Home / بەشی مێژووی كورد / یاده‌وارییه‌كانی ڕاپه‌ڕین: شه‌وی به‌ر له‌ ڕاپه‌رین له‌ سلێمانی

یاده‌وارییه‌كانی ڕاپه‌ڕین: شه‌وی به‌ر له‌ ڕاپه‌رین له‌ سلێمانی

یاده‌وارییه‌كانی ڕاپه‌ڕین: شه‌وی به‌ر له‌ ڕاپه‌رین له‌ سلێمانی

FB_IMG_1488811436381

(به‌شی دووهه‌م)

 

مه‌ریوان وریا قانع

 

شه‌وی به‌ر له‌ ڕاپه‌ڕین له‌ سلێمانی شه‌وێكی سه‌خت و درێژ و پڕ چاوه‌روانیكردن بوو. من ماوه‌یه‌كی درێژ بوو به‌هۆی هه‌ڵاتن له‌ سه‌ربازیی و گه‌ڕانه‌وه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، به‌ختیارم نه‌بینیبوو. ئه‌وكاته‌ی من قوتابی بووم له‌ زانكۆ موسته‌نسریه،‌ به‌ختیار سه‌ربازی هه‌لاتووبوو. هاتبوو بۆ به‌غدا و له‌گه‌ڵ مندا ماوه‌یه‌ك له‌ شوێنی كاره‌كه‌ی مامم له‌ ناوچه‌ی به‌یاع ده‌ژیا و دواتر له‌و ژووره‌دا ده‌ژیا كه‌ له‌ شه‌قامی مه‌غریب له‌ ئه‌عزه‌مه‌یه‌ له‌ به‌غدا، هه‌مانبوو. ئه‌و ژوره‌ی من له‌ شه‌قامی مه‌غریب وه‌ك ژووری لانه‌وازانی لێهاتبوو، زۆربه‌ی براده‌ر و دۆسته‌ نزیه‌كه‌كانم كه‌ له‌ سلێمانییه‌وه‌ ده‌هاتن بۆ به‌عدا له‌وێ له‌و ژووره‌ له‌ لای من ده‌مانه‌وه‌. له‌وانه‌ش بۆ نموونه‌ شێرزاد حه‌سه‌ن و محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان و عه‌تا قه‌ره‌داغی. گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌ته زۆره‌‌كانی ئه‌و ژووره‌ هه‌ڵده‌گرم بۆ فرسه‌تێكی تر، ئه‌وه‌ی حه‌زده‌كه‌م لێره‌دا زۆر به‌ خێرایی هێمایه‌كی كورتی بۆ بكه‌م ئه‌و دۆخه‌ پر هه‌ژارییه‌بوو كه‌ ئه‌مه‌ ئه‌وده‌م له‌ به‌غدا‌ تیایدا ده‌ژیاین. به‌عس له‌دوای كۆتاییهاتنی شه‌ڕی ئێران و عێراق و له‌دوای دابه‌زینی نرخی نه‌وت و ده‌ستبه‌ردانی وڵاتنی خه‌لیج له‌ هاریكاریكردنی عێراق، به‌ره‌و ئیفلاسێكی مالیی ته‌واو ده‌چوو. جه‌ند ملیۆنێك سه‌رباز له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ گه‌رابوونه‌وه‌ و كه‌سی كار و پاره‌ و بژێوی  نه‌بوو، به‌عس پێشتر ئه‌و چه‌ند ملیۆن كرێكاره‌ میسریی و سودانییه‌ی له‌ عێراق ده‌ركرد، به‌ڵام هێشتا ده‌ره‌قه‌تی كێشه‌ و گرفته‌ گه‌وره‌كانی دونیای دوای وه‌ستانی جه‌نگه‌كه‌ نه‌ده‌هات، داگیركردنی كوه‌یت به‌شێك بوو له‌ هه‌وڵه‌كانی به‌عس بۆ ده‌ربازبوون له‌و ئیفلاسبوونه‌‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ڕووبه‌ڕووی بووبووه‌وه‌‌.

