Home / مێژووى جیهان / شارستانیەت / سه‌نگافوره‌؛ سه‌ربه‌خۆییه‌كى چاوه‌ڕواننه‌كراو

سه‌نگافوره‌؛ سه‌ربه‌خۆییه‌كى چاوه‌ڕواننه‌كراو

19282017_jjjjj_740x440

سه‌نگافوره‌؛ سه‌ربه‌خۆییه‌كى چاوه‌ڕواننه‌كراو

نوسینی: لى كوان یو
سه‌رچاوه‌: یاداشته‌كانی لی كوان یو*
وه‌گێڕانی: بارام سوبحی

سه‌ره‌تا
سه‌رله‌به‌یانى رۆژى دوشه‌ممه‌ له‌ سه‌نگافوره‌، وه‌كو سپێده‌ى هه‌ر رۆژێكى تر وابوو، تا له‌ كاژێر ده‌ى سه‌رله‌به‌یانى كتوپڕ مۆزیكى پۆپه‌كه‌ له‌ ئێزگه‌كه‌وه‌ وه‌ستا، گوێگران له‌ بیستنى ده‌نگى بێژه‌ره‌كه‌ واقیان وڕما كه‌ به‌ ده‌نگێكى هێمن راگه‌یه‌نراوێكى نه‌وه‌د وشه‌یى خوێنده‌وه‌و بووه‌ هۆى گۆڕینى ژیانى خه‌ڵكى له‌ سه‌نگافوره‌و مالیزیا:
مافێكى بێ چه‌ندو چونى هه‌ر گه‌لێكه‌ كه‌ ئازادو سه‌ربه‌خۆ بێت. لێره‌وه‌ من لى كوان یو سه‌رۆك وه‌زیرانى سه‌نگافور به‌ناوى گه‌ل‌و حكومه‌تى سه‌نگافوره‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نم له‌ ئه‌مڕۆوه‌ (9/ئاب/1965) سه‌نگافور ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆو دیموكرات‌و خاوه‌ن سه‌روه‌رییه‌، له‌سه‌ر دینگه‌ى ئازادى‌و دادپه‌وه‌رى بنیاد ده‌نرێت، به‌رده‌وامیش بۆ خێرو خۆشى گه‌له‌كه‌مان له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كى پڕ له‌ دادپه‌روه‌رى‌و یه‌كسانیدا هه‌وڵده‌ده‌ین”.
له‌ دورى (250) میل له‌ باكورى نیوه‌ دورگه‌ى مالیزیا، تۆنگۆ عه‌بدولره‌حمان راگه‌یه‌نراوه‌ تایبه‌ته‌كه‌ى خۆى خوێنده‌وه‌و رایگه‌یاند:
سه‌نگافور ده‌وڵه‌تى مالیزیا نییه‌، به‌ڵكو بۆ هه‌میشه‌ ده‌بێته‌ ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆو خاوه‌ن سه‌روه‌ریى، ئه‌وان نه‌ته‌وه‌یه‌كى جودان له‌ مالیزیاى سه‌ربه‌خۆ. حكومه‌تى مالیزیا دان به‌ حكومه‌تى سه‌نگافوره‌دا ده‌نێت كه‌ حكومه‌تێكى سه‌ربه‌خۆو خاوه‌ن سه‌روه‌رییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ به‌رده‌وام دۆستانه‌و هه‌ماهه‌نگانه‌ له‌گه‌ڵیاندا كارده‌كه‌ین”.
جیابونه‌وه‌! ئه‌وه‌ى له‌پێناویدا تێده‌كۆشام له‌ئێستاوه‌ ده‌ستى به‌ پوكانه‌وه‌ كرد، بۆچى؟ بۆچى به‌م شێوه‌ كتوپڕه‌؟ ته‌نها دو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دورگه‌ى سه‌نگافوره‌ بووه‌ به‌شێك له‌ “مالیزیاى فیدراڵیى” نوێ (ئه‌م فیدراڵیه‌ ناوچه‌كانى باكورى له‌ خاكى بۆرنیۆو ساراواك‌و سه‌باح)یش له‌خۆده‌گرت.
كاژێر ده‌ى ئێواره‌ى هه‌مان رۆژ، له‌ كوالاله‌مپورى پایته‌ختى مالیزیا تۆنگۆ له‌به‌رده‌م پارله‌ماندا ئه‌مه‌ى رونكرده‌وه‌:
له‌كۆتاییدا دركمان به‌وه‌كرد ته‌نها دو رێگه‌ى كراوه‌ له‌به‌رده‌مماندا هه‌ن: گرتنه‌به‌رى رێكارى سه‌ركوتكارانه‌ له‌دژى حكومه‌تى سه‌نگافوره‌ یان سه‌ركرده‌كانى به‌هۆى مامه‌ڵه‌ى هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌كانى، له‌گه‌ڵ ئه‌و رێگه‌یه‌ى كه‌ ئێستا گرتومانه‌ته‌به‌ر، واته‌ جیابونه‌وه‌ى حكومه‌تى سه‌نگافوره‌و ده‌ستبه‌رداربونیان له‌ پشتگیریكردنى حكومه‌تى ناوه‌ندى”.
ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ به‌ بێده‌نگییه‌كى ته‌واوه‌ گوێیان بۆ رادێرابو، تۆنگۆ بۆ یه‌كه‌مجار بڕیارێكى خوێنده‌وه‌ كه‌ جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران تۆن عه‌بدولره‌زاق پێشكه‌شى كردبو بۆ ده‌ستبه‌جێ په‌ژراندنى پڕۆژه‌ ده‌ستورى مالیزیا “هه‌موارى سه‌نگافوره‌” له‌ ساڵى (1965)دا. كاژێر یه‌ك‌و نیوى پاش نیوه‌ڕۆ گفتوگۆكردن‌و خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م‌و دوه‌م‌و سێیه‌م كۆتایهات‌و پڕۆژه‌ قانونه‌كه‌ ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى پیران كرا. له‌ كاژێر دو نیوى پاش نیوه‌ڕۆ ئه‌نجومه‌نى پیران ده‌ستیكرد به‌ خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م، له‌ كاژێر چوارو نیو خوێندنه‌وه‌ى سێیه‌م كۆتایهات. سه‌رۆكى ده‌وڵه‌ت یانگ دى بیرتوان ئاگۆنگ له‌ هه‌مان رۆژدا مه‌رسومى كۆمارى بۆ په‌سه‌ندكردنى پڕۆژه‌كه‌ ده‌ركرد، به‌م شێوه‌یه‌ پرۆتۆكۆلى ده‌ستورى كۆتایهات‌و سه‌نگافوره‌ جیابویه‌وه‌.
به‌گوێره‌ى نه‌ریتى ئیسلامییانه‌ى مالایۆ، پیاو نه‌وه‌كو ژن ده‌توانێت ته‌ڵاق رابگه‌یه‌نێت‌و به‌وه‌ش ژنه‌كه‌ ته‌ڵاق ده‌درێت. هه‌ردو هاوسه‌ره‌كه‌ش ده‌توانن بسازێن، پیاوه‌كه‌ش ژنێكى دیكه‌ بكاته‌ هاوسه‌رى خۆى، ئه‌مه‌ش ته‌نها دواى سێیه‌م ته‌ڵاقى ده‌بێت. بۆیه‌ سێ خوێندنه‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى پارله‌مان هاوشێوه‌ى سێ ته‌ڵاقه‌یه‌ له‌نێوان مالیزیاو سه‌نگافوره‌دا.

