جینۆساید و جينۆسايدى كورد له عێراقدا
عادل صدیق علی
چه‌مكى جينۆسايد و په‌ره‌سه‌ندنى:
وشه‌ی جینۆساید، كه به ماناى پاكتاوی ڕه‌گه‌زی دێت، له بنه‌ڕه‌تدا له دوو وشه پێكهاتووه: وشه‌یه‌كی گریكی (Genos)، كه واتای ڕه‌گه‌ز یاخود بنه‌چه ده‌گه‌یه‌نێت و وشه‌یه‌كی لاتینی (Cide)، كه واتای كوشتن یاخود فه‌وتاندن ده‌گه‌یه‌نێت(1).
ئه‌م وشه‌یه بۆ یه‌كه‌مجار له ساڵی 1933دا له كۆنفڕانسی مه‌دریددا له‌لایه‌ن دادوه‌ر و لێكۆڵه‌رێكى جوله‌كه‌ی به ڕه‌گه‌ز پۆلۆنی ڕافایل لیمكن(Raphael Lemkein)(2) ، كه دواتر بوو به ڕاوێژكار له وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مريكا به‌كارهێنراوه، ناوبراو ته‌واوى ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ى له ساڵانى جه‌نگى دووه‌مى جيهانيدا به ده‌ستى نازييه‌كان قڕكران. لیمكن له ساڵی 1944دا جارێكی تر ئه‌م چه‌مكه‌ی له كتێبه‌كه‌یدا به ناونیشانی(یاسای میحوه‌ری له داگیركردنی ئه‌وروپادا) به‌كاری هێنایه‌وه، تا ئه‌وكاته ئه‌م وشه‌یه له هیچ فه‌رهه‌نگ و ئینسكلۆپیدیایهكدا نه‌بووه(3).
هه‌روه‌ها ئه‌م چه‌مكه له تاوانباركردنی تاوانبارانی جه‌نگی نازیدا له نۆرمبێرگ له ساڵی 1944دا به‌كارهێنرا، دواتر لیمكن بوو به نوسه‌ری سه‌ره‌كی ڕێكه‌وتننامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی ساڵی 1948ى تايبه‌ت به قه‌ده‌غه‌كردن و سزادانی ئه‌نجامده‌رانی تاوانی جینۆساید.
ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی گشتی سه‌ر به ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له به‌رامبه‌ر كاره‌ساته‌كانی جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا، له‌و ڕێكه‌وتننامه‌یه‌دا، كه له 11ی سێپته‌مبه‌ری 1946دا بڵاویكردووه‌ته‌وه ڕایگه‌یاندووه: جینۆساید له یاسای نێوده‌وڵه‌تیدا تاوانه، به‌پێچه‌وانه‌ی پشتگیریی و پێداگرییه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن جیهانی شارستانییه‌وه ڕیسواكراوه”(4).
له ماده‌ی دووه‌می په‌یماننامه‌ی (قه‌ده‌غه‌كردنی تاوانی جینۆساید و سزادانی ئه‌نجامده‌رانی)، كه ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له 29/12/1948دا په‌سه‌ندی كردووه، هاتووه:” به‌مه‌به‌ست له‌ناوبردنی گشت یاخود به‌شێكی دانیشتوانه به‌هۆی جیاكاری ڕه‌گه‌زی، نه‌ته‌وایه‌تی، ئاینی یاخود ئیتنیكی”(5). لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت ده‌بێ مه‌به‌ستی قڕكردنی سه‌رجه‌می یاخود به‌شێكی كۆمه‌ڵه مرۆڤێك هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی بتوانرێت جینۆساید له تاوانه‌كانی دیكه جیابكرێته‌وه(6). دواجاریش په‌یماننامه‌كه له 12ی كانوونی یه‌كه‌م فاشی 1951دا چووه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه(7)..
جۆری ئه‌و تاوانانه‌ش وه‌ك له به‌ندی دووه‌می په‌یماننامه‌كه‌ی ساڵ1948دا دیاریكراون ئه‌مانه‌ن:
1-كوشتنی ئه‌ندامانی گرووپێك.
2-زیانگه‌یاندنی له ڕاده‌به‌ده‌ری جه‌سته‌یی و ڕۆحی به ئه‌ندامانی گرووپێك.
