هه‌ولێر له مێژوودا
هه‌ولێر یه‌كێك بوو له‌شاره‌كانی قه‌ڵه‌مڕه‌وی میرنشینی سۆران، له ساڵی (1535ز) له دوای كوشتنی میر( عزالدین شێر) به ده‌ستی عوسمانییه‌كان له سه‌رده‌می سوڵتان سلێمانی قانونی، هه‌ولێریان خسته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان، ده‌سه‌ڵاتی شاره‌كه‌یان به میر حسین به‌گی داسنی( ئێزیدی) سپارد بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت هه‌موو قه‌ڵه‌مڕه‌وی میرنشینی سۆرانی بخاته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی.
شاری هه‌ولێر به‌پێی زانیاری ناو به‌ڵگه‌نامه‌كانی عوسمانی كه له ساڵی (1544ز) داهاتووه، هه‌ولێر سهنجقێك بووه سه‌ر به ویلایه‌تی به‌غدا، له‌ساڵی (1579ز) خراوه‌ته سه‌ر ویلایه‌تی شاره‌زوور، له‌ساڵی (1586ز) بۆ جاری دوایی خراوه‌ته‌وه سه‌ر ویلایه‌تی موسڵ.
لیوای هه‌ولێر له ساڵی (1542ز) له ئه‌رشیفی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی تاپۆ و تۆماری خانووبه‌ره له ئه‌نقه‌ره ژماره ( 65) له (3) سنجه‌ق پێكهاتبوو، سه‌نجه‌قی هه‌ولێر ناوه‌ندی لیوایه‌كه بووه، سنجه‌قی باجوانلو له (3) ناحیه و چه‌ند عه‌شایر و به‌ره‌باب پێكهاتبوو، كه پردێشی له‌گه‌ڵ بوو ، له‌گه‌ڵ سنجه‌قی هه‌ریر و دوین .
ژماره‌ی دانیشتوانی لیوای هه‌ولێرو كه به‌پێی خه‌ملاندنی شاره‌زایانی عوسمانی له تێكڕای ( 5) كه‌س بۆ هه‌ر خێزانێك بۆ ویلایه‌ته‌كانی عوسمانی مهزهندهكرابوو:
ژماره‌ی دانیشتوانی ناو شاری هه‌ولێر(5391) كه‌س بووه. رێژه‌ی موسڵمانه‌كان 63،42% بووه، واته ( 3419) كه‌س، رێژه‌ی جووه‌كان 21،65% بووه، واته (1167) كه‌س، كریستانییهكانیش رێژه‌یان 14،93% بووه و واته (805) كه‌س. به‌ڵام ژماره‌ی دانیشتوانی لیوای هه‌ولێر(30696) كه‌س بوو، رێژه‌ی موسڵمانه‌كان 81،54% بووه، واته ( 25040) كه‌س، رێژه‌ی كریستانییه‌كان 14،624% بووه ، واته ( 4489) كه‌س، ریژه‌ی جووه‌كان 3،802% بووه ، واته ( 1167) كه‌س. له‌م دوو داتایه‌ی ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌ولێر وا ده‌رده‌كه‌وێت كه زۆربه‌ی جووه‌كان له ناو شاری هه‌ولێر نیشته‌جێبوون، به‌ڵام كریستانه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كانیش نیشته‌جیبوون، به پێی ئامارێك كه ( د. محمد مهدی إیلهان) بڵاویكردۆته‌وه ژماره‌یان (3684) كه‌س بووه و هه‌مووشیان له گونده‌كانی لیوای هه‌ولێر بوونه.
کاک وەیسی