Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى جولەکە / جوله‌كه‌ و مافی خاوه‌ندارێتی قودس؛ خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ مافی مێژوویی و به‌ڵێنی خودایی

جوله‌كه‌ و مافی خاوه‌ندارێتی قودس؛ خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ مافی مێژوویی و به‌ڵێنی خودایی

جوله‌كه‌ و مافی خاوه‌ندارێتی قودس؛ خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ مافی مێژوویی و به‌ڵێنی خودایی

د. زانا محه‌مه‌د ئه‌مین سه‌عید

به‌شی یه‌كه‌م
شاری قودس كه‌ له‌ په‌یمانی كۆن (العهد القدیم)ی جوله‌كه‌كان و په‌یمانی نوێ (العهد الجدید)ی گاوره‌كان به‌ (ئۆرشه‌لیم) ناسراوه‌، تاكه‌ شوێنه‌ له‌سه‌ر زه‌وی، كه‌ له‌ هه‌رسێ دینی یه‌هودی و نه‌صرانی و ئیسلامدا به‌ پیرۆز داده‌نرێت، به‌ڵكو له‌ لوتكه‌ی پیرۆزیشدایه‌، جوله‌كه‌كان پێیان وایه‌ خودا ئه‌و شاره‌ی به‌دیاری داوه‌ به‌ ئه‌وان و پایته‌ختی مه‌مله‌كه‌تی داووده‌ (سه‌لامی خوای لێبێت) و هه‌یكه‌لی سوله‌یمانی (سه‌لامی خوای لێبێت) له‌خۆگرتوه‌، گاوره‌كان قودس به‌ میراتی مه‌سیح ده‌زانن بۆ شوێنكه‌وتوانی و به‌ شاری په‌یمانی نوێی ده‌زانن، له‌ دایكبوونی مه‌سیح (سه‌لامی خوای لێبێت) له‌ قودسدا و گه‌وره‌بوون و بانگه‌وازه‌كه‌ی له‌و شاره‌دا تا له‌ خاچدانی (به‌ بۆچوونی گاوره‌كان) زیاتر قودسی لای ئه‌وان پیرۆزكردووه‌ تا ئه‌و راده‌یه‌ی كه‌ بۆته‌ شوێنی حه‌جكردنیان. له‌ ئیسلامیشدا قودس یه‌كه‌م روگه‌ی موسوڵمانان بووه‌ و له‌ رووی پیرۆزیشه‌وه‌ پله‌ی سێهه‌می هه‌یه‌ له‌دوای هه‌ردوو شاری مه‌ككه‌ و مه‌دینه‌ و، له‌ قورئانی پیرۆز و فه‌رموده‌ی پێغه‌مبه‌ردا (سه‌لامی خوای لێبێت) چه‌ندین جار ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌ و شه‌وڕه‌وی پێغه‌مبه‌ر (سه‌لامی خوای لێبێت) هه‌ر بۆ ئه‌وێ بووه‌ و به‌رز بوونه‌وه‌شی بۆ ئاسمان له‌وێوه‌ بووه‌.