3-به ئه‌نقه‌ست و به‌شێوه‌یه‌كی پلان بۆ دانراو گرووپه‌كه ناچار و سنووردار بكرێت، تا دووچاری وێرانی فیزیكی گشتی یاخود لاوه‌كی بكرێت.
4-ئه‌و هه‌نگاوانه بسه‌پێنرێت، كه مه‌به‌ست لێی ڕێگه گرتنه له له‌دایكبوون له گرووپه‌كه‌دا.
5-به زۆر منداڵی گرووپێك بۆ گرووپێكی تر ڕابگوێزرێت(8).
خاڵه سه‌ره‌كییه‌كانی پێناسه‌ی جینۆساید بێجگه له لایه‌نی له‌ناوبردن، به‌شێوه گشتییه‌كه‌ی بریتییه له: پێش وه‌خت نه‌خشه بۆكێشان و به‌نهێنی جێبه‌جێكردنی، ئه‌وه‌ی، كه ته‌واوی گرووپێك یاخود به‌شێكی گرووپه‌كه له شێوازێكی جیاوازدا به هۆشیاری و به‌مه‌به‌سته‌وه ده‌ستنیشان بكه‌ی بۆ له‌ناوبردن(9).
وڵاته به‌شداربووه‌كانی په‌یماننامه ساڵی 1948 ئه‌و مه‌رجانه‌یان خستووه‌ته سه‌ر خۆیان و پابه‌ندبوون به‌وه‌ی، كه سزا بخه‌نه سه‌ر نه‌ك هه‌ر تاوانی ڕاسته‌وخۆی جینۆساید، به‌ڵكو وه‌ك له به‌ندی (3)ی په‌یماننامه‌كه‌دا هاتووه:
1-جینۆساید.
2-پیلانگێران به‌مه‌به‌ستی جینۆساید.
3-هاندانی ڕاسته‌وخۆ و ئاشكرا به‌مه‌به‌ستی جینۆساید.
4-هه‌وڵدان بۆ ئه‌نجامدانی جینۆساید.
5-به‌شداریكردن له جینۆسایددا.
كه‌واته تاوانی جینۆساید، هه‌رئه‌وه نییه ڕاسته‌وخۆ جینۆساید ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵكو هه‌ریه‌ك له‌و كارانه‌ی به‌ندی (3)ی په‌یماننامه‌كه ئه‌نجامبدرێت ئه‌وا ئه‌نجامده‌ر به‌رپرسیاره له به‌رامبه‌ر تاوانى جینۆساید(10). وه‌نه‌بێ جینۆساید هه‌ر به ته‌نها له‌ناوبردنی فیزیكی و ڕه‌گه‌زی و ئاینی بگرێته‌وه، به‌ڵكو زۆر جۆر و شێوازی ئاڵۆزی دیكه‌ی هه‌یه.
جۆره‌كانى جينۆسايد
1-جینۆسایدی فیزیكی (phicical Genocide):
ئه‌م شێوازه له جینۆساید ساده‌ترین و ئاشكراترین جۆره‌كانی جینۆسایده(11)، شێوازه‌كانی له‌ناوبردنیش زۆر و جۆراوجۆرن وه‌ك: له‌سێداره‌دان، گولله‌بارانكردن، به‌كۆمه‌ڵ كوشتن، هێرشی سه‌ربازی و به‌كارهێنانی چه‌كی قڕكردن وه‌ك فۆسفۆڕ و كیمیایی…هتد(12). هه‌ندێ جاریش سیاسه‌تی خاكی سوتاو په‌یڕه‌و ده‌كرێت. دیارترین جۆری ئه‌م شێوازه قڕكردنهش له كوردستاندا كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌یه، كه ئه‌نجامه‌كه‌ی به كوژرانی نزیكه‌ی (5)هه‌زار و برینداربوون و ئاواره‌بوونی ده‌یان هه‌زار له خه‌ڵكی كۆتایی هات، ئه‌مه جگه له سوتاندن و وێرانكردنی خاكه‌كه‌ی، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌تا ئێستاش كاریگه‌ری ئه‌و چه‌كانه هه‌رماوه و به‌وهۆیه‌شه‌وه چه‌ندین نه‌خۆشی جۆراوجۆر له‌نێو خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌دا بڵاوبووه‌ته‌وه(13).
