د. كەرامی عەبدولغەفور حەدیسی: رێككەوتننامەی 11ی ئادار لە خزمەتی بەرژەوەندیی نیشتماندا بوو
خهبات: دڵشاد مستەفا وەسانی
ئەگەر لەم نائارامییەی باڵی بەسەر عێراقدا كێشاوە و حوكمڕانیی دوای 2003 بڕوانین، دەبینین خەڵكی عێراق بەشێوەیەكی گشتی ناڕازین، چونكە جگە لەوەی باری ئابووری هەر لە ئاستێكی نزمدا ماوەتەوە، حكومەتی عێراق نەیتوانیوە بۆ چارەسەری پرسی كورد، نەك هەنگاو بنێ، بەڵكو ئاڵۆزتری كردووە، لە عێراقدا گفتوگۆی كورد و بەغدا مێژوویەكی دوورودرێژی هەیە، بۆیە هەوڵ دەدەین بۆ گفتوگۆی سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول بگەڕێینەوە، بزانین تا چ رادەیەك خەڵكی عێراق بە كورد و عەرەبەوە هیوایان پێ بووە. كە باسی گفتوگۆی نێوان حكوومەتی عێراق و كورد دەكرێت، ناوی مورتەزا سەعید حەدیسی دێت، بەتایبەتیش دوای ئەوەی دەكرێتە سەرۆكی لیژنەی ئاشتی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی 11ی ئاداری 1970 مورتەزا بەهۆی گفتوگۆ و سەرۆكایەتی لیژنەی ئاشتی زۆرجار سەردانی كوردستانی كردووە، بەهۆی ئەوەی تا ئێستا زیاتر كورد خۆی بەگرنگییەوە باسی رێككەوتننامەی 11ی ئاداری 1970ی كردووە.
مەلا مستەفا بارزانی، بە مورتەزا حەدیسی گوتبوو ئاگات لە خۆت بێت و لە سەدام وریابە،ئەوەی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی پێشبینیی كرد روویدا و مورتەزا لەلایەن سەدامەوە لەسێدارە درا
بۆیە بە پێویستمانزانی د.كەرامی عەبدولغەفور حەدیسی كە برازای مورتەزا حەدیسی-یە بدوێنین، ئاخۆ وەك مامۆستایەكی زانكۆ و لە بنەماڵەی مورتەزا حەدیسی چۆن سەیری ئەو رێككەوتننامەیە دەكەن و تا چ رادەیەك بۆ عێراق چارەسەر بووە؟. بنەماڵەی مورتەزا حەدیسی كە یەكێك بووە لە بەشداربووانی گفتوگۆی بەغدا و كورد، باس لەوە دەكەن كە پاداشتی بەشداریكردنی مورتەزا ئەوەبوو ساڵی 1980 لەسێدارە درا، د. كەرامی كە دكتۆرای لە جوگرافیا هەیە پسپۆری جوگرافیای شارە، باس لەوە دەكات كە مورتەزا بە پەیوەندیی لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی خۆشحاڵ بووە، دەڵێ: مەلا مستەفا بارزانی بە مورتەزای گوتبوو ئاگاداری خۆت بە و لە سەدام وریابە، پێشبینیی بارزانی راست دەرچوو و سەدام لەسێدارەیدا.
د. كهرامی عبدالغفور حهدیسی
❊ مورتەزا حەدیسی لە گفتوگۆی حكوومەتی عێراق و سەركردایەتی شۆڕشی كوردستان چ رۆڵێكی هەبوو؟
ــ گفتوگۆی نێوان حكوومەتی عێراق و سەركردایەتی كورد بۆ ماوەیەك بەردەوام بوو، گفتوگۆكە بە چەند جەولەیەك بەڕێوەچوو، لیژنەیەكی گفتوگۆ لە لایەن حكوومەتی بەغدا لە جێگری سەرۆك كۆماری سەدام حوسێن و ژمارەیەك وەزیر پێكهات، لە ناویاندا خوالێخۆشبوو مورتەزا حەدیسی هەبوو كە رۆڵێكی دیاری هەبوو، چونكە لای سەرۆك كۆمار ئەحمەد حەسەن بەكر رێزی هەبوو، دوای راگەیاندنی بەیاننامەی رێككەوتنی 11ی ئاداری 1970 ی نەمر، مورتەزا حەدیسی وەك سەرۆكی لیژنەی ئاشتی دامەزرا، كاری ئەو لیژنەیە سەرپەرشتیكردنی جێبەجێكردنی بەندەكانی ئەو رێككەوتنە بوو كە لە 11ی ئاداری 1970 رێككەوتنی لەسەر كرابوو.
❊ گفتوگۆی حكوومەتی عێراق لەگەڵ سەركردایەتی كورد لە كۆتایی شەستەكان و حەفتاكانی سەدەی بیست، سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ــ گفتوگۆكە تا رادەیەكی زۆر هاوسەنگ بوو، لایەنی سەركەوتوو و لایەنی شكستخواردوو نەبوو، دوای ئەو زیانەی لە ناوچەكە بە خەڵكی عێراق گەیشت، هەردوولا ئارەزووی ئەوەیان هەبوو كە ئاشتەوایی بەرقەرار بێت، ئەمە و ئارەزووی خەڵكیش ئەوەبوو كە ژیانێكی ئارام و جێگیریان هەبێت.
❊ چۆن سەیری حكوومەتی ئێستای عێراق دەكەن، ئایا هەوڵی داوە سوود لە ئەزموونی رابردوو بەتایبەتیش رێككەوتنی مێژوویی 11ی ئادار وەربگرن، كە بەڵگەنامەیەكی مێژوویی گرنگە و بە كۆنترین گرنگترین بەڵگەنامە دادەندرێت كە دانی بە مافی كورددا ناوە؟
ــ حكوومەتی ئێستا و ئەو حكوومەتانەی لە دوای 2003 بەدوای یەكدا هاتن تا بە ئەمڕۆ دەگات، لەگەڵ رێزی زۆرم بۆ كەسایەتییە نیشتمانییەكان، بەڵام تێڕوانینێكیان بۆ بەرجەستەكردنی بنەماكانی بنیاتنانی دەوڵەتێكی سەربەخۆی بەهێز نییە، ئەمەش بەهۆی دۆخی شڵەژاوی وڵاتە، بڕیاری سیاسی جێی گومان و تەمومژاوییە، چونكە دەستێوەردانی دەرەكی لە زۆر هەڵوێستی ئەم ماوەیەدا هەیە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی متمانە لە نێوان حكوومەت و گەل لەدەست بدرێت، ئەمە و ئەو گێرەشێوێنییەی وڵاتی گرتۆتەوە، هەندێ كەسایەتی سیاسیی هێناوەتە پێشەوە، كەمترین كاری سیاسییان نییە، یان روونتر بڵێین، شتێك لەبارەی سیاسەت و دیپلۆماسی نازانن، سنووری هەندێ كەسایەتی لەو رووەوە زۆر بەرتەسكە تا رادەی شەرمەزاری، جگە لەوە ئینیتیمای حزبی و تێڕوانینی تایفی و نەتەوەیی، تەنانەت عەشایەری و ناوچەگەرێتی هەیە، كە بەسەر بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانیدا زاڵە، لە راستیدا رێككەوتننامەی 11ی ئادار بەوە دەناسرایەوە كە هەموو بەندەكانی، لە خزمەتی بەرژەوەندی نیشتمانیدا بوون، ئەمەش بەڵگەی ئەوەبوو كە هەردووی لای گفتوگۆ، خاوەنی شارەزایی بەرز بوون لە كاری سیاسیدا، ساڵانێكی دوورودرێژ لەو بوارەدا كاریان كردبوو.
بارزانی نهمر و مورتهزا حهدیسی – باڵهكایهتی
❊ ئەگەر بە شێوەیەكی تەواو رێككەوتنی 11ی ئادار جێبەجێ كرابا، ئەوا بەم رۆژگارە نەدەگەیشتین، رای ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
ــ بەیاننامەی رێككەوتنی 11ی ئاداری نەمر، لە 15 بەند پێكهاتبوو، ناوە ناوەش هەندێ بڕگەی درێژی تێدابوو، كە پێویستییان بە روونكردنەوەی زیاتر بوون، بەتایبەتیش بەندەكانی 3 و 6و 7 و 10 هەر هاوڵاتییەكی عێراقی كورد یان عەرەب لێی رابمێنێ، وای دەبینێ كە ئەم رێككەوتننامەیە گرەنتی راستەقینەی مافی هەموو عێراقییەكانی بە شێوەیەكی دادپەروەرانە تێدابووە، هیوای هەر عێراقییەك بوو كە ئارەزووی پێكەوەژیانێكی راستەقینەی هەبوو، منیش وای دەبینم، ئەم رێككەوتنە مایەی ئارامی راستەقینە و گرەنتیی سەقامگیری و یەكگرتوویی عێراقە.
❊ تا كەی گفتوگۆی نێوان كورد و حكوومەتی عێراق بەردەوام بێت، بەتایبەتیش لە سەرەتای هەر قۆناغێكی ناسك لە قۆناغە نوێیەكانی عێراقدا، ئایا بەردەوامبوونی گفتوگۆ بەڵگەی هەڵاتنە لە واقیع یان ئەوەتا گفتوگۆكارە عێراقییەكان لەم بوارەدا ئەزموونییان نییە؟
ــ بەیاننامەی رێككەوتنی 11ی ئادار، بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێكی بەهێز و یەكگرتووی عێراق بوو، كە مافی هەمووانی بەبێ جیاوازی گرەنتی دەكرد، هەندێ ئارەزوو هەبوو بەڵام لە لای ئەو كەسایەتییانە نا كە بەشداری بەدەستهێنانی ئەو سەركەوتنە گەورەیان نەكردبوو، مەبەستیان بوو رێككەوتنەكە بپوكێننەوە، لە رێی دەسكەوتنی هەندێ دەسكەوت، وەك وروژاندنی گیانی نەتەوەیی كە لەگەڵ بیر و ئاواتی نیشتمانپەروەرانی كورد و عەرەب ناكۆك بوو، بۆیە هیوای گەڕانەوە بۆ رێككەوتننامەی 11ی ئادار دەخوازم، بۆ ئەوەی رێككەوتنی 11ی ئادار لە هەر رێككەوتنێكی ئاییندە بكرێتە بنەما بۆ بەدیهێنانی جێگیری و ئارامی بۆ وڵات.
❊ هیچ زانیارییەكتان دەربارەی هەڵوێستی مورتەزا حەدیسی بەرامبەر كورد بە شێوەیەكی گشتی و مەلا مستەفا بارزانی بەتایبەت هەیە؟
ــ هەڵوێستی خوالێخۆشبوو مورتەزا حەدیسی بەرامبەر بە كورد، لە تێڕوانینی دانیشتوانی رۆژئاوای عێراق بەشێوەیەكی گشتی جیاواز نییە، چونكە هەندێ ویكچوون لە دابونەریت و رۆشنبیری هەیە، جگە لەوە هەندێ لە دانیشتوانی ناوچەكەی ئێمە وای دادەنێن، عەشیرەتی ئێمە عەشیرەتێكی كوردییە، لە ناوچە كوردییەكانی (باكووری عێراق) كۆچیان كردووە، لە ناوچەی جەزیرە لە شاری حەدیسە ناوەڕاستی رووباری فورات نیشتەجێ بوونە، قەڵایەكی پتەویان بنیاتناوە، بۆیە پێیان گوتراوە خەڵكی قەڵا، هەندێ جاریش پێیان دەڵێن ئاغا، جگە لەوە مورتەزا بەرپرسی بەرەی نیشتمانی بوو، ئەو بەرەیەش بەرپرس بووە لە رێكخستنی پەیوەندیی حزبی بەعس بە حزبەكان، ئەو پەیوەندییە لەگەڵ خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی و هەندێ كەسایەتیی حزبی شیوعی، بەتایبەتیش لەگەڵ بەرێز عەزیز محەمەد هەر بەردەوام بوو.
❊ راتان لەبارەی پەنابردنی بەغدا بۆ هەڵگرتنی چەك چییە، ئایا چارەسەر لە رێی گوشاری سەربازییەوە دەبێت؟
ــ چەك هیچ كات و بۆ هەر پرسێك چارەسەر نەبووە.
❊ هۆی لەسێدارەدانی مورتەزا حەدیسی چی بوو؟
ــ حزبی بەعس چوار كۆڵەگەی هەبوو كە بریتی بوون لە ئەحمەد حەسەن بەكر وەك رەمز و هێمنی و سیفاتی دیكە، عەبدولخالق سامەڕائی وەك فەیلەسوفی حزب، مورتەزا حەدیسی سیاسەتمەدار و دیپلۆماتكاری حزب، سەدام حوسێن سەرچاوەی هێزی حزب، ئەوانە دەیانتوانی تموحی سەدام رابگرن، بەهۆی بوونی ئەو سێ كەسە، سەدام نەیدەتوانی سەركردایەتی عێراق بكات، بۆیە سەدام بۆ گەیشتن بە كورسی، لەناوبردنی ئەوانی بە پێویست زانی، یەكەم جار بە ئەحمەد حەسەن بەكر دەستی پێكرد، لەرێی كۆدەتایەكی نهێنییەوە، ناچاری كرد واز لە دەسەڵات بێنێ، دواتر سەدام بانگەشەی ئەوەی كرد پیلانێك هەیە، بۆ ئەوەی ئەوانی دیكە لەناو ببات، جێی پێكەنینە كە عەبدولخالق سامەڕائی ماوەیەكی زۆر لە زیندان بوو، كەچی بەوە تۆمەتبار كرا كە لەگەڵ پیلانەكەدایە، ئایا دەچێتە عەقڵەوە زیندانییەك بەشداری لە پیلانێك بۆ گۆڕینی دەسەڵات بكات؟.
مورتەزا حەدیسی ساڵی1979 لە یەكێتی سۆڤیەت بوو، دواتر نێردرایە ئیسپانیا وەك باڵیۆز بەڵام چەند رۆژێك وەك باڵیۆز كاری كرد و داواكرا بگەڕێتەوە عێراق، ساڵی 1980 لەسێدارە درا. بەڵام كاتی خۆی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی، بە مورتەزا حەدیسی گوتبوو ئاگات لە خۆت بێت و لە سەدام وریابە، ئەمە راست دەرچوو، ئەوەی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی پێشبینی كرد روویدا، ساڵی1980 مورتەزا سەعید حەدیسی بە15 ساڵ حوكمدرا و زیندانی كرا، بەڵام ساڵێك لە زیندان نەمایەوە، سەدام لەسێدارەی دا، ئەمەو براكەشی كوردی سەعید حەدیسی لەسێدارەدا، هەروەها لە هەمان كاتدا محەمەد سەبری حەدیسی و شوكری سەبری حەدیسی گرت، محەمە سەبری لەسێدارەدا و شوكریش ئازاد كرا، كە ئەوانیش لە بنەماڵەی ئێمە بوون.
لەبارەی ژیاننامەی مورتەزا سەعید حەدیسی، د.كەرامی گوتی:
❊ ساڵی1941 لە حەدیسەی سەر بە پارێزگای ئەنبار لەدایك بووە.
❊ سەر بە عەشیرەتی بەیاتییەكانی حەدیسەیە، لە حەدیسە بە ئاغا ناسراون، ئەم ناوەش وای لە زۆر مێژوونووس كردووە نەسەبی ئەم عەشیرەتە بۆ نەتەوەی كورد بگێڕنەوە.
❊ ساڵی1955 پەیوەندی بە حزبی بەعسەوە كردووە و ساڵی1964 بووەتە ئەندامی سەركردایەتی.
❊ مامۆستایەتی كردووە و دواتر یاسا و سیاسەتی تەواوكردووە.
❊ ساڵی1969 بووەتە سەرۆكی نووسینگەی كاروباری كوردی.
❊ لە چەند جەولەیەكی گفتوگۆ لەگەڵ سەركردایەتی كورد بەشداربووە، تا لە 11 ی ئاداری1970 رێككەوتن كرا.
❊ كراوەتە سەرۆكی لیژنەی ئاشتی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی 11ی ئاداری .1970
❊ لە كۆتایی ساڵی1971 كراوەتە وەزیری دەرەوە تا 23ی حوزەیرانی 1974.
❊ ساڵی1980 لە سێدارە دراوە.
تێبینی: وێنەكان لە ئەرشیفی بنەماڵەی مورتەزا حەدیسییەوە پێشكەش بە خەبات كراون.