میرەكانی میرنشینی بابان
(شەشەم)خانە محەمەد پاشای سفرە زێڕین(1719-1729)
عومەر ئیسماعیل مارف
بەشی یەکەم
خانە محەمەد پاشا، كوڕە گەورەی (تەیموور خان بەگ1698-1703ز)ی چوارەم فەرمانڕەوای میرنشینی بابان بووە. ئەگەرچی ماوەی (5) ساڵ بووە میرنشینی بابان لەلایەن (موتەسەللیم(1))ێكی سەر بە والی بەغدای ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانییەوە بەڕێوەبراوە، لە كاتێك دا، (ئەحمەد خان)ی سەرۆكی هۆزی زەنگەنە بەردەوام لە هەوڵی زیاتر داگیركردنی خاكی بابان دا بووە و بە هێزەكەیەوە لە شاخی (ژاژیلە)وە بەرەو نزیك رووباری (تانجەڕۆ)ی دەشتی شارەزوور پێشڕەوی كردوە، لە بەرامبەردا ئەو فەرمانبەرە عوسمانییە هیچ هەڵوێست و كاردانەوەیەكی نەبووە!
لەو كاتەدا، خانە محەمەد بەگ تەمەنی بووە بە (18) ساڵ و هەستی بە مەترسییەكی گەورە كردوە بۆ سەر تەواوی میرنشینی بابان و تەنانەت خودی (قەڵا چوالان)ی پایتەختیش، هەر بۆیە وەكو خاوەن ماف و میراتگری میرنشین، بە شێوەیەكی نهێنی لەگەڵ پیاو ماقوڵان و بەگ و كەسایەتییە دیارەكانی بابان دا كۆبوونەوەیەكی بە پەلەی ئەنجام داوە. دوای راوێژ و پرس و را گۆڕینەوە(2)، هەموویان ئەو كارەیان بە كەمتەرخەمی موتەسەللیم داناوە(3) و بە كۆی دەنگ بڕیاری شەڕ و روو بە رووبوونەوەیان داوە لەگەڵ ئەحمەد خانی زەنگەنەدا، بەڵام (خدر ئاغا) ناوێك و پیاوێكی تر كە ناوی نەزانراوە و ئامادەی دانیشتنەكە بوون، بۆچوونیان وابووە لە بری شەڕكردن، شاخی ژاژیلە بكەن بە سنووری نێوانیان(4).
ئەحمەد خانیش خۆی رادەست كردوە
بەپێی سەرچاوەكان؛ رۆژی دواتر خانە بەگ بە سەركردایەتی خۆی، هێرشێكی خافڵگیرانەی كردوەتە سەر هێزەكانی ئەحمەد خان(5). دوای شەڕێكی سەخت و سەركەوتنی هێزی بابان، لە ئەنجام دا هەموو ئەو ناوچانەی پێشتر لەلایەن چەكدارەكانی هۆزی زەنگەنەوە داگیركراون، خراونەتەوە ژێر قەڵەمڕەوی میرنشینی بابان و ئەحمەد خانیش خۆی رادەست كردوە و لە بەرامبەردا مل كەچی نیشان داوە(6).
دوای ئەوەی خانە محەمەد بەگ ساڵی (1719ز)، بە ئازایەتی و لێهاتوویی خۆی توانیوویەتی وەكو شەشەم میری بابان دەسەڵات بگرێتە دەست(7)، هەمان كات كاربەدەستە عوسمانییەكەی بەركەناركردوە. ئینجا دەستی داوەتە چاكسازی ئیداری و نۆژەن كردنەوە و تازەكردنەوەی ئەو شوێنانەی میرنشینەكەی كە پێشتر بەر وێرانكاری كەوتوون(8).
جێگای ئاماژەیە، لەبەر ئەوەی خانە پاشا لە سەردەمی فەرمانڕەوایی خۆی دا، بەردەوام خوانی ئاوەدان و پڕ بووە لە میوان و زوربەی پێویستییەكانی خوانەكەی لە زێڕ دروست كراوە، هەر بۆیە بە محەمەد پاشای (سفرە زێڕین)یش ناسراوە(9).
