Home / بەشی مێژووی كورد / کەرکوك و شۆرشی 14ی تەموزی 1958

کەرکوك و شۆرشی 14ی تەموزی 1958

کەرکوك و شۆرشی 14ی تەموزی 1958

14-tamuz

 

 

ئاغجەلەری

 

        له‌سه‌ره‌تاوه‌ سه‌ركه‌وتنی‌ شۆڕش له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوخۆی عێراقیش كاردانه‌وه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ دروستكرد و بووه‌ مایه‌ی‌ شادمانی‌ وجێگه‌ی‌ ئومێدی زۆرینه‌ی‌ گه‌لانی‌ عێراق ،به‌گه‌لی‌ كوردیشه‌وه‌ كه‌ به‌چه‌ندین شێواز گوزارشتیان لێكرد به‌تایبه‌تی‌ له‌ كه‌كووك موژده‌یان ده‌دابه‌ (شۆرشی 14ی‌ ته‌مموزی‌ 1958)، زۆر به‌ توندی‌ پشتیوانیان لێكرد، به‌وهیوایه‌ی‌ كه‌ سنورێك بۆ ئه‌وسیاسه‌ته‌ جیاكارییه‌ی‌ كه‌ له‌ دژیان جێبه‌جێده‌كرا له‌ پێشووتردا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان سه‌ركه‌وتنی‌ شۆڕشیان به‌ وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ داده‌نا، كه‌له‌سایه‌یدا ئازادی و دیموكراسی به‌رقه‌رار بێت و كوردی‌ كه‌ركووكیش وه‌ك به‌شێكی دانیشتوانی‌ ئه‌وسای عێراق لێی سوودمه‌ند بێت.

        له‌یه‌كه‌م ڕۆژی ڕاگه‌یاندنی‌ شۆڕشیدا جه‌ماوه‌ری‌ (كه‌ركووك، سلێمانی‌، هه‌ولێر، كویسنجق، دهۆك وزاخۆ)، ده‌رده‌چوون له‌ماڵه‌كانیان و جه‌ختیان ده‌كرده‌وه‌ له‌ پشتیوان و پشتگیرییان بۆ شۆڕش . بۆنموونه‌: (نوری‌ عوسمان)كه‌ شاهیدێكی به‌چاوبینراوی‌ كه‌ركووكه‌، ده‌رباره‌ی‌ ڕۆژی یه‌كه‌می‌ شۆڕش له‌ كه‌ركووك، ده‌ڵێت:” به‌یانی‌ ڕۆژی شۆڕشی 14 ی‌ گه‌لاوێژی 1958، برایكم كه‌ چوو بۆ ده‌ره‌وه‌ و به‌پڕتاو خۆی‌ كرد به‌ ژووره‌وه‌داو، ووتی‌ :” ڕادیویً بكه‌نه‌وه‌ شۆرش له‌به‌غداد كراوه‌ !! ئێمه‌ش ڕادیۆمانكرده‌وه‌ و ئاگاداری ڕووداوه‌كان بوین.. پاش كه‌مێك چوومه‌ ده‌ره‌وه‌ سه‌یرم كرد گه‌ڕه‌ك به‌گشتی‌ خرۆشاوه‌ و خه‌ڵك وه‌ك ئاهه‌نگ و جه‌ژنپیرۆزبایی له‌یه‌كتری ده‌كه‌ن و باوه‌ش به‌یه‌كدا ده‌كه‌ن، چونكه‌ لایان باش بوو كۆتایی به‌ده‌سه‌ڵاتی‌ پاشایه‌تی‌ بێت و سه‌رده‌مێكی نوێ‌ به‌ نێوی‌ كۆماری‌ بێته‌ كایه‌وه‌، كه‌ ئه‌وكات وه‌ك قه‌ڵای‌ ئازادی سه‌یر ده‌كرا”.

        نوری‌ درێژه‌ی‌ به‌ گێرانه‌وه‌ مێژووییه‌كه‌ی‌ داو، وتی‌:” نێوو شاری ئه‌و ڕۆژه‌، به‌هه‌مووچین و توێژه‌كانیه‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن كه‌سانی‌ سیاسیه‌وه‌ به‌گه‌رمیه‌وه‌ پێشوازیان له‌ شۆڕش ده‌كرد له‌نێو شاردا”.      (د.نوری‌ تاڵه‌بانی‌) یش ده‌ڵێت:” خه‌ڵكی كه‌ركووك زۆر به‌گه‌رمی‌ پێشوازیان له‌ شۆڕش كرد،چونكه‌ وایان ده‌زانی‌ چۆن گۆڕانكاری باش شاره‌كانی‌ عێراق بگرێته‌وه‌ ئه‌وهاش كه‌ركووك ده‌گرێته‌وه‌”. واته‌ دانیشتوانی‌ شاری كه‌ركوك هه‌موو گه‌ڕه‌ك وشه‌قامه‌كانی‌ كه‌ركوكیان ڕازاندبۆوه‌ و ئاهه‌نگیان ده‌گێڕا به‌خۆشی ئه‌و ڕووداوه‌ گه‌وره‌یه‌ی‌ مێژووی‌ عێراقه‌وه‌، هه‌رچی (مامۆستا بێستون عه‌لی‌ كه‌ریم)وه‌ك شاهید حالێكی تری‌ ئه‌و كاتی‌ كه‌ركووك ده‌ڵێت :” ڕۆژی‌ دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتی‌ 14/7/1958 شۆڕش كرا، ئه‌وكات له‌ كه‌ركووك پێشوازی‌ بۆ شۆڕش له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌كانی‌ كه‌ركووكه‌وه‌ جیاوازبوو،توركمانه‌كان زۆریان پیان خۆش نه‌بوو پێشوازیان لێ نه‌كرد،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیای نه‌وتی‌ كه‌ركووك به‌ینیان خۆش بوو ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ووڵاتی‌ توركیاش به‌هۆی‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ په‌یمانی‌ به‌غداده‌وه‌ دژی‌ شۆڕش بوون. هه‌رئه‌مه‌ش كاریگه‌ر بوو له‌سه‌ر به‌شێك له‌ توركمانه‌كانی‌ كه‌ركووك كه‌ پێشوازی‌ گه‌رم له‌ شۆڕش نه‌كه‌ن. هه‌رچی كورده‌كان بوو زۆریان پێیان خۆش بوو پێشوازییه‌كی‌ زۆرباشیان لێ كرد”. به‌ووردبوونه‌وه‌و شیكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م شاهیدحالانه‌ی‌ كه‌ركووك، ده‌رده‌كه‌وێت كه‌به‌شی زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانی‌ كه‌ركووك پێشوازییان له‌م شۆڕشه‌ كردووه‌،ته‌نها به‌شێكی كه‌میان نه‌بێت كه‌ئه‌وانش له‌ توركمانه‌كانی‌ سه‌ر به‌(تۆڕانیه‌كان)بوون ودژی‌ ئه‌م شۆڕشه‌ بوون، چونكه‌ توركیا دژی‌ بوو.

        له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ پێشوازی‌ دانیشتوانی‌ كورد بۆ سه‌ركه‌وتنی‌ شۆڕش به‌م شێوه‌یه‌ زۆر هه‌موو لایه‌نه‌كانی‌ گرته‌وه‌، تاگه‌یشته‌ ئه‌و ڕاده‌یی‌ كه‌ فشاریان ده‌كرده‌ سه‌ر یه‌كه‌چه‌كداره‌كانی‌ سوپاو پۆلیس به‌تایبه‌تی‌ له‌ كه‌ركووك و سلێمانی‌،بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ پشتیوانی‌ وملكه‌چیان بۆ سیسته‌می‌ نوێ‌ ڕاگه‌یه‌نن. ئه‌مه‌ش ئه‌و دۆكۆمێنته‌ی‌ حكومه‌تی‌ به‌ریتانیا،كه‌له‌15ی‌ ته‌موزی 1958 له‌ئه‌سته‌مبوڵ بۆ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ نێردراوه‌، پشت ڕاست ده‌كاته‌وه‌ كه‌تێیدا هاتووه‌:” … هه‌ندێ‌ یه‌كه‌ی‌ سه‌ربازی‌ له‌ نێوچه‌كوردییه‌كان ڕه‌تی‌ كردۆته‌وه‌ فه‌رمان له‌ حكومه‌تی‌ شۆڕش له‌به‌غداد وه‌ربگرن، وه‌هه‌ندێ‌ تاكه‌كانی‌ هۆزه‌كان له‌ كه‌ركووك وهه‌ولێر هاوكاری یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كان ده‌كه‌ن”. به‌ڵام له‌ژێر فشاری جه‌ماوه‌ردا وه‌ك باسكرا، چوونه‌ته‌ نێو ریزه‌كانی‌ شۆڕشه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێك توێژه‌ر دژایه‌تی‌ هه‌ندێك یه‌كه‌ی‌ سه‌ربازی له‌(كه‌ركووك و هه‌ولێر) بۆ شۆڕش به‌ڕاست نازانن،به‌س ئه‌و ڕاسته‌یه‌كی‌ بێ دووڵییه‌.

        به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ له‌ كه‌ركووك، پارتی‌ و شیوعی پێكڕا، دابه‌زینه‌ سه‌ركوچه‌ وشه‌قامه‌كان وجه‌ماوه‌ری كوردستان بوونه‌ شووراو پشتگیری دڵسۆزانه‌ی‌ شۆڕش . ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌یه‌كه‌م ڕۆژی‌ شۆڕش له‌سه‌ر ئاستی‌ رێكخراونێوه‌نده‌ جیاجیاكانی‌ شار به‌ زۆر شێوه‌ وشێواز پشتیوانی‌ خۆیان بۆ ده‌ربڕین. له‌وباره‌یه‌وه‌ (ئیبراهیم ئه‌حمه‌د) سكرتێری پارتی‌ وسه‌ركرده‌كانی‌ پارتی له‌ كه‌ركووك پاش ڕاگه‌یاندنی‌ شۆڕش به‌كمتر له‌ كاتژمێرێك، له‌ كه‌ركووكه‌وه‌ بروسكه‌یان بۆ سه‌ركردایه‌تی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌نیشتمانیه‌كان لێداو پشتگیریان له‌ شۆڕشی پیرۆز ڕاگه‌یاند وهیوایان خواست كه‌سه‌ره‌تای سه‌رده‌مێكی نوێ‌ بێت له‌دامه‌زراندنی‌ پێوه‌ندی‌ به‌تینی عه‌ره‌بی – كوردی كه‌ چاكه‌ و پێشكه‌وتنی‌ هه‌ردوو گه‌لی‌ تێدا بێت. مسته‌فا بارزانی (1903-1979)له‌په‌نابه‌رییه‌تی‌ (یه‌كێتی سۆڤیه‌ت)ه‌وه‌ بروسكه‌ی‌ پیرۆزبای ئاراسته‌ی‌ سه‌رانی شۆڕش كردو، دڵسۆزی‌ و پشتگیری خۆی‌ بۆ پێشكه‌ش كردن. هه‌رله‌هه‌مان رۆژدا، كچه‌ كورده‌كانی‌ كه‌ركووك به‌نێوی‌(یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان)ه‌وه‌ بروسكه‌(برقیه‌)یه‌كیان بۆ سه‌ركردایه‌تی‌ شۆڕش كردو پیرۆزباییان لێ كردن.

