میرۆ سەلڤینی
لە ئینگلیزیەوە: نەبەز هێمن
هەنووکە بە باشی دەرکەوتووە سەرچاوە ئاشوورییەکان لە ساخکردنەوەی هەندێ بڕگەی مێژووی “ئۆڕارتۆ”دا یارمەتیدەری ئێمەن. دەقە ئاشوورییەکان هەندێ هاوکاتی مان دەخەنە بەر دەست کە ئەوەش ڕێگەمان دەدات سەرەڕای بەها ڕێژەییەکان باشتر بپڕژینە سەر کرۆنۆلۆژی “ئۆڕارتۆ“. سیستمی جێگرتنەوەی پاشاکانی ئۆڕارتۆ ڕەنگە لە ڕووی هێما نەگۆڕەکانی پاشناو واتە شۆڕەتی بنەماڵەیی لەناو سەرچاوە خۆجێیەکان بزاندرێت. هەر بۆیە لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆیەم تاکوو نیوەی یەکەمی سەدەی حەوتی پێش زایین ئەمە دامەزراوە و جێی خۆی گرتووە.
سپاس بۆ دۆزرانەوەی ڕاز و ڕەمزەکانی زمانی ئۆڕارتۆیی کە ئێمە هەنووکە لە بەردنووسە یادگارەکانی پاشایەتی بە تەواوی توانایی تێگەیشتنمان هەیە: ئەمان بە زۆری لە ناوەندی پاشایەتیی “وان” و دەوروپشتی دۆزراونەوە و هەژمارێکیش لە ناوچەی دوورتر دۆزرانەوە، لەو ناوچانەی ئاکامی سەرکەوتنی نیزامی ئۆڕارتۆییەکان بوو: لە فورات لە رۆژئاواوە تاکوو چیای “سەهۆڵان” لە ڕۆژهەڵات، لە گۆڵی “سیڤان” لە باکووروەوە تا “ڕەواندوز” لە باشوور.
یەکێ لە گەورەترین موشکیلەکان کە مێژوونووسان لەگەڵی بەڕوڕوون، پێوەندی و لێکگرێدانی زانیاریی سەرچاوە ئاشوورییەکان تەک.داتاکانی سەرچاوە ئۆڕارتییەکانە. زۆربەی هەرە زۆری گەشتە سەربازییەکانی باسکراو لە دەقە ئۆڕارتییەکان بە پێی ناوچە جۆگرافییەکان ڕێکخراون کە بە تەواوی بەدەر لە سنوور و دەسەڵات و حەز و خولیای ئاشوورییەکان بووە. ئەمە لەتەک ناوچەی “ترەنس کەوکازییە“ش ڕێک وایە چونکە بە جوانی دیارە بچووکترین ئاماژە بۆ ڕووداوەکانی ئەو دەڤەرە لە ناو دەقە ئاشوورییەکان نەکراوە.
بە واتایێکی تر بە درێژایی تەواوەتی پاشایەتی ئۆڕارتۆ، کۆمەڵێ کەمپەین و هێرشی سەربازی لەلایەن ئاشوورییەکان بۆ سەر ئۆڕارتۆ بەڕێوە چووە. ئەمان هاوکات لە ساڵنامەکانی پاشایەتی تۆمارکراون یان کوو خێرا لە پێڕستە ناو و نیشانەکان دا ئاماژەیان پێکراوە. جیا لەمە ژێدەرە ئۆڕارتییەکانیش هەندێجار ئاماژەیان بە سەرکەوتنەکانیان لەهەمبەر ئاشوورییەکان کردووە. ئەوە بە تایبەتی لە ناو ساڵنامەکانی “ئارگیشتی” یەکەم و “ساردۆری”ی دووهەم لە سەدەی هەشتەم هاتووە. دەی باشە خۆ تاقە ئاماژەیێک چییە لە بەڵگەنامەکانی لایەنی نەیار واتە ئاشوور بەو شتانە نەکراوە. بۆ نموونە دەزانین سەرکەوتنی ئاشووورییەکان لە ساڵی ٧٤٣ دژ بە هاوپەیمانییەک بە سەرکردایەتی“ساردۆری دووهەم” ی ئۆڕارتۆ بەس لە ساڵنامەکانی “تیگلەت پیلسەری” سێهەم ئاماژەی پێکراوە، ئەوە لە کاتێکدایە ژێدەرە ئۆڕارتییەکانی هاوچەرخیش بێدەنگییان هەڵبژاردووە. “ساردۆری”ی دووهەم نمونەیێکی تریش دەخاتە بەردەستمان: بە قسەی خۆی بەشداری دەکات لە سەرکەوتنێک دژ بە “ئاشوور نیراری” چوارەم شای ئەوکات(٧٥٣–٧٤٥)، کەچی ژێدەرە ئاشوورییەکان بێدەنگن لەو بارەدا. دەتوانین هەندێجار ئەو دۆخە بلکێنین بەناتەواوی سوننەت و شێوازەکانی نووسراوەی ئەوان سەردەم. بەڵام هۆکاری سەرەکی بە ئاشکرایی مەیلی جیهانی و گشت گیری مەدح و پیاهەڵاگوتنی سەرکەوتنەکانی خۆیانە، هاوکات بێدەنگبوون لە هەمبەر شکان و نەهامەتیەکانیان.
