كۆتاییهێنان به سه‌ده‌یه‌ك له ملكه‌چى: میراتى سایكس – پیكۆ بۆ كورده‌كان
ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی میلله‌ت
نوسینی/ ئه‌ندرۆ جهى تابله‌ر
سه‌رچاوه: په‌یمانگه‌ی واشنتۆن
زۆرجار كورده‌كان، ئه‌وانه‌ى له‌نێوان توركیا و ئێران و سوریا و عێراق له‌سه‌ر خاكێكى سنوور به‌زێن بڵاوبوونه‌ته‌وه و نزیكه‌ى 35 ملیۆن كه‌س ده‌بن، به گه‌وره‌ترین گروپى ئیتنى له جیهان ناوزه‌ند ده‌كرێن، كه ده‌وڵه‌تێكى تایبه‌ت به‌خۆیان نییه، له‌ڕاستیشدا، ره‌نگه ئه‌و شه‌ره‌فه گوماناویه به دانیشتووانى تامیل له هیندستان و سریلانكا و دانیشتووانى پارێزگا جیاوازه‌كانى پاكستان‌دا ببڕێت، كه‌واته بۆچى كورده‌كان وه‌ها هه‌ژمار ده‌كرێن؟ بێگومان بهرزخوازییهكانى كورد بۆ سڕینه‌وه‌ى یاخود لانى كه‌م كاڵكردنه‌وه‌ى ئه‌و هێڵانه‌ى رێككه‌وتننامه‌ى سایكس – پیكۆ كێشاونى و مێژووه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، له گرنگترین پرسه ئیتنییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى ئێستایه.
كورد‌و سه‌قامگیری له ناوچه‌كه
به له‌به‌رچاوگرتنى رێژه‌ى به‌رچاوى كورده‌كانیش، زۆربه‌ى جار به‌توندى ده‌ست به زمان و فه‌رهه‌نگ و شوناسى ئیتنى و مێژووى تایبه‌ت به‌خۆیانه‌وه ده‌گرن، زۆرێكیشیان دڵنیان له‌وه‌ى له‌و سه‌ربه‌خۆییه بێ به‌ش كراون كه به‌جۆرێك له جۆره‌كان هێزه خۆرئاواییه براوه‌كانى جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهانى پێش سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر به‌ڵێنیان پێدان. له‌مڕۆشدا ئه‌و گۆماوهى كه تێى كه‌وتوون له‌ناوجه‌رگه‌ى یه‌كێك له خراپترین و توندترین كێشمهكێشهكانى ناوچه‌كه‌دایه، به‌وپێیه‌ى دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆى، به یه‌كێك له ره‌گه‌زه بنچینه‌ییه‌كانى هه‌ر پلانێكى درێژخایه‌ن بۆ بهقهراركردنى ئاشتى و چه‌سپاندنى سه‌قامگیرى ته‌واوه‌تیى له باكوورى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى گه‌وره هه‌ژمار ده‌كرێت.
له‌ڕووى كردارییشهوه، به‌ڵێنى سه‌ربه‌خۆیى به كورده‌كان به‌شێك نه‌بوو له رێككه‌وتننامه‌ى نهێنیى سایكس – پیكۆ، ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ى خاكى زۆرینه كوردنشینهكانى له‌نێوان به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا دابه‌شكرد به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ سه‌ربه‌خۆییه‌كیان پێشكه‌ش بكرێت، بگره له‌برى ئه‌وه، له‌چوارچێوه‌ى هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆكى ئه‌مریكا “ودرۆ وێڵسن” بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافى چاره‌ى خۆنووسین له كۆنگره‌ى ئاشتى ڤێرساى و په‌یماننامه‌ى سیڤهرى ساڵى 1920دا، كورده‌كان نیمچه به‌ڵێنێكیان پێدرا تا ببنه نه‌ته‌وه‌یه‌كى خاوه‌ن سه‌روه‌رى، به‌ڵام له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكى كه‌مدا، ئه‌و به‌ڵێنه به‌ده‌ستى ئه‌نقه‌ست په‌رده‌پۆش كرا.