دۆخی ژیانی ئێمه‌ له‌ ساڵی ١٩٨٩ و ١٩٩٠دا له‌ به‌غدا هێجگار زه‌حمه‌ت و ناله‌بار بوو. به‌عس پرۆسه‌یه‌كی به‌رفراوانی به‌ خه‌سخه‌سه‌كردنی كه‌رتی ده‌وڵه‌تی ده‌ستپێكردبوو،  نوخبه‌ حوكمڕانه‌كه‌ی به‌عس، به‌تایبه‌تی كه‌سوكاره‌ نزیه‌كه‌كانی سه‌دام حوسه‌ین خۆی، زۆربه‌ی كارخانه‌ و كه‌رته‌ گشتییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئابوریی عێراقیان به‌ پاره‌یه‌كی كه‌م به‌خۆیان فرۆشتبووه‌وه‌. حكومه‌تیش ده‌ستی له‌ دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان به‌ردابوو، هاریكاریی ده‌وڵه‌تیش بۆ به ‌نزم راگرتنی نرخی خۆراك هه‌ڵگیرابوو. هه‌موو ئه‌مانه‌ وایانكردبوو نرخی شت و مه‌ك به‌ خێرایه‌كی گه‌وره‌ به‌رزببه‌ته‌وه‌، به ‌راده‌یه‌ك‌ بۆ ئێمه، كه‌ له‌و ژوره‌ی شه‌‌قامی مه‌غریبدا ده‌ژیاین،‌ زه‌حمه‌تبوو بتوانین له‌ رۆژێكد سێ ژه‌م خواردن بۆ خۆمان ده‌سته‌به‌ربكه‌ین. من ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ وه‌ك قوتابی وه‌رمده‌گرت به‌شی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد پێیبژیم، هه‌ورامانی برام ئه‌وكات سه‌ربازی یه‌ده‌ك بوو، موچه‌كه‌ی له‌ موچه‌ی هه‌موومان باشتربوو، ئه‌و هاریكاریی من و هه‌ندێك له‌ كه‌سانی تری ناو ژووره‌كه‌ی ده‌كرد. به‌ختیاریش هیچ ده‌خل و بژێوێكی جێگیریی نه‌بوو، جار نه‌جارێك كاری كرێكاریی ده‌كرد. بۆیه‌ رۆژێكیان له‌گه‌ڵ به‌ختیاردا بڕیارمان دا گوڵه‌ مێخه‌ك بفرۆشین. مێخه‌كه‌كانمان به‌ده‌سته‌ و به‌ وشكی له‌ سلێمانییه‌وه‌‌ بۆ ده‌هات و ئێمه‌ شه‌وانه‌ له‌ ژووره‌كه‌دا ده‌مانخسته‌ ناو ته‌شته‌ ئاوه‌وه‌. به‌یانیان كه‌ هه‌ڵده‌ستاین‌ مێخه‌كه‌كان گه‌شابوونه‌وه‌ و بۆنیان به‌هه‌موو كون و قوژبنێكی ما‌ڵه‌كه‌دا بڵاوبووبووه‌وه‌‌. بۆنی مێخه‌كه‌كان به‌راده‌یه‌ك به‌هێزبوون دوای ماوه‌یه‌ك دار و دیواری ماڵه‌كه‌مان‌ له‌ دووری ده‌یان مه‌تره‌وه‌ بۆنی مێخه‌كی لێده‌هات. به‌ینانیان زوو له‌گه‌ڵ به‌ختیاردا مێخه‌كه‌كانمان هه‌لده‌گرت و ده‌چووین بۆ مزگه‌وته‌كه‌ی ئیمام موسای كازم له‌ كازمیه‌ بۆ فرۆشتنیان. به‌یانیان زوو مێخه‌كه‌كانمان ده‌كرده‌ ناو عه‌لاگه‌ی نایۆلۆنه‌ و له‌ ماڵ ده‌چووینه‌ ده‌ره‌وه‌. هه‌ر كه‌ سواری پاسه‌كان ده‌بووین بۆنی مێخه‌كه‌كان به‌ناو هه‌موو پاسه‌كه‌دا بڵاوده‌بووه‌وه‌.‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌و به‌یانییه‌ زووه‌ له‌ناو ئه‌و پاسانه‌دابوون سه‌یری ئێمه‌یان ده‌كرد و نه‌یانده‌زانی ئه‌و بۆنه‌‌ چییه‌ له‌ خۆمان و له‌ عه‌لاگه‌كانمان هه‌ڵده‌ستا. دوای ماوه‌یه‌ك وامان لێهات هه‌م من و هه‌م به‌ختیار به‌رده‌وام بۆنی مێخه‌كمان لێده‌هات، بۆنی مێخه‌ك له‌ جله‌كانمان و له‌ قژ و ده‌ست و په‌نجه و پێلاوه‌كانمان ده‌هات. من ئه‌وده‌م قوتابی به‌شی ماسته‌ر بووم له‌ زانكۆی موسته‌نسریه،‌ له‌ زانكۆ و له‌ ‌ناو‌ پۆلیشدا هه‌ر بۆنی مێخه‌كم لێده‌هات. ئه‌وی سه‌یر بوو كڕیاری مێخه‌كه‌كان بوو، زۆربه‌ی هه‌رزۆری ئه‌و كڕیارانه‌ئه‌و ژنه‌‌ شیعه‌ به‌ته‌مه‌نانه‌ بوون كه‌ بۆ سه‌ردانی ئیمام موسا له‌ هه‌موو كون و قوژبنێكی عێراقه‌وه‌ بۆ به‌غدا هاتبوون. به‌ده‌گه‌مه‌ن نه‌بوایه‌ كه‌سێكی گه‌نج مێخه‌كی نه‌ده‌كڕی. من دوای ته‌واكردنی خوێندن و تا بووشم به‌سه‌رباز هه‌ر مێخه‌كه‌كانم ده‌فرۆشت، به‌لام دوای ئه‌وه‌ ئیتر بۆم بۆنه‌كرا و به‌ختیاریش گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سلێمانی.

