چوار شه‌ممه‌ , كانونی یه‌كه‌م 4 2024
Home / بەشی مێژووی كورد / تەواوی وه‌سێتنامه‌كه‌ی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د

تەواوی وه‌سێتنامه‌كه‌ی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د

تەواوی وه‌سێتنامه‌كه‌ی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د12080549_1493967944236808_600699958_n

نه‌ته‌وه‌ی‌ زۆر لێ‌كراو، بێ‌به‌ش‌و چه‌وساوه‌ی‌ كورد! برایانی‌ به‌ڕێز! له‌ دوایین ساته‌كانی‌ ژیان‌دا بابه‌تگه‌لێتان وه‌ك ئامۆژگاری‌ پێ‌ ده‌ڵێم. بۆ ره‌زامه‌ندیی‌ خودا ده‌ست له‌ دوژمنیی‌ یه‌كتر هه‌ڵ‌گرن، یه‌ك بگرن‌و بۆ پشتیوانی‌ له‌ یه‌كتر هه‌ڵ‌سن، له‌ به‌رابه‌ر دوژمن‌دا راوه‌ستن، خۆتان به‌ نرخێكی‌ كه‌م به‌ دوژمنه‌كان مه‌فرۆشن. دوژمن ته‌نیا بۆ گه‌یشتن به‌ قازانجه‌كانی‌ ئێوه‌ی‌ ده‌وێ‌. پاش ئه‌وه‌ ئیتر زیاتر له‌ تڵپه‌یه‌ك نین.
دوژمنانی‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد زۆرن، زۆردان، نامه‌رد‌و بێ‌ویژدانن، رازی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك یه‌كیه‌تیی‌‌و پێكه‌وه‌ بوونه‌. ئازادیی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك پێویستی‌ به‌ پشتیوانیی‌ گشت نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌، نه‌ته‌وه‌ی‌ یه‌كنه‌گرتوو هه‌میشه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵات‌دایه‌. ئێوه‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد شتێكتان له‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ دیكه‌ كه‌م نیه‌. به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ پیاوه‌تی‌، غیره‌ت‌و ئازایه‌تیی‌ ئێوه‌ فره‌ زۆرتره‌. ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی‌ له‌ به‌ندی‌ دیلی‌ رزگاریان بووه‌ یه‌كگرتوو بوون‌و ته‌واو. ئێوه‌ش ده‌توانن به‌ یه‌كگرتوویی‌‌و هاوپێوه‌ندی‌ زه‌نجیری‌ دیلێتی‌ پچڕێنن. ئێره‌یی‌، خه‌یانه‌ت‌و خۆفرۆشی وه‌لانێن. ئیتر فریوی‌ دوژمنان مه‌خۆن. دوژمنی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد له‌ هه‌ر تاقم‌و گرووپ‌و ره‌نگ‌و ره‌گه‌زێك، هه‌ر دوژمنه‌، بێ‌ به‌زه‌یی‌و ویژدانه‌. ئێوه‌ له‌گیان یه‌ك به‌رده‌دا تا به‌ قازانجه‌كانی‌ خۆی بگا، به‌ به‌ڵێنیگه‌لی‌ درۆزنانه‌، ئێوه‌ ده‌خڵه‌تێنێ‌.
له‌ ئیسماعیل ئاغای‌ شكاك تا جه‌وهه‌رئاغای‌ برای‌‌و حه‌مزه‌ئاغای‌ مه‌نگوڕ‌و چه‌ندین‌و چه‌ند قاره‌مانێكی‌ دیكه‌، فریوی‌ ئه‌م زۆرداره‌ مه‌لعونانه‌یان خوارد‌و ناپیاوانه‌ شه‌هیدكران. هه‌موویانیان به‌ قورئان‌و سوێند فریودا، ئاخر ئه‌مانه‌ كه‌ی‌ له‌ قورئان‌و سوێند تێ‌ده‌گه‌ن، وه‌فا له‌ لای‌ ئه‌م كۆمه‌ڵه‌، شمه‌كی‌ بازاڕه‌. له‌ رێگه‌ی‌ خوداو بۆ ره‌زامه‌ندیی‌ ئه‌و پشتی‌ یه‌كتر چۆڵ مه‌كه‌ن‌و یه‌كگرتوو بن، دڵنیا بن ئه‌گه‌ر دوژمن هه‌نگوێنتان پێ‌بدا، تێكه‌ڵ به‌ژه‌هره‌.