سه‌ره‌تا كورده‌كان دژى حكومه‌ته نوێیه‌كه‌ى موسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك هه‌ڵسان، لهئاكامى ئه‌وه‌شدا به‌شێكى گه‌وره‌ى خاكه‌كه‌یان و نزیكه‌ى نیوه‌ى تێكڕاى خه‌ڵكه‌كه‌یان له‌ده‌ستدا و هه‌رزووش شكستیان هێنا، له‌و سه‌روبه‌نده‌شدا، به‌ریتانییه‌كان ویلایه‌تى پێشترى موسل و ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى و به‌شێكى زۆرى دانیشتووانى كوردیان له‌چوارچێوه‌ى ئینتیدابى عێراقدا خسته ژێر ده‌سه‌ڵاتى خۆیانه‌وه، فه‌ره‌نسییه‌كانیش، به‌پێى رێككه‌وتننامه‌ى سایكس – پیكۆ سوریایان – به‌شى باشوورى كوردستانى گه‌وره – خسته ژێر ئینتیدابى خۆیانه‌وه، جگه له‌وه‌ى حكومه‌ته نوێیه‌كه‌ى ره‌زا شا و سوپاكه‌ى پارێزگاكانى باكوورى خۆرئاواى ئێرانى زۆرینه كوردیان خسته ژێر ده‌سه‌ڵاتى تاكڕهوانهى تارانه‌وه.
له‌و ماوه‌یه‌شدا كه په‌یماننامه‌ى لۆزانى له ساڵى 1923 تێدا به‌سترا، تاڕاده‌یه‌ك سنووره نیشتمانییه نوێیه‌كانى ئه‌و ناوچانه‌ى چه‌سپاند، به‌ته‌واوه‌تى باس و خواسى كورده‌كان له ئارادا نه‌ما، سه‌ربارى ئه‌وه‌شى له‌وكاته‌وه – به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاویش له چه‌ند ساڵى رابردوودا – زۆرێك له كورده‌كان ئه‌و خه‌ونه‌یان به‌زیندوویى لاى خۆیان هێشته‌وه، به‌ڵام بزووتنهوهكانیان شێوازى جۆراوجۆریان وه‌رگرت و له كات و شوێنى جیاوازدا سه‌ریانهه‌ڵدا.
هه‌روه‌ك ئاشكراشه هه‌میشه كورده‌كان ناكۆك بوو، نه‌ك ته‌نها له‌نێو هه‌موو سنووره نێوده‌وڵه‌تییه نوێیه‌كاندا، به‌ڵكو له‌ناوخۆى هه‌ر پارچهیهكیشیاندا. خێل و گروپ و كه‌سایه‌تى و شێوه‌زار و ئایدۆلۆژیا و هاوپه‌یمانێتییه هه‌رێمییه ركابه‌ره‌كان و دووبهرهكییهكانى دیكه باجێكى قورسى پێداون، جگه له‌وه‌ى زۆرێك له كورده‌كان لایه‌نگرى حكومه‌ته ناوهندییهكانى ئه‌و وڵاتانه بوون كه تیایدا ده‌ژین، له‌كاتێكدا ئه‌وانى دیكه له‌پێناو مافى چاره‌ى خۆنووسیندا تێده‌كۆشان.
له ئێران، پاش جه‌نگى دووه‌مى جیهانى، هه‌ندێك له كورده‌كان بۆ ماوه‌یه‌كى كورت له‌پێناو “كۆمارى مه‌هاباد”دا ده‌ستیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى سۆڤێت تێكه‌ڵكرد، به‌ڵام هه‌رزوو تاران به پاڵپشتیى به‌هێزى به‌ریتانیا و ئه‌مریكا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ى پوكانده‌وه. له توركیاش، پاش تێپه‌ڕبوونى زیاتر له نیو سه‌ده به‌سه‌ر لكاندنى زۆره‌ملێ و ئارامیى رێژه‌ییدا، هه‌ندێك له كورده‌كان له ساڵى 1984 دژى ئه‌نقه‌ره له باشوورى خۆرهه‌ڵاتى توركیا و له‌ژێر ئاڵاى پارتى كرێكارانى كوردستاندا شه‌ڕیان به‌رپا كرد، ئه‌و راپه‌ڕینه بێ ئاكامه‌ش به‌شێوه‌ى پچڕ پچڕ و ناڕێكخراو تا ئه‌مڕۆ به‌رده‌وامه.