دەمێکە ئێمە شارەزای زۆربەی ژێدەرە نووسراوەکان لە سەر ئۆڕارتۆ هەین کە بە دوو زمان نووسراون. بەو حاڵەش هێشتا لە مەر بەدەستەوەدانی وینەیێکی چەسپاو و ڕێکوپێک لە مەر مێژووی گەلی ئۆڕارتۆ کامڵ و یەک لاییکەرەوە نین.
توێژینەوەکانی دیرۆکناسی لە ناوچەی پاشایەتی ئۆڕارتۆ لە ماوەی ئەو بیست ساڵەی دواییدا بە تەواوی چر و پڕ بوون. ئەم توێژینەوانە بەرە بەرە پەرەیان بە زانست و زانیاری ئێمە لەو بوارە داوە، بە تایبەتی لێکۆڵینەوەکانی هەرێم گەلی ڕۆژهەڵاتی ئەو پاشایەتییە دەوری گرینگیان گێڕاوە.
هاوکات، ڕایێکی گشتی لە نێوان هۆگری زاناکان لە سەر جۆگرافیای مێژوویی رۆژهەڵاتی ناوین هەبوو. دەتوانین وەبیر خۆمان بێنینەوە گشت ئەو توێژینەوەیە بەسترابۆوە بە بەرنامەی “تۆبینگێر ئەتلەس دێس ڤۆردێرن ئۆریەنتس“. کە واتە بۆ جارێکی تر ئێمە دەکارین ڕووبەڕووی گرفت گەلی زۆرتر بینەوە –دەشێ بێژین– بۆ ماوەیێکی دوور و درێژ ئەو توێژینەوانە وەلاخرابوون، ئێستە دەتوانین وەک بەرایی و پێشەکی هەندێ داتا و زانیاری نوێ بخەینە ڕوو و باس لە هەندێ ڕێگەی چارەسەری بکەین.
لێرە گەرەکمە بە کورتی هەندێ باس لە ئاکامەکانی توێژینەوەکەم بکەم لەمەر سەردەمێکی تایبەت کە دەشێ گرێی بدەینەوە بە زانیاری جۆراوجۆری تر: بە واتایێکی تر زانیاری سەرچاوەکانی مێخی ئاشووری و ئۆڕاڕتۆیی، و داتای توێژینەوەی ئارکۆلۆژی – جوگرافی لە لایێکی ترە.(١) ئەو ناوچەیەی مەبەستمە ناوچەیێکە کاتی خۆی پێکدادان و بەڕوەڕووبوونەوەی دوو زڵهێزی ئاشووری و ئۆڕاڕتۆیی تیا ڕوویداوە و کەوتۆتە هەر دوو لای چیاکانی زاگرۆس لە سەردەمی “سارگۆن“ی ئاشوور و “روسا“ی یەکەمی ئۆڕاڕتۆدا.
بە داخەوە بە پێچەوانەی نەریتی باوی باب و باپیرانی خۆی، “روسا” هەندێ بەڵگە ی بۆمان جێهێشتووە کە لە ناویانداهیچ جۆرە دەقی شیکاری نابیندرێ کە بتوانین بە ڕێکوپێکی پێوەندی بە کرۆنۆلۆژیای کامڵی ئاشوور بدەین. جیا لە دوو بەڵگە لەو پاشایە کە هەندێ زانیاریمان لەبارەی خزمەتگوزاری باشووری وڵاتی ئۆڕاڕتۆ لەوان سەردەم دا دەدەنێ. هەڵکەوتەکەیان هەرچۆنێک بێت خۆی ئاماژە بە دوو ئاراستەی سەرەکی بەربڵاوی ئۆڕاڕتۆییەکان لە کۆتایی سەدەی نۆیەم لە باشوور دەکات: ئەویش ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژئاوا و بۆ لای ڕۆژهەڵاتیش زنجیرە چیاکانی زاگرۆسن.
یەکەمیان بەردەنووسی دۆزراوە لە شوێنی ئەسڵی خۆی لە زورگی “مەحمودئاوا” ڕێگەی نێوان “ورمێ” و“شنۆ” یە. بەداخەوە بەشی یەکەمی بەردنووسەکە لەناو چووە کە ئەگەری زۆری بوو زانیاری بە کەڵکی بۆ ساخکردنەوەی جوگرافی مێژویی ناوچەکە تیا بێ. بەشی بەجێماوی دەقەکە لە داڕشتێکی ئایینی پێکهاتووە و ڕێگەمان دەدات بیر لەوە کەینەوە کە بەردەنووسەکە لە ناوەندێکی گرینگەوە هاتووەتە دەر. ئێمە بە تەواوی دڵنیا نین، بەڵام ڕەنگە “قەڵای سمایڵ ئاغا” هەروەک دواتر بۆمان دەرکەوتووە دەور و نەخشێکی گرینگی لە سەردەمی“روسا“ی یەکەم دا گێڕاوە.