ئه‌و پله‌و پایه‌ به‌رزه‌ی كه‌ قودس هه‌یه‌تی وایكردووه‌ كه‌ ئه‌و شاره‌ به‌ درێژایی مێژووی (6000) ساڵه‌ی خۆی ببێته‌ مه‌یدانی شه‌ڕ و روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی خوێناوی له‌ لایه‌ن گه‌لانی ناوچه‌كه‌ و شوێنكه‌وتووانی ئایینه‌ ئاسمانیه‌كان، ئه‌و روبه‌ڕوبوونه‌وانه‌ش وایكردوه‌ كه‌ چه‌ندین جار قودس وێران ببێت و پاشان ئاوه‌دانبكرێته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ كه‌ له‌و شاره‌دا و له‌ رابردوودا موسوڵمان و جوله‌كه‌ و گاور ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌، موسوڵمانان نزیكه‌ی سیانزه‌ سه‌ده‌ ده‌سه‌ڵاتداربوون تیایدا و گاوره‌ خاچدروشمه‌كان هه‌شتا و هه‌شت ساڵ و جوله‌كه‌كانیش تا ئێستا په‌نجا ساڵه‌ ده‌سه‌ڵاتدارن. به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان و به‌ دانپێدانانی لێكۆڵه‌ر و مێژوونوسانی جوله‌كه‌ و گاوریش له‌ سه‌رده‌می حوكمی موسوڵماناندا په‌رستگه‌ی جوله‌كه‌ و گاوره‌كان ده‌ستی بۆ نه‌براوه‌ و ئازادی ته‌واویان پێدرا تا دینداری خۆیان بكه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی هه‌شتا و هه‌شت ساڵ حوكمی گاوره‌ خاچدروشمه‌كاندا قه‌سابخانه‌یان دانا بۆ موسوڵمانه‌كان وته‌نانه‌ت جوله‌كه‌كانیش، وه‌ هه‌موو مزگه‌وت و په‌رستگه‌ی موسوڵمان و جوله‌كه‌كانیشیان سوتاند و روخاند، سه‌باره‌ت به‌ مامه‌ڵه‌ی جوله‌كه‌كانیش له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی خۆیاندا له‌ قودس پێویستمان به‌ به‌ڵگه‌ی مێژویی نیه‌، چونكه‌ خۆمان له‌ واقیعه‌كه‌دا ده‌ژین و ده‌بینین چۆن هاوڵاتیانی ره‌سه‌نی قودس له‌ موسوڵمان و گاوره‌كان له‌ مافه‌ ئایینی و كه‌سیی و ئابوری و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خۆیان بێبه‌شده‌كرێن و، هه‌وڵی به‌ یه‌هودیكردنی شاره‌كه‌ ده‌درێت به‌بێ گوێدانه‌ رێككه‌وتن و بڕیاره‌ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، تازه‌ترین تاوانیش كه‌ ئه‌نجامیاندا داخستنی مزگه‌وتی ئه‌قصا و قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌نجامدانی نوێژ تێیدا و ته‌قه‌كردن له‌ خۆپیشانده‌ران وكوشتنیان بوو.
ئێمه‌ له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا بیانوی جوله‌كه‌ بۆ ئه‌م داگیركاری و پاوانخوازی و خوێنرێژیه‌ی كه‌ ده‌یكات روون ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ بریتین له‌ مافی مێژوویی و مافی ئایینی یان به‌ڵێنی خودایی (الوعد الإلهی).

یه‌كه‌م: مافی مێژوویی:
جوله‌كه‌كان بۆ خاوه‌ندارێتی قودس پشتده‌به‌ستن به‌ به‌ڵگه‌ی مێژوویی، ئه‌وان به‌رده‌وام سه‌ره‌تای مێژووی قودس ده‌گێرنه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می داوود پێغه‌مبه‌ر (سه‌لامی خوای لێبێت) و ده‌ڵێن قودسی سێ هه‌زار ساڵ وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كه‌ داوود دروستی كردووه‌ پێش (3000) ساڵ و، بۆچوونیان وایه‌ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ی ئێستایان درێژكراوه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی داووده‌، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ وای لێكردوون شه‌و و رۆژ بگه‌ڕێن به‌دوای هه‌یكه‌لێك به‌ناوی  هه‌یكه‌لی سوله‌یمان، تا بیكه‌نه‌ به‌ڵگه‌ بۆ مافی مێژوویی قودس بۆ جوله‌كه‌. گه‌وره‌پیاوان و سیاسه‌تمه‌دارانی جووله‌كه‌ به‌رده‌وام ئه‌و مافه‌ مێژووییه‌ دووپاتده‌كه‌نه‌وه‌، له‌وانه‌ (تیودور هرتزل) دامه‌زرێنه‌ری بزووتنه‌وه‌ی زایۆنی ده‌ڵێت: “ئه‌و فه‌له‌ستینه‌ی ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت بریتیه‌ له‌ فه‌له‌ستینی داوود و سوله‌یمان و، فه‌له‌ستین نیشتمانی مێژوویی ئێمه‌یه‌”. هه‌روه‌ها (ده‌یڤد گۆریۆن) یه‌كه‌م سه‌رۆكی ئیسرائیل له‌ به‌یانی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ئه‌مه‌ ده‌وڵه‌تی سێهه‌می ئیسرائیله‌، واته‌ دوای ده‌وڵه‌تی یه‌كه‌م له‌سه‌رده‌می داوود و، ده‌وڵه‌تی دووه‌م له‌ سه‌رده‌می موكابیه‌كان له‌ ساڵ (167پ.ز)، وه‌ (موشا دایان) كه‌ له‌كاتی داگیركردنی قودسدا له‌ ساڵی (1967ز) وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل بوو گوتی: “قودس زه‌وی باو و باپیرانمانه‌ و ده‌كه‌وێته‌ دڵی مێژووی جووله‌كه‌وه‌”. ئه‌مانه‌و چه‌ندین لێدوانی راشكاوی تری كاربه‌ده‌ستان و بیرمه‌ندانی جووله‌كه‌ كه‌ به‌ڕوونی داوای خاوه‌ندارێتی قودس ده‌كه‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای مافی مێژوویی.

