پێگەى ژنى کورد لەمێژوو و خەباتدا
عومەر ئیسماعیل مارف
کوردیش وەکو هەموو نەتەوەکانى تر خاوەن مێژوویەکى دوورو درێژە لەگشت بوارەکانى ژیاندا. بەتایبەت لەکارى خەبات و تێکۆشان لەدژى داگیرکارى ئیمپڕاتۆرو وڵاتانى داگیرکەرى خاکى کوردستان، هیچ کات ڕۆڵەى کورد خۆى نەبواردوە لەڕزگارکردنى نەتەوە زوڵم لێکراوەکەى. لەپاڵ سەرکردەو شۆڕشگێڕە پیاوەکاندا ژنانیش دەورو کاریگەریەکى دیارو بەرچاویان هەبووە لەمێژووى بەرخودان و شۆڕشەکاندا کە هەوڵ و ئەرکەکانیان هیچیان کەمتر نییە لەکارو تواناى گەورە پیاوان. ئەگەر چەند سەدە بەر لەزایین بەمێژوودا بچینە خوارەوە ڕۆڵى یەکەمین ژنى کورد دەبینین کە لەمێژوودا تۆمار کرابێت.
شازادەى میتانى تادوهیبات(نەفەرتیتى)کچى(توشراتا)ى پاشاى میتانى کە لەپاڵ ئەو خۆشەویستى و هاوپەیمانێتییەى لەنێوان میتانییەکان و فیرعەونەکانى میسردا هەبوو، لەلایەن باوکیەوە وەکو دیارى پێشکەش بە(ئامنحوتیپى چوارەم-ئەخناتوون1376-1362پ.ز)پاشاى زنجیرەى هەژدەیەمینى میسرکرابوو. نەفەرتیتى کە بێوێنەو بەناوبانگ بووە لەجوانیدا، دەورێکى گرنگ و کاریگەریشى هەبووە لەگۆڕینى ڕەوتى ئایینى دانیشتوانى میسر، هاوکارێکى سەرەکى هاوسەرەکەى بووە لەشۆڕشەکەیدا دژى خواوەند(ئاموون)و لایەنگرانى و چەسپاندن و پەرستنى خواوەندى هەتاو(ئاتوون). دەورى ئەو شازادە میتانییە لەلایەن زوربەى دانیشتوانى ئەوکاتەى میسرو زۆر لەمێژوونووسان بەگرنگ و کاریگەر خەمڵێنراوە، هەروەها لەمێژووى باشوورى کوردستان لەسەدەى ڕابردوودا پێویستە ئەرک و خەباتى(عادیلە خانم)ى خێزانى(وەسمان پاشا)ى جاف و دایکى شاعیرى گەورەى کورد(ئەحمەد موختار جاف)بەرز بنرخێنین کە دەورێکى دیارو بەرچاوى گێڕاوە لەخاوکردنەوەى گرژى و ئاڵۆزى شەڕەکانى نێوان شێخ مەحموودو ئینگلیزەکان، هەمیشە لەهەوڵى ئاشتەوایى و ئاسایشى ناوچەکانى سلێمانى و شارەزووردا بووە. پەیوەندیەکى باشیشى لەگەڵ(مێجەرسۆن)حاکمى سیاسى بەریتانیەکان لەسلێمانى دا هەبووە. هیوادارم لەئەنجامى هەوڵ و ماندووبوونەکانى دکتۆر کەمال مەزهەر لەئایندەدا ڕۆڵ و گرنگى زیاترى ئەو خانمە کوردە لەلایەن بەریتانییەکانەوە بەخوێنەرانى کورد بگات.
یەکێکى تر لەژنە لەخۆبردوەکانى کورد کە جێ پەنجەیەکى دیارو بەرچاوى هەیە لەمێژووى نەتەوەکەماندا(حەپسەخانى کچى شێخ مەعروفى کاک ئەحمەدى شێخ)ە. جێگاى خۆیەتى کە دەورو کاریگەرى حەپسەخانى نەقیب لەنیوەى یەکەمى سەدەى بیستدا لەبەرچاو بگرین.
ژنێکى ترى ئازاو چاونەترس کە توانى شانبەشانى پیاوان قۆڵ لەتێکۆشان هەڵبکات لەدژى سەرکوتکردنەکانى شاى ئێران(قەدەم خێر)لەهۆزى(لەک)ى خۆرهەڵاتى کوردستان بووە، ئەو ژنە ئازایە توانى شۆڕشێکى گەورەو بێ ئامان بکات لەدژى شا، لەئەنجامى کوشتنى(سەید مراد خان)ى براى و(عەلى مەهخان)ى مێردى کە شاو سەرانى ئەوکاتەى ئێرانى توشى چاو ترسان و سڵەمینەوەکردو دەنگدانەوەیەکى زۆرى لێکەوتەوە.
لەنموونەى ژنە هەرەدیارو بەرچاوەکانى ئەو سەردەمەى ئێستاشماندا(لەیلا زانا)ى سیاسەتمەدارو کەسایەتى دیارى باکوورى کوردستانە. لەیلا لەئەنجامى جەسارەتى بۆ نەتەوەکەى چەندینجار توشى دادگایکردن و زیندانیکردن بوەتەوە لەلایەن ڕەگەز پەرست و ناسیۆنالیست و کەمالییەکانى تورکەوە. ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لەو ژنە گیان فیداو گیان لەسەردەستانەى کە هیچ کات خۆیان لەپیاوان بەکەمتر نەزانیوەو کۆت و بەندى پیاوسالارى و ژن بەکەم زانینیان شکاندوەو لەگەڵ باوک و براو هاوسەرەکانیان خۆیان خەریککردوە بەکارو خەبات و تێکۆشان لەدژى دوژمنانى نەتەوەى کورد، بوون بەسەرمەشق و ڕچەشکێن بۆ ژنانى لێهاتوو و خاوەن بیرو بەتوانا بۆ ئێستاو داهاتوو.