یەک ڕستە لە ناو دەقەکە زۆر سرنجڕاکێشە: “کاتێ شاکان، (مەبەست شاکانی ئۆڕارتییە) گەشتێکی سەربازی ڕێکدەخەن، هەندێ ئامادەکای پیرۆز دەبێ ساز بدرێت. هەروەک دەزانین ناوچەی ڕۆژئاوای گۆڵی “ورمێ” بە پێی باری جوگرافییەکەی شیمانە دەکرێت شوێنی دەسپێکی گەشتە نیزامییەکانی “روسا” بۆ لای باشوور دژ بە وڵاتی “ماننا” بووبن. باشووری رۆژهەڵات شوێنی بەڕەوڕووبوونەوە تەک ئاشووریشە. لەو بارەوە لە زمان ساڵنامە ئاشوورییەکان و هەروەها بەردەنووسی “سارگۆن“ی دووهەم زانیاری وردمان هەیە.
________________________________________
١. بابەتی خوارەوە زانیاری وردتر دەخاتە بەردەم خوێنەر، کتێبی “ترا لۆ زاگرۆس ە ل ورمێ،” بەسەرهاتی توێژینەوەی ئارکۆلۆژی کوردستانی ئێران، نووسەران:ئی– پێکۆرێلا و مییۆ سەلڤینی ئیتاڵی،رۆم ١٩٨٢. گشت سەرچاوە و ژێدەرەکان لەو کتێبە دا هەن. بۆ زانیاری پتر بڕواننە ئەو بابەتەش: “توێژینەوەکان لە چیاکانی زاگرۆس و گۆڵی “وڕمێ“، “پێرسیکا“، ئیکس ( لە ژێڕ وەشاندن دایە).
________________________________________
بەڵام یەکەم دەستێوەردانی “روسا“ی یەکەم لە ٧١٩ ڕوویدا، ( لە سێهەم ساڵی سارگۆن) دژ بە پاشای “ماننا” “مێتاتی زەکرتۆ“. لە ٧١٩ ( شەشەم ساڵی سارگۆن)، “روسا” “بەگداتی” حاکمی “ئۆئیشدیش” و “مێتاتی زەکرتۆ” دژ بە “سارگۆن” هان دەدات. لەم ساڵەدا ئاماژە بە “روسا” لە کێلی “نەجەف ئاوا“ی ڕۆژئاوای هەمەدان کراوە کە لەلایەن “لۆییس لڤینە“وە چاپ و بڵاوکرایەوە. جیا لەمە لە ڕووی ساڵنامە کانی سارگۆن بۆمان دەردەکەوێت چلۆنێتی کوژرانی “ئازا” هاوپەیمانی سارگۆن بە هۆی چەکدارەکانی “روسا“وە. لە مەر دژکردەوە تۆڵەستێنەکەی سارگۆن لە هەمبەر “بەگداتی“و هەروەها لە جێدانانی “ئۆلۆسۆنۆ” لە باتی ئەو. جیا لەمانە هەر لە درێژەی ساڵی(٧١٥)دەستێوەردانێکی چەکدارانەی “روسا“لە ناوچەکە تۆمار کراوە کە هاوکات “دییاکۆ” دەگەرێتەوە بۆ هەرێمی ژێڕ دەسەڵاتی ئۆڕاڕتییەکان. لە دژایەتی و دژبەری لە سەر دەست بە سەرداگرتنی وڵاتی“ماننا” لە لایەن ئاشوەرەوە، ساڵانی دواتر گشتی بە شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئاشوور و ئۆڕاڕتۆ بۆ سەر یەک تێپەڕبوو. ئەوە هەروەک دەزانین لە هێرشی هەشتەمی سارگۆن لە ساڵی ٧١٤ ئەو ململانییە باشتر دەردەکەوێ.
بەر لە پڕژانە سەر هێندێ خاڵی پێوەندیدار بە هێرشی هەشتەم، گەرەکمە باس لە بەڵگەیێکی تر بکەم کە لەمەر خزمەتگوزارییەکانی بەشی باشووری “روسا“ی یەکەمە. ئەویش کێلی ناوداری دوو زمانەی ئۆڕارتی–ئاشووری “تۆپزاوا“یە کە هێشتا لە “سیتۆ” لە ناوچەی “رواندز“ە. دەقەکە زیاتر لە سەدەیێکە ناسراوە. ئەو بەرنووسە کەوتۆتە “موساسیر” وڵاتێکی چووکە کە دەوری سەیری بووە لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ئاشوور و ئۆڕاڕتۆ لە کۆتایی سەدەی هەشتەم. لێکۆڵینەوەی “ئار. ئیم. بوهمێر” دەریخست کە بەس لەو ناوچەیە هەندێ شوێنی کەونارا هەن کە ڕەنگە سەر بە مڵکی موساسیر بووبن.
