هۆكارەكانی جەنگی یەكەمی جیهانی
نووسينى
د.عبدالجبار عطيوى جاسم
وەرگێڕانی
نهاد جلال حبیب الله
جەنگی یەكەمی جیهانی بەیەكێك لەدیارترینو مەترسیدارترین رووداوەكانی ناو مێژوی گەلان دادەنرێت، ئەو جەنگە ناوچەیی نەبوو، بەڵكو جیهانی بوو دەوڵەتانێك بەشداریان تێدا كرد كە هەریەكەو سەر بە كیشوەرێكی جیابوو، هەرچەندە ئەوروپا مەیدانی سەرەكی جەنگەكە بوو، بەڵام ئەنجامە گەورەكانی بەجۆرێك لەجۆرەكان رەنگدانەوەیان لەسەر گەلانی هەموو كیشوەرەكان هەبوو.
ِ مرۆڤایەتی پێشتر هیچ كات نمونەی لەو جەنگەی بەخویەوە نەدیبوو، لەو جەنگەدا نوێترین چەكە پێشكەوتوەكان بەكاه ێنرانو وزە گەلێكی زۆری مرۆیی بۆ دابینكرا كە بەڕێژەی زیاتر لە65 ملیۆن كەس مەزەندە دەكرێت، ئەمانە بوونە سوتەمەنی ئەوجەنگەی كە لە ووشكانیو دەریاو ئاسمانەوە بەڕێوە دەچوو كاولكاریو لەناوبردنێكی نایەوە كە تەنها گیانیەكانی نەگرتەوە، بەڵكو چۆراوەی ژیاریەكانی سەدەكانی پێشوی لەناوبرد كە هەوڵی مرۆیی بەرهەمی هێنابوو.
ویڕای هەموو ئەمەش بەرە بەشداربووەكانی جەنگ توانای بەرهەمهێنی خۆیان تایبەت كرد بەپیشەسازیە قورسەكانیو سودیان لەهەر زانستێكی هونەری وەرگرت بۆ بەدیهێنانی پێناوو ڕیوشوینی نوێی بەدەسخستن.
جەنگی یەكەمی جیهانی گەورەترین جەنگێكی داگیركاری فراوانخوازیە كە پڕ بوو لەوناكۆكیە قوڵانەی كە دەوڵەتە گەورەكانی گرتبووەوەو لەكۆتاییدا دووبەرەی سەرەكی لێكەوتەوە كە بریتیبوون لەوبەرەیەی كە لەرووی مێژووییەوە بەدەوڵەتانی هاوپەیمانی ناسراوە كە فەرەنساو ئینگلتەراو رووسیای لەبنەرەتدا لەخۆدەگرت، دواتر ژمارەیەكی زۆری دەوڵەتانی تریش دایانە پاڵیان كە چەند هۆكارو پاڵنەرێكی جیاجیا هانیان دەدان بۆ ئەوە، بەرەی دووەمیش بەدەوڵەتانی نێوەند(میحوەر) ناسراوە كە پێك دەهات لەئەڵمانیاو نەمساـ مەجەرو ئیمپراتۆری عوسمانیو بولگاریا بەچاودێریو سەرپەرشتی ئەڵمانیا. بۆ روونكردنەوەی لایەنە حەقیقیو پاڵنەرە دوورو نزیكەكانی ئەو چەرمە سەریە گەورە مرۆییەو بەخشنی وێنەیەكی روون لەمەڕ چۆنیەتی پێكهێنانی ئەو دووبەرەیە، پێویستە ئەو هۆكارە سەرەكیانە بخەینە روو كە بوونە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگی یەكەمی جیهانی كە بریتیبوون لە:
یەكەم: ئەو گۆڕانو جێلەقیەی كە تەرازوی هێزەكانی گرتەوە بەتایبەت هێزە ئابوریەكەی، چەند دەوڵەتێكی نوێ دەركەوتنو گەشەیان كرد كە بریتیبون لەوویلایەتە یەگكرتووەكانی ئەمریكاو ئەڵمانیاو ئیتاڵیاو یابان كە لەلیستی دەوڵەتە بەرهەمهێنەكانی وەك ئینگلتەرادا بوون، ئینگلتەرا پێگەی ناردنی لەبەرهەمهێنانی پیشەسازیدا هەبوو لەسەر ئاستی جیهانی بۆ ماوەیەكی دوورو درێژ، لەكاتێكدا پێش ئەوەی سەدەی نۆزدەیەم كۆتایی پێبێت، وویلاتە یەگكرتووەكانی ئەمریكا شوێنی گرتەوەو دواتر ئەڵمانیا بەپلەی سێیەم دەهاتو فەرەنساش لەپلەی چوارەمدا بوو، دوای ئەوەی لەچاو ئەڵمانیا دا لەپێشتر بوو، ئەوەی یاریدەدەر بوو ئەڵمانیا لەرووی پیشەسازیەوە پێشكەوێت بونی خەڵوزو ئاسن بوو بەتایبەت دوای ئەوەی ئەلزاسو لۆرینی لەفەرەنسا سەند.