شەڕێكی ناوخۆیی و خوێناوی گەورە بەرپا بووە
كاتێك ساڵی (1722ز) لە پێناو بەدەستهێنانی دەسەڵات، (میر مەحموود میرئەویس1722-1725ز(10))ی ئەفغانی لە دەسەڵاتی (شا سوڵتان حسێن1693-1722ز)ی سەفەوی راپەڕیووە، ئاژاوە و پشێوی سەرتاسەری وڵاتی ئێرانی گرتووەتەوە و شەڕێكی ناوخۆیی و خوێناوی گەورە بەرپا بووە. هەر چەندە لە نێوان عوسمانی و سەفەوییەكان دا پەیماننامەی (17-5-1639)(11)ی زەهاو هەبووە، بەڵام (حەسەن پاشای نوێ1704-1723ز)ی والی بەغدا(12) بۆ هێرش كردنە سەر وڵاتی ئێران، ئەو بارودۆخەی بە هەل زانیووە و داوای لە سوڵتان (ئەحمەدی سێیەم1703-1730ز)ی عوسمانی كردوە فەرمانی شەڕ بدات. هەر بۆیە لە (بابی عالی)یەوە بڕیاردراوە ئەو شوێنانەی كە هەتا ئەو كاتە لە ناو خاكی ئێران دا دەستی مەحموود میرئەویسی سەرۆكی ئەفغانییەكانی پێ نەگەیشتووە، داگیربكرێن و بۆ پشتیوانی زیاتریش (شێخولئیسلام)ی دەوڵەتی عوسمانی بە ناوی جیهادەوە بڕیاری شەڕی لە دژی ئەفغانییەكان بە پێویست و ئەركێكی ئاینیی داناوە.
دوای ئەوەی بە فەرمانێك، داوا لە والییەكانی سەر سنوور و بە تایبەت حەسەن پاشای والی بەغدا كراوە هێرش دەست پێ بكەن، ئەویش بۆ جێبەجێ كردنی فەرمانی سوڵتان، سوپایەكی گەورەی(13) لە هێزی كوردەكانی شارەزوور بە فەرماندەیی (ئەورەحمان پاشا)ی موتەسەڕیفی شارەزوور لە كەركوك(14) و ژمارەیەكی زۆر لە خێڵە عەرەب و كوردەكان كۆكردوەتەوە. لەو كاتەش دا، میری بابان خانە محەمەد بەگ(15) بە هێزێكی (1000) سەربازییەوە ئامادەی ئەو شەڕە بووە(16).
شارەكەی بە هیچ بەرگرییەك بە دەستەوە داوە بێ
دوای ئەوەی سوپای عوسمانی لە قۆڵی باشوورەوە رۆژی (16-10-1723ز) شاری (كرماشان)یان داگیر كردوە(17) و (عەبدولباقی خان)ی والی، شارەكەی بە هیچ بەرگرییەك بە دەستەوە داوە بێ (18)، دواتر ئەورەحمان پاشای موتەسەڕیفی شارەزوور ناوچەی (خوڕەم ئاوا)ی داگیر كردوە(19). ئینجا بەرەو ناوچەكانی (هەمەدان) كشاوە و گەمارۆی شارەكەیان داوە(20).
هەمان كات، خانە محەمەد بەگ-یش لە قۆڵی باكوورەوە بە بێ هیچ بەرەنگاربوونەوەیەك بەرەو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی (میرنشینی ئەردەڵان) كەوتووەتە جوڵە، دوای ئەوەی گەورەكانی مەریوان و هەورامان بەرەو پیری چوون، بە ناچاری (عەباس قولی خان1709-1729ز)ی والی ئەو كاتەی ئەردەڵان كە توانای هیچ بەرەنگاربوونەوەیەكی نەبووە، بەرەو ئیسفەهان هەڵاتووە(21).
لەو كاتەدا گەورە و كاربەدەستان و كەسانی ناوداری بنەماڵەی ئەردەڵان لەوانە؛ (سوبحان وێردی خان(22))ی كوڕی والی و (حسێن بەگی مامۆیی)(23) و (دەروێش بەگ)ی سەرۆكی هۆزی مامۆیی(24)، نامەیەكیان بۆ خانە محەمەد بەگ ناردوە(25) و لە بەرامبەر سەلامەتی و پارێزگاری لە گیان و ماڵیان، ملكەچی خۆیان بۆ نیشان داوە و پێشوازییەكی گەرمیان لێ كردوە(26).
ئینجا خانە محەمەد بەگ لە ساڵی (1723ز)دا، چووتە ناو شاری سنەی پایتەختی میرنشینەكە، تەواوی ناوچەكانی ئەردەڵانی خستووەتە سەر قەڵەمڕەوی بابان. كاتێك وەكو فەرمانڕەوای هەردووك میرنشین دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، بە مەبەستی راپەڕاندنی كاروبارەكانی بەشی میرنشینی بابان (خالد بەگ)ی برای ناردوەتەوە قەڵا چوالان.