لێره‌دا بۆ ناره‌وایی مافی مێژوویی قودس بۆ جوله‌كه‌ ده‌توانین به‌چه‌ند خاڵێك وه‌ڵام بده‌ینه‌وه‌:
1.    به‌پێی سه‌رچاوه‌ مێژوویی و كتێبه‌ پیرۆزه‌كانی جوله‌كه‌ و گاور و موسوڵمانان شاری قودس، پێش ئه‌وه‌ی نه‌وه‌كانی ئیسرائیل بچنه‌ ناوی، خه‌ڵكی ره‌سه‌نی خۆی تێدا نیشته‌جێ بووه‌، ئه‌وانیش بریتیبوون له‌ یه‌بوسیه‌كان كه‌ تیره‌یه‌ك بوون له‌ كه‌نعانیه‌ عه‌ره‌به‌كان، ئه‌وان (2000-3000) ساڵ پێش داوود ئه‌و شاره‌یان بنیاتناوه‌. له‌ په‌یمانی كۆنی جوله‌كه‌دا و له‌چه‌ندین شوێندا ئاماژه‌ به‌م راستیه‌ كراوه‌، ته‌نانه‌ت باسی ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ئیبراهیم (سه‌لامی خوای لێبێت) سه‌ردانی ئه‌وێی كردووه‌ و له‌ لایه‌ن یه‌بوسیه‌كانه‌وه‌ پێشوازی لێكراوه‌، بڕوانه‌: (سیفری ته‌كوین: به‌شی 14/ بڕگه‌ی 18، و به‌شی 12/ بڕگه‌ی 6، به‌شی 13/ بڕگه‌ی 7، و سیفری یه‌شوع: به‌شی 15/ بڕگه‌ی 63). قورئانی پیرۆزیش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كاتێك موسا (سه‌لامی خوای لێبێت) فه‌رمانی كرد به‌ نه‌وه‌كانی ئیسرائیل بۆ چوونه‌ ناو قودس، له‌و كاته‌دا گه‌لێكی به‌هێز له‌و شاره‌دا هه‌بوون، كه‌ ئه‌وانیش یه‌بوسیه‌كان بوون، بڕوانه‌ (سوره‌تی المائدة‌: 22).

به‌ به‌ڵگه‌ی كتێبی پیرۆزی جوله‌كه‌كان كه‌ یه‌كه‌م و باوه‌ڕپێكراوترین سه‌رچاوه‌ی مێژووییانه‌ له‌پێش ئه‌وان به‌ هه‌زاران ساڵ یه‌بوسیه‌ عه‌ره‌به‌كان له‌ قودسدا ژیاون، كه‌واته‌ به‌چ مافێك و به ‌چ به‌ڵگه‌یه‌ك له‌ ئێستادا جووله‌كه‌كان مێژووی ئه‌و شاره‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ داوود و، كه‌سانێكی لێ بێبه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ نزیكه‌ی (6000) ساڵ پێش ئێستا شاره‌كه‌یان بنیاتناوه‌ و تا ئێستاش به‌بێ پچڕان له‌وێدا ژیاون؟ به‌ڵام ماف ده‌ده‌ن به‌ خۆیان، له ‌كاتێكدا هه‌موو بوون و ده‌سه‌ڵاتیان له‌و شاره‌دا به‌ پچڕپچڕی و له‌ سه‌رده‌می داووده‌وه‌ (سه‌لامی خوای لێبێت) تا ئێستا ناگاته‌ (500) ساڵ.

