چوار شه‌ممه‌ , تشرینی یه‌كه‌م 9 2024
Home / بەشی مێژووی كورد / ئەو دوانەی یەكێكیان ئینگلیز و ئەویتریان فەڕەنسی، ڕۆژهەڵاتی ناوینیان دابەشكرد

ئەو دوانەی یەكێكیان ئینگلیز و ئەویتریان فەڕەنسی، ڕۆژهەڵاتی ناوینیان دابەشكرد

331234_0

ستارە عارف

١٩/١١/١٩١٦ ئەو ڕۆژەی ڕێکەوتننامەی سایکس پیکۆ واژۆ کرا، ئەگەرچی ڕێکەوتنەکە بۆ دابەشکردنی هەمو ڕۆژهەڵاتی ناوین بو، بەڵام کوردیش زیانێکی زۆری لێکرد و دابەشکرا و دەوڵەتی عێراق دروستکرا، کە لەو ڕۆژەوە تا ئێستا بۆ کورد مایەی نەهامەتی و قەیران و کۆمەڵکوژی و جینۆساید بوە، لەسەرەتادا بە پێی هەمان ڕێکەوتننامە، کە عێراق دروست کرا، تەنیا لەویلایەتەکانی بەغدا و بەسرە پێکهات، لێ بە هۆی فشاری تورکیاوە لەسەر بەریتانیا پاشان ویلایەتی موسڵیش، کە کوردستانی باشوری دەگرتەوە خرایە سەر عێراقی نەفرەتی.

سوریا بۆ فەڕەنسا و بەشێکی زۆری باکوری کوردستانیش بەر ڕوسیا کەوت، لێ لەو ساڵەدا ١٩١٧، کە شۆڕشی بەلشەفیکەکان بە ڕێبەرایەتی لینین دەستی پێکرد و ڕێکەوتننامەکە ئاشکرا بو، کە ڕوسیایش بەشدارە و ئەوان دژی بەشداری ڕوسیا بون لەو ڕێکەوتنە و ڕوسیایان ناچار کرد، لەڕێکەوتنەکە بکشێتەوە، بەڵام هەردو وڵاتی بەریتانیا و فەڕەنسا ناوچەکەیان بە تەواوی بەسەر خۆیاندا دابەشکرد و لەسەر ڕێکەوتننامەکە بەردەوام بون.

ئەو پێواژۆیە کورد بێ دەسەڵات و نا یەکگرتو و بێ ڕێبەر و پشت و پەنا بون و وڵاتان بە پێی بەرژەوەندی خۆیان مامەڵەیان پێوە کردن و دابەشیانکردن، کە بۆ ماوەی نزیکەی سەد ساڵ دەچێت، بەهۆی ئەو مامەڵە و دابەشکردنەی وڵاتانی سەردەست و زلهێزە وە، کورد لەڕەوشی شەڕ و کۆمەڵکوژی و جینۆساید دا ژیاوە و دەژین و بێچارە و دەربەدەر بون.

دوای نزیکەی سەدساڵ لەو ڕێکەوتنە ئێستا کورد تا ئاستێکی باش گۆڕانکاری لەهەر چوار پارچە بەسەردا هاتوە و لەئاستی جیهاندا هێزێکی هەژمار بۆ کراوە، بە تایبەتی بەرەنگاری کورد لەجەنگی دژ بە تاریکپەرستانی داعشدا، جیهان بۆی ئاشکرا بوە، کورد نەتەوەیەکی ئازا و دژە تیرۆر و ستەمە و ڕەچاوی سەرکەوتنەکانی دەکەن، بۆیە کورد ئەگەر هەنوکە بتوانێت یەکگرتو و خاوەن ستراتیژی ڕون و ئامانج و پلان و دوربین بێت، بێگومان ڕەوشی ئێستای گونجاوە بۆ ئەوەی لەدوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتننامەی سایکس پیکۆ و داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوینەوە، کە جەنگی داعش ئەم واقیعەی باشتر دەرخست، خۆی نەخش لەچارەنوسی خۆی بدات و داهاتو و ئایندەی گەل، کە گەلی کوردە دیاری بکات.

بە تایبەتیش لەباشور ئەگەر عاقڵمەندانی هەمو حزبەکان و ناو حکومەتی هەرێم، ڕەچاوی پێواژۆ و چاخی نوێی سەدەی بیست و یەکەمی دوای سایکس پیکۆ بکەن و لەنوێ وە خۆیان ڕێک بخەنەوە و قەیرانە سەختەکان ژیرانە جارەسەر بکەن و چاو ببڕنە پاشەڕۆژ، لەدیاریکردنی نەخش و چارەنوسی گەل لەنێو هاوکێسە نێودەوڵەتیەکاندا نزیک دەبنەوە و شکۆ بۆ خۆیان و داهاتوی هاوڵاتیان دەگەڕێننەوە و ڕێگری لەگورگانخواردیی کورد دەگرن، کە هاوشانی ئەمە کورد لەپارچەکانیتریش پشتگیر و خودی بەرنامەی چارەنوسساز بن و یەکێتیەکی هەمەلایەنەی هەر چوار پارچە هەبێت.

بۆئەوەی لەوە زیاتر کورد لەدوای مێژو نەمێنێتەوە و لەڕەوتی پێشکەوتنە مەزنەکان دوانەکەوێت، ئەوە چارەسەر، کە دوربین و بە دەست و برد و پەرۆشی چارەسەری قەیرانە ناوخۆییەکان و پەلەی گەیشتن بە کاروانی نێودەوڵەتیان بێت. ئەگەر نا مێژو و گەل و گۆڕانکاریە جیهانیەکانیان نایانبەخشێت و لەپەراوێز و زبڵدانی مێژو بۆ هیچ شوێنێکیتر بە گونجاویان نازانن.

About دیدار عثمان

Check Also

جوگرافیای مێژووی ناوچەی «جیبال» جوگرافیای کوردستان لە سەرچاوە ئیسلامیەکاندا

 د. ئیسماعیل مەحموودی  روونکردنەوەی جوگرافیای مێژوویی  کوردستان ، پێویستی بە توێژینەوە لە سەر هەندێک لەو …