Home / بەشی مێژووی كورد / نامەیەکی‌ شێخ حەسەنی گڵەزەردە بۆ نادر شای ئەفشار

نامەیەکی‌ شێخ حەسەنی گڵەزەردە بۆ نادر شای ئەفشار

pasha210

نامەیەکی‌ شێخ حەسەنی گڵەزەردە بۆ نادر شای ئەفشار
د.ئاراس محه‌مه‌د سالح
شێخ حەسەنی گڵەزەردە وەك زانایەكی ئاینی و شێخێكی تەریقەتی قادری و ساداتی بەرزنجە خاوەن پێگەیەكی بەهێز و دەسەڵاتێكی ئاینی و كۆمەڵایەتی بەهێز بووە لە ڕۆژگاری‌ خۆیدا، بۆیە كاتێك سوپای نادر شای ئەفشار کاتێک لە ساڵی‌ (1743ز) دێتە كوردستان و لە گوندی (مۆكەبە)ی سورداش پرسیاری كەسایەتی ناسراوی ناوچەكە دەكات، لەسەر ئاستی‌ میرایەتی‌ بابان ئاماژە بە ناوی‌ شێخ حەسەنی گڵەزەردەی دەكەن، لەدوای‌ ئەوەی‌ نادر شا دەزانێت شێخ حەسەن خاوەنی‌ پێگەیەکی‌ ئاینی‌ و کۆمەڵایەتی‌ بەهێزە نامەیەكی بۆ دەنووسێت و داوای لێدەكات سەردانی بكات، بێگومان وەك لە نامەكەوە دەردەكەوێت و نادرشا پرسیاری تەواوی شێخ حەسەنی كردووەو زانیاری لەسەر كۆكردوەتەوە، بۆیە لە نامەكەدا ئاماژە بە بنەچەی شێخ حەسەن دەكات و دەیەوێت لەڕیگەی‌ سۆزی‌ ئاینی‌ و بنەماڵەییەوە شێخ حەسەن بۆلای‌ خۆی‌ ڕابکێشێ، بەڵام شێخ حەسەن وەک زانایەکی‌ شارەزاو خاوەن هەڵوێست ناکەوێتە ژێر کاریگەری‌ سۆزی‌ بنەچەو نەژاد، بەڵکو هەڵوێستێکی‌ نیشتمانی‌ زۆر گەورەی‌ دەبێت، لەبەرامبەر نامەکەی‌ نادرشادا وەڵامێکی‌ زۆر توندی‌ دەبێت.
دەقی نامەی نادر شا بۆ شێخ حەسەن:
لە منەوە بۆ زانای وەجاخزادە، بەڕێزی بەخشندە‌و ڕەسەن، خاوەنی نیشانە و گەورەیی زۆر، سەید حەسەن، سڵاوی بۆندار و سڵاوی گەرم.
دوای ئەوە: بەڕاستی گەورەترین داوام‌و یەكەم مەبەستم برەودانی مەزهەبی باپیرت جەعفەری صادقە خوا لێی ڕازی بێت زانای گەورە، سەرچاوەی زانست و ڕاستی، خۆشەویستی من بۆ باپیرانی گەورەت ئاشكرایە، هاتنت بۆ لامان زۆر پێویستە، بەگەیشتنی فەرمانم بە ئێوە وەرن بۆ لامان هەتا بەپیرۆزی ئێوە شادبین، ئەگەرنا ئاگری توڕەیی خۆم دەبارێنم بەسەرتانا. سڵاو.