هەمان كات تەرمەكەیان بردوەتەوە بەغدا
لەولاشەوە، دوای ئەوەی حەسەن پاشای والی بەغدا لە كاتی گەمارۆدانی شاری هەمەدان و لە چاوەڕوانی وەرزی بەهاردا بۆ هێرش بردن، ساڵی (1723ز) لە كرماشان(27) و لە تەمەنی (66) ساڵی دا كۆچی دوایی كردوە، هەمان كات تەرمەكەیان بردوەتەوە بەغدا و لە مزگەوتی (ئیمامی ئەعزەم-ئەبو حەنیفەی نوعمان)دا بە خاك سپێردراوە. ئەحمەد پاشای كوڕی كە لە ساڵی (1719ز)وە والی (بەسرە) بووە(28) لە سەر داواكاری فەرماندە سەربازییەكان و كاربەدەستانی حەسەن پاشا(29)، لە ماوەیەكی كەم دا فەرمانی سوڵتان ئەحمەدی سێیەمی عوسمانی بۆ هاتووە و لە شوێنی باوكی بووە بە والی بەغدا، هەمان كاتیش وەكو دیارییەك شاری (ماردین) لە باكووری كوردستان خراوەتە سەر قەڵەمڕەوی ئەیالەتەكە(30).
دوای ئەوەی (ئەحمەد پاشا1723-1734ز)ی والی تازە، بۆ پرسەی باوكی چەند رۆژێكی كەم لە بەغدا ماوەتەوە، لەگەڵ هێزەكانی خانە محەمەد بەگ(31) و (حسێن پاشای جەلیلی) كە دواتر لە نێوان ساڵانی (1730-1757ز) بووە بە والی موسڵ(32) و ژمارەیەكی زۆر لە سەرانی خێڵەكانی عەرەب و كورد بەرەو هەمەدان بەرێ كەوتووە(33)، دوای (20) رۆژ لە گەمارۆدانی، سەرئەنجام ئەو شارەش داگیركراوە.
دواتر ئەحمەد پاشا لەگەڵ بەشێك لە سوپاكەی دا گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا و بۆ رێز لێنان لە ئازایەتی و خزمەتەكانی خانە محەمەد بەگ، نازناوی (پاشا(34))ی پێ بەخشیووە و بە (خەفتان)ێكی گران بەهاش خەڵاتی كردوە، پاشان خانە محەمەد پاشا هاوڕێ لەگەڵ (خالد بەگ و فەرهاد بەگ)ی برای دا گەڕاوەتەوە كوردستان و ئەوانی لە قەڵا چوالان بە جێ هێشتووە و خۆیشی گەڕاوەتەوە بۆ سنە(35).
پەراوێز و سەرچاوەكان:
-بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی وشەی موتەسەللیم بڕوانە؛ ژمارە (7417)ی رۆژی پێنجشەممە (16-11-2017)ی رۆژنامەی كوردستانی نوێ، ل13.
2-مێژووی میرایەتی بابان: حسێن نازم بەگ، و: حسێن حەسەن كەریم و سدیق ساڵح، بنكەی ژین، چاپخانەی شڤان، سلێمانی2013، ل51.
3-هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل54.
4-سەرچاوەی پێشوو، ل53.
5-هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل58.
6-سەرچاوەی پێشوو، ل59.
7-هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل51.
8-سەرچاوەی پێشوو، ل59.
9-رەوشی كوردان، مێژووی كوردستان ئەردەڵان-بابان: عەبدولقادر رۆستەم بابانی، و: كەریم حیسامی، چاپی یەكەم، تاران ساڵی (1393) هەتاوی، ل152.
10-مێژووی دەوڵەتی سەفەوی: د. محەمەد سهێل تەققوش، و: شاخەوان محەمەد، چاپی یەكەم، دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی رۆژهەڵات، چاپخانەی رۆژهەڵات، هەولێر2010، ل303.
11-كوردستان و كێشەی سنووری ئێرانی-عوسمانی1639-1847: د. نەجاتی عەبدوڵڵا، چاپی دووەم، خانەی موكریانی بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە، چاپخانەی موكریانی، هەولێر2015، ل48.
12-بەدەم رێگاوە گوڵچنین، مێژووی سیاسی، میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی رۆم و عەجەم دا: نەوشیروان مستەفا ئەمین، كتێبی سێیەم، بەرگی یەكەم، لوبنان2013، ل60.
13-هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل61.
14-كوردستان و كێشەی سنووری ئێرانی-عوسمانی1639-1847: د. نەجاتی عەبدوڵڵا، ل56.
