1
1
Views: 2073

ناسینی مێژووی ھەر نەتەوەێیک کاریگەریێکی ھەرە مەزنی ھەیە لە سەر جوانتر ناسینی پێکھاتەکانی کۆمەڵایەتی و کلتۆری لە ناو جڤاک و کومەلگەدا. رێزدانان و یێکگرتۆیی، بوێری، ھاودەنگی، لە تایبەتمەندیەکانی ھۆز یا عەشیرەتن. کە پێبەند بوون بە ئەم شتانە ھەوێن و بنەمای ھەست و سۆز و بیری تێکۆشەرانە وئینسانی ولێبردوویی ئەوانە لە پێناو ناسنامە بەخشین بە ئەرک ھەلوێست، خواست و پێویستیە نەتەوەییی کانیان لە سەرەتای مێژووە ھەتاکوو ئێستا بووە. ناسینی مێژو و پێکھاتەکانی ھەر کومەلگایێک ئەرکی سەرشانی ئەندامانی ئەو کۆمەلگایەیە و توێژینەوە لەم ئاستەدا دەتوانی ببێتە ھۆی روون بونەوەی تاکەکان و ھەروەەا ئامرازێکی کاریگەرە بو نوێژندنە وە و پەرەپێدانی مروڤ و چین و پێکھاتەکانی ئەو کومەلەگایە. دوای ئینسان، بنەمالە و خانەدان و ھۆز و عەشیرەتەکان بەرچاوترین و سەرەکی ترین بنەغەکانی پیکھێنەری ئەو کۆملگایەن. جڤاکی کوردستان وەکی نەتەوە و کۆمەلگایەکانی تر بنەما و سەرچاوەی لە چەندین ھۆز و عەشیرەت دروست بووە. یێکێک لەو ھۆزە گەورانە ھۆزی بلباس یان بلباسی کە خۆی پێکدێت لە چەندین عەشیرەتی مەزن و بچووک کە بریتین لەمانە: مامەش، پیران، سن، کاخدری، عثمان آغایی، گەورک، مەنگور، ئاکۆ، زەرزا، شکاک، رەمەک، زودی، بالەک، ڤاسیلی نیکیتین دەبێژی ئەو دەم کە بنەمالەیێک پەرە دەدات و گەورە دەبێت ئێل یا عەشیرەتێک یا لە حالەتێک دا ھۆز پێکدێت.
سەرچاوەی خاندانی گەورک عەشیرەتی گەورک خاوەن خەلکێکی ساکار و سانا بووە و ھاوکات بە ھۆی بەربلاوی لە سە وەلات دا نەیتوانیوە بە شێوازیکی بەرچاو لە کیشە، روداو و پرۆسە سیاسی و مێژووییەکان رۆلی سەرەکی ھەبێت بەلام لە ھەر یێک لە بەشەکان لە ئێراق، ئێران و تورکیا تا رادەیێکی بەرچاو توانیویەتی لە نێوان ھەلسوکەوتی دەسەلات و جەماوەر خۆی نیشان بدات. سەرەتای مێژووی گەورک بە پێی ئەو بەلگە و باسانەی کە ھەن دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانیەکان واتا سەردەمی سولتان سولێمان قانونی
لەمەر ئەوەی کە گەورک لە کوێ را ھاتوە و چیە؟ لێکولینەوە کەم کراوە، بەلام دیسان ھێندێک کەس ھەبوون کە لەسەر ئەو بابەتە توێژێنەوەیان کردووە و ھەر وەھا ھێندێک سەرچاوە و نوسەرھەن کە دەتواندرێ لە بابەتەکانی وان کەلک وەرگیرێ. لە کتێبی شەرەفنامەی شەرەفخانی بەتلیسی دەکوترێ کە گەورکی کەلشێری یێکێکە لە پەلەکانی ھۆزی بلباس و بلباس خۆشی یێکێکە لە تیرەکانی ئێلی ڕۆژیکی. ھۆزی بلباس خۆی پێکدێت لە تیرەکانی: مامەش، پیران، سن، کاخدری، عثمان آغایی، گەورک، ئاکۆ، زەرزا، شکاک، ئەوەی کە لە ناو کتێب و سەرچاوە مێژوویەکان دایە زۆرتر باس لە نێوی کەلشێری دەکات تا کوو گەورک. لە کتێبی شەرەفنامە باس لەوە دەکرێت کە عەشیرەتی گەوری و کەلشێری کە ئەوکات پەلێکن لە ھۆزی گەورەی بلباس و دانیشتووی ناوچەکانی نێوان شاری بیتلیس، باتمان و دیاربەکر دەبن، بە فەرمان و دەستووری سولتان سولەیمانی قانونی پادشای عوسمانی لە سالانی ١٥٤٠ تا ١٦٠٠ زایینی کوچ دەکەن بەرەو جەزیرەو و بۆتان و لە ئەنجام دا بەرەو ناوچەی شارەزوور لە کوردستانی باشور رێدەکەون. لەو ئەوسەردەمە دا شارەزوور بە نێوان دوشاری ھەولێر و سلیمانی ھەولیر دەکوترا کە ھێندێک کات موسل، کرکوک، ھەولێر یا سلێمانی (قەلاچوالان) دەبوون بە پایتەختی ئەم پارێگایە. ھوی ئەو کۆچە کێشەی نیوان دەولەتی سەفەوی و عوسمانی دەبێت. بە ھۆی ئەوەی تیرەکانی ھۆزی بلباس جەنگاوەر و بوێر و ئازا دەبن و وەفاداری خۆیان بە سولتان سلێمان سەلماندبوو، سولتان سلێمانی قانونی فەرمانیان پێدەدات بۆ بەرگری کردن لە بەشێک لە سنوورەکانی رۆژھەلاتی عوسمانی بجنە پارێزگای شارەزوور. لە نێوان سالەکانی ١٧٥٠-١٧٠٠ زایینی رەسول بلباس ھاوچەرخ لەگەل تازەدروست بوونی میرنشینی بابان، دەگەل میرزا احمد و قرەعوسمانی کوری و ئایشە رەشی کچی و زینب خانمی خێزانی لە ناوچەی خۆشناوەتی ھەولێر دوای کێشە و ناکۆکی و شەر دەگەل تایفەی احمدآغای شارەزور و تالان بوونیان روو دەکەن بۆ گوندی شیوەکەل لە قەلاچووالان لە ناوچەی سلێمانی کە ئەو دەم ناوەندی حوکمرانی سلێمان پاشای بابان دەبێت. ١. (جێگەی ئاماژەیە ئەمە بێژین ناوچەی خۆشناوەتی دەکەوێتە سنووری نێوان شارەکانی ھەولێر، کۆیە، رانیە، ھەریر و شەقلاوە).
٢.(جێگەی ئاماژەیە ئەمەش بێژین کە ھێشتا گووندی شیوەکەل دەکەوێتە ناوچەی سیوەیل لە قەزای شارباژێر لە سلێمانی. ناوچەی سیوەیل دەکەوێتە باشووری شاری سەردەشت و باکووری شاری سلێمانی و رۆژھەلاتی شاری دوکان).
رەسول بلباس دەگەل بنەمەلەکەی ماوەی چەندسال لە شیوەکەل نیشتەجێ دەبن و خەریکی ژیانی رۆژانەی خۆیان دەبن تاکوو دارودەستەی احمدآغای شارەزور بە شوێنیان دەزانن و لە رێگای کوێخای گوندەکە ھەول دەدەن بە کوشتنی رەسول بلباس و لە ئاکام دا بە شێوازێکی دوور لە رەوشت و ناجوانمێرانە دەیکوژن. دوای ئەو روداوە دلتەزێنە زینب خانمی خێزانی رەسول بلباس بە ھۆی خەم و پەژارەوە کۆچی دوایی دەکات.
دوای ئەم کەند و کۆسپانە ئایشەرش و میرزااحمد و قرەعوسمان تۆلەی ئەو غەدرەی لە کوێخای گوند و دار و دەستەی احمدئاغای شارەزوور دەکەنەوە و ئایشەرەش دەکوژرێ.
دوای ئەم بەسەرھاتانە حسن آغا بە ھۆی ئەوەی لە ناوچەکە نێوبانگی ھەبوو لە لایەن آغامحمدخان قاجار بانگھێشت دەکرێت بۆ کۆبوونەوەی عەشایری موکریان و ئازەربایجان لە شاری بناو لە نزیک مەراغە و ھەرلەوێ دەسەلاتی سەردەشت و ناوچەکانی دەور وبەری لە پیرانشار تا بۆکان پێدەدرێت. لە زەمانی حسن آغا رەبەت، بالان، ھەنداوێ و وتمان ئاوێ و کانی گوێز ملکی ئاغایێکی بلباس بە ناوی خدرآغای سن دەبێت، خدرآغا تەنیا خاوەن کچێکی ژیر و خانم دەبێ بە ناوی مروەت خانم، جارێک حسن آغا میوانی خدرآغا دەبێ و کاتێک چاوی بە مروەت خانم دەکەوێت ئەوینداری دەبێ و پیاوماقولانی ناوچەکە رادەسپێری بو خوازبێنی لە خدرآغا و ئەویش کچەکەی دەداتێ. دوای وەفاتی خدرآغا، حسن آغا بارەگا و مالەکەی دەگوێزیتەوە بۆ رەبەت و لەوێرا سەرپەرستی وەلاتەکە دەکات.