جه‌وهه‌رى ته‌ڵاقه‌كه‌ نه‌وه‌كو كڵێشه‌ شه‌رعییه‌كه‌ى
هاوبه‌شه‌كان – مالاوییه‌كان له‌ مالیزیا، چینییه‌كان كه‌ زۆرینه‌ى دانیشتوانى سه‌نگافوره‌ پێكده‌هێنن- له‌سه‌ر سازان نه‌بون. یه‌كێتیه‌كه‌یان به‌ ناكۆكییه‌كى هاوسه‌رانه‌ تێكچوو، ناكۆكیه‌كه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه‌بو فیدراڵییه‌كه‌ پێویسته‌ ببێته‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى فره‌ ئیتنیكى راسته‌قینه‌ یان كۆمه‌ڵگایه‌ك ته‌نها مالاوییه‌كان به‌سه‌ریدا باڵاده‌ست بن؟.
ئه‌وه‌ى به‌لاى سه‌نگافوره‌وه‌ گرنگ بو جه‌وهه‌رى ته‌ڵاقه‌كه‌ بوو نه‌وه‌كو كڵێشه‌ شه‌رعییه‌كه‌ى. هه‌رده‌بو جیاببینه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌مویست له‌سه‌ر ئه‌و به‌ندوباوه‌ كردارى‌و بنجبڕانه‌ پێداگربم كه‌ ده‌توانرێت جێبه‌جێ بكرێن. له‌پێناوى دڵنیابونه‌وه‌ له‌سه‌ر جیابونه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كى كۆتایى، حكومه‌تى سه‌نگافوره‌ دو راگه‌یه‌نراوى له‌ رۆژنامه‌ حكومییه‌كه‌ى تایبه‌ت به‌ خۆى له‌و رۆژه‌دا بڵاوكرده‌وه‌. داوامان كرد –تۆنگۆش قایل بوو- راگه‌یه‌نراوى جیابونه‌وه‌كه‌ به‌ واژوى كه‌سى خۆى بێت به‌جۆرێك بوارى پاشگه‌زبونه‌وه‌ى تێدانه‌بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌كان یان ئه‌ندامانى پارله‌مانى مالیزیا له‌سه‌ر جیابونه‌وه‌كه‌ رازی نه‌بون.
رامان به‌ڕێوه‌به‌رى رادیۆو ته‌له‌فزیۆنى سه‌نگافوره‌ ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ى له‌ رازگرى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران وه‌رگرت. بڕیاریدا هه‌مو به‌ڵگه‌نامه‌كان به‌ زمانه‌كانى مالاوى، ماندرى، ئینگلیزى له‌ سێ كه‌ناڵى جیا بخوێنرێنه‌وه‌و هه‌مو نیو كاژێر جارێكیش دوباره‌ بكرێنه‌وه‌. له‌ماوه‌ى چه‌ند خوله‌كێكدا ئاژانسه‌كانى هه‌واڵ بروسكه‌ئاسا هه‌واڵه‌كه‌یان به‌ جیهان گه‌یاند.
رۆژى (9/ئاب)م به‌ زنجیره‌یه‌ك كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ دو یاریده‌ده‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌م ده‌ست پێكرد، چون ئه‌وان به‌پێى قانونى فیدراڵى كاریان ده‌كرد، تاوه‌كو پێیان رابگه‌یه‌نم كه‌ وه‌زیره‌ سه‌نگافورییه‌كان له‌ئێستاوه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌گرن.
كه‌مێك به‌ر له‌ كاژێر ده‌ كه‌ بڕیاربو راگه‌یه‌نراوى جیابونه‌وه‌كان په‌خش بكرێت، چاوم كه‌وت به‌ ئه‌ندامانى سلكى دیبلۆماسى له‌ سه‌نگافوره‌، به‌تایبه‌تى ئه‌و كه‌سانه‌یان كه‌ ده‌كرا به‌خێرایى كۆبكرێنه‌وه‌ تاوه‌كو جیابونه‌وه‌و سه‌ربه‌خۆیى سه‌نگافوره‌یان پێ رابگه‌یه‌نرێت، داوام لێكردن كاربه‌ده‌سته‌كانیان دان به‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ماندا بنێن.
دواى ته‌وابونى كۆبونه‌وه‌كه‌، دو نامه‌م دایه‌ ده‌ستى جێگرى سه‌رۆكى نێرده‌ى هیندى‌و كونسوڵى گشتى میسر تاوه‌كو بیگه‌یه‌نن به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى هیند شاسترى‌و سه‌رۆك عه‌بدولناسر، له‌وكاته‌دا میسرو هیندو ئیندۆنیزیا له‌ ده‌وڵه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كانى بزوتنه‌وه‌ى ئه‌فرۆ – ئاسیاویى بون. له‌ نامه‌كانمدا داواى پشتگیرى‌و دانپێدانانم لێكردبون. داوام له‌ هیند كردبو شاره‌زاكانى بنێرێت بۆ راهێنان به‌ سوپاكه‌مان، هه‌روه‌ها داوام له‌ میسر كردبو شاره‌زاكانى بنێرێت بۆ بنیادنانى هێزى به‌رگرى ده‌ریایى.