2.    چه‌ند پێغه‌مبه‌رێك هه‌ن جووله‌كه‌ به‌ پێغه‌مبه‌ری خۆیانیان ده‌زانن و بوونی ئه‌وان له‌ قودسدا به‌ به‌ڵگه‌ی مێژووی بۆ خۆیان داده‌نێن، به‌ڵام به ‌گوێره‌ی ته‌ورات ئه‌و پێغه‌مبه‌رانه‌ (سه‌لامی خوایان لێبێت) له‌ قودسدا خۆیان به‌ غه‌ریب و میوان زانیوه‌، (سیفری ته‌كوین: 24/3، 4، و 4/28، و 37/1)، ته‌نانه‌ت ئه‌و پێغه‌مبه‌رانه‌ خاوه‌نی مه‌ترێك زه‌وی نه‌بوون له‌ زه‌وی كه‌نعاندا، به ‌به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی كاتێك ساره‌ی خێزای ئیبراهیم (سه‌لامی خوای لێبێت) وه‌فاتی كرد، ئیبراهیم پارچه‌یه‌ك زه‌وی له‌ خه‌ڵكی ره‌سه‌نی شاره‌كه‌ كڕی بۆ ئه‌وه‌ی خێزانه‌كه‌ی تێدا بنێژێت، كاتێكیش ئیبراهیم وه‌فاتی كرد كوڕه‌كانی له‌هه‌مان زه‌ویدا ناشتیان و، كاتێك یه‌عقوب وه‌فاتی كرد، كوڕه‌كانی هه‌ر له‌هه‌مان زه‌ویدا ناشتیان، (سیفری ته‌كوین: 23/3، و 23/16، و 23/19، و 25/9 ،10، و 50/ 12، 13)، وه‌ كاتێك یه‌عقوب چوو بۆ ئاوایی شه‌كیم له‌ كه‌نعان شوێنی خێمه‌ و ماڵه‌كه‌ی خۆی كڕی به‌ سه‌د پارچه‌ زیو، (سیفری ته‌كوین: 33/18-20)، وه‌ كاتیك داوود ویستی شوێنێك دروستبكات بۆ قوربانیكردن كه‌سێكی یه‌بوسی پارچه‌یه‌ك زه‌وی پێشكه‌شكرد به‌خۆڕایی، به‌ڵام داوود قبووڵی نه‌كرد و له‌ به‌رامبه‌ردا په‌نجا پارچه‌ زیوی پێدا، (صمۆئیلی دوهه‌م: 24/24، 25).

لێره‌دا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر باوك و باپیرانی نه‌وه‌كانی ئیسرائیل له‌ زه‌وی كه‌نعاندا خۆیان به‌ غه‌ریب زانیبێت و به‌خۆیان ڕه‌وا نه‌بینیبێت ته‌نانه‌ت مردویه‌كی تێدا بنێژن یان په‌رستگایه‌كی تێدا دروست بكه‌ن به‌بێ پرسی خه‌ڵكه‌ ره‌سه‌ن و خاوه‌نه‌ شه‌رعیه‌كانی، كه‌واته‌ له‌ ئێستادا به‌ چ مافێك جووله‌كه‌ خۆیان به‌ خاوه‌نی ئه‌و زه‌ویه‌ ده‌زانن له‌ سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌وه‌ی ئه‌و پێغه‌مبه‌رانه‌ن؟ كاتێك باوك له‌سه‌ر زه‌ویه‌ك میوان بێت چۆن خاوه‌ندارێتی ئه‌و زه‌ویه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ نه‌وه‌كانی؟

3.    ده‌سه‌ڵاتی پێغه‌مبه‌رانی به‌نی ئیسرائیل له‌ قودسدا، به‌راورد به‌ مێژووی ئه‌و شاره‌، زۆر كه‌مه‌. به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی جوله‌كه‌ له‌ساڵی (1000 پ.ز) داوود (سه‌لامی خوای لێبێت) قودسی داگیركردووه‌ و ده‌سه‌ڵاتی به‌نی ئیسرائیل له‌و شاره‌دا به‌رده‌وام بووه‌ تا ساڵی (586 پ.ز) له‌لایه‌ن بابلیه‌كانه‌وه‌ داگیركراوه‌ته‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی جوله‌كه‌ له‌ قودسدا نه‌ما هه‌تا ساڵی (1967ز).