كورده‌كان له عیراق
هه‌رچى له عێراقیشه، حكومه‌ته‌كه‌ى عه‌بدولكه‌ریم قاسم له ساڵى 1961دا و له‌پاش شكستهێنانى گفتوگۆكانى تایبه‌ت به جێبه‌جێكردنى هه‌ندێك له داواكارییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى كورد، هه‌ڵمه‌تێكى سه‌ربازیى بۆسه‌ر پێگه‌كانى موسته‌فا بارزانى له باكوورى وڵات ئه‌نجامدا، حكومه‌ته‌كانى عه‌بدولسه‌لام عارف و عه‌بدولڕه‌حمان عارف و ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر – یش سه‌بارى واژووكردنى دوو رێككه‌وتننامه له ساڵانى 1964 و 1970 له‌نێوان كورد و حكومه‌تى ناوه‌ندیى به‌غدا سه‌باره‌ت به پێدانى هه‌ندێك مافى فه‌رهه‌نگى و مافى دیكه به كورده‌كان و به‌شداریپێكردنیان له ده‌سه‌ڵاتدا، به‌ڵام ئه‌وانیش هه‌مان رێبازیان پهیڕهوكردهوه. بۆیه كورده‌كان له سه‌ره‌تاى ساڵانى حه‌فتاكان و جارێكى دیكه‌ش له‌دواى جه‌نگى كه‌نداوى ساڵى 1991 و پاش ئه‌و هه‌ڵمه‌تى ئهنفالهى سه‌دام حسێن له ساڵى 1988 به‌رامبه‌ر كورد به‌رپاى كرد، دژى حكومه‌تى ناوه‌ندیى وه‌ستانه‌وه، به‌ڵام به‌رخۆدانه‌كه‌یان به‌هۆى دووبه‌ره‌كى نێوان هه‌ردوو ركابه‌رى سه‌ره‌كیى “پارتى دیمو‌كراتى كوردستان” و “یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان” دووچارى مه‌ترسیى بووه، كه له ساڵى 1996دا به‌هۆى شه‌ڕى براكوژییه‌وه ناكۆكیى نێوانیان گه‌یشته لوتكه. به‌ڵام له‌گه‌لأ ئه‌وه‌شدا له‌ژێر سایه‌ى چه‌ترى ئه‌مریكادا، كورده‌كانى عێراق بوونه خاوه‌نى هه‌رێمێكى نیمچه سه‌ربه‌خۆ، كه ئه‌وه ماوه‌ى چاره‌كه سه‌ده‌یه‌كه سه‌بارى چه‌ندین ئاڵنگاریى ئه‌منى و ئابووریى ناوخۆیى و ده‌ره‌كى به‌رده‌وامیى هه‌یه.