“كۆنترۆڵى خۆم له‌ده‌ستدا”
پێش نیوه‌ڕۆ بۆ ئه‌نجامدانى كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى گه‌یشتمه‌ ستۆدیۆى رادیۆو ته‌له‌فزیۆنه‌كانى سه‌نگافوره‌. به‌ ده‌ره‌نجامێكى بێ مه‌به‌ست‌و چاوه‌ڕوان نه‌كراو سه‌رسام بوم، دواى چه‌ند پرسیارێكى ده‌ستپێك‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى، یه‌كێك له‌ رۆژنامه‌نوسه‌كان پرسى: ده‌كرێ رێگوزه‌رى روداوه‌كانى ئه‌مڕۆمان بۆ پوخت بكه‌یته‌وه‌ كه‌ بوه‌ هۆى راگه‌یه‌نراوه‌كانى ئه‌م سه‌رله‌به‌یانییه‌؟ دواى ئه‌وه‌ى دیداره‌كانى ماوه‌ى دو رۆژى رابردوم له‌گه‌ڵ تۆنگۆ له‌ كوالاله‌مپور گێڕایه‌وه‌و وتم:
تۆنگۆ به‌ ساكارى رونیكرده‌وه‌ كه‌ هیچ رێگایه‌كى تر نییه‌، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر فیدراڵیه‌كه‌مان سوربین ئه‌وا تێكڕژان‌و بارگرژى زۆر روده‌دات. هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بڵێم: تۆ له‌م ساته‌دا ده‌یبینى، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌مو جارێك ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و چركه‌ساته‌، واته‌ بۆ ئه‌و كاته‌ى ئه‌و رێككه‌وتنه‌مان واژوكردو سه‌نگافوره‌ له‌ مالیزیا جیابویه‌وه‌ هه‌ستم به‌ ئازارێكى توند كرد، له‌به‌رئه‌وه‌ى من به‌درێژایى ژیانم بڕوام به‌ ئاوێته‌كردن‌و یه‌كێتى نێوان ئه‌م دو وڵاته‌ هه‌بوه‌. چونكه‌ گه‌لێكن جوگرافیاو ئابورى‌و رایه‌ڵى خزمایه‌تى‌و نه‌ژادى هاوبه‌شییان هه‌یه‌.. ئایا هیچ رێگرییه‌كت هه‌یه‌ تاوه‌كو بۆ ماوه‌یه‌كى كاتى بوه‌ستین؟
له‌و ساته‌دا سۆزه‌كانم به‌سه‌رمدا زاڵبون، نه‌متوانى به‌سه‌ر خۆمدا زاڵ بم‌و ده‌ست به‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌ بكه‌مه‌وه‌، ته‌نها پاش بیست خوله‌ك نه‌بێت.
په‌خشه‌كه‌ راسته‌وخۆ نه‌بو، په‌خشى ته‌له‌فزیۆن كاژێر شه‌شى ئێواره‌ ده‌ستى پێده‌كرد، بۆیه‌ داوام له‌ رامان كرد ئه‌و به‌شه‌ى تۆماره‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ كه‌ تیایدا كۆنترۆڵى خۆم له‌ده‌ستدابو (گریام) بسڕێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و ته‌واو پێچه‌وانه‌ى بۆچونه‌كه‌م ئامۆژگارى كردم. وه‌كو وتى میدیا پابه‌نده‌ به‌ راگه‌یاندنى ئه‌و دۆخه‌، ئه‌گه‌ر بێتو دیمه‌نه‌كه‌ بسڕدرێته‌وه‌ ئه‌وا له‌ باسكردنى ئه‌و دیمه‌نه‌دا كاره‌كان خراپتر ده‌بن.
رامان سكرتێرێكى تایبه‌ت بو، كه‌سێكى رۆشنبیرو به‌دیقه‌ت بو، كه‌سێكى به‌ وه‌فا بو بۆ خه‌ڵكى سه‌نگافوره‌، راوێژكارێكى وریاو زیره‌ك بو، بۆیه‌ ئامۆژگارییه‌كه‌یم په‌سه‌ندكرد. به‌و شێوه‌یه‌ زۆرێك له‌ خه‌ڵكى له‌ سه‌نگافورو وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ منیان بینى كاتێك كۆنترۆڵى هه‌سته‌كانم له‌ده‌ستداوه‌. له‌و شه‌وه‌دا رادیۆو ته‌له‌فزیۆنى مالیزیا له‌ كوالاله‌مپور كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌ى منیان به‌و دیمه‌نه‌شه‌وه‌ په‌خشكرد. له‌نێو چینیه‌كاندا كارێكى باو نه‌بو كه‌ پیاو كۆنترۆڵى خۆى له‌ده‌ستبدات، به‌ڵام من خۆم پێنه‌گیرا. زۆرێك له‌ بینه‌ران له‌ به‌ریتانیاو ئوسترالیاو نیوزله‌ندا نه‌وازش‌و په‌رۆشى خۆیان به‌ من‌و گه‌لى سه‌نگافوره‌ گه‌یاند. ئه‌وان خه‌مخۆرى مالیزیا بون له‌به‌رئه‌وه‌ى هێزه‌كانیان دژى “به‌ره‌ى” چه‌كدار به‌رگرییان له‌ مالیزیا ده‌كرد، ئه‌وه‌ش ده‌سته‌واژه‌یه‌كى ساده‌و ساكار بو كه‌ سه‌رۆكى ئیندۆنیزیا سۆكارنۆ بۆ وه‌سفكردنى جه‌نگه‌ سنورداره‌ رانه‌گه‌یه‌نراوه‌كه‌ى دژى فیدراڵیه‌تى “داگیركارى نوێ”ى پان‌و به‌رین به‌كاریهێنا.
دواى ئه‌وه‌ى سێ رۆژم به‌ شه‌وه‌كانیه‌وه‌ به‌ ئه‌زمونێكى پڕ له‌ فشاردا به‌ڕێكردبو، له‌ڕوى ده‌رونییه‌وه‌ كرژ بوم. له‌ شه‌وى هه‌ینیه‌وه‌ له‌ كوالاله‌مپور تائێستا چه‌ند كاژێرێكى كه‌م نوستبوم، له‌ڕوى جه‌سته‌ییه‌وه‌ له‌وه‌دا بوم له‌ په‌لوپۆ بكه‌وم. هه‌ستێكى توندم به‌ تاوان كرد، هه‌ستم به‌وه‌كرد كه‌ ده‌ستبه‌ردارى چه‌ند ملیۆنێك مرۆڤ له‌ مالیزیا بوم: كۆچبه‌ره‌ چینییه‌كان‌و هندییه‌كان‌و ئه‌وروپپیه‌كان – ئاسیاییه‌كان، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌ مالاوییه‌كانیش. من هیواكانى ئه‌وانم بوژانده‌وه‌، ئه‌وان له‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى هه‌ژمونى مالاوییه‌كاندا كه‌ هۆكارى ریشه‌یى ناكۆكییه‌كانمان بون، هاتنه‌ ریزى دانیشتوانى سه‌نگافوره‌وه‌.
هه‌ستم به‌ شه‌رمه‌زارى كرد، چونكه‌ ده‌ستبه‌ردارى هاوپه‌یمان‌و پشتیوانه‌كانمان بوین بۆ خۆپاراستنیان، له‌وانه‌ سه‌ركرده‌ى هه‌ندێك له‌ پارته‌كان له‌ ویلایه‌ته‌كانى دیكه‌ى مالیزیا: سه‌باح، ساراواك، بیانگ، بێرك، سیلانگۆر‌و نیگرى سیمیلان. به‌مه‌به‌ستى یه‌كخستن‌و هه‌ماهه‌نگى له‌ چالاكییه‌كانمان بۆ ته‌یاركردنى جه‌ماوه‌ر له‌پێناوى پشتگیریكردنى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى ناتائیفیدا، هه‌مومان پێكه‌وه‌ “په‌یماننامه‌ى یه‌كگرتنى مالیزیا”مان پێكهێنابو، رێگه‌مان دابو به‌ دروستكردنى هاوپه‌یمانییه‌كى فراوان تاوه‌كو بتوانێت فشار بخاته‌ سه‌ر حكومه‌تى “هاوپه‌یمانیى” ده‌سه‌ڵاتدار، كه‌ له‌ ژێر هه‌ژمونى “رێكخراوى نیشتیمانى بۆ یه‌كێتى مالاوییه‌كان” (UMMO)ى سه‌ر به‌ تۆنگۆدا بو.
من له‌ هه‌ستى تاوان‌و په‌شیمانى سه‌رڕێژ بوم، چونكه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كانى به‌ریتانیاو ئوسترالیاو نیوزله‌ندام فریودابو. له‌ سێ هه‌فته‌ى كۆتاییدا له‌كاتێكدا من به‌نهێنى تاوتوێى ئه‌م جیابونه‌وه‌یه‌م ده‌كرد، ئه‌وان له‌پێناوى چاره‌سه‌رى ئاشتیانه‌ى كێشه‌ تائیفییه‌كانى مالیزیادا، پشتیوانى به‌هێزو ته‌واوى خۆیان به‌ من‌و سه‌نگافوره‌ به‌خشیبو. هه‌مو ئه‌م بیرۆكانه‌ له‌ماوه‌ى ئه‌و سێ هه‌فته‌یه‌دا كه‌ له‌گه‌ڵ عه‌بدولره‌زاقى جێگرى تۆنگۆ له‌ دانوستاندا بوم به‌ مێشكمدا هاتن. له‌گه‌ڵ به‌رده‌وام بونى شه‌ڕى ویسته‌كان (معركه‌ اڵارادات) توانیبوم به‌سه‌ر خۆمدا زاڵ بم، به‌ڵام كاتێك جیابونه‌وه‌كه‌ رویدا، هه‌سته‌كانم گۆڕان.