یەگرتنی ئەڵمانیا بوو بەزامن بۆ ئەوەی لەدابەشكردنی بەرهەمە پیشەسازیەكانیدا لەنێو بازاڕەكانی ئەوروپای ناوەڕاستدا سەركەوتوبێت، بۆیە پاڵی بەئەڵمانیاوەنا تا كارگە دامەزرێنێت، بەوەئەڵمانیا مەڵبەندێكی تایبەتی لەنێو دەوڵەتە پیشەسازیەكاندا داگیركردبوو و بەهۆی ئەو سیاسەتە ئابورییەی كە دەوڵەت گرتبویە بەر لەداڕشتنی نەخشەی پیشەسازیو گرنگیدانی بەئاسانكردنی هۆكارەكانی گواستنەوەو فراوانكردنی بەندەرەكانو ئاسانكردنی سەقامگیركردنی كەشتیەكان، دەریاوانی ئەڵمانی لەساڵی 1900 بەدواوە بەهێزترین دەریاوانی جیهان بوو لەدوای ئینگلتەرا، بەرهەمە ئەڵمانیەكان لەبازاڕەكانی ئەوروپادا برەویان پەیدا كرد وەك بەلجیكاو هۆڵەندا، بەڵكو بەرهەمە ئینگلیزیەكان لەخودی ئینگلتەراشدا جێپێیان لەق بوو لەگەڵ ئەوەی لەشۆڕشی پیشەسازیدا لەپێشتر بوو، بۆیە ئینگلیز ئاستی ركەبەری ئەڵمانی بۆ بازرگانی دەرەوەی تێبینی كرد كە پەلی هاوێشتبوو بۆ وڵاتانی تری نا ئەوروپی وەك بەشەكانی ئەمریكای لاتینیو ئیمپراتۆری عوسمانی، بەو جۆرە بازرگانی بەریتانی كە 23% ی ئابوری جیهانی لەساڵی 1880 لەخۆدەگرت، لەساڵی 1914 داكشا بۆ 17%، لەكاتێكدا پشكی بازرگانی ئەڵمانی لەهەمان ماوەدا لە9% وە زیادی كرد بۆ 12%و بەریتانیەكانیش زیانمەندی ئینگلتەرایان دەدایەوە پاڵ ئەڵمانیا، ئەمە بووە هۆی قوڵبوونەوەی ململانێی نێوان هەردوو ووڵات.
دووەم: ململانێ لەسەرداگیرگەكان:
لەڕاستیدا دەستگرتن بەسەر داگیرگەكاندا یەكێ لەهۆكارەكانی ململانێی نێوان ئەو دەوڵەتە گەورانەی كە ململانێی توند بوو لەنێوان ئەو دەوڵەتانەی كە تازە گەشەیان كردبوو وەك ئەڵمانیاو وویلایەتە یەگكرتووەكانی ئەمریكاو یابان كە پشكێكی كەمی هەبوو لەگەل گەشەسەندنو توانایدا نەدەگونجا، هەروەها لەنێَوان فەرەنساو ئینگلتەراو رووسیا كە چەند ئیمپراتۆرێكی داگیركاری بەرفراوانیان هەبوو.
