‌یه زیاترن كه له‌م راپۆرته‌دا باسمان كردن به‌ڵام گومان له‌وه‌دا نییه كه ئه‌م (10) كتێبه زۆرترین مشتومڕیان دروستكردووه و زۆرترین هه‌رایان ناوه‌ته‌وه.
Check Also
فینچینزۆ پیرۆجیا دزەکەی مۆنالیزا
گه‌رمیان حه‌سه‌ن تابلۆ بەناوبانگەکان نوێنەرایەتی سامان و داهاتێکی زۆر دەکەن، هەر ئەمەشە وایکردە دزەکان زیاتر …