لە مەروەت خانم دو کوری دەبن بەناوی رەسول آغا و پیرٶت آغا کە بنەمەلەی رەشیدی، حەمزەیی، عەباسی لە بەرەبابی رەسول آغا و بنەمالەی مامەندی، پیرۆتی و ئەحمەدی لە بەرەبای پیرۆت آغا سەرچاوە دەگرن. جێگای ئاماژەیە کە بزانین بەرەبابی رەسول ئاغا و پیرۆت ئاغا لە ھەردۆ رەگەزی دایک و باب بە ھۆی ئەوەی کە دایکیان کچی خدرآغا دەکەونە ھۆزی بلباس. رەسول ئاغا سێ کوری دەبێ بە ناوەکانی رەشیدئاغای گەورە و حاجی عباس ئاغا و ئەمین آغا. رەشیدآغا پیاویکی خاوەن دیواخان و دلسۆز و دیندار و ئازا بووە و دەگەل حاجی عباس آغا بەشداری شۆرشی شێخ عبیداللە نەھری، شۆرشی حمزئاغای مەنگور لە سەردەمی قاجار و شۆرشی مەلا خەلیل مەنگور لە سەردەمی رەزاشایان کردوە. ھەروە ھا حسن آغا شەش کوری دیکەی دەبن: ١. بە ناوی عوسمان ئاغا کە گەورکی بۆکان و مەھاباد لە بەرەبابی ئەون و عوسمان ئاغا ناوبانگیکی زۆری لە نێو پیاوماقولانی کوردستانی موکریان ھەبوە. ٢. بە ناوی خدرئاغا کە گەورکی سەقز لەوی سەرچاوە دەگرن. ٣. مستەفا ئاغا کە بنەمالەی مەجدی و مەلا حسێن مەجدی دەگەرێنەوە سەروی ٤. حسن آغا دو کوری دیکەی بوون بە ناوی کاک ابراھیم و کاک عبداللە، کە لە بارەی وان دا شارەزایی کەمە بەلام بەشێکی زۆر لە گەورکی بۆکان و مەھاباد دەگەرێنەوە سەر ئەم دوانە. ٥. بایزآغا: تیرەی بایزیدی کە دانیشتووی گووندەکانی رۆژھەلاتی رەبەت وەک شندرە و شەمولە، لە بەرەبای بایزآغا کورە گەورەی حسن آغا و خوشکەزای غەزالی مەلانەبین.
ناوچەی گەورکایەتی: وێرای ئەوەی کە عەشیرەتی گەورک لە تەواوی کوردستان سێ وەلاتی ئێران و تورکیا و ئێراق نیشتەجێیە بەلام بە ھۆی ئەوەی کە بەشی ھەرە زۆری عەشیرەتی گەورک لە کوردستانی ئێران ژیان بەسەر دەبەن، ناوچەی ژێر دەسەلاتی ئەو عەشیرەتە بە ناوچەی گەورک یا گەورکایەتی ناسراوە. لە ڕۆژگاری ئەورۆ دا سنووری دەڤەری گەورکایەتی لە کوردستانی ئێران لە رۆژھەلات رووباری زێی بچووک لە سەردەشت، لە رۆژئاوای شاری بۆکان واتا ناوچەی فەیزوللە بەگی و سەقز و لە باکور، شاری مەھاباد واتا ناوچە مەنگورایەتی (شاری خەلیفان) و لە باشور دەگاتە شاری رەبەت و دەشتی کەلوێ و لە قەزای سەردەشت.
ئەو شارانەی کە گووندی گەورک یا ناوچەی گەورکایەتیان ھەیە: ئێران: کوردستانی موکریان:ناوەندی ھەرێمی گەورکایەتی: شارۆچکەی رەبەت و کەنارەکانی رۆژھەلاتی رووباری زێی بچووک بە مالبەند و ناوەندی گەورکایەتی بەدیدەکرێن.
پارێزگای ئازەربایجانی ڕوژئاوا
١. شارستانی سەردەشت (شاری رەبەت، شاری میراوێ) ٢. شارستانی مەھاباد ٣. شارستانی بۆکان ٤. شارستانی ارومیە (ورمێ) ٥. شارستانی سەلماس (شاھپور) پارێزگای کوردستان: ٦. شارستانی سەقز (ناحیەی میرەدێ و تەموغە) ھەرێمی کوردستان لە ئێراق: پارێزگای سلێمانی: ٧. شارستانی دوکان ٨. شارستانی رانیە (شاری چوارقورنە – شاری حاجیاوا) ٩. شارستانی شارباژێر (ناوچەی سیوەیل) پارێزگای ھەولێر: ٩. شارستانی شەقلاوە کوردستانی تورکیا: پارێزگای وان ١١. شارستانی باشکالا و گۆرپینار