ئاراستەو كاری دەوڵەتە داگیركراوەكانیش پاراستنی بارودۆخەكەو بەرەنگاربوونەوەی هەر ئاراستەیەكی فراوانخوازی بوو كە ئەودەوڵەتە نوێیانە پێی هەڵدەستان كە لەوپەڕی پێویستیاندا بوون بەكەرەستە یەكەمینەكان بۆ درێژەدان بەگەشەسەندنی خۆیانو پێویستیەكی زۆریان بەبازاڕگەلێك هەبوو كە شمەكو كاڵاكانیان لەوێدا بخەنە روو، هەروەها سوربوون لەسەر ئەوەی چەند ناوچەیەكی قەڵەمڕەوی نوی بێهننەكایە ئەگەرچی ئەمە ببێتە هۆی روودانی بەریەككەوتنی چەكدارانەو هەڵگیرسانی جەنگ، لەڕاستیدا ئەو خواستو چاوچنۆكیە داگیركاریە هۆكارێكی سەرەكی بوو بۆ هەڵگیرساندنی جەنگی یەكەمی جیهانی هەروەك خواستی دەوڵەتە ئەوروپیەكان بۆ بەدەستهێنانی سامانی زیاتر لەڕێگەی دڵنیاكردنی بازاڕی دەرەكی بۆ زیادەی بەرهەمیان بوو بەهۆكارێكی گرنگ یا لەسەر داگیرگەكانو لەسەر رێگەكانی چوون بەرەو ئەوە ركەبەربن.
ئەڵمانیا لەبواری كاركردن بۆ دەسەڵاتداریو دابەشكردنەوەی ناوچەكانی قەڵەمڕەو لەجیهاندا لەهەموو ئەو دەوڵەتانە زیاتر چالاكی هەبوو، بەپێی ئەم سیاسەتە فەرمانرەوایانی ئەڵمانیا بەپێی بانگەشەی خۆیان بۆ شوێنێك دەگەڕان بۆ دەوڵەتەكەیان كە لەژێر تیشكی خۆردا بێت.
دارشتنی ئەو بیرە داگیركاریە تەواوە بەمجۆرە بوو:
(ئیمپراتۆری ئەڵمانی خاوەن هێزو زیندوێتیو توانای ئابوریو گەشەسەندنی خێرای دانیشتوانی خۆیەتی، بۆیە ئەڵمانیا مافی هەیە لەپشكێكدا كە شیاوی گرنگیەكەی بێت، ئەمەش لەكاتی دابەشكردنی زەویەكان یان دابەشكردنەوەی ناوچەكانی قەڵەمڕەو لەجیهاندا)
سێهەم: سیاسەتی بەستنی هاوپەیمانێتیە نێو دەوڵەتییەكان:
سیاسەتی بەستنی هاوپەیمانیو كوتلەگەرای نێو دەوڵەتی بەخالی سەرەتای دابەشكردنی گەورە دەوڵەتانی ئەوروپا دادەنرێت بۆ چەند سەربازگەیەكی دژ بەیەكو هەركۆمەلەو بەچاوی گومانو دوو دڵیەوە دەیڕوانیە هێزەكانی تر، ئەمە پاڵی پێوە دەنا تا هەوڵ بدات بۆ بەهێزكردنو گەشەدان بەهێزە ووشكانیو دەریاییەكانی، پاشان ئەو ناكۆكیانە دەوڵەتە گەورەكانی بەرەو جەنگ هاندەدا، هەروایش بوو لەپشت كوتلەگەرای دەوڵەتەگەورەكاندا لەدووبەرەی ناتەبادا چەند هۆكارێكی بنەڕەتی خۆیان حەشاردابوو كە لەسەرەتادا وە لەپەیوەندیەكانی فەرەنساو ئەڵمانیادا بەڕوونی دەردەكەوتنو وای لەو دوو دەوڵەتە كرد ببنە دوو جەمسەری بنەڕەتی كە دەوڵەتە گەورەكانی تریش هەریەكەو بەپێی بەرژەوەندی خۆی لەدەوریان كۆبونەوە.
جا ناكۆكیەكانی نێوان ئەڵمانیاو فەرەنسا لەجەنگی پرووسی فەرەنسیدا (1870ـ1871) تووندی كرد بەهۆی دەستگرتنی ئەڵمانیا بەسەر هەرێمەكانی (ئەلزاسو لۆرین)ی فەرەنسیدا كە لەخەلوزو پلێتی ئاسندا دوەڵەمەند بوو، وێڕای ئەو باجە گەورەیەی كە لەو كاتەدا سەپێنرا بەسەر فەرەنسادا.