کۆپییەکی تر لە شێوەی بەردنووسەکەی “تۆپزاوا“بە وردەکاری کەمتر لە رۆژهەڵاتی بەندەنی “کێلەشین” لە چیاکانی زاگرۆس بە دووری ٧ کیلۆمیتر دۆزرایەوە. ئەوە دەرفەتی هاوڕایی و ڕاستکردنەوەی ئەو خوێندنەوانەمان لە چەند بڕگە دا بۆ دەرەخسێنێت کە جێگەی بڕوا نین. گرینگی تۆپۆگرافیکی ئەو دۆزراوانە بە باشی بۆ جادەی سەرەکی ئۆڕاڕتۆ بۆ موساسیر ڕێنوێنمان دەکەن: ئەویش ڕێگەی دەشتی چۆمی “گادەر” لە شنۆیە. “روسا” ئەو ڕێگەیەی هەروەک باب و باپیرانی “ئیشپۆینی” و “مینۆئا“- بە مەبەستی دەست بە سەرداگرتن بە هەرێمی موساسیر گرتە بەر.
لە ڕاستیدا، دەقی دوو زمانە شکستی“ئۆرزانا” مان بۆ دەگێڕێتەوە کە بە چەشنی دژمنێک دژ بە “روسا” بۆ بەرگریکردن لە شکانی حورمەتی باڕەگای“خاڵدی” ڕاوەستا. شای موساسیر پەنا بۆ ئاشوور دەبات، بەو پێیە بۆمان دەردەکەوێ سارگۆن پشتگیری لێ کردووە، بەڵام ئەو وەک بەندییەک دەیبەن بۆ بەندیخانەی“ئانداروتا” ئەو شوێنەی سارگۆن لە هێرشەکەی دا باسی کردووە(س. گ،٨، ڕستەی ٤٢٥) و نزیک سنووری ئاشوورە. “ئۆرزانا” هەمیسان لە سەر تەختی پاشایەتی دادەنڕێتەوە، بەڵام زۆر جوان دیارە کە ئەمە لەبەر هاوپەیمانی و یەکگرتنی تەک سارگۆنە نەک شتی تر. شای ئۆڕاڕتۆ ١٥ شەو و ڕۆژان خەریکی داوەت و سەماکردن و شایی لە شار و“بەجێهێنانی شوکر وسپاس” بۆ خواکان دەبێت لە بڕی ئەوەیکە “ڕۆژگەلی خۆشی” پێداون.
هەنووکە موساسیر و وڵاتانی تر لە ژێڕ ڕکێفی دەسەڵاتی “روسا” ن: کە بەو زووانە هەندێ وڵات و ناوچەی لە ودیوی “قەفقاز” داگیر کردووە بە یارمەتی ئەو هۆز و عەشیرەتانەی لەو بەری گۆڵی “سیڤان” دەژیان. جیا لە داگیرکردنی موساسیریش، دەسەڵاتی “روسا” تا نزیک ڕووباری “خابوور” ی چووکەش گەیشت. دوایین وڵاتی ژێڕ دەسەڵاتی ئۆڕاڕتییەکان ناوی “ئۆخە” بوو کە بە پێی هەندێ لە نامەکانی “کۆیۆنجیک” کەوتبووە سەر سنووری ئۆڕاڕتۆ.
بە سرنجدان بە سەرچاوە ئاشوورییەکان، من وەبیرم دێت کە لە ئەرشیڤی “کۆیۆنجیک” دوو یان سێ نامە بە خەتی “ئۆڕزانا” دۆزڕاونەوە، لەو نامانە ڕا باش دیارە کە پاشای موساسیر زانیاریەکانی ئۆڕاڕتۆی بە ئاشوورییەکان داوە. نامەی (ئا. ب. ئێڵ ٤٠٩) بە تایبەتی لەو پێوەندییە دا جێگەی سرنجە. ناو نیشانی ئەم نامەیە “ناگیر ئێکالی“یە کە پرسیاری لە سەر جم و جۆڵەکانی لەشکری شای ئۆڕاڕتی کردووە. ئۆڕزانا گوزارش دەدات کە حاکمانی ناوچەی “ئۆیسی” ئۆڕاڕتۆ و سنووری “ئۆخە” ییەکان لە حاڵی بە جێهێنانی هەندێ ڕێوڕەسی ئایینی لە ناو پەڕستگە دان(مەبەست پەڕستگەی خاڵدی)، و ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە شای ئۆڕاڕتۆ و حاکمانی تر بە زوویی دێنە ناو پەڕستگەکە.سرنجڕاکێش ترین بەش، بەشی دواییە کە من لێرە وەک خۆی دەیهێنمەوە لە ڕووی تەرجەمەی “دێلێر“: (…) تۆ چیت بۆ من نووسیبوو: بێ ئیزنی شای ئاشوور، کەس ناتوانێ ڕێوڕەسم بە ئازادی لە ناو وپەڕستگە بە جێ بێنێت.- (“ئۆڕزانا دەڵێت“) کاتێ شای ئاشوور هات، ئایا من ڕێگەم پێ گرت بۆ بە جێهێنانی ڕێوڕەسم؟ ئەو هەرچی پێی خۆش بوو کردی. کە واتە چلۆن من دەتوانم بەرگری لە هاتنە ژووری ئەو بکەم؟ (لێرە مەبەستی لە پاشای ئۆڕاڕتۆ“روسا“یە.)