        (نوری‌ عوسمان)له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:”به‌بۆنه‌ی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ شۆڕشه‌وه‌، بروسكه‌ی‌ پیرۆزبایی و پشتگیری زۆر بۆ ڕادیۆی به‌غداد ده‌نێردرا و من(شیوعی) و دراسێیه‌كمان كه‌ لایه‌نگیری پارتی‌ بوو بروسكه‌یه‌كمان به‌ نێوی‌ گه‌ڕه‌كی‌(ئیمام قاسمه‌وه‌)نارد بۆ ئیزگــه‌ و خوێندرایه‌وه‌”. ئه‌مانه‌ش بۆخۆی‌ واتای پێشوازی‌ زۆر نیشان ده‌دات له‌لایه‌ن نێوه‌نده‌ جیاوازه‌كانی‌ نێو شاری كه‌ركووكه‌وه‌ بۆ شۆڕش. له‌ رۆژی‌(16ی‌ ته‌مموزی‌ 1958) دا پارتی‌ په‌یامێكی بۆگه‌لی‌ كورد له‌ باشووری‌ كوردستان بڵاوكرده‌وه‌،تێیدا جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرد كه‌ پارتی پێی وایه‌ هه‌لومه‌رجی نوێی عێراق زه‌مینه‌ بۆ ژیانێكی پڕ ئازادی ویه‌كسانی نێوان هه‌ردوو گه‌لی‌ عه‌ره‌ب و كورد ده‌ره‌خسێنێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌هه‌موو توانایه‌وه‌ به‌رگری‌ له‌ كۆماری‌ عێراق وچه‌سپاندن و گه‌شه‌سه‌ندنی ده‌كات و هه‌موو تواناكانی‌ ده‌خاته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌وه‌ و ئاماده‌یه‌ هه‌موو ئه‌ندام و لایه‌نگرانی خۆی‌ وه‌ك گیانبه‌خش سازبدات بۆ ئه‌وئامانجه‌. لێره‌دا كاتێك سه‌ركردایه‌تی‌ كوردی، به‌ڕه‌چاوكردنی‌ هه‌لومه‌رجه‌كان وپێشبینی كردنی‌ ئه‌گه‌ره‌كان رێگه‌ی‌ پشتیوانی كردنی‌ له‌ پرۆسه‌كه‌ و ئه‌نجام دانی‌ گۆڕانكاری‌ سیاسی هه‌ڵبژارد،له‌بری‌ هه‌ڵوێستی‌ دووره‌په‌رێزی یان له‌دژی‌ وه‌ستان، هه‌نگاوێكی دروستی‌ نا، هه‌رچه‌نده‌ دواتر باره‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ تر گۆڕا.

        هه‌ر له‌ هه‌فته‌ی‌ یه‌كه‌می‌ دوای‌ شۆڕشی 14 ی‌ ته‌ممووز، پارتی چه‌ند شاندێكی له‌شاروشارۆچكه‌كانی‌ باشووری‌ كوردستان رێكخست، كه‌ پێكهاتبوون له‌ دانیشتوانی‌ (كه‌ركووك ،سلێمانی‌ ،هه‌ولێر، دهۆك، كۆیسنجق،خانه‌قین … تاد) ، به‌مه‌به‌ستی‌ چوون بۆ به‌غداد، له‌وكاته‌دا دانیشتوانی‌ كه‌ركووك بۆ ئاماده‌كردنی‌ شاندی شاره‌كه‌، له‌یه‌كێك له‌ مزگه‌وته‌كانی‌ شاردا كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان سازدا وشاندی‌ خۆیان دیاری كرد. شاندی رێكخراو به‌ره‌وبه‌غداد كه‌وتنه‌ ڕێ‌، بۆ پێشكه‌شكردنی‌ پیرۆزبایی بۆ سه‌ركردایه‌تی‌ شۆڕش وده‌بڕینی‌ پشتیوانی‌ ڕۆڵه‌كانی‌ كوردستان بۆیان، له‌وكاته‌دا به‌غداد گه‌وره‌ترین كۆبوونه‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ كوردی‌ به‌خۆیه‌وه‌ بینی‌ له‌ رۆژی‌ 1958/7/27بوو، له‌كاتی‌ پێشوازیكردنی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ شۆڕش بۆ نوێنه‌رانی‌ كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ (ئیبراهیم ئه‌حمه‌د)، سه‌رۆكی شانده‌كه‌ وتارێكی خوێنده‌وه‌ وتێیدا پێوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان عه‌ره‌ب و كوردی له‌سه‌ره‌تاكانی‌ ئیسلامه‌وه‌ خسته‌ڕوو، به‌جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ كورد به‌شداریكرددووه‌ له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا، له‌ تێكۆشانه‌كانیان دژی‌ پاشایه‌تی‌، ئه‌وان به‌تێڕوانین له‌به‌شداریكردنیان له‌یه‌ك چاره‌نووسدا پێش شۆڕشی‌14ی‌ ته‌مموز ؛ بۆیه‌ له‌ئێسته‌شدا شایسته‌ی‌ ئه‌وه‌ن كه‌ئه‌وانیش له‌به‌ده‌ستهاتووكه‌كانی‌ شۆڕشیان به‌ركه‌وێت، ئاماژه‌ی‌ كرد بۆ هه‌ندێك خاڵ كه‌ تێیدا جه‌ختی‌ كرده‌وه‌ له‌سه‌ریان، ووتی‌ ئه‌مانه‌ بوونه‌ ته‌ رێگر له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتنی‌ كورد دا.

        (جه‌مال نه‌به‌ز)سه‌باره‌ت به‌ ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی‌ شاندی كوردی و عه‌بدولكه‌ریم قاسم وه‌ك ئه‌ندامێكی كه‌ركووكی‌ شانده‌كه‌ ده‌ڵێت:” له‌و چاوپێكه‌وتن و پێكگه‌یشتنه‌ی‌ وه‌فدی كورد له‌گه‌ڵ قاسم دا له‌27ی‌ ته‌ممووزی 1958 له‌وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ له‌به‌غدا، برایم ئه‌حمه‌د كه‌ئه‌وكات سكرتێری گشتی‌ پارتی‌ دیموكراتی بوو، به‌نێوی‌ هه‌موو ئاماده‌بوانه‌وه ‌گووته‌یه‌كی‌ خوێنده‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ برایم هیچ داواكارییه‌كی‌ ئه‌وتۆی‌ پێش چاونه‌خست، به‌ڵكه‌ ته‌نها باسێكی سه‌رپێی گه‌لی‌ كورد و خاكی كوردستانی‌ كرد. قاسم له ‌وه‌رامدا گووتی‌ (برا) كورده‌كانی‌ (شیمال)ی‌ له‌ (پروپاگه‌نده‌ی‌ ئیمپریالیزم) به‌ئاگادێنێته‌وه‌!”. له‌دوای‌ ئه‌م دیداره‌ هه‌ندێك له‌ ڕۆشنبیرانی كوردی‌ كه‌ركوك، به‌ چاوی‌ گومانه‌وه‌ سه‌یری‌ سه‌رده‌می‌ كۆماری‌ و قاسمیان ده‌كرد.

        پشتیوانی وپێشوازی‌ كوردی‌ باشووری‌ كوردستان به‌گشتی‌ و كه‌ركووك به‌تایبه‌تی‌ بۆ شۆڕش وسه‌رانی‌ شۆڕشی شۆڕشی 14 ی‌ ته‌مموزی‌ 1958 له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌ جیاوازه‌كان، جێگه‌ی‌ هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ركردنه‌و ئه‌م پرسیاره‌ دروست ده‌كات(ئایا بۆچی كوردی‌ باشووری‌ كوردستان له‌سه‌ر هه‌موو ئاست و چین و توێژه‌كان، به‌وشێوه‌ فراوانه‌ پشتگیر و پێشوازیان له‌ شۆڕشی‌ شۆڕشی 14 ی‌ ته‌مموزی‌ 1958 ی‌ ته‌مموز كرد ؟ ). بۆ شه‌ن وكه‌وكردنی‌ ئه‌م پرسیاره‌ و وه‌ڵامه‌كه‌ی‌، ده‌كرێت له‌م چه‌ندخاڵه‌ی‌ خواره‌وه‌ بخرێته‌ ڕوو:

        أجۆری‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ پاشایه‌تی‌ عێراق و به‌ریتانیا له‌مه‌ڕ دۆزی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد، به‌درێژایی (37)حوكمڕانیان له‌ عێراقێدا، پربوو له‌نه‌هامه‌تی‌ بۆ گه‌لی‌ كورد.

        ب. هه‌بوونی‌ پێوه‌ندی‌ هاوكاری ورێككاری‌ له‌نێوان سه‌ركردایه‌تی‌ كورد وپارت و لایه‌نه‌ نه‌یاره‌كانی‌ نێو عێراق له‌ دژی‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ حكومه‌تی‌ پاشایه‌تی‌ و به‌ریتانیا له‌ چالاكی به‌رده‌وامدا بوون،واتا هاوئامانجی و هاوخه‌باتی كوردو عه‌ره‌ب و له‌و قۆناغه‌ داچووتباقه‌ببوون.

        ج. درۆشــم وهه‌ڵوێسته‌ به‌راییه‌كانی‌ ڕابه‌رانی‌ شۆڕشـــــــه‌كه‌ی‌ ساڵی‌(1958)به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ درۆشم وئامانجه‌ گشتیه‌كانی‌ پارته‌ كوردستانیه‌كاندا یه‌كیده‌گرته‌وه‌و له‌وڕووه‌وه‌ هیوابه‌خش بوون بۆ دیموكراتیخوازنی‌ عێراق به‌گشتی‌ وگه‌لی‌ كورد به‌ تایبه‌تی‌.

        د. هه‌ڵوێستی‌ پۆزه‌تیڤی وڵاتانی‌ وه‌ك(یه‌كێتی ی سۆڤیه‌ت و میسر) به‌رامبه‌ر به‌ شۆڕشه‌كه‌و رێنمایی كردنیان بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ نوێی عێراق، كه‌له‌ سنورێكی دیاریكراودا ڕه‌چاوی‌ مافه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد بكه‌ن، دیاره‌ ئه‌م بۆچوونانه‌ ش لای‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ململانی‌ً ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، نه‌ك ئه‌وان دۆستی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ كوردبن.