ساڵی1872 سەرەتای ماوەیەكی یەكلاكەرەوە بوو كە تیایدا چەندین هاوپەیمانێتی بەسترا لەنێوان چەند بەرەیەكی جیاوازی دەوڵەتانی ئەوروپیدا كە بەرژەوەندیو ئامانجەكان دەستنیشانیان دەكردن گرنكترینیان بریتی بوون لە:
أـ كۆمەلەی سێ ئیمپراتۆریەتەكە (1873ـ1887)
ئەم هاوپەیمانێتیە لەبەرلین بەسترا لەنێوان هەریەك لەئیمپراتۆری ئەڵمانیا (ولیەمی یەكەم)و قەیسەری رووسیا (ئەسكەندەری دووەم)و ئیمپراتۆری نەمسا (فرانسوا جۆزیف)، ئامانجی بنەڕەتی ئەو هاوپەیمانێتیە رێككەوتنی سێ لایەنە بوو بۆ پاراستنی رەوشی سیاسی سێ ئیمپراتوریەتەكەو بەرگریكاری دژی بزوتنەوەو بیروڕا شۆڕشگێڕەكانو كودەتا چاوەڕوانكراوەكان، ئەوهاوپەیمانێتیە بەرە رووی لاوازی بوویەوە، كاتێك لەگۆنكرەی بەرلین لەساڵی 1878 بڕیاری لەسەردرا بۆسنەو هەرسكی خستە ژێر كارگێڕی نەمساوی، ئەمە رووسیای توڕە كرد، چونكە صربیای هاوپەیمانی دەیویست دەست بەسەر ئەو دوو هەرێمەدابگرێت، وێڕای ئەوەی خۆی بەپارێزەری گەلە سلاڤیەكان دادەنا، لەساڵی1881 ئەو هاوپەیمانێتیە بەچەند مادەیەكی نوێ بەستراو رێككەوتن بەستراو لە سەر راوێژی پێشوی نێوان سێ دەوڵەتەكە لەسەر هەر گۆڕانێك كە بڕیاربێت بەرامبەر دەوڵەتی عوسمانی ئەنجامبدرێت لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتیەكەدا، دەبێت ئەڵمانیاو نەمساو رووسیا بێلایەن بن ئەگەر لەنێوان ئەو دوانەو دەوڵەتی چوارەمدا (جگە لە دەوڵەتی عوسمانی) هەرپێكدادانێك روویدا، ئەم هاوپەیمانێتیە لەساڵی1884 نوێ كرایەوە، بەڵام لەساڵی 1887 كۆتایی پێهات بەهۆی بارگرژبوونی پەیوەندی نەمساو رووسیا لەناوچەی بەڵقاندا.
ب ـ هاوپەیمانی دوولایەنەی ئەڵمانی ـ نەمسایی 1879:
لە نێوان ئەڵمانیاو ئیمپراتۆریەتی نەمسا ـ مەجەردا پەیمانامەی ساڵی 1879 بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەستراو بۆ نوێكردنەوەش دەبوو، لەم پەیماننامەیەدا هاتوە هەردوژمنكاریەك بۆ سەر هەریەكەیان واتە دەستدرێژی كردنە بۆ سەر هەردووكیان، ئەگەر رووسیا هێرش بباتە سەر نەمسا یان ئەڵمانیا، پێویستە ئەویتریش جەنگی لەدژ رابگەیەنێت، بەڵام یەكێكیان هێرشی بردە سەر دەوڵەتێكی تر ئەوا پێویستە ئەوی تریان بێلایەن بمێنێتەوە.
ئەو هاوپەیمانێتیە بەهۆكارێكی سەرەكیو یەكلاكەرەوە دادەنرێت لەمێژووی ئەوروپادا چونكە بەرەی ئەڵمانیا نەمسایی تاكۆتایی جەنگی یەكەمی جیهانی چەساند.