خوێندنەوەیەکی‌ کورت بۆ نامەکەی‌ نادرشا: سەرەتا نادر شا بە زمانێكی سیاسی قسە دەكات، پاشان هەوڵ دەدات سۆزی شێخ حەسەن بەلای خۆیدا ڕاكێشی، كە باس لە بنەچەو باپیری شێخ حەسەن دەكات، پاشان نایشارێتەوە كە ئامانجی سەرەكیان بڵاوكردنەوەو برەوپێدانی مەزهەبی شیعەی جەعفەریە، نادر شا لە نامەكەیدا بەڕاشكاوی ئاماژە بەوە دەكات كە هاتوون برەو بە مەزهەبی باپیری شێخ حەسەن (ئیمام جەعفەری صادق) بدەن، بێگومان ساداتی بەرزنجە بنەچەی خۆیان دەبەنەوە سەر ئیمام موسای كازمی كوڕی ئیمام جەعفەری صادق و بنەماڵەی پێغەمبەر (د.خ)، بۆیە نادرشا دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە سۆزی شێخ حەسەن بەلای خۆیدا ڕاكێشێ‌، بەڵام شێخ حەسەن وەك زانایەكی بەهەڵوێست و موسڵمانێكی ڕاست زۆر توند وەڵامی نادر شا دەداتەوەو زۆر چاونەترسانە داواكەی نادرشا ڕەتدەكاتەوە.
هەر لە نامەكەی نادر شاوە دەردەكەوێت كە ئەو دەوڵەتە و سوپاكەیان بۆ مەبەستی مەزهەبگەرایی هاتوون، بێگومان دەوڵەتی ئەفشاری‌ ئێران دەوڵەتێكی تائیفی عەقائیدی بووەو هەموو هێرش و پەلامارەكانی بۆ سەر دەوڵەتی عوسمانی و كوردستانیش بۆ ئەو مەبەستە بووە، بەڵام بەهۆی بەهێزی پێگەی ناوەندە ئاینیەكەی كوردستان و مەلا و زانایان و شێخانی ڕاستی تەریقەت ئەو دەوڵەتە زلهێزە نەیتوانیوە كەمترین كاریگەری لەسەر كۆمەڵی كوردەواری هەبێت، پابەندی كورد بە مەزهەبی ئیمامی شافیعی و دڵسۆزی بۆ ئاینەكەی هەموو كات وەك چیاكانی كوردستان وەستاوە لەبەرامبەر پاراستنی ئاین و نیشتمانەكەیدا.
لە بڕگەیەكی تری نامەكەیدا نادر شا باس لە خۆشەویستی خۆی دەكات بۆ باوباپیرانی شێخ حەسەنی‌ گڵەزەردە، كە مەبەستی نەوەكانی (حسێنی كوڕی عەلی كوڕی ئەبو تالیبە)، بەڵام لای شێخ حەسەن هەموو هاوەڵان بە باوانی خۆی دەزانێت وەك لە وەڵامی نامەكەیدا بۆ نادر شا دەردەكەوێت.
لە كۆتایی نامەكەیدا نادر شا بە زمانی هەڕەشەوگوڕەشە قسە دەكات، بێگومان گومانی ئەوەی بووە كە زانایەكی بەهەڵوێستی وەك شێخ حەسەن كە بۆ خۆدەرباز كردن لە فشاری سەفەویەكان و پاشان ئەفشاریەکان پەنای بۆ ناوچەی قەرەداغ بردووە، زۆر زەحمەتە بەدەم داواكەیەوە بچێت، بۆیە داوای لێ دەكات سەردانی بكات، ئەگەرنا ئاگری توڕەیی خۆی بەسەردا دەبارێنێ‌، بەڵام شێخ حەسەن بەبێ هیچ هێزو دەوڵەتێك لەبەرامبەر زلهێزێكی ڕق ئەستوری وەك دەوڵەتی ئەفشاری‌ زۆر ئازایانە و چاو نەترسانە وەڵامی دەداتەوەو ناچێت بۆ سەردانی ، بەڵكو بە زمانێكی توند نامەیەكی بۆ دەنێرێت و دەنووسێت:
دەقی نامەی شێخ حەسەن بۆ نادر شا:
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
سوپاس بۆ پەروەدگاری جیهانیان، پاشەڕۆژ بۆ خواناسانە، دوژمنایەتی تەنها بۆ ستەمكارانە، درود‌و سڵاوی خوا بۆسەر گەورەمان محەمەد و كەسوكار‌و هاوەڵانی بەگشتی:
دوایی: نامەكەتم وەرگرت، بانگەشەی خۆشەویستی باپیرانم نازانم ئەو خۆشەویستیە تێكەڵاوە بە ڕق‌وكینە لە هاوەڵانی پێغەمبەر یان نا، ئەگەر تێكەڵا‌و بێت بە ڕقبوونەوە لە هاوەڵان، ئەوە سودت پێناگەینێت ڕۆژی لێپرسینەوە، بەڵكو دەبێتە هۆی لێپرسینەوەو سزا.