هه‌رێمى كوردستان كه خاوه‌نى ئیداره‌یه‌كى خۆسه‌رییه و ژماره‌ى دانیشتووانه‌كه‌ى جگه له نزیكه‌ى دوو ملیۆن په‌نابه‌رى عه‌ره‌ب و ئاواره‌ى ناوخۆیى، نزیكه‌ى پێنج ملیۆن كه‌سن، شانازى به حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تى و په‌رله‌مان و سوپاكه‌یانه‌وه (پێشمه‌رگه) ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئابوورییه‌كه‌یان كه له‌سه‌ر نه‌وت بونیاد نراوه، له‌ئێستادا رووبه‌ڕووى ئاسته‌نگ بووه‌ته‌وه و هێشتا هه‌ر پشت به بۆرییه‌كانى نه‌وت و پاڵپشتییه‌كانى دیكه‌ى توركیا یاخود عێراق یان ئه‌و دوو دراوسێیهى پێكه‌وه ده‌به‌ستێت، ئه‌وه‌شى جێگاى سه‌رنجه، ئه‌وه‌یه كه پاش دوو ده‌یه له په‌یوه‌ندیى گرژ و هه‌ندێكجار دوژمنانه‌ى نێوانیان، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و توركیا ماوه‌ى پێنج سالأ ده‌بێت له بواره‌كانى سیاسیى و سه‌ربازى و ئابووریدا له هاوڕێ نزیكترن.
له سوریاش، كه كه‌مترین رێژه‌ى كوردى لێیه و تا ماوه‌یه‌كى كه‌م له‌مه‌وبه‌ریش نزیكه‌ى سێ ملیۆنیان له باكوورى ئه‌و وڵاته و به‌درێژایى سنوورى توركیا تاڕاده‌یه‌ك به ئارارمى ده‌ژیان، به‌ڵام له ساڵانى 2004 و 2005دا هه‌ڵمه‌تێكى ناڕه‌زایه‌تى و یاخیبوونیان به‌رپاكرد، كه دواتر له‌لایه‌ن به‌شار ئه‌سه‌ده‌وه رووبه‌ڕووى پرۆسه‌یه‌كى سهركوتكاریى توند بوونه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پاش ماوه‌یه‌كى كورت له ده‌ستپێكردنى راپه‌ڕینى سوریا له ساڵى 2011دا، هێزه‌كانى ئه‌سه‌د تاڕاده‌یه‌كى زۆر له ناوچه كوردنشینه‌كان كشانه‌وه و كورده‌كانیان له‌گه‌ڵ جۆرێك له خۆ – به‌ڕێوه‌بردندا به‌جێهێشت كه تاوه‌كو ئێستا به‌رده‌وامه.
جێگاى سه‌رسوڕمانیشه، كه له ناوه‌ڕاستى ساڵى 2014ه‌وه، كورده‌كانى سوریا و عێراق به‌شێوه‌یه‌كى گشتى سوود له سه‌رهه‌ڵدانى دوژمنێكى هاوبه‌ش وه‌رده‌گرن، كه ئه‌ویش رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى – داعشه، به‌وپێیه‌ى له مانگى ئاب/2014دا خه‌ریكبوو داعش شارى هه‌ولێرى پایته‌ختى هه‌رێمى كوردستان داگیر بكات، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌كانى پێشمه‌رگه و بهپاڵپشتیى ئه‌مریكا و ئێران به‌رى پێ گیرا، له‌وكاته‌شه‌وه ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌تانى دیكه‌ى هاوپه‌یمانیى دژ به داعش به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ هاریكاریى سه‌ربازیى كورد ده‌كه‌ن له عێراق، جا به رێگاى ئاسمانى بێت یاخود زه‌مینى، جگه له‌وه‌ى ئه‌مریكا كه‌مێك له پێداگریكردن له‌سه‌ر ملكهچبوونى ئابووریى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌غدا پاشه‌كشه‌ى كردووه. هه‌رچى له سوریاشه، ئه‌مریكا پاڵپشتیى راسته‌وخۆى سه‌ربازیى پێشكه‌ش به‌و دوو پارته كوردییه ناوخۆییه سه‌ره‌كییه ده‌كات كه دژى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى ده‌جه‌نگن، كه ئه‌وانیش پارتى یه‌كێتیى دیمو‌كراتى و یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل – ن، له‌ئه‌نجامى ئه‌وانه‌شدا، جا به‌ده‌ستى ئه‌نقه‌ست بێت یاخود نا، ئۆتۆنۆمى كورده‌كان له‌و دوو وڵاته به‌هێزتر بووه.