ج ـ هاوپەیمانی سێ لایەنەی 1882:
ئەم هاوپەیمانێتیە لەنێوان ئەڵمانیاو نەمسا ـ مەجەرو ئیتاڵیادا بەستراو ئامانجی یەكەمی كەنارخستنی فەرەنساو دواتر سەپاندنی هەژمونی ئەڵمانیاو دەستگرتنی بوو بەسەر مەیدانی شانۆی ئەوروپیدا، لەسەر ئەوە رێككەوتن لەهەركات فەرەنسا هێرش بباتە سەر ئیتاڵیا هەریەك لەنەمساو ئەڵمانیا یارمەتی ئیتاڵیا بدەن، ئیتاڵیاش رێككەوت ئەگەر فەرەنسا هێرش بباتە سەر ئەڵمانیا ئەوا یارمەتی ئەڵمانیا بدات، ئەگەریش دوو دەوڵەتی تر واتە (روسیاو فەرەنسا)هێرش بكەنە سەر یەك یان دوو لەئەندامی بەرەكان ئەوا دەبێت هەموو دەوڵەتە بەشداربوانی ئیمزاكردنەكە بەیەكبوونی بچنە جەنگەكەوە، فەرەنسیەكان كە (تونس)یان گرت، تورەیی ئیتاڵیای نایەوە وای لێكرد بەشداری بكات لەهاوپەیمانی سێ قۆلیدا، لەكاتێكدا دوژمنایەتی مێژووی هەبوو لەگەل نەمساو مەجەردا، گاریگەری ئەم جەنگە مایەوە تا هەڵگیرساندنی جەنگی یەكەمی جیهانی.
د ـ پەیماننامەی گێرانەوەی ئاسایشی ساڵی 1887:
پاش كۆتایی هاتن بەكۆمەڵەی سی ئیمپراتۆریەتەكە لەساڵی 1887 هاوپەیمانی دوولایەنەی نێوان رووسیاو ئەڵمانیا شوێنی گرتەوە كە بەپەیماننامەی گێرانەوەی ئاسایشی ساڵی1887 ناسراو بوو، گرنگترین بەندەكانی بریتیبوون لە:
1. ئەگەر یەكێك لەو دوو دەوڵەتە لەگەڵ دەوڵەتی سێیەمدا چووە جەنگەوە پێویستە دەوڵەتەكەی تر پابەندی بێلایەنی دۆستانە بێت.
2. ئەڵمانیا دانی بەبەرژەوەندیەكانی رووسیا لەبولگاریادا نا.
3. پاڵپشتی هەر دەستگرتنێكی رووسی بەسەر دەروازەی دەریای رەشدا.
ئەم پەیماننامەیە تاساڵی 1890 رۆڵی مایەوە.
ه ـ هاوپەیمانی بەریتانی ـ ئیتاڵی ـ نەمساوی 1887:
ئینگلتەرا لەو ماوەیەدا دوور بوو لەهاوپەیمانێتیەكانو كەنارگیری پێباشتر بوو، واتە سیاسەتی (كەنارگیری شكۆداری) گرتە بەر.
ئەم كەنارگیریە بووە هۆی مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئینگلتەرا، ئەمەش بەهۆی فراوان بوونی قەڵەمڕەوی داگیركاری لەهەموو شوێنیك، لەبەرئەوەی نەیتوانی بەرەو رووی ئەومەترسیانە بێتەوە كە دووچاری بەرژەوەندیەكانی بوون، بۆیە دەستبەرداری كەنارگیری خۆی بوو لەگەل ئیتاڵیادا پەیماننامەیەكی دوو لایەنەی بەست، كە بەو پێیە ئیتاڵیا دانی نا بەداگیركاری بەریتانیا بۆ میسر بەرامبەر بەدانپیانانی بەریتانی بەبەرژەوەندیەكانی ئیتاڵیا لەتەرابلوسی رۆژئاوادا، دوای ئەوەی ئیمپراتۆریەتی نەمساوی چووە ناو ئەم هاوپەیمانێتیەی بەریتانیاو ئیتاڵیا، دواتر دەركەوت كە ئەم هاوپەیمانێتیە دژ بەفەرەنساو رووسیا بوو پاڵپشتی ئەڵمانیای دەكرد.
و ـ هاوپەیمانی رووسی ـ فەرەنسی 1891ـ 1894:
فەرەنسا دووربوو لەسیاسەتی هاوپەیمانێتیە ئەوروپیەكانو بسمارك توانی لەسەر ئاستی دەرەكی تەنگی پێهەڵچنێت، بەلام ئەو كەنارگیریە سەپاوە نەیدەتوانی لەژێر سایەی بارودۆخی ئەوكاتی نێودەوڵەتیدا زۆر درێژە بكێشت، فەرەنسا هاوپەیمانێتی لەگەل رووسیا بەست كە رەزامەندی رووسیای لەسەر یارمەتیدانی فەرەنسا لەخۆ دەگرت ئەگەر ئەڵمانیا یان نەمسا بەیارمەتی ئەڵمانیا هێرشی بكاتە سەر، رەزامەندی فەرەنساش بەیارمەتیدانی رووسیا ئەگەر ئەڵمانیا یان نەمسا بەیارمەتی ئەڵمانیا هێرشی بباتە سەر.