2-جینۆسایدی بایۆلۆژی(Biological Genocide):
ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م جۆره ته‌گه‌ره ده‌خه‌نه به‌رده‌م ڕێگای گه‌شه‌كردن و زیادبوونی نه‌ته‌وه‌یه‌ك یاخود كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێك له ڕێگه‌ی نه‌زۆككردن و له‌باربردنی كۆرپه‌له یاخود خه‌ساندنی پیاوان، یاخود له ڕێگای دابڕینی پیاوان له ژنان، دورخستنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی خێزان له یه‌كتری بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر، كه ئامانج لێی فه‌وتاندنی وه‌چه‌ی داهاتووی ئه‌و نه‌ته‌وه یاخود كۆمه‌ڵه‌یه(14). ئه‌م جۆره جینۆسایده له ئه‌نفالی بارزانیه‌كان و شاڵاوه‌كانی ئه‌نفالدا په‌یڕه‌وكراوه به‌تایبه‌تی دابڕینی پیاوان له ژنان و دابڕینی كچان له دایكان و باوكان، دواتریش منداڵان له دایكان(15).
هه‌ندێك جار ئه‌م جۆره قڕكردنه به‌شێوه‌ی ڕێگریكردن له كۆمه‌ڵێك مرۆڤ له پێشكه‌وتن و زیادبوون له‌ژێر بیانووی جۆراوجۆردا ئه‌نجامده‌درێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌ڵمانه‌كان له دژی جوله‌كه و قه‌ره‌چه‌كان پێی هه‌ستان له‌پێناو پاراستنی توخمی ئاری، هه‌روه‌ها سڕبه‌كان له ههرزهوگۆڤینیا و هه‌رێمی كۆسۆڤۆ ئه‌م جۆره قڕكردنانهیان له ڕێگای ده‌ستدرێژی سێكسی بۆ سه‌ر ئافره‌تانیان و به زۆر سكپڕكردنیان له‌پێناو هێنانه‌كایه‌ی نه‌وه‌یه‌كی نوێی سڕبی(16).
سێیه‌م/ جینۆسایدی كولتووری ـ نه‌ته‌وه‌یی:
مه‌به‌ست له‌م جۆره جینۆسایده قه‌ده‌غه‌كردنی زمان و ڕۆشنبیریی و شێواندنی مێژووه له ڕێگه‌ی له‌ناوبردنی تایبه‌تمه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تی و نه‌هێشتنی یه‌كێتی هاوبه‌شی نێوان خه‌ڵك. هه‌روه‌ها وێرانكردنی شوێنه‌واره دێرینه‌كان وه‌ك ڕووخاندنی په‌یكه‌ر و ئه‌شكه‌وت و مۆزه و گه‌ڕه‌ك و گه‌رماو و بازاڕ و مزگه‌وت و كڵێسا و هه‌موو شوێنه‌وارێك، كه پاشماوه‌ی كۆن یاخود نوێ بێت و به‌رهه‌می جۆری ژیانی ئه‌و خه‌ڵكه بێت(17).
له عێراقدا به‌شێوازێكی به‌رفراوان ئه‌م جۆره جینۆسایده په‌یڕه‌و ده‌كرا، له‌وانه: سه‌پاندنی زمانی عه‌ره‌بی، گۆڕینی پڕۆگرامه‌كانی خوێندن، گۆڕینی ناوی شار و گوند و ناوچه‌كانی كوردستان…هتد. ده‌توانین بڵێین قڕكردنی كولتووری، لهیهكچوواندنی (Asimilation) زۆره‌ملێی نه‌ته‌وه یاخود مرۆڤه له‌ناو نه‌ته‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار به قه‌ده‌غه‌كردنی زمان و ئه‌ده‌بیات و شێواندنی مێژووی نه‌ته‌وه‌كه. هه‌روه‌ها ده‌شكرێ به ڕێگای دوورخستنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌كانی گرووپێك بۆ ناو گرووپێكی دیكه‌ی جیاواز له ڕووی دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و شتی دیكه له‌ناویاندا بتوێنه‌وه و به‌وهۆیه‌شه‌وه پێشینه و ڕه‌سه‌نایه‌تی خۆیان ون بكه‌ن(18).