        د. مه‌ترسی كورد به‌گشتی‌ و كه‌ركووك به‌تایبه‌تی‌، له‌ئاكامه‌خراپه‌كانی‌ كاردانه‌وه‌ی‌ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی‌ كه‌ شۆڕشه‌كه‌ زیانی به‌ده‌سته‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندیان له‌ عێراق ونێوچه‌كه‌دا گه‌یاند، بۆنموونه‌: وه‌ك(به‌ریتانیا وئه‌مریكاو توركیا و ئێران)، كاردانه‌وه‌یه‌ك له‌چه‌شنی‌ ڕووخاندنی‌ سیسته‌می كۆماری‌ یان داگیركردن و دبه‌شكردنی‌ باشووری‌ كوردستان له‌نێوان وڵاتانی‌ توركیاو ئێراندا. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ڕه‌زامه‌ندی‌ به‌ریتانیا وئه‌مریكایی له‌سه‌ربوایه‌.

        و. یه‌كێ‌ له‌و هۆیانه‌ی‌ كه‌ كوردی‌ هاندات پشتیوانی‌ له‌ شۆڕشی شۆڕشی 14ی‌ ته‌مموز بكه‌ن، ئومێدیان ئه‌وبوو، له‌پرۆسه‌تاڵانكردنی‌ به‌رده‌وامی‌ سامانی‌ نه‌وتیه‌كانی‌ كه‌ركووك له‌لایه‌ن كۆمپانیا رۆژئاواییه‌كانه‌وه‌ بوه‌ستێ‌، چونكه‌ ڕژێمی تازه‌ ڕاگه‌یاندبوو كه‌ ڕوو به‌ڕووی‌ ئه‌و پرۆسه‌ی‌ تاڵانكردنه‌ بوستێنێ‌ و سنوری‌ بۆ دابنێت.(

 

        ز. كورد به‌شێوه‌ه‌یه‌كی‌ گشتی‌ پشتگیری له‌ ڕژێمه‌نوێ‌ یه‌كه‌ ده‌كرد وچاوه‌ڕوانی‌ ده‌سكه‌وتی‌ زۆریان له‌(عه‌بدولكه‌ریم قاسم) ده‌كرد ده‌یانوویست سیاسیه‌تی‌ خۆیان له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی‌ خه‌باتی به‌ده‌ستهێنانی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ عێراقی نوێدا بگونجێنن. له‌م ڕوانگانه‌شه‌وه‌ دانیشتوانی‌ باشووری‌ كوردستان به‌ گشتی‌ وكه‌ركووكیش پشتیوانی‌ شۆڕشیان كرد، چونكه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ خۆیان له‌سه‌ركه‌وتنی‌ شۆڕش و چه‌سپاندنی‌ كۆڵه‌كه‌كانی‌ سیسته‌می‌ كۆماری‌ و درووخستنه‌وه‌ی‌ هه‌موو لایه‌نه‌ نه‌یاره‌كانی‌ نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراقدا ده‌بینیه‌وه‌.

        پاش شۆڕشی‌ ته‌مموزی‌ 1958 و گۆڕانی سیسته‌می‌ سیاسی له‌پاشایه‌تی‌ بۆكۆماری‌، كه‌ركووكیش وه‌ك سه‌رجه‌م شاره‌كانی‌ تری‌ عێراق كه‌وته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ وبه‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م (عبدوالوهاب شاكر) لابراو زه‌عیم روكن(نازم ته‌به‌قچه‌لی‌) كرا به‌سه‌ركرده‌ی‌ له‌شكری‌ دوو ،كه‌مه‌ڵبه‌كه‌نده‌كه‌ی‌ له‌ كه‌ركووك بوو، هه‌موو یه‌كه‌كانی‌ سوپاش كه‌له‌ نێوچه‌كانی‌ باكوری‌ عێراقدا بوون هه‌رله‌(موسڵه‌وه‌ تا سلێمانی‌ )هه‌موو سه‌ربه‌سه‌كردایه‌تی‌ ئه‌م فیرقه‌یه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ ده‌سه‌لاَتی‌ نوێ‌ هه‌ندێ‌ موته‌سه‌ڕریف(پارێزگار) ی‌ نوێ‌ ی‌ بۆ به‌رێوه‌بردنی لیواكانی‌ ئه‌م نێوچه‌یه‌دانا.

        وه‌ك(عبدالجلیل الحدیثی)بۆ لیوای كه‌ركووك، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی‌ ڕاسته‌قینه‌ هه‌ر به‌ده‌ست سه‌ركرده‌ی‌ له‌شكری دووه‌وه‌ بوو، كه‌ڕۆڵێكی خراپی هه‌بوو له‌ئاڵوزِكردنی‌ شاری‌ كه‌ركووكدا.

        له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو پشتگیری وپشتیوانیه‌ی‌ كورد بۆ شۆڕش و گۆرانیكاریه‌كارگێڕی‌ و سه‌ربازییه‌كانی‌ سه‌ركرده‌كانی‌ شۆڕش له‌نێوچه‌كانی‌ باشووری‌ كوردستان و كه‌ركووك كردیان، ده‌كرێت هه‌ندێك له‌وكارانه‌ یان وه‌ك ده‌سكه‌وتێكی سه‌ره‌تایی شۆڕش هه‌ژمار بكرێت به‌شێوه‌ی‌ ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ بۆ كوردی‌ باشووری‌ كوردستان به‌گشتی‌ و كه‌ركووك به‌تایبه‌تی‌، له‌وانه‌ش :

 

        یه‌كه‌م: یه‌كه‌م هه‌نگاوی ئه‌رێتی سه‌ركردایه‌تی‌ شۆڕشی 14ی‌ ته‌مموز نای‌ بۆ برایه‌تی‌(عه‌ره‌ب و كورد)،بریتی‌ بوو له‌به‌شداری پێكردنی‌ چه‌ند كوردێك له‌كابینه‌ی‌ حكومه‌تی‌ تازه‌یدا، ئه‌وانیش (باباعه‌لی‌ كوری‌ شێخ مه‌حمود) وك وه‌زیری‌ رێگه‌وبان و (محه‌مه‌د ساڵح مه‌حمود)وه‌ك وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ (خالید نه‌قشبه‌ندی‌) ش وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی‌ شۆڕش هه‌ڵبژێردرا. به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌ له‌م كه‌سایه‌تیانه‌ سه‌ربه‌حۆبوون . (مسته‌فا عه‌سكه‌ری‌)سه‌باره‌ت به‌ڕه‌نگدانه‌وه‌ی‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ شۆڕش ،ده‌ڵێت:” به‌شداری پێكردنی‌ كورد له‌ حكومه‌تی‌ نوێ‌ ی‌ شۆڕشدا،كاریگه‌ریه‌كی‌ باشی به‌سه‌ر كه‌ركووكه‌وه‌ هه‌بوو وه‌ك چۆن كاریگه‌ری‌ به‌سه‌ر هه‌موو شاره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستانه‌وه‌ دیاربوو و پێشوازییان لێكرد”. لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م هه‌نگاوه‌ سه‌ره‌تاییه‌ی‌ شۆڕش له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ به‌ئه‌رێنی سه‌یركراوه‌ وپێشوازی‌ لێكراوه‌.

 

        دووه‌م: (عه‌بدولكه‌ریم قاسم) له‌ رێكه‌وتی‌ 27ی‌ ته‌مموزی‌ 1958 (ده‌ستوری‌ كاتی‌) له‌ عێراقدا راگه‌یاند و ئاماژه‌ی‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ یاسای بنچینه‌یی عێراقی ساڵی‌ 1925 كراو وماوه‌ی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ كارپێكرد ده‌ستوره‌ نوێیه‌كه‌ی‌ ده‌ستنیشان نه‌كرد. به‌ڵام له‌هه‌مان ده‌ستوردا برایه‌تی‌ كوردو عه‌ره‌بی ڕاگه‌یاندو،له‌مادده‌ی‌(3)ی‌ ده‌ستوری كاتی ساڵی‌ 1958داهاتووه‌:” قه‌واره‌ی‌ عێراق له‌سه‌ربنه‌مای‌ هاوكاری‌ ڕاوه‌ستاوه‌ له‌نێوان هه‌موو هاوڵاتیاندا به‌رێزگرتنی‌ مافه‌كانیان و پارێزگاریكردن له‌ مافه‌كانیان،عه‌ره‌ب و كوردیش له‌م نیشتیمانه‌دا هاوبه‌ش وده‌ستور مافه‌نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان له‌چوارچێوه‌ی‌ یه‌كپارچه‌یی عێراقدا مسۆگه‌ر ده‌كات”. كه‌واته‌ ده‌قی ئه‌م مادده‌یه‌ی‌ ده‌ستوری‌ كاتی‌،باسی مافه‌كانی‌ كوردی‌ باشوور به‌ كه‌ركووكیشه‌وه‌ تێداهاتووه‌،ئه‌گه‌ر هه‌ربه‌ نێویش بێت ده‌سته‌به‌ری‌ مافه‌كان یه‌كسانی له‌نێوان كوردو عه‌ره‌بدا له‌ عێراقدا به‌ده‌ستهێناوه‌.بۆیه‌ش ده‌رچوونی‌ ئه‌م ده‌ستوره‌ پێشوازییه‌كی‌ جه‌ماوه‌ری‌ گه‌وره‌ی‌ لێكراو و ده‌نگدانه‌وه‌ی‌ باشی هه‌بوو له‌نێوچه‌ جیاوازه‌كانی‌ باشووری‌ كوردستاندا ،(مامۆستا بێستون)یش له‌م باره‌یه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركووك ده‌لێَت:” دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ستور نوسرا ومادده‌ی‌(3)ده‌یوت:” العرب والاكراد شركا‌و فی هژا الوگن”، دانیشتوانی‌ كوردی كه‌ركووك كردیانه‌ ئاهه‌نگ و هوتافی (بژی برایه‌تی‌ كوردو عه‌ره‌ب) یان ده‌وته‌وه‌”. وادیاره‌ ئه‌م پێشوازییه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ده‌ستوری‌ كاتی‌ 1958 له‌لایه‌ن كورده‌وه‌، تێنه‌گه‌یشتنی‌ بووه‌ له‌ته‌واوی‌ ده‌ستوره‌كه‌، چونكه‌ هه‌ر له‌و ده‌ستوره‌دا چه‌ند مادده‌یه‌كی تێدایه‌ دژ به‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ كورده‌ له‌ عێراق . بۆنموونه‌: له‌به‌ندی‌ دووه‌می‌ ده‌ستوره‌كه‌دا هاتووه‌كه‌:” عێراق به‌شێكه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب”. ئه‌م ده‌قه‌ش دژ به‌ هه‌موو راسته‌یه‌ مێژوویی و جوگرافی ونه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ به‌شێكی زۆر له‌ عێراقیه‌كانه‌ به‌گشتی‌ و كورد به‌تایبه‌تی‌ .

