ڕاپەڕینى هـه ولێر و ئامانجەکانی
-بێ گومان هەموو ڕۆژ و ساتەکانی ڕاپەڕین، ڕۆژ و ساتی گرینگ و مێژووین و لە هەر کامێکیاندا شارێک و شوێنێکی گرینگی کوردستانی تێدا ئازاد کرا ،وە لە نێو ئەو ڕۆژمێرەشدا ١١ی ئازار یەکێکە لە ڕۆژە هەرە پڕشنگدارو مێژووییەکان،کە تیاییدا هەولێری پایتەخت،لەلایەن جەماوەری جوامێر و نیشتیمان پەروەری ئەو شارە و بە هاوکاری پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان ئازادکراو بە یەکجاری پاک کرایەوە لە دەست دوژمنان و داگیرکەرانی بەعسی گۆڕ بە گۆڕ.
-لێرەدا بە پێویستی دەزانین لە پێناو نەشێواندنی ڕاستی مێژوویی ئەو ڕوداوەو وەک وەڵامێک بۆ ئەو کەس و لایەنانەی کە ساڵانێکە دەیانەوێت خۆیان وەک پاڵەوان و جێ بەجێکاری ئەو داستانە بناسێنن و ڕاستیەکان لە بەرژەوەندی خۆیان بشێوێنن،ناچارین باس لە چەند واقیعێکی مێژوویی ئەو ڕوداوە بکەین وەک خۆی،لەگەڵ ئەوەی گومان لەوەدا نیە کە بەرنامەی کۆی پڕۆسەی ڕاپەڕین لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە داندراوە،وە بۆ زیاتر سەلماندنی ئەمەش و بۆ نەمانەوەی هیچ گومانێک لەم ڕاستیە دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ ئەرشیفی رۆژنامەی(سەفیری لوبنانی)کە لە ساڵی ١٩٨٩ چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ جەنابی مام جەلال کردوەو زۆر بە ڕوونی باس لە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و هۆکارەکانی بەرپابوونی ئەو ڕاپەڕینە دەکات،وە بەڕێز کاک نەوشیروانیش لە ژێر ڕۆشنایی ئەو تێڕوانینانەی جەنابی مام جەلال،بوو بە ئەندازیاری دارشتنی بەرنامەی ڕاپەڕین،وە هەولێریش لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدا بەڕێز کاک کۆسرەت سەرکردایەتی ئازادکردنی کردوو ئێمەش چەند مانگێک بەر لە ڕاپەڕین بە پارتیزانی گەڕابوینەوە بۆ جێبەجێکردن و زەمینەسازی کردنی ڕاپەڕینەکە.
لەم ڕۆژەدا وێڕای پیرۆزبایی کردن لە خەڵکی هەولێر و کەسوکاری شەهیدان و سەرجەم ئەو تێکۆشەر و پێشمەرگە دێرینانەی بەژداربوون لە تۆمارکردنی ئەو داستانە مێژووییە ،جێی خۆشیەتی بپرسین ئایە ئەو ئامانجانەی لە پێناویدا ڕاپەرینمان بەرپاکرد،بەدیهاتوون و رەنگیان داوەتەوە لە حوکمڕانی کردنی ئەمڕۆی هەولێر؟
-لەگەڵ ئەوەی ئەولەویەتی ئامانجەکانی بەرپاکردنی ڕاپەڕین بۆ وەدەرنان و کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی بەعسی فاشیست و لە جێیدا بنیاتدانی حکومەتێکی خۆ جێیی کوردی بوو،بەڵآم لە پاڵ ئەمەشدا کۆمەڵێک ئامانجی گەورەی تریش هەبوون کە بە درێژایی مێژوو گەلەکەمان پێی نا ئاشنابوو و ئاواتەخوازی گەیشتن بوو پێی،کە خۆی دەبینیەوە لە(ئازادی لە مومارەسەکردنی ژیانی سیاسی و ڕێکخراوەیی و هەروەها یەکسانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یاساو سەروەربوونی)وە هەروەها دەمانویست ڕاپەڕین بکەینە هەوێنێک بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و پێشکەوت و خوازی وەها،کە بۆ هەمیشە سیماو سەقافەتەکانی حیزبی بەعسی دیکتاتۆری تێدا ریشەکێش بکەین،ئایە ئەم ئامانجانە بەدیهاتن و کاری جددی بۆ بەدیهاتنی کران؟