ی ـ رێككەوتنی ئیتاڵی ـ فەرەنسی ـ1900
ئەم پەیماننامەیە لەساڵی 1900 لەنێوان فەرەنساو ئیتاڵیادا بەستراو تیایدا ئیتاڵیا دانینا بەبەرژەوەندیەكانی فەرەنسا لە(مەراكش)داو بەرامبەر بەوەیش فەرەنسا دانینا بەپەرژوەندیەكانی ئیتاڵیادا لەتەرابلوسی ڕۆژئاواو هەردوولا رێككەوتن لەسەر پاپەندی بێلایەنی بەوكاتەی كە یەكێكیان لەلایەنی سێیەمەوە بەرەو رووی هێرش دەبێتەوە.
* هاوپەیمانی دۆستایەتی 1904ـ1907:
بەڕوانین بۆ نەشونماكردنی ئەومەترسیە ئەڵمانیەی كە بەرەبەرە هەڕەشەی لەبەرژەوەندیەكانی ئینگلتەرا دەكرد، وەك پێشتر ئاماژەمان پێكرد بەریتانیا هەوڵی دا لەسیاسەتی كەنارگیری شكۆداری پێشووی خۆی دەستبەردار بێتو خۆی لەفەرەنساو رووسیا نزیك كردەوە، لەساڵی 1904 لەگەل فەرەنسادا رێككەوتنێكی ئیمزا كرد كە ئامانجی نەهێشتی ناكۆكیەكانی نێوان دوو دەوڵەت بوو لەمەڕ داگیرگەكانو هەمووی ئەوەی پەیوەستە بەئاوە هەرێمیەكانی نێوانیانەوە، یەكێك لەبەندەكانی رێككەوتنەكە داننانی فەرەنسا بوو بەبەرژەوەندیەكانی ئینگلتەرا لەمیسر، بەرامبەر بەوە ئینگلتەرا دانبنێت بەپێگەو بەرژەوەندی فەرەنسا لەمەراكشدا، پاش سێ ساڵ، واتە لە1907 ئینگلتەرا لەگەڵ رووسیا رێككەوتنێكی بەست، بەپێی بەندەكانی هەردوو دەوڵەت زۆربەی ناكۆكیە ئاسیاییەكانی نێوانیان نەهێشت، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بەئێرانەوە كە دابەشكرابوو بۆ سێ ناوچەی قەڵەمڕەو، باكور بۆ رووسیاو ناوەڕاست بێلایەنو باشوریش بۆ بەریتانیا، بەوجۆرە بەرەیەكی نوێ لەئەوروپادا دژ بەهاوپەیمانی سێ قۆڵی سەریهەڵداو بەناوی (هاوپەیمانی دۆستایەتی) ناسرا، بەهەرحاڵ دەوڵەتانی ئەم پێكهاتنە لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی یەكەمی جیهانی لە 3ی ئەیلولی 1914 دا ئینجا هاوپەیمانی سەربازییان پێكهێنا.
چوارەم ـ نەشونماكردنی گیانی سەربازی:
ئەم هۆكارە پەیوەندیەكی پتەوی بەهۆكاری پێشووەوە هەیە، واتە بەبابەتی هاوپەیمانییە نێودەوڵەتیەكانەوە ئەوەش لەبەرئەوەی هەر دەوڵەتێكی گەورەی ئەوروپی بەتەنها كاری بۆ بەرزكردنەوەی توانای سەربازی خۆی دەكرد، بەشێوەیەك رێگەنەدات كەسی تر بەسەریدا زاڵ بێت.
لەم واقیعەوە دوو ئاراستەی كاریگەر كەوتنەوە:
1. دەوڵەتە كێبركێكەرەكان نارچاربوون سوپاو كەشتیگەلە زۆرەكانیان بپارێزن لەگەڵ خواستی خەرجیو چاودێری هەنگاوەكانی دوژمنیشدا، ئەمە بووە هۆی كۆبوونەوەی تۆرەكانی هەواڵگریو چاودێری.
