Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووی شەنگال

مێژووی شەنگال

مێژووی شەنگال

FB_IMG_1488562463413

 

مێژووی‌ شه‌نگال دورودرێژه‌‌و بۆ هه‌زاران ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، شه‌نگال ده‌كه‌وێته‌ ئه‌وپه‌ڕی‌ خۆرئاوای‌ كوردستانی‌ باشور، 120 كلم له‌ شاری‌ موسڵه‌وه‌ دووره‌‌و ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوایه‌وه‌، به‌گوێره‌ی‌ سه‌رچاوه‌ مێژوویه‌كان له‌ ساڵی‌ 1075 زاینیدا ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ زیاتر له‌ 30 هه‌زار كه‌س بوون ‌و هه‌روه‌ها له‌ ساڵی‌ 1394 زاینیدا ژماره‌ی‌ خانوه‌كانی‌ زیاتر له‌ 35 هه‌زار خانوو بووه‌‌و كاتێك ته‌یموری‌ له‌نگ داگیری‌ كردوه‌ هه‌ر 35 هه‌زار خانوه‌كه‌ی‌ روخاندوه‌. پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌ ساڵی‌ 1516 له‌ لایه‌ن عوسمانیه‌كانه‌وه‌ داگیركراوه‌و وه‌ك شاروشارۆچكه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان بۆته‌ مه‌یدانی‌ ململانێی‌ نێوان عوسمانیه‌كان‌و سه‌فه‌وییه‌كان، بۆیه‌ له‌ نیوه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ سه‌ده‌ی‌ بیستدا به‌تایبه‌ت له‌ ساڵی‌ 1947 دا 600 ماڵ بووه‌ كه‌ به‌سه‌ر 6 گه‌ڕه‌كه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌یدا دابه‌شبوه‌ كه‌ بریتی بوون له‌ سه‌را‌و بورج‌و كه‌لاهی‌‌و به‌رسه‌هی‌‌و به‌ربه‌روش . له‌وماوه‌یه‌دا بازاڕێكی‌ گشتی‌‌و دوو خان‌و مزگه‌وتێكی‌ گه‌وره‌و دوو كه‌نیسه‌‌و فه‌رمانگه‌یه‌كی‌ حكومی‌‌و شاره‌وانیه‌كی‌ تێدا بووه‌‌و ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ 2513 كه‌س بووه‌. له‌ نێوان ساڵانی‌ 1947 _ 1980 چه‌ند گۆڕانێكی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ له‌ بونیادی‌ شاری‌ سنجاردا هێنراوه‌ته‌ كایه‌وه‌‌و ته‌عریب كراوه‌، یه‌كه‌مین هه‌نگاوێكیش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا نراوه‌ بریتیی‌ بووه‌ له‌ ته‌ملیككردنی‌ 23355 دۆنم زه‌وی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ شه‌نگال بۆ ئه‌و هۆزه‌ عه‌ره‌بانه‌ی‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ قه‌زاكه‌و پارێزگای‌ نه‌ینه‌واوه‌ هێنراون . هه‌روه‌ها له‌ خۆرئاواشیه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارنی‌ سیاسی‌ ده‌ستیان گرتووه‌ به‌سه‌ر زیاتر له‌ 60 هه‌زار دۆنم زه‌وی‌ كورده‌ ئیزدیه‌كانی‌ هۆزه‌كانی‌ قه‌یران‌و فه‌قرادا. له‌ باكوری‌ شاره‌كه‌شه‌وه‌ كه‌ ناحیه‌ی‌ (سنون)ی‌ لێیه‌ له‌ لایه‌ن هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كانه‌وه‌ ده‌ست گیراوه‌ به‌سه‌ر ده‌یان هه‌زار دۆنم زه‌ویدا ، به‌گوێره‌ی‌ ئاماری‌ ساڵی‌ 1957 ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ شنگال بۆته‌ 3204 كه‌س‌و ژماره‌ی‌ خانوه‌كانیشی‌ 765 خانو بووه‌. به‌ڵام دوای‌ شۆِرشی‌ 1958 ‌و ئه‌و گۆڕانانه‌ی‌ كه‌ به‌سه‌ر سیستمی‌ سیاسی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ئابوریدا هات ‌و گوندییه‌كان رویان له‌ شاره‌كان كرد‌و به‌و پێیه‌ش به‌گوێره‌ی‌ ئاماری‌ 1965 ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كی‌ بۆ 4402 كه‌س زیادیكردوه‌. له‌ ساڵی‌ 1970 پڕۆسه‌ی‌ ته‌عریب له‌ ناوه‌ندی‌ شاری‌ شه‌نگاڵ دا به‌نهێنی‌ ده‌ستی‌ پێكردوه‌ ‌و به‌تایبه‌ت دوای‌ نسكۆی‌ 1975 ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ زه‌قتر ئه‌نجام ده‌درا‌و زۆربه‌ی‌ زۆری‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ كاولكرد‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ ناچاركران له‌ ئۆردوگای‌ زۆره‌ملێدا نیشته‌جێ ببن. له‌ ساڵی‌ 1977 دا زیاتر له‌ نیوه‌ی‌ دانیشتوانه‌كی‌ رویان كرده‌ ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ئه‌وه‌شی‌ مایه‌وه‌ ناچار كران نه‌ته‌وه‌یی‌ خۆی‌ بگۆڕێت . ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ زیاتر له‌ 150 گوندی‌ ده‌وروبه‌ری‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ به‌عسه‌وه‌ سوتێنرا. له‌نێوان ساڵانی‌ 1980 بۆ 2002 گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كانیان سوتاند‌و چه‌ند ناوچه‌‌و گه‌ڕكێكی‌ نوێیان دروستكرد بۆ عه‌ره‌به‌كان‌و ناسنامه‌ی‌ شاره‌كه‌یان گۆڕی‌‌و ئه‌مه‌ش وایكرد ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ روو له‌ زیادی‌ بكات‌و به‌گوێره‌ی‌ ئاماری‌ ساڵی‌ 1957 ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ ئه‌و قه‌زایه‌ گه‌یشته‌ 8260 كه‌س‌و له‌ ساڵی‌ 1997 گه‌یشتوه‌ته‌ 14608 كه‌س ‌و ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌ ساڵی‌ 2002 یشدا گه‌یشتوه‌ته‌ 113159 كه‌س. ساڵ به‌ساڵ زیادبوونی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ شه‌نگاڵ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ حكومه‌ته‌ ره‌گه‌ز په‌رسته‌كانی‌ عێراق به‌ئاره‌زوی‌ خۆیان ده‌ستكاری‌ دیمۆگرافیای‌ ئه‌و شاره‌یان كردووه‌و ‌و چۆنیان ویستوه‌ گۆڕانكاریان تێدا كردوه‌.

About زريان احمد

Check Also

کۆماری کوردستان لە مهاباد چۆن دامەزرا و بۆچی ڕووخا؟

یادەوەریی ٢ی ڕێبەندان و خیانەتی سۆڤییەت لە گەلی کورد لە کاتێکدایە، کە ئەمڕۆ لە ساڵیادی …