له‌ سه‌نگافوره‌ شادو دڵخۆشی
له‌كاتێكدا من به‌سه‌ر كاره‌كه‌مدا زاڵ بوم، بازرگانى چایناتاون له‌ سه‌نگافوره‌ شادو دڵخۆش بون، بۆیه‌ به‌بۆنه‌ى رزگاربونیان له‌ ده‌سه‌ڵاتى به‌كۆمه‌ڵى مالاوییه‌كان له‌ كوالاله‌مپور ده‌ستیانكردبو به‌ ته‌قاندنى یارى ئاگرین‌و رازاندنه‌وه‌ى شه‌قامه‌كان به‌ كارتى سور. رۆژنامه‌ى (سین چیۆ جێت بۆه) كه‌ به‌ زمانى چینى ده‌رده‌چو ئاماژه‌ى به‌وه‌دابو خه‌ڵكى یارى ئاگرینیان ته‌قاندوه‌و شادمان بون به‌و رۆژه‌ مه‌زنه‌، به‌ گوزارشتێكى چینى باو نوسیبوى “ئه‌وان پێشنبیى زهونگ یوان جى ده‌كه‌ن (ئاهه‌نگى خێوه‌ برسییه‌كان)”، هه‌روه‌ها به‌ ده‌ربڕینێكى نادیار ئه‌وه‌ى زیادكردبو “له‌ دڵى هه‌ر تاكێكدا نوێژێكى تایبه‌ت به‌ خۆى هه‌یه‌”. نانیانگ سیانگ باو رایگه‌یاندبو “دڵ خۆى ده‌زانێت به‌بێ ئه‌وه‌ى ئاشكراى بكات”.
سه‌رۆكى ژورى بازرگانى چینى له‌ سه‌نگافوره‌ سۆن بینگ یام به‌ ده‌ربڕینێكى راشكاوانه‌ پێشوازى له‌ هه‌واڵى جیابونه‌وه‌ى سه‌نگافوره‌ له‌ مالیزیا كرد. لیژنه‌كه‌ى له‌ رۆژى دواتردا بۆ تاوتوێكردنى سپۆنسه‌ركردنى ئاهه‌نگێكى هاوبه‌ش بۆ سه‌ربه‌خۆیى دورگه‌كه‌ له‌لایه‌ن هه‌مو دامه‌زراوه‌و یه‌كێتییه‌ بازرگانى‌و دامه‌زراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كانى دیكه‌وه‌ كۆبونه‌وه‌، ئه‌و وتى: له‌هه‌مبه‌ر پێشه‌وه‌چوونی سیاسییه‌كانى ئه‌م دواییه‌دا، ته‌واوى سه‌رمایه‌داران هه‌ست به‌ ئاسوده‌ییه‌كى زۆر ده‌كه‌ن”.
وه‌به‌رهێنه‌ران وه‌كو من هه‌ستیان به‌ غه‌م نه‌ده‌كرد. چون جیابونه‌وه‌ شه‌پۆلێكى فراوان له‌ چالاكى له‌ بازاڕى پشكه‌ داراییه‌كان له‌ سه‌نگافوره‌ – مالیزیا ده‌ڕخسێنێت، له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ سه‌نگافوره‌و كوالاله‌مپور، دو هێنده‌ى ئه‌و رێككه‌وتننانه‌ى له‌ رۆژه‌ زۆر چالاكه‌كانى هه‌فته‌ى پێشودا ئه‌نجامدرابون. له‌ رۆژى دواتردا وه‌به‌رهێنه‌ران ئاشكرایان كرد كه‌ جیابونه‌وه‌كه‌ بۆ ئابورى به‌سوده‌‌و داهاتى گه‌وره‌ ده‌به‌خشێت‌و به‌هاى پشكه‌كانى (25) كۆمپانیاى له‌كۆى (27) كۆمپانیاى پیشه‌سازى به‌رزكرده‌وه‌.
به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌و دۆخه‌وه‌، پاش نیوه‌ڕۆى (9/ئاب) شه‌قامه‌كانى ناوه‌ندى شار چۆڵ بون. شه‌وى رابردو جۆن لى كین بریكارى پۆلیسى سه‌نگافوره‌ به‌ بروسكه‌یه‌ك ئاگادارى كردم كه‌ نامه‌یه‌كى له‌ د.ئیسماعیل بن داتۆ عه‌بدولره‌حمان وه‌زیرى فیدراڵى بۆ كاروبارى ناوخۆ به‌ده‌ست گه‌یشتوه‌و پێى راگه‌یاندوه‌ كه‌ فه‌رمان له‌ حكومه‌تى داهاتوى سه‌نگافوره‌ وه‌ربگرێت.
به‌مه‌به‌ستى رێگرتن له‌هه‌ر چالاكییه‌كى ئاژاوه‌گێڕییانه‌ى لایه‌نگرانى (UMNO) له‌ سه‌نگافوره‌ له‌ دژى جیابونه‌وه‌، لى كین یه‌كه‌كانى پۆلیسى یه‌ده‌گ‌و یه‌كه‌كانى نیمچه‌ سه‌ربازى راهێنراوى تایبه‌ت به‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى ئاژاوه‌گێڕى له‌ شه‌قامه‌كاندا بڵاوكرده‌وه‌. كتوپڕ خه‌ڵكى هه‌ستیان به‌ مه‌ترسى كرد، چونكه‌ تاڵاوى دو ئه‌زمونى خوێناوی كارى ئاژاوه‌گێڕییان چه‌شتبو، كه‌ له‌ ساڵى (1964) له‌نێوان مالاوییه‌كان‌و چینییه‌كاندا رویدابو. ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ش هانى پۆلیسى نه‌هێشتنى ئاژاوه‌گێڕى دا به‌ ئۆتۆمبێله‌ تایبه‌ته‌كانى ئاوپڕژێن‌و ئۆتۆمبێله‌ روپۆشكراوو گولله‌ نه‌بڕه‌كانیان له‌ شه‌قامه‌كاندا بن. زۆرێك له‌ خه‌ڵكى بڕیاریاندا له‌ كاتێكى زودا نوسینگه‌كانیان به‌جێبهێڵن‌و بگه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵه‌كانیان.
رۆژه‌كه‌ى گه‌رم‌و شێدار بو، ئه‌وه‌ش دۆخى كه‌شوهه‌وایه‌ له‌ مانگى ئابدا. كاتێك له‌ ئێواره‌دا هه‌واكه‌ ساردى كرد هه‌ستم به‌ دڵه‌ڕاوكێ كرد، به‌ڵام مكوڕ بوم له‌سه‌ر به‌دواداچونى كاره‌كانى رۆژه‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ى دڵه‌ڕاوكێكه‌م له‌خۆم دوربخه‌مه‌وه‌. زیاتر له‌ كاژێرێكم گوزه‌راندو (150) تۆپم له‌ تۆپه‌كانى گۆڵف هه‌ڵدا له‌به‌رده‌م (سرى تیماسیك) واته‌ باره‌گاى فه‌رمى مانه‌وه‌م له‌سه‌ر خاكى ئیستانا (باره‌گاى پێشوى حكومه‌ت)، ئه‌مه‌ش وایلێكردم هه‌ست به‌وه‌ بكه‌م له‌ باشترین دۆخدام‌و ئاره‌زوى كردمه‌وه‌ بۆ خواردن، به‌ر له‌وه‌ى دیداره‌كه‌م له‌گه‌ڵ ڤیزكۆنت هێدى نێرده‌ى باڵاى به‌ریتانیا له‌ كوالاله‌مپور ئه‌نجام بده‌م.
سكرتێره‌كه‌م له‌و به‌یانییه‌دا له‌ كاژێر نۆو نیو له‌ نوسینگه‌ى ئه‌نتۆنى هیده‌وه‌ به‌ ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندیی پێوه‌كرا، به‌ڵام ته‌نها سى خوله‌ك مابو بۆ راگه‌یاندنى جاڕنامه‌ى سه‌ربه‌خۆیى، هه‌واڵى پێدام كه‌ ناتوانێت ده‌ستبه‌جێ بێت، بۆیه‌ داواى لێكردم ئه‌گه‌ر بكرێت دیداره‌كه‌ بخه‌مه‌ پاش نیوه‌ڕۆ، منیش نامه‌یه‌كم بۆ ناردو پێم راگه‌یاند دیداره‌كه‌مان له‌ كاژێر هه‌شت ده‌بێت.