بە ئاشکرا دۆخی لەرزۆکی “ئۆڕزانا“دیارە، هەر بۆیە هەوڵ دەدات پێوەندییەکی باش و هاوسەنگی تەک ئەو دوو جیرانە زلهێزەی ڕەچاو کات و ناچارە کایەیێکی دوو لایەنە بکات. لە ڕاستیدا “ئۆڕزانا” ڕێی بە هاتنە ژووری “روسا” بۆ پەڕستگەی “خاڵدی” گرتووە. ئەوە لە کێلی دوو زمانە “تۆپزاوا” تۆمار کراوە کە بەختەوەرانە بە هۆی دوو تێکستەوە بە تەواوی و بە باشی دەخوێرێتەوە. من لێرە ئەوەش وەک خۆی دەهێنمەوە: “ئۆڕزانا” درگای پەڕستگەی بە ڕووی مندا قەپات کرد، خۆیشی بەروە ئاشوور ڕایکرد.”
گرفتەکە لە چارەسەری کرۆنۆلۆژیای ڕێژەیی دوو بەڵگەی ئاماژە پێکراو لە سەرەوەدایە. بە ئەگەری زۆرەوە “ئۆڕزانا” دوای نووسینی نامەکە و خۆڕاگری دژ بە “روسا“، خۆی تەسلیمی زەخت و زۆری ئاشوورییەکان کردووە. ئەمەش وایکرد شای ئۆڕاڕتۆ دژکردەوە لە خۆی نیشان دات هەروەک لە دەقی “تۆپزاوا” بە باشی دیارە.
دواتر ئەو دژ بە ملکەچی لە داگیرکرانی بە دەست ئۆڕاڕتییەکان بوو. هەر بۆیە ڕەنگە ئەو جۆرە هەڵسوکەوتی تەک ئاشوور کردبێت بۆ پاساوی دژکردەوەی کەلامی و سەر زارەکی خۆی، هەر وەک لە بەسەرهاتی هێرشی هەشتەمدا دەزانین.
لە ڕاستیدا، “ئۆڕزانا” لە لایەن سارگۆنەوە بە کەتنەکار و خراپەکار” ناوی دەهێندرێ، (س.گ.٨.ڕستەی ٣٠٩). جیا لە لیستەی سارگۆن لە ناو هۆکارەکانی هەڵکوتانە سەر موساسیر، گرینگترینیان ئەوە بوو کە ئۆڕزانا نەهاتە پێشوازی ئەو و لە کاتی هێرشی هەشتەم دا ڕێزی لێنەگرت و دیاری و شاباش پێشکەش نەکرد. ئەمەش ناوەڕۆکی نامەیێکی تری ئۆڕزانا بۆ شای ئاشووران بیر دەخاتەوە،(ئا،ب.ئێڵ، ٧٨٦) ئەو دەڵێت کە بە هۆی بەفر بارینی زۆر و قورس و ڕێبەندانەوە نەیتوانیوە یارمەتی پێشکەشی سارگۆن بکات و لە چاوەڕوانی توانەوەی سەهۆڵ و بەفرەکان و هاتنی وەرزی بەهار بۆ ئەم گرینگە دایە. دەقە ناتەواوەکە بە دوعای خێرکردن بۆ خواکان لە بەر سەرکەوتنەکانی سارگۆنکۆتایی پێدێت. هەر بۆیە وا پێدەچێ ئەو نامەیە چەند مانگ بەر لە هێرشی هاوینەی سارگۆن نووسرابێ. ئێمە باش دەزانین چیڕۆکی موساسیر چلۆن کۆتایی پێدێت: موساسیر تاڵان دەکڕێ، گشت کەس و کار و بنەماڵی ئۆڕزانا و خەڵکی شارەکە دوور دەخڕێنەوە و یەخسیر دەکرێن: ئۆڕزانا ڕەنگە دەربازی بووبێت و ڕایکردبێت، بەڵام ئەو بەشە لە چیرۆک ئاماژە بە مەرگی سیاسی ئۆڕزانا دەکات.
بەڵام هەروەتر “ڕۆژانی خۆشی” کە “روسا” لە بەردەنووسی “تۆپزاوا” سپاسی خواکان دەکات بە زوویی کۆتاییان پێدەهێندرێ بە هۆی دوو کارەساتی نیزامی کە بۆ ئەو زۆر کوشندە و کاری بوون. ئەمانیش هەڵمەتی “کیمیرییەکان” و هێرشی هەشتەمی سارگۆن لە ساڵی ٧١٤ی پێش زایین دا بوون.