چواره‌م/ جینۆسایدی ئابووری(Economical Genocide):
ئه‌مه ده‌كرێت پێی بوترێت وێرانكاری ئابووری، واته وێرانكردنی سامان و سرووشت و به‌روبوومی ناوچه‌كان، تاڵانكردن و فه‌رهوودكردنی ماڵ و سامانی خه‌ڵكی. هه‌روه‌ها گه‌مارۆی ئابووری به‌مه‌به‌ستی برسیكردنی خه‌ڵك. ئه‌مانه هه‌موویان ده‌بنه هۆی فه‌وتاندنێكی له‌سه‌رخۆی مرۆڤ، جگه‌له‌وه‌ی ڕێژه‌ی مردن به‌هۆی نه‌بوونی خۆراكی پێویست و دا‌و و ده‌رمان و زیادبوونی نه‌خۆشییه‌وه زیاد ده‌كات، ده‌بێته‌هۆی كۆچپێكردنێكی به‌رده‌وامیش، كه ئه‌نجامه‌كه‌ی چۆڵكردنی جێگه‌ی دێرین و ڕه‌سه‌نی خه‌ڵكه‌كه‌یه. ئه‌ویش زۆرجار ده‌بێته هۆی په‌رته‌وازه‌كردن و له‌ده‌ستدانی دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌وتاندنی كولتووری نه‌ته‌وه‌یی. به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی و گازی ژه‌هراوی سه‌رباری ئه‌وه‌ی قڕدهخاته مرۆڤ و هه‌موو زینده‌وه‌رێك، ده‌بێته هۆی مردنێكی ئابووری سه‌راپاگیری. وێرانكردنی ناوچه‌كان و وێرانكردنی ئابووری، پێكه‌وه تاوانێكی دیكه‌یان لێ به ئه‌نجام دێ، ئه‌ویش تاوانی (ئیكۆساید ـ Ecocide)ه واته وێرانكردنی ئیكۆلۆژیا، كه ئه‌نجامه‌كه‌ی به جینۆسایدێكی گشتی ده‌شكێته‌وه، ئه‌ویش به وێرانكردن و له‌وتاندنی ژینگه ناسراوه. ئه‌م تاوانه خۆی تاوانێكی نێوده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیه و له یاسای تازه‌ی نێوده‌وڵه‌تاندا زۆر گرنگی پێدراوه.
په‌یماننامه‌ی ساڵی 1977 تایبه‌تكراوه به قه‌ده‌غه‌كردنی ئامرازی جه‌نگ و ئه‌و ئامرازانه‌ی، كه زیان به سرووشت ده‌گه‌یه‌نن، كه تاوانی تێكدانی ژینگه به تاوانێكی نێونه‌ته‌وه‌یی دیاری ده‌كات. دیاره له‌وتاندنی ژینگه‌ش ده‌بێته هۆی فه‌وتاندنێكی له‌سه‌رخۆی مرۆڤ، چونكه شێواندنی ژینگه ده‌بێته هۆی (بیۆساید ـ Biocide) واته فه‌وتاندنی ژیان، ئه‌مه‌ش كارده‌كاته سه‌ر نه‌ك هه‌ر بوونی مرۆڤ و ژیانی له‌و ناوچانه‌دا، به‌ڵكو بوونی هه‌موو گیاندا‌رێك و چۆنیه‌تی شێوه‌ی ئاسایی سرووشتیش(19).
جينۆسايدى كورد وه‌ك كرده‌يه‌كى ئۆرگانيزهكراو
جینۆساید شێوه‌یه‌كی پێشكه‌وتووی تیرۆریزمی ده‌وڵه‌ته، به‌كارهێنانێكی هه‌ماهه‌نگی هێزه به‌هۆی بژاردهگهلێكهوه له‌نێو كۆمه‌ڵگایه‌كدا بۆئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌سه‌ر گرووپه به ئامانجكراوهكهدا بچه‌سپێنن یاخود په‌ره‌پێبده‌ن له‌نێو هه‌مان ده‌وڵه‌تدا، كه هه‌روه‌ك هه‌ڕه‌شه وێنا ده‌كرێت. ئه‌و وڵاتانه‌ی، كه مێژوویه‌كی درێژیان له سه‌ركوتكاری ناوخۆیدا هه‌یه، هه‌ر ئه‌وانه‌ن، كه مه‌یلی پیشاندانی نمونه‌ی جینۆسایدیان له سه‌رده‌می هاوچه‌رخدا هه‌یه(20).