كه‌واته‌ كۆی گشتی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان له‌و شاره‌دا بریتی بووه‌ له‌ نزیكه‌ی (415) ساڵ، بێگومان ئه‌و ماوه‌یه‌ش به‌راورد به‌ ته‌مه‌نی قودس كه‌ نزیكه‌ی (6000) ساڵه‌ زۆركه‌مه‌، ته‌نانه‌ت كه‌متره‌ له‌ مانه‌وه‌ی به‌ریتانیه‌كان له‌ هیندستان و مانه‌وه‌ی موسوڵمانه‌كان له‌ ئه‌نده‌لوس و مانه‌وه‌ی یۆنانیه‌كان له‌ میسر و مانه‌وه‌ی هۆڵه‌ندیه‌كان له‌ ئیندۆنیسیا، ئه‌گه‌ر خاوه‌ندارێتی جوله‌كه‌كان بۆ قودس ره‌وا بێت به‌ هۆی زۆر مانه‌وه‌ی باوك و باپیرانیان تیایدا ئه‌وا مافی هه‌ریه‌ك له‌ به‌ریتانیه‌كان و مسوڵمانه‌كان و یۆنانیه‌كان و هۆڵه‌ندیه‌كان بوو، كه‌ ببنه‌ خاوه‌نی هیندستان و ئیسپانیا و میسر و ئیندۆنیسیا، به‌ڵكو ده‌بوایه‌ جوله‌كه‌ داوای میسر بكه‌ن پێش قودس، چونكه‌ مانه‌وه‌ی به‌نی ئیسرائیل له‌ میسر زیاتر بوو له‌ مانه‌وه‌یان له‌ قودس.

4.    گریمان راسته‌ مێژووی قودس ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كاتی فه‌تحكردنی ئه‌و شاره‌ له‌لایه‌ن داووده‌وه‌، به‌ڵام به‌ كام به‌ڵگه‌یه‌ جوله‌كه‌كانی ئێستا ده‌بنه‌ میراتگری ئه‌و زه‌ویه‌؟ له‌ كاتێكدا به‌ گوێره‌ی په‌یمانی كۆنی خۆیان داوود (سه‌لامی خوای لێبێت) ده‌ڵێت: ئه‌م زه‌ویه‌ پیاوچاكان ده‌بنه‌ میراتگری، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ بكات بۆ جوله‌كه‌كان، (سیفری مه‌زامیر:37/9)، بێگومان حوكمی داوود حوكمی ته‌وحید و چه‌سپاندنی دادگه‌ریی بووه‌، نه‌ك نه‌ته‌وه‌په‌رستی و ره‌گه‌زپه‌رستی.

5.    ئه‌و سنووره‌ی ئَێستا جوله‌كه‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان له‌سه‌ر بنیاتناوه‌ و ئه‌و ناوچانه‌ی تریش كه‌ هه‌وڵی داگیركردنی ده‌ده‌ن زۆر زیاترن له‌و سنوره‌ی كه‌ داوود (سه‌لامی خوای لێبێت) ده‌سه‌ڵاتی تێیدا هه‌بووه‌. به‌ پێی سه‌رچاوه‌كانی جوله‌كه‌ داوود ته‌نها هه‌ندێك له‌ ناوچه‌ شاخاویه‌كانی فه‌له‌ستینی له‌ژێر ده‌ستدا بووه‌ له‌ ناوچه‌ی (تل القاضی) له‌ باكووره‌وه‌ تا (بئر السبع) له‌ باشوور، له‌گه‌ڵ هه‌ندێك ناوچه‌ی ژێرده‌ستی ئه‌دۆمی و موئابی و عه‌مونی و ئارامیه‌كان، به‌ڵام جوله‌كه‌كانی ئێستا چاویان له‌سه‌ر زۆر ناوچه‌ی تره‌، كه‌ داوود نه‌ك پێی نه‌گه‌یشتووه‌، به‌ڵكو هه‌وڵیشى نه‌داوه‌ پێی بگات. ئه‌وان زۆر نه‌خشه‌یان بڵاوكردۆته‌وه‌، كه‌ به‌ سنوری داهاتووی خۆیانی ده‌زانن و كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، كه‌ فراوانترینیان بریتیه‌ له‌م ناوچانه‌:
•    له‌ باشووره‌وه‌: هه‌موو بیابانی سینا و به‌شێكی زۆر له‌ باكووری میسر تا نزیك قاهیره‌.
•    له‌ باكووره‌وه‌: هه‌موو لوبنان و سوریا و به‌شێكی گه‌وره‌ له‌ توركیا هه‌تا ده‌ریاچه‌ی وان.
•    له‌ رۆژهه‌ڵاته‌وه‌: هه‌موو ئوردون و به‌شێكی زۆر له‌ سعودیه‌ و هه‌موو كوه‌یت و به‌شێكی عێراق و باشوری فورات.
•    له‌ رۆژئاواوه‌: قوبروس.