فریوی‌ سوێنده‌ درۆزنه‌كانی‌ مه‌خۆن. ئه‌گه‌ر هه‌زار جار سوێند بخۆن دووباره‌ هیچ ئامانجێكیان جیا له‌ له‌نێوبردنی‌ ئێوه‌ نیه‌.
له‌ دوایین كاتژمێره‌كانی‌ ژیانم‌‌دا خودا به‌ شایه‌تی‌ ده‌گرم كه‌ له‌ رێگای‌ ئازادی‌‌و به‌خته‌وه‌ریی‌ ئێوه‌دا گیان‌و ماڵی‌ خۆم به‌خت كرد‌و له‌ هیچ هه‌وڵێك كۆتاییم نه‌كرد. له‌ لای‌ ئه‌مانه‌، كوردبوونی‌ ئێوه‌ تاوانه‌، سه‌رو گیان‌و ماڵ‌و شه‌ره‌فی‌ ئێوه‌ له‌ لایان حه‌ڵاڵه‌. ئه‌وان چونكه‌ له‌ گۆڕه‌پانی‌ شه‌ڕدا ناتوانن له‌ به‌رانبه‌ر ئێوه‌دا راوه‌ستن، هه‌میشه‌ هانا بۆ فێڵ‌و ته‌ڵه‌كه‌ ده‌به‌ن. شا‌و ده‌ست‌و پێوه‌ندییه‌كانی‌ به‌ جاران په‌یامیان نارد كه‌ بۆ وتووێژ ئاماده‌ن‌و مه‌یلی‌ خوێن رشتنیان نیه‌، به‌ڵام من ده‌مزانی‌ ئه‌وان درۆده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر خه‌یانه‌ت، خۆفرۆشی‌و فریوخواردوویی‌ هێندێ‌ له‌ سه‌رۆك عه‌شیره‌كان نه‌بووایه‌، كۆمار هیچكات شكستی‌ نه‌ده‌خوارد.
وه‌سیه‌ت ده‌كه‌م منداڵه‌كانتان فێری‌ زانست‌و عیلم بكه‌ن. نه‌ته‌وه‌ی‌ ئێمه‌ شتێكی‌ له‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ تری‌ جیهان كه‌م نیه‌، جیا له‌ زانست‌و عیلم. فێری‌ زانست بن تا له‌ كاروانی‌ مرۆڤایه‌تی‌ دوا نه‌كه‌ون. زانست، چه‌كی‌ له‌نێوبردنی‌ دوژمنانه‌، دڵنیابن ئه‌گه‌ر به‌ دوو چه‌كی‌ یه‌كیه‌تی‌‌و زانست پۆشته‌ ببن، دوژمنان كارێكیان بۆ ناچێته‌ پێش. ئێوه‌ نابێ‌ به‌ مردنی‌ من‌و براكان‌و ئامۆزاكانم ترس بچێته‌ دڵتانه‌وه‌. هێشتا قاره‌مانگه‌لێكی‌ زۆر ده‌بێ‌ گیان فیدا بكه‌ن تا داری‌ ئازادیی‌ كوردستان بگاته‌ به‌رهه‌م. دڵنیام پاش ئێمه‌ش قاره‌مانگه‌لێكی‌ دیكه‌ هه‌ن كه‌ فریوبخۆن، به‌ڵام هیوادارم مه‌رگی‌ ئێمه‌ ببێته‌ ده‌رسی عیبره‌ت بۆ سه‌رجه‌م خه‌باتگیڕانی‌ ئازادیی‌ كوردستان.