بیرۆكراسیهتیش بۆخۆی ڕۆڵێكی گرنگ له به‌ڕێوه‌بردنی پڕۆسه‌ی جینۆسایددا ده‌بینێت، جینۆساید پێویستی به كۆمه‌ڵێك داموده‌زگای چالاك هه‌يه بۆ ئۆرگانیزه‌كردنی، چونكه ڕێكخستن و به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رده‌میانه‌ی گرووپه سه‌ربازی و مه‌ده‌نییه جیاجیاكان و گواستنه‌وه و ڕێگاوبانه‌كان گرنگییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه له‌و پڕۆسه‌یه‌دا.
ڕه‌نگه له كۆندا شه‌ڕ و هێرشه جینۆسایدییهكان پێویستی زۆر به ئۆرگانیزه و ڕێكخستنی سیستماتێك نه‌بووبێت، به‌ڵكو زۆرجار خۆبه‌خۆیی(التقائیه) ڕۆڵی گه‌وره‌ی بینیوه و ڕق و كینه‌ی ڕهگهزيی و ئايینی داینه‌مۆی شه‌ڕ و كوشتاره خوێناوییه‌كان و پڕۆسه‌كانی قڕكردنی دوژمن بووبێت، به‌ڵام جینۆسایدی مۆدێرن له‌گه‌ڵ هه‌رچی زیاتر پێشكه‌وتن و ئاڵۆزبوونی ته‌كنه‌لۆژیادا، پێویستی زیاتری به مه‌هاره‌ی لۆجیكی و ئۆرگانیزه‌كراو ده‌بێت(21).
له ڕوانگه‌ی پێناسه‌ی جینۆساید و شێوازه‌كانی ئه‌و كرده‌یه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ی حیزبی به‌عس له عێراقدا هه‌ر له هاتنه سه‌ر حوكمیهوه پێوه‌ی خه‌ریكبوو له مامه‌ڵه‌كردنیدا له‌گه‌ڵ كورد، كرده‌یه‌كی جینۆسایدییه. به‌تایبه‌تی له دوای هاتنه سه‌ر حوكمی سه‌دام حسه‌ینه‌وه، ئیدی ستراتیژی به‌عس و ڕه‌هه‌نده‌كانی ئه‌و پلانه جینۆسایدیانه تاڕاده‌یه‌ك دیار و ئاشكرابوون(22).
دڕندانه‌ترین شاڵاوه‌كانی به‌عس، كه ده‌چێته خانه‌ی جینۆساید و قڕكردنی به به‌رنامه‌وه، په‌لاماره‌كانی ئه‌نفال و كیمیاباران بوون، چونكه ئه‌مانه هه‌ر به ته‌نها پڕۆسه‌یه‌ك نه‌بوون بۆ په‌كخستن و چاوترساندنی هێزی پێشمه‌رگه و لایه‌نه سیاسییه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی باشووری كوردستان، به‌ڵكو ئه‌م شاڵاوانه له بنه‌ڕتدا بۆ به‌یه‌كجاری قڕكردنی كورد و له بنهێنانی بوو، هه‌ربۆیه له ته‌واوی پڕۆسه‌كاندا ده‌ست له خه‌ڵكی سڤیلی بێ چه‌ك و ته‌نانه‌ت ژن و منداڵ و بهساڵاچوونیش نه‌ده‌پارێزران، له‌و شاڵاوانه‌دا ده‌یان هه‌زار مرۆڤی كورد بوونه قوربانی(23).
