Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / ڕۆژووگرتن و چه‌ند ڕه‌هه‌ندێكی فه‌لسه‌فی

ڕۆژووگرتن و چه‌ند ڕه‌هه‌ندێكی فه‌لسه‌فی

ڕۆژووگرتن و چه‌ند ڕه‌هه‌ندێكی فه‌لسه‌فی

FB_IMG_1465206431558

 نوسینی:کاوە ئەحمەد

كرده‌ی ڕۆژووگرتن به‌شێكه‌ له‌ ریچواڵ ودیوی ده‌ره‌وه‌ی ئاین،به‌شێك كه‌زیاتر شوناسی ئه‌و ئاینه‌ی هه‌ڵگرتووه‌ كه‌ ڕۆژووگرتن به‌شێكه لێی. به‌ڵام ئه‌م كرده‌یه‌ وه‌كو هه‌موو ڕیچواڵێكی دینی هه‌ڵگری چه‌ند ڕه‌هه‌ندێكی ناوه‌كییه‌ وهه‌ر له‌ سه‌ر ئاستی ئه‌م ره‌هه‌نده‌ ناوه‌كییانه‌ ده‌كرێت ببه‌سترێته‌وه‌ به‌هه‌مان ڕیچواڵ له‌نێو ئاینه‌كانی دیكه‌دا.كه‌واته‌ سه‌ره‌ڕای جیاوازی فۆرمی ڕۆژووگرتن له‌نێو ئاینه‌ جوداكاندا به‌ڵام له‌جه‌وهه‌ردا كرده‌ی ڕۆژووگرتن سه‌ربه‌هه‌ر ئاینێك بێت هه‌ڵگری چه‌ند ڕه‌هه‌ندێكی هاوبه‌شی ناوه‌كیه‌ كه‌ ده‌كرێت ناوی ڕه‌هه‌نده‌ میتافیزیكی و فه‌لسه‌فیه‌كانی رۆژووگرتنی لیبنرێت. لێره‌دا من ده‌مه‌وێت له‌سه‌ر چه‌ند ڕه‌هه‌ندێكی ئه‌م كرده‌یه‌ بوه‌ستم. یه‌كه‌م ڕه‌هه‌ندی فه‌لسه‌فی ئه‌م كرده‌ ئاینییه‌ بریتیییه ‌له‌ وه‌ستانه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئاسایی بوونه‌وه‌ی ژیان. ژیان ده‌كرێت له‌نێو ڕۆتیناتی خۆیدا، سیحری خۆی وون بكات. كرده‌ دووباره‌كانی ڕۆژانه‌ ده‌كرێت فۆرمێكی ئاسایی بدات به‌ژیان و دواجار ژیان بكات به‌شتێك وه‌ك هه‌موو شته‌ ئاساییه‌كانی دیكه.به‌ڵام مرۆڤ ده‌كرێت بۆ چه‌ند ساتێك له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م كرده‌ی ئاساییبوونه‌وه‌دا بوه‌ستێت، بچێته‌وه ‌به‌ گژ ئه‌و ڕۆتیناته‌ی كە ژیانی ته‌نیوه‌، ده‌ست بدات له‌ بۆشایی ژیان، بۆشاییه‌ك له‌ئاستی ماتریاڵدا، به‌تاڵ بوونه وه‌ی جەستە. ده‌ست به‌ردا له‌و ووزه‌ی كە سەر بەم جیهانە دەرەكییەیە، له‌مسی ئه‌و فه‌راغه‌ بكات كه‌ بێ ئه‌سڵ بوونی جیهان پیشان ده‌دات. له‌قورئاندا زۆر جه‌خت له‌م فاكته‌ كراوه‌ته‌وه‌ ،فاكتی دژ وه‌ستان به‌ ئاسایی بوونه‌وه‌ی شته‌كان، له‌چه‌ندین شوێن دا زاتی قودسی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ بوونی ئه‌ستێره‌كان، هاتنی ڕۆژوو شه‌و ،بوونی ئاو و باران و با، ئاسایی