وه‌سیه‌تێكی‌ دیكه‌م بۆ دڵسۆزانی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد هه‌یه‌. له‌ خودای‌ گه‌وره‌ داوای‌ ئازادیی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ خۆتان بكه‌ن. شایه‌ت له‌ خۆتان بپرسن بۆ من سه‌رنه‌كه‌وتم؟ له‌ وه‌ڵام‌دا ده‌بێ‌ بڵێم به‌ خودا سه‌ركه‌وتووی‌ راسته‌قینه‌ منم. چ نێعمه‌تێك له‌وه‌ سه‌رتره‌ كه‌ سه‌رو ماڵ‌و گیانم له‌ رێگای‌ نه‌ته‌وه‌‌و نیشتمانم‌دا به‌خت بكه‌م. باوه‌ڕ بكه‌ن من جاران داوام له‌ خودا كردوه‌ ئه‌گه‌ر بمرم به‌ شێوه‌یه‌ك گیان له‌ده‌ست بده‌م كه‌ به‌ روومه‌تی‌ سووره‌وه‌ له‌ لای‌ خودا‌و پێغه‌مبه‌ر‌و نه‌ته‌وه‌كه‌م دا ئاماده‌ بم. وه‌ها مردنێك سه‌ركه‌وتنی‌ راسته‌قینه‌یه‌.
خۆشه‌ویستانم!4050154
كوردستان، نیشتمانی‌ كورد‌و ماڵیه‌تی‌. هیچ كه‌سێك مافی‌ ئێره‌یی‌‌و به‌خێڵی‌ نیه‌ هه‌موو له‌ ماڵی‌ خۆیان‌دا ئازادن. هه‌رچی‌ له‌ ده‌ستتان دێ‌ بۆ ئازادیی‌ كورد كۆتایی‌ مه‌كه‌ن.
ئیتر نابێ‌ له‌سه‌ر رێگای‌ ئه‌و كه‌سانه‌دا كه‌ به‌رپرسایه‌تی‌ ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ راوه‌ستن. له‌ به‌رد خستنه‌ رێگه‌ ده‌ست هه‌ل‌َگرن‌و ئه‌ركه‌كانتان به‌ باشترین شێوه‌ به‌ڕێوه‌ببه‌ن. دڵنیابن براكورده‌كه‌تان له‌ دوژمنی‌ بێگانه‌ زۆر باشتر. ئه‌گه‌ر من به‌پرسایه‌تیم وه‌ئه‌ستۆ نه‌گرتبایه‌ ئێستا له‌ پای‌ چێوه‌ی‌ داردا نه‌بووم و له‌ لای بنه‌ماڵه‌كه‌م رۆژه‌كانم ده‌برده‌سه‌ر، به‌ڵام ئه‌ركی‌ من، به‌رزترین ئامانجم بوو و، تا پێی‌ گیان راوه‌ستام. به‌ هیوای‌ خوداوه‌ندی‌ گه‌وره‌، له‌ ئاكام‌دا به‌سه‌ر دوژمنان‌دا سه‌رده‌كه‌ون.
1ـ بڕواتان به‌ خودا‌و ماجا‌و من عندالله ‌و پێغه‌مبه‌ری‌ ئه‌كره‌م (س) هه‌بێ‌‌و ئه‌ركه‌ دینییه‌كانی‌ خۆتان به‌ باشترین شێوه‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن.
2ـ یه‌كیه‌تی‌و هاوپێوه‌ندی‌، ره‌مزی‌ سه‌ركه‌وتنه‌. ئێره‌یی‌‌و خۆفریودان وه‌لابنێن‌و له‌ وه‌رگرتنی‌ به‌رپرسایه‌تی‌‌و خزمه‌تكردن‌‌دا له‌گه‌ڵ یه‌كتر كێ‌به‌ركێ‌ بكه‌ن.
3ـ زانست‌و ئاگایی‌ خۆتان به‌رنه‌سه‌رێ‌ تا فریوی‌ دوژمنان نه‌خۆن.