ئەوەی كە وتوتە: ئامانجم برەوپێدانی مەزهەبی جەفەری صادقە خوا لێی ڕازی بێت، ئەم ئیمامە یەكێكە لە تابیعینی گەورە، موجتەهیدە كامڵ، بەڵام بەهۆی نەمانی هاوەڵانی مەزهەبەكەی كۆنەكراوەتەوە، ئەگەر بمانزانیایە كۆكراوەتەوە شوێنی دەكەوتین چونكە ئێمە لە نەوەی ئەوین، بەڵام من حاڵم باش نیە‌و نەخۆش وكەنەفتم، ناتوانم بێم بۆلاتان، بەڵام ئامۆژگاریت دەكەم بەچەند ئامۆژگاریەكەم بەگوێم بكەی‌و كاریان پێبكەی ڕزگارت دەبێت، جەنگ مەكە لەگەڵ سوڵتانەكانی عوسمانی، چونكە ئەهلی كەشف و كەرامەت ئەوەیان ئاشكراكردوە هەتا نزیكی هاتنی ڕۆژی قیامەت دەمێنن، چەند تایبەتمەندیەكیان تێدایە لە خەڵكانی تردا نیە، ئەوەی لەناخی خۆتا شاردودەتەوە لە وێرانكردنی شاری موصڵ‌و جەنگكردن لەگەڵ خەڵكەكەیدا، ئەو كارە مەكە، چونكە دەبێتە هۆی لەناوچوونی سەربازەكانت، ئەگەر پەلە نەكەی لە پەشیمانی و داوای لێخۆشبوون لەخوا پێش ئەوەی مەرگ یەخەت بگرێت، چونكە هەندێك لە دەستوپێوەندەكانت دەیانەوێت بتكوژن، سڵاو لەسەر ئەوەی ڕێگەی ڕاستی گرتووە.
مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس دەفەرموێت لە نامەكەی شێخ حەسەندا ئەم بڕگەشی تێدایە: ئاماژە کردنت کە توڕەیی خۆت بەسەرما دەبارێنی‌ نامانترسێنێت: (ئەولیاکانی‌ خوا نە ترسیان هەیەو نە خەفەت دەخۆن) (یونس:62). بەڵام لەكاتی نوسینەوەو گواستنەوەیدا نەنوسراوەتەوە .
نامەكەی شێخ حەسەن وەك نامەی زانایەكی گەورەی موسڵمان بە (بسم الله حمدالله صلولە) دەست پێدەكات و درود و سڵاو دەنێرێت بۆ هەموو هاوەڵانی پێغەمبەر (د.خ) و جەخت دەكاتەوە بە وشەی (أجمعین) وەك هەوڵوێستێكی ئەهلی زانایانە كە جیاوازی ناكەن لە نێوان هاوەڵانی پێغەمبەردا (د.خ) وەك ڕەتكردنەوەی داواكەی نادرشا كە جیاوازی دەكەن لە نێوان هاوەڵاندا.
هەروەها شێخ حەسەن سڵاو لە نادر شا ناكات لە نامەكەیدا و یەكسەر دەست دەكات بە وەڵامدانەوەی نادر شا، توڕەییەكی زۆر و ئازایەتیەكی لە ڕادەبەدەی تێدایە، مەلایەكی كورد و شێخی تەریقەتی بێ چەك و دەوڵەت كە ڕەنگە تەنانەت عەسا و گۆچانیشی بەدەستەوە نەبوبێت، چووەتەوە بەگژ زلهێزێكی داگیركەری تینو بە خوێنی كەسانی وەك شێخ حەسەن و شوێنكەوتوانیدا، چونكە سوپای عەجەم چەندین جاری تر پەلاماری كوردستانیان دابوو، شێخ حەسەن زۆر باش زانیویەتی مەبەست و هەوڵوێستی داگیركەرانەیان چۆنە، بۆیە بەو شێوە توندە وەڵامی نادر شا دەداتەوە.