ته‌واوی دیداره‌كه‌ له‌گه‌ڵ نیرده‌ی به‌ریتانیا
له‌ كاژێر حه‌وت‌و نیوى ئێواره‌ گه‌یشته‌ سرى تیماسیك (له‌به‌ر هۆكارى ئه‌منی من له‌ ماڵه‌كه‌م له‌ شه‌قامى ئۆكسلى نه‌بوم)، وى لینگى كوڕم كه‌ ته‌مه‌نى ده‌ ساڵ بو، قه‌میس‌و پانتۆڵێكى كورتى له‌به‌ربو پێشوازى لێكرد. له‌ هێدى پرسى: ده‌ته‌وێت چاوت به‌ بابم بكه‌وێت؟
پێشوازییه‌كى گونجاوى نافه‌رمى بو، چون له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیى كتوپڕ په‌یوه‌ندییم له‌گه‌ڵیدا رون‌و ره‌وان نه‌بو. له‌كاتى دیاریكراودا بۆ پێشوازیكردنى گه‌یشتمه‌ هه‌یوانه‌كه‌و ئه‌ویش له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ى دابه‌زى، لێم پرسى:
– به‌ناوى چ كه‌سێكه‌وه‌ قسان ده‌كه‌یت؟
* وه‌ڵامیدامه‌وه‌: باشه‌، وه‌كو ده‌زانى من نوێنه‌رێكم له‌لاى حكومه‌تێكى بیانى.
_ “ئه‌مه‌ راسته‌، به‌ڵام ئایا مۆڵه‌تت پێدراوه‌ تاوه‌كو له‌باره‌ى په‌یوه‌ندی سه‌نگافوره‌ له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا له‌گه‌ڵمدا بدوێیت؟
* نه‌خێر.
_ كه‌واته‌ ئه‌مه‌ گفتوگۆیه‌كى كه‌سییه‌، واته‌ باس‌و خواسێكى نافه‌رمییه‌.
* ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت با وابێت.
له‌ڕاستیدا هه‌روابو. له‌ كۆتایى ئه‌م مانگه‌دا كاتێك ویستم باسى ئه‌و دیداره‌ بۆ كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌وانى بیانى ئوسترالیى‌و به‌ریتانى بكه‌م، هه‌وڵمدا هه‌ستێكى وا به‌جێبهێڵم كه‌ گفتوگۆكه‌مان به‌ره‌وڕوبونه‌وه‌ى دو نه‌یار بوه‌. له‌ڕاستیدا به‌درێژایى دیداره‌كه‌ من ناڕه‌حه‌ت بوم، دانیشتن له‌گه‌ڵیدا كارى تێكردم. هه‌ڵسوكه‌وتى ته‌واو له‌ ئه‌فسه‌رێكى ده‌رچوى “ساند هێرست”ى ده‌كرد، ئه‌و له‌كاتى داگیركارى به‌ریتانى – فه‌ره‌نسى بۆ سه‌ر سوێس له‌ساڵى (1956)دا وه‌زیرى به‌رگرى بو، له‌گه‌ڵ ئانتۆنى ئایدن ده‌ستى له‌كاركێشایه‌وه‌‌و به‌رپرسیارێتى ته‌واوى شكسته‌كه‌ى له‌ ئه‌ستۆگرت. ئه‌و سه‌ر به‌چینێكى باڵا بو له‌ به‌ریتانیا، كه‌سێكى ته‌بیعه‌ت ره‌ق‌و توند بو.
هه‌وڵیداو كۆشا تا رێگه‌ له‌ جیابونه‌وه‌كه‌ بگرێت، ئه‌وپه‌ڕى هه‌وڵى خۆیدا تاكو وابكات تۆنگۆو حكومه‌تى فیدراڵى چه‌ند رێكارێك په‌یڕه‌وبكه‌ن كه‌ ببێته‌ هۆى به‌هێزكردنى یه‌كێتى له‌گه‌ڵ مالیزیادا. به‌ سیفه‌تى نێرده‌ى باڵاى به‌ریتانیا په‌یوه‌ندى راسته‌وخۆى له‌گه‌ڵ تۆنگۆو وه‌زیره‌كانى، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانى به‌ریتانیا هارۆڵد ویڵسۆن پێبه‌خشیم، هه‌روه‌ها پشتیوانى ته‌واوى له‌ چاره‌سه‌رى ده‌ستورییانه‌ى ناكۆییه‌كانى نێوان كوالاله‌مپورو سه‌نگافوره‌ ده‌كرد، سوربو له‌سه‌ر پێویستى به‌كارنه‌هێنانى هێز، له‌وه‌شدا سه‌ركه‌وتو بو، ئه‌گه‌ر واى نه‌كردایه‌ ده‌كرا ده‌ره‌نجامه‌كه‌ ته‌واو جیاواز بوایه‌. ئه‌گه‌ر جیابونه‌وه‌ نه‌بوایه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ چاره‌سه‌ره‌كه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌بو كه‌ ئه‌و له‌پێناویدا كاریده‌كردو ره‌نجى بۆ ده‌دا.