 

        سێیه‌م: له‌هه‌نگاوێكی دیكه‌ی‌ حكومه‌تی‌ شۆڕش له‌ 20ی‌ ته‌مموزی‌ 1958، به‌یاننامه‌یه‌كی‌ لێبووردن و به‌خشینی‌ بۆ ژماره‌یه‌ك له‌ سیاسی ده‌ركرد، كه‌له‌سه‌رده‌می‌ پاشایه‌تیدا حوكم درابوون، له‌نێوانیاندا شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی‌ (1892-1969)، و(شێخ له‌تیف شێًخ مه‌حمود)و(محمود ئه‌حمه‌د)و(محه‌مه‌د فه‌ره‌ج خدر) و(سه‌عید ئیبراهیم حه‌مه‌ره‌ش)و(بابه‌كر مه‌لا مه‌حمود)و(مه‌سته‌فا عه‌وڵا)وشامرادی تێدابوو. (شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی‌)و یاوه‌رانی‌ له‌ رۆژی‌ 21ی‌ ته‌مموزدا ئازادكراو هه‌مان رۆژ سه‌ردانی‌ عه‌بدولكه‌ریم قاسمی كرد و سوپاسی كرد و پابه‌ندی‌ خۆی‌ بۆ شۆڕش خسته‌ ڕوو، پاشان هۆكاری‌ گواستنه‌وه‌یان بۆرێك خرا، رۆژی‌ یه‌ك شه‌ممه‌ 10ی‌ ئابی 1958 له‌ به‌غداده‌وه‌ به‌ره‌و كه‌ركووك به‌رێكه‌وت وله‌شارو شارۆچكه‌كانی‌ كوردستانه‌وه‌ خه‌ڵك به‌ئوتومبیله‌كانیان به‌ره‌وپیریه‌وه‌ چوون، گۆڤاری‌(شه‌فه‌ق)به‌م شێوه‌یه‌ باسی ئه‌و رۆژه‌ ده‌كات:” رۆژی‌ یه‌ك شه‌ممه‌ی‌ 10ی‌ ئه‌م مانگه‌ شێخ ئه‌حمه‌دی‌ بارزانی‌ له‌گه‌ڵ برا بارزانییه‌كانی‌ ترمان له‌به‌غداوه‌ كه‌وتنه‌ڕێ‌ به‌ره‌وكوردستان، به‌یانی‌ خه‌ڵێكی گه‌لێ‌ زۆر به‌ركاروانی‌ رێك چوونه‌ پیریان، له‌ دوزخورماتوو چاوه‌ڕێ‌ كران، به‌خۆپیشاندان و هتافات ده‌وری‌ برا بارزانیيه‌كانماندا.. كاروانی‌ ئۆتۆمبیل كه‌وته‌ڕێ‌ به‌ره‌و داقوق، له‌وێش خه‌ڵكی شاره‌كه‌ به‌خۆپیشاندان هاتنه‌ پیریان … گه‌یشتنه‌ كه‌ركوك … شاری‌ كه‌ركوك له‌ رۆژێكی پیرۆزدا بوو، له‌به‌زم و ره‌زم و شادی دا بوو.. شێخ ئه‌حمه‌دو براكانی‌ ترمان له‌خانه‌قادا دابه‌زین.. پۆل پۆل خه‌ڵكی شار ئه‌هاتن بۆ پیرۆزبایی، له‌ناوحه‌وشی خانه‌قاش كۆبوونه‌وه‌و وتارخوێندنه‌وه‌ وهه‌ڵپه‌ركێ‌ بوو. سیاده‌یی فه‌رمانده‌یی فرقه‌ی‌ دووه‌م هات بۆ پیرۆزبایی .. تاد”. به‌م شێوه‌یه‌خه‌ڵكی كه‌ركووك به‌خۆشی وشادییه‌وه‌ شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی ویاوه‌رانیان به‌رێكرد به‌ره‌وهه‌ولێر.

 

        چواره‌م: یه‌كێك له‌ده‌ستكه‌وته‌ بایه‌خداره‌كانی‌ شۆڕش 14ی‌ ته‌مموز، به‌خشین و لێبوردن بوو له‌ سه‌ره‌تای‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ 1958 دا بۆگه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بارزانی‌ و یاوه‌رانی‌، كه‌له‌دوای‌ ڕووخانی‌ كۆماری‌ كوردستان بۆیه‌كێتی‌ سۆڤیه‌ت په‌نایان بردبوو. له‌ 6ی‌ تشرینی یه‌كه‌می‌ 1958 (مسته‌فا بارزانی‌) دوای‌ دوازه‌ ده‌ساڵ ئاواره‌یی گه‌ڕایه‌وه‌ به‌غدادی‌ پێته‌ختی‌ عێراق وله‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ به‌گه‌رمی‌ پێشوازی كرا، له‌هه‌مانكاتدا دانیشتوانی‌ كوردی‌ باشووری‌ كوردستان و كه‌ركووك بۆده‌ربریِین رێزوخۆشه‌ویستی‌ بارزانی‌ ئاماده‌ی ئاهه‌نگ وپێشوازی‌ بوون.

        به‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ مسته‌فا بارزانی‌، هه‌وڵانی‌ بارزانیش له‌ سۆڤیه‌ته‌وه‌ به‌پارپۆڕێكی سۆڤیه‌تی‌ كه‌ 870 ئاواره‌ی‌ كورد(455 پیاو 415 ژن ومنداڵ) له‌ 1959/4/16 گه‌یشتنه‌ به‌نده‌ری‌ به‌سره‌و به‌گه‌رمی‌ له‌لایه‌ن گه‌لی‌ عێراقه‌وه‌ پێشوازی‌ كران. له‌وێوه‌ به‌شه‌مه‌نده‌فه‌ری‌ تایبه‌تی‌ رۆژی‌ هه‌ینی‌ 17 نیسان گه‌شتنه‌ به‌غداد و بۆ به‌یانی‌ گه‌یشتنه‌ كه‌ركووك، له‌ پێشوازییاندا جه‌ماوه‌ری‌ كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ری ڕاوه‌ستابوون، (له‌تیف گلی) له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت :” بیرم دێ‌ له‌ دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بارزانی‌ دواتر به‌شه‌مه‌نده‌فه‌رێك خانه‌واده‌كانیان هێنانه‌وه‌، توركمانه‌كان دوزخورماتوو له‌ منداڵیان تا پیرو جوان هه‌رهه‌موویان له‌ وێستگه‌ی‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ری‌ دوزخورماتوو له‌گه‌ڵ كورد دا ڕاوه‌ستابوون و كاتژمێر یه‌كی‌ شه‌و به‌سینی‌ كولیچه‌یان ده‌هێنا له‌ پێشوازی بارزانیه‌كان ده‌یانبه‌خشیه‌وه‌، كچ و ژنه‌ توركمانه‌كان منداڵه‌كانی‌ بارزانیه‌كانیان له‌شه‌مه‌نده‌فه‌ردا ده‌گرته‌خواره‌وه‌وماچیان ده‌كردن”. ئه‌مه‌ نیشانه‌ی‌ ئه‌و ڕاستیه‌یه‌ كه‌ ئه‌وكات كوردو توركمان پێوندییان زۆر باش بووه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ توركمانه‌كان له‌ پێشوازی‌ كورد دانی‌ ئاواره‌دا به‌شدارییان ده‌كرد.

        به‌ره‌به‌یانی‌ رۆژی‌ (1959/4/18)، ئاواره‌كان گه‌یشتنه‌وه‌ شاری‌ كه‌ركووك، به‌و به‌یانیه‌ جه‌ماوه‌ری‌ شار له‌ چوار ده‌وری‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ كۆببونه‌وه‌ و هه‌ستی‌ شادی وخۆشیان ده‌رده‌بڕی‌. (زرار ده‌رگه‌ڵه‌یی) كه‌ خۆی‌ یه‌كێك بوو له‌ئاواره‌كانی‌ نێو ئه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌وبه‌م جۆره‌ باسی ئه‌ورۆژه‌ی‌ كه‌ركووك ده‌كات:” . به‌ده‌نگی‌ به‌سۆزی‌ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ هه‌موومان له‌خه‌و هه‌ستاین، كاتێك بینیمان سه‌ربازه‌كانی‌ سوپای شۆڕش خه‌ڵكییان لاده‌دات و پێیان ده‌گوتن – رێگا بده‌ن قائد دێت ،پاش ماوه‌یه‌ك میرحاج وهه‌ندێك سوپا و له‌شكری دووی‌ كه‌ركووك وئه‌فسه‌ره‌كان و سه‌ربازه‌ شۆرشگێره‌كانی‌ به‌خێرهاتنه‌وه‌ی‌ لێكردین و شادی وخۆشحاڵی خۆی‌ وسوپاو جه‌ماوه‌ری‌ پیشاندا به‌بۆنه‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ نیشتمان و وتارێكی زۆر رێك و پڕمانای‌ داو … له‌دوای‌ قائد میرحاج وته‌یه‌كی‌ كورتیدا سوپاسی حكومه‌تی‌ شۆڕش و سوپاو كارمه‌ندان و قائدی‌ كرد به‌ناوی‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌سایه‌ی‌ شۆڕشه‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ئه‌و نیشتمانه‌ی‌ به‌خوێنی‌ شۆڕشگێراِن ئازادكراوه‌، هه‌ستی‌ خۆشحاڵی‌ ئێمه‌ی‌ به‌دیار خست ده‌رباره‌ی‌ شۆڕشی 14ی‌ ته‌ممووزی‌ پیرۆز”. له‌دوای‌ ئه‌م پێَشوازییه‌ گه‌وره‌یه‌ی‌ كه‌ركووك، ئاواره‌كان به‌رێكه‌وتن به‌ره‌و هه‌ولێر.

 

        پێنجه‌م: یه‌كێك له‌ ده‌ستكه‌وته‌ گرینگه‌كانی‌ تری‌ شۆڕش كه‌بۆ كوردو كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ تری‌ كه‌ركووك به‌نرخ وپڕ بایه‌خ بوو،ئازادی رۆژنامه‌وانی‌ ونووسین، ده‌كردنی‌ نامیكله‌ و گۆڤار و نووسراوی‌ ئه‌ده‌بی و وێژه‌یی ومێژوویی چیرۆك و شیعر بوون، هه‌موو ئه‌وانه‌ په‌یوه‌ست بوون به‌خواستی‌ حوكم له‌ جێگیركردنی‌ بارودۆخه‌كه‌دا.