سه‌ربه‌خۆیی رێگا سه‌خته‌كه
به‌ڵام هه‌ر سه‌ربه‌خۆیى لێ نه‌كه‌وته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌مریكا و زۆربه‌ى ده‌وڵه‌تانى دیكه، به‌تایبه‌ت توركیا و ئێران و هه‌ردوو حكومه‌تى ناوه‌ندیى لاوازى به‌غدا و دیمه‌شق، هێشتا به‌توندى دژى ئه‌و بابه‌ته‌ن، بۆیه كاتێك كه مه‌سعود بارزانى باس له ئه‌نجامدانى راپرسى ده‌كات بۆ سه‌ربه‌خۆیى، زۆربه‌ى چاودێران قسه‌كانى پشتگوێ ده‌خه‌ن و به چه‌واشه‌كاریى یاخود كارتێكى دانووستانى ژیرانه بۆ پاراستنى پێگه‌ى ناوخۆیى خۆى وه‌سفى ده‌كه‌ن تا به‌هۆیه‌وه باشترین رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ دراوسێكانى یاخود دانووستانكارهكانى دیكه بپچڕێت.
به‌هه‌مان شێوه، كاتێك پارتى یه‌كێتیى دیمو‌كراتى پلانێكى فه‌رمیى بۆ دامه‌زراندنى هه‌رێمێكى فیدراڵى كوردى خاوه‌ن ئۆتۆنۆمى له سوریا خسته‌ڕوو، سه‌ركه‌وتوو بوو له‌وه‌ى سه‌رجه‌م دراوسێ نه‌یاره‌كانى یه‌كبخات، بگره له‌وه زیاتر، هه‌ریه‌ك له رژێمى ئه‌سه‌د و ئۆپۆزسیۆنى سوریا و توركیا و ئه‌مریكا و ته‌نانه‌ت حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى ركابهریشى یه‌كبخات كه له‌وبه‌رى روبارى فوڕاتهوهیه له عێراق. به‌جۆرێك روسیا تاكه ده‌وڵه‌ت بوو كه رایگه‌یاند ئه‌و چاره‌سه‌ره چاره‌سه‌رێكى لۆژیكییه بۆ كۆتاییهێنان به جه‌نگى سوریا، هاوكات سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ئه‌نقه‌ره پارتى یه‌كێتیى دیمو‌كراتى به به‌شێك له پارتى كرێكارانى كوردستان هه‌ژمار ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و پارته و توركیا خۆیان له پێكدادانى راسته‌وخۆ له‌سه‌ر سنوورى هاوبه‌شى نێوانیان به‌دوورگرتووه. بۆیه دواجار دامه‌زراندنى هه‌رێمێكى فیدراڵى كورده‌كان سوریا ده‌كاته خاوه‌نى ئۆتۆنۆمییهكى كرداریى به‌ڵام به‌پێى یاسا نا.
له‌ناوخۆى توركیاش، له‌ئێستادا حكومه‌تى ناوه‌ندیى و پارتى كرێكارانى كوردستان به‌شێوه‌یه‌كى كاره‌ساتبار كۆڵیان له‌و پرۆسه‌ی ئاشتییه هێناوه كه له‌نێوان ساڵانى 2013 – 2015 په‌یڕه‌و ده‌كرا و له به‌رامبه‌ردا په‌نایان بردووه‌ته به‌ر جه‌نگێكى راسته‌وخۆى تاڕاده‌یه‌ك هێواش. هه‌رچه‌ند كاتێكیش پارتى كرێكارانى كوردستان داواى ئۆتۆنۆمى بۆ كورده‌كان ده‌كرد، پارتى داد و گه‌شه‌پێدانى ده‌سه‌ڵاتدار له ئه‌نقه‌ره ده‌ستیكرد به تاووتوێكردنى ئه‌گه‌رى پێدانى ئازادى زیاترى فه‌رهه‌نگى و سیاسیى به كورد و بگره پێش نزیكه‌ى یه‌ك سالأ له‌مه‌وبه‌ر كه‌لێنى نێوان هه‌ردوو پارته‌كه به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه چوو، به‌ڵام له‌ئێستادا پێده‌چێت ئه‌و كه‌لێنه ئێجگار گه‌وره بێت. له‌گه‌لأ ئه‌وه‌شدا ره‌نگه رۆژێك له رۆژان هه‌وڵ بۆ پڕكردنه‌وه‌ى بدرێت، گه‌ر له‌گه‌ڵ پارتى كرێكارانى كوردستانیش نه‌بێت، ئه‌وا له‌گه‌ڵ پارته كوردییه ره‌سه‌نه‌كانى دیكه‌ى وه‌ك پارتى دیمو‌كراتى گه‌لان، كه له‌و حاڵه‌ته‌شدا ئه‌گه‌رى زۆره وته‌ى “به‌ده‌ر له چاره‌سه‌رى سه‌ربازى” جێبه‌جێ بكرێت.