گرفتی کرۆنۆلۆژیای ڕێژەیی ئەو دوو ڕووداوە و جوگرافیەکەیان جێگەی مشت و مڕە. لێرە من چارەسەرییەک دەخەمە ڕوو، بەڵام ئاماژە دەکەم بەوە کە بە ئاشکرا پێکەوەپەیوەست کردنی سروشتی سەختی سەرچاوەکانی سازکردنەوەی میژوویی و جیا لەمە ڕووداوە جیاوازەکانی پێوەندیدار بەیەکەوە چەتوونە.
هەواڵی شەڕ و پێکدادانەکانی ئۆڕاڕتۆ و کیمیرییەکان هەروەک لە ڕووی نامەکانی دەزگای پاراستن و زانیاری ئاشوورەوە دەزانین کە ئەویش لەلایەن “سەنخەریب“ەوە(ماری شاری) ڕێکخرابوو. هەندی نامە ڕوولە سارگۆن ئاشێڕە بۆ ئەو ڕووداوە دەکەن و باس لە شکانی لەشکری ئۆڕاڕتۆ و کوژراوەکانیان دەکات. نامەکانی تر گوزارە لە خۆ تەیار کردنی ئۆڕاڕتییەکان بە مەبەستی گەشتی نیزامی بۆ سەر وڵاتی “کیمیریا” دەکەن. جیا لەمانە دەستەی سێهەمی نامەکانی کۆیۆنجیک و نەمرود کە هەرچەندە زۆر بە توێکڵەوە ئاماژە بە ئۆڕاڕتۆ و ڕەنگە ڕووداوەکانی دواتر دەکەن. بەڵام جووتێک لەوان بە جیا باس لە ئامادەکاری نیزامی ئۆڕاڕتۆ لە هەمبەر پێشڕەوییەکانی ئاشوور لە ٧١٤.
بەڵگەی(ئا،ب،ئێڵ١١٢) زۆر سرنجڕاکێشە، بە ڕاشکاوی دەڵێت کیمیرییەکان هاتن “لە وڵاتی ماننا” ەوە کە دەبێتە باشوورر یان باشووری ڕۆژهەڵاتی نەک ڕاستەوخۆ لە باکوور یانی قەفقاز هەر وەک لە ساخکردنەوە سونەتییەکان دا باوبووە.
بە سرنجدان بە ڕێکەوتەکە، لام وایە ئەو بەشە لە بەسەرهاتەکە بەر لە لەشکرکێشانی هەشتەم بووە، بەڵام نە بە جیاوازییەکی زۆری زەمەنییەوە. ئەو هۆکارە بنەڕەتییانەی کە لە لایەن “تۆرۆ دانژێن“ەوە خرانە ڕوو هێشتاش کایگەرییان هەر ماوە. بەڵگەییکی تریش بۆ پشتگری لەو کات بەندی ڕێژەییە هەیە. بە ڕای من هاوکاتی و هاو زەمەن بوونی” ئۆڕازانا” و ڕووداوی “کیمرییەکان” کە ئێمە دەتوانین لە (ئێن. دی ١١٧)،(گی، پی، ئا. ٢٤٣)، ئا. ب، ئێڵ ١١٢ و ئا. ب، ئێڵ ١٩٧– لێی تیبگەین یەکێ تر لەو بەڵگانەیە. لە ڕاستیدا پاش پەلاماری هەشتەمی سارگۆن،” ئۆڕزانا” بە ئێجگاری و بە تەواوەتی لە ساحەی سیاسی بزر دەبێت.
دواجار، بە سرنجدان بە شاری“ئۆیسی” (بە ڕەچاوکردنی هەندێ جۆری گرافیکی)، تابڵێتەکانی کۆیۆنجیک جوان دیارە کە دەڵێن ئەو شارە پێشووتر ناوەندی ئۆپێڕاسیۆنەکانی ئۆڕاڕتۆ بووە بەر لە گەشتە ناکامەکەی دژ بە کیمیرییەکان و هەروەها ڕەنگە لە ماوەی هێرشەکەی سارگۆن دا. “ئۆیسی” سەنگەر و قەڵاییکی گرینگ بووە کە لە لایەن سارگۆنەوە بەسەر کراوەتەوە بەر لەوەی بچێتە ناو شاری “خۆبۆشکی“(س. گ. ٨. ٢٩٨ ئێف، ئێف ). هەر دوو سەرچاوەکە باس لەوە دەکەن ئەو شارە ناوەندێکی چالاکی “سیخوری” و“هەواڵگری” بووە.
ئەگە ئێمە کەڵک لە بەڵگەکەی کۆیۆنجیک وەرگرین بۆ “کورتە ساخکردنەوەی” ڕێباز و ڕێگەی لەشکر کێشانی هەشتەم، “ئۆیسی“یان “ئۆیایس” دەبێ بە ئەگەری زۆرەوە تەک “قەڵای سمایل ئاغا” ساخ بکەینەوە. بە پێی ساخکردنەوە نوێیەکانی دوکتور “لۆئیز لێڤین” ئەو دەریایەی کە سارگۆن تووشی هاتووە “گۆلی وڕمێ” بوویە نەک “گۆلی وان” هەروەک “تۆرۆ دانژێن” لە ساخکردنەوە کلاسیکیەکەی خۆیدا ئاماژەی پێکردووە.