        “قاسم”مۆڵه‌تی‌ به‌نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ردانی‌ كورد دا كه‌ به‌خواست و ئومێده‌كانی‌ خۆیان له‌ ڕێگه‌ی‌ چاپه‌مه‌نی‌ كوردییه‌وه‌ و به‌زمانی‌ كوردی‌ خۆیان بڵاوكراوه‌ی‌ خۆیان ده‌ربكه‌ن. له‌وانه‌ش جگه‌ له‌ ده‌رچوونی‌ رۆژنامه‌ی‌(خه‌بات)له‌ 4ی‌ نیسانی‌ 1959، چه‌ند بڵاوكراوه‌یه‌كی‌ دیه‌كه‌ش له‌شاری كه‌ركووك ده‌رده‌چوون، وه‌ك(گۆڤاری‌ به‌یان)و(گۆڤاری‌ رۆژا نوێ‌)، له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ بۆیه‌كه‌مجار له‌مێژووی عێراقدا رۆژنامه‌ به‌ توركمانی ده‌ركرا، وه‌ك (بشیر) و (ێ‌فاق) و(كه‌ركوك) و (گاورباغی). بۆیه‌ ڵێره‌دا ده‌توانرێت شۆڕشی 14ی‌ ته‌مموز دابنرێت به‌ گواستنه‌وه‌ی‌ قۆناغبه‌ندیانه‌ی‌ گه‌وره‌ سه‌باره‌ت ژیانی‌ رۆژنامه‌وانی‌ له‌ شاری كه‌ركووكدا.

 

        شه‌شه‌م: پاش كۆتایهاتنی سیسته‌می‌ پاشایه‌تی‌ له‌ عێراق ساڵی‌ 1958، بزوتنه‌وه‌ی‌ سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی ودیموكراسی له‌ كوردستان وگه‌رمیان(كه‌ركووك – نێوه‌ندی‌ گه‌رمیان) دابه‌ ئاشكرا كه‌وته‌ جموجوڵ و گه‌شه‌كردن. سه‌ره‌تا تا رێكسختنه‌كانی‌ حزبی شیوعی وپارتی‌ دیموكراتی كوردستان جه‌ماوه‌رییان زۆر له‌ده‌وركۆبوویه‌وه‌، جگه‌له‌م دوو حیزبه‌ حیزبی ئیسلامیش كه‌وتنه‌ جموجوڵ وحیزبی به‌عسیش له‌نێوشار دا هه‌بوو، حیزبی(وگنی)دیموكراتیش وه‌ك بیرو باوه‌ڕ چه‌ند كه‌سێكیان له‌گه‌ڵدابوو،ڕۆژنامه‌یه‌كیان به‌ كوردی‌ ده‌رده‌كرد به‌ نێوی‌ (رای‌ گه‌ل) ونێوی‌(صدیق بلوكێنی‌) به‌سه‌ره‌وه‌ بوو. چ پارتی‌ و چ شیوعیش رێكخرا كۆمه‌ڵه‌ ویانه‌ی‌ تایبه‌تی‌ خۆیان هه‌بوو،(نوری‌ عوسمان صاڵح)له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:” شۆڕشی 14 ی‌ ته‌مموزی‌ 1958 رێگه‌ی‌ خۆشكرد بۆ كردنه‌وه‌ی‌ چه‌ندین یانه‌و كۆمه‌ڵه‌ و رێكخراوی‌ لاوان، به‌جۆرێك له‌هه‌ر گه‌ڕه‌كێكی كه‌ركووك ئه‌گه‌ر تێتبڕوانیانایه‌ ده‌تبینی رێكخراو یانه‌ی‌ تێدا كردبووه‌یه‌وه‌، ئیدی هه‌ركه‌سه‌ وبه‌ئازادی ده‌چوو نێو و ئه‌و كۆمه‌ڵانه‌وه‌ “.   له‌ گرنگترین ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ و یانه‌ و ڕێكخروانه‌ی‌ ئه‌وكاتی‌ كه‌ركووك (كۆمه‌ڵه‌ی‌ ئه‌ده‌بی كه‌ركوك)، و(كۆمه‌ڵه‌ی‌ لاوانی‌ ئیمام قاسم). كه‌واته‌ له‌دوایی شۆڕشی 1958 كرانه‌وه‌یه‌كی‌ سیاسی گه‌وره‌ شاری‌ كه‌ركووكی گرته‌وه‌ ،وای‌ له‌هه‌موو رێكخراو پارته‌كانی‌ ئه‌وكات كردووه‌ ڕووبكه‌نه‌وه‌ ئه‌وشاره‌و چالاكی سیاسی خۆیانی تێدا تاو بده‌ن.

 

        حه‌وته‌م: پاش شۆڕش 1958 جۆرێك له‌ ئازادی بۆ نه‌ته‌وه‌وكه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كانی‌ ده‌سته‌به‌ر بوو و هه‌ریه‌كه‌ له‌و نه‌ته‌وه‌ و كه‌مینانه‌ش یادی جه‌ژنی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ وكلتوریه‌كانی‌ خۆیان ده‌كرده‌وه‌،كه‌له‌سه‌ره‌ده‌می‌ پاشایه‌تی‌ رێگری‌ هه‌بوو له‌به‌رده‌م ئه‌و یادكردنه‌وه‌یه‌دا. بۆ وێنه‌: یادكردنه‌وه‌(نه‌ورۆز) له‌لای‌ كورد باشووری‌ كوردستان به‌گشتی‌ و كه‌ركووك به‌تایبه‌تی‌ له‌ساڵی‌ 1959 زۆر به‌فراوانی‌ یادیكرایه‌وه‌، (گۆڤاری‌ هه‌تاو)ی‌ ساڵی‌ 1959 به‌م جۆره‌ باسی ده‌كات :” یادی جه‌ژنی‌ نه‌ورۆز له‌ كه‌ركووك (1959)، له‌شاری كه‌ركوك له‌ناو هه‌موو گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ دا به‌تایبه‌تی‌ له‌(ئاخر حوسین، ئیمام قاسم، زیوه‌یه‌ وئه‌ڵماس)، كورد و عه‌ره‌ب و ئه‌رمه‌نی‌ و ئاشووری‌ و پێشمه‌رگه‌ وسوپا و ژه‌ندرمان به‌جارێ‌ به‌شعاری نه‌ورۆز وجمهوریه‌ته‌وه‌، له‌ شادمانی‌ جه‌ژنی‌ به‌رز و پیرۆزی‌ نه‌ورۆزه‌وه‌ به‌ناوشه‌قامه‌كانی‌ شاردا به‌گۆرانی‌ نیشتمانی‌ و سروودی‌ نه‌ورۆزه‌وه‌ له‌سه‌رخۆ ده‌گه‌ڕان وشه‌قه‌شه‌قی چه‌پڵه‌ رێزانی‌ گوێی دوژمنانی كه‌ڕكردبوو، به‌شیوێن ئه‌واندا لاوانی‌ دیموكراتی كوردستان هه‌ربه‌شه‌ی‌ به‌درۆشمێكی جوان لاسورو سپی یه‌وه‌ قه‌تاره‌ی‌ به‌ستبوو. لۆریه‌ك به‌چه‌ندین درۆشم وگوڵ و وێنه‌ی‌ سه‌رۆك(عه‌بدولكه‌ریم) ڕازا بۆوه‌وه‌، ئه‌و لۆریه‌ كه‌پڕ بوو له‌ كچانی قوتابی،وه‌ك پێَشه‌نگی‌ قه‌تار له‌ پێشه‌وه‌ ئه‌رۆیشت و به‌چه‌پڵه‌رێزان و گۆرانی‌ به‌ زمانی‌ كوردی‌ وعه‌ره‌بی ئه‌مانه‌یاتن ئه‌ووت:

 

 

 جه‌ژنی‌ نه‌ورۆز و جمهوره‌ دوژمن كوێر ومقهوره‌

 بژی‌ گه‌ل ڕۆڵه‌ی‌ گه‌ل عبـدالكــریـم قــاسـم

 نه‌ورۆز گیان نه‌ورۆزه‌ جه‌ژنی‌ كورده‌ پیرۆز ….”.

 

        لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ جه‌ژنی‌ نه‌ورۆزی‌ 1959ی‌ كه‌ركوك كراوه‌ته‌ یادێك كه‌ هه‌موو كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كانی‌ كه‌ركووك به‌هاوشانی‌ كورد یادیانكردۆته‌وه‌، وه‌ك جه‌ژنی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ شۆڕش و كۆماری‌.

        له‌لایه‌كی‌ دیكه‌شه‌وه‌ بۆ ناساندنی‌ زیاتر كلتوری‌ توركمان، له‌ شوباتی (1959) دا به‌شی توركمانی له‌ ئیزگه‌ی‌ رادیۆی عێراق دامه‌زرا ده‌ستی‌ كرد به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ به‌رنامه‌كانی‌ خۆی‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژوویی توركمانی وڵاتی‌ عێراقدا به‌زمانی‌ توركمانی به‌رنامه‌ی‌ توركمانی پێشكه‌شكرا. له‌هه‌مانكاتدا قاسم به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كی‌ بۆ خوێندنی‌ كوردی‌ دامه‌زراند،له‌ زانستگه‌ی‌ به‌غدادیش به‌شێكی بۆزمانی‌ كوردی‌ كرده‌وه‌ و به‌رنامه‌ی‌ كوردی‌ ڕادیۆی به‌غداد زیاد كرا.

        له‌گه‌ڵ ئه‌وده‌ستكه‌وتانه‌ی‌ كه‌ شۆڕش وسه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی‌ به‌شێوه‌ی‌ ڕاسته‌وخۆ بێت یان ناڕاسته‌وخۆ بۆ كوردی‌ باشووری‌ كوردستان به‌ كه‌ركووكیشه‌وه‌ ده‌سته‌به‌رییان كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجه‌ داواكارییه‌ ڕاسته‌قینه‌كانی‌ كه‌ركووك هه‌میشه‌ گرفت و خاڵی‌ جیاخوازی‌ بووه‌ لای‌ سه‌ركردایه‌تی‌ حكومه‌ته‌ جیاجیاكان عێراق، به‌رده‌وام دژی‌ بوونه‌ و جێبه‌جێیان نه‌كردووه‌ و به‌خاڵی‌ مه‌ترسییان داناوه‌ بۆ تێكدانی‌ بارودۆخی ووڵات.