ئه‌گه‌ر بوونی داوود له‌ قودسدا به‌ڵگه‌ی مافی مێژوویی قودس بۆ جوله‌كه‌ ده‌سه‌لمێنێت، ئه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی تر به‌ چ مافێك داگیر ده‌كه‌ن؟ بۆچی پابه‌ند نین به‌ سنووری ده‌سه‌ڵاتی داووده‌وه‌؟ یان ئه‌م پاوانخوازیه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ ماف و مێژووه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵكو له‌ ره‌گه‌زپه‌رستی و خۆپه‌رستی زیاتر هیچی تر نیه‌.

6.    له‌ دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ئیمپڕاتۆری رۆمانی (هادریانوس) له‌ ساڵی (135ز) شاری قودسی وێرانكرد و په‌رستگه‌ و هه‌یكه‌لی جوله‌كه‌كانی روخاند و له‌ شوێنه‌كه‌ی په‌رستگه‌یه‌كی بۆ (جوپیتێر) په‌رستراوی گه‌وره‌ی ڕۆمه‌كان دروستكرد و، هه‌موو جوله‌كه‌كانی دانیشتووی قودسی ده‌ركرد و، فه‌رمانی ده‌ركرد هه‌ر جوله‌كه‌یه‌ك بێته‌ ناو قودس ده‌بێت له‌ سێداره‌ بدرێت، پاشان سزاكه‌ی بۆ سوك كردن و بڕیاریدا كه‌ له‌ ساڵێكدا یه‌ك رۆژ بۆیان هه‌یه‌ بێنه‌ قودس و له‌پاڵ دیوارێكی په‌رستگه‌كه‌یان، كه‌ نه‌ڕوخابوو بۆیان هه‌بوو بگرین، پاشان ئه‌و دیواره‌ ناونرا (حائط المبكى)، واته‌ شوێنی گریان، له‌و كاته‌وه‌، واته‌ له‌ سه‌ده‌ی دووهه‌می زایینیه‌وه‌ تا سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م جوله‌كه‌كان هیچ جووڵه‌یه‌كی دینی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیان له‌ قودسدا نه‌ما، ته‌نانه‌ت كاتێك شاری قودس له‌لایه‌ن خه‌لیفه‌ی موسڵمانان عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب (ره‌زای خوای لێبێت) فه‌تحكرا، گاوره‌كان داوایان لێكرد كه‌ نابێت رێگه‌ به‌ جوله‌كه‌كان بدات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ قودس، ئه‌ویش قبوڵیكرد و بوو به‌ خاڵێك له‌ رێككه‌وتننامه‌ی نێوان خه‌لیفه‌ و گاوره‌كانی قودس.

كه‌واته‌ بۆ ماوه‌ی هه‌ژده‌ سه‌ده‌ جوله‌كه‌ له‌ قودسدا هیچ بوونێكی وای نه‌ماوه‌ كه‌ هه‌ستی پێبكرێت، به‌ گوێره‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تیش هه‌ر گه‌لێك هه‌زاره‌ها ساَڵ دووربكه‌وێته‌وه‌ له‌ نیشتمانی خۆی، مافی نیه‌ داوای گه‌ڕانه‌وه‌ بكات بۆ نیشتمانه‌كه‌ی. له‌راستیدا ئه‌گه‌ر له‌ ئێستادا نه‌خشه‌ی جیهان له‌سه‌ر بنه‌مای داگیركاری و دابه‌شكاری  رابردوو دابڕێژریته‌وه‌ ته‌واوی زه‌وی ئاڵۆز ده‌بێت و كه‌م ده‌وڵه‌ت هه‌یه‌ له‌ جیهان وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌.