لە ڕاستیدا، وڵاتی “ئایادی” تەک ٣٠ قەڵا کە لە لای کەنارەکانی دەریایێک هەڵکەوتوون (؟) (س. گ. ٨،ڕستەی ٢٨٦)، دەبێ لە یەکەم بەشی غەیرە باتڵاخی کەنارەکە بە لای باشوورە هەڵکەوتبێ. لەو ناوچە( کە بە بەربڵاوی کەوتۆتە نێوان “حەیدەر ئاوا“و ” ڕەشکان“). لە ڕاستیدا، ئەمان بە تەواوی شوێنەواری ئۆڕاڕتی ن. لە ناو قەڵاکان، ئێمە دەبێ بە شوێن قەڵای پۆڵایین و لە گیران نەهاتوو“ی “ئارگیشتیۆنا” دا بگەڕێین( هەڵەیێکی ڕۆشنی ئاشوورییەکان بۆ ناوی “ئارگیشتینیلی“، کە هێشتا لە ڕووی سەرچاوە ئۆڕاڕتییەکان نەسەلمێندراوە کە هی ئەو ناوچەیە بێت)، و “قالانیا” کە دەبێ تێپەڕبووبێ لەوسەری ڕووباری نێوان ناوچەی“قەڵای سمایل ئاغا” و “قاسملوو چای“. “بارئەندوزچای” و “شار” یان “شەهر چای” کە دەڕژێنە داوێنەکانی شاری “ورمێ“. ئەو سێ چەم و ڕووبارە دەکڕی تەک ئەو سێ شوێنە ساخ کەینەوە: “ئالوریا“، “قالانیا“، “ئینا” کە سارگۆن بە کاتی تێپەڕین لە“ئەیادی” بۆ “ئۆئایاس” بە سەریاندا گوزەراوە.
بەر لە گەیشتن بۆ “ئەیادی” سارگۆن وڵاتی “ئەرماریلی” قەڵاچۆ کردبوو کە دەبێ ساخ بکڕێتەوە تەک ناوچەی چۆمی “گادەر“، ( هەروەک “لۆئیز لیڤێن” یش وا دەڵێت). دووپاتی دەکەمەوە کە ساخکردنەوەی“ئۆیایاس” تەک قەڵای سمایل ئاغا بە چەند هۆکارەوە دروستە، یەکەم جار لەبەر هەڵکەوتەی ستراتێژیکی شوێنەکە: ئەو شوێنە دەشتی گۆلی ورمێ دادەبڕێ لە دەشتی سەلماس و بە هاسانی ڕێگەکانی باکوور بەڕەو” وان” کە ماکە و ناوەندی ئۆڕاڕتۆیە کۆنترۆڵ دەکات(سەیری “ئۆیایاس” بکەن وەک سنوورەکانی ئۆڕاڕتۆ“، س،گ،٨، ڕستەی ٢٩٨).
بەڵام گرینگترین لە هەمووان ئەوەیە کە قەڵاکە دەڕوانێتە زارکی ئەو ڕێگە سروشتی یە کە بەستێنی گۆلی ورمێ بە ئاوەکانی سەرووی “دیجلە” لە ڕۆژئاوای چیاکانی زاگرۆس پێوەندی دەدات. جادەکە لە ڕاستیدا بە پێچەوانەی ڕەوتی ئاوەکە درێژەی هەیە تا نزیک “سێرو” کە لەوێشەوە ڕێگەی ئەوڕۆیی و مۆدێڕنی ورمێ بەرەو “هەکاری“یە. چوونە خوار بەرەو دۆڵی “یۆکسک ئاوا” ڕێک دەمانباتە ڕێبازی سەرووی زێی گەورە، ئەو شوێنەی “خۆبۆشکیا” دەبێ هەڵکەوتبێت. “خۆبۆشکیا– ناییری” لە دوا قۆناغەکانی سارگۆنە، دوا جار دەبی ئاماژە بەوە بکەم کە ئەو دەڵێت سنوورەکانی “ئۆیایاس” لە وڵاتی “ناییری” هەڵکەوتووە(س، گ، ٨، ٢٩٨).
جیا لەمە، ئۆیایاس” گرینگترینی ئەو قەڵایانەیە” (ڕستەی ٢٩٩) : قەڵای سمایل ئاغا لە ڕاستیدا گەورەترین قەڵای ئۆڕاڕتی لە سنوورەکانی کوردستانی ئێرانە جیا لەقەڵای “بەستام“( روسای، ئۆڕۆ. تور) کە دواتر لە سەردەمی “روسا“ی دووهەم بنیات نراوە.
لە کۆتاییدا دەبێ ئاماژە بە خاڵێکی تر بکرێت لە ڕاپۆرتی سارگۆن لەسەر ڕێبازی هێرشەکەی بۆ سەر “ئۆیایاس” کە دەکرێ “قەڵا” بێت. سارگۆن دەڵێ 🙁ڕستە ٣٠٢)، من دەستم بە سەر بەشی دواوەی قەڵاکە داگرت“، ئەو نەیتوانیوە گشت قەڵاکە بگرێت. ئیمە نازانین، بەڵام لامان وایە بەشی خوارووی قەڵاکەی سمایل ئاغا زۆر زەحمەتە بۆ شکان و دەست بە سەر داگرتنی.