ڕوونتر بڵێین شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال و كیمیاباران، هاوشێوه و بگره ترسناكتربوون له‌و شاڵاوانه‌ی، كه كرانه سه‌ر ئه‌رمه‌ن و جوله‌كه‌كان، ئه‌گه‌ر به‌پێی سه‌رده‌م و قۆناغه‌كانیان ته‌ماشا بكرێن(24). به‌گشتی كۆمه‌ڵكوژییه‌كان دوا هه‌نگاون له پڕۆسه‌یه‌كی درێژخایه‌ندا و كاتێك ڕووده‌ده‌ن، كه سه‌ركوتكار له سایه‌ی شكستێكی سه‌ربازیدا ده‌ناڵێنێت. بۆ نمونه جینۆسایدی ئه‌رمه‌نه‌كان له كاتی شكستی توركه‌كان له بولگاریا له ساڵی 1912دا ڕوویدا، هه‌روه‌ها كوشتنی جوله‌كه‌كان (هۆلۆكۆست) له پاش شكستی نازییه‌كان له ستالینگراد له ساڵی 1943 په‌ره‌ى سه‌ند، زۆربه‌ی جوله‌كه‌كان پاش ئه‌و ڕووداوه كوژران، كه ئه‌ڵمانه‌كان به فیعلی جه‌نگه‌كه‌یان دۆڕاند(25).
شاڵاوه‌كانی ده‌ستگیركردن و له‌ناوبردنی بارزانیه‌كان و ئه‌نفال و كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه به هه‌مان شێوه له دوای شكستی سوپای عێراق بوو له به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی ئێران و پێشمه‌رگه‌دا، له‌ڕاستیدا هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال دوو تراژیدیای دیوی یه‌ك سیاسه‌تی جینۆسایده و یه‌ك كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌شه و(26) بۆردومانه كیمیاییه‌كانی ڕژێمیش ئاشكراترین دیمه‌نی جینۆسایدی گه‌لی كورد بوون(27).
سه‌دام، هيتله‌رى تێپه‌ڕاند
سه‌دام و هیتله‌ر هه‌ردووكیان خاوه‌ن ئایدۆلۆجیای فاشیستی بوون، ئامانجیان له‌ناوبردنی ئه‌و گرووپانه بوو، كه ڕقیان لێیان بوو، یاخود به بڕوای ئه‌وان هه‌ڕشه بوون بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانیان(28). هیتله‌ر و سه‌دام له‌وه‌دا هه‌رچیه‌كیان ده‌كرد ده‌بوو بنوسرێته‌وه و هه‌ردووكیشیان دڵنیابوون، كه ڕۆژێك له ڕۆژان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانیان هیچیان به‌رامبه‌ر ناكرێت، وه‌ك یه‌ك وابوون. هه‌ربۆیه چ نازییه‌كان و چ به‌عسییه‌كان هه‌موو به‌ڵگه‌نامه بیستراو و بینراو و نوسراو و نهێنی و تۆماره ده‌نگییه‌كانیان ده‌پاراست و له ئه‌رشیفدا هه‌ڵیان ده‌گرتن، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش بزانین، كه ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌ڵمانیای ڕۆژهه‌ڵات په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵیان له‌گه‌ڵ داموده‌زگا هه‌واڵگری و سه‌ربازییه‌كانی عێراقدا هه‌بووه. ڕژێمی عێراق هێنده متمانه‌ی به‌خۆی هه‌بوو، كه سه‌ركرده‌كانیان هه‌رگیز بیریان له‌وه نه‌ده‌كرده‌وه، كه ڕۆژێك به‌ڵگه‌نامه و دۆكیۆمێنتهكانیان ده‌كه‌وێته ده‌ست قوربانیانی ده‌ستیان(29).
ڕژێمی به‌عس له عێراق له به‌رنامه‌یدا په‌یڕه‌وی هه‌مان پڕه‌نسیپی پڕوپاگه‌نده و فیكری ڕێكخراوه‌یی نازییه‌كانی ده‌كرده‌وه، له به‌رنامه‌ی بهنازیكردنی گشت نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌ڵمان به‌وه‌ش، كه به‌عس هه‌موو عێراق بكاته به‌عسی. خودی میشێل عه‌فله‌قی دامه‌زرێنه‌ری به‌عسی كاریگه‌ر بوو به ئایدۆلۆژیا و ئه‌ده‌بیاتی نازییه‌ت(30).