نین و نابێت له‌سیحرو ته‌لیسمه‌كانیان كه‌م بكرێنه‌وه‌. بۆ چركه‌ساتێك دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ژیان، ده‌كرێت وامان ڵی بكات ژیان جوانتره‌ وڕوونتر بیبینین. ڕه‌هه‌ندی دووه‌م بڕیتیی یه‌ له‌ وه‌ستانه‌وه‌ له‌دژی خود، ،به‌ر له‌هه‌رشت كرده‌ی ڕۆژووگرتن لێدانه‌ له‌ ئینسان سه‌نته‌ری نوێ.مرۆڤ له‌م كرده‌دا به‌ر به‌تاڵی وجودی خۆی ئه‌كه‌وێت،به‌تاڵییه‌ك كه‌ ته‌نها مانای باڵا ده‌توانێت پڕی بكاته‌وه‌. مرۆڤ ده‌توانێت پشت له‌م كرده‌ بكات و به‌ر ئه‌م به‌تاڵبوونه‌وه‌ وجوودییه‌ نه‌كه‌وێت به‌ڵام دواتر هه‌ر ئه‌م مرۆڤە‌ به‌ر به‌تاڵی وجودی قوڵتر ده‌كه‌وێت كه‌ هیچ مانایه‌ك نییه‌ بتوانێت پڕی بكاته‌وه‌. مرۆڤی ئیماندار له‌ به‌تاڵی وجودی خۆیدا ته‌واو ده‌رك به‌و هێزه‌ موته‌عالییه ‌ده‌كات كه‌ حزووری هه‌یه‌ وه‌ك شۆن ده‌ڵێت توانای پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌تاڵیه وجودییه‌ی هه‌یه‌. ئالێره‌وه‌ هه‌ر هه‌وڵێك بۆ دۆزینه‌وه‌ی ته‌فسیرێكی زانستی بۆ كرده‌ی ڕۆژووگرتن و كۆی ڕیچواڵه‌ دینیه‌كانی دیكه‌، ته‌نها هه‌وڵێكی بێسوده‌ و لێدانە له ‌ده‌لاله‌ته‌ قوڵه‌كانی ئه‌م كرده‌ دینییه‌. ڕه‌هه‌ندی سێهه‌م: ڕه‌هه‌ندێكی دیكه‌ی ئه‌م ڕیچواڵه‌ پشت كردنه‌ له‌ هێدۆنیزمی وه‌حشه‌تناكی مۆدێرنە. مرۆڤی نوێ كائینێكە پشتی له‌چێژه‌ مه‌عنه‌وییه‌كان كردووه‌و جیهانی نوێی پڕ پڕكردوه‌ له‌ چێژه‌ ماتڕیالیستیه‌كان. ئه‌مرۆ به‌زه‌حمه‌ت بستێكی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ ده‌دۆزرێته‌وه‌ كه‌ سێبه‌ری ئه‌م بێزاوته‌ هیدۆنیسته‌ نه‌یگرتبێته‌وه‌.بۆ مرۆڤی نوێ، چێژ بڕیتیه‌ له‌ یه‌كه‌م ودواهه‌مین مانای بوون بۆیه‌ پشت كردن له‌م ره‌هه‌نده‌ تۆخه‌ی جیهانی نوێ، ڕاسته‌وخۆ پشت كردنه‌ له‌و جیهانبینییه‌ توندره‌وه‌ی كه‌كار ده‌كاته‌ بۆ ئه‌وه‌ی جیهانی نوێ بكاته‌ سه‌رزه‌مینى به‌تاڵ بوونه‌وه له‌ موته‌عالیی.

About زريان احمد

Check Also

رێبازە فیکرییەکانی ئێرانی سەردەمی عەباسییەکان بە جەخت کردنەوە لە سەر قیرمەتی و ئیسماعیلییەکان

ئیسماعیل مەحموودی مانیا رەزایی پوختە: جگە لە دەسەڵاتی ئالی بوویەی شێعە مەزهەب (٤٤٧-٣٣١) و بە …