ئه‌و دهوڵهتهشى كه له‌نێو ئه‌م لیسته‌دا به‌رده‌وامه له زه‌وتكردنى مافه‌كانى كورد، ئێرانه. بهوپێیهشى كۆمارى ئیسلامى رۆژێك له رۆژان به‌شداریى رێككه‌وتننامه‌ى سایكس – پیكۆى نه‌كردووه، ناكرێت له‌سه‌ر گوزه‌رانى قورسى كورده‌كانى ئێران كه له‌نێوان حه‌وت بۆ ده ملیۆن كه‌سدا ده‌بن لۆمه‌ى ئه‌و میراته ئیمپریالییه بكه‌ین. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌شى له سیاسه‌تى نیشتمانیى ئێرانی‌دا به‌شدارن، به‌ڵام كورده‌كان به‌شێوه‌یه‌كى كرداریى له‌ناوخۆدا له مافى چاره‌ى خۆنووسین و ته‌نانه‌ت له ناسنامه‌ش بێبه‌شن، به‌وپێیه‌ى زۆربه‌ى كات تاران ئه‌و كه‌سانه ده‌كاته ده‌سه‌ڵاتدار كه كورد نین و زۆر به كه‌مى رێگایان پێده‌ده‌ن زمانى خۆیان به‌كاربهێنن و ته‌نها له ساڵى رابردوودا مۆڵه‌ت به كردنه‌وه‌ى یه‌كه‌م په‌یمانگاى خوێندنى باڵا به زمانى كوردى درا، جگه له‌وه‌ى هه‌ر ناڕه‌زایه‌تى ده‌ربڕینێكى ئاشكرا به توندى سه‌ركوت ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ى ساڵى رابردوو له مهاباد روویدا. جێگاى باسیشه له‌سێداره‌دانى كورده‌كان و ئه‌وانه‌ى به بێ باوه‌ڕ له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێن به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو له سه‌رده‌مى حه‌سه‌ن رۆحانیدا زیادى كردووه، به‌جۆرێك كه ده هێنده‌ى تێكڕاى ئه‌و كه‌سانه‌یه كه له سعودیه و كه‌نداو له‌سێداره ده‌درێن، وه‌ك هه‌میشه‌ش، ئێران ده‌ست له به‌كارهێنانى كارتى تایهفچێتى ناپارێزێت، بۆ نمونه: زۆرێك له هاووڵاتیانى په‌سه‌ندكراوى حكومه‌تى ئێرانى له‌و كه‌مینه كورده شیعى مه‌زهه‌به‌ن كه له سنه ده‌ژین، بۆیه هه‌ندێك له كورده‌كانى نه‌یارى رژێم، له هه‌ردوو مه‌زهه‌به‌كه، به‌گاڵته‌پێكردنه‌وه نازناوى (جاش) له‌و كوردانه ده‌نێن كه ده‌ستیان له‌گه‌ڵ رژێم تێكه‌ڵه، هه‌روه‌ك چۆن كاتى خۆى ئه‌و نازناوه‌یان له‌و كوردانه ده‌نا كه لایه‌نگرى رژێمى سه‌دام حسێن بوون له عێراق.