سه‌ربارى بونى (63) هه‌زار فه‌رمانبه‌رى به‌ریتانى، فڕۆكه‌ هه‌ڵگره‌كان، هه‌شتا كه‌شتى جه‌نگى، بیست كۆمه‌ڵه‌ فڕۆكه‌ له‌ باشورى رۆژهه‌ڵاتى ئاسیا بۆ به‌رگرى له‌ (فیدراڵى) نه‌یتوانى به‌سه‌ر هێزى “سۆسیالیزمى مالاوى”دا سه‌ربكه‌وێت. سه‌ركرده‌ مالاوییه‌كان‌و له‌وانه‌ش تۆنگۆ ده‌ترسان ئه‌گه‌ر به‌شدارنه‌بن له‌ ده‌سه‌ڵاتێكى سیاسى راسته‌قینه‌ له‌گه‌ڵ  غه‌یره‌ مالاوییه‌كاندا ئه‌وا به‌سه‌ر كاره‌كه‌یاندا سه‌ركه‌وتونابن. ئه‌وه‌ خاڵى بنچینه‌یى‌و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بو له‌ باسه‌كه‌دا، به‌ڵام هێد له‌وه‌ نه‌ده‌گه‌یشت.
من له‌سه‌ره‌تادا بوم، به‌ڵام پێش ئه‌و ده‌ستمكرد به‌ په‌یبردن به‌ كاره‌كان، چونكه‌ من كاتێكى درێژم له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ تۆنگۆ، ره‌زاق‌و ئیسماعلیدا به‌سه‌ربردبو. من به‌ زمانى مالاوى ده‌ئاخڤیم، وه‌لێ هێد نه‌یده‌توانى. هه‌روه‌ها ده‌متوانى ناكۆكى‌و ركابه‌ریی نێوان مالاوییه‌كان‌و ئه‌وانیتر به‌بیر بهێنمه‌وه‌ كه‌ له‌ رابردودا رویاندابو، به‌تایبه‌تى سه‌روه‌ختى رۆژانى خوێندنم له‌ (كۆلێژى رافیلز) له‌ ساڵانى (1940‌و 1941)دا، من به‌باشى مالاوییه‌كانم ده‌ناسى. بۆیه‌ كاتێك له‌ كۆتایى حوزه‌یرانى (1965)دا خوێندمه‌وه‌ كه‌ ئه‌و رۆیشتوه‌ بۆ له‌نده‌ن، گومانم برد گه‌یشتوه‌ته‌ رێككه‌وتنێك.
دیداره‌كه‌م له‌گه‌ڵ هێد نزیكه‌ى كاژێرێكى خایاند، به‌ڵام چۆن بتوانم بۆى رون بكه‌مه‌وه‌ دواى دیداره‌ روبه‌ڕوه‌كه‌م له‌گه‌ڵ ره‌زاق له‌ نوسینگه‌كه‌ى له‌ كوالاله‌مپور له‌ (29/حوزه‌یران)دا، بۆ چاره‌سه‌رى ئاشتیانه‌ى كێشه‌كانمان هیوایه‌كى زۆر كه‌مم به‌دیكرد؟ چونكه‌ من‌و هێد له‌ ئاڵوگۆڕى بۆچونه‌كانماندا زۆر پابه‌ندو خۆپارێز بوین. هیچ تۆمه‌تێكى ئاراسته‌ نه‌كردم، به‌ڵام ته‌نها داخى خۆى ده‌ربڕى له‌به‌رئه‌وه‌ى خۆى‌و حكومه‌ته‌كه‌یم له‌ روداوه‌كان ئاگادار نه‌كردۆته‌وه‌. له‌لاى خۆمه‌وه‌ زۆر خه‌مگین بوم كه‌ روداوه‌كانى ئه‌م سێ هه‌فته‌یه‌ى رابردوم لێ شاردۆته‌وه‌ كه‌ به‌ جیابونه‌وه‌ كۆتایهات، گومانم برد ئه‌ویش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ خه‌مگینه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتبایه‌و هێدم ئاگادار كردبا كه‌ تۆنگۆ ده‌یه‌وێت له‌ مالیزیا جیاببینه‌وه‌، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه‌ من فیدراڵییه‌كى كه‌متر پابه‌ندو زیاتر ئازادم ده‌وێت، ئه‌وا رێگه‌یه‌كى ده‌دۆزییه‌وه‌ بۆ وه‌ستاندنى تۆنگۆ، چون له‌ به‌رژه‌وه‌ندى به‌ریتانیا نه‌بو كه‌ سه‌نگافوره‌ جیاببێته‌وه‌و سه‌ربه‌خۆ ببێت. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ رویبدایه‌ له‌وانه‌یه‌ بتوانرایه‌ كۆنترۆڵى توندوتیژییه‌ ئیتنییه‌كان بكرایه‌. دواى حه‌ڤده‌ كاژێر له‌ دیداره‌كه‌مان، حكومه‌تى به‌ریتانیا دانى به‌ سه‌نگافوره‌ى سه‌ربه‌خۆدا نا.
دواى رۆیشتنى هێد، بۆ تاوتوێكردنى دوایین پێشهاته‌كان به‌ ته‌له‌فۆن گفتوگۆیه‌كى دورو درێژم له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم له‌ وه‌زاره‌ت ئه‌نجامدا. من ده‌ترسام جیابونه‌وه‌ له‌ناو ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران‌و له‌نێو ئه‌ندامانى پارله‌ماندا روبدات، بۆیه‌ ده‌مویست هه‌مو وه‌زیره‌كان واژو له‌سه‌ر “رێككه‌وتننامه‌ى جیابونه‌وه‌” بكه‌ن، چونكه‌ ده‌مزانى زۆرێكیان به‌توندى له‌دژى ده‌وه‌ستنه‌وه‌.

