چوار شه‌ممه‌ , كانونی یه‌كه‌م 4 2024
Home / بەشی مێژووی كورد / قازی محەمەد؛ نمونەی خه‌باتگێڕێكی نیشتمانپه‌روه‌ر

قازی محەمەد؛ نمونەی خه‌باتگێڕێكی نیشتمانپه‌روه‌ر

قازی محەمەد؛ نمونەی خه‌باتگێڕێكی نیشتمانپه‌روه‌ر

kjh

344

(سبەی):
ئه‌مڕۆ (30)ی ئازار، 70 ساڵ به‌سه‌ر له‌سێداره‌دانی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د سه‌رۆك كۆماری كوردستان تێپه‌ڕ ده‌بێت، كه‌ له‌ مه‌یدانی چوارچرای شاری مه‌هاباد له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌دری قازی برای و سه‌یفی قازی ئامۆزایدا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌وكاتی ئێرانه‌وه‌ له‌ سێداره‌ دران.

پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د، كوڕی قازی عه‌لیه‌، له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی به‌ناوبانگ بون له‌شاری مه‌هاباد، ساڵی (1900) له‌دایكبوه‌، ناوبراو له‌ منداڵی و لاوی دا زۆر خولیای زانست و فێربونی زمانه‌ بیانیه‌كان بوه‌ و جگه‌ له‌ عه‌ره‌بی و فارسی، شاره‌زایی له‌زمانه‌كانی فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی و تا راده‌یه‌ك روسی هه‌بوه‌.

قازی محه‌مه‌د په‌یوه‌ندی پته‌وی له‌گه‌ڵ (كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كورد) (ژ.ک) هه‌بوه‌، زۆرێك له‌دامه‌زرێنه‌رانی (ژ.ك) راوێژیان له‌گه‌ڵ كردوه، له‌هه‌مانكاتدا خه‌باتگێڕێكی نیشتمانپه‌روه‌ر بوه‌ و وه‌ك له‌ وه‌سیه‌ته‌كه‌یدا هاتوه‌، “برایه‌تی و یه‌كگرتویی كوردی پێ گه‌وره‌ترین هۆی سه‌ركه‌وتن بو”، هه‌ربۆیه‌ له‌زۆربه‌ی وتاره‌كانی كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی كوردستان کە ئه‌وكات چاپكراون له‌سه‌ر بابه‌تی یه‌كێتی و برایه‌تی دواوه‌ و به‌ مه‌رجی سه‌ركه‌وتن و كۆڵه‌كه‌ی راگرتنی كۆمار و هۆی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر دوژمنانیدا زانیوه‌.

به‌ر له‌ دامه‌زراندنی كۆمار، ناوبه‌ناو له‌ رۆژنامه‌ی كوردستاندا به‌ ناوی پێشه‌وا باسی لێوه‌ ده‌كرا، له‌ دوای دامه‌زراندنی كۆماریش به‌ شێوه‌ی فه‌رمی نازناوی پێشه‌وای پێبه‌خشرا.

قازی محه‌مه‌د كه‌ بو به‌ ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی (ژ.ك) و ناوی نهێنی بینایی بۆ دانرا، هیوایه‌كی زیاتری بۆ به‌رپرسان و خه‌ڵك پێكهێنا، له‌ئاكامی تێگه‌یشتنی به‌ وه‌خت و ئازایه‌تی سیاسی ئه‌و و به‌ قه‌ناعه‌ت گه‌یشتنی به‌رپرسانی كۆمه‌ڵه‌دا بو كه‌ (ژ.ك) بو به‌ حیزبی دیموكراتی كوردستان و به‌رده‌وام بو له‌ تێكۆشان و خه‌باتی سیاسی.

له‌ یه‌كه‌م كۆنگره‌دا له‌ (22)ی كانونی دوه‌می (1946)، به‌ به‌شداریی نوێنه‌رانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان و سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و نوێنه‌رانی زۆربه‌ی چین و توێژه‌كانی كوردستان پێكهاتنی یه‌كه‌م كۆماری كوردستان راگه‌یه‌ندرا.

له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئێران به‌ تاوانی سه‌رهه‌ڵدان و پارچه‌كردنی وڵات و چه‌ند تۆمه‌تێكی تر قازی محه‌مه‌دیان تاوانبار كردبو، لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت كه‌ له‌ تارانه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رهه‌نگ (غوڵام حسێن عه‌زیمی) چوبونه‌ مه‌هاباد،  دادگایی‌ قازی‌ و هاوڕێكانیان كرد، به‌ڵام قازی‌ و هاوڕێكانی‌ سه‌رجه‌م تۆمه‌ته‌كانیان ره‌تكرده‌وه‌.

دواجار دادگاكه‌ی ئێران بڕیاری سزای‌ له‌ سێداره‌ی به‌سه‌ریاندا سه‌پاند، قازی‌ و هاوڕێكانی‌ بۆ ماوه‌ی سێ مانگ به‌ندكران تا ئه‌و كاته‌ی‌ دادگای پێداچونه‌وه‌‌ به‌ڕێوه‌چو، ئه‌وه‌ش هیچ شتێكی له‌ بڕیاره‌كه‌ نه‌گۆڕی.

پێشه‌وا و هاوڕێیانی ئه‌وه‌نده‌ی له‌ ماوه‌ی یازده‌ مانگی كۆماردا هه‌وڵیاندا، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش له‌ دادگا بو، له‌ خۆبردویی و ئازایه‌تییان له‌ خۆیان نیشان داوه‌، له‌گه‌ڵ هه‌مو ئازاری ده‌رونی و ئه‌و ژیانه‌ تاڵه‌ی كه‌ له‌ به‌ندیخانه‌ی پادگانی مه‌هاباددا بۆیان پێكهاتبو، نه‌ك ته‌نیا بڕوایان به‌ ئامانجه‌كانیان، لاواز نه‌بو، به‌ڵكو زۆر به‌ وره‌تر ببون.

About زريان احمد

Check Also

نووسینەوەی مێژوو بەپێی حەز و ئارەزوو!

چەند تێبینییەک لەسەر کتێبی مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد: ئەم کتێبە کە نووسەرەکەی سۆران حەمەڕەشە …