ڕه‌نگه چوواندنی ده‌قاوده‌قی ڕژێمی به‌عس له عێراقدا له‌گه‌ڵ ڕژێمه‌كانی نازی له ئه‌ڵمانیا و فاشی له ئیتاڵیا كارێكی زه‌حمه‌ت بێت، به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به جیاوازی كات و شوێنی هه‌ردوو كۆمه‌ڵ و وڵات له ڕووی گۆڕان و گه‌شه‌كردنی ئابووریی، كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسیی و فه‌رهه‌نگییه‌وه. جا ئه‌گه‌ر دواكه‌وتن و به‌جێمانی زه‌مینه‌ی ماددی (ئابووری، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی) عێراق، كه بیروباوه‌ڕی به‌عسی تیادا ترهكیوه ڕه‌چاوبكرێت و به‌راورد بكرێت به‌و ڕه‌وشه پێشكه‌وتووه (ئابووری، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگ)یه‌ی ئه‌ڵمانیا، كه نازییه‌تی تیادا له‌دایكبووه، به ئاسانی گه‌وره‌یی قه‌باره‌ی ئه‌و مه‌ینه‌تیه به‌رچاوده‌كه‌وێت، كه گه‌لی عێراق به‌گشتی و گه‌لی كورد به‌تایبه‌تی له‌ژێر سایه‌ی به‌عسدا چه‌شتوویه‌تی(31).
به‌هۆی به‌رده‌وامی حكومه‌تی عێراق و گوێ نه‌گرتنی له كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی، سه‌دام حسێن هیتله‌ریشی تێپه‌ڕاند له‌وه‌دا، كه له كاتی جه‌نگه‌كاندا چه‌كی كیمیایی به‌كارنه‌هێنابوو، له‌كاتێكدا سه‌دام زۆر به ئاسانی و به به‌رفراوانی به‌كاری ده‌هێنا(32). هیتله‌ریش به كامپه‌كانی مردن ده‌ستی پێنه‌كرد، به‌ڵكو له ئه‌نجامی چه‌ند كردارێك، كه له دژی جوله‌كه‌كان ئه‌نجامیدا بێ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی كاردانه‌وه‌ی هه‌بێ هێدی هێدی كرده‌وه‌ی سامناكتری ئه‌نجامده‌دا تا گه‌یشته ئاستى قه‌ڵاچۆكردن(33).
په‌راوێزه‌كان
ـ1
Mark levene: Genocide in the age of the nation-state, B Tauris, London, 2005, p45. Eric D. Weirz: Acenchry of genocide Utopias of rice and nation, Prenciton University, United Kingdom, 2003, p8.
2ـ ڕێكار مزووری: شێواز و میكانیزمی جینۆساید و دیمۆسایدی بارزانییه‌كان له كتێبی كۆنگره‌ی به‌جینۆسایدناساندنی جینۆسایدی گه‌لی كورد، چ1، چاپخانه‌ی ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر، 2008، ل209.
3ـ گۆران باباعه‌لی: ئه‌نفال جینۆسایدێك له ئاییندا بۆ ڕه‌وایه‌تی ده‌گه‌ڕێت، گ(ڕه‌هه‌ند)، ژ(7)، 1999، ل148 ؛ یوسف دزه‌یی: ئه‌نفال كاره‌سات ئه‌نجام و ڕه‌هه‌نده‌كانی، چ1، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی، هه‌ولێر، 2001، ل39.
4ـ كریستینا كۆیڤۆنهن: جه‌نگی شاراوه له باكووری كوردستان، و.د.یاسین سه‌رده‌شتی، چ2، به‌ڕێوه‌به‌رێتی خانه‌ی وه‌رگێڕان، سلێمانی، 2011، ل49.
5 Mark levene: Op.Cit, p35 , Nigel Eltringham: Accounting for Horror Post-Genocide debates in Rwanda, First Published by Plutopress, London, 2004, p2-3
؛ عبدالوهاب الكيالى: موسوعة السياسة، ج1، ط3، المؤسسة العربية للدراسات والنشر، بيروت، 1990، ص16.
6ـ د.مارف عومه‌ر گوڵ: جینۆسایدی گه‌لی كورد له‌به‌ر ڕۆشنایی یاسای تازه‌ی نێوده‌وڵه‌تاندا، چ5، بڵاوكراوه‌ی ئاراس، هه‌ولێر، 2010، ل26 ؛ عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د: دادگایی كردنی فرانس ڤان ئانرات و ده‌ره‌نجامه‌كانی، ب1، چاپخانه‌ی ڕۆشنبیر، هه‌ولێر، 2011، ل125.