        پاش سه‌ركه‌وتنی‌ شۆڕش به‌چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك،كۆمه‌ڵێ‌ له‌ مامۆستایانی‌ كورد یاداشتنامه‌یه‌كیان به‌رزكرده‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی‌(معارف) ،كه‌ داوای‌ بایه‌خدانیان به‌ زمان و كه‌له‌پووری‌ كوردی‌ تێدا كردووه‌، هه‌روه‌ها داوای‌ دامه‌زراندنی‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كی گشتی‌ معاریفی كوردستان(مدیریه‌ المعارف كوردستان) كرد كه‌ نێوه‌نده‌كه‌ی‌ له‌ كه‌ركووك بێ و لیواكانی‌(سلێمانی‌، هه‌ولێر، كه‌ركووك ،قه‌زای‌ خانه‌قین و قه‌زاكوردنشینه‌كانی‌ موسڵ)، بگرێته‌وه‌، ئه‌م داواكارییه‌ ئه‌وكات بووه‌ داواكاری گشت كوردێك و پشتگیری زۆری‌ لێده‌كراو له‌ رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كاندا بابه‌تی‌ جیاجیای‌ له‌سه‌ر ده‌نووسرا،له‌ گۆڤاری‌ (هه‌تاوی‌) ژماره‌(161)دا بانگه‌شه‌ بۆدامه‌زراندنی‌ ئه‌و به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌ ده‌كات و تێیدا هاتبوو:((له‌ ڕووی‌ ئه‌وه‌وه‌ كه‌له‌م جمهوریه‌ته‌دا به‌ڕاستی‌ ددان به‌ماف وه‌ برایه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد دا نراوه‌ و له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه‌له‌سه‌ره‌تای شۆڕشه‌وه‌ تا ئه‌مرۆ هه‌موو كوردێك به‌گه‌وره‌ و گچكه‌وه‌ بۆ پارێزگاری‌ ئه‌م جمهوریه‌ته‌ سه‌روماڵیان له‌ پێناویدا داناوه‌ و به‌هۆی‌ ئه‌وه‌وه‌ كه‌ئه‌م پرۆژه‌یه‌ دواكه‌وت و كه‌می‌ ماوه‌ قوتابخانه‌كان بكرێنه‌وه‌ و سه‌باره‌ت به‌ دڵی‌(25) ملیۆن كوردی‌ دڵپاك ومخلص وبۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وه‌كه‌ ئیستعمار و نۆكه‌رانی‌ پیًَ كوێر بێ، ئومێد و هیوا به‌زووترین كات مدیرێتی معارفی گشتی‌ كوردستانی‌ عراق دابمه‌زرێت”.لێره‌دا واده‌بینرێت داواكاری دامه‌زراندنی‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ مه‌عاریفی كوردستان، واتای به‌رزی‌ ئاستی‌ رۆشنبیران ومامۆستایانی كه‌ركووك نیشانده‌دات له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ پێشه‌نگی كه‌ركووك نیشانده‌دات له‌ چالاكی وخه‌باتی كوردایه‌تیدا.

        (نازم ته‌قچه‌لی) دوای‌ بینین ئه‌م بیرخه‌ره‌وه‌یه‌ چه‌ند یاداشتێكی نهێنی نارد بۆ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگریی سوپای عێراق (مدیره‌ الاستخبارات العسكریه‌) وتێیدا به‌سه‌ركردایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ گوتووه‌ گوایه‌ ئه‌م مامۆستایانه‌ مه‌به‌ستیان له‌م بیرخه‌ره‌وه‌یه‌ دامه‌زراندنی‌ (كۆماری‌ كوردستان و قه‌واره‌ی‌ كوردییه‌)و له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ئه‌وان ؛ واته‌ مامۆستا كورده‌كان شاری كه‌ركووكیان به‌شارێكی كوردی‌ داناوه‌، له‌كاتێكدا به‌لای‌ ته‌به‌قچه‌لییه‌وه‌ ئه‌م شاره‌ زۆرینه‌ی‌(عه‌ره‌ب وتوركمان ومه‌سیحی)یه‌. ته‌به‌قچه‌لی له‌به‌شێكی تری‌ نووسراوه‌ نهێنیه‌كه‌یدا داوای‌ كردووه‌ كه‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی مه‌عارف له‌ كه‌ركووك به‌رده‌وام پێویسته‌ بدرێ‌ به‌كه‌سایه‌تیه‌كی‌ عه‌ره‌ب، گوایه‌ بۆ ڕاگرتنی‌ هاوسنگی له‌نێوان پێكهاته‌كانی‌ ئه‌م شاره‌دا.

        لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ دامه‌زراندنی‌ ژماره‌یه‌ك له‌به‌رپرسانی سه‌ربازی ومه‌ده‌نی‌ كه‌ناسراوبوون به‌ته‌سك بیركردنه‌وه‌ی‌ سیاسیان، له‌بۆسه‌هه‌ستیاره‌كان كه‌ركووكدا وه‌ك (ته‌به‌قچه‌لی‌)بوونه‌ رێگر له‌به‌رده‌م گۆڕانكارییه‌ باشه‌كانی‌ كه‌ركووك . جگه‌له‌وه‌ش ڕۆلیان كه‌م نه‌بوو له‌ ئالۆزكردنی‌ پێوه‌ندییه‌كان و بارگرژی‌ له‌نێوان پێكهاته‌كانی‌ كه‌ركووكدا به‌گشتی‌ و كوردو توركمان به‌تایبه‌تی‌ ،چونكه‌ توركمانه‌ تۆرانیه‌كانی كه‌ركووك ،هه‌ربه‌فیتی(ته‌به‌قچه‌لی‌) داوای‌ دانه‌نانی‌(مدیریه‌تی‌ مه‌عاریفی كوردستان)و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ به‌ندی‌(سێ)ی‌ ده‌ستوری‌ كاتی‌ عێراقییان ده‌كرد.بۆنموونه‌له‌(3/8/1959)دا یه‌كێك له‌ رۆژنامه‌كان كه‌(صوت الاحرار)ه‌ ، یاداشتێكی بڵاوكردبووه‌وه‌ به‌ناوی‌ (هاوڵاتیانی توركمان)ه‌وه‌و ئه‌م یاداشته‌ درابووه‌(عبدالكریم قاسم)وئه‌م خواسته‌ی‌ تێیدا نووسرابوو:

        ” هه‌ندێ‌ تاقم وڕه‌گه‌زی‌ دووبه‌ره‌كی‌ خه‌ره‌وه‌ی‌ كورد،ئه‌ویان كردبه‌ دارعه‌سای ده‌ستیان كه‌ له‌به‌ندی‌ سێهه‌می ده‌ستوری‌ وه‌ختیدا نووسراوه‌ ” كوردو عه‌ره‌ب هاوبه‌شن له‌م نیشتیمانه‌دا”… ده‌ستیان كردبه‌ مه‌عنا لێ دانه‌وه‌ی‌ ئه‌م به‌نده‌ به‌ ئاره‌زووی‌ خۆیان،گوایه‌ ئه‌م به‌نده‌ باسی مافه‌كانی‌ هاوڵاتیه‌توركمانه‌كانی‌ نه‌كردووه‌، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی‌ كه‌ به‌پێی ده‌ستوور جوڵانه‌وه‌ دیمان ته‌واوجوت بوو له‌گه‌ڵ ئاره‌زووی هاوڵاتیه‌توركمانه‌كان، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ دڵمان ره‌حه‌ت بێ ؟ ! هیوامان وایه‌ له‌ جیاتی ئه‌م به‌نده‌ به‌ندێكی تری‌ وادانرێ‌ كه‌ هه‌موو عێراقی یه‌كان بگرێته‌وه‌ به‌بێ ناوهێنان ودیاریكردنی‌ كه‌س”. ئه‌وه‌ی‌ لێره‌دا دیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دژایه‌تی‌ توركمانه‌ تۆرانیه‌كان بۆ دامه‌زراندنی‌ مه‌عاریفی كوردستان نه‌بووه‌ به‌ته‌نها، به‌ڵكو دژایه‌تی‌ ئه‌وان بۆته‌واوی‌ مافه‌كانی‌ كورد بووه‌ له‌ عێراقدا كه‌له‌ماوه‌ی‌(3) دا جێی كرابووه‌وه‌.

        ئه‌و سیاسه‌ته‌ شوفێنیه‌ی‌ (نازم ته‌به‌قچه‌لی) گرتبوویه‌به‌رله‌ كه‌ركووك، كه‌خۆی‌ ده‌بینیه‌وه‌ له‌دژایه‌تیكردنی‌ كردنی‌ خواست و داواكارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ كورد، ئه‌م سیاسه‌ته‌ به‌ته‌نهاهی(ته‌به‌قچه‌لی‌)خۆی‌ نه‌بوو،به‌ڵكو له‌لایه‌ن گه‌لێك له‌فه‌رمانبه‌ر وكاربه‌ده‌ستانی‌ حكومه‌تی‌ به‌غدادپشتگیری لێ ده‌كراو پلانی بۆ داده‌رێژرا.

        له‌ ڕووی‌ ئابورییه‌وه‌ یه‌كێك له‌ هه‌نگاوه‌ئه‌رێیه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ نوێ‌ ده‌ركردنی‌ یاسای ژماره‌(3)بوو،له‌ ڕۆژی‌(30ی‌ ئه‌یلولی 1958)كه‌به‌ یاسای چاككسازی‌ زه‌وی‌(قانون الاصلاح الزراعی) ناسراوه‌، له‌نێوه‌رۆكدا ئه‌م یاسایه‌ گورزێكی كوشنده‌ی‌ ده‌دا له‌خاوه‌ند موڵكه‌گه‌وره‌كانو جوتیاران لێ سوودمه‌ند ده‌بوون، به‌ڵام له‌ئاكامدا ئه‌م یاسایه‌ ئامانجێكی ئه‌وتۆی‌ نه‌پێكاو بووه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ نزیكه‌ی‌(12) هه‌زار كه‌س بچنه‌ وولاَتی‌ (ئێران و توركیا)له‌ودوو ووڵاته‌ ببنه‌ په‌نابه‌ر، ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ش له‌هه‌موو نێوچه‌كانی‌ كوردستانی‌ به‌ كه‌ركووكیشه‌وه‌ تێدابوو،وه‌ك:” به‌شێك له‌عه‌شیره‌تی‌ تاڵه‌بانی له‌ كه‌ركووك كه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ شێخ نه‌جمه‌ددین چوونه‌ كرماشان”.به‌واتایه‌كی‌ تر حكومه‌ت به‌ده‌ركردنی‌ ئه‌ویاسایه‌ ئالۆزییه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ته‌واوی‌ نێوچه‌كانی‌ باشووری‌ كوردستاندا دروست كرد.

