ڕاپەڕینی کوردستان چۆن دەستی پێکرد
دوارۆژ، محەمەد مستەفا
وردەکاری ڕوداوەکانی ڕاپەڕین لەزاری هەریەکە لەبەشداربوانی ڕاپەڕینەکە (ئەحمەد بابان و نیازی حەمەعەزیز و بەکری تەسبیح فڕۆش ناسراو بەبەکری هەمینە شۆڕ)هوه كه باس لهوهدهكهن بڕیاردانی راپهڕین و دهستپێكردنى دهكهن.
ئەحمەد بابان بەشداربوی ڕاپەڕین و هاوکات ئەندامی شانە چەکدارەکانی بەرەی کوردستانی، باسی لە چۆنێتی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینەکە کرد و بۆ دواڕۆژ وتی “هەرچەندە لەسەرەتادا بەرەی کوردستانی لەشاخەوە بڕیاریاندابوو كە لە 7ـ3ـ1991 ڕاپەڕین دەست پێبکات”.
وتیشی “بۆ ئەم مەبەستە لەکۆتایی مانگی یەکەمی ئەو ساڵەدا، لەلایەن سەرکردایەتی بەرەی کوردستانی بەدوو نامەى تایبەت ڕێکخستنە نهێنییەکانی پێشمەرگە لەقەزای ڕانیە ئاگادار کرابوونەوە کە ئامادەکاری بکرێت بۆ ڕاپەڕینێکی چەکداری جەماوەری دژ بە ڕژێمی بهعس.
ئەحمەد بابان لهدرێژهى باسهكهیدا رونیكردهوه كه لەڕێگەی شانە چەکدارەکانەوە بەر لەچەند ڕۆژێک لەدەستپێکی ڕاپەڕین هاوڵاتیانی قەزای ڕانیە ئاگادار کرابونەوە کە لە7ـ3دا ڕاپەڕین ئەنجام بدەن، بەڵام هاوڵاتیانى قەزای ڕانیە زووتر لەو بەروارە خۆیان یەكخست و بڕیاریاندا لە ڕۆژی 5ـ3دا دژ ڕاپەڕن.
دهڵێت “5ـ3 بەیانییەكی جیاواز بوو لە بەیانییەکانی تری ئاسایی قەزاکە، دوكانەكان داخرابوون، هاوڵاتیان بەتامەزرۆییەوە چاوەڕوانی چرکەساتى دەستپێکی ڕاپەڕینیان دەکرد”.
بابان باس لهوهشدهكات كه هەر لە بەیانی ئەو ڕۆژەدا کۆمەڵێک لە خوێندکاران و گەنجانی قەزای ڕانیە لە ناو بازاڕی قەزاکە ڕێپێوانێکیان دژ بەدەسەڵاتی ڕژێمی بەعس ئەنجامدا، بەڵام لەلایەن سەربازانی ڕژێمی بەعسەوە دەستڕێژی گولـله بەسەر بەشداربوانی ڕێپێوانەکەدا کرا، بۆیه بەم هۆیهوە هاوڵاتیانی قەزای ڕانیە خرۆشان.
یەکێکی تر لهبهشداربووانی راپهڕینهكه، بەکری هەمینە شۆڕه، وهك باسدهكرێت ئهو یهكێك بووه لەچالاکترین ئەو کەسانەی کە ڕۆڵی هەبووە لەسەرکەوتنی ڕاپەڕینەکەی ڕانیەدا.
بهكر بەهەڵکێشانی هەناسەیەکی بیرەوەرییەوە بۆ دواڕۆژ وتی “كاتژمێر 9:00ی بەیانى بوو، لەبڵندگۆی مزگەوتی گەورەی ڕانیەوه بانگەواز کرا کە هاوڵاتیان دەست بکەن بە ڕاپەڕین، ئەردەلان ئەدهەم یەکەم کەس بوو کە یەکەم فیشهكى ڕاپەڕینی دژ بەڕژێم تەقاند و شەهید (عەلی نەبی)ش لەگەڵ کۆمەڵێک لەهاوڕێیانی لە ناوەڕاستی بازاڕی قەزاكه دوو کەسی هەواڵگری سەر بە ڕژێمیان كوشت و ڕاپەڕین دەستیپێکرد.