4ـ هیچ كات دوژمن به‌ دۆست مه‌زانن چونكه‌ دوژمنی‌ نه‌ته‌وه‌‌و نیشتمان‌و دینتانه‌.
5ـ خۆتان بۆ چه‌ند رۆژ ژیان له‌م دنیا له‌ناوچووه‌دا مه‌فرۆشن. مێژوو سه‌لماندوویه‌ كه‌ دوژمن به‌ چووكه‌ترین بیانوویه‌ك، ده‌ست بۆ كوشتار‌و سه‌ركوت ده‌با.
6ـ خه‌یانه‌ت به‌ یه‌كتر مه‌كه‌ن نه‌ خه‌یانه‌تی‌ سیاسی‌و نه‌ خه‌یانه‌تی‌ ماڵی‌‌و گیانی‌‌و نامووسی. خه‌یانه‌تكار له‌ لای‌ خودا‌و گه‌ل رووڕه‌شه‌‌و خه‌یانه‌ت، له‌ ئاكام‌دا بۆ خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
7ـ له‌ته‌ك ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ دا، بێ‌ خه‌یانه‌ت ئه‌رك به‌ڕێوه‌بردن هاوكاری‌ بكه‌ن. خودای‌ نه‌خواسته‌ هیچكات مه‌بنه‌ سیخۆڕی‌ بێگانه‌.
8ـ ئه‌و شوێنانه‌ی‌ له‌ وه‌سیه‌تنامه‌كه‌دا ئاماژه‌م پێ‌ كردون (مزگه‌وت، قوتابخانه‌‌و نه‌خۆشخانه‌) هی‌ خۆتانن، به‌ باشترین شێوه‌ كه‌ڵكیان لێ‌وه‌رگرن.
9ـ واز له‌ شۆڕش مه‌هێنن تا له‌ژێرده‌سته‌یی‌ ده‌رباز بن. ماڵی‌ دنیا هیچ نیه‌، ئه‌گه‌ر نیشتمانێكتان هه‌بێ‌، سه‌ربه‌خۆیی‌یه‌كتان هه‌بێ‌‌و ماڵ‌و خاك‌و نیشاتمانتان هی‌ خۆتان بێ‌، ئه‌و كات هه‌موو شتێكتان ده‌بێ‌، هه‌م سامان هه‌م ده‌وڵه‌ت، هه‌م ئابڕو و هه‌م نیشتمان.
10ـ گومان ناكه‌م جیا له‌ مافی‌ خودا (حق الله)، مافێكی‌ دیكه‌ له‌ ئه‌ستۆم بێ‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر كه‌سێك هه‌ست ده‌كا قه‌رزێكی‌ به‌لامه‌وه‌یه‌ بچێته‌ لای‌ میراتگرانم.
تا ده‌ست نه‌ده‌یه‌ ده‌ستی‌ یه‌كتر، سه‌ركه‌وتن مسۆگه‌ر نابێ‌. له‌ یه‌كتر زۆر مه‌كه‌ن چونكه‌ خوداوه‌ند دوژمنی‌ زۆردارانه‌. هیوادرام وته‌كانم وه‌رگرن، خوداوه‌ند ئێوه‌ به‌سه‌ر دوژمنان‌دا سه‌رخات.
مراد ما نصیحت بود و گفتیم (مه‌به‌ستی‌ ئێمه‌ ئامۆژگاری‌ بوو وتمان)
حوالت با خدا كردیم و رفتیم (سپاردمان به‌ خودا‌و رۆیشتین)
خزمه‌تگوزاری‌ نه‌ته‌وه‌‌و نیشتمان
محه‌ممه‌د قازی‌

كورد زانست

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ئایینی بابلی و ئاشووری 5

وەرگێرانی موحمەد وەسمان بەشی پێنجەم د. تەھا باقر تایبەتمەندێکی دیکەی ئایینی بابلی ، ترس بوو …