پاشان هەر لە وەڵامی نادرشادا دەنووسێت: ئەوەی دەیڵێت: هاتووی برەو بە مەزهەبی باپیرم ئیمام جەعفەری صادق بدەی خوا لێی ڕازی بێت، ئیمام جەعفەری صادق یەكێك بووەو لە تابعینی گەورەو موجتەهیدینی كامڵ، بەڵام مەزهەبە فیقهیەكەی نەنوسراوەتەوە بەهۆی نەمان و بڵاوەكردنی شوێنكەوتوانی، ئەگەر مەزهەبەكەی بنوسرایەتەوەو لەبەردەستدا بوایە ئێمە شوێنی دەكەوتین، چونكە ئێمە لە نەوەی ئەوین.
هەرچەندە نادر شا بە زمانی هەڕەشە داوا لە شێخ حەسەن دەكات بچێت بۆ سەردانی ئەگەرنا ئاگری توڕەیی خۆی بەسەردا دەبارێنێ‌، بەڵام شێخ بە بیانووی نەخۆشیەوە ناچێت بۆلای نادر شا و وەك سوپایەكی داگیركەری سەیری دەكات، هەریەكە لە مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ و مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس باسیان لە ئازایەتی و بەهەڵوێستی شێخ حەسەن كردووە، ئەم نامەو هەوڵوێستەی شێخ حەسەن بەڵگەی ئاشكرای ئازایەتی ئەو زانا گەورەیە لە پێناوی ئاین و نیشتمان و میللەتەكەی خۆیدا لە لۆمەی لۆمەكاران نەترساوەو ملی بۆ هیچ دەسەڵاتێكی دنیایی كەچ نەكردووەو نەبووەتە زانایەكی دەرباری هیچ دەسەڵاتێك بۆ مەبەستێكی پوچی دنیایی.
پاشان شێخ حەسەن وەك ئەركی زانایەكی موسڵمان لەبەرامبەر مەبەستی خراپی هۆردوی عەجەم و نادرشادا بێدەنگ نابێت و فەرمان دەكات بە چاكەو ڕێگری لە خراپە دەكات.
داوا دەكات لە نادر شاو سوپاكەی شەڕی موسڵمانانی دەوڵەتی عوسمانی سونە مەزهەب نەكەن، لە پێناوی مەزهەبگەرایی و بیركردنەوەیەكی هەڵەدا خوێنی موسڵمانان نەڕێژن و وڵاتیان وێران و خاپور نەكەن.
هەروەها داوا دەكات ئەو نیەت و بەرنامەی هۆردوی عەجەم و نادر شا سەدان كیلۆمەتریان لە پێناویدا بڕیوە كە پەلاماردان و وێرانكردنی شاری موسڵی سونە نشینە ئەنجامی نەدەن و ئەو تاوانە گەورەیە نەكەن، ئەگەرنا خوای گەورە تۆڵەیان لێدەكاتەوە، شاری موسڵ هەموو كات وەك شارێكی كوردستانی وابووە ئەگەر هەموویشی كورد نەبوبێت، شاری زانای گەورەكان و خوێندنگە گرنگەكان بووەو لە ڕۆژی موسڵمان بوونی كوردەو ئەو شارە وێستگەی قوتابی و فەقێ و زانا كورد بووەو دەیان زانای گەورەی كورد لەو شارەدا پێگەیشتوون و وڵاتی خۆیان بە ڕووناكی زانست ئاوەدان كردووەتەوە.
هەروەها وەك شێخێكی تەریقەت باس لە كەرامەت دەكات و ئامۆژگاری نادر شا دەكات ئەگەر پەلاماری موسڵ بدات و ئەو تاوانە ئەنجام بدات ئەوە لەلایەن سەربازەكانی خۆیەوە دەكوژرێت و خوای گەورە تۆڵەی لێدەكاتەوە.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

پەیوەندی کورد بە شۆڕشی زەنجەوە

گەرمیان حەسەن شۆڕشی زەنج لە ناوەڕاستی سەدەی سێیەمی کۆچی و سەدەی نۆی زاینی(255-270کۆچی)دەرکەوت و هۆکارەکانی …