        له‌گه‌ڵ كه‌موكورتی‌ وسستی‌ له‌جێیه‌جێكردنی‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ حكومه‌ت بۆئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ كوردستان،كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ عێراقدا له‌هه‌موو ئاست و چینه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوچه‌جیاجیاكانی‌ كوردستان(كه‌ركووك )یش، پاڵپشتیان له‌ كۆمار و قاسم ده‌كرد و ئاسۆیه‌كی‌ ڕوونیان تێدا ده‌خوێنده‌وه‌ ودژی هه‌ر پیلانێك ده‌وه‌ستان كه‌له‌ دژی‌ بكرابوایه‌، به‌شداری كاریان ده‌كرد له‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ هه‌ر هه‌ولێك له‌ دژی‌ كۆمار و قاسم، بۆنموونه‌: كاتی‌ تێكچوونی‌ نێوان قاسم و عبدالسلام عارف لایه‌نی‌(قاسم)یان گرت ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌، دژی‌(بزوتنه‌وه‌ی‌ عبدالوهاب شواف) یش بوو، كه‌له‌8 ی‌ ئاداری 1959 دا، وه‌ك پیلانێك دژی‌ كۆمار له‌ موسڵ ئه‌نجامدرا،هێزه‌ كوردییه‌كان رۆڵی‌ كارایان گێڕا له‌دامركاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌وهه‌وڵه‌دا.

        ته‌به‌قچه‌لی تاوانبار كرابوو له‌ پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ هه‌وڵی‌ كوده‌تاكه‌ی‌ عه‌بدوالوهاب شه‌واف له‌ موسڵ، بۆیه‌ له‌پۆسته‌كه‌ی‌ لادرا و گیرا، ئه‌فه‌سه‌رێكی تربه‌نێوی‌(داود جه‌نابی)، كه‌مه‌یلی به‌لای‌ كۆمۆنیسته‌كان بووله‌(نیسانی‌ 1959)كرا به‌سه‌ركرده‌ی‌ له‌شكری‌ دووی‌ سوپای عێراق له‌ كه‌ركووك .

        به‌گه‌یشتنی‌(داود جه‌نابی) به‌ كه‌ركووك، ده‌ستبه‌جێ‌ ده‌سته‌یه‌كی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ نوێی به‌سه‌ركردایه‌تی‌ ی‌(عه‌قید كه‌مال مه‌جید سه‌لیم) وئه‌ندامێنی‌(عه‌قید محه‌مه‌د عه‌لی‌ كازم خه‌فاجی، مولازمی یه‌كه‌م فه‌خری كه‌ریم، به‌رێوه‌به‌ری‌ ئاسایش رائید شێخ ڕه‌زا شێخ محه‌مه‌دی‌ گوڵانی وداوه‌ری‌ لێكۆڵنیه‌وه‌ په‌ترۆس مه‌رۆكی) پێكهێنا. بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانی ته‌به‌قچه‌لی وئه‌وانه‌ی‌ پَوه‌ندی‌ توندییان له‌گه‌ڵی‌ بووه‌، كه‌ هه‌ندێكیشیان له‌پیاو ماقولانی‌ توركمانی كه‌ركووك بوون. ده‌سته‌ی‌ نێوبراو لێكۆڵینه‌وه‌ و فه‌رمانی‌ گرتنی‌ خه‌ڵكێكی زۆری‌ له‌(توركمان و كوردو عه‌ره‌ب)و هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی‌ تردا و مه‌ودای‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ په‌ره‌پێدا و گومانی‌ له‌هه‌ركه‌س بكردایه‌ كه‌ دڵسۆزی‌ رژێمی نوێ‌ ی‌ كۆماری‌ نیه‌، ده‌یبرده‌به‌رده‌م لێكۆڵینه‌وه‌ و ڕاستیه‌كه‌شی هه‌ندێ‌ ده‌ستدرێژی له‌كاتی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كاندا ڕوویاندا، به‌تایبه‌تی‌ له‌لایه‌ن(مولازم فه‌خری كه‌ریم) ه‌وه‌.هه‌روه‌هازۆر له‌خاوه‌ند موڵكه‌كورده‌كانی‌ لیواكه‌ گیران به‌بیانووی‌ لایه‌نگری‌ پاشایه‌تی‌ ودوژمنی‌ ڕژێمی نوێ‌، هه‌رله‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی‌ ئه‌م لیژنه‌یه‌ حاكمی‌ گشتی‌ سوپا له‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ فه‌رمانی‌ دا كه‌ هه‌ندێ‌ له‌ گیراوه‌كان ببرێن بۆ به‌غداد و هه‌ندێكی تریشیان دووخراوه‌نه‌وه‌،بۆ چه‌ند شارێكی باشوری‌ عێراق.

        كه‌به‌شێ‌ له‌مانه‌ كاربه‌ده‌ستی‌ توركمان بوون. ده‌توانرێت بوترێت له‌ماوه‌ی‌(ئادار تاحوزه‌یرانی‌ 1959) كه‌ركووك تووشی ره‌شبگیرێكی زۆربوووه‌. له‌وكاته‌دا (فۆادعارف) بۆ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و باروودۆخه‌ی‌ كه‌ركووك سه‌ردانی‌ (عه‌بدولكه‌ریم قاسم) ی‌ كرد دوو پێشنیاری بۆ كرد (یه‌كه‌میان دانانی‌ موكه‌ڕه‌م تاڵه‌بانی به‌پارێزگارو پێدانی‌ ده‌سه‌ڵاتێكی فراوان پێ كه‌زیاتر بێت له‌ده‌سه‌لاَتی‌ جه‌نابی. دووه‌میان: به‌ردانی‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ توركمان كه‌به‌تاوانی‌(تۆرانی‌) گیرابوون و(جه‌نابی) بوختانی‌ بۆییان كردبوو)،به‌ڵام قاسم داواكاری دووه‌می‌ جێبه‌جێكرد وداواكاری یه‌كه‌می‌ ڕه‌ت كرده‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت داود جه‌نابی له‌م سیاسه‌ته‌ییدا كاریگه‌ری‌ شیوعی توندڕه‌وكانی‌ كه‌ركووكی له‌سه‌ربوو، كه‌ بارودۆخی شاری ئالۆز كردبوو.

        له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ش دا له‌كۆتایی ساڵی‌(1959)و سه‌ره‌تایی ساڵی‌ 1960 ه‌وه‌ ساردی كه‌وته‌ نێوان سه‌ركردایه‌تی‌ كورد(پارتی) وسه‌ركردایه‌تی‌ شۆڕش(قاسم)ه‌وه‌ ڕه‌تی پێوه‌نده‌كانیان به‌جۆرێك گۆڕا كه‌له‌ ئاكامدا په‌یڕه‌وكردنی‌ سیاسه‌تێكی شۆفێنیزمانه‌ی‌ توندو ڕه‌وی‌ له‌لایه‌ن (قاسم)ه‌وه‌ دژ به‌ گه‌لی‌ كورد له‌سه‌ر نێوچه‌كانی‌ لێكه‌وته‌وه‌ سه‌ره‌ ڕای چه‌ند هه‌ولێكی دیبلۆماسیانه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كوردی بۆچاره‌سه‌ری‌ ئه‌و باره‌ نائاساییه‌، به‌ڵام سیاسه‌تی‌ ناجۆری‌ سه‌ركردایه‌تی‌ شۆڕش به‌رامبه‌ر به‌ كوردو سه‌رجه‌م نێوچه‌كانی‌ وای‌ كرد سه‌ركردایه‌تی‌ كورد خه‌باتی چه‌كداری‌ بگرێته‌ به‌ر، له‌ گرنگترین ئه‌و فاكته‌رانه‌ش بۆ ده‌ستپێكردنی‌ ئه‌م جۆره‌ خه‌باته‌، ئه‌مانه‌ن:

         –  دروستكردنی‌ دووبه‌ره‌كی‌ وئاژاوه‌ له‌ نێوان(كوردو توركمان): یه‌كێك له‌ سیاسته‌ شۆڤێنیه‌كانی‌(عبدالكرم قاسم) ئه‌وه‌بوو چۆن له‌سه‌ره‌تای شۆڕش باسی هه‌ندێك مافی بۆكورد كرد، له‌دواتریشدا هه‌مان مافی به‌توركمانه‌كاندا له‌ كه‌ركووكدا. توركمانه‌كانیش به‌هه‌موو توانایه‌كیانه‌وه‌ پاڵپشتی‌ عێراقیان ده‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ حكومه‌تی‌ عێراقی و وره‌ی‌ كوردی پێ بێهێزبكات و توركه‌كان ده‌یانوویست به‌نێوی‌ نێوچه‌ی‌ نه‌وتی‌ هێزی كورد له‌ كه‌ركووك دا كه‌مبكه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ دوو مه‌به‌ست بوو(یه‌كه‌میان: هه‌ستی‌ توركمانه‌كان پێش كورد بكه‌وێت و دوومیان: بوونی‌ كورد له‌ كه‌ركووكدا به‌ هێندی‌ توركمانه‌كان ده‌رنه‌چێت،بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌و هه‌ڵومه‌رجه‌دا بڵێن كه‌ركووك شاری كورد نیه‌ و شاری‌ توركمان و عه‌ره‌به‌،كوردیش سه‌رییان بۆ توركمان و عه‌ره‌ب دانه‌ئه‌نواند. به‌مه‌ش پشێوی دروستبوو له‌ كه‌ركووك دا.

        – جیاوازی‌ كه‌رتی‌ پیشه‌سازی‌ له‌نێوان باشوری‌ كوردستان و نێوچه‌كانی‌ تری‌ عێراقدا: سه‌ره‌ ڕای پێشكه‌وتی‌ كه‌رتی‌ پیشه‌سازی‌ له‌باشوور و نێوه‌ راستی‌ عێراق له‌دوای‌ شۆڕشی 14 ی‌ ته‌مموزی‌ 1958 ،كه‌چی له‌ كوردستان كه‌رتی‌ پیشه‌سازی‌ گۆڕانێكی ئه‌وتۆی‌ به‌سه‌ردانه‌هات،ئه‌مه‌ش له‌پیلانی ئابووری‌ ووڵات دا ده‌ركه‌وت كه‌ هیچ رێژه‌یه‌كی‌ بۆكوردستان ته‌رخان نه‌كردبوو له‌پرۆژه‌كانی‌ نێوان ساڵانی 1959-1963 ،ته‌نیا دووپرۆژه‌ی‌ بۆ كوردستان تێدابوو، ئه‌وانیش پرۆژه‌ی‌ كارگه‌كانی‌ چه‌ونده‌ری‌ شه‌كر له‌ سلێمانی‌ و ڕستن وچنین له‌ هه‌ولێر، به‌ڵام كاتی‌ ده‌ست به‌كاركردنی‌ ئه‌و دوو پرۆژه‌یه‌دا گواسترانه‌وه‌ بۆ هه‌ردوو شاره‌كانی‌ كووت و دیوانییه‌ له‌ نێو ڕاست و خوارووی عێراق . لێره‌دا جێگه‌ی‌ پرسیاره‌ له‌و سامانه‌ گه‌وره‌یه‌ی‌ نه‌وت له‌ كه‌ركوك كه‌ ده‌فرۆشا، هیچ پرۆژه‌یه‌كی‌ بۆخوودی‌ شاره‌كه‌تێدا نه‌كرێت.