7.     له‌ ماوه‌ی ئه‌و هه‌ژده‌ سه‌ده‌یه‌ی جوله‌كه‌ له‌ قودسدا دوورخرابوونه‌وه‌، زۆرینه‌ی زۆری دانیشتوانی ئه‌و شاره‌ به‌ گاور و مسوڵمانه‌وه‌ عه‌ره‌ب بوون، ته‌نانه‌ت له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستیشدا كاتێك جوله‌كه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ تا داگیركردنی قودس به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رۆژێك له‌ رۆژان جوله‌كه‌ نه‌بوونه‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانی قودس. به ‌گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمیه‌كان ژماره‌ی عه‌ره‌به‌كانی قودسی كۆن له‌ ساڵی (1947ز) بریتی بووه‌ له‌ (33600) كه‌س، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ ژماره‌ی جوله‌كه‌كان ته‌نها (2400) كه‌س بووه‌، وه‌ سه‌رۆكی شاره‌وانی و عومده‌ی شاری قودس به‌رده‌وام به‌ده‌ستی عه‌ره‌به‌كانه‌وه‌ بووه‌، ئه‌مه‌ش ناوی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌یه‌ كه‌ به‌ڕیز له‌ ساڵی (1917ز) تا ساڵی (1948ز) سه‌رۆكی یه‌كه‌ی كارگێڕیی بوون له‌ قودس:
•    حسین سلیم الحسینی
•    موسى كاظم الحسینی
•    راغب النشاشیبی
•    مصطفى الخالدی
•    حسین فخری الخالدی

ئه‌مه‌ له‌كاتێكیشدا بووه‌، كه‌ حكومه‌تی ئه‌و كاته‌ له‌ژێر ئینتیدابی به‌ریتانیادا بووه‌ و لایه‌نگری جوله‌كه‌كانیش بووه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، ته‌نانه‌ت ئه‌و حكومه‌ته‌ش رۆژێك له‌ رۆژان بڕیاری به‌جوله‌كه‌كردنی شاره‌كه‌كه‌ی نه‌دا، چونكه‌ ده‌یزانی جوله‌كه‌ كه‌مینه‌ن و ئه‌و كاره‌ سه‌ر ناگرێت.

8.    له‌ كاتێكدا بیرۆكه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی جوله‌كه‌كان و كۆبوونه‌وه‌یان له‌ نیشتمانێكدا سه‌ری هه‌ڵدا، به‌تایبه‌ت له‌ دوای دامه‌زراندنی بزووتنه‌وه‌ی زایۆنی له‌سه‌ر ده‌ستی (تیودۆر هرتزل)، فه‌له‌ستین تاكه‌ شوێن نه‌بوو كه‌ ئه‌وان چاویان له‌سه‌ری بوو، به‌ڵكو چه‌ند شوێنێكی تریش خرایه‌ به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ نیشتمانی نه‌ته‌وه‌ی جوله‌كه‌، ئه‌وانیش بریتیبوون له‌ (سینا، قبرص، موزه‌مبیق، كۆنغۆ، ئه‌رجه‌نتین و ئۆغه‌ندا) و چه‌ند شوێنێكی تریش، به‌ڵام دواتر بزووتنه‌وه‌ی زایۆنی سوودی له‌ به‌ریتانیای هاوپه‌یمانی وه‌رگرت و فه‌له‌ستینیان به‌ ئامانج گرت و كردیانه‌ نیشتیمانی خۆیان و به‌ڵگه‌ی مێژوویی و ئایینیان بۆ داتاشی. پرسیاره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌: ئایا ئه‌گه‌ر راسته‌ جوله‌كه‌ مافی مێژوویی هه‌یه‌ له‌ قودس و فه‌له‌ستیندا بۆچی بیریان له‌و شوێنانه‌ی تر كرده‌وه‌؟ ئایا له‌و وڵاتانه‌شدا مافی مێژووییان هه‌یه‌؟ یان مافی بوونیان له‌ فه‌له‌ستین هیچ زیاتر نیه‌ له‌مافی بوونیان له‌و وڵاتانه‌دا؟.

