بەشێک لە مێژووی پایتەختی ئاشتی
نووری بێخاڵی
بەشێک لە مێژووی هەڵەبجە:
– هەڵەبجە شارێكی كۆنی باشووری كوردستانە و مێژووەكەی بۆ سەردەمی لۆلۆییەكان دەگەڕێتەوە.
– ساڵی 1650 لەلایەن بەگزادەكانی جافەوە، ئاوەدان كراوەتەوە.
– یەكەم خانوو لە هەڵەبجە، بەگەكانی شیوەكەڵ دروستیان كردووە.
– ساڵی 1889 لە سەردەمی عوسمانییەكاندا بووەتە قەزا.
– عوسمان پاشای جاف، بووەتە یەكەم قایمقامی هەڵەبجە.
– بەرلەوەی ببێتە قەزا، لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە ناحیەی گوڵعەمبەر (خورماڵ) بووە.
– ساڵی 1919 یەكەم قوتابخانەی سەرەتایی تێدا كراوەتەوە.
– ساڵی 1924 یەكەم ئۆتۆمبێل هاتووەتە هەڵەبجە و فەرمانگەی پۆستە و تەلەگرافی تێدا كراوەتەوە.
– ساڵی 1929 یەكەم نەخۆشخانەی تێدا كراوەتەوە و پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی بۆ دانراوە.
– ساڵی 1930 بینای سەرای تێدا بوونیادنرا، لە هەمان ساڵیشدا بەنزینخانەی تێدا كرایەوە.
– ساڵی 1931 میوانخانە و گەراجی ئۆتۆمبیلی تێدا دروستكرا.
– ساڵی 1933 یەكەم قوتابخانەی سەرەتایی كچانی تێدا كراوەتەوە.
– ساڵی 1934 شەقامی سەرەكی نێوشار دروستكراوە.
– ساڵی 1936 یەكەم موەلیدەی كارەبای بۆ دانرا.
– ساڵی 1939 یەكەم شانۆ لە هەڵەبجە نمایشكراوە.
– ساڵی 1945 یەكەم قوتابخانەی ناوەندی تێدا كراوەتەوە و باخی گشتی دروستكراوە.
– ساڵی 1956 پەرتوكخانەی تێدا كراوەتەوە.
– هەڵەبجە خاوەنی چەندین شاعیری گەورەیە لەوانە (نالی، گۆران، مەولەوی، ئەحمەد موختار جاف، تاهیر بەگی جاف ….. چەندانی دیکە).
– بەپێی سەرژمێریی بەریتانیا، ژمارەی دانیشتووانی نێو هەڵەبجە ساڵی 1920 (6509) كەس بووە.
– بە پێی سەرژمێریی ساڵی 1922، كۆی دانیشتووانی قەزاكە 50800 كەس بووە.
– لەنێوان ساڵەكانی (1961 – 1962) حاكم ئەحمەد صالح، باوكی دكتۆر بەرهەم، حاكمی شاری هەڵەبجە بووە.
– ساڵی 1970 بانكی رافیدەین لە هەڵەبجە كرایەوە.
– ساڵی 1988 فڕۆكەكانی بەعس هەڵەبجەیان كیمیاباران كرد و (5000) هاونیشتیمانییان شەهیدكرد.
– ساڵی 2010 بەردی بناغەی زانكۆی هەڵەبجەی دانرا.
– لە 31/12/2013 حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا هەڵەبجە بکرێتە پارێزگا.
– ساڵی 2014 ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق رەزامەندی لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەربڕی.
– لە 13ی ئاداری 2014، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی واژۆی لەسەر بڕیاری بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە كرد.
– لە 16/3/2014 مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان واژۆی لەسەر بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجە كرد.
– لە 31/12/2014 ئەنجوومەنی وەزیران یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەی پەسەندكردو رەوانەی پەرلەمانی كوردستانی كرد.
– لە 29/1/2015 پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژەیاسای ئیدارەی هەڵەبجە كرد.