بەکری هەمینە شۆڕ زیاتر باسی لەڕوداوەکە کرد و وتی “هاوڵاتیان بەگوڕ و تینێکی زۆرەوە ڕاپەڕینیان دەستپێکرد و یەکەم شوێن كە هاوڵاتیان ئازادیان كرد بریتی بوو لەدەزگای (ئەمن و پۆلیس)، دواتر ڕاپەڕینەکە سەرجەم شوێنەکانی تری قەزاکەی گرتەوە و تاكاتژمێر 3:00ی دوای نیوەڕۆ قەزاكه بەخوێنی نۆ شەهید و كوژرانى دەیان سەربازی ڕژێمی بەعسی بەتەواوی ئازادکرا.
بهوتهى بهكر یەکەم شەهیدی پیاوی ڕاپەڕینهكه (عەزیز بچکۆل) و یەکەم شەهیدی ئافرەتیش (گوڵەباخ) بووك هەر بەم هۆیەوه ڕانیە نازناوی دەروازەی ڕاپەڕینی پێبەخشرا.
ئهو وتیشی “هەمان ڕۆژ واتا 5-3 هاوڵاتیانی ناحیەى حاجیاوا دەستیان بە هەڵمەتی ڕاپەڕین کرد و ناحیەی حاجیاواش ڕزگارکرا، دواتر سەرجەم سەربازانى ڕژێم کە لەبەرزاییەكانى (ماكۆك و كێوەڕەش و كلكەى كۆڵین) جێگیر كرابوون بەبێ هیچ بەرگریەک خۆیان ڕادەستی جەماوەری ڕاپەڕیو کرد”.
نیازی حەمە عەزیزی پێشمەرگەی كۆن یهكێكی دیكهیه لهبەشداربووی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی ڕانیەو یەکێک لەدامەرزێنەرانی ڕادیۆی ڕاپەڕین، ئهو باسی ڕۆژیک دوای ڕاپەڕینی 5 ئازار دەکات و بۆ دواڕۆژ وتی “ڕۆژی 6ـ3ـ1991 هاوڵاتیانی ناحیەى چوارقوڕنە بەهاوکاری هاوڵاتیانی ڕانیە و ناحیەی حاجیاوا پەلاماری بارەگای هێزەکانی (فرقەى 24)یاندا لە ناحیەی چوارقوڕنە كە یەکێک بوو لەو بارەگایانەی كە زۆرترین ژمارەى سەرباز و تانك و دەبابەی ڕژێمی بەعسی تێدابوو.
نیازی وتیشی “دوای بەرگرییەکی توندی هێزەکانێ (فرقەى 24)ی ڕژێم، دواجار جەماوەری ڕاپەڕیوی ناحیەى چوارقوڕنە توانیان دهست بگرن بەسەر بارەگای فیرقەکەداو هەر لەو شەڕەدا بەهۆی بۆردومانى كۆپتەرە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعسەوە 8 هاوڵاتی شەهید بوون و 20 سەربازی ڕژێمی بەعس کوژران و دەیان سەربازی تریش بەدیلگیران.
نیازی حەمە عەزیز باسی لەوەشکرد هەرچەندە لەو ڕۆژەدا سوپای ڕژێم لیوایەکی تایبەتی لە قەزای کۆیەوە گواستەوە بۆ گوندی گردجانی سەر بە ناحیەی چوارقوڕنە بۆ پشتگیریکردن لەهێزەکەی خۆی هێزی (فرقەى 24) لەچوارقوڕنە، لەو گوندەوە ئەو لیوا تایبەتە چەند جارێک تۆپبارانی ناحیەی چوارقوڕنەی کرد بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکە، بەڵام دوای نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ جەماوەری ڕاپەڕیوی سنوری بیتوێن پەلاماری ئەو لیوا تایبەتەیاندا و شکستیان بە لیواکە هێنا.
نیازی لهكۆتایی وتهكانیدا باسی لهوهكرد كه ئیرادەى بەهێزی هاوڵاتیانى ڕاپەڕیوی قەزای ڕانیە و ناحیەكانى حاجیاوا و چوارقوڕنە وایكرد كە لەماوەی دوو ڕۆژدا سەرجەم دامودەزگاکانی ڕژێمی بەعس لەسنوورەکە نەمێنێت و جاڕی ئازادیان بۆ ڕزگارکردنی كوردستان و هاونیشتیمان لێدا، ڕاپەڕینی هاوڵاتیانى قەزای ڕانیە بووە دەستپێکی ڕاپەڕینێکی مێژوی گەلی كورد کە لەشاری ڕانیەوە بڵێسەی سەندو دواتر سەرجەم ناوچەکانی تری ههرێمی كوردستانى گرتەوەو لهكهركووك كۆتایی هات.