9.    له‌ ساڵی (1967ز) تا ئێستا و، بۆ ماوه‌ی نیو سه‌ده‌ی ته‌واو، جوله‌كه‌ له‌ هه‌وڵدایه‌ شوێنه‌واری هه‌یكه‌لی سوله‌یمان بدۆزێته‌وه‌ له‌ قودس تا بیكه‌نه‌ به‌ڵگه‌ی مافی مێژوویی قودس بۆ خۆیان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ خه‌رجكردنی پاره‌یه‌كی زۆر و به‌كارهێنانی هۆكاره‌كانی ته‌كنۆلۆجیا تا ئێستا هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بووه‌.
سه‌باره‌ت به‌ دیواری (حائط المبكى) كه‌ لای موسڵمانان به‌ (حائط البراق) ناسراوه‌ و، جوله‌كه‌ وه‌ك به‌ڵگه‌ی مێژوویی بۆ خۆیان به‌كاری ده‌هێنن، ئه‌ویش له‌لایه‌ن (عصبة‌ الأمم)وه‌ یه‌كلا كرایه‌وه‌ كاتێك له‌ ساڵی (1930ز) بڕیاریدا، كه‌ ئه‌و دیواره‌ و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی موڵكی مسوڵمانانه‌.

سه‌رچاوه‌كان:
1- القرآن الكريم.
2- الكتاب المقدس.
3- آل عمر، محمد بن علي بن محمد، 1424ﻫ/2003م، عقيدة اليهود في الوعد بفلسطين، من منشورات مجلة البيان، الرياض.
4- الحسيني، د0إسحاق موسى، 1420ﻫ/2000م، مدينة القدس، عروبتها، مكانتها في الإسلام، دار القلم، دمشق.
5- حميد، فوزي محمد، 1414ﻫ/1994م، حقائق وأباطيل في تاريخ بني إسرائيل، دارالصفدي، دمشق.
6- خان، ظفرالإسلام، 1401ﻫ/1981م، تاريخ فلسطين القديم منذ أول غزو يهودي إلى آخر غزو صليبي 1220ق.م-1359م، دار النفائس، بيروت.
7- الزحيلي، د.وهبة، 1421ﻫ/2001م، مكانة مدينة القدس في الأديان السماوية، دار المكتبي، دمشق.
8- سوسة، أحمد، 1401ﻫ/1981م، مفصل العرب واليهود في التاريخ، حقائق تاريخية تظهرها المكتشفات الآثارية، دار الرشيد، بغداد.
9- السيد صالح، د.سعد الدين، 1410ﻫ/1990م، العقيدة اليهودية وخطرها على الإنسانية، دار الصفا، القاهرة.
10- شاحاك، إسرائيل، 1995م، التاريخ اليهودي، الديانة اليهودية وطأة ثلاثة آلاف سنة، ترجمة: صالح علي سوداح، بيسان للنشر والتوزيع، بيروت.
11- شلبي، د.أحمد، 1966م، مقارنة الأديان، اليهودية، مكتبة النهضة المصرية، القاهرة.
12- الطبري، محمد بن جرير، 1407ﻫ، تاريخ الأمم والرسل والملوك، دار الكتب العلمية، بيروت.
13- العارف، عارف، 1406ﻫ/1986م، المفصل في تاريخ القدس، مطبعة المعارف، القدس.
14- عمارة، د.محمد، 1999م، القدس بين اليهودية والإسلام، دا ر نهضة مصر، القاهرة.
15- غارودي، روجيه، 1977م، الصهيونية والعنصرية، عن الذرائع الدينية والتاريخية للصهيونية، المؤسسة العربية للدراسات والنشر، بغداد.
16- القرضاوي، د.يوسف، 1419ﻫ/1998م، القدس قضية كل مسلم، المكتب الإسلامي، بيروت.
17- الكيلاني، إسماعيل، 1407ﻫ/1986م، الخلفية التوراتية للموقف الأمريكي، مكتبة الأقصى الإسلامية، الدوحة.
18- المسيري، د.عبد الوهاب، 1428ﻫ/2007م، الصهيونية وخيوط العنكبوت، دار الفكر، دمشق.
19- المسيري، د.عبدالوهاب، 2006م، موسوعة اليهود واليهودية والصهيونية، الموسوعة الموجزة، دار الشروق، القاهرة.
20- المعاذ، نبيل حامد، 1430ﻫ/2009م، كيف ننصر فلسطين، القاهرة.
21- الواعي، د.توفيق، 1416ﻫ/1995م، اليهود تاريخ إفساد وانحلال ودمار، دار ابن حزم، بيروت

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

فینچینزۆ پیرۆجیا دزەکەی مۆنالیزا

گه‌رمیان حه‌سه‌ن تابلۆ بەناوبانگەکان نوێنەرایەتی سامان و داهاتێکی زۆر دەکەن، هەر ئەمەشە وایکردە دزەکان زیاتر …