وه‌ك ووتم رۆژی به‌ر له‌ راپه‌ڕین من له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ به‌ره‌و سلێمانی هاتم و شه‌وی به‌ر له‌ راپه‌ڕینیش یه‌كه‌م شه‌و بوو دوای ماوه‌یه‌كی درێژ من و به‌ختیار سه‌رله‌نوێ یه‌كتری ببینیه‌وه‌ و پێكه‌وه‌بین. ئێمه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی باس و خواسی رووداوه‌كانی ئه‌و ماوه‌یه‌دا بووین كه‌ له‌یه‌كدی جیابووبووینه‌وه‌، باسی ئه‌و كتێب و نووسینانه‌مان ده‌كرد كه‌ خوێندبوومانه‌وه‌ و نووسیبومانن، یان خه‌ریكی نووسینیان بووین. ئه‌و باسی دۆخی خۆی له‌ سلێمانی و من باسی ئه‌و ترسه‌ قووڵه‌ی خۆم و براكانم ده‌گێرایه‌وه‌ كه‌ له‌ ماڵی باوكم له‌ هه‌ولێر تیایدا نووقمبووبین، باسی خواستی سه‌رهه‌ڵگرتن و هه‌ڵاتنم ده‌گێرایه‌وه‌، بۆ چه‌نده‌هه‌مین جاریش، باسی سوتانی بازگه‌ سه‌ره‌كییه‌ی مه‌دخه‌لی سلێمانی و چه‌كدارانی سه‌ر بان و ناو ماڵانی ئۆردوگاكانی سه‌ر ڕێگای كه‌ركوك سلێمانیم ده‌گێرایه‌وه‌، كه‌ هه‌موویان جه‌ند كاتژمێرێك پێشتر بینیبووم. ئینجا سه‌رله‌نوێ باسی ئه‌و زیل و موسه‌له‌حه‌ پڕ چه‌كدارانه‌ی كه‌ به‌عس عه‌سر و ئێواره‌ی به‌ر له‌ ڕاپه‌ڕین له‌ شه‌قامه‌كانی سلێمانیدا بۆ ترساندنی خه‌ڵك نمایشی ده‌كردن. ئێمه‌ له‌ باسكردنی ئه‌و شتانه‌دابووین له‌پڕ له‌ ده‌رگای ماڵی به‌ختیار درا. وه‌ك هه‌میشه‌ دایكی به‌ختیار ده‌رگاكه‌ی كردوه‌ و كوڕێكی هاوته‌مه‌نی خۆمان، كه‌ ناسراوی به‌ختیار بوو، وابزانم له‌ دووریشه‌وه‌ منی ده‌ناسیی، هاته‌ ژووره‌وه‌. دوای دانیشتنێكی كه‌م كوره‌كه‌ راسته‌وخۆ چووه‌ ناو باسه‌كه‌یه‌وه‌:

– به‌یانی له‌ سلێمانی راپه‌رین ده‌ستپێده‌كات. شانه‌ی چه‌كدار دروستكراوه‌‌ و له‌ كاتژمێری سفردا له‌ زۆر شوێنه‌وه‌ په‌لاماری به‌عس ئه‌درێت.