2. دەستەیەك لەسەربازیەكان دەستیان بەسەر كاروباری كارگێڕیو رامیاری ووڵاتدا گرتو لەچوارچێوەیەكی سەربازیدا ئاراستەیان دەكرد.
پێنچەم ـ پێكدادانی بەرژەوەندیە ئابوریەكان:
پاش شۆڕشی پیشەسازی دەوڵەتە پێشڕەوەكان بەچالاكی زیاتر لەجاران بۆ بازاڕ دەگەڕان تا كاڵاو بەرهەمە پیشەسازیەكانیان ساغبكەنەوەو كەرەستە یەكەمەكان بەدەست بخەنو سەرمایەی زیادە بخەنە كارەوە، ئەمە مۆركێكی زیاتر لەجاران دوژمنكارانەی بەداگیركەر بەخشیو هەراو هوریای پەیداكردنی چەند دەروازەیەك بۆ زیادەی دانیشتوانو جەخت كردنەوە لەقۆرخكردنی زەویە داگیر كراوەكانو بردنی كەرەستەی خاوو سامان زیادی كرد، بەڕوانین بۆ ئەو گۆڕانەش چینێكی نوێی گەورە لەسەرمایەداران دەركەوتن كە كەوتنە ئەوەی دارایی خۆیان لەو ووڵاتە دوواكەوتوانە بخەنە كار كە پێویستیان بەهێلی ئاسن هەبوو، یان بانكو یانەی دارایی دابمەزرێننو بگەڕێن بەدوای كانەكاندا، لێرەوە پاڵنەری سیاسی كە رەنگی دابوویەوە لەسەر ركەبەری دەوڵەتە ئەوروپیەكان لەسەر فراوانكردنی ناوچەی دەسەڵاتیان لەودیوو دەریاكاندا بۆ پاڵپشتی قەڵەمڕەوی نێو دەوڵەتیانو دامەزاندنی چەند ئیمپراتۆریەتێك بەدیدە داگیركاریەكان رازی بوونو تاویاندایە سەركەشیی نەتەوەیی دەمارگیری، هەموو ئەمانە بوونە هۆی توندبوونەوەی ململانێی ئەوروپیو دواتر هەڕەشەی كرد لەئاشتی ناو ئەوروپاو ناوچەكانی تری جیهان.
هۆكاری ڕاستەوخۆ:
هۆكاری ڕاستەۆخۆی جەنگی یەكەمی جیهانی پەیوەستە بەبابەتی كوشتنی (ئەرشیدۆق فردیناندی) سەركردەی نەمساـ مەجەر لەشاری سەرایڤۆی پایتەختی بۆسنە، ئەمەش لە28حوزەیرانی1914و لەسەردەستی یەكێك لەئەندامانی رێكخراوی دەستی رەش كە ئامانجی كاركردن بوو بۆ یەكبوونی سربی، دەسەڵاتەكانی نەمسا ئەم رووداوەیان قۆزتەوە تا دەست بەسەر سربیادا بگرن، بەڵام باش دەیانزانی جەنگ لەگەڵ سربیادا دەبێتە هۆی دەست تێوەردانی رووسیا، بۆیە نەمسا هەڕەشەیەكی توندی بە رێككەوتن لەگەڵ ئەڵمانیا ئاراستەی سربیا كرد، ئەم روووداوەش ناكۆكیەكانی نێوان دەوڵەتە ئەوروپیەكانی قوڵتركردەوەو رێككەوتنە نێودەوڵەتیەكانو هاوپەیمانێتیەكان چوونە چوارچێوەی واقیعێكی كرداریەوە، جا لەو رۆژەوەی نەمسا چالاكییە سەربازییەكانی خۆی دژ بەسربیا دەستپێكرد حكومەتی رووسی كە پەیوەست بووون بەپەیماننامەیەكی دۆستانەو هاوپەیمانێتیەك لەگەڵ سربیادا رایگەیاند كە ناتوانێت دەست لەهاوپەیمانێتیەكە بەربدات، بۆیە داوای لەنەمسا كرد تا چالاكیە سەربازیەكانی بوەستێنێتو پەنا بباتە بەر داوەری لەپێناو چارەسەر كردنی ناكۆكی لەگەڵ سربیادا، هۆكاری ئەمەش كە حكومەتی رووسیا ئەم هەڵوێستەی گرتە بەر دەگەڕێتەوە بۆ هەستكردنی بەوەی كە ئەگەر لەپاڵپشتی سربیادا خاوخلیچكی بنوێنێت ئەوا دواتر هەمووو ئیعتیبارێك لای گەلانی تر لەدەستدەدات بەتایبەت لای دۆستەكەی، هەروەك دەبێتە هۆی دەسەڵاتی نەمسا بەسەر (دانوبو بەڵقان)دا بەهێزبێت.
