وتارە سەیرەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان
ساڵانە لە شاری نیویۆركی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا بە ئامادەبونی زۆرینەی سەرۆكو سەركردەكانی جیهان كۆبونەوەی ساڵانەی كۆمەڵەی گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان بەڕێوەدەچێت، لەم راپۆرتەدا باس لە بەناوبانگترین ئەو رەفتارو وتارانە دەكەین كە لە مێژوی كۆبونەوەی كۆمەڵەكەدا باس كراون.
(71) ساڵ بەسەر دامەزراندنی كۆمەڵەی گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان تێدەپەڕێت، لە كۆتایی وەرزی هاوینو سەرەتای وەرزی پایز كۆبونەوەكانی دەستپێدەكاتو ساڵانە سەركردەكانی جیهان چەندین وتاری سەیروسەمەرەو سەرنجڕاكێش پێشكەش دەكەن.
بەشێكی زۆر لە قسەوباسو وتاری سەركردەكانی جیهان لەماوەی رابردودا كە پێشكەشیان كردوە، لە مێشكی خەڵكدا ماونەتەوە، بەجۆرێك لە كۆبونەوەی ساڵی 1960، دورودرێژترین وتار لە مێژوی كۆمەڵەكەدا لەلایەن ڤیدڵ كاسترۆ سەرۆكی پێشوی كوبا پێشكەشكرا، كە ماوەكەی (4) سەعاتو نیو بو، تێیدا كاسترۆ هێرشی كردەسەر ئەمەریكا بەتایبەتیش جۆن كینَندیو ریچارد نیكسۆن، كاندیدانی پۆستی سەرۆكایەتی ئەوكاتی ئەمەریكا.
هەروەها بەناوبانگترین وتاری جەنگی ساردیش لەلایەن سەركردەی پێشوی یەكێتی سۆڤیەتی جارانەوە، نیكیتا خۆرچۆڤ پێشكەشكرا، كە لەكاتی وتارەكەیدا لەدژی ئەمەریكا پێڵاوەكانی بەرزكردەوە.
یاسر عەرەفات، سەركردەی فەڵەستین لە یەكێك لە دانیشتنەكاندا چڵێ داری زەیتونی بەدەستەوە گرت لە ساڵی 1974دا.
لە ساڵی 2009دا موعمەر قەزافی، سەرۆكی پێشوی لیبیا لە وتارەكەیدا، پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتوەكانی دڕاندو ئەنجومەنی ئاسایشی ئەو رێكخراوەشی بە ئەنجومەنی ترس وەسف كرد.
هۆگۆ چافێز سەرۆكی پێشوی فەنزوێلا، لە ساڵی 2006دا لەكاتی پێشكەشكردنی وتارەكەیدا هێرشی توندی كردەسەر جۆرج بۆشی كوڕو وتی: دوێنێ شەیتان لێرەبو. ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئامادەبونی بۆش لە دانیشتنەكە هەروەها تۆمەتباركردنی بە هەڵگیرسانی جەنگی عێراق.
لە ساڵی 2012دا لە هەمان كۆبونەوەی كۆمەڵەكەدا، مەحمود ئەحمەدی نەژادی سەرۆكی پێشوی ئێران لە وتارێكدا هێرشی كردەسەر وەفدی ئیسرائیلو وەفدەكەش لەبەرامبەردا دانیشتنەكەیان جێهێشت، هەر لەو كۆبونەوەیەدا بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر كاغەزێك وێنەی بۆمبێكی دروستكرد وەك ئاماژەیەك بۆ مەترسی بەرنامە ئەتۆمییەكەی كۆماری ئیسلامی ئێران.
سبةى