لە ڕاستیدا ڕاپەڕین توانی هەر زوو ئامانجە سەرەکیەکەی خۆی بپێکێ و بۆ یەکەم جار لە مێژوودا تواندرا پەرلەمان و حکومەتێکی خۆ جێی کوردی دروست بێ و هەولێری پایتەختیش ببێ بە چەقی ئەم حکومەت و پەرلەمانە،کە من بەش بە حاڵی خۆم سەرباری سەرجەم کەموکوڕی و کەمتەرخەمیەکانی بە دەستکەوتێکی مێژوویی گەورەی دەزانم بۆ گەلەکەمان،بەڵام ناشکرێ ڕاپەرین و ئامانجەکانی هەر تەنها لەوەندە کورت بکەینەوەو لە ئاست بە ئەنقەست فەرامۆشکردن و لە گۆڕنانی ئەمانجەکانی تری چاو دابخەین، بەڵێ ناکرێ لە ئاست ئەم هەموو نا عەدالەتی و نا دادپەروەریەی کە ڕۆژانە لەسەر حیسابی کەسوکاری شەهیدان و تێکۆشەرو خەبات گێڕە ڕاستەقینەکانی ئەم شارە ئەنجام دەدرێ بێ دەنگ بببین،کە دەبینین تیکۆشەرانی دوێنێی بەرەی ڕاپەڕیوی گەل ئەمڕۆ لەم شارەدا مافخوراوو فەرامۆشکراون و وەک هاوڵآتی پلە دوو سەیر دەکرێن!،کە نەمان دیت و نەمان بیست لە کوچەیەکی ئەم شارە ڕۆژێک لە ڕۆژان وەک وەفایەک،وەک ڕێزێک(شەقامێک،خوێندگەیەک،نەخۆشخانەیەک،کتێبخانەیەک….هتد)یان بە ناوەوە بکرێ تا بۆ هەمیشە نەوە لە دوای نەوە وەک پاڵەوان و سمبوڵی ڕاپەڕین ناوو خەباتیان لە مێژووی نەتوەکەماندا بە بەرزی و درەوشاوەیی بمێنێتەوە،بەڵام بە داخەوە لە بری ئەمەو لە بەرامبەریاندا زۆربەی ئەوانەی کە لە ڕۆژمێرەکانی ڕاپەڕین لە بەرەی گەلنەبوون، ئەمرۆ دەسەڵاتتداری هەولێرن و غەرقی ئیمتیازاتن لەم شارەدا!،
وە هەروەها یەکێکی تر لەو نادادپەروەریانەی تر کە جێگای ئاماژە پێکردن و هەڵوەستە لەسەر کردنە ئەوەیە،بەر لە بەرپاکردنی ڕاپەڕین خەباتگێرەکانی شاخ هەموو وەک یەک خەڵکی جوان نەبووین،کەچی لە شار و لە دوای ڕاپەڕین بە بێ هەڵسەنگاند و بە بەرنامەیەکی حیزبی هەموو وەک یەک ناشرینکراین!
بەڵێ ناکرێ لە ئاست ئەو هەموو پێشێلکاریانەی کە رۆژانە لە بەرامبەر( ئازادی) دەکرێ و ئازادیش یەکێک بوو لە ئامانجە دیارەکانی ڕاپەرین بێ دەنگ و بێ هەڵوێست بین،وە هەروەها سەروەربوونی یاساو ڕێزگرتن لە بەها یاسایی و دیموکراسیەکان،کە بەر لە ڕاپەڕین خەڵکی کوردستان تێنوو عەوداڵی بوون و بەو هیوایەبوون ڕاپەڕین ئەم ئاوەتەیان بۆ بەدی بێنێ،کەچی بە داخەوە تا ئەم ساتە وەختە سەروەری یاساو بنەماکانی دیموکراسیەت نەک هەر فەراهەم نەبوون،بەڵکو پێشێلکاری و سوکایەتی گەورەشیان بەرامبەر دەکرێ!
بۆیە جێی خۆیەتی لە ئێستادا خەڵکی هەولێری قارەمان و کەس و کاری شەهیدان و سەرجەم ئەو تێکۆشەرانەی کە ڕاپەرینیان بەرپاکرد بپرسن:
-ئایە ڕاپەرینمان لە پێناو ئازادی و دیموکراسی بەرپاکرد یاخوود خنکاندنی ئازادی؟
-ئایە ڕاپەڕینمان لە پێناو گەیشتن بە ژیانێکی خۆشگوزەران و سەرفراز بەرپاکرد،یاخوود بەتاڵانبردن و برسیکردن و زەوتکردنی سەرەتاییترین مافەکانی ژیانمان؟
-ئایە ڕاپەڕینمان بۆ وەدەرنان و سزادانی جاش و مستەشار و بکوژانی ڕۆڵە قارەمانەکانمان بەرپاکرد یاخوود بۆ زیاتر باڵادەست بوون و ئەستورترکردنی دەسەڵاتیان لەم شارە کە ئەمڕۆ هەمووان بە چاوی خۆمان دەیانبینین؟
- براتان / برهانى سعيد صوفى