لەشکرکێشانی هەشتەمی سارگۆن بە دڵنییاییەوە نەیتوانی کاری ئۆڕاڕتۆ یەکلایی بکاتەوە هەروەک چۆن هەندێ دەقی توێژینەوەی مێژوویی بە پەلە باسیان لێوە کردووە، ئەوە هەمان ئەو هەوڵە نزۆک و تێکدەرانەن کە دەکرێتە سەر سیستەمی دەوڵەتی ئۆڕاڕتۆ و تا بە ئێستاش جەختی لەسەر دەکەنەوە.
لە ئێستادا ڕوون و ئاشکرایە کە تەنانەت دوای مەرگی روسای یەکەمیش ” ئۆڕاڕتۆ” توانی درێژە بە بوونی خۆی لە سەدەی حەوتەم دا بدات و دەسەڵاتی بە سەر هەرێمەکانی دەشتی” هەرمەنیا” بوو. ئەوە ڕاستە سەرەڕای ماوەی پاشایەتی ئارگیشتی دووهەم روسای دووهەم ( کۆتایی سەدەی هەشتەم و چارەگی یەکەمی سەدەی حەوتەم) هۆگری و سەلیقەی سیاسی ئۆڕاڕتۆ بەرەو ئاراستە کانی سیاسی تر ئالۆگۆڕیان بەسەر دادێت. بەسە ئەوەندە ئاماژە بکەین کە یەکگرتنی ئارگیشتی دووهەم تەک “موتالۆ“ی “کومە” و گەشت و مانۆرەکەی بۆلای ڕۆژهەڵات بە هۆی بەردەنووسەکانی “ڕازلیق” و “نەشتبان” سەلمێندراوە.
نابێ ئەوەشمان بیر چێت کەهەر دووی ئەم پاشایە چالاکی باشیان بووە لە بیناسازی، بۆ وێنە قەڵاشاری“ئاڵتین تەپە“، “کارمیر بلور“، “بەستام” و” توپراک قەڵا“یان بنیات ناوە.
دەور و نەخشی ئۆڕاڕتییەکان کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێکرا، هەرێمەکانی باشووری پێدەچێ زووتر کۆتایی بە دەسەڵاتیان لە پاش٧١٤ هاتبێ. بەڵگە ئێپی گرافەکانی ئۆڕاڕتی لە ڕاستیدا گشتیان دوای ئەو ڕووداوە لە هەردوو لای چیاکانی ناوەندی زاگرۆس بێدەنگن.
بارودۆخی سیاسی لە هەڵسەنگاندن تەک سەدەی هەشتەم بە تەواوی گۆڕدڕا. ئەو بڕە زانیارییە کەمە لە لایەن ئاشوورییەکانەوە بە جێماوە بە زۆری باس لە پێوەندی ئاشتی و تەبایی و هێمنایەتی لە سەردەمی دو پاشای ئاشووری“ئەسەرهەدون” و “ئاشوربەنیپاڵ“دەکات. مەترسییە ڕاستەقینەکان بۆ سەر ئۆڕاڕتۆ و ئاشوور هەنووکە وادەهاتە بەرچاو لە لایەن ئەو کۆمەڵە کۆچەرانەوە بێ کە ڕوویان کردبووە بانووی ئێران ڕێک وەک “کیمیرییەکان” و “سەکاییەکان” هەروەک چۆن لە سەرەتای ڕابوونی “میدیا” دەرکەوتن. هەل ومەرج و چلۆنایەتی نوقمبوونی پاشایەتیی ئۆڕاڕتییەکان لە نەهاتییدا هێشتا وەکوو ڕاز یان گرێ پووچکەیێک ماوەتەوە و کرۆنۆلۆژی ئۆڕاڕتییەکان لە سەدەیحەوتەمی بەرلە زایین جێگەی مشتومڕە.
یەکێ لە پڕشنگدارترین سەردەمانی مێژووی ئۆڕاڕتۆ قۆناغی سارگۆنە: لەبەروەیکە ئێستاشی لەگەڵدابێ ئەو سەردەمە زۆرترین زانیاری بە هۆی سەرچاوەگەلی جۆراوجۆرەوە لەبەر دەسدایە. هەر چۆنێک بێت توخم و ڕەگەزەکانی زیاتر لە شیکردنەوە و ئانالیزی نامەکانی ئاشووری کە هەنووکە لە قۆناغی سەرلەنوێ بڵاوبوونەوە و وەشاندن دان چاوەڕوان دەکڕێ.
٠٦/٠٦/٢٠١٤
ستۆکهۆڵم
– See more at: http://www.nnsroj.com/Detiles.aspx?id=7209&id_map=25#sthash.JWU9hujE.dpuf