        – كه‌می‌ خزمه‌تگوزاری‌ له‌ نێوچه‌كانی‌ باشووری‌ كوردستان: پرۆسه‌ی‌ خوێندن له‌ شاره‌كان زۆر لاواز بوو، زۆربه‌ی‌ گونده‌كانیش قوتابخانه‌ی‌ تێدانه‌بوو،ئه‌و گوندانه‌ی‌ قوتابخانه‌شی تێدا یوو، پرۆسه‌ی‌ خوێندنی ز‌وۆر سه‌ره‌تایی بوو، به‌هۆی‌ نزمی بژێوی ژیان و كه‌م ده‌رامه‌تی‌ چینی هه‌ژاركه‌ زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانی‌ گونده‌كانی‌ پێكده‌هێنا،له‌ توانایاندا نه‌بوو منداڵه‌كانیان بخه‌نه‌ به‌ر خوێندن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ره‌سته‌ی‌ خوێندن له‌ ئه‌ستۆی‌ قوتابی خۆیدا بوو. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ ڕای‌ نه‌بوونی‌ خزمه‌تگوزرای‌ ته‌ندروستیه‌كان بۆ قوتابی و كه‌می‌ مامۆستا و كتێب، بایه‌خ نه‌دان به‌ زمانی‌ كوردی‌ و رێگریكردن له‌ پێشه‌وچوونی‌ به‌ڕزامه‌ندن نه‌بوونی‌ دامه‌زراندنی‌ به‌رێوه‌به‌رییه‌تی‌ مه‌عاریفی كوردستان له‌ته‌واوی‌ باشووری‌ كوردستان به‌گشتی‌ وشاری كه‌ركووك به‌تایبه‌تی‌، كاریگه‌ری‌ هه‌بوو. له‌لایه‌كی‌ دیكه‌شه‌وه‌ باری‌ ته‌ندورستی‌ به‌ئاقارێكی زۆر دژوار گوزه‌ری‌ ده‌كرد، نه‌خۆشخانه‌ ته‌نها له‌ شاره‌ گه‌وره‌كان هه‌بوو، ئه‌وانیش كۆن و بێ خزمه‌تگوزاری‌ بوون جگه‌له‌كه‌می‌ داوده‌رمان وكادری پێویست، كه‌ هه‌ر(15) هه‌زار كه‌س له‌ دانیشتوانی‌ باشووری‌ كوردستان ته‌نیا یه‌ك دكتۆرییان به‌رده‌كه‌وت، ئه‌مه‌ش ببوه‌ هۆی‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ مردن.

        – جێبه‌جێنه‌كردنی‌ ده‌ستوری‌ كاتی‌ 1958: ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌مادده‌ی‌ (3)ی‌ ده‌ستوری‌ كاتی‌ عێراق داهاتوو نێوی‌ مافه‌كانی‌ كوردی‌ تێدا برابووبه‌گه‌شبیینه‌وه‌ پێشوازی‌ لێ كرا، به‌و ئومێده‌ی‌ كه‌بتوانرێ‌ كه‌موكورتیه‌كانی‌ كوردچاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام ڕاست ده‌رنه‌چوو له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ كاربه‌ده‌ستانی‌ عێراق بیر له‌ چاككردنی‌ بارودۆخی كورد بكه‌نه‌وه‌، هیچ مافێكیان نه‌سه‌لماند وسووربوون لسه‌ر بۆچوون و رێوشوێنه‌ شوفێنیه‌كانیان ، دژ به‌گــه‌لی‌ كــورد.

        – هێرشی توندو فراوانی‌ رۆژنامه‌كانی‌ بۆسه‌ركورد: هه‌ردوو رۆژنامه‌ی‌ (البغداد)و(الثورة‌‌)، كه‌هه‌ردووكیان له‌ گۆشه‌ نیگای‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ی‌ عه‌رب و حكومه‌تی‌ (قاسم)ه‌وه‌ په‌لاماری‌ كوردیان ده‌دا و خاوه‌نده‌كانیان له‌قاسم نزیك بوون. بۆ وێنه‌: یه‌كێك له‌ووتاره‌كانی‌ رۆژنامه‌ی‌ (الثورة‌) به‌ئاشكرا وبێ پێچ و په‌نا داوای‌ تواندنه‌وه‌ی‌ كوردی‌ كردبوو له‌بۆته‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بدا. ڕۆژنامه‌ی‌(خه‌بات) یش به‌ زنجیره‌یه‌ك ووتاری‌ بابه‌تیانه‌ ڕاستییه‌مێژووییه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌گه‌لی‌ كوردو نیشتیمانه‌كه‌ی‌ خسته‌ ڕوو. بێگومان ئه‌م سیاسه‌ته‌ به‌رله‌ هه‌موو كوردێك، به‌رامبه‌ر به‌كوردی‌ كه‌ركووك جێبه‌جێ كرا.

        – شكستهێنانی‌ رێوشوێنه‌ سیاسی و دیپلۆماسیه‌كان له‌چاره‌سه‌كردنی‌ كێشه‌كانی‌ نێوان(حكومه‌تی‌ شۆڕش و سه‌ركردایه‌تی‌ كورد)و رۆڵی نه‌رێیه‌تی‌ وڵاتانی‌ جیهان و هه‌رێمیه‌كان له‌و بارودۆخه‌دا، كێشه‌كه‌ی‌ ئالۆزتر كرد.

        كەواتە مانگی هەنگوینی شۆرشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ بۆ كورد و كەركووكیيەكان تەمەنی كورت بووەو قاسم دوای بەهێزبوونی وەك هەموو سەركردەكانی پێش و پاش خۆی پشتی كردۆتە كوردو كەوتۆتە وێزەی كورد بەگشتی و كەركووكیەكان بەتایبەتی.

●●●

 

*ث. ي. د. ثشكؤ حةمةتاهير ئاغجةلةري، بةشي ميَذوو، زانكؤي سليَماني.

          سةرضاوةكان:

١. عةبدولقادر سالَح: شؤرشي 14 ى تةموزى 1958 لة عيَراق ،لةضاثكردنةوةكانى بةريَوةبةريَتى طشتى ضاث و بلآوكردنةوةلة وةزارةتى رؤشنبيري، سليَمانى ، 2005

٢كاوس قفطان: الحركة القومية التحررية الكوردية في كردستان العراق 1958-1964، السليمانية ،2004.

4. ميرزا محمد ئةمين مةنطورِى: بةسةرهاتى سياسي كورد – رِووداوةكانى كوردستان لة 1958-1970، بةرطي يةكةم، ضاثخانةى داناز، سليَمانى ،1999.

٥. ليث عبدالحسن الزيباري: ثورة 14 تموز 1958 في العراق ،ط2، منشورات مكتبة اليقضة العربية، بغداد، 1981.

 ٦. ئا. رةشيد محمد علي: عبدولكةريم قالسم لةتةرازووي ويذداندا، ضوارضرا، سليَمانى، 2003.

 ٧. خليل ابراهيم حسن: ثورة الشواف في الموصل 1959،بغداد،1987.

٨. علاء جاسم محمد الحربي: رجال العراق الجمهوري ،مطبعة جعفرالعصاي، بغداد،2005.

٩. منذر الموصلي: القضية الكردية في العراق” البعث والاكراد، دار المختار،دمشق، 2000.

١٠. ئامادةكردنى طؤظارى هيوا: شؤرِشةكةى عيَراق، طؤظارى هيوا، ذ(1)ى سالَى (2)، طةلاويَذي تةمموزى 19 .

11. محمد حسن الزبير: ثورة 14 تموز في العراق اسبابها ومقدمتها ومسيرتها وتنظيمات الضباط الاحرار، بغداد، 1983.

12. شازين هيَرش: بةلَطةنامة، ثارتى ديموكراتي كوردستان- عيَراق لةضةند بةلَطةنامةيةكى ميَذوويدا 1958-1963، بةرطي يةكةم، ضاثخانةى و ئؤفسيَتي ذير، سليَمانى ،2002 .

١٣. د.نورى طالباني: سياسة تغيير الواقع القومي لمنطقة كركوك 1921- 2003، طؤظارى ئةكاديمي، ذ (14)، هةوليَر، 2010 .

14. د.ميَظان عارف بادي: موقف الاحزاب السياسية العراقية من القضية الكوردية 1946-1976، بنكةى تويَذينةوةى ، هةوليَر، 2008 .

١٥. ئامادةكردنى طؤظارى هيوا: شؤرِشةكةى عيَراق ، طؤظارى هيوا، ذ(1)ى سالَى (2)، طةلاويَذي تةمموزى 1958.

١٦. ابراهيم احمد: البارتى وثورة 14تموز حتى ايلول 1961 ، جريدة خبات، عدد(741)، القسم الأول، اربيل،9 ايلول 1994 .

١٧. فاتح رسول: بنضينةى بيرؤكةى ميََذوويي ضةث لة كوردستان،ضاثي دووةم، سليَمانى ،2005 .

١٨. كاكةمةم فخري: ئافرةتاني كوردستان لة كةركوك ،طؤظارى هةتاو، ذ(140)، سالَى ثيَنجةم، شةممة، 10ئةيلولي 1958.

١٩. د.موكةرِةم تالَةباني: كوردستان و توركمان، و. عوسمان محةمةد سالَح، ضاثخانةى شةهيد(ئازاد هةورامي)، كةركووك ،2007.

٢٠. طؤظارى ثيَشكةوتن (التقدم)، ذمارة(19)ى سالَى يةكةم، تةمموزى 1958.

٢١. جلال طالباني: كردستان والحركة القومية الكردية، ط2، دار الطلبعة للطباعة والنشر، بيروت، 1971.

٢٢. د.واحد عومةر محيَدين: دانوستانةكانى بزوتنةوة ى رِزطاريخوازى نةتةوةيي كورد،حكومةتةكانى عيَراق (1921-1968).

٢٣. ثشكؤ تاهير ئاغجةلةرى:رِاثةرينى كةركوك سالَى 1991 ،مةكتةبي رِوناكبيري(ي.ن.ك)،سليَمانى ،2004.

٢٤. سةروةر عبدالرحمن عومةر: ثارتى كؤمؤنيستي عيَراق و مةسةلةى كورد 1934-1975، تێزی دكتۆرا، بلاونەكراوە.

25. خه بات / نضال، العدد(299)،28 ئاب 1960

 

About زريان احمد

Check Also

نووسینەوەی مێژوو بەپێی حەز و ئارەزوو!

چەند تێبینییەک لەسەر کتێبی مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد: ئەم کتێبە کە نووسەرەکەی سۆران حەمەڕەشە …