7ـ عه‌داله‌ت عومه‌ر ساڵح: كۆنگره‌ی به‌جینۆساید ناساندنی، ل53.
8ـ بڕوانه: د.ناظم عبدالواحيد الجاسور: موسوعة المصطلحات السياسية والفلسفية والدولية، ط1، دارالنهضة العربية، بيروت ـ لبنان، 2008، ص39 ؛ عبدالوهاب الكيالى: م .س، ص16 ؛ د.مارف عومه‌ر گوڵ: س.پ، ل26 ؛ كریستینا كۆیڤۆنهن: س.پ، ل50 ؛ فریشته كه‌وه: كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه، چ1، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، هه‌ولێر، 2008، ل50-51.
9ـ یوست هێڵتهرمان: جینۆساید هاوتاوانی بێده‌نگبوون، و.كاوه ساڵح، گ(ڕه‌هه‌ند)، ژ(7)، 1999، ل14.
10ـ د.مارف عومه‌ر گوڵ: س.پ، ل26-27.
11ـ یوسف دزه‌یی: س.پ، ل44.
12ـ د.مارف عومه‌ر گوڵ: س.پ، ل23.
13ـ یوسف دزه‌یی: س.پ، ل44.
14ـ هـ .س، ل45.
15ـ د.مارف عومه‌ر گوڵ: س.پ، ل23.
16ـ یوسف دزه‌یی: س.پ، ل45 ؛
Hawrd Ball: Genocide, Areference,Handbook, Published by ABC-Clio,LLC, California,2011,P25-26.
17ـ د.مارف عومةر طولَ: س.ث، ل23-24.
18ـ یوسف دزه‌یی: س.پ، ل46-47.
19ـ د.مارف عومه‌ر گوڵ: س.پ، ل24-25 ؛ كریستینا كۆیڤۆنهن: س.پ، ل52-53.
20ـ كریستینا كۆیڤۆنهن: س.پ، ل54.
21ـ گۆران باباعهلى: س.پ، ل149.
22ـ هـ .س، ل151.
23ـ لةتيف فاتيح فةرةج و مةجيد سالَح: كوردقرِان، ب1، ض1، سليَماني، 2003، ل28.
24ـ هـ .س، ل28.
25ـ كریستینا كۆیڤۆنهن: س.پ، ل55.
26ـ د.سالار باسیره: تراژیدیاكه‌ی هه‌ڵه‌بجه له كتێبی هه‌ڵه‌بجه مه‌مله‌كه‌تی ژیان، ل260.
27ـ د.مایكڵ.جه‌ی كیلی: تارماییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه سه‌دام حسه‌ین و جینۆسایدی گه‌لی كورد، و.كارزان محه‌مه‌د، ده‌زگای چاپ و په‌خشی جه‌مال عیرفان، سلێمانی، 2012، ل74.
28ـ سه‌مانسا پاوه‌ر: ئهمریكاو ئه‌نفال، و. به‌ختیار كه‌ریم چ1، 2006، ل39.
29ـ جۆناتان سی ڕانداڵ: كوردستان یان كڵۆڵی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، دوای ئه‌و هه‌موو تاوانه لێبوردنی چی، د.خه‌سره‌و ساڵح، سلێمانی، 2003، ل300.
30ـ سالار حه‌مه‌سور باسیره: هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال، چ1، به‌ڕێوه‌به‌رێتی چاپ و بڵاوكردنه‌وه، سلێمانی، 2003، ل73.
31ـ گ(كۆمه‌ڵه)، ژ(2)، شوباتی 1985، ل5-6.
32ـ د.عه‌لی ته‌ته‌ر نێروه‌یی: سیاسه‌تی حكومه‌تی عێراق له كوردستان له سایه‌ی به‌ڵگه‌نامه فه‌رمییه‌كاندا 1975-1991، ب2، چ1، چاپخانه‌ی زانكۆ، دهۆك، 2010، ل142.
33ـ پیته‌ر و گالبرێت: كۆتایی عێراق، چۆن كارناڕێكی ئه‌مریكا شه‌ڕێكی بێ كۆتایی به‌رپاكرد، و.مامكال، چ1، ده‌زگای چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، هه‌ولێر، 2007، ل46.