داهاتوو بۆ سه‌نگافوره‌
پێویست بو له‌سه‌رم حكومه‌تى نوێى سه‌نگافوره‌ به‌ڕێوه‌ببه‌م. من زۆرینه‌ى كاته‌كانى ئه‌م رۆژه‌م له‌گه‌ڵ دۆستى نزیكم جه‌وا كینگ سۆى به‌سه‌ربرد. بڕیارمدا وه‌زاره‌ته‌كانى ناوخۆو به‌رگرى له‌یه‌ك بده‌م‌و ئه‌ویش ببێته‌ وه‌زیرى. به‌ڵام كێ ده‌توانێت وه‌زاره‌تى دارایى له‌ ئه‌ستۆ بگرێت؟ رێكه‌وتین لیم كان سان ببێته‌ وه‌زیر. به‌ڵام كێشه‌ى دوه‌م دانپێدانانى نێوده‌وڵه‌تى‌و په‌یوه‌ندى باش بو له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌توانن له‌ مانه‌وه‌و دابینكردنى ئاسایشماندا یارمه‌تیده‌رمان بن. رێككه‌وتین كه‌ س.راجاراتنان ئه‌ندامى دامه‌زرێنه‌رى پارته‌كه‌مان (پارتى گه‌لى میللى pap) وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرێت. ئێمه‌ له‌ دۆخى خولانه‌وه‌دا بوین، له‌گه‌ڵ پێگه‌ نوێكانمان تازه‌ كار بوین، رونتر بڵێم له‌ رودانى كارى ناهاوسه‌نگ كه‌ ره‌نگه‌ له‌ داهاتودا روبدات ده‌ترساین.
ئێمه‌ به‌ره‌نگارى داهاتویه‌كى نادیار ده‌بوینه‌وه‌. چون سه‌نگافوره‌و مه‌لایۆ له‌ چوارچێوه‌ى رێڕه‌وی رێگه‌ى (گه‌روه‌كانى جۆهۆر)وه‌ ئاوێته‌ى یه‌كتربون، به‌ریتانیاش پێكه‌وه‌ وه‌كو یه‌ك زه‌مین فه‌رمانڕه‌وایى ده‌كردن. مالایۆ ناوچه‌ى پشته‌وه‌ى سه‌نگافوره‌ بو، هه‌وره‌ها ناوچه‌كانى بۆرنیۆ، ساراواك، برۆنى‌و سه‌باح، هه‌مویان به‌شێك بون له‌ ئیمپراتۆرییه‌تى به‌ریتانی له‌ باشورى رۆژهه‌ڵاتى ئاسیا. سه‌نگافوره‌ وه‌كو سه‌نته‌رى كاركێڕى‌و بازرگانى بو.
ئێستا له‌سه‌ر خاكى خۆمانین، چیدى حكومه‌تى مالیزیا ناتوانێت ده‌رسمان دابدات، یان له‌پاى گوێڕایه‌ڵ نه‌بونمان بۆ ئه‌و رێساو ره‌فتارانه‌ى كه‌ بۆی گونجاوه‌ سه‌ركۆنه‌مان بكات. به‌و پێیه‌ى ده‌روازه‌ى نه‌ریتین بۆ هاورده‌و هه‌نارده‌كانیان، هه‌روه‌ها دابینكارى زۆرێك له‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانیان بوین، ده‌كرا چاوه‌نواڕ بین پێگه‌ى نوێمان ره‌تبكرێته‌وه‌.
له‌جیهانێكدا كه‌ ده‌وڵه‌تانى نوێ تیایدا زۆر ده‌بن‌و هه‌مویان ده‌كۆشن بۆ هێنانه‌دى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نه‌ته‌وه‌یى‌و ئابورییه‌كانیان، ته‌نانه‌ت هه‌مویان ده‌یانه‌وێت خۆیان هه‌مو شتێك بكه‌ن‌و راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ كڕیارو فرۆشیاره‌كانیان مامه‌ڵه‌ بكه‌ن، ئیدى له‌ ئه‌وروپا یان له‌ ئه‌مه‌ریكا یان له‌ یابان بێت. چۆن ده‌گونجێ بۆ سه‌نگافوره‌ كه‌ به‌بێ بونى خاكێك كه‌ خۆراكى پێبدات بمێنێته‌وه‌؟ له‌ڕاستیدا چۆن ده‌توانین زیندوبین؟ ته‌نانه‌ت ئاوه‌كه‌شمان له‌ ده‌وڵه‌تى مالیزیاى هاوسێمانه‌وه‌ ده‌هات. ته‌واو له‌یادمه‌ كه‌ چۆن سوپاى یابانى له‌ سه‌ره‌تاى شوباتى (1942)دا ده‌ستى به‌سه‌ر كۆگا ئاوییه‌كانى ئه‌وێماندا گرت، ئه‌م كاره‌ش بوه‌ هۆى روخاندنى وره‌ى به‌رگریكاره‌ به‌ریتانییه‌كان، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى هه‌ندێك كۆگاى ئاوییان له‌ سه‌نگافوره‌ له‌به‌رده‌ستدابو.
هه‌ندێك ده‌وڵه‌ت به‌ سه‌ربه‌خۆیى له‌دایكبون، هه‌ندێكى دیكه‌ش سه‌ربه‌خۆییان به‌ده‌ستهێناوه‌. به‌ڵام سه‌نگافوره‌ سه‌ربه‌خۆیى به‌سه‌ردا سه‌پێنرا، نزیكه‌ى (45) داگیرگه‌ (مستعمره‌)ى به‌ریتانى به‌بۆنه‌ى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن به‌ریتانیاى ئیمپریالییه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات راده‌ستى حكومه‌ته‌ نیشتیمانییه‌كانیان كرا ئاهه‌نگیان گێڕا، به‌ڵام بۆ سه‌نگافوره‌ (9/ئاب/1965) بۆنه‌یه‌كى ئاهه‌نگ ئامێز نه‌بو، چونكه‌ ئێمه‌ هه‌رگیز هه‌وڵمان بۆ سه‌ربه‌خۆیى نه‌دابو.
له‌ راپرسیه‌كدا كه‌ سێ ساڵ پێشتر ئه‌نجامدرابو (70%) به‌شداربوان بۆ یه‌كگرتن له‌گه‌ڵ مالیزیا ده‌نگیان دابو. له‌وكاته‌وه‌ پێویستى سه‌نگافوره‌ تاوه‌كو ببێته‌ پارچه‌یه‌كى دانه‌بڕاو له‌ فیدراڵى له‌ یه‌ك ده‌وڵه‌تى سیاسى‌و كۆمه‌ڵایه‌تى‌و ئابورى دا نه‌گۆڕابو. هیچ شتێك نه‌گۆڕابو –جگه‌له‌وه‌ى ئێمه‌ دورخراوه‌ بوین. ئێمه‌ ده‌مانوت: ئه‌گه‌ر سه‌نگافوره‌ سه‌ربه‌خۆ بێت زۆر به‌ساده‌یى شیانى ژیانى نابێت. ئه‌ركى ئێستامان كه‌ ئیره‌یى پێنابرێت ئه‌وه‌یه‌ وا له‌ سه‌نگافوره‌ بكه‌ین كه‌ یاراى ژیان بێت. چۆن ده‌توانین ده‌وڵه‌تێك دروست بكه‌ین له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى فره‌زمان كه‌ كۆچبه‌رى له‌: چین، هیند، مالیزیا، ئیندۆنیزیاو پارچه‌كانى دیكه‌ى ئاسیاى له‌خۆگرتوه‌؟
سه‌نگافوره‌ دورگه‌یه‌كى بچوكه‌و روبه‌ره‌كه‌ى (214) میلى چوارگۆشه‌یه‌و خاكێكى بێ پیته‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ باشورى رۆژهه‌ڵاتى ئاسیا له‌ناو جه‌رگه‌ى ئیمپراتۆرییه‌تى به‌ریتانیدا بوه‌ بوژاوه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ جیابونه‌وه‌شى بوه‌ته‌ دڵێكى بێ جه‌سته‌، (75%) دانیشتوانه‌كه‌مان كه‌ ژماره‌یان دو ملیۆن كه‌سه‌ چینین، كه‌مینه‌یه‌كى بچوكى له‌ ئه‌رخه‌بیل، له‌ سى هه‌زار دورگه‌ زیاتر له‌ سه‌د ملیۆن موسڵمان له‌ مه‌لایۆو ئیندۆنیزى تیایدا نیشته‌جێن. ئێمه‌ له‌ دورگه‌یه‌كى چینین له‌ روبارى مه‌لایۆ. چۆن ده‌توانین له‌نێو ئه‌م ژینگه‌ مێمڵه‌دا پارێزگارى له‌ مانه‌وه‌مان بكه‌ین؟
هیچ گومانێك له‌ دوژمنكارى نه‌بو. له‌پێناو زیادكردنى چه‌رمه‌سه‌رییه‌كانماندا ئیندۆنیزییه‌كان هه‌ڵمه‌تى دوژمنكارانه‌ى خۆیان له‌دژى مالیزیا ئه‌نجامدا، كاتێك له‌ ئه‌یلولى (1963)دا جه‌نگێكى سنورداریان هه‌ڵگیرساند كه‌ كه‌رتى ئابورى گرته‌وه‌، هه‌روه‌ها كرده‌ى تیرۆریستى كه‌ فیداییه‌كان (كۆماندۆز) ئه‌نجامیانده‌دا‌و دزه‌یان كرده‌ سه‌نگافوره‌وه‌ بۆ ته‌قاندندنه‌وه‌ى نارنجۆك‌و بۆردومانى سه‌ربازى كه‌ دابه‌زاندنى هێزى له‌ جوهور به‌ په‌ره‌شوت له‌خۆگرت. سه‌ربارى بونى سێ ملیۆن هاوڵاتى به‌ بنه‌چه‌ چینى كه‌ له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ى ده‌ژیین، وه‌لێ چینییه‌كان له‌ مالیزیاو سه‌نگافوره‌ ده‌زانن كه‌ حكومه‌تى ئیندۆنیزیا له‌دژیانه‌.
له‌و ماوه‌یه‌داو هه‌ر له‌ ساته‌وه‌ختى دامه‌زراندنییه‌وه‌ له‌ ساڵى (1819)، سه‌نته‌رى بازرگانى كه‌ سه‌نگافوره‌ پشتى پێده‌به‌ست هه‌ر ئه‌وه‌ نه‌بو ته‌نها دوچارى داهاتویه‌كى گوماناوى ببێته‌وه‌، به‌ڵكو گرنگیه‌ ستراتیژییه‌كه‌ى سه‌باره‌ت به‌ به‌ریتانیا به‌ نه‌مان‌و تێكچونى ئیمپراتۆرییه‌كه‌ته‌ى به‌ره‌و نه‌مان ده‌چو.
له‌ ده‌ره‌نجامى هه‌ر نه‌مانێكى كتوپڕى ئاماده‌گى به‌ریتانى، ئابورى سه‌نگافوره‌ دوچارى مه‌ترسیه‌كى توند ده‌هات. چونكه‌ خه‌رجییه‌كانى به‌رگرى به‌ریتانى له‌ سه‌نگافوره‌ ده‌گه‌یشته‌ نزیكه‌ى (20%) كۆبه‌رهه‌مى گشتى نه‌ته‌وه‌یى، بونى سه‌ربازییان هه‌لى كارى بۆ سى هه‌زار كارمه‌ند به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ فه‌راهه‌م كردبو، هه‌روه‌ها یارمه‌تى ناڕاسته‌وخۆى بۆ نزیكه‌ى ده‌ هه‌زار كه‌س دابینكردبو. سه‌ربارى كه‌سانێكى تر كه‌ خزمه‌تگوزارى جۆراوجۆریان پێشكه‌ش ده‌كرد. هه‌لى كاریان بۆ زیاتر (10%) هێزى كار دۆزیبوه‌وه‌ له‌ وڵاتێكدا كه‌ تێكڕاى گه‌شه‌كردنى دانیشتوان له‌ ساڵێكدا ده‌گه‌یشته‌ (2.5%)، به‌و هۆیه‌وه‌ له‌پێناوى دۆزینه‌وه‌ى هه‌لى كارو دابینكردنى خزمه‌تگوزراییه‌كانى فێربون‌و ته‌ندروستى‌و نیشته‌جێبوندا، فشارێكى گه‌وره‌ ده‌كه‌وته‌ سه‌ر شانى حكومه‌ته‌كه‌مان.
له‌م چركه‌ساته‌دا هه‌ستم به‌دڵنیایى‌و خۆشنودى ده‌كرد، چونكه‌ ئه‌مڕۆمان به‌بێ گرژى‌و ئاڵۆزى به‌ڕێكرد. دواى نیوه‌شه‌و چومه‌ سه‌ر جێگه‌ى نوستن، ماندوبوم به‌ڵام هه‌ستم به‌ خه‌وه‌نوچكه‌ نه‌ده‌كرد. له‌ كاژێر دو یان سێى به‌ره‌به‌یاندا بو بڕستم لێبڕا، چونكه‌ تائه‌وكاته‌ هه‌ر بێدارو دودڵ بوم‌و له‌ ناخه‌وه‌ بیرم له‌ چاره‌سه‌رى كێشه‌كانمان ده‌كرده‌وه‌. چۆن ده‌توانین به‌سه‌ریاندا زاڵ بین؟ چۆن گه‌یشتینه‌ ئه‌م دۆخه‌ خه‌مگینه‌؟ ئایا ئه‌مه‌ى رویدا ده‌ره‌نجامى كۆتاییه‌ دواى چل ساڵ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌و كارو تێكۆشان؟ ئاینده‌ بۆ سه‌نگافوره‌ چى له‌خۆگرتوه‌؟ بۆیه‌ ده‌بێت له‌ چل ساڵى داهاتودا بیر له‌ دۆزینه‌وه‌ى وه‌ڵام بۆ ئه‌م پرسیاره‌ قورسانه‌ بكه‌مه‌وه‌.

*تێبینی، ئه‌م بابه‌ته‌ به‌شێكه‌ له‌ كێتبی ( چیرۆكی سه‌نگافوره‌، یاداشته‌كانی لی كوان یۆ) كه‌ له‌لایه‌ن هاشم دجانی وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر عه‌ره‌بی.

 

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

فینچینزۆ پیرۆجیا دزەکەی مۆنالیزا

گه‌رمیان حه‌سه‌ن تابلۆ بەناوبانگەکان نوێنەرایەتی سامان و داهاتێکی زۆر دەکەن، هەر ئەمەشە وایکردە دزەکان زیاتر …