15-بەدەم رێگاوە گوڵچنین، مێژووی سیاسی، میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی رۆم و عەجەم دا: نەوشیروان مستەفا ئەمین، ل61.
16-مێژووی میرایەتی بابان: حسێن نازم بەگ، و: حسێن حەسەن كەریم و سدیق ساڵح، ل60.
17-كوردستان و كێشەی سنووری ئێرانی-عوسمانی1639-1847: د. نەجاتی عەبدوڵڵا، ل56.
18-سەفەرنامەی ژان ئۆتەر (1734-1743ز): و: محەمەد حەمە باقی، چاپی یەكەم، خانەی موكریانی بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە، چاپخانەی موكریانی، هەولێر2013، ل12.
19-كوردستان و كێشەی سنووری ئێرانی-عوسمانی1639-1847: د. نەجاتی عەبدوڵڵا، ل56.
20-مێژووی میرایەتی بابان: حسێن نازم بەگ، و: حسێن حەسەن كەریم و سدیق ساڵح، ل60.
21-بەدەم رێگاوە گوڵچنین، مێژووی سیاسی، میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی رۆم و عەجەم دا: نەوشیروان مستەفا ئەمین، ل333.
22-سوبحان وێردی خان، لە سەردەمی (4) ساڵ دەسەڵاتی خانە محەمەد پاشا لە سنە، كراوە بە فەرمانڕەوای (ئیسفەند ئاباد، گەڕووس و خەمسە) و نازناوی (پاشا)ی پێ دراوە، دواتریش یەكێك بووە لە (20) میرە كوردەكەی كە لە ژێر فەرماندەیی خانە محەمەد پاشادا بوون لە شەڕی عوسمانی و ئەفغانییەكان دا، دواتریش لە نێوان ساڵانی (1730-1748ز) بووە بە والی میرنشینی ئەردەڵان. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە؛ بەدەم رێگاوە گوڵچنین، مێژووی سیاسی، میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی رۆم و عەجەم دا: نەوشیروان مستەفا ئەمین، ل334.
23-مێژووی ئەردەڵان: مەستوورەی كوردستانی، و: مامۆستا هەژار، چاپی دووەم، دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراس، هەولێر2005، ل103.
24-تاریخی سلێمانی وە وڵاتی: محەمەد ئەمین زەكی بەگ، ئامادەكردنی: رەفیق ساڵح، بەرگی سێیەم، چاپی دووەم، بنكەی ژین، چاپخانەی شڤان، سلێمانی2006، ل46.
25-مێژووی ئەردەڵان: مەستوورەی كوردستانی، و: مامۆستا هەژار، ل103.
26-بەدەم رێگاوە گوڵچنین، مێژووی سیاسی، میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی رۆم و عەجەم دا: نەوشیروان مستەفا ئەمین، ل334.
27-هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل62.
28-فەرمانڕەوایی مەملوكەكان لە عێراق دا (1750-1831ز): موسا كازم نورس، و: عوسمان عەزیز عەللاف، ناوەندی توێژینەوەی جەمیل رۆژبەیانی، چاپخانەی تاران2017، ل20.
29-بەدەم رێگاوە گوڵچنین، مێژووی سیاسی، میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی رۆم و عەجەم دا: نەوشیروان مستەفا ئەمین، ل62.
30-سەفەرنامەی نیپوور لە سەدەی هەژدەدا: و: ئەردەڵان عەبدوڵڵا، چاپی یەكەم، خانەی موكریانی بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە، چاپخانەی موكریانی، هەولێر2013، ل71.
31-بەدەم رێگاوە گوڵچنین، مێژووی سیاسی، میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی رۆم و عەجەم دا: نەوشیروان مستەفا ئەمین، ل62.
32-فەرمانڕەوایی مەملوكەكان لە عێراق دا (1750-1831ز): موسا كازم نورس، و: عوسمان عەزیز عەللاف، ل163.
33-بەدەم رێگاوە گوڵچنین، مێژووی سیاسی، میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی رۆم و عەجەم دا: نەوشیروان مستەفا ئەمین، ل62.
34-لەو كاتەوە فەرمانڕەواكانی میرنشینی بابان بە پاشا ناوبراون، (نووسەر).
35-مێژووی میرایەتی بابان: حسێن نازم بەگ، و: حسێن حەسەن كەریم و سدیق ساڵح، ل61.
Check Also
گوتیەکان : Gutians
لە کوردستانی کۆندا دوای ئەوەی خەڵکی گوندەکانی چەرمو و بێستانسور ژمارەی دانیشتوانیان زیادی کرد، خەڵک …