دوای ئه‌وه‌ باسی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ ناوچه‌ی رانیه‌ به‌ته‌واوی ڕزگاربووه‌ و پلانیش هه‌یه‌ له‌ شوێنه‌كانی تردا  ڕاپه‌ڕین بكرێت و هه‌موویان ڕزگاربكرێن. كور‌كه‌ سه‌ر به‌یه‌كێك له‌ ڕێكخراوه‌ ماركسییه‌ چه‌په‌ زۆره‌كانی ئه‌وكاتی ناو سلێمانی بوو. دوای ته‌واوكردنی قسه‌كانی رووی له‌ من و به‌ختیار كرد و ووتی، من هاتووم بزانم ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت سبه‌ینێ به‌شداربن له‌ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌دا یان نا. ئێمه‌ش هه‌ردووكمان بێبیركردنه‌وه‌ و دوودڵیی رازیبوونی خۆمان نیشاندا. دوای ئه‌وه‌ ئه‌و كه‌وته‌ باسكردنی ئه‌و پلانه‌ی كه‌ داینابوو. به‌ من و به‌ختیاری ووت من ئێستا ده‌ڕۆم و كه‌مه‌كێكی تر دێمه‌وه‌ و دوو ده‌مانچه‌تان بۆ ده‌هێنم. ئێوه‌ پێویسته‌ سبه‌ینێ هێرشبكه‌نه‌ سه‌ر مه‌عهه‌ده‌ فه‌نیه‌كه‌ی سلێمانی له‌ گه‌ڕه‌كی به‌ختیاریی. ئه‌ركی ئێوه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و مه‌عهه‌ده‌ كۆنترۆڵبكه‌ن و ده‌ستبگرن به‌سه‌ر شته‌كانی ناویدا. مه‌عهه‌دهكه‌‌‌ پریه‌تی له‌ رۆنیۆ و تابیعه‌ و كاغه‌ز و كه‌ره‌سته‌ی جاپه‌مانیی.

دوای ئه‌و قسانه‌ و رازیبوونی ئێمه‌ به‌ پلانه‌كه‌ ئیتر ئه‌و دۆسته‌ خواحافیزی كرد و ڕۆیشت. ئه‌و شه‌وه‌ تا ده‌مه‌و به‌یان من و به‌ختیار چاوه‌ڕوێی هاتنه‌وه‌ی ئه‌و‌ بووین، له‌ خه‌یاڵی خۆشماندا چه‌ندانجار چۆینه‌تی هێرشبردنه‌كه‌ی خۆ‌مان بۆسه‌ر مه‌عهه‌ده‌كه‌ به‌ شێوازی جیاواز داده‌ڕشت و لێكئه‌دایه‌وه‌. به‌ده‌م قسه‌كردن و باسكردنیشیه‌وه‌ تا هێزمان تێدابوو پێده‌كه‌نین، ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجاربوو له‌ ژیانماندا ئه‌ركێكی سه‌ربازیی له‌و شێوه‌یه‌مان پێبسپێردرێت. ئێمه‌ هه‌ر چاوه‌ڕوانی هاتنه‌وه‌ی ئه‌و دۆسته‌بووین به‌ ده‌مانچه‌كانه‌وه‌ و بیریشمان ‌لای چۆنیه‌تی ده‌ستگرتن به‌سه‌ر مه‌عهه‌ده‌كه‌دا بوو، كاتێك هه‌ستمانكرد ته‌واو ماندو و خه‌واڵووبووین. به‌وشێوه‌یه‌ ئێمه‌ شه‌وی به‌ر له‌ راپه‌رینمان به‌ چاوه‌روانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و دۆسته‌وه‌ برده‌سه‌ر. ئه‌و‌ رۆیشت و نه‌هاته‌وه، ئێمه‌ش له ‌ده‌وروبه‌ری به‌ره‌به‌یاندا نووستین‌.

About زريان احمد

Check Also

گوتیەکان : Gutians

لە کوردستانی کۆندا دوای ئەوەی خەڵکی گوندەکانی چەرمو و بێستانسور ژمارەی دانیشتوانیان زیادی کرد، خەڵک …