چاره‌نوس دوای سه‌د ساڵ
به‌كورتى، گه‌ر به‌گوێره‌ى رێككه‌وتننامه‌ى سایكس – پیكۆ بێت چاره‌نووسى كورده‌كان به كوێ ده‌گات؟ لێره‌دا به‌پشت به‌ستن به شیكارییه‌كه‌ى پێشوو ده‌كرێت ئاماژه به چه‌ندین خاڵى یه‌ك له‌دوا یه‌ك بكه‌ین: یه‌كه‌م، تائێستا سنووره كۆنه‌كان هه‌ر ماون، جگه له‌وه‌ى زۆر به ساده‌یى هیچ پڕۆژیه‌كى كوردیى نییه، نه‌ك ته‌نها له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ى كه په‌یوه‌ستن به سه‌روه‌ریى ده‌وڵه‌ته‌وه، به‌ڵكو به‌هۆى دووبه‌ره‌كییه ناوخۆییه‌كانى خودى كوردیشه‌وه، دووه‌م، بۆیه سه‌ربه‌خۆیى یهكجاریى یاخود ته‌نانه‌ت جیابوونه‌وه‌ى به‌شێكى كوردستانیش له عێراق یاخود سوریا، ره‌نگه له ئاسۆیه‌كى نزیكدا نه‌بێت، سێیه‌م، به‌ڵام تاڕاده‌یه‌كى زۆر ئۆتۆنۆمى یاخود جۆرێك له فیدراڵى به بژارده‌یه‌كى لۆژیكى و بونیادنه‌رانه داده‌نرێت، نه‌ك ته‌نها له عێراق بگره له سوریا و دواجار له توركیاش، چواره‌م، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته په‌یوه‌ندییه پتهوهكانى ئه‌م دواییانه‌ى ئه‌نقه‌ره و هه‌ولێر ده‌ریده‌خه‌ن كه نابێت “ناكۆكییه ئیتنییه كۆنه‌كان” ببنه كۆسپ له‌به‌رده‌م ده‌ستكه‌وته سیاسییه خێراكاندا، رۆژێكیش دێت، جا بڕوا ده‌كه‌ن یان نا، توركیا هه‌رێمێكى كوردى خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریى به‌درێژایى سنووره‌كانى له‌گه‌ڵ سوریا به‌خۆیه‌وه ببینێت كه هاوشێوه‌ى هه‌رێمى كوردستانى عێراق خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى بكات.
سه‌باره‌ت به سیاسه‌ته‌كانى ئه‌مریكاش له ناوچه‌كه، شوێنه‌واره‌كانى ته‌واو روونن، بۆیه واشنتۆن ده‌توانێت به‌شێوه‌یه‌كى به‌رهه‌مدار به‌ده‌ر له سه‌ربه‌خۆیى كورده‌كان یاخود به‌رزخوازییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان، پاڵپشتى ئۆتۆنۆمى كورده‌كان له سێ ده‌وڵه‌تیان بكات، واتا له عێراق و سوریا و پاش ماوه‌یه‌كى دوور و به ره‌زامه‌ندى ئه‌نقه‌ره‌ش له توركیا، كه ده‌كرێت ئه‌وكات ناوى لێ بنرێت رێككه‌وتننامه‌یه‌كى “سایكس – پیكۆى بچووككراو”. سه‌باره‌ت به ده‌وڵه‌تى چواره‌میش (ئێران)، رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه و چه‌ندین راستیى دیكه‌ش به‌داخه‌وه وا له پرسى كورد له كۆمارى ئیسلامى ده‌كات ببێته كێشه‌یه‌كى بێ چاره‌سه‌ر به‌لاى ئه‌مریكا یاخود هه‌ر لایه‌نێكى دیكه‌ى په‌یوه‌ندیداره‌وه.
وه‌رگێڕى میلله‌ت: ابراهیم احمد حسین