ئەڵمانیا لە29ی تەموزی 1914 دا ڕایگەیاند ئەگەر حكومەتی رووسیا دەستپێشخەری نەكات بۆ بەكارخستنی ئامادەسازی جوزئی ئەوا ئەمیش ئامادەسازی گشتی رادەگەیەنێت، رووسیاش لەوەڵامدا لەجیاتی دەست لەكاركێشانەوەی ئامادەسازی گشتی رادەگەیەنێت.
ئەڵمانیاش لەوەڵامی رووسیادا دوو هەڕەشەی لە31تەموز دا ئاراستە كرد، یەكەم بۆ رووسیاو دووەمیش بۆ فەرەنسا پاشان لەیەكی ئاب 1914 ئامادەسازی گشتی راگەیاندو فەرەنساش لەوەڵامی هەڕەشەكەدا وەك بەڵًگە بۆ پاڵپشتیكردنی رووسیای هاوپەیمانی ئامادەسازی گشتی راگەیاند، ئینگلتەراش دژ بەئامادەسازی گشتی بوو لە1ی8ی 1914 رایگەیاند كە ئەو پەیوەست نییە بەپێشكەشكردنی ئامادەسازی سەربازی بۆ فەرەنسا لەكاتی جەنگی لەگەڵ ئەڵمانیادا، ئەمە پاڵی بەئەڵمانیاوە نا تا خێرا لە2ی ئاب 1914 فەرمان بۆ سوپاكانی دەربكات تا بچن بۆ داگیركردنی فەرەنسا ئەمەش لەڕێگەی بەلجیكاوە هەرچەندە بەلجیكا بێلایەنی هەڵبژاردبوو.
هەر كە هێزە ئەڵمانیەكان بێلایەنی بەلجیكایان بڕی چەند پەرچەكردارێكی رای گشتی بەهێز لای بەریتانیا دروست بوو و داگیركردنی خاكی بەلجیكای دراوسێ لەلایەن دەوڵەتێكی گەورەوە بەهەڕەشە بۆ سەر ئینگلتەرا زانی كە بەرژەوەندی ئەوەی دەخواست رێ بەئەڵمانیا یان هەر دەوڵەتێكی تری ئەوروپا نەدات بنەڕەتەكانی هاوسەنگی نێودەوڵەتی بشێوێنێت، بۆیە حكومەتی بەریتانیا هەڵوێستی خۆی گۆڕیو لە4ی ئابی 1914 دا بەئاشكرا یارمەتی هاوپەیمانیەكەی خۆیدا بەو رێگەیەش ئەودەوڵەتە ئەوروپیانەی لەماوەی چەند رۆژێكی جەنگەكەدا بەشداریان كرد بریتیبوون لەفەرەنساو رووسیاو ئینگلتەراو سربیا لەبەرەی پێكهاتنی دۆستایەتیو ئەڵمانیاو نەمساو مەجەر لەبەرەی دەوڵەتانی نێوەند لەدواتر دەوڵەتانی عوسمانیو بولگاریا دایانە پاڵیان، بەو جۆرە ناكۆكیەكان زیادی كردوو بەرژەوەندیەكان لەململایەنیەكی فرە لایەنەو تێرو پڕدا كۆبۆوە كە جەنگی یەكەمی جیهانی بوو بەجەنگێكی فراوانخوازی بۆ هەردوو لا بەیەكسانی، بۆیە بەرپرسیاریتی ئەو جەنگەی كە مرۆڤایەتی قوربانیەكی زۆرو چەرمەسەریەكی زیادی بۆدا دەكەوێتە سەر شانی هەموو دەوڵەتە شەڕكەرەكان، هەرچەندە ئەڵمانیا پەرپرسیارێتی دەستپَكردنی جەنگی گرتە ئەستۆ لەپێناو دووبارە دابەشكردنەوەی ناوچەكانی دەسەڵاتو قەڵەمڕەو لەجیهاندا.
مێژوو