Home / ناوداران / نیشتمانپەروەری كورد عەلی مەحموودی كاكەخان دزەیی 1898-1970

نیشتمانپەروەری كورد عەلی مەحموودی كاكەخان دزەیی 1898-1970

 19668042_1479223815493060_1385158040_n

].md
ئا: كەریم شارەزا

عەلی مەحموودی كاكەخان یەكێك بوو لەو نیشتمانپەروەرانەی بەدڵا و بەگیان پشتگیریی شۆڕشەكانی شێخ مەحموودی حەفیدیان كردو بەشدارییان تێداكردو سوێندخۆری مەلا مستەفای بارزانیی نەمربوو. ئەم زاتە كوری مەحموود ئاغای كوری كاكە خانی كوری سمایل ئاغای كوری كاكە خانی گەورەی دزەییە . لەسالی 1898 دا لەگوندی (گرد مەلا) ی سەر بەناحیەی قوشتەپەی پارێزگای هەولێر لەدایكبووە.
دۆستی پیاو چاك و خزمەتگوزارانی كورد بووە. دۆستێكی خۆشەویستی شیخ مەحموودی مەلیكی كوردستان بووە.لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی یەكەمی لەئایاری 1919دا خۆی گەیاندۆتە سلێمانی و بەشداریی تێداكردووەوكۆمەڵێك سواری شەڕكەری لەگەڵا خۆیدا بردووە، لەوانە : عەزیزی وسوائاغای دزەیی و سابیر ئاغای برای هادی حوسین ئاغا و سمایلی عەلی جەمرەوكوێخا مەجیدی شانشینی…
كە شۆڕشەكە شكست دێنێ‌ عەلی ئاغا دەگەرێتەوە ناوچەی هەولێرو لەناوچەی دێدەوان خۆی قایم دەكات دوور لەدەسەلاتی حوكمەتی عیراق لەو دیهاتانەدا دەژی تاكو بڕیاری لیبوردنی بۆ دەردەچێ‌ ، ئینجا لەقوشتەپە دادەنیشێ‌ و خەریكی كشت وكاڵا وفەلاحەتی دەبێ‌ و ، بەردەوامیش پەیوەندیی بەشیخ مەحموودەوە دەبێ‌ و نامەونوێنەریان لەنێواندا هاتووچۆ دەكات و مەلا خالیدی مورتكە ئەو دەورەی بۆ دەبینێ‌ و كاتێك كەجارێكی دیكەش شیخ مەحموودی مەلیكی كوردستان ئاگری شۆڕشی هەڵگیرساندۆتەوە عەلی ئاغا پەیمانی كوردایەتی لەگەڵدا نوێ‌ كردۆتەوەو بەكۆمەلیك چەكدار چوونەتە پاڵ شۆڕشەكەی و بەرەو سوورداش چووەو كاتیكیش كەحوكمەتی عێڕاق بەناوی گفتوگۆ و چارەسەریی كێشەی كورد شێخ بانگ دەكات بۆ بەغداو لەوێ‌ دەست بەسەری دەكات، ئەم دەچێتە ناو عەشیرەتی جاف لەناوچەی دوكان لای كوێخا حەسەن وكوێخا حەمەدەمین دەمیننەوە و رێزیكی زۆریان لێدەنرێ‌ ؛ بەڵام كە حوكمەت پێدەزانی تەنگە تاویان دەكات و ئەوانیش بەرەو دەشتی كۆیە دەچن و لەدواییدا ڕوودەكەنەوە ناوچەی دێدەوان و لەوێشەوە سەر لەكەندیناوە دەدەن.
لەوكاتەدا حووكمەت چەند مەفرەزەیەك لەپۆلیسی سوارە پێكدێنێ‌ بۆ گرتنی عەلی ئاغا تاقمەكەی گەلێك جار لێیان دەبێ‌ بەشەڕو لەیەكتری دەكوژن و زیانێكی زۆر بەو مەفرەزانە دەگەیەنێ‌ ودوای ئەو شەڕانە عەلی ئاغا ڕوودەكاتە دەشتی كۆیە و رۆژێك لەگوندی شاخە پیسكە لەگەل مەفرەزەیەك تووشی شەڕ دەبن و موفەرەزیك و پۆلیسێك دەكوژرێن . دوای ئەو شەڕە مەفرەزەكان زیاتر دەكەونە گەڕان بەدوای عەلی ئاغا و ئەمیش بۆ ماندووكردنیان زوو زوو ناوچەكەی دەگۆڕێ‌، سەردەمێك بەرەو دەشتی مەرگە دەروات و حوكمەت داوا لەئاغەكانی مەرگە وپشدەر دەكات بۆ بەدەستەوەدانیان، ئەوانیش دەیان نێرن بۆ (دێی سوونێ‌) لای حاجی حوسێنی مامەش وماوەی ساڵێك خۆی و چەكدارانی لەوێ‌ دەمێنتەوە لەو كاتەدا شیخ مەحموود لەبەغدا دەستبەسەر دەبێ‌، كە دەزانێ‌ باری ژیانی عەلی ئاغاو هاوەڵانی وا ناخۆشە، داوا لەحوكمەت دەكات كە فەرمانی لێبوردنیان بۆ دەربكات ، جگە لەشێخی نەمریش ئاغاكانی دزەییانیش هەوڵێكی زۆریان بۆ دەدان لەوانە (عەلی خورشید ئاغای قەپڵان) و (حوسێنی مەلای قازیخانە) كە ئەوسا نوێنەری پارێزگای هەولێر بوو لەپەرلەمانی عیراق . ئینجا حوكمەت لێیان دەبوورێ‌ ودەگەڕێتەوە گوندی مورتكە لەناحیەی قوشتەپە .
عەلی ئاغا واز لە كوردایەتی ناهێنێ‌ و بەنهێنی پەیوەندیی بەشۆڕشی بارزانی ساڵانی 1943-1945 كردوكاتێك كە بارزانی مصگفی لەسالی1945دا سەردانی ناوچەی هەولێری كرد بەنیازی بەشداریكردنی سەرۆك هۆزەكانی كوردوئاغاكانی دزەییان لەشۆڕشەكە كە ئەوساكە بارزانی لەگەڵ حكومەت لەئاگر بەستێك دابوو. شەوێك لای عەلی ئاغا لەگوندی مورتكە مایەوەولەگەڵ هەموو ئاغاكانی ناوچەكە كۆبووەوەوداوای پشتگیریی كردنیانی لێكردن لەو شۆڕشەی كوردوئاغاكانیش وادەو بەڵێنیان پێداو عەلی ئاغا لەهەموویان زیاتر سووربوو لەسەر ئەو یارمەتیدان و بەشداریی كردنە، كەشۆڕشەكە هەڵگیرسایەوە عەلی ئاغا لەسەر بەڵێنی خۆی مایەوە ودێی مورتكەی جێهێشت چوو بۆ دێی سەرمەزرا بۆ خۆئامادەكردن بۆچوونە بارزان .
لەو دەمەدا لەسەر داوای پارێزگاری هەولێر سەعید قەزاز و عەلی ئاغای خورشید ئاغا و حوسین ئاغای حاجی مەلا و خدری پاشا دەیبەن بۆ هەولێر و لەوێ‌ سەعید قەزاز شەوێك لای خۆی دەیهێڵێتەوەو بۆ سبەینێ‌ ڕەوانەی مورتكەی دەكاتەوە. كەچی عەلی ئاغا لەگەڵ ئەو هەموو ڕێكارانە هەر لەسەر هەڵوێستی كوردانەی خۆی دەمێنێنەوە ، بۆیە پاش چەند ڕۆژێك سەعید قەزاز دەچێتە سەردانی لەگوندی مورتكەو،كاك لەتیف شێخ صادق بەرزنجی لەوتارێكیدا لەكوردستانی نوێدا بەم جۆرە باسی ئەو سەردانەی سەعید قەزاز دەكات بۆلای عەلی ئاغا و پێی دەڵێ: ((عەلی ئاغا! من ئەمڕۆ بۆ موناقەشە هاتووم دەبێ بەسەربەستی هەموو قسەیەك بكەین!)) .
لەو كەسانەی كە لەو دانیشتنەدا بەشداربوون خوالێخۆش بوو (مەلا خالیدی مورتكە) و (حاجی حوسێن) بوون،حاجی حوسێن بۆ نووسەری ئەم بابەتەی گێڕایەوە وگوتی:((سەعید قەزاز بە عەلی ئاغای گوت :((من وەك كوردێك حەز بەپێشكەوتنی میللەتی كورد دەكەم . ئەوەی من تێیدەگەم میللەتی كورد لەرێگای دەوڵەتانی رۆژئاواوە پێدەگات ، بەلام ئێوە بەداخەوە بەتەمای رووسن كەئەویش ئەم وڵاتە مەیدانی سیاسەتی ئەو نییە و كارەكەمان زەحمەتتر دەبێ و بێ سوودە !)) .
عەلی ئاغای مەحموود ئاغای كاكەخان لەساڵی 1970دا لەتەمەنی 72ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، ئاخی ناگزووریی كوردی بردە ژێر گڵ .

سەرچاوە :
1- كوردستانی نوێ- ژمارە 1072ی رۆژی 28/8/1995 – وتاریكی لەتیف بەرزنجی – بەناونیشانی (عەلی مەحموودی كاكەخان).
2- دانیشتنێك لەگەڵا خوا لێخۆشبوو حاجی حوسێن مەیاس لەسالی 1993دا.

jb

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …