شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری، سه‌ركرده‌یه‌ك عه‌رشی عوسمانلی و قاجاری هێنایه له‌رزه
ئامادەکردنی: زاهیر سدیق
ئه‌م پاشكۆیه شه‌شه‌مین كاری هاوبه‌شی كه‌ناڵی خاك و كوردستانی نوێیه، كه بریتییه له‌به‌رنامه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری، ئه‌م به‌رنامه‌یه كاتی خۆی له‌كه‌ناڵی خاك به‌ئه‌ڵقه بڵاوبووه‌ته‌وه و میدیاكار زاهیر سدیق بۆ ته‌له‌فزیۆن ئاماده‌ی كردووه. وا ئه‌مڕۆش ئێمه جارێكی تر له‌دووتوێی پاشكۆیهكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ دا بڵاوی ده‌كه‌ینه‌وه.
شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری سه‌ركرده‌ی مه‌شرق و مه‌غریبی كوردستان یه‌كێكه لهشۆڕشگێڕهكانی كوردی سه‌رده‌می سوڵتانی عوسمانی و ئێرانی قاجاری، كه به‌سیاسه‌تی حه‌كیمانه‌ی توانی عه‌رشی سوڵتانی عوسمانی و قاجاری بێنێته له‌رزه، ئه‌م پیاوه بلیمه‌ته كوڕی بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئاینییه، كه دچنهوه سه‌ر ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی. ئه‌و ته‌ریقه‌ته‌ی كه مه‌ولانا خالید دامه‌زرێنه‌ری بووه، شێخی نه‌هری و بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌ژێر كاریگه‌ری ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی و مه‌ولانا خالید دا په‌ره‌یان به ئاین و ئیمانداری و ته‌ریقه‌ت داوه، شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هریش له‌دیوه‌خانی ئه‌و ته‌ریقه‌ته‌وه قه‌ڵمبازی داوه بۆ شۆڕش و شۆڕشێكی مه‌زن كه سه‌رتاسه‌ری كوردستانی گرتووه‌ته‌وه. ئه‌م شێخه مه‌زنه له‌ته‌ریقه‌ت و ئاینه‌وه به‌ره‌و شۆڕش په‌لی كوتا و توانی شۆڕشێكی پڕمهزن تۆماربكات، شۆڕشێك وه‌ك مامۆستا سه‌ڵاحه‌دینی موهته‌دی ده‌ڵێت یه‌كه‌مینه «به‌ئیراده‌ی عمومی گه‌لی كورد». له‌ماوه‌ی ساڵانی شۆڕشگێڕیدا ئه‌و شتانه‌ی ئه‌و كردنی بۆ ئه‌مڕۆش شتێكی نوێیه، یه‌ك له‌وشتانه ئه‌وه بوو كه شێخ عوبه‌یدوڵڵا گرنگی بهكهمینهكانی ناو خاكی كوردان دا، هه‌ر بۆیه لهشۆڕشهكهی شێخ عوبه‌یدوڵڵا كه‌مه نه‌ته‌وه‌كانی وه‌ك ئه‌رمه‌ن و ئاشوری و مه‌سیحییه‌كان به‌شدارییه‌كی كاریان هه‌بووه. جابۆیه شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵا شۆڕشی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی كوردستان بووه. ناوچه‌ی شه‌مزینان له ویلایه‌تی هاكاری كاریگه‌ری ئه‌وانی له‌سه‌ر بووه و ملكه‌چی بیروبڕوای ئاینی ئه‌وان بوون و ده‌سه‌ڵاتی ئاینی ئه‌م خانه‌واده‌یه فراوان بوون.
شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری توانی ته‌واوی سه‌ركرده‌و سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانی خێڵات له‌ده‌وری خۆی كۆبكاته‌وه و قه‌ناعه‌تیان پێبێنێ كه هه‌موو به‌یه‌كه‌وه و به‌یه‌ك ده‌سته شۆڕش بكه‌ن، ئه‌مه‌ش یه‌ك له‌و كارهگرنگانهی شێخه كه هیچ كام له‌سه‌ركردایه‌تی كورد توانای ئه‌وه‌ی نه‌بووه، كۆی سه‌رۆك هۆزه‌كانی كوردستانی گه‌وره كۆبكاته‌وه و باوه‌ڕیان پێ بهێنێ، پاشان به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵا شۆڕشێكی گشت گیر و یه‌ك پارچه كوردستانی بووه و له‌كوردستانی ئێرانی قاجاری تا كوردستانی عوسمانی. شێخ پیاوێكی كراوه و چالاك بووه و هه‌میشه له‌هه‌وڵی ده‌وڵه‌تداریدا بووه و ژیانی هاوڵاتی ومرۆڤی كوردستانی به‌لاوه گرنگ بووه، چ له‌ڕووی ئاسایش و ئه‌مانه‌وه، چ له‌ڕووی سیاسی و ئابووری و ژیانه‌وه. هه‌ر بۆیه شێخ عوبه‌یدوڵڵا ناوبانگ و شۆره‌ته سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی له ناوبانگی ئاینی زیاتربووه و ناوی رۆشتووه. لازاریفیش به‌خۆڕا نه‌بووه سه‌باره‌ت به‌شێخ عوبه‌یدوڵڵا وتویه‌تی: لای شێخ عوبه‌یدوڵڵا ده‌سه‌ڵات ته‌نها له‌وه‌دا نه‌بووه كه پیاوێكی ته‌ریقه‌تی بووه له ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی، به‌ڵكه خاوه‌نی موڵكێكی زۆر بووه دووسه‌د گوندی هه‌بووه له‌كوردستانی توركیا تا كوردستانی ئێران. زۆرێك له‌شاره‌زایانی بواری سیاسه‌ت له‌باره‌ی شێخی نه‌هرییه‌وه به‌جۆرێك قسه‌یان كردووه كه ئه‌م پیاوه مه‌زنه شۆڕشگێڕ و پیاوێكی به‌توانا بووه. سیاسه‌ت و شۆڕشه‌كه‌ی دروست وپڕو سه‌ركه‌وتووانه باس ده‌كه‌ن و هه‌ندێك له‌سه‌رچاوه به‌ریتانییه‌كان باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه لهشۆڕشهكهی شێخ عوبه‌یدوڵڵادا كه پێنج هه‌زار عه‌ره‌ب په‌یوه‌ندیان به له‌شكری شێخ عوبه‌یدوڵڵاوه كردووه ئه‌مه‌ش سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه كه شێخ عوبه‌یدوڵڵا سه‌ركرده‌ی نه‌ته‌وه‌كانی كوردستان بووه و گرنگی به‌هه‌موو چین و توێژه‌كان داوه و له‌دوای ڕووخان و داته‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی میرنشینه‌كان شێخ عوبه‌یدوڵڵا ده‌ركه‌وتووه و به‌هێزو گوڕێكهوه شۆڕشی كردووه‌و له‌و قۆناغه‌دا توانیوێتی ده‌وڵه‌تی قاجاری و عوسمانی بێنێته له‌رزه‌و ئهوروپاییهكانیشی تووشی شۆك كردووه، ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی دوژمنی ترساندبوو ئه‌وه‌بووه شێخ پیاوێكی وریا‌و زیره‌ك بووه‌و خه‌ونی یه‌كگرتنی میلله‌تی كوردی هه‌بووه‌و هه‌وڵیشی داوه ته‌واوی میلله‌ت یه‌ك بگرێت و به‌یه‌ك ده‌سته شه‌ڕی دوژمن بكه‌ن، وه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌كانی به‌ریتانیای ئه‌و رۆژگاره دانیان ناوه به‌وه‌ی شێخ بووه به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد یه‌ك بگرێت و خه‌ڵكی كوردیش به‌چاوی رێزه‌وه لێی ده‌ڕوانن و له‌ناو كه‌مینه نه‌ته‌وه‌كانی تریشدا رێزی زۆری لێ نراوه‌و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی به‌هێزی هه‌بووه، هه‌ر ئه‌مه‌ش بوه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی تورك و ئێرانی و روس وئینگلیزهكان به‌ترسه‌وه سه‌یریان كردووه‌و به‌هه‌موویانه‌وه هه‌وڵی سه‌ركوتكردنی شۆڕشه‌كه‌یان داوه.
شێخ عوبێدوڵڵای نه‌هری ئه‌و مه‌زنه شۆڕشگێڕه‌ی كه ته‌مه‌ن و تێكۆشانی زۆر له‌نووسه‌ر و سیاسه‌تمه‌دار و لێكۆڵیارانی دنیا گرنگیان پێداوه، به‌چه‌شنێك له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه، زۆر لهخهمخۆران و دڵسۆزانی گه‌له‌كه‌مان به‌بایه‌خه‌وه لێیان ڕوانیوه، چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌ی گرنگمان له‌م باره‌یه‌وه له‌به‌ر ده‌ستدایه، ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه وه‌ك سامانێكی گه‌وره‌ی مێژوویی بوونه‌ته چرای سه‌رده‌مانێكی تاریك و له‌وێوه كه ئاوڕ له‌مێژووی خه‌بات و تێكۆشانی گه‌له‌كه‌مان ده‌ده‌ینه‌وه به‌حه‌ق ده‌بێ شانازی به‌و هه‌وڵانه‌وه بكه‌ین كه شێخ عوبه‌یدوڵڵا توانی پێگه‌یه‌ك بۆ بیری نه‌ته‌وه‌یی خۆی وخه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی گه‌لی كورد بنه‌خشێنێ.
قاجارییه‌كان وعوسمانییه‌كان به‌شێكی زۆری خاكی كوردستانیان پاوانكردبوو
خه‌بات و تێكۆشانی شێخی نه‌هری له‌كاتێكدا بوو كۆمه‌ڵی كوردی له‌وپه‌ڕی په‌رته‌وازه‌یی و نهداریدابوو، قاجارییه‌كان وعوسمانییه‌كان به‌هۆی له‌شكركێشی بۆ سه‌ریه‌ك تر به‌شێكی زۆری خاكی كوردستانیان پاوانكردبوو، دانیشتوانه‌كه‌یان كردبووه قوربانی هه‌موو جه‌نگه سه‌خت وخوێناوییهكانی نێوانیان، به‌چه‌شنێك هه‌تا له‌كاتی نه‌مانی شه‌ڕو به‌ستنی په‌یماننامه‌كانی نێوانیان هه‌ر له‌سه‌ر حیسابی خاك و نیشتمانی ئێمه‌بوو كه دیارترینیان په‌یماننامه‌كانی 1630ی زه‌هاو و 1746ی نادر شا و 1823ی ئه‌رز رومی یه‌كه‌م و 1847ی ئه‌رز رومی دووه‌م كه دوا ده‌رئه‌نجام دووپارچه‌ی گه‌وره‌ی كوردستان له‌یه‌ك ترازان و دوو ده‌سه‌ڵاتی جیاواز له‌دوو ئه‌قاری جیاواز كوردستانیان دابه‌ش كرد به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تێكی شیعی و ده‌وڵه‌تێكی سوننی، ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته دوو زمانی فه‌رمی جیاواز و دوو فه‌رهه‌نگی جیاواز‌و دووجۆر رێكخستنی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری جیاوازیان هه‌بوو، هه‌موو ئه‌م جیاوازییانه‌و جیاوازییه‌كانی هه‌ر دوو ناوچه‌كه‌ی كوردستانیان قوڵتر كرده‌وه. له‌و سه‌رده‌مه دژوار‌و ئاڵۆزه‌دا شێخی نه‌هری وه‌ك رابه‌رێكی مه‌زن به‌رنامه‌و ئامانجێكی سیاسی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد ڕاگه‌یاند.
شێخ عوبێدوڵڵا كوڕی شێخ ته‌هایه له‌ساڵی 1830یان وه‌ك هه‌ندێك سه‌رچاوی تر ده‌ڵێن له‌ساڵی 1831له‌دایكبووه وه‌فایی شاعیر ده‌ڵێت شێخی نه‌هری خوێنده‌وارێكی باڵاده‌ست و شاعیرێكی به‌ده‌سه‌ڵات بوو، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت كاتێك ئه‌و زاته له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات دانیشت، رۆژگار بووه رۆژگارێكی دیكه و سه‌رده‌مێكی رێكوپێكتر هاته كایه‌وه، ئه‌م زاته له‌ته‌مه‌نی سی و چوار ساڵیدا بووه جێنشینی و رابه‌ری ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی و ده‌بێته یه‌كه‌م رابه‌ری ئاینی كه جڵه‌وی جوڵانه‌وه‌یه‌كی سیاسی گه‌وره له‌ئه‌ستۆ بگرێ، مامۆستا محه‌مه‌د حه‌مه باقیش ده‌ڵێت: له‌و رۆژه‌وه كه ته‌ختی رابه‌ڕایه‌تی ته‌ریقه‌ت به‌وجودی موباره‌كی رازایه‌وه تا له‌دنیا ده‌رچوو له‌ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌رو ته‌نانه‌ت ناوچه دووره‌كانیش هیچ زۆردارێك توانای ئه‌وه‌ی نه‌بوو ده‌ستدرێژییه‌كی بچكۆله‌ش بكاته سه‌ر كه‌سێكی بێ ده‌سه‌ڵات.
شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌سه‌رده‌می لاوێتی خۆیدا به‌چاوی خۆی رووخانی میرنشینه‌كانی كوردی بینی
محه‌مه‌د حه‌مه باقی: شێخ عوبێدوڵڵای نه‌هری كوڕی سه‌ید ته‌های نه‌هرییه، سه‌ید ته‌های نه‌هری خه‌لیفه‌یه‌كی به‌ناوبانگ بوو گه‌شه داكوتراوی مه‌ولاناخالیدی نه‌قشبه‌ندییه، مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی له‌دوای سه‌رهه‌ڵگرتنی له‌سلێمانییه‌وه بۆ شام، له‌پاش خۆی دوو خه‌لیفه‌ی به‌ناوبانگی خۆی له‌ناوچه‌كه‌دا به‌جێهێشت، یه‌كێكیان شێخ عوسمانی سیراجه‌دین بوو، ئه‌وی تریان سه‌ید ته‌های نه‌هری بوو، ئه‌مانه له‌رێگای بڵاو كردنه‌وه‌ی ته‌ریقه‌تی نه‌قشییه‌وه بنكه‌یه‌كی به‌ربڵاوی جه‌ماوه‌رییان هه‌بوو كه به‌رێزه‌وه ته‌ماشا كراون، چونكه ئه‌مان له‌ژیانی خۆیاندا حوكمی ته‌ریقه‌تی نه‌قشی وای كردووه كه ئه‌وان داكۆكی له‌مافی ژێرده‌ست و ماف خوراوان بكه‌ن، خه‌ڵك به په‌رۆشه‌وه داكۆكی لێ كردوون و تێ‌یان ئاڵاوه، شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌سه‌رده‌می لاوێتی خۆیدا به‌چاوی خۆی رووخانی میرنشینه‌كانی كوردی بینی كه له‌كۆتایی نیوه‌ی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا له‌شكركێشییه‌كانی عوسمانی له‌ناوی بردن، به‌تایبه‌تی ئه‌و به‌رله‌وه‌ی بێته ناوچه‌ی دوایی ژیانی له‌میرنشینی بۆتان بووه، به‌چاوی خۆی له‌شكركێشییه‌كانی عوسمانی بینیوه به‌سه‌ر میرنشینی بۆتان.
شاری دیلمان بووه مهڵهبهندێك بۆ فرۆشتنی منداڵی كورد
د. عه‌بدوڵڵا عه‌لی ئاوایی: له‌پاش ئه‌وه‌ی ئیماره‌ته كوردییه‌كان شه‌رعییه‌تیان به‌ده‌ست هێنا به‌گوێره‌ی په‌یمانێك له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌ساڵی 1515 ئیتر دوای ئه‌وه سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی عوسمانی ئه‌و ئیماره‌تانه‌ی یه‌ك له‌دوای یه‌ك له‌ناوبرد، ده‌بینین له ساڵی 1851 ئیماره‌تی بابان كۆتایی پێهێنرا، له‌ساڵی 1851 تا ساڵی 1879 له‌و ماوه‌یه بۆشاییه‌كی سیاسیمان هه‌یه له‌مێژووی كورد ئه‌ویش نه‌مانی سه‌ركرده‌ی سیاسی كورده، چونكه میرنشینه‌كان ده‌سه‌ڵاتیان نه‌مابوو، له‌هه‌مان كاتدا سه‌رۆك عه‌شایه‌رمان هه‌بوو له‌گه‌ڵ ئاغاواتهكان، ئه‌وان نه‌یانده‌توانی ئه‌و خه‌ڵكانه له‌ده‌وری خۆیان كۆبكه‌نه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌نێوان یه‌كتریدا ناكۆك بوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌خۆیان خه‌ڵكی كوردیان ده‌چه‌وسانده‌وه، ئینجا له‌و حاڵه‌ته‌دا باشترین حه‌ل رێگای ئاینی بوو، ئه‌و رێگا ئاینییانه یاخود ئه‌و شێخی ته‌ریقه‌ته ئاینییانه له‌كوردستان ده‌ورێكی باڵای هه‌بوو له‌ناوخه‌ڵكدا تاوه‌كو گیرگرفتیان نه‌هێڵن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه له‌خۆیان كۆبكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌دوا رۆژ شتێك بكه‌ن، كورده‌كان له‌ده‌وری خۆیان كۆبكه‌نه‌وه، ئینجا ئه‌وه بوو ئه‌و فه‌راغه سیاسییه وای كرد كه شێخانی ته‌ریقه‌ت رۆڵێكی زۆر زۆر گرنگ ببینن، به‌تایبه‌تیش ئه‌و كات بارودۆخی كورد له‌و په‌ڕی ناخۆشیدا بوو، ده‌وڵه‌تی عوسمانی دووشه‌ڕی سه‌ختی له‌گه‌ڵ روسیای قه‌یسه‌ری كردبوو له‌ساڵی 1853 و 1856 شه‌ڕی قرمی پێده‌گوترێ له‌ساڵی 1877و 1878یش ئه‌م دوو شه‌ڕه وای كردبوو له‌كوردستان نا ئارامییه‌ك و ناخۆشیه‌كی زۆر بڵاوبووبووه‌وه و باجی زۆریان له‌كورد ئه‌سه‌ند، ته‌نانه‌ت وای لێهات، ساڵی دوو جار باجیان له‌كورده‌كان ده‌سه‌ند، جگه له‌وه‌ش ئاغا‌كان وسه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانیش باجیان له‌كورد ئه‌سه‌ند، تا وای لێهات شاری دیلمان بوو بووه مهڵهبهندێك بۆ فرۆشتنی منداڵی كورد، له‌ساڵی 1879 وای لێهات خه‌ڵكی له‌برسا ئارامی نه‌مابوو، له‌گوند و له‌شاره‌كان ده‌ستی به‌سه‌ر ورگی خۆی داده‌نا و ده‌گه‌ڕا و ده‌یگوت من برسیمه، ساڵی 1879 ناوی لێ‌نرا به‌ساڵی ئه‌من برسیمه، ئینجا له‌و كاته‌وه شێخ عوبه‌یدوڵڵا ته‌كییه‌كه‌ی كردبووه‌وه بۆ ئه‌و كورده لێقهوماوانهو رۆژانه دووسه‌د تا پێنج سه‌د كه‌س سێ ژه‌مه له‌وێ نانیان لهتهكییهكهی شێخ عوبێدوڵڵا ده‌خوارد و له‌به‌ر هه‌ندێك هه‌ر له‌وێ نازناوی باوكی كورد به‌شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری درا.
سدیق ساڵح: شێخ عوبه‌یدوڵڵا لایهنگرومرید و دۆستێكی زۆری له‌ناوچه جیاجیاكانی كوردستاندا هه‌بووه، هه‌تا له‌شاری مهاباد خانه‌قای هه‌بووه، وه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئینگلیز خۆیان ئیشاره‌تی پێده‌ده‌ن رۆژانه له پێنج سه‌د هه‌تا هه‌زار میوانی هه‌بووه، ئه‌مانه دۆست ولایه‌نگری بوون و بره‌ویان بهتهریقهتهكهی داوه، له‌ناوچه‌كانی خۆیاند، شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری له‌هه‌موو كاتێكدا توانیوێتی خه‌ڵكێكی زۆری چه‌كدار له‌ده‌وری خۆی كۆبكاته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌وڵه‌تی عوسمانیش سوودی له‌ناو ونفوزی وه‌رگرتووه، له‌و شه‌ڕانه‌دا كه له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌ری خۆیدا كردویه‌تی له‌وانه شه‌ڕی هه‌ره‌دیار یان شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی روس و عوسمانییه له‌ساڵی 1877دا كه هێزه‌كانی شێخ عوبه‌یدوڵڵا شان به‌شانی هێزی عوسمانی به‌شداریان كردووه.
به‌خۆی و هێزێكه‌وه له‌قۆڵی بایه‌زیده‌وه به‌شداری جه‌نگ ده‌كات
شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری له‌ئاوایی نه‌هری ناوچه‌ی شه‌مزیناندا ژیاوه، ئه‌وكات ئه‌و ناوچه‌یه سه‌ر به ویلایه‌تی هاكاری بوو. له‌ڕووی جوگرافیاوه كه‌وتبووه ناوجه‌رگه‌ی كوردستان و هه‌ر له‌وێوه شێخ ڕابه‌رایه‌تی رێكخراوێكی فراوان و به‌ربڵاوی ده‌كرد، كه پێكهاتبوو له‌سه‌دان خه‌لیفه و مرید و سۆفی ناوچه جیاجیاكان، له‌ساڵی 1877 جه‌نگ له‌نێوان ڕوسیا و عوسمانییه‌كان به‌رپابوو، سوڵتان عه‌بدولحه‌مید بانگی جیهادی دا، هه‌ندێ سه‌رچاوه ئه‌ڵێن شێخ عوبه‌یدوڵڵا دره‌نگ به‌پیر بانگه‌وازه‌كه‌ی سوڵتانه‌وه چوو، سه‌ره‌تا ویستویه‌تی خۆی له‌و شه‌ڕه لابدات، به‌ڵام دواجار به‌خۆی و هێزێكه‌وه له‌قۆڵی بایه‌زیده‌وه به‌شداری جه‌نگ ده‌كات و ئاكامی شه‌ڕه‌كه‌ش به‌سه‌ركه‌وتنی روسه‌كان كۆتایی دێت.
شێخ عوبه‌یدوڵڵا بڕیاری نه‌داوه، به‌ڵكو ئه‌مه نه‌ریتێك بووه، پێشتر بوه‌ته ڕه‌وشت روس غه‌یره دینه
محه‌مه‌دی حه‌مه باقی: روس ده جه‌نگی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ عوسمانی‌دا كرد، دوو جه‌نگیان شێخ عوبه‌یدوڵڵا به‌چاوی خۆی بینیوێتی و به‌شداری تێدا كردووه، شه‌ڕی قرم له ساڵی 1856 ئه‌وكاته مامی شێخ محه‌مه‌د شێخ ساڵح كه جێنشینی باوكی بووه، ئه‌و ئه‌وكات حوكمی غه‌زا و جیهادی داوه بۆ پشتیوانی كردنی عوسمانی له‌دژی روس به‌شداری شه‌ڕیان كردوه، دوای مه‌رگی باوكی كه ئه‌م ڕابه‌رایه‌تی ته‌ریقه‌تی نه‌قشی ده‌كرد، له‌سه‌رده‌می ئه‌مدا ساڵی 1877بۆ ساڵی 1878 دواین شه‌ڕی عوسمانی وروسی شێخ عوبه‌یدوڵڵا سه‌ركردایه‌تی ئه‌و غه‌زایه‌ی كردووه كه كوردان پشتیوانیان لهعوسمانییهكان كردووه، شێخ عوبه‌یدوڵڵا بڕیاری نه‌داوه، به‌ڵكو ئه‌مه نه‌ریتێك بووه، پێشتر بوه‌ته ڕه‌وشت روس غه‌یره دینه و كوردان به‌حوكمی ئه‌وه‌ی ئیسلامن و ئه‌وانیان به‌كافر زانیوه، كورد بۆ پشتیوانی كردن له‌م سه‌نگه‌ره‌ی خۆیه‌وه داكۆكی لهعوسمانییهكان كردووه، ئه‌مه دوایی به‌خراپ شكایه‌وه، وه‌ك له‌كتێبه‌كه‌دا به‌به‌ڵگه هێناومه‌ته‌وه ویستویه‌تی پاشكشێی لێ بكات و خۆی لێ دزیوه‌ته‌وه و دره‌نگتریش به‌پیر بانگه‌وازی عوسمانییه‌وه چووه، به‌پیر ئه‌و سهرلهشكره عوسمانیانهوه چووه كه له‌ناوچه‌كه‌دا داوایان لێ كردون خه‌ڵكیان بۆ خڕكاتهوه، ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌میشی له‌گه‌ڵ خۆیدا بردووه، ئه‌و ژماره زۆره نییه كه له‌شه‌ڕه‌كانی تری عوسمانی و روسی كورد تێكه‌ڵ غه‌زا بووه، به پێچه‌وانه‌وه شێخ ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌می بردووه و به‌هه‌لی زانیوه له‌م كاته‌دا و له‌م به‌شداری كردنه‌دا زۆرترین چه‌كی ده‌ست بكه‌وێت، چونكه شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌زنجیره‌یه‌ك ناكۆكیدا له‌ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی قاجاریدا و به‌تایبه‌تی له‌ناوچه‌ی موكریان و ورمێ‌دا كه هه‌یبووه، گه‌لێك شه‌ڕی درێژخایه‌نی له‌گه‌ڵ سه‌رانی قاجاریدا كردووه، له‌وێدا هه‌ستی به‌وه كردووه پێویستی به‌وه‌یه چه‌كی هه‌بێ، له‌م غه‌زایه‌دا، واته له‌م جیهاده‌دا، له‌م شه‌ڕه‌ی ساڵی 1877- 1878 چه‌كی زۆری ده‌ستكه‌وت و هاته‌وه بۆ ناوچه‌كه‌ی خۆی پێش ئه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه ته‌واو بێت، وه‌ك دیاره وه‌ك نیشانه‌كانی راپۆرتنووس و كوردناسه‌كان ئه‌ڵێن ئه‌م چه‌كه گه‌ورانه‌ی بۆ مه‌به‌ستێك هێناوه‌ته‌وه كه دواتر له‌شۆڕشی 1880به‌كاری هێنان.
چاكتر ئاگاداری دیوی ناوه‌وه‌ی ئیمبراتۆریه‌تی عوسمانی بوو
شێخ عوبێدوڵڵا له‌و جه‌نگه‌دا ئه‌زموونی گه‌وره‌ی وه‌رگرت و چاكتر ئاگاداری دیوی ناوه‌وه‌ی ئیمبراتۆریه‌تی عوسمانی بوو، سروشتی دینی و ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌كانی ناسی و نفوزی كاریگه‌ری بێگانه و له‌په‌یوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تان تێگه‌یشت و چاكتر ئاگاداری هه‌لومه‌رجی ژیانی ناله‌باری خه‌ڵكی كوردستان بوو، هه‌ندێك چه‌ك وتفاقی جه‌نگی ده‌ستكه‌وت له‌وانه‌ش زیاتر ئه‌زموونی جه‌نگی په‌یدا كرد، روسه‌كانیش په‌یمانی سان ستیڤانۆ یان له‌گه‌ڵ عوسمانییه‌كان مۆركرد كه له‌و په‌یماننامه‌یه‌دا كۆمه‌ڵێك مه‌رجیان به‌سه‌ر عوسمانییه‌كاندا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌رمه‌نییه‌كان فه‌رز كرد.
روس مه‌رجی له‌سه‌ر
عوسمانییه‌كان دانا
محه‌مه‌د حه‌مه باقی: له‌م دوا شه‌ڕه‌دا بهئاشكراتر و پێشتریش له‌شه‌ڕه‌كانی تری روس و عوسمانی‌دا هه‌روابووه، ئه‌رمه‌نییه‌كان به‌حیسابی ئه‌وه‌ی مه‌سیحین وهاودینن له‌گه‌ڵ روسه‌كاندا و له‌قه‌ڵه‌مڕه‌وی ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌كاندا زۆریان لێ كراوه، له‌م شه‌ڕانه‌دا روس له‌گه‌ڵ عوسمانی كردوویه‌تی، چ به‌ئاشكرا و چ به‌نهێنی پشتیوانیان له له‌شكری روس كردووه، له ئه‌نجامی ئه‌م كاره‌دا روس بۆ چاكهدانهوهی ئه‌رمه‌نه‌كان له‌یه‌كه‌م دانیشتنی سه‌رانی روس و سه‌رانی عوسمانی‌دا لهسانستیڤانۆ كه له‌مێژووی 3ی3ی 1878دا ئه‌و دانیشتنه‌یان كردووه روس وه‌ك چاكه‌دانه‌وه به‌ئه‌رمه‌نه‌كان كه له‌وشه‌ڕانه‌دا ڕێنوێنی و پیاوه‌تی و چاكه‌یان له‌گه‌ڵ له‌شكری روسدا كردووه و هاوكات بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ش له‌كورد كه له‌و شه‌ڕانه‌دا پشتیوانیان لهعوسمانییهكان كردووه ناوچه‌كانی كورد وناوچه‌كانی ئه‌رمه‌نی كه ئه‌ڵقه‌ی یه‌كن و تێكه‌ڵی یه‌كن، بۆ ئه‌وه‌ی گێرمه‌و كێشه‌یه‌كی گه‌وره بۆ كورد دروست بكه‌ن، روس له‌و دانیشتنه‌ی سانستیڤانۆ دا مه‌رجی له‌سه‌ر عوسمانییه‌كان دانا، ئه‌بێ یه‌كێك له‌مه‌رجه‌كان ئۆتۆنۆمییهك، یان خودموختارییهك بدات به‌ئه‌رمه‌نه‌كان له‌ناوچه‌كانی خۆیاندا ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست خۆیانه‌وه بێت و خۆیان به‌ڕێوه ببه‌ن، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی ئینگلستانی گه‌وره‌ی ئه‌و كاته، ئه‌ڵمانیا و نه‌مسای ئه‌و كاته ئه‌م بڕیار و مه‌رجه‌ی روسیایان به‌سه‌ر عوسمانیه‌وه به‌مه‌ترسی ئه‌زانی بۆ داهاتووی خۆیان، چونكه ئه‌گه‌ر روس ئه‌مه بكات ئه‌رمه‌نه‌كان ئه‌بن بهیارمهتیدهرێكی هه‌میشه‌یی بۆ روسه‌كان كه روسه‌كان بۆ داهاتوویان شوێن پێیان به‌رده‌وام له‌ناوچه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌وی عوسمانی دا ئه‌بێ، هاوكات بۆهاتوچۆی كاری بازرگانی ئینگلیز و ئه‌ڵمان رێگایان به‌ره‌و هیندوستان نامێنێ، له‌به‌ر ئه‌وه چرپه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌رباری عوسمانی و سوڵتاندا كرد كه تۆ ئه‌م مه‌رجه به‌م شێوه‌یه بكه ئێستا ئێمه پێت ئه‌ڵێین، شێوهكهش ئه‌وه‌یه با سوپای روس بكشێته‌وه له‌خاكی عوسمانی ئه‌و كاته تۆ ئه‌و ریفۆرمه بۆ ئه‌رمه‌نه‌كان جێبه‌جێ بكه، له‌به‌ر ئه‌وه كۆنگره‌یه‌كی تریان گرت كه كۆنگره‌ی به‌رلینی پێ ده‌ڵێن، 13ی 7ی هه‌مان ساڵ، لێره داوایان كرد روسیا بكشێته‌وه ئینجا ئێمه ریفۆرم له‌گه‌ڵ ئه‌رمه‌ن ئه‌كه‌ین و ئینجا خودموختاریان ئه‌ده‌ینێ، ئه‌م بانگه‌وازه كه كه‌وته سه‌رده‌می لێپرسراوانی ئه‌رمه‌نه‌كان و سه‌رانی ئه‌رمه‌نه‌كان یه‌كسه‌ر هاوئاهه‌نگیان كرد له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا كه به‌حیساب مه‌سیحین بۆ ئه‌وه‌ی پشتیوانیان لێ بكه‌ن، پشتیوانی ئه‌وروپا و روس به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌رمه‌ن وای ئه‌كرد ئه‌گه‌ر كورد به‌ربه‌ست بێت له‌به‌رده‌م داخوازییهكهیاندا، كێشه‌ی گه‌وره‌ی بۆ كورد دروست ئه‌كرد، جگه له‌وه‌ی كه ناوچه‌كانیان وه‌ك خاك تێكه‌ڵاو بوو.
وه‌ختێك شێخ عوبه‌یدوڵڵا هه‌واڵه‌كه ده‌بیستێ زۆر نیگه‌ران ده‌بێ
سدیق ساڵح: دوای بڕانه‌وه‌ی جه‌نگی روس و ده‌وڵه‌تی عوسمانی په‌یمانی به‌رلین له 13ی كانونی دووه‌می 1878 مۆركرا به‌پێی به‌ندی شه‌ست و یه‌كی ئه‌م په‌یمانه ده‌وڵه‌تی عوسمانی ئه‌بوو ریفۆرم بكات و گه‌لی ئه‌رمه‌نیش ده‌بوو له‌و ویلایه‌تانه‌دا كه ئه‌رمه‌نی تێدا نیشته‌جێن له‌ده‌ست درێژی كورد بپارێزێ، وه‌ختێك شێخ عوبه‌یدوڵڵا ئه‌م هه‌واڵه ده‌بیستێت زۆر نیگه‌ران ده‌بێ و هه‌ست ده‌كات وڵاتانی رۆژئاوا ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ ئه‌رمه‌نه‌كان دروست بكه‌ن له‌سه‌ر حیسابی كورد و پشتگیری مه‌سیحییه‌كانیش بكه‌ن له‌و ناوچانه‌دا كه كوردستانه تێیدا نیشته‌جێ بوون، ئه‌مه به‌راستی ئه‌و ئه‌هێنێته سه‌ر ئه‌و قه‌راره كه بیرێ له‌پاشه رۆژی میلله‌ته‌كه‌ی خۆی بكاته‌وه، ئه‌وه بوو ئه‌و شۆڕش و راپه‌ڕینه گه‌وره‌ییه‌ی به‌رپاكرد كه وه‌ك له‌مێژوودا بیستراوه.
سه‌فوه‌ت پاشا له‌كاتی
واژۆكردنهكهدا ده‌گریا
د. عه‌بدوڵڵا عه‌لی ئاوایی: ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی روسی به‌شه‌ڕ هات له‌ساڵی 1877بۆ 1878هه‌ستان په‌یماننامه‌ی سانستیڤانۆیان له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی عوسمانی فهڕزكرد بریتی بوو له‌بیست خاڵ، ئه‌و خاڵانه وای لێكردبوو ده‌وڵه‌تی عوسمانی و سه‌فوه‌ت پاشای وه‌زیری ده‌ره‌وه له‌كاتی واژۆكردنه‌كه ده‌گریا، چونكه زۆر شوێنیان له‌ده‌وڵه‌تی عوسمانی داماڵی، به‌ڵام مه‌وقیفی ده‌وڵه‌ته ئه‌وروپاییه‌كان به‌م كاره رازی نه‌بوون ئه‌وه بوو هه‌ستان كۆنگره‌یه‌كیان له‌به‌رلین به‌ست له‌ساڵی 1878ئه‌و له 13ی6 به‌رده‌وام بوو تاكو 13ی 7 له‌وێ بسمارك سه‌رپه‌رشتی ئه‌و كۆنگره‌یه‌ی ده‌كرد و سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و كاتی به‌ریتانیا به‌شداری كردبوو، جگه له ئیتاڵیا و نه‌مسا و فه‌ره‌نسا و ده‌وڵه‌ته‌كانی تری ئه‌وروپی ئه‌و په‌یماننامه‌یه بریتی بوو له شه‌ست و چوار خاڵ، كه شه‌ست و یه‌كه‌مین خاڵی دان به‌وه‌دا ده‌نێ ده‌وڵه‌تی عوسمانی ده‌بێ چاكسازی بكات له‌ناوچه‌كانی ئه‌رمه‌نی و له‌هه‌مان كاتدا بیانپارێزێ له‌كورده‌كان، ئه‌گه‌رچی كورد به‌حه‌یاتی، به‌درێژایی مێژووی خۆی غه‌دری له‌ئه‌رمه‌نه‌كان نه‌كردووه، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌وه‌یان فه‌رزكرد له‌سه‌ر له كۆنگره‌ی به‌رلین ئه‌وه‌بوو كه دزرایل گه‌ڕایه‌وه به‌ریتانیا له‌مینا پێشوازیان لێ كرد وتی خێرێكی باشم بۆ هێناون، ئه‌و سوڵحه باشه‌ش چی بوو بۆ به‌ریتانیا؟ ئه‌وه بوو ده‌وڵه‌تی عوسمانی دانی به‌وه‌دا نا دوورگه‌ی قوبرسی دابه به‌ریتانیا به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی ده‌وڵه‌ته‌كانی تر ئاگادار نه‌بوون، لێره‌دا ده‌توانین بڵێین كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆ نه‌بوو، ئه‌و خاڵه گرنگ نه‌بووه بۆ هه‌ڵسانی شۆڕش.
كوردستان له‌نه‌خشه‌ی ئه‌رمه‌نستاندا قووت ئه‌درا
محه‌مه‌د حه‌مه باقی: هه‌ڵبه‌ته ئه‌م كاره هه‌ڵڵایه‌كی زۆری له‌ناو خوێنده‌وارانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا نایه‌وه به‌نموونه‌ی كهركوكێكی ئێستا دێنێته‌وه به‌رچاوی خه‌ڵك، ئه‌رمه‌نه‌كان ئه‌گه‌ر خودموختارییهكیان به‌نێ له‌و شوێنانه ئهیاندهنێ كوردستانه، له‌به‌ر ئه‌وه كوردستان له‌نه‌خشه‌ی ئه‌رمه‌نستاندا قووت ئه‌درا، خوێنده‌واره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه بۆنموونه حاجی قادری كۆیی ئه‌و كاته زۆر بههاوارێكی بڵند هاتوه‌ته ده‌نگ: خاكی جزیره و بۆتان یه‌عنی وڵاتی كوردان، سه‌دحه‌یف و سه‌د مخابن ده‌یكه‌ن بهئهرمهنستان… چوار پێنج قه‌سیده‌ی بۆ ئه‌مه وتووه. ئه‌مه به‌ڵگه‌ی ئه‌و كاته‌یه كه ئه‌و به‌ڵێندانه به‌ئه‌رمه‌نه‌كان له‌ناوچه‌كانی خۆتاندا خودموختاریتان ئه‌ده‌ینێ له‌هه‌مان كاتدا قووتدانی مافهڕهواكان و خاكێكی زۆری كوردستان بووه، كه‌چی شێخ عوبه‌یدوڵڵا ئه‌وه‌نده دوربینانه ته‌ماشای ئه‌م كاره‌ی كردووه، گوێی له‌م حه‌ماسه‌ته توند و خرۆشاو هه‌ڵچووی خه‌ڵك به‌جۆرێك گرتووه كه خۆی به‌رنامه‌كانی جێبه‌جێ كردووه كه جێبه‌جێكردنه‌كه‌شی بنكه‌ی كوردستانی بن ده‌ستی قاجاری هه‌ڵبژاردووه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌رمه‌نه‌كان به‌ئازادی خۆیان خه‌ریكی ئه‌نجامدانی كاره‌كه‌ی خۆیان بن به‌داخه‌وه له‌دواییدا ئه‌وروپا و روس ئه‌وانه پشتیان كرده ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی بهئهرمهنیان دابوو و هیچیشیان بۆ نه‌كردن.
ههوڵوتهقهلاكانی شێخ بۆ كۆبوونه‌وه و شۆڕشكردن روژ له‌دوای رۆژ زیاتر‌و زۆرتر ئه‌بوو، یه‌كێك له‌و كۆبوونه‌وه گه‌ورانه‌ی كه به‌گه‌وره‌ترین كۆبوونه‌وه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا داده‌نرێ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نه‌هرییه كه له‌گه‌ڵ زیاتر له‌دوو سه‌د كه‌سایه‌تی ناسراو گه‌وره پیاو و سه‌رخێڵ و ئاغا و مه‌لاو میرزاده‌دا بوو، شێخ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌ڕوونی په‌یامی خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نێ و ده‌ڵێت: پێنج سه‌دو په‌نجا ساڵ له‌مه‌و به‌ر ئیمبراتۆریه‌تی عوسمانی دامه‌زرا، عوسمانییه‌كان به‌رێگه‌ی نامه‌شروع ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست، پاش چوارسه‌د پێنج سه‌د ساڵ حوكمڕانی وازیان له‌دینی ئیسلام هێنا و رێگه‌ی كفریان گرته به‌ر له‌وساوه ئیتر ئه‌و ئیمبراتۆریه‌ته كه‌وته داهێزران و تا دێ له‌روخان و هه‌ڵوه‌شان نزیك ده‌بێته‌وه و ههڵوهشانهوهكهشی ئه‌وه‌نده به‌خێرایی ئه‌ڕوات گومانی تێدا نییه به‌م نزیكانه ده‌روخێ و دوایی دێت، كوڕه خۆشه‌ویسته‌كانم ئه‌بێ گوێڕایه‌ڵی راسپێرییه‌كانی باوباپیرانی خۆمان بین به‌سه ئیتر نابێ باری زوڵم و دیلی عوسمانی هه‌ڵبگرین و پێویسته خۆمان ڕزگار بكه‌ین نه‌ك ته‌نها ئێمه‌ی كورد له‌توركیای عوسمانی به‌ڵكو ده‌بێ برا كورده‌كانی ئێرانیشمان له‌م دوو حكومه‌ته‌ی ڕێی پێشكه‌وتنیان لێ بڕیون رزگار بكه‌ین. باوباپیرانمان داوامان لێ ده‌كه‌ن له پێناو دین و ئازادی نیشتمانه‌كه‌ماندا له‌خوێنی خۆمان ببورین، زانایان وتویانه قۆستنه‌وه‌ی هه‌لی له‌بار زانایی و ژیرییه. ئه‌مڕۆ فارس له‌گه‌ڵ توركه‌كان به‌شه‌ڕ هاتوون هه‌موو هێزه‌كانی خۆیان ناردووه‌ته سه‌ر ئه‌وان، ئه‌مه‌ش به‌مانای ئه‌وه‌ی ئێسته هه‌لومه‌رج بۆ جوڵانه‌وه‌كه‌ی ئێمه دژی حكومه‌تی ئێران له‌باره، ئه‌گه‌رچی ئێمه له‌فارس ناترسین چونكه ئه‌گه‌ر بهشهڕیشهوه خه‌ریك نه‌بن چه‌ندین هێزی گه‌وره‌ی جه‌نگیش كۆبكه‌نه‌وه له‌سه‌د هه‌زار سه‌رباز زیاتریان پێ كۆنابێته‌وه، ئه‌وانه‌ش نیوه‌ی زیاتریان له‌و برا كوردانه‌ی خۆمان كه حكومه‌تی ئێران ئهیانچهوسێنێتهوه، هه‌مان هه‌ستی ئێمه‌یان هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه به‌شێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی كوردستان له‌ژێر ده‌ستی ئێراندایه ده‌بێ بزوتنه‌وه‌كه پێیوه‌ی خه‌ریكین له‌پێشدا به‌رانبه‌ر دوژمنه لاوازهكهمان بێت، به‌مه‌ش نیشتمانێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و براكانمان رزگار ده‌كه‌ین، ئه‌مه سه‌رچاوه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندمان بۆ ته‌ئمین ده‌كات، یارمه‌تیمان ئه‌دات بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی دوژمنی دووه‌ممان كه به‌هێزتره ئه‌ویش عوسمانییه‌كانن.
د. عه‌بدوڵڵا عه‌لی ئاوایی: به‌رای من ئه‌و توانایه‌ی كه شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری هه‌یبووه له‌كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ده‌وری خۆی هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی تری كورد نه‌یبووه له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و نه‌یتوانیوه ئه‌م خه‌ڵكه كۆبكاته‌وه، به‌ده‌لیلی ئه‌وه‌ی كوردستانی ئێران و كوردستانی عوسمانی زۆربه‌ی سه‌رۆك هۆزه‌كان و پیاوه ناوداره‌كانی كورد كۆبكاته‌وه و له‌هه‌مان كاتدا شێخ عوبه‌یدوڵڵا پیاوێكی خۆشه‌ویست بوو له‌ناو خه‌ڵك و له‌هه‌مان كات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی موڵك و ماڵیان هه‌بوو له‌كوردستانی عوسمانی و كوردستانی ئێرانی، ئه‌وه وای كردبوو خه‌ڵكێكی زۆری لێ كۆببێته‌وه، جگه له‌و فه‌راغه سیاسییه‌ی پڕیكردبووهوه جێگای ده‌سه‌ڵاتی میرنشینه‌كانی گرتبووه‌وه.
كلایتۆن به‌په‌له خۆی گه‌یاندوه‌ته زنجیره كۆبوونه‌وه‌كانی شێخ عوبه‌یدوڵڵا
محه‌مه‌د حه‌مه باقی: شێخ عوبه‌یدوڵڵا بانگه‌وازی بۆ هه‌موو سه‌رانی كورد كرد له‌هه‌موو ناوچه جیاجیاكانی كوردستان بێن بۆ باره‌گاكه‌ی خۆی تاوه‌كو كۆبوونه‌وه‌یه‌كی درێژخایه‌ن بكه‌ن، به‌قسه‌ی هه‌واڵنێره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه كۆبوونه‌وه‌كه‌ی شێخی نه‌هری، نزیكه‌ی حه‌وت بۆ هه‌شت مانگی خایاندووه زۆربه‌ی سه‌رانی كورد له‌هه‌موو ناوچه‌كان به‌شداربوون، ئه‌مه یه‌كه‌م جاربووه كۆبوونه‌وه‌یه‌ك یان كۆنگره‌یه‌كی وا ناسیۆنالیستی كورد له‌جێگایه‌كی دیاری كراودا بۆ چاره‌نووسی كورد بگیرێت، ئه‌و بیری له‌رزگاركردنی كوردستانی گه‌وره كردوه‌ته‌وه. كه له‌ناوچه جیاجیاكانی كوردستان، نه‌ك باسی هه‌كاری و ناوچه‌ی وان كه به‌ده‌ست عوسمانییه‌كانه‌وه بووه، ئه‌و بنكه جه‌ماوه‌رییه‌ی له كوردستانی عوسمانی‌دا هه‌یه ئه‌وه‌شی هه‌ر به‌ماف خوراو و مه‌زڵوم ئه‌زانی، له‌به‌ر ئه‌وه سه‌رانی كوردی بۆ باره‌گاكه‌ی خۆی بانگ كرد و حه‌وت تا هه‌شت مانگ كۆبوونه‌وه‌ی پێكردوون تا راوێژی ئه‌وه بكه‌ن چی بكه‌ن، سه‌ره‌تا وه‌ك ده‌یگێڕنه‌وه بڕیاری ئه‌وه درا كه له‌كوردستانی عوسمانییه‌وه ده‌ست پێبكه‌ن، په‌لاماری موسڵ و دیاربه‌كر بدرێ له‌وێوه بێن بۆ كوردستانی قاجاری، به‌ڵام مه‌سه‌له‌ی ئه‌رمه‌ن هاته پێشێ، شێخ عوبێدوڵڵا زۆر به‌ئارامییه‌وه كه خۆی به‌رنامه‌كانی داڕشتبوو، هه‌ر له‌م حه‌وت هه‌شت مانگه‌دا سه‌روه‌رییه‌كی تری بۆ ئێمه به‌جێهێشتووه بۆ یه‌كه‌م جار له‌مێژووی رێكخراوی سیاسیی‌دا یه‌كه‌مین رێكخراو یان بابڵێین حزبی سیاسی ئه‌و سه‌رده‌مه دروست كردووه و ناوی ناوه یه‌كێتی كوردان، به‌گوێره‌ی راپۆرتی كوردناسه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه به‌تایبه‌تی باڵوێزه‌كانی ئینگلیز و روس كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌چاوێكی تیژه‌وه ته‌ماشای روداوه‌كانیان كردووه و هه‌واڵنێریان به‌رده‌وام چووه بۆ ناوچه‌كان، بۆ نموونه كلایتۆن، كلایتۆن كونسوڵی ئینگلستان لهئهرزهرۆم به‌په‌له خۆی گه‌یاندوه‌ته ئه‌م زنجیره كۆبوونه‌وانه‌ی كه شه‌ش مانگی خایاندووه و له‌باره‌گاكه‌ی شێخ بووه، وه‌ك خۆی ده‌یگێڕێته‌وه ئه‌ڵێ كه چووم بۆ باره‌گاكه به‌سه‌دان و به‌هه‌زاران پێشمه‌رگه به‌چه‌كه‌وه به‌ریز وه‌ستابوون بۆ پێشوازی تا من چووم و هه‌فته‌یه‌ك لای شێخ عوبه‌یدوڵڵا بووم. كلایتۆن زۆر به‌سه‌رسامی و بهرامانهوه له‌گفتوگۆ و بیروڕای شێخ عوبه‌یدوڵڵا دواوه و زۆر پێی سهراسیمایه. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه واته هه‌واڵنێره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه ئاگاداری ئه‌وه بوون و به‌روداوێكی گرنگیان زانیوه، وه‌ك پێشتریش وتم ئه‌وان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان كردووه كه توڕه‌بوون و خرۆشانی هه‌ستی ناسیۆنالیستی كورد واده‌كات ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌رمه‌نه‌كاندا شه‌ڕی یه‌كتر بكه‌ن و ئه‌و كاته ئه‌مه ده‌بێته ده‌ستكه‌وتێكی باش بۆ عوسمانییه‌كان، به‌ڵام شێخ خۆی له‌م ته‌ڵه‌یه رزگاركردووه، له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا كه ئه‌و خوێنده‌وارانه‌ی وه‌ك حاجی قادری كۆیی و خه‌ڵكی تر بانگه‌وازی ئه‌وه‌یان كردووه كوردستان له‌به‌رده‌م شتێكی چارهنووسیدایه. شێخ وای به‌چاك زانیوه بنكه‌ی شۆڕش له‌كوردستانی عوسمانییه‌وه بگوێزێته‌وه بۆ كوردستانی قاجاری و بانگه‌وازی ئه‌وه‌ی كرد سه‌ره‌تا له‌كوردستانی بنده‌ستی قاجارییهوه ده‌ست پێده‌كات و ئه‌وێ رزگار ده‌كات پاشان دێت بۆ كوردستانی عوسمانی كاتێكیش بنكه‌ی شۆڕشی له‌كوردستانی عوسمانییه‌وه گواسته‌وه بۆ كوردستانی قاجاری، هه‌ڵبه‌ته ئه‌مانه‌ی هه‌موو به‌نامه نووسیوه بۆ نوێنه‌ره‌كانی روس و عوسمانی و ڕاسته‌وخۆ بۆی ناردوون و قسه‌ی له‌گه‌ڵدا كردوون و له‌و دیمانانه‌دا كه زۆریان دیویانه بۆ نموونه دكتۆر كۆچه‌ران كه دۆستی كورده كه نزیكی ئه‌و بووه و كۆچه‌ران سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مسیۆنه‌ری ئه‌مریكی بووه له‌م ناوچه‌یه‌دا ئه‌و دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ دامه‌زراندووه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ئه‌م بانگه‌وازانه‌ی خۆی بكهیهنێت به ئه‌وروپا. جا كۆچه‌ران زۆر به‌ئامانه‌ته‌وه نامه‌كانی شێخی گه‌یاندووه به ئینگلستان كه گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه بووه و به‌ئاشكرا ئه‌نوسێت و ئه‌ڵێت من له‌ئه‌نجامی ئه‌و زوڵم و زۆره كه لهمیللهتهكهم كراوه، ناچاربووم بانگه‌وازی ده‌وڵه‌تێكی كوردی له‌هه‌ردوو بن ده‌ستی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و قاجاری بكه‌م و ئه‌وكاته من خۆم ئه‌بم به‌ڕابه‌ر و نوێنه‌ری كورد.
نه‌ته‌وەیی بوونی كورد له‌شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵادا ئاشكراترین سیمای خۆی ده‌رخست
سه‌ڵاحه‌دینی موهته‌دی: له‌وانه‌یه ئاوایی بڵێن ئه‌مه سه‌ره‌تای زنجیره‌یه‌ك سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشگێڕانه‌یه كه به‌دوی خۆیدا ده‌ستی پێكردو تا ئێستاش نه‌پساوه‌ته‌وه، دوای روخانی ئه‌ماره‌ته‌كانی ئه‌رده‌ڵان و سۆران و بۆتان و بابان میلله‌تی كورد حاكم و ئه‌میره‌كانی نه‌مان، ئه‌مه له‌لایه‌كه‌وه وه‌كو قه‌لغانێك كه سپری به‌ڵابوو له‌به‌رانبه‌ر له‌شكری ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ردا خۆیان راده‌گرت، راسته ئه‌و قه‌ڵایه نه‌ما بۆ كورد و كورد بێ‌دیفاع مایه‌وه، به‌ڵام زۆر زوو سپه‌رێكی دیكه‌ی سازكرد، هێڵێكی به‌رگریی نوێی سازكرد ئه‌ویش تێكه‌ڵ بوونی جه‌ماوه‌ره بۆ یه‌كه‌م جار شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵا نه‌ك ئه‌میر و حاكمه‌كان به‌ڵكو جه‌ماوه‌ری نێو كورد، پیاومهعقول و ریش سپی و سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و پیاوه ئاینییه ناسراوه‌كانی كورد كۆبوونه‌وه و كۆنگره‌یه‌كیان دانا و حه‌ره‌كه‌تی كوردیان ده‌ست پێكرد، له‌م باره‌یه‌وه یه‌كه‌مینه له‌مێژووی گه‌لی كورددا یه‌كه‌مینه شۆڕشكێك به ئیراده‌ی گه‌لی كورد ده‌ست پێده‌كات، دیاره تا ئه‌وكات یهكهمینیشه له‌وه‌ی كه داخوازییه‌كانی گه‌لی كورد ره‌نگی ته‌واو سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییان پێده‌به‌خشرێت، به‌ڵام بیری نه‌ته‌وه‌یی له‌وێوه ده‌ست پێ ناكات پێچه‌وانه‌كه‌ی راسته ئه‌م شۆڕشه خۆی نه‌تیجه‌ی هه‌بوونی بیرێكی نه‌ته‌وه‌یی بوو له‌نێو كۆمه‌ڵگای كورده‌واریدا، ئه‌م بیره نه‌ته‌وه‌ییه به‌درێژایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م خه‌ریكی گه‌شه‌سه‌ندن و سه‌رهه‌ڵدان و ڕه‌گ ئاژۆبوو له‌نێو كۆمه‌ڵگای كورده‌واریدا، له‌بیرت نه‌چێ به‌درخانییه‌كان له‌ئه‌سته‌نبوڵ چ خۆیان و چ كاتێك كه حاجی قادری كۆیی گه‌یشته ئه‌سته‌نبوڵ هه‌م وه‌كو مامۆستای منداڵانی بنه‌ماڵه‌ی به‌درخان و هه‌م وه‌ك خاوه‌ن فیكر و بیر و فه‌یله‌سوفێكی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی ده‌ستی به‌كار كرد، مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كوردیان هێنابووه گۆڕێ، به‌ڵام ئه‌م مه‌سئه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تییه‌ی كورده له‌شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵادا ئاشكراترین سیمای خۆی ده‌رخست.
محه‌مه‌د حه‌مه باقی: كۆتایی مانگی نۆی ساڵی 1880، واته دروست له‌بیستی نۆی 1880سه‌ره‌تای له‌شكركێشییه‌كانی شێخ عوبه‌یدوڵڵا به‌سه‌ركردایه‌تی شێخ عه‌بدولقادری كوڕی هاتوه‌ته ناوچه‌ی ورمێ و دواتر شنۆ و ناوچه‌كانی نه‌غه‌ده و لاجان و مهاباد و میاندواوه و هه‌ڵكشێ به‌ره‌و ژوورتر بۆ مه‌ڵكه‌ندی و .. هه‌موو ئه‌وانه‌یان ئازاد كردووه، له‌و شوێنانه‌ی كه كوردنشینن و خاكی كوردن به‌رپرسی كوردیان داناوه و نامه‌یان نووسیوه و ناردووه بۆ فه‌رمانداره‌كانی ناوچه كوردنشینه‌كانی تری وه‌ك سه‌قز و بانه داوایان لێ ده‌كه‌ن په‌یوه‌ندیان پێوه به‌كه‌ن و خێرا فه‌رمانڕه‌وای كورد دابنێن بۆ ئه‌و ناوچانه به‌ئومێدی پێكه‌وه‌نانی بهرێوبهرایهتییهكی كوردی بۆ پێكهێنانی ده‌وڵه‌تێكی كوردستانی، شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌دوو هه‌فته‌ی یه‌كه‌می شۆڕشه‌كه‌دا كه له‌م قۆڵه‌وه ده‌ستی پێكرد، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌كی تازه له له‌شكره‌كان و له‌دوژمن بكاته‌وه یان بۆ ئه‌وه‌ی هێرش و گوشاری له‌شكره‌كانی دوژمن له‌سه‌ر ئه‌م قۆڵه كه‌مبكاته‌وه، خۆشی به‌ره‌یه‌كی تری له‌ورمێ كرده‌وه و به‌هێزێكی ده‌دوانزه هه‌زار كه‌سییه‌وه هاته ناوچه‌ی ورمێ به‌نیازی گرتنی، سێ هه‌فته گه‌مارۆی ورمێیدا و شه‌ڕی زۆرخوێناوی و ده‌سته‌ویه‌خه‌یان له‌گه‌ڵ به‌رگریكارانی ورمێ‌دا كرد به عه‌جه‌م نشین و به‌وانه‌شه‌وه كه سه‌ر به‌له‌شكری قاجاری بوون، ئه‌وانیش گه‌مارۆكه‌یان سه‌ری نه‌گرت و له‌شكركێشییه‌كه‌ی هه‌ردوولا كارگه‌یشته ئابلوقه‌دان، كار گه‌یشته گه‌له‌كۆمه‌كی بێگانه‌ی روس و عوسمانی و قاجاری، شێخ به‌چاكی زانی بكشێته‌وه.
شۆڕشی شێخی نه‌هری كاتێك له‌كوردستانی ئێران ده‌ستی پێكرد هه‌ر زوو كۆمه‌ڵه‌یه‌ك له سه‌رۆك هۆز و خه‌ڵكی نیشتمانپه‌روه‌ری له‌ده‌ور كۆبوونه‌وه كه له‌ناویاندا هه‌مزه ئاغای مه‌نگوڕ وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌وره رۆڵی به‌رچاو و جوامێرانه‌ی بینی.
محه‌مه‌د حه‌مه باقی: گه‌وره‌ترین سه‌ركرده‌ی خێڵی بڵباس دواتر ئێڵی مه‌نگوڕ كه هه‌مزه ئاغای مه‌نگوڕیان پێوتوه پێشتر ته‌مه‌نی بیست‌و پێنج تا سی ساڵ خه‌بات و ململانێی له‌گه‌ڵ قاجارییه‌كاندا كردووه، ئه‌و یه‌كه‌مین كه‌س بووه كه هاوئاهه‌نگییه‌كی له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌كانی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هریدا كردووه ئه‌و هه‌ر به‌ر له‌وه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا هێرشه‌كانی بجوڵێنێ به‌ره‌و ناوچه كوردنشینه‌كانی قاجاری هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌رانی كوردان هه‌بووه و ئاگای له‌به‌رنامه‌كه هه‌بووه، له‌به‌ر ئه‌وه هه‌ر كه به‌رنامه‌كه ده‌ستی پێكردووه وه‌ك ئێوه فه‌رمووتان رۆڵی هه‌بوو له‌و شۆڕشه‌دا، دواتر شێخ به‌و پله‌وپایه‌یه‌ی هه‌یبوو له‌ناوچه‌كه‌دا كردی بهسوپاسالاری قۆڵی ئازربایجانی خۆرهه‌ڵات و له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كیشدا هه‌مووی ئازاد كرد، له‌و كاته‌دا هه‌ر هه‌مزه ئاغاش نه‌بوو، شێخ عه‌بدولقادری كوڕی دووه‌می شێخ عوبه‌یدوڵڵاش له‌گه‌ڵی بوو، وه‌ك وتم له‌ناوچه ئازهرنشینهكان به‌رگرییه‌كی زۆر سه‌ختیان كرد، دواتریش له‌كاتی رێككه‌وتنی روس و عوسمانی‌دا بوو، پێشتریش روس و ئێرانی ململانێیه‌كی وایان نه‌بوو، دواتریش كه ته‌ماشایان ده‌كرد شۆڕشه‌كه رۆژ به‌رۆژ به‌خێراییه‌كی زۆر ئه‌ته‌نێته‌وه بۆ هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی كه لێی ئه‌ترسن، به‌تایبه‌تی شێخ ته‌كانی زۆر خێرای ئه‌دا ده‌ستی بگات به ته‌ورێز، ته‌ورێز ئه‌و كاته شوێنی وه‌لی عههدنشین بوو، بابڵێین پایته‌ختی دووه‌می ئێران بوو، شێخ زۆر لێی نزیك بووبووه‌وه، واته مه‌ڵكه‌ندی و ئه‌و ناوچانه‌ی هه‌موو ئازادكردبوو، هه‌موو كوردانی ئه‌و شوێنانه به‌ده‌م بانگه‌وازی شۆڕشه‌كه‌وه هاتبوون، شان به‌شانی له‌شكره‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا شه‌ڕیان ده‌كرد، ئه‌مه‌یان به‌ترس زانی به‌تایبه‌تی نه‌سره‌دین شا به مه‌ترسییه‌كی زۆر گه‌وره و زۆر خێرای زانی بۆ سه‌ر خۆی، ئه‌و كاته موزه‌فه‌ری كوڕی له‌ته‌ورێز بوو، شێخ عوبه‌یدوڵڵا به‌رێگای دیبلۆماس ده‌ستی بردبووه ناو بنه‌ماڵه‌ی نه‌سره‌دین شاوه، بۆ ئاگاداریتان نه‌سره‌دین شا، زڕدایكه‌كه‌ی كورده برایه‌كی نه‌سره‌دین شا، عه‌باس، كه میرزای موڵك ئارای پێده‌ڵێن، سه‌رده‌مانێكی زۆر بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی نه‌گات به‌ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایی نه‌سره‌دین شا، دووری خستبووه‌وه، بیست و پێنج تا سی ساڵ له ئێران ده‌ربه‌ده‌ری كردبوو، بێبه‌شی كردبوو له‌هه‌موو مافێك، شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌یه‌كێك له‌نامه‌كانیدا به‌ر له‌ده‌ستپێكردنی شۆڕش ناردبووی بۆ سه‌رانی قاجاری بۆ عه‌باس میرزای مولك ئارای ناردبوو به‌و پێیه‌ی ئه‌م له‌دایكه كورده‌كه‌یه، دایكی ئه‌و كوردبووه‌و سه‌ربه بنه‌ماڵه‌یه‌كی ته‌ریقه‌تی نه‌قشین، یه‌عنی بنه‌ماڵه‌ی دایكی عه‌باس میرزای زڕبرای كوردی نه‌قشبه‌ندین، بۆ نموونه پردی دۆزیوه‌ته‌وه له‌ناو قاجاره‌كاندا، كه عه‌باس میرزای مولك ئارا دایكی كورده و له‌دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاتی قاجاڕدا ئه‌و ئه‌بێته برا یان زڕبرای نه‌سره‌دین شا، كه ئه‌گه‌ر ده‌ستی پێی بگات و بتوانێ هانی بدات، و له‌نامه‌كه‌دا پێی ده‌ڵێ من خۆم ده‌بمه ده‌سه‌ڵاتداری ئێران و تۆ ئه‌كه‌م به‌شا له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌گه‌ر له‌ئێستاوه هاوكاریم بكه‌یت كارێكی باش ئه‌كه‌یت ئه‌مه بۆ عه‌باس میرزای نووسیوه، به‌داخه‌وه عه‌باس میرزا نامه‌كه و نامهنێرهكهشی سپارد بهنهسرهدین شا، چونكه پێشتر ئه‌و دردۆنگ و گومانیان هه‌بووه له‌نێوان یه‌كتریدا، بۆ ئه‌وه‌ی خۆی پاك بكاته‌وه و ئه‌و نامه‌یه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا بداته نه‌سره‌دین شا دڵپاكی و نیاز پاكی خۆی بۆ نه‌سره‌دین شا ده‌ربڕی تاوه‌كو ئه‌و ئه‌و بیست‌و پێنج، سی ساڵه‌ی كه ئه‌وی له‌ئێران ده‌ركردوه بهزوڵمێك بزانێ كه له‌ئه‌وی كردووه.
ئه‌و كاته‌ی جه‌نگ له‌كوردستانی ئێران ده‌ستی پێكردو ودوای رزگاركردنی چه‌ند شاروچاروچكهیهك ده‌وڵه‌تی ئێران حه‌سه‌ن عه‌لی خانی گه‌روسی كرده فه‌رمان ڕه‌وای سابڵاخ ده‌سه‌ڵاتێكی بێسنوری پێبه‌خشی. ناوبراو به ڕه‌چه‌ڵه‌ك كوردبوو، به‌ڵام جێگه‌ی بڕوا و متمانه‌ی نه‌سره‌دین شابوو ئه‌و كاته‌ی ئه‌م ئه‌ركه‌یان پێسپارد هێشتا وه‌زیری فه‌وائید بوو، جگه له‌وه‌ی سنوری ده‌سه‌ڵاتی فراوان تركرا، ناوچه‌كانی خۆی و سه‌ڵماس و ورمێ و ساین قه‌ڵای له‌گه‌ڵ سابڵاخدا كرا به‌یه‌ك و خستیانه ژێر ده‌سه‌ڵاتێوه هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه پردی په‌یوه‌ندی له‌نێوان شێخ عوبه‌یدوڵڵا و خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه له‌نێوان هه‌شت تا نۆ مانگدا به‌ته‌واوه‌تی بچڕاند، ته‌نها سه‌ركرده‌یه‌ك كه به‌رگری كرد هه‌مزه ئاغای مه‌نگور بوو، حه‌سه‌ن عه‌لی خان له پلانێكی داڕێژراودا له‌رێگه‌ی میرزا قاسمی قازی و قادرئاغای دیبوكرییهوه هه‌وڵیدا به‌نامه ناردن و داواكردنی دانوسان له‌گه‌ڵ هه‌مزه ئاغای مه‌نگوڕ له‌سابڵاغ دانیشتن بكات، دوای چه‌ندین په‌یمان و به‌ڵێنی گه‌وره، هه‌مزه ئاغا ده‌چێته سابڵا‌غ، به‌ڵام لهنهخشهیهكی داڕێژراودا به‌فێڵ و ناپاكی هه‌مزه ئاغا شه‌هید ده‌كرێ و به‌مه‌ش سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌وره‌ی شۆڕشه‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری له‌ناو ده‌برێ.
شێخ دوای ئه‌وه‌ی گه‌ڕایه‌وه ناوچه‌ی نه‌هری هه‌وڵی دا سه‌رله‌نوێ ده‌ست بكات بهخۆسازدان و كۆبوونه‌وه كردن بۆ به‌رده‌وامی راپه‌ڕین وشۆڕش، هه‌وڵیدا باری سه‌رنجی دنیا به‌لای ئه‌و هه‌زاران هه‌زار ئاواره‌یه رابكێشێ كه له‌ئه‌نجامی ئه‌و شۆڕشه‌دا ده‌ربه‌ده‌ر بوون، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵه‌كان نه‌گه‌یشتنه ئاكامێكی سه‌ركه‌وتوو.
به‌سه‌دان هه‌زار كورد ئاواره بووه
محه‌مه‌د حه‌مه باقی: به‌ڵام شێخ له‌مانگی دوانزه‌دا كشایه‌وه یان با بڵێین پاشه‌كشێیان پێی كرد، كه چووه‌وه ناوچه‌كانی خۆی دووباره به‌سه‌دان هه‌زار كورد ئاواره بووه، ئه‌مه ئامارێكی سه‌یره كه‌متر مێژووی كورد ئاوڕی لێ داوه‌ته‌وه، سه‌دان هه‌زار ئاواره له‌و ناوچانه‌دا كه شۆڕشه‌كانی تێكراوه، چونكه له‌شكری قاجاری بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه له‌م راپه‌ڕین و راپهڕیوانه هات زۆر بێبه‌زه‌ییانه، زۆر دڵڕه‌قانه ده‌ستی له‌و ناوچانه وه‌شاند كه ڕاپه‌ڕیون، به‌ده‌یان گوندیان سوتاندو به‌سه‌دان ماڵیان كاول كرد، نزیكه‌ی پێنج شه‌ش مانگ له‌و ناوچانه‌ی شۆڕشی تێدا كرابوو، له‌سابڵاغ، له‌ورمێ، له‌ناوچه‌كانی فه‌یزوڵڵا به‌گی دوكان و بازاڕ نه‌بووه، نه‌كراوه‌ته‌وه. تۆقاندن و ترساندنهكه به‌و ئاسته بووه كه ئیتر خه‌ڵك نه‌یوێراوه جارێكی تر بێته‌وه به‌رچاوی عهجهمنشینهكان. به‌ڵام كه شێخ به‌رنامه‌ی ئازادكردنی هه‌ردوو كوردستانی هه‌بوو ئه‌مه‌ی بهتێكشكانێكی كاتی زانی له‌به‌ر ئه‌وه دیسان كه‌وته‌وه رێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه، هه‌ڵبه‌ته ئه‌و خێزان و ماڵانه‌ی بێده‌ره‌تانن، كه ده‌ره‌تانی خۆ ژیاندن و مانه‌وه‌یان لهئاواییدا نه‌مابوو، زۆری ناردنه‌وه بۆ گونده‌كانی خۆیان. ده‌وڵه‌تی قاجاری ئێرانیش هاوكات ته‌قه‌ڵای گوێزانه‌وه‌ی زۆریانی دا، چونكه ئاماره‌كه ئه‌وه‌نده زۆربووه شێخ عوبه‌یدوڵڵا ده‌یتوانی كارێكی دیبلۆماسی و مامه‌ڵه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تیان پێوه بكات.
زاهیر سدیق: ده‌یتوانی وه‌ك كارتی فشار به‌كاریان بهێنێ.
محه‌مه‌د حه‌مه باقی: ده‌م خۆش زۆر راسته، ته‌نانه‌ت بانگهوازێكیشی به‌ناوی ئه‌وانه‌وه داوه به‌ده‌وڵه‌تانی وه‌ك روسیا و ئینگلستان و ئه‌وانه، كه من وێنه‌یه‌ك له‌و بانگه‌وازه‌م بڵاوكردوه‌ته‌وه كه تێیدا ئه‌ڵێ «ئێمه نیو میلۆن كورد ئاواره‌مان هه‌یه.» ئه‌مه ئامارێكی سه‌یره له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی سته‌م و زوڵمی سه‌دام ئه‌وه‌نده زۆر بووه و به‌هه‌زارانی ئاواره كردووه، به‌ڵام ئاماری وا بۆ ئه‌وكاته زۆر زۆر بووه، له‌دوای تێكشانی راپه‌ڕینی میری برادۆسته‌وه دوو سه‌دوهه‌شتا ساڵ بگه‌ڕێوه بۆ دواواه راپه‌ڕینی وانه‌بووه، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌وه‌نده خه‌ڵك شوێن شۆڕشێك ناكه‌وێت، به‌ڵام شێخ به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی كه جارێكی تر شۆڕشه‌كه درێژه پێبدات و ده‌ستپێبكاته‌وه كه‌وته نامه‌نووسین بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی كه له‌م جاره‌دا بواریان نه‌بووه به‌شداری بكه‌ن، ئه‌م جاره سه‌ری كێشا بۆ سۆران و ناوچه‌كانی میراوده‌لی و پشده‌ر ره‌واندز و هه‌ولێرو ئه‌و ناوچانه‌ی به‌سه‌ر كرده‌وه، شێخ عه‌بدولقادر هات وماوه‌ی سێ وچوار مانگ له‌و ناوچانه‌دا گه‌ڕا، سه‌رانی كوردی ئه‌و ناوچانه‌ی بانگ كرد ناوچه‌كانی گه‌رمیان و كه‌ركوك و خۆشناوه‌تی بانگ كردووه، له‌هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌یان سازكردووه كه تێیدا باسی ئه‌وه‌یان كردووه ئه‌بێ شۆڕش ده‌ستپێبكه‌ن و به‌شداری بكه‌ن و هه‌مووشیان به‌ڵێنیان پێداون.
هه‌تا ئێستا به‌چه‌ندین شێوه خه‌باتی دیبلۆماسی شێخ و شۆڕشی ساڵی 1880له‌مێژوودا باس ئه‌كرێ، هه‌وڵه‌كانی شێخی نه‌هری له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه بۆ دروستكردنی پردی په‌یوه‌ندی بووه‌ته جێیی سه‌رنجی دۆست و دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان كه هه‌موو دیكۆمێنت و به‌ڵگه‌نامه ئه‌رشیفكراوه‌كان محه‌كی ئه‌و راستییه‌ن كه شێخ عوبه‌یدوڵڵا گه‌وره‌ترین دیبلۆماسی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی بووه.
محه‌مه‌د حه‌مه باقی: نامه‌كانی كونسوڵی ئینگلستان له‌ورمێ كه خۆی هاتووه سه‌ردانی كوردستانی كردووه، چاوساغ و راپۆرتنووسی هه‌بووه، لهدوانامهیدا له‌دوای كه شێخ عوبه‌یدوڵڵا به‌گیراوی، گیراوه و براوه بۆ ئه‌سته‌نبوڵ، نامه‌یه‌كی بۆ ئیرل كرانفیل وهزیركاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئینگلیزی ئه‌و كاته ناردووه، ئاپۆت له‌و نامه‌یه‌دا به‌وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وكاتی ئینگلستان ئه‌ڵێ: ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد تا ئێستا وای نه‌كردبێت یان له‌و ئاسته‌دا نه‌بووبێت یان قه‌باره‌ی ئه‌وه نه‌بووبێت ئێمه ئاوڕی لێبده‌ینه‌وه ئێستا زانایی شێخ عوبه‌یدوڵڵا كه ئه‌ڵێ ده‌رفه‌تم بۆ ره‌خسا من بتوانم هه‌فته‌یه‌ك له خزمه‌تیدا بم و لێی نزیكببمه‌وه و تێیبگه‌م كه چه‌ند پیاوێكی زانا و دیبلۆماسییه تێمان ده‌گه‌یه‌نێ كه ئێمه ئه‌گه‌ر له‌داهاتوودا ئاوڕ له‌كورد بده‌ینه‌وه كورد چۆن ته‌ماشای مه‌سه‌له‌ی كوردستان بكه‌ین، ئه‌مه بۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و كاته‌ی ئینگلستانی گه‌وره تا ئه‌وكاته‌ش پرسیار بووه، كه ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد تا ئه‌و كاته ئاوڕی لێ نه‌درابێته‌وه، چۆن چۆنی ته‌ماشای بكه‌ن؟ ئێمه چۆن وابكه‌ین دیبلۆماسییه‌ت له‌دنیادا بكه‌ین، چیمان ده‌وێ و چیی بكه‌ین، شێخ عوبه‌یدوڵڵا به‌رله‌وی ئه‌و پرسیاره‌ی لێ بكه‌ن خۆی ئه‌مانه‌ی بۆ ئه‌وروپا دركاندووه، له‌م بواره‌دا شێخ عوبه‌یدوڵڵا یه‌كه‌مین كه‌سه، یه‌كه‌مین دۆزه‌ره‌وه‌ی ئه‌م رێگایانه‌یه كه به‌ر له‌وه‌ی تفه‌نگ هه‌ڵگرێ، بهرلهوێ سه‌نگه‌ر هه‌ڵكه‌نێ و هێز كۆبكاته‌وه و به‌رله‌وه‌ی یاخی بێت گرنگی به‌شێوازه‌كانی دیالۆگ داوه، و دیالۆگی له‌گه‌ڵ دۆسته‌كانی نزیك كورد و دۆسته دوره ده‌سته‌كانی میلله‌تی كوردی كردووه، كه ئه‌م دیالۆگه بۆ ئێمه‌ی كورد یه‌كه‌م جار بووه له‌مێژووی گه‌له‌كه‌ماندا به‌م شێوه هه‌ڵكشاو تێگهیشتووییه، نامه دوای نامه، شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌م بواره‌دا سه‌دان نامه‌ی نووسیوه، من به‌شێكی زۆریانم لهكتێبهكهمدا بڵاوكردوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه نیشانه‌ی ئه‌وه نییه كه هه‌موو نامهكانیمان دهستكهوتبێ، له‌وانه‌یه له‌زۆر كون و كه‌له‌به‌ری ئه‌رشیفه‌كانی روسیا و ئه‌رمه‌نستان و ئه‌ڵمانیای و به‌ریتانیای ئێستا و ئه‌رشیفی عوسمانی نامه‌ی هه‌بێ.
شێخ له‌هیچ حاڵێكدا نه‌یده‌هێشت شۆڕشه‌كه‌ی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا تووشی دوژمنكاری بێت
سه‌ڵاحه‌دین موهته‌دی: شێخ نه‌یتوانی ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپی بێنه سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته كه یارمه‌تی بده‌ن، به‌ڵام توانی وایان لێ بكات دژایه‌تی راسته‌وخۆی نه‌كه‌ن، ئه‌وه كارێكی گه‌وره بوو، لهحهرهكهته گه‌وره‌كه‌ی میری سۆراندا میره كۆره‌ی به‌ناوبانگ ده‌بیندرێ ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپایی یارمه‌تی ئێران و عوسمانییان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی زووتر رێككه‌ون و ئه‌م شه‌ڕه كۆتایی پێ‌بێنن، لهشۆڕشهكهی شێخیشدا هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌كراوه و ئێستاش به‌ڵگه‌كان به‌ده‌سته‌وه‌ن، به‌ڵام به‌راده‌یه‌كی زۆر كه‌متر، شێخ به‌هۆی ره‌نگی مه‌زهه‌بی كه تێكه‌ڵ بووببوو له‌گه‌ڵ شۆڕشه‌كه‌ی ئه‌وه پێی ده‌ڵێن تهحفوز یان ئیحتیا‌ت یان خۆپارێزییه‌كی له‌ناو ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپاییدا پیدا كردبوو كه سه‌رئه‌نجامیش نه‌یتوانی پشتیوانی ته‌واویان بده‌ست بهێنێ، به‌ڵام شێخ ئه‌و فه‌زڵه‌ی هه‌یه كه له‌هیچ حاڵێكدا نه‌یده‌هێشت شۆڕشه‌كه‌ی راسته‌وخۆ تووشی دوژمنكاری ببێت له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا به‌لای منه‌وه ئه‌وه زهكاوهت و زیره‌كییه‌كی تایبه‌تی شێخه.
هاونیشتیمانی كورد له‌سه‌ر بنچینه‌ی لێبوردنی ئاینی دابمه‌زرێنێ
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری نه‌وشیروان مسته‌فا له‌كتێبی كورد و عه‌جه‌مدا ئاماژه‌ی بۆ پایه‌گرنگه‌كانی ستراتیجی كاری نه‌ته‌وه‌یی شێخ ده‌كات و له‌چه‌ند خاڵێكدا ریزبه‌ندی كردوون یه‌كه‌م هه‌موو كورد بێ گوێدانه جیاوازی خێزان و بنه‌ماڵه‌و خێڵ و ناوچه و له‌هجه‌ی زمان له‌سه‌ر بنچینه‌ی په‌یوه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی كۆببێته‌وه له‌هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی به‌ناو ئیسلامیان داببڕێ كه مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و قاجارییه، دوو دوژمنه‌كانی كورد هه‌ردوو ئیمبراتۆرییه‌تی قاجاری و عوسمانی له‌كوردستان ده‌ربكات. سێ هه‌ردوو به‌شی ئێران و عوسمانی كوردستان له‌ژێر ده‌ستی بابی عالی و ده‌رباری قاجاری ده‌ربهێنێ و یه‌كیان بخا، ئاسایشی سه‌روماڵی خه‌ڵك و بازرگانی و خوێنده‌واری و پیشه‌سازی و شارستانییه‌ت له‌كوردستان دابین بكات، پێنج هاونیشتیمانی كورد له‌سه‌ر بنچینه‌ی لێبوردنی ئاینی و رێزگرتنی یه‌كتری و له‌گه‌ڵ مه‌سیحی و ئه‌رمه‌نی و ئاشوری دابمه‌زرێنێ، هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ گه‌لانی موسڵمانی ئێران و عه‌ره‌ب دروست بكات. حه‌وت دانپێدانانی سیاسی و قانونی ده‌وڵه‌تانی گه‌وره‌ی ئه‌وروپا به‌ده‌ست بهێنێ بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌م ئامانجه گه‌ورانه‌ش ئسلوبی كاری سیاسی و دیبلۆماسی به‌كارهێنا.
دوابه‌دوای روداوه‌كان عوسمانییه‌كان له‌ترسی ته‌نینه‌وه‌ی ئاگری شه‌ڕ و بۆ پاراستنی بهورژهوهندی خۆیان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌وڵیاندا شێخ عوبه‌یدوڵڵا ده‌ست به‌سه‌ر بكه‌ن، كه ئه‌م هه‌وڵانه چه‌ندین هۆكاری سیاسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی له‌پشت بوو.
به‌ناوی میوانییهوه بردیان بۆ ئه‌سته‌نبوڵ
محه‌مه‌د حه‌مه باقی: گوشاری ئێران بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌تانی وه‌كو ئینگلیز و روسیا و تكایان له عوسمانی كرد كه پشت له‌مان نه‌كات و ته‌نینه‌وه‌ی شۆڕشه‌كه زیانی ئایندهی له‌سه‌ر ئه‌ویش ده‌بێ. له‌به‌ر ئه‌وه شێخ كه له‌ناوچه‌كه‌ی خۆیدا خه‌ریكی ئه‌مه ئه‌نجامدانی ئه‌م كاره بوو، له‌و كاته‌دا له‌شكرێكی گه‌وره‌ی عوسمانی هات و گه‌مارۆی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی دا واته ناوچه‌ی نه‌هری، شێخیان به‌ده‌ست به‌سه‌ری گوایه به‌ناوی میوانییهوه برد بۆ ئه‌سته‌نبوڵ، ماوه‌ی ساڵێك و چه‌ند مانگێك له‌وێ مایه‌وه و دواتر هه‌ڵهات، به پاسپۆرتی بازرگانێكی روسی هه‌ڵهات و هاته‌وه ناوچه‌كه‌ی خۆی و ویستی جارێكی تر شۆڕش ده‌ستپێبكاته‌وه، ئه‌م جاره دیسان توركیا له‌ژێرگوشاری قاجاری و روسی كه ئه‌مه مه‌ترسی هه‌یه بۆ تێكدانی ته‌رازووی هێز له‌ناوچه‌كه‌دا كه ئه‌گه‌ر كورد باسی ئازادی بكات ئه‌وكاته نه‌ته‌وه‌كانی تریش داوای مافی خۆیان ده‌كه‌ن ، نه‌توه‌كانی تری ده‌وڵه‌تی عوسمانی پێش شێخ عوبه‌یدوڵڵا به‌و جۆره راپه‌ڕینی گه‌وره‌یان نه‌كردووه ته‌نانه‌ت وه‌ك پێشتر باسم كرد كه شێخ عوبه‌یدوڵڵا بۆ یه‌كه‌م جار حزبی دروست كرد كه پێش ئه‌رمه‌نه‌كانیش كه‌وتووه، كه ئه‌رمه‌نه‌كان له‌م شتانه‌یه زۆر زۆر رۆڵی گرنگیان هه‌بووه، كه له‌رۆژنامه چاپكردندا پێش ئه‌مریكاش رۆژنامه‌یان چاپ كردووه كه‌چی شێخ عوبه‌یدوڵڵا پێش دروستبوونی حزبی سیاسی ئه‌رمه‌نی له‌ناوچه ئه‌م هاتووه حزبی سیاسی دروست كردووه، كه یه‌كێتی كوردانه. ئه‌م حزبه وه‌ك راپۆرت و به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه لقی هه‌بووه له‌شاره گه‌وره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی عوسمانی و قاجاری و ئه‌مانه چالاكیان هه‌بووه، تفه‌نگیان هه‌بووه، په‌یوه‌ندیان هه‌بووه ئه‌مه بۆ ئه‌وكاته كارێكی زۆر تازه بووه، كه به‌ڵام دیسانه‌وه عوسمانی جارێكی تر گه‌مارۆی باره‌گای شێخیاندا و ئه‌مجاره به‌ده‌ستبه‌سه‌ری به‌رێگای موسڵدا بردیان بۆ لوبنان و له‌وێوه بردیان بۆ ئهتائیف و له‌وێ ماوه‌یه‌كی كه‌م ژیا‌و به‌نه‌خۆشی كۆچی دوایی كرد له12ی 10 1883دا كۆچی دوایی كردوه …
ژیانی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری
محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ مێژوونوس لهئینسلۆپیدیای ئیسلامه‌وه ئه‌وه ده‌گوازێته‌وه كه خانه‌واده‌ی شه‌مزینان سیمت لهخانهدانهكانی نه‌هری (نه‌هری یان نیری، یاخود نایری)، له‌سه‌رده‌می (مه‌لا حه‌جیج) شوێنه‌كه‌یان بۆ ناوچه‌ی(ههمارۆ) گواستۆته‌وه، له‌وێ ماونه‌ته‌وه تا سه‌رده‌می مه‌لا ساڵح، مه‌لا ساڵح دوو منداڵی هه‌بوو، سه‌ید عه‌بدوڵڵا و سه‌ید ئه‌حمه‌د. سه‌ید عه‌بدوڵڵا بووه یه‌كێك له خه‌لیفه‌كانی مه‌ولانا خالید، دوای ئه‌وه‌ی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی وه‌رگرت، سه‌یدعه‌بدوڵڵا گه‌ڕاوه‌ته‌وه گوندی(نه‌هری) و له‌وێ نیشته‌جێ بووه، به‌خۆی و منداڵه‌كانی، دواتریش نه‌وه‌كانی، ئه‌م خێزانه ده‌سه‌ڵاتێكی ئاینی هه‌بوو له‌قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تادا، دواتر ده‌سه‌ڵاتی ماددی دنیاشی به‌هه‌مان شێوه بۆ په‌یدا بوو، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام له‌زیادبووندا بوو له‌سه‌رده‌می شێخ عوبه‌یدوڵڵادا
شێخ عوبه‌یدوڵڵا كوڕی سه‌ید ته‌های نه‌هری كوڕی شێخ ئه‌حمه‌د شیهابهددینه، له گوندی نه‌هری له‌ساڵی ١٨٣٠ له‌شه‌مزینان له‌دایكبووه. دوای مردنی سه‌ید ته‌ها، شێخ عوبه‌یدوڵڵای كوڕی جێگه‌ی گرته‌وه، بووه ڕێبه‌ری ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی و سه‌روه‌ت و سامانێكی زۆری به‌میرات بۆ ماوه‌ته‌وه. له‌شه‌ڕی ١٨٧٧-١٨٧٨ له نێوان ڕوسیا‌و عوسمانی‌دا یارمه‌تی سوپای عوسمانی داوه.
ده‌ره‌ئه‌نجامی شكستی عوسمانییه‌كان له‌شه‌ڕی ١٨٧٧-١٨٧٨ له‌گه‌ڵ ڕوسدا، به‌پێی ماده‌ی ٦ی ئه‌و په‌یمانه (په‌یماننامه‌ی به‌رلین) ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپی به‌یه‌كه‌وه داوای پاراستنی مافی كۆمه‌ڵی ئه‌رمه‌نییان كردبوو.
بۆیه شێخ عوبه‌یدوڵڵا كه‌وته یه‌كخستنی خێڵه‌كان بۆ ئه‌نجام گه‌یاندنی ئامانجه‌كانی و نوێنه‌ری نارد بۆ لای شه‌ریفی مه‌ككه و خدیۆی میسر و كونسوڵه‌كانی ڕوس له وان و ئه‌رزڕووم تا بزانێت ده‌وڵه‌تی ڕوس هه‌ستی به‌رامبه‌ر به‌كورد چۆنه. هه‌وڵیشی دا خۆی لهئینگلیزهكان نزیك بكاته‌وه‌و نامه‌یه‌كی ناردووه بۆ دكتۆر كوچه‌ران.
شێخ پێیوابوو تاقه ده‌رمانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد دامه‌زراندنی كوردستانێكی گه‌وره‌یه، ئه‌ویش به یه‌كخستنی كورده‌كانی ئێران و كورده‌كانی سنووری عوسمانییه، له‌یه‌كه‌مین به‌یاننامه‌ی نووسراوی شێخدا و به یه‌كێك له نوێنه‌رانی هێزه رۆژئاواییه‌كان ده‌ڵێت: میران و سه‌رانی كوردستانی چ له‌توركیا چ له‌ئێران، هه‌ر هه‌موویان رایان وایه ناكرێ به‌م جۆره له‌گه‌ڵ دوو حكومه‌تدا هه‌ڵبكرێ، ده‌بێ كارێك بكرێت ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا لهدۆزهكه ئاگادار بن و له‌م باره‌یه‌وه لێكۆڵینه‌وه ئه‌نجام بده‌ن كه خه‌ڵكی كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیایه، ئێمه ده‌خوازین كاروباری خۆمان له ده‌ستی خۆماندا بێت.
پاشان شێخ نوێنه‌ری نارده لای زانایانی كوردستان له‌شاره‌كانی ڕهواندوزو موسڵ و هه‌ولێرو وان ودیاربهكرو به‌دلیس و ورمێ وسنه‌و مهاباد، سه‌رۆك هۆزه گه‌وره‌كانی كوردی بانگێشت كرد، له ساڵی ١٨٨٠دا دوو كۆنفرانسی بۆ سه‌رانی خێڵه كورده‌كان گرێ دا كۆمه‌ڵه‌یه‌كی كوردی ناوی «ئه‌نجومه‌نی كورد» دروست كرد، كه پێكهاتبوو لهنهتهوهپهروهرانی كوردی، كه نزیكه‌ی ٢٢٠ سه‌رۆك هۆزو پیاوی ئایینی له‌شه‌مزینان كۆبوونه‌وه.
شۆڕشی چه‌كدارانه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌تشرینی یه‌كه‌می ١٨٨٠ ده‌ست پێ ده‌كات و هێزه‌كانی خۆی دابه‌ش كرد به‌سه‌ر چه‌ند به‌ره‌یه‌كدا: به‌سه‌ركردایه‌تیی شێخ عه‌بدولقادر و هه‌مزه ئاغای مه‌نگوڕی و مامش، بۆ رزگاركردنی ناوچه‌كانی موكری، سابڵا‌غ و میاندواو و مه‌راغه، به‌سه‌ركردایه‌تیی موحه‌ممه‌د سدیق كوڕی شێخ عوبه‌یدوڵڵا بوو، بۆ رزگاركردنی شاری ورمێ، به‌سه‌ركردایه‌تیی خه‌لیفه موحه‌ممه‌د، بۆ رزگاركردنی ناوچه‌كانی خۆی و سه‌ڵماس، له‌گه‌ڵ هه‌ڵایسانی شۆڕشدا عه‌ره‌به‌كانی ویلایه‌تی به‌غدایش ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕی بۆ به‌شداریكردن له شۆڕشدا، به مه‌رجێ شێخ عوبه‌یدوڵڵا ویلایه‌تی موسڵیان بۆ رزگار بكات. له‌و كاته‌دا زۆربه‌ی هێزه كوردییه‌كانی كوردستانی ئێران و عێراقی ئێستا دایانه پاڵ بزوتنه‌وه‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا و شێخ ئیداره‌یه‌كی كاتیی پێكهێنا و توانیان ناوچه‌كانی سابڵا‌غ و میاندواو و مه‌راغه ئازاد بكه‌ن. به‌هۆی نه‌بوونی دیسپلین له ڕیزی جه‌نگاوه‌ره‌كاندا و نه‌بوونی شاره‌زایی سه‌ربازی له لای سه‌ركرده‌كان، جگه له‌مه هه‌ر خێڵێك هێزه‌كانی له‌ژێر سه‌ركردایه‌تیی رابه‌ره‌كانی خۆیدا هێشتبووه‌وه و چه‌كی پێویستیان نه‌بوو، سه‌رباری ئه‌وه كه ئه‌و هێزانه كه‌م مه‌شق بوون و خواردن و ئازوقهكهش هه‌ر عه‌شیره‌تێك ده‌بوایه خۆی دابینی بكردایه.
هه‌رچۆنێك بێت شێخ عوبه‌یدوڵڵا كاتێك نزیكی شاری ورمێ بوویه‌وه، چه‌ند نوێنه‌رێكی خۆی نارده ناو شار بۆ دانوستان به‌مه‌رجی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان. حاكمی شاریش فه‌رمانی دا كه نمایندهكان بكوژرێن. ئه‌مه‌ش ڕقی كوردی ورووژاند و چوونه شاره‌كه و به‌پێی هه‌ندێ سه‌رژمێری نزیكه‌ی ٣٠٠ كه‌سیان كوشت و گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌بوو كه هێزه‌كانی شێخ كردیان و حكوومه‌تی ئێرانیش خراپ سوودی لێ وه‌رگرت بۆ ناشرینكردنی جووڵانه‌وه‌كه له‌ناوه‌نده ڕهسمییهكاندا. به‌ڵام خه‌ڵكی شار به‌سه‌رۆكایه‌تیی ئیقبالوددهوله به‌رگرییه‌كی سه‌ختیان له شاره‌كه كرد و نه‌یاندا به‌ده‌سته‌وه. هه‌ر له‌و كاته‌دا دوكتۆر جۆزێف كاكرن (Joseph Cochran) كه له كۆمیسیۆنی موژدهبهرانی ئه‌مریكایی كاری ده‌كرد، چووه لای شێخ و تكای لێ كرد مه‌رجه‌كانی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان ڕوون بكاته‌وه و ئاگاداریی پێ دا كه نابێت هیچ زیانێك به فه‌له‌كان و گاوره‌كانی شار بگات. داوای لێ كرد پێویسته بۆ ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێر هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان بۆ سه‌ر شاره‌كه ڕابگرن تا ماوه‌ی خه‌ڵك بدرێت له شاره‌كه ده‌رچنه ده‌ره‌وه، به‌ڵام ئه‌مه پلانێكی نێوان دوكتۆر كاكرن و فه‌رمانده‌ی سه‌ربازیی ئێران بوو.
له لایه‌كی تریشه‌وه عوسمانییه‌كانیش كه‌وتنه خۆیان و هێزه‌كانی خۆیان له كوردستان قایمتر كرد و كه‌وتنه گه‌مارۆدانی هێزه‌كانی شێخ. به‌م جۆره شێخ عوبه‌یدوڵڵا ڕوانی هێزه‌كانی كه‌وتوونه‌ته نێوان به‌رداشی هێزه‌كانی عوسمانی و شا و خێڵه كورده نه‌یاره‌كانی شێخ، ئه‌وجا فه‌رمانی دا به سه‌ركرده‌كان كه له‌شكر له‌ناو ئێران بكێشێته‌وه. له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی شێخ بۆ باره‌گاكه‌ی خۆی، داوای له پاشماوه‌ی هێزه‌كه‌ی كرد كه بڵاوه‌ی لێ بكه‌ن و ئه‌وكات حكوومه‌تی ئێرانی داوای له حكوومه‌تی عوسمانی كرد سه‌رانی شۆڕش ده‌ستگیر بكات له‌وانه‌ش شێخ عوبه‌یدوڵڵا هه‌ریه‌ك له حكوومه‌ته‌كانی نه‌مسا و به‌ریتانیا له‌م داوایه‌دا پشتگیریی ئێرانیان كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ئه‌م داوایه‌ی سه‌ری نه‌گرت، چونكه عوسمانییه‌كان ده‌یانویست له كاتی موباده‌ره‌ی سیاسی‌دا له‌گه‌ڵ ئێران وه‌ك كارتی فشار به‌كاری بهێنن. شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌و كاته‌دا داوای له كونسوڵی ڕووسیا كرد بۆ یارمه‌تی، به‌ڵام وه‌ڵامیان نه‌دایه‌وه و جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه پێویسته شێخ خۆی بخاته به‌رده‌م ده‌وڵه‌تی عوسمانی، چونكه ئه‌و كاته په‌یوه‌ندیی نێوان ڕوسیا و عوسمانییه‌كان باش بوو و ئه‌و زلهێزانه وه‌ك هه‌میشه نایانه‌وێ به‌رژوه‌ندیی خۆیان بخه‌نه مه‌ترسییه‌وه له‌به‌ر مه‌سه‌له‌یه‌كی ئه‌خلاقی یان مرۆڤایه‌تی.
له كۆتاییدا شێخ ناچار كرا بچێته لای سوڵتان و له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی شێخ عوبه‌یدوڵڵا به پایته‌ختی عوسمانی، ئیدی جه‌نگی دیپلۆماسیی توند له‌نێوان ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ئێران هه‌ڵگیرسا. ئێران به ڕێنماییی ڕوسیا ده‌یویست زیانی ئه‌و هێرشه‌ی شێخ (عوبه‌یدوڵڵا)ی بۆ ببژێرن. شێخ له‌گه‌رمه‌ی ئه‌و جه‌نگه دیپلۆماسییه‌دا له ئه‌سته‌نبوڵ ڕای كرد به به‌رگی بازرگانی و پهساپۆرتێكی دروستكراو سواری پاپۆڕێكی شه‌ڕكه‌ری (پاك)ی فه‌ره‌نسایی ده‌بێ و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته (پۆتێ) و له‌وێوه ده‌چێته‌وه كوردستان و هه‌ركه هه‌واڵی گه‌یشتنی بڵاوده‌بێته‌وه، كوردستان جووڵه‌ی تێ ده‌كه‌وێت. چه‌ند عه‌شیره‌تێك چه‌كداره‌كانی خۆیان كۆ كرده‌وه و به‌و په‌ڕی ڕێزه‌وه چوون پێشوازی له شێخ بكه‌ن. شێخ عه‌بدولقادری كوڕی هێزێكی به چه‌ند هه‌زار كه‌سییه‌وه چوو به‌پیری باوكییه‌وه. كه ئێران به‌مه ده‌زانێت، یه‌كسه‌ر هاواری لێ هه‌ڵده‌ستێت و ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه حكومه‌تی عوسمانی خۆی له‌پشت ڕاكردنی شێخهوهیه.
له‌رۆژی 12ی ئۆكتۆبه‌ری 1883 شێخ له‌سه‌ر چیای عه‌ره‌فات بوو خه‌ریك بوو فه‌رزی حه‌جی به‌جێ ده‌گه‌یاند له‌و وه‌خته‌دا گیان له‌جه‌سته‌ی ده‌رچوو و چووه به‌رقاپی خودا و مرد.. ئه‌و كات كه به‌نه‌خۆشی كۆلێرا مرد ته‌مه‌نی 53ساڵان بوو هه‌ر له‌دوای سێ رۆژ هاوسه‌ری ژیانی و ره‌شیدی كوڕه بچوكی به